خۆرگیران بەڵگەیەكە لە بەڵگەكانی خوای گەورە
خۆرگیران بەڵگەیەكە لە بەڵگەكانی خوای گەورە
و/ بەرزان ئەبوبەكر رەشید
خۆرگیران ئەو دیاردەیەیە، كە لە هەموو سەردەمەكاندا مرۆڤی سەرقاڵكردووە، سەبارەت بەم دیاردەیە لە كۆندا گەلێك قسەو باسو ئەفسانەو بیرۆكەی گاڵتە ئامێز هەبووە، هەندێك لە خەڵكی بڕوایان وابوو، كە خۆرگیران بە هۆی مردنی پاشایەك یاخود لە دایكبوونی كەسێكی گەورەوە روودەدات، هەندێكی دیكە لەو بڕوایەدا بوون، كە بە هۆی رووخانی پاشایەكەوە یان بە هۆی روودانی كارەساتێكی سروشتی یاخود شكستهێنان لە جەنگدا روودەدات.
چینییەكانیش لێكدانەوەیان بۆ خۆر گیران بەم شێوەیە بوو: لەو كاتەدا هەژدیهایەك دەیەوێت خۆر قوتبدات، هەر لەبەرئەوە دەستیان دەكرد بە لێدانی تەپڵو هاویشتنی تیر ڕووەوە بۆشایی ئاسمان تا هەژدیهاكە بترسێتو خۆر لە قوڕگی بێنێتە دەرەوە!
هندییەكانیش لە كاتی خۆرگیراندا خۆیان لەناو ئاودا نقوم دەكرد، نەبادا شتێك بەرببێتەوەو بكەوێت بەسەریاندا. هەتا ئەمڕۆش ئیسكیمۆ لەو بڕوایەدان، كە خۆر لەو كاتەدا خۆی دەشارێتەوەو دەڕواتو دوور دەكەوێتەوە، پاشان جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە.
لە ساڵی 1230ی زاینیدا لە ئەوروپای رۆژهەڵات لە بەرەبەیانێكدا خۆرگیران روویدا، ئەو رۆژە كرێكارەكان گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، چونكە واگومانیان برد شەو باڵی كێشاوە بەسەر ئاسماندا، بەڵام لە دوای كاتژمێرێك خۆر گەڕایەوە دۆخی ئاسایی خۆی ئەمەش بووە هۆی سەرسوڕمانی هەمووان!
كاتێك زانستو تەكنەلۆژیا بەرەو پێش چوو، توێژینەوە زانستییەكان لێكدانەوەی دروستو گونجاویان بۆ ئەم دیاردەیە خستەڕوو، روونیان كردەوە، كە دیاردەی خۆرگیران دیاردەیەكی ئاساییو سرووشتییەو لە ئەنجامی سوڕانەوەی مانگ بە دەوری زەویداو لەو كاتەی مانگ دەكەوێتە نێوان خۆرو زەوییەوە دەبێتە رێگر لە بینینی خۆر. ئەم دیاردەیەش دووبارە دەبێتەوە بە هۆی بەردەوامبوونی یاسای گەردوونەوە، هەروەها دەكرێت پێش ئەوەی خۆرگیران رووبدات، پێشبینی بكرێت.
چۆن خۆرگیران روودەدات؟
مانگ بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، زەویش بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، هەر یەكێك لەوان خولگەیەكی دیاریكراویان هەیەو بە شێوەیەكی زۆر ورد دەسوڕێنەوە، كاتێك مانگ لە رۆژدا دەكەوێتە نێوان خۆرو زەوییەوە دەبێتە هۆی بەربەستێك لە بەردەمماندا، رووناكی خۆر بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دیار نامێنێت، ئەمەش پێی دەگوترێت دیاردەی خۆرگیران، لەم كاتەدا مانگو خۆرو زەوی دەكەونە سەر یەك هێڵ.
جۆرەكانی خۆر گیران:
1- خۆرگیرانی تەواو: جوانترین جۆرەكانی خۆرگیرانە، لەو كاتەدا تیشكی خۆر بە تەواوەتی دیار نامێنێت.
2- خۆرگیرانی ناتەواو: كاتێك مانگ بە بەردەمی خۆردا تێدەپەڕێو بەشێك لە خۆر دادەپۆشێت، ئەمەیان پێی دەگوترێت خۆرگیرانی ناتەواو.
3- خۆرگیرانی ئەڵقەیی: لەو كاتەدا روو دەدات، كە خۆرو مانگ بەشێوەیەكی تەواو تووشی یەك نایەن، ئەم دیاردەیە بە شێوەی خەرمانەی مانگ دەردەكەوێت، ئەمەش بە شێوەیەكی جوانو دڵڕفێن دەبینرێت.
هەرێمی خۆر چوار سەد ئەوەندەی هەرێمی مانگ گەورەترە، بۆئەوەی خۆرگیران رووبدات، پێویستە كە خۆر چوارسەد ئەوەندەی مانگ لە زەوییەوە دوور بێت، لەم كاتەشدا هەردووكیان بە شێوەیەك دەردەكەون، كە یەك قەبارەیان هەیە، لەم ساتەدا خۆرگیران روو دەدات.
زیانەكانی سەیركردنی خۆر لە كاتی گیرانیدا:
سەیركردنی خۆر لە هەر جۆرێكی خۆرگیراندا دەبێتە هۆی زیانگەیاندنی بەردەوام بە چاو، بە هۆی بەركەوتنی تیشكی چڕو پڕی خۆر بە چاوی ئەو كەسەی سەیری خۆر دەكات، تەنانەت سەیركردنی بەهۆی چاویلكەی دژە خۆرەوە هەمان زیانی دەبێتو نابێتە هۆی پاراستنی لە تیشكە زیانبەخشەكان. هەروەها پێوستە رێگا لە منداڵان بگرین لە سەیر كردنی خۆر لە كاتی خۆرگیراندا، بۆئەوەی چاویان لە هەموو زیانەكانی پارێزراو بێت، بەڵام دەتوانین بەهۆی هەندێك شتی هونەری زۆر سادەوە سەیری بكەین، ئەویش بە بەكارهێنانی كارتۆنێكی بەهێزی تایبەت بە ئەندازەی ملیمەترێك كونی تێ بكرێتو لەوێوە بەبێ زیان سەیری بكرێت، تەنانەت دەتوانرێت بەهۆیەوە سەیری تەقینەوەكانی خۆریش بكرێت.
بەڵام نابێت بە چاوی ئاسایی سەیری خۆر بكەیت لە هیچ كام لە جۆرەكانی خۆرگیراندا، چونكە دەبێتە هۆی زیانگەیاندنی هەمیشەیی بە تۆڕی چاو، ئەم زیانانەش دوای ماوەیەكی دوورو درێژ دەردەكەوێت، هەندێك جاریش دەبێتە هۆی كوێر بوونی هەمیشەیی.
ئەو زیانانەی لە ژێر تیشكە سورەكانەوە دێت بە چاوی ئاسایی نابینرێن، هەر لەبەرئەوەیە ئەو كەسەی كە سەیری خۆر دەكات لەو بڕوایەدایە كە هیچ زیانێكی نییە. بەڵام ئەگەر ئەو تیشكە زیانبەخشانەی خۆر بچێتە نێو چاوی مرۆڤەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی برینێكی گەورە لە تۆڕی چاویدا.
ئەو كاریگەرییانەی لەگەڵ خۆرگیرانی تەواودا روو دەدەن:
لە كاتی خۆرگیرانی تەواودا، هەر كە مانگ دەستی بە تێپەڕین بە بەردەمی خۆردا كرد، تاریكایی تەواوی ئاسمان دادەپۆشێت، لەو كاتەدا دیمەنێكی جوانو دڵڕفێن دەبینین، تاریكایی لە كاتی رۆژدا! لە هەمان كاتدا چەند دیاردەیەكی دیكە دەردەكەون، سەرەتا گوڵەكان دەچنەوەیەك، هەروەكو ئەوەی، كە شەو بێت، هەنگیش بەو رووداوە سەرسام دەبێت، باڵندەكان لە خوێندن رادەوەستن… تاڕادەیەكیش پلەی گەرما دادەبەزێت، مانگ لە گەشتەكەی بەردەوام دەبێت، پاشان بەردەمی خۆر جێدەهێلێت، خۆریش سەرلەنوێ دەردەكەوێتەوەو كاروبارەكان ئاسایی دەبنەوە.
پەیامی پێغەمبەری ئازیز سەبارەت بە خۆرگیران:
ئاشكرایە زانست چۆن پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینی، لە قسەگەلێكی سەیرو سەمەرەو ئەفسانەو گاڵتە ئامێزەوە گەیشتنە لێكدانەوەیەكی زانستیی دروست بۆ دیاردەی خۆرگیران، زانست ئاشكرای كرد، كە خۆرگیران دیاردەو رووداوێكی ئاسایی گەردوونە، هەرگیز خۆرگیران بۆ ژیانو مردنی هیچ پاشایەك ڕوونادات، بەڵكو ئەم رووداوە لەوە گەورەترە،كە خەڵكان بیریان لێدەكردەوە.
ئەم بیروباوەڕو بۆچوونانە سەبارەت بە دیاردەی خۆرگیران لە سەردەمی پێغەمبەری ئازیزماندا باوبووە، بەڵام ویستی پەروەردگار وابووە كە لە سەردەمی ژیانی ئازیزماندا خۆرگیران رووبدات، هەر كە دیاردەكە روویدا هاوەڵان بە پەلە هەواڵەكەیان گەیاندە پێشەوای ئازیزو وتیان كەسێكی گەورە مردووە یاخود لە دایكبووە! بەڵام دەبێت چ زانستێكی لە لایەن دروستكاری خۆرو مانگەوە پێ گەیشتبێت سەبارەت بەو دیاردەیە، ئایا پشت راستی وتەی هاوەڵانی بكاتەوە؟ یان لە سەردەمی نەبوونو پێشنەكەوتنی تەكنەلۆژیاو زانستو زانیاری وەڵامێك بداتەوە، كە بیێتە بناغەیەكی زانستیی تا كۆتایی ژیان؟ دەبێت هاوڕابێت لەگەڵیاندا یاخود ڕێنماییان بكات بەرەو ڕاستییەكی زانستیو پوچەڵكردنەوەی ئەو قەسەڵۆكو ئەفسانانەی، كە لەو سەردەمەدا باوبوون؟ بێگومان هەر ئەوە لە پێشەواو پەیامبەری مرۆڤایەتی چاوەڕێ دەكرێت، كە وەڵامێك بداتەوە بناغەیەكی زانستی پێدابڕێژێت، هەر بۆیە چەند وتەیەكی فەرموو، كە بووە هۆی دەرخستنی راستییەكانو دانانی بناغەیەكی زانستیی بۆ ئەو دیاردەیە، زانایان لە سەدەی بیستو یەكدا پاش زیاتر لە (1400) ساڵو دوای ئەو هەموو پێشكەوتنەی، كە جیهان بە خۆیەوە بینی توانیان دەرك بەو راستییە بكەن! پێشەوا لە وتەكەیدا فەرمووی ٍ[إن الشمس والقمر ایتان من ایات الله تعالی، لا ینخسفان لموت أحدهم ولا لحیاتهم، فاذا رایتم ذالك فافزعوا إلی ذكرالله تعالی وإلی الصلاە] رواە البخاری ومسلم وغیرهما. (خۆرو مانگ دوو نیشانەو بەڵگەن لە نیشانەو بەڵگەكانی پەروەردگار، بۆ مردنو لە دایكبوونی هیچ كەس ناگیرێن، هەركات ئەو رووداوەتان بینی یادی پەروەردگار بكەنو بڕۆن بۆ نوێژ كردن).
ئەم فەرموودەیە چەندین ڕاستیی زانستی دەرخست، كە پێشتر كەس پەی پێنەدەبردن، لەوانە:
1– ئەم فەرموودەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە خۆرو مانگ دوو دروستكراوی پەروەردگارنو یەكێكن لە بەڵگەكانی خودای بەدەسەڵات، پەروەردگار دەستەبەری كردوونو هیچ پەیوەندییان نییە بەو رووداوانەی، كە لەسەر زەویدا روودەدەن، وەكو لە دایكبوونو مردن، سەركەوتنو شكستهێنان… هتد. پێش چواردە سەدە لەمەوبەر پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) بناغەیەكی زانستی دانا، كە بوو بە بنەمایەك بۆ توێژینەوە زانستییەكانو دیاردە گەردوونییەكان.
2– لە فەرموودەكەدا ئاماژەكراوە بەوەی، كە دیاردەی خۆرگیران بە خۆرو مانگ پێكەوە ڕوو دەدەن، لەو سەردەمانەدا خەڵكی بڕوایان وابوو كە مانگ گیرانو خۆرگیران دوو شتی لە یەك جیاوازن، دیارە ئەگەر پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) لە خۆیەوە شتێكی بووتایە رەنگە هاوڕا بوایە لەگەڵ بۆچوونی هاوەڵانی، بەڵام دەبینین پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) حەقو راستی لە ناڕاستو ناڕەوا جیا دەكاتەوە، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت، كە پەروەردگارمان دەفەرمووێت [وما ینطق عن الهوی إن هو إلا وحی یوحی].
3- پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) فەرمانمان پێ دەكات، كە لە كاتی خۆرگیراندا نوێژ بكەینو بپاڕێینەوە (فافزعوا إلی الصلاە)! ئایا ئەمە هۆكارێك نییە بۆئەوەی چاوەكانمان لەو تیشكە ترسناكە بپارێزێت، كە دەبێتە هۆی كوێربوونی هەمیشەیی؟ كاتێك گوڵو گەڵاكان دەچەمێنەوە لە كاتی خۆرگیراندا دەگونجێت ئەوە جۆرێك بێت لە كڕنووشبردن بۆ پەروەردگار.
4- بوخاری لە موغەیرەی كوڕی شعبەوە گێڕاویەتییەوەو دەڵێت: ئەو رۆژەی كە ئیبراهیمی كوڕی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) كۆچی دوایی كرد، قەدەر وابوو خۆرگیرا، خەڵكی وتیان خۆر بۆ مردنی ئیبراهیم گیراوە، بەڵام پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) فەرمووی (إن الشمس والقمر ایتان من ایات الله، لا ینخسفان لموت أحد ولا لحیاته، فأذا رایتموها فادعوالله و صلوا حتی ینجلی) (خۆرومانگ دوو بەڵگەو نیشانەن لە نیشانەكانی پەروەردگار، بۆ مردنو لە دایكبوونی هیچ كەس ناگیرێت، هەركات ئەم رووداوەتان بینی، نزا بكەنو نوێژی خۆرگیران ئەنجام بدەن، هەتاوەكو خۆر دەردەكەوێتەوە)!
لەم فەرموودەیەدا موعجیزەیەك هەیە لە وتەی (حتی ینجلی)، ئایا ئەم دەستەواژەیە ئاماژە نییە بە لاچوونی مانگ لە بەردەم خۆردا؟ لە فەرهەنگی (المختار الصحاح) دا وشەی (ینجلی) بە دەركەوتن لێكدراوەتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كەمانگ خۆری تاریككردووە پاشان دەڕواتو دواتر خۆر دەردەكەوێت، ئەمەش ئەوپەڕی وردەكاری زمانەوانیو زانستیی فەرموودەكە دەردەخات.
5- لێرەدا شتێكی گرنگ دەردەكەوێت ئەویش سەلماندنی پێغەمبەرایەتی محمد (صلی اللە علیە وسلم)ە، كە لە لایەن پەروەردگارەوە هەڵبژێردراوە، چونكە ئەگەر پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) مەبەستی ناوبانگو ماڵو سامانو ئەو شتانە بووایە، ئەوا سوپاسی ئەو كەسەی دەكرد كە هەواڵی خۆرگیرانی بۆ هێناوە كە بەهۆی كۆچی دوایی كوڕەكەیەوە رووی داوە. تەنانەت ئەگەر پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) بێدەنگ بووایە لە بیستنی ئەو هەواڵە، وازی لە خەڵكی بهێنایەو رێگەی بدایە خەڵكی بە پیرۆزیان بزانیایەو ئەگەر وەسفو ستایشی خەڵكی پێ خۆشبووایە، ئەوا لەو كاتەدا لە نێو خەڵكی زیاتر پلەو پایەی بەرز دەبوویەوە، بەڵام ئەو بەندەیەكە لە بەندەكانی پەروەردگار، شتێكی ناوێتو بۆ هیچ شتێك هەوڵ نادات جگە لە رەزامەندی پەروەدگارو راگەیاندنو بڵاوكردنەوەی ئەو پەیامەپیرۆزەی كە پەروەردگار پێی گەیاندووە.
ئەمەش جەختدەكاتەوە لەسەر ئەوەی، كە پێغەمبەر(صلی اللە علیە وسلم) ناوبانگو پلەو پایەی نەویستووە، بەڵكو هەموو خەمێكی رەزامەندی پەروەردگار بووە، لەبەر ئەوەشە پەروەردگار لە قورئانی پیرۆزدا وەسفی دەكاتو دەفەرمووێت: (لقد جاءكم رسول من أنفسكم ……. العظیم) التوبە 128- 129.
لەمەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە، كە دیاردەی خۆرگیرانو مانگگیران بەڵگەیەكن لە بەڵگەكانی پەروەردگار، كەواتە پێویستە لەسەرمان بە دیدێكی وردترو قوڵتر لە بەڵگەو نیشانەكانی پەروەردگار وردببینەوە، پەروەردگار لەو بارەیەوە دەفەرمووێت (كذالك نفصل اڵایات لقوم یتفكرون) یونس24، هەروەها دەفەرموێت (كذالك یبین الله لكم اڵایات لعلكم تتفكرون).
پەروەردگار هانماندەدات، كە زیاتر بیر لە ئایەتو بەڵگە گەردوونییەكان بكەینەوە بەو هیوایەی زیاتر لە دەسەڵاتی پەروەردگار
تێبگەینو لەوكەسانەبین، كە پەروەردگار لە بارەیانەوە دەفەرمووێت: (والذین إذا ذكروا بایات ربهم لم یخروا علیها صما وعمیانا).
سهرچاوه :
http://www.kaheel7.com