You Are Here: Home » بابەتەكانمان » درۆكانی زانینی كه‌سایه‌تی له‌ڕێگه‌ی بورجه‌كانه‌وه‌

درۆكانی زانینی كه‌سایه‌تی له‌ڕێگه‌ی بورجه‌كانه‌وه‌

درۆكانی زانینی كه‌سایه‌تی له‌ڕێگه‌ی بورجه‌كانه‌وه‌

Andromeda1

ن: عبدالدائم الكحیل

به‌ درێژایی چه‌ندین سه‌ده‌ به‌رده‌وام ئه‌و درۆیانه‌ی تێكه‌ڵ به‌ زانست كراون، بۆ قه‌ناعه‌تكردنی خه‌ڵك به‌ بوونی‌ زانستێك ناوی زانستی ئه‌ستێره‌ناسی، هه‌تا هاتنی سه‌ده‌ی بیسته‌م كه‌ بنه‌مایه‌ی زانستیی ڕاستی بۆ زانستی گه‌ردوونناسیی دانا.

یه‌كێك له‌ شاره‌زایان ده‌ڵێت: ساڵانه‌ ملیۆنان دۆلار بۆ پرۆگرامه‌كانی فاڵگرتنه‌وه‌(تنجیم) ‌و پێشبینی غه‌یب ‌و نادیار‌ و شیكردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی‌ و زانینی داهاتوو له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ ناو نراوه‌ بورجه‌كان خه‌رجده‌كرێت، ملیۆنانی دیكه‌ش خه‌ڵك به‌ فیرۆیده‌ده‌ن، له‌ ئه‌نجامی به‌ڕاست زانینی ئه‌م درۆیانه‌وه‌. هه‌ندێك جار كه‌سانێك ده‌رده‌كه‌ون، كه‌ خۆیان ناوناوه‌ (زانای گه‌ردوون)‌ و ده‌یانه‌وێت قه‌ناعه‌تمان به‌ كاریگه‌ریی ئه‌ستێره‌كان پێبكه‌ن، به‌و هۆیه‌وه‌، كه‌ ئه‌م ئه‌ستێرانه‌ تیشك ده‌نێرن ‌و ئه‌و تیشكه‌ به‌رگه‌هه‌وا ڕووه‌ و زه‌وی ده‌بڕێت‌ و كارله‌ مرۆڤ ده‌كات، هه‌ر كه‌سه‌ و به‌پێی مێژووی له‌دایكبوونی. ڕۆژانه‌ گفتوكۆی زۆر له‌باره‌ی ئه‌ستێره‌ناسی‌ و بورجه‌كان ‌و هه‌وڵدان بۆ پێشبینیكردنی داهاتوو كراوه ‌‌و ده‌كرێت، ئه‌و داهاتووه‌ی جگه‌ له‌ خوای گه‌وره‌ كه‌س نایزانێت. ئه‌ستێره‌ناسی كارێكه‌، كه‌ ئه‌ستێره‌ناسه‌كان له ‌ڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن، هه‌واڵی داهاتوو به‌خه‌ڵكی بده‌ن، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وان غه‌یب ده‌زانن. بۆ ئه‌مه‌ش پشت به‌هه‌ندێك له‌ هه‌ساره ‌‌و ئه‌ستێره‌كان ده‌به‌ستن، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌ت به‌ خه‌ڵك بكه‌ن، كه‌ پێشبینییه‌كانیان ڕاستن. بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌م هه‌ساره ‌‌و ئه‌ستێرانه‌ كارده‌كه‌نه‌ سه‌ر ڕه‌فتاری مرۆڤ ‌و دیاریكردنی داهاتوویان، زانستی نوێ له‌م باره‌یه‌وه‌ چی ده‌ڵێت؟

ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌ی ئه‌و دوورییه‌ ڕابمێنین، كه‌ له‌ نێوان ئێمه ‌و ئه‌ستێره‌كاندایه‌، ئه‌وا ده‌بینین به‌شێوه‌یه‌ك گه‌وره‌یه‌، كه‌ ئه‌قڵی مرۆڤ ته‌نها به‌ ژماره‌ نه‌بێت ناتوانێت وێنای بكات، نزیكترین ئه‌ستێره‌ له‌ ئێمه‌وه‌ زیاتر له‌ چوارساڵی ڕووناكیی لێمانه‌وه‌ دووره‌، واته‌ ڕووناكیی ده‌رچوو له‌م ئه‌ستێره‌یه‌وه‌ پێویستی به‌ زیاتر له‌ چوارساڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ به‌ره‌وه‌ ڕووی زه‌وی ببڕێت.
ئه‌م ماوه‌یه‌ به‌ نزیكه‌ی 10 ملیۆن ملیۆن كیلۆمه‌تر مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، ئایا دوای ئه‌م دوورییه‌ گه‌وره‌یه‌ی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی ده‌مێنێت، ئه‌مه‌ حاڵی نزیكترین ئه‌ستێره‌یه‌ لێمانه‌وه‌، ئه‌ی ده‌بێت دوورترینیان چۆن بێت؟  فاڵگره‌وه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن، ئه‌و وێنانه‌ بكێشن، كه‌ ئه‌وه‌ ده‌به‌خشن ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی قسه‌ده‌كه‌ن، به‌ڵام ڕاستیی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه‌، ده‌بینین زۆر له‌و كێشانه‌ی ئه‌مڕۆ ڕووده‌ده‌ن، به‌هۆی ڕووكردنه‌ فاڵچییه‌كانه‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها زۆر كه‌سیش تووشی ڕووخان ‌و له‌كیسچوونی ماڵ‌ و سامان بوون‌ و خراپه‌یان تووشبووه‌، به‌هۆی په‌نابردنیان بۆ ئه‌و شته‌ی خوای گه‌وره‌‌ و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی (صلی الله علیه وسلم) نه‌هییان لێكردووه‌.

andromeda

ئه‌مه‌ وێنه‌ی نزیكترین مه‌جه‌ره‌یه‌ له‌ زه‌وییه‌وه‌، ئه‌ندرومیدا.. ئه‌م مه‌جه‌ره‌یه نزیكه‌ی 2,25 ساڵی ڕووناكیی لێمانه‌وه‌ دووره‌، زیاتر له‌ هه‌زار ملیۆن ئه‌ستێره‌ی تێدایه‌، ئایا چۆن ئه‌ستێره‌یه‌ك له‌م مه‌جه‌ره‌یه كارده‌كاته‌ سه‌ر چاره‌نووسی مرۆڤ ؟!!

ئێستا باس له‌ دوورترین مه‌جه‌ره‌ له‌ زه‌وییه‌وه‌ ده‌كه‌ین، زانایان له‌م دواییانه‌دا مه‌جه‌ره‌یان دۆزییه‌وه‌، كه‌ بیست هه‌زار ملیۆن ساڵی ڕووناكی لێمانه‌وه‌ دووره‌. واته‌ ئه‌م مه‌جه‌ره یه‌ نزیكه‌ی بیست هه‌زار ملیۆن ملیۆن كیلۆمه‌تر لێمانه‌وه‌ دووره‌! له‌م ماوه‌ گه‌وره‌یه‌ ڕابمێنه‌، هه‌روه‌ها ئه‌م مه‌جه‌ره‌یه‌ سه‌د هه‌زار ملیۆن ئه‌ستێره‌ی له‌خۆگرتووه‌.

موعجیزه‌یه‌كی پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه وسلم):  

پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان(صلی الله علیه وسلم) له‌سه‌رده‌مێكدا بۆ مرۆڤایه‌تی نێردرا، كه‌ سه‌رده‌می ئه‌فسانه‌و بیروباوه‌ڕی بێبنه‌ما بوو، ئه‌و زانسته‌ی له‌و كاته‌دا پێشه‌گ بوو زانستی فاڵچی ‌و ئه‌ستێره‌ناسه‌كان بوو. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وا سه‌یری ئه‌ستێره‌ناسه‌كان ده‌كرا، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌زگایه‌كی هه‌واڵی باوه‌ڕپێكراو بن، كه‌ زانیاریی باوه‌ڕپێكراو بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵام پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌مان (صلی الله علیه وسلم) كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌ ڕه‌حمه‌ت بۆ هه‌مووان ناردوویه‌تی، ئه‌و بیروباوه‌ڕانه‌ی ڕاستكرده‌وه‌‌ و ڕێگه‌ی بۆ ڕووناككردنه‌وه ‌‌و بنه‌مای لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیی دانا. باوه‌ڕی به‌هیچ یه‌كێك له‌م جادووانه‌ نه‌كرد، به‌ڵكو په‌نابردن بۆ ئه‌م شتانه‌شی به‌ كفر دانا، بۆیه‌ په‌یامی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) نه‌هی له‌ هه‌موو كارێكی ئه‌ستێره‌ناسی كرد، هه‌تا پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) فه‌رمووی:

 (من أتى عرافاً فسأله عن شيء فصدقه لم تقبل له صلاة أربعين يوماً) ( رواه مسلم).

(هه‌ركه‌س بچێته‌ لای فاڵچییه‌ك‌ و پرسیاری شتێكی لێبكات ‌و باوه‌ڕی پێبكات، ئه‌وه‌ چل ڕۆژ نوێژی لێوه‌رناگیرێت) لێره‌دا پرسیار له‌وانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) به‌شوێن په‌یداكردنی ناوبانگ ‌و سامانه‌وه‌ بووه‌: ئه‌گه‌ر موحه‌ممه‌د پێغه‌مبه‌ری خودا نه‌بووایه‌، ئه‌وا بۆ ئه‌و باشتر بوو كه‌ پشتگیریی گه‌له‌كه‌ی بكات له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌ناسی‌ و ئه‌فسانه‌‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی به‌كاریبهێنایه‌. به‌ ڵام نه‌هیی له‌هه‌موو جۆرێك له‌ پێشبینیكردنی غه‌یب كرد، كه‌ جگه‌ له‌خوای گه‌وره‌ هیچ كه‌س زانیاریی له‌باره‌یه‌وه‌ نییه‌. خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی پێكرد كه‌ به‌گه‌له‌كه‌ی رابگه‌یه‌نێت، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ پێغه‌مبه‌ریشه‌ به‌ڵام هیچ شتێك له‌ باره‌ی داهاتووه‌وه‌ نازانێت، هه‌موو ئه‌وه‌ی هێناویه‌تی وه‌حییه‌ له‌ خوای گه‌وره‌وه‌، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:

(قُلْ لَا أَقُولُ لَكُمْ عِنْدِي خَزَائِنُ اللَّهِ وَلَا أَعْلَمُ الْغَيْبَ وَلَا أَقُولُ لَكُمْ إِنِّي مَلَكٌ إِنْ أَتَّبِعُ إِلَّا مَا يُوحَى إِلَيَّ قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الْأَعْمَى وَالْبَصِيرُ أَفَلَا تَتَفَكَّرُونَ) [الأنعام: 50].

(ئه‌ی موحه‌ممه‌د پێیان بڵێ: من پێتان ناڵێم گه‌نجینه‌كانی خوا لای منه‌، هه‌روه‌ها هیچ له‌ نهێنی‌و شاراوه‌كانیش نازانم‌و ئاگادارنیم‌و پێتان ناڵێم به‌ڕاستی من فریشته‌م، به‌ڵكو ته‌نها شوێنی ئه‌وه‌ ده‌كه‌وم، كه‌ به‌ وه‌حی‌و نیگا پێمده‌گات…… )

ئه‌ستێره‌ناسی‌و نه‌خۆشیيه‌ ده‌روونییه‌كان:   

ئیسلام ئه‌ستێره‌ناسی ‌و ئه‌و پێشبینیكردنانه‌ی قه‌ده‌غه‌كردووه‌، كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی زانستییان نییه‌، وه‌ك بورجه‌كان‌ و پێشبینیكردنی داهاتوو، كه‌ جگه‌ له‌خوای گه‌وره‌ كه‌س نایزانێت،  زانستییانه‌ سه‌لمێنراوه‌، كه‌ په‌نابردن بۆ ئه‌م پێشبینيیانه‌ ده‌بنه‌ هۆی زۆرێك له‌ زیانی ده‌روونیی كاریگه‌ر، ئه‌و كه‌سه‌ی باوه‌ڕی به‌ بورجه‌كان هه‌یه‌، هه‌میشه‌ شڵه‌ژاو ‌و ناجێگیره‌ و به‌ ته‌مای ئه‌نجامی چاوه‌ڕوانكراوه‌. به‌ڵام كاتێك ئه‌نجامه‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ جادووگه‌ر پێی گوتووه‌، ئه‌وا تووشی ڕووخان‌ و خه‌مۆكی ده‌بێت، كه‌ ئه‌مانه‌ نه‌خۆشیی ده‌روونیی زۆر ترسناكن. له‌ كاتێكدا پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌ ڕه‌حمه‌ت بۆ جیهانیان ناردوویه‌تی، وایلێكردوون، كه‌ به‌ قه‌زا‌و قه‌ده‌ری خوای گه‌وه‌ ڕازیبن، ده‌زانین كه‌ چۆن پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) هاوه‌ڵانی فێری ئیستیخاره‌ له‌ هه‌موو كاروبارێكدا ده‌كرد. له‌ دوعای ئیستیخاره‌دا هاتووه‌:

(اللهم اقدُر لي الخير حيث كان ثم ارضني به)

له‌م نزایه‌ ڕابمێنه‌ چه‌ند ئارامیی به‌ موسوڵمان ده‌دات، تا ده‌رووونی ئاسوده‌ بێت، هیچ ناته‌واویی‌ و شڵه‌ژاوییه‌كی تێدا نه‌بێت. زانایانی ده‌روونیی ئه‌مڕۆ پێمان ڕاده‌گه‌یه‌نن، كه‌ هۆكاری زۆربه‌ی نه‌خۆشییه‌ ده‌روونیه‌كان ناڕه‌زاییه‌ له‌و واقعه‌ی كه‌ مروڤه‌كه‌ی تێداده‌ژی.

(وَمَا كَانَ اللَّهُ لِيُطْلِعَكُمْ عَلَى الْغَيْبِ وَلَكِنَّ اللَّهَ يَجْتَبِي مِنْ رُسُلِهِ مَنْ يَشَاءُ فَآَمِنُوا بِاللَّهِ وَرُسُلِهِ وَإِنْ تُؤْمِنُوا وَتَتَّقُوا فَلَكُمْ أَجْرٌ عَظِيمٌ) [آل عمران: 179]. 

(بێگومان خوای گه‌وره‌ جیهانی شاراوه‌تان پیشاننادات(تا ئاینده‌ بزانن) به‌ڵكو خوای گه‌وره‌ له‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانی كه‌سانێك هه‌ڵده‌بژێرێت، كه‌ بیه‌وێت-تا هه‌ندێك له‌ نهێنی ئاگاداربن، به‌و ڕادایه‌ی كه‌ پێویسته…)

 هه‌روه‌ها زانستی ده‌روونیی نوێ ئه‌وه‌مان پێڕاده‌گه‌نێت، كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ژیانیان له‌سه‌ر بنه‌مای پێشبینییه‌كان‌ و هه‌وڵدان بۆ زانینی داهاتوو بنیاتده‌نێن، زۆربه‌ی كات ده‌بینین تووشی خورپه‌ی ده‌روونیی ده‌بن، ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی بێهیوابوونیان له‌ درۆی پێشبینییه‌كان. كه‌ ئه‌م باره‌ش جۆرێك له‌ ڕووخانیان تووشده‌كات، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی خه‌مۆكی. ئه‌و مرۆڤه‌ی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بكات، بزانێت بورج چی پێده‌ڵێت، زۆربه‌ی كات كه‌سانی ناجێگیرن له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌. زۆر حاڵه‌تی شڵه‌ژانی ده‌روونییان تووشده‌بێت، به‌هۆی چاوه‌ڕوانیی زۆره‌وه‌ بۆ به‌دێهاتنی ئاواتێك، ئه‌گه‌ر نه‌شهاته‌دی ئه‌وا تووشی كاردانه‌وه‌ی ده‌روونیی جۆرا‌وجۆرده‌بێت، كه‌ ئه‌م باره‌ ده‌ست به‌سه‌ر ژیانیدا ده‌گرێت. پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه وسلم) جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌م باره‌ كردووه‌ته‌وه‌، كاتێك فه‌رموویه‌تی:

(من أتى كاهناً أو عرافاً فصدقه بما يقول فقد كفر بما أنزل على محمد) (رواه أحمد)  

ئه‌مه‌ واتای چییه‌؟ ئه‌مه‌ واتای ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه وسلم) ده‌یه‌وێت، كه‌ ئێمه‌ بیروباوه‌ڕمان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی بنیاتبنێین، دوور له‌ درۆ. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئیسلام ئاینی ئه‌فسانه‌‌ و پڕپوچه ‌‌و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی بنیاتنه‌نراوه‌.  ده‌بینین ئه‌و كه‌سه‌ی شوێنكه‌وته‌ی ئه‌م درۆیانه‌یه‌، زۆربه‌ی كات پاره‌ له‌ پێناوی زانینی غه‌یبدا سه‌رفده‌كات، كه‌واته‌ كاتێك پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) نه‌هیكردووه‌ له‌ ئه‌ستێره‌ناسیی، سه‌روه‌ت‌ و سامانی موسوڵمانانی پاراستووه‌‌ و پارێزگاریی له‌ سه‌قامگیریی ده‌روونییان كردووه ‌‌و له‌ درۆ‌و نه‌زانیی دووری خستوونه‌ته‌وه‌، خوای گه‌وره‌ ڕاستی فه‌رمووه‌، كه‌ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی وه‌سفكردووه‌، كاتێك ده‌فه‌رموێت:

(لقد جاءكم رسول من أنفسكم عزيز عليه ما عنتم حريص عليكم بالمؤمنين رؤوف رحيم) [التوبة: 128] .

بزانن پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه وسلم) خوای گه‌وره‌ چۆن دواندویه‌تی‌ و فه‌رمانی پێكردووه‌، كه‌ به‌ خه‌ڵك ڕابگه‌یه‌نێت، ئه‌و غه‌یب نازانێت:

 (قُلْ لَا أَمْلِكُ لِنَفْسِي نَفْعًا وَلَا ضَرًّا إِلَّا مَا شَاءَ اللَّهُ وَلَوْ كُنْتُ أَعْلَمُ الْغَيْبَ لَاسْتَكْثَرْتُ مِنَ الْخَيْرِ وَمَا مَسَّنِيَ السُّوءُ إِنْ أَنَا إِلَّا نَذِيرٌ وَبَشِيرٌ لِقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ) [الأعراف: 188].

(ئه‌ی موحه‌ممه‌د پێیان بڵێ: كه‌ كه‌ من ناتوانم هیچ قازانج، یان زیانێك به‌خۆم بگه‌یه‌نم، مه‌گه‌ر ویستی خوای له‌سه‌ر بێت، خۆ ئه‌گه‌ر غه‌یب ‌و شاراوه‌كانم  بزانیایه‌، ئه‌وا چاكه‌ی زۆرم كۆده‌كرده‌وه‌ بۆ خۆم‌ و هیچ ناخۆشییه‌كم تووش نه‌ده‌بوو، …) یه‌كه‌م سیفه‌ت، كه‌ خوای گه‌وره‌ داویه‌تی به‌ كه‌سانی موته‌قی ‌و دامه‌زراو، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕیان به‌ غه‌یب هه‌یه‌: هه‌روه‌ها خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:

(الَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْغَيْبِ) (ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ غه‌یب هه‌یه‌)،

به‌شێك له‌ باوه‌ڕبوون به‌ غه‌یب ئه‌وه‌یه‌، باوه‌ڕت به‌وه‌ هه‌بێت، كه‌ جگه‌ له‌خوای گه‌وره‌ هیچ كه‌س زیاتر غه‌یب نازانێت. به‌مجۆره‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، كه‌ زانستی ئه‌مڕۆ ئیعتراف به‌ هیچ جۆرێك له‌ جۆره‌كانی پێشبینیكردنی غه‌یب ناكات، جگه‌ له‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ژێر باری یاسا گه‌ردوونییه‌كانه‌وه‌، وه‌ك ڕۆشتنی خۆر و سوڕانه‌وه‌ی زه‌وی به‌ده‌وری خۆیدا‌ و كاتی ڕوودانی خۆرگیران‌ و مانگگیران ‌و ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ده‌كرێت به‌ یاسای ماتماتیكی لێكبدرێنه‌وه‌، به‌ڵام داهاتووی مرۆڤ هیچ كه‌س ناتوانێت پێشبینی بكات. ئه‌و زاته‌ی له‌ هه‌موو سات‌ و چركه‌یه‌كدا ژیانمان به‌ڕێوه‌ده‌بات، خوای گه‌وره‌یه‌، ئه‌و خوایه‌ی به‌دیهێنه‌ری هه‌موو گه‌ردێك له‌ گه‌رده‌كانی ئه‌م گه‌ردوونه‌یه‌، ئه‌و زاته‌ی ئه‌م یاسا فیزیاییانه‌ی داناوه‌، زانایه‌ به‌ هه‌موو شتێك، ئه‌و زاته‌ ده‌فه‌رموێت:

(وَعِنْدَهُ مَفَاتِحُ الْغَيْبِ لَا يَعْلَمُهَا إِلَّا هُوَ وَيَعْلَمُ مَا فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَمَا تَسْقُطُ مِنْ وَرَقَةٍ إِلَّا يَعْلَمُهَا وَلَا حَبَّةٍ فِي ظُلُمَاتِ الْأَرْضِ وَلَا رَطْبٍ وَلَا يَابِسٍ إِلَّا فِي كِتَابٍ مُبِينٍ) [الأنعام: 59].

(كلیلی هه‌موو شاراوه‌كان ‌و زانینی هه‌موو نهێنییه‌كان به‌ده‌ست خودایه ‌‌و هه‌ر لای ئه‌وه‌، كه‌س نایزانێت جگه‌ له‌و زاته‌، هه‌رچی له‌ وشكان ‌و ده‌ریاشدا هه‌یه‌ ئاگای لێیه‌تی، هیچ گه‌ڵایه‌ك ناكه‌وێته‌ خواره‌وه‌، خوا پێی نه‌زانێت، ..)

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top