خانە و تەنۆلكەكانی هەستكردن بە گۆڕانكارییە ژینگەییەكان لە پێستدا
خانە و تەنۆلكەكانی هەستكردن بە گۆڕانكارییە ژینگەییەكان لە پێستدا
وەك پێشتر باسمانكرد چەند تەنۆلكەیەك و خانەی تایبەت بۆ دۆزینەوە و هەستكردن بە گۆڕانكارییەكان لە ژینگەی مرۆڤدا هەیە، كە پێیان دەگوترێت (وەرگرەكان) یان هەستپێكەرەكان (Receptors), كە بۆ ئەم بەشانە دابەشدەبن:
– ئەو خانانەی بە دەوروبەر كاریان تێدەكرێت (Extroceptors): ئەمانە تایبەتن بە هەستی بەركەوتن (واتە هەستكردن بە دەست لێدان) و بریتین لە: تەنۆلكەكانی میسنەر (Meissners Corpuscles) كە زۆر بڵاون, و خانەكانی میركل (Merkles Corpuscles)، كـە ئەمانـە زیـاتر لـە شــوێـنە بـێمــووەكاندا هـــــــــەن, وەك ســەرە پەنجەكان و لێوەكان.
– تەنۆلكەكانی پاسینی (Pacinian corpuscles) كە زیاتر لەو شوێـنـانەدان كــــــــە قورسییان لەسەرە وەك نـــاو لــــەپـــی دەســـت و ناوەوەی پێ, شێوەیان وەك پیاز وایە و تایبەتن بە گواستنەوەی هەست بە پەستان و لەرینەوە, ئەم تەنۆلكانە هەموویان بەگشتی ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 500,000 لەسەر هەموو رووی لەش.
– خانەكانی مووەكان و تەنۆلكە كۆتاییەكانی كروز (Crause End Bulbs) و هەروەها تەنۆلكەكانی تومسا, ئەمانە تایبەتن بە هەستكردن بە ساردیی.
– قووچەكەكان، یان لوولەكانی رووفینی (Ruffinis Cylinders): كە تایبەتن بە
هەستكردن بە گەرمیی, ژمارەی ئەم تەنۆلكانەش لە هەموو ڕووی لەشدا دەگەنە زیاتر لە (200000).
-تەنۆلكەكانی گۆڵجی (Golgi Corpuscles): كە لەناو جومگە و ماسولكەدا هەن و هەستە قووڵەكان دەگوێزنەوە.
-كۆتایییە دەمارییە هەستییەكان، یان كۆتایییە دەماریی بەرەڵاكان (كە تۆڕێكی ئاڵۆز پێكدەهێنن و پێیان دەگوترێت (تۆڕی لانگەرهانس – Langerhans): بۆ هەستكردنە بە ئازار, ئەم كۆتایییە دەمارییانە زۆر بەربڵاو وزۆرن لەسەر رووی پێست, كە بینراوە لە هەموو ڕووبەری پێستدا، ژمارەیان دەگاتە (3-5 ملیۆن).
لێرەوە دەتوانین بڵێین، كە پێستی مرۆڤ بریتییە لە ڕووپۆشێك، كە تۆڕێكی ناكۆتا لە ڕیشاڵا و كۆتایییە دەمارییەكان دایدەپۆشێت و پێستی مرۆڤ نەخشەیەكی سەرسوڕهێنەرە لە یەكتر بڕینی ئەو دەمارانەی، كە كۆنترۆڵی دەكەن, ئەوەتا 62 دەمار كۆنترۆڵی هەموو لەش دەكەن (بێجگە لە دەمارە مێشكییەكان) و هەستەكانیان لێوە كۆدەكەنەوە و بۆ مێشكی دەگوێزنەوە.
لە مێشكیش خۆیەوە ڕاستەوخۆ 14 دەمار دەردەچن، كە دەمارە مێشكی (یان سەرییەكان)ن, كەواتە كۆی گشتی 76 دەمارن، كە كۆنترۆڵی ڕووبەرەكانی هەست لە لەشی مرۆڤدا دەكەن.
لە لایەكی ترەوە زانستی توێكاری سەلماندوویەتی، كە كۆتایییە دەمارییەكان و ڕیشاڵە دەمارییەكانی تایبەت بە گواستنەوەی ئازار و هەست بە گەرمیی زۆر لەیەكەوە نزیكن, هەروەها بۆشی ڕوون كردووینەتەوە، كە ئەو رێگەیەی كە دەیبڕن بۆ سەرەوە هەمان ڕێگەیە, ئەم دەمارانە لە پێستەوە دەڕۆن تا دەگەنە دڕكە پەتكی ناو بڕبڕەی پشت (النخاع الشوكي Spinal Cord) و لەوێوە بۆ مێشكۆكە (المخیخ Cerebellum), پاشان بۆ مێشكی ناوەڕاست (الدماغ المتوسط Mid Brain), لە كۆتاییدا بۆ توێكڵی مێشك. لەمانەی سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت، كە پێست گرنگترین بەشی لەشە بۆ هەست كردن بە ئازار و گەرمیی, لەبەرئەوەی كە زۆر دەوڵەمەندە بەو كۆتایییە دەمارییانەی، كە هەستەكانی ئازار و گەرمیی دەگوێزنەوە
پلەكانی سووتانی پێست و جۆرەكانی:
زانایان و پزیشكان پلەكانی سووتان بۆ چوار پلەی سەرەكی دابەشدەكەن, ئەم پلانە بەپێی ئەو چینانەی پێست، كە دەسووتێن دیاریدەكرێت، تا سووتانەكە قووڵتر بێت پلەی سووتانەكە زیاد دەكات, ئەگەر سەیری پێستی مرۆڤ بكەین لەكاتی هەر یەكێك لەم سووتانانەدا, دەبینین لە سووتانی پلە یەكدا تەنها چینە وشكەكەی بەشی سەرەوەی پێست دەگرێتەوە و لەسەر شێوەی هەوكردنێكی پێست دەردەكەوێت, لەم سووتانەدا هەڵئاوسان و ئازارێكی كەم ڕوودەدات لەبەرئەوەی سووتانەكە پلە یەكە و تەنها خانەكانی ڕووی دەرەوەی پێست دەگرێتەوە, ئەوەش ئاشكرایە كە ئەم سوور بوونەوە و هەڵئاوسان و ئازارە دوای دوو تا سێ ڕۆژ نامێنێت.
ئەگەر یەكسەر باسی سووتانی پلە سێ بكەین دەبینین، كە هەموو چینەكانی پێست دەگرێتەوە و لەوانەیە شانەكانی ژێرەوەش وەك ماسولكە و ئێسكیش بگرێتەوە, لێرەدا پێست نەرمی و لاستیكیی لە دەست دەدات و وشك و ڕەق دەبێت, لەم حاڵەتەدا نەخۆشەكە زۆر هەست بە ئازار ناكات، لەبەرئەوەی كۆتایییە دەمارییەكان و تەنۆلكەكانی هەستكردن زوربەیان بەهۆی سووتانەوە لەناو چوون.
ئەگەر بچینە سەر پلەی چوارەمی سووتان, ئەم پلەیە پێی دەگوترێت بوون بەخەڵوز (التفحم), كە هەروەك لە ناوەكەیەوە دیارە، پێستی مرۆڤ وەك خەڵوزی لێدێت, لەم حاڵەتەشدا نەخۆش لەو بەشەی پێستیدا هەست بەهیچ ئازار و هەستێكی تر ناكات، لەبەر ئەوەی هەموو تەنۆلكەكان و كۆتایییە دەمارەكان بە تەواوەتی لەناوچوون.
ئێستاش با بگەڕێینەوە بۆ سووتان لە پلەی دووەم, ئەم پلەیە دەكرێت بە دوو بەشەوە:
1 – ڕوویی (سطحی).
2- قووڵ.
لە حاڵەتی سووتانی روویی پلە دوودا چینی سەرەوەی پێست (ڕووی پێست) دەكوڵێت و هەروەها چینی ژێرەوەش (ناوەوەی پێست) كە لەژێر چینی سەرەوەدایە, لەم حاڵەتەدا هەردوو چینەكەی پێست لەیەك جیادەبنەوە و چەندین دەردراو و پاڵاوتە لە نێوانیاندا كۆدەبێتەوە, لەژێر چینی سەرەوەدا بڵق دروست دەبن, كە پڕن لە شلەیەك، كە لە شلەمەنی یان پلازمای خوێن دەچێت. نەخۆشەكە لەم جۆرە سووتانەدا ئازارێكی یەكجار زۆر دەچێژێت و پێیەوە دەتلێتەوە، هەروەها هەستیاریشی بۆ ئازار زۆر دەبێت, ئەمانەش بەهۆی هەژانی كۆتایییە دەمارییە دەركەوتووەكانەوە دەبێت, لێرەدا چاكبوونەوە و یەكبوونەوەی پێست زیاتر لە دوو هەفتە دەخایەنێت، بەهۆی ئەو كرداری نوێبوونەوە و جێگرتنەوەیەی شانە فەوتاوەكان، كە لە پێستدا ڕوودەدات
هەستكردن بە گەرمیی و ساردیی:
بەهۆی ئەو تەنۆلكانەی، كە هەستەكانی ساردیی و گەرمیی دەگوێزنەوە هاوسەنگیی لە پلەی گەرمیی لەشدا ڕوودەدات, كە لە پلەیەكی دیاریكراودا دەمێنێتەوە (كە بە ناوەندیی بریتییە لە 37 پلەی سەدی), ئەگەر بێتو پلەی گەرمی لەش دابەزێت بۆ 35 پلەی سەدی، ئەوا سەرەتا ئەو تەنۆلكانەی هەستیارن بۆ ساردیی هاوار و ئاماژەی مەترسی دەنێرن و لەم بارەیەوە مێشكی مرۆڤ ئاگاداردەكەنەوە, ئەگەر ئەم باری ساردبوونەوەیە بەردەوام بێت و هاوارەكان وەڵامی نەبێت, ئەوا لەش وردە وردە دەچێتە حاڵەتێكی سڕبوون و نەمانی هەستەوە.
لەلایەكی ترەوە ئەگەر پلەی گەرمی لەش و پێست بەرزبێتەوە لە ئاستی ئاسایی خۆی بە هۆی دووچار بوونی مرۆڤ بۆ سەرچاوەیەكی گەرمی یان ئاگر, سەرەتا مرۆڤ هەست بە ناڕەحەتی دەكات, پاشان ئازار پەیدا دەبێت، كە وردە وردە زیاد دەكات، تا دەگاتە ئەوپەڕی و بەرزترین پلەی ئازار, كە بینراوە ناڕەحەتترین ئازار لەكاتی سووتانە ڕوویی (سەطحی)یەكاندا دەبێت, بە زیاد بوونی پلەی سووتانەكە وردە وردە ئازارەكەی دەوەستێت لەو ئاستەدا و زیاتر نابێت, بەڵكو بە هێواشی بەرەو نەمان دەڕوات, تەنانەت ئەگەر هەموو پێستیش بسووتێت و ببێت بە خەڵووز ئیتر ئازار نامێنێت.