You Are Here: Home » بابەتەكانمان » خواڕەزمی

خواڕەزمی

                                       

خواڕەزمی

 

alkhawarizmi

 

م. جەمال

 بەكورتی باس لە  زانایەكی دیكەی موسڵمان ، ولەبووارێكی دیكەی زانستدا دەكەین ، ئەویش زاناخوارزمیە كە پسپۆرو شارەزای زانستی بیركاری بووە . ئەم زانا پایە بەرزە ناوی محەمەد كوڕی موسای خوارەزمیە ، هەر لەمنداڵیەوە بەهرەی زیرەكی و زانایی لێ‌ دەركەوتووە لەبوواری بیركاری وگەردوونناسیدا ، هەر بۆیە لەسەدەی هەشتەمی زایندا پێشەوا مەئمون دەیكاتە ئەمینداری ( بیت الحكمة ) و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو توانایەكی ماددی ومەعنەوی دەخاتەبەردەست خوارەزمی، هەتا  بەكاری بێنێت لەگەشت و گوزارو لێكۆڵینەوەی زانستی و وانە ووتنەوەدا بەمەبەستی پێشخستن وبرەو پێدانی زانستی بیركاری وگەردوونزانی . خوارەزمی لەگەڵ ئەوەشدا كە زانا بوو لە چلە پۆپەی زانیندا ،بەڵام هەروەك  هەموو زاناكانی دیكەی ئیسلام  زۆر بێ‌ فیز و خۆ بەكەم زان بووە و هەرگیز زانست و زانیاریەكەی تووشی لووت بەرزی ودەعیەی نەكردووە . ئەم زانایە خاوەنی كتێبێكە لە ژمێرەدا كە بۆ زۆربەی زمانە جیهانیەكان وەرگێڕدراوە ، وەتا ئێستاش نوسخەی ئەصلی ئەو پەرتووكە پارێزراوە لە زانكۆی كەمبردج . هەروەها خوارەزمی خاوەنی پەرتووكی (الجبر والمقابلة)یە كە تا ئێستاش بە شانازیەوە لە زانكۆی ئۆكسفۆرد پارێزراوەو بۆ چەندەها زمانی جیهانی وەرگێڕدراوە، وە مەبەستی خوارەزمی لە( الجبر ) واتە چارەسەركردن ئەوەش بەزیادكردن وكەم كردنی ڕادەیەك یان بڕەیەك بۆ مەبەستی شیكاركردنی هاوكێشەیەك، هەروەها مەبەستی لە( المقابلة) واتای كورتكردنەوە بووە لەو كردارە بیركاریانە، كتێبی (الجبر والمقابلة) وەكو شیكاركردنی هاوكێشەی پلەدوو، لێكدان وكۆكردنەوەو بابەتەكانی مامەڵەكردن وڕووبەر دۆزینەوەی تێدایە، وە بۆ هەموو ئەو بابەتانە نموونەی شیكاركراوی هێناوەتەوە..

 

raffy.ws_c1359910612_

 

خوالێخۆشبوو دكتۆر( علی مستەفا مشرفة) دەڵێ‌: (خوارەزمی نەك هەر دانەری زانستی جەبر بووە، بەڵكو بڵاوبونەوەی ئەو زانستە بەهەموو جیهاندا دوای ویستی خوای گەورە دەگەڕێتەوە بۆ كتێبەكەی خوارەزمی كە بووەتە سەرچاوەیەك بۆ هەموو لێكۆڵەرەوەكان و وەرگێڕە عەرەبی و بیانیەكان ).

شایانی باسە كە دوای زانا خوارەزمی زانا (ثابت كوڕی قرة )هات كە ئەمیش دادەنرێت بە تەواوكاری كارە زانستیەكانی خوارەزمی لە بواری بیركاری و شیكاركردنی هاوكێشەی پلە دوودا، هەروەها شیكاركردنی هاوكێشەی پلە سێ‌ و هەروەها بە دانەری جیاكاری و تەواوكاری دادەنرێ‌. وجگە لەم زانایانەش گەلێ‌ زانای دیكەی موسوڵمان لە بواری بیركاریدا خزمەتیان پێشكەشكردووە وەكو (جەمشید غیاث الدینى كاشی )و حەسەنی كوڕی هەیسەم، وئەبو وەفای بوزاجی و كەرخی و گەلێكی دی….

وە لە ووتە جوانەكانی ئەو زانا پایەبەرزە خەوارەزمی :

مرۆڤی خاوەن ڕەوشتی بەرز بە زمانی ژمارە دەكاتە ( 1 ) . وە ئەگەر ئەو مرۆڤە خاوەن ڕەوشتە بەرزە دیمەن و ڕوخساری جوان و قەشەنگ بوو ئەوا سفرێكی بۆ زیاد بكە واتە دەكاتە ( 10 )، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ئەوانەدا خاوەن سامانیش بوو ئەوا سفرێكی تری بۆ زیاد بكە و واتە دەكاتە ( 100 ) ، وە ئەگەر لەگەڵ ئەوانەی پێشوو هەموویان ئەو مرۆڤە خاوەن ئەسڵ و فەسڵ و ناودار بوو ئەوا سفری سێیەمی بۆ زیادبكە واتە دەكاتە ( 1000 ).

بەڵام ئەگەر ئەو مرۆڤە ڕەوشتە جوانەكانی لە دەستدا ئەوا تەنها سفرەكانی بۆ دەمێنێتەوە كە هیچن چونكە سفر هیچە !!!

 

سەرچاوە / كتێبی ( المسلمون و العلم الحدیث )  وە ئینتەرنێت .

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top