جۆرەكانی ئاو لە نێوان زانست و قورئانی پیرۆزدا
جۆرەكانی ئاو لە نێوان زانست و قورئانی پیرۆزدا
نووسینی: عبد الدائم الكحیل
و/ بهرزان ئهبوبكر
قورئانی پیرۆز یەكەم كتێبە لە نێوان جۆرەكانی ئاودا جیاوازی كردووەو بەشێوەیەكی زانستی پۆلێنی كردووە، لەم وتارەدا ئەوە دەخەینەڕوو كە قورئانی پیرۆز سەبارەت بە ئاوی باران چۆن دهدوێت و ناویناوە ئاوی پاكژ؟…
لەم وتارەدا دەبینین قورئانی پیرۆز چۆن بە وردەكارییەكی بێسنوور لە نێوان جۆرەكانی ئاودا جیاوازی كردووە… هەروەها پۆلێنی كردوون لەگەڵ پلەی باشی ئاوەكە، ئەو ئاوە شیرینو زوڵاڵەی لە ڕووبارو بیرەكان دەیخۆینەوە، قورئان ناویناوە (ئاوی سازگار)، هەروەها ئاوی دەریا كە ڕێژەیەكی زۆر خوێی تێدایە ناویناوە (ئاوی تاڵ). زانست سەلماندویەتی كە جیاوازییەكی گەورە لە نێوان جۆرەكانی ئاودا هەیە. ئەمەش ئەو بابەتەیە كە ئێستا لە ڕێی ئەم چەند بڕگەیەی خوارەوە لەسەری دەدوێین، ئاماژە دەكەین بۆ یەك دڵۆپە ئاو كە لە پێنج هەزار ملیۆن گەردیلەی ئاو پێكهاتووە! ئەی دەبێت دەریاكان لە چەند گەردیلە پێكهاتبن؟!
(ئاوی سازگار):
لەبەرئەوەی لەم ئاوەدا سیفەتێكی نوێ هەیە، زانایان لە بارەیەوە دەڵێن: ئەم جۆرە ئاوێكە دەتوانێت زیاتر لە ئاوی ئاسایی خانەكانی لەش نوێ بكاتەوە، بەڵام زانایانی وزە جەخت دەكەنەوە كە ئاوی باران خاوەنی ڕێژەیەكی زۆرتری وزەیە، ئەمەش بە باشی لە حاڵەتی دەروونی مرۆڤدا ڕەنگدەداتەوە.
كاتێك خوای گەورە ئاوی ڕووبارەكانو ئەو ئاوەی كۆبووەتەوە لە ژێر زەویداو ئەو ئاوەش دەیخۆینەوە، ناويناوە ئاوی سازگار، واتە بە تاموچێژە بۆ خواردنەوە، لەو نێوەندەشدا ئاوی دەریای ناوناوە ئاوی تاڵ، كە بەڵگەیە لەسەر بوونی بڕی خوێی زیادە لە ئاوەكەدا. هەروەها ئاوی بارانیشی ناوناوە(ئاوی پاك)، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت قورئانی پیرۆز یەكەم كتێبە بەشێوەیەكی زانستی پۆلێنی ئاوی كردووە.
هەروەها خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَأَسْقَيْنَاكُمْ مَاءً فُرَاتًا) (المرسلات27)، واتە:ئايائاوی سازگارمان پێشكەش نەكردوون بۆ خواردنەوە؟ ئەو ئاوەی لە ڕووبارو كانیاوەكانو بیرەكان دەیخۆینەوە ئاوێكی شیرینو زوڵاڵو بە تامە، لەبەرئەوەی ڕێژەیەكی لە كانزا تێدایە وەكو ئاسن كە تامی ئاو خۆش دەكات، ئەمەش دەگونجێت لەگەڵ وشەی (فُرَاتًا) واتە سازگار، ئاوی سازگار (ماء الفرات) لە زمانەوانیدا بە مانای بە تامو خۆش دێت، هەروەكو لە فەرهەنگەكانی زماندا هاتووە، لەو نێوەندەدا ئەو ئاوەی لە ئاسمانەوە دەبارێت بریتیيە لە ئاوێكی دڵۆپێنراو، خاوەنی سیفەتی پاككردنەوەو خاوێنكردنەوەیەو هیچ تامێكی نییە، لەبەرئەوە خوای گەورە وەسفی كردووە بە پاك (طَهُورًا) ، خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: (وَأَنْزَلْنَا مِنَ السَّمَاءِ مَاءً طَهُورًا) الفرقان 48. واتە: (لە ئاسمانەوە ئاوێكی پاكوخاوێنمان باراندووە)..
ئەو ئاوەی دێتەخوارەوە لە ئاسمان پاكە، پاشان تێكەڵاوی كانزاكانو خوێیەكان دەبێت لە نێو زەویدا، تا ببێتە ئاوێكی سازگار. تەنانەت كاتێك قورئانی پیرۆز لە بارەی ئاوی ڕووبارەكانەوە دەدوێت وشەی (فرات) بە كاردەهێنێت، وشەی (طَهُورًا) بەكارناهێنێت، چونكە وەكو وتمان ئاوی ڕووبار شیرینو زوڵاڵە، زۆرێك لە كانزای تواوەی لە خۆگرتووە. خوای گەورەش دەفەرمووێت: (وَمَا يَسْتَوِي الْبَحْرَانِ هَذَا عَذْبٌ فُرَاتٌ سَائِغٌ شَرَابُهُ وَهَذَا مِلْحٌ أُجَاجٌ) [فاطر: 12].
واتە: (هەر دوو جۆرە دەریا وەكو یەك نین، یەكێكیان ئاوی سازگارو خۆش، ئەوی تریشیان سوێرو تاڵ،…
ئاوی تاڵ:
كاتێك هەڵوێستە دەكەین لەسەر ئەم ئایەتەی پەروەردگار، دەفەرمووێت (وَمَا يَسْتَوِي الْبَحْرَانِ هَذَا عَذْبٌ فُرَاتٌ سَائِغٌ شَرَابُهُ وَهَذَا مِلْحٌ أُجَاجٌ) [فاطر: 12].
ئەگەر بپرسین بۆچی خوای گەورە بۆ هەر یەكێك لەم دوو جۆرە ئاوە دوو سیفەتی پێ بەخشیوون: (عَذْبٌ فُرَاتٌ)شیرینو سازگار، (مِلْحٌ أُجَاجٌ) سوێرو تاڵ، ئێمە دەزانین ئاوی ڕووبار (شیرینە)، كەواتە بۆچی خوای گەورە سیفەتی دووەمی بۆ زیاد كردووە كە بریتییە لە (فرات) واتە(سازگار)؟
هەروەها ئاوی دەریاش (سوێر)ە، بۆچی خوای گەورە سیفەتی دووەمی بۆ زیاد كردووە كە بریتییە لە (أُجَاجٌ) واتە (تاڵ)؟
لە هەمان كاتدا خوای گەورە وەسفی ئاوی بارانی كردووە تەنها بە یەك سیفەت ئەویش (طهور)ە، واتە: (پاك)، ئایا ئەمە دووبارە كردنەوەیە لە قورئاندا، یاخود ئیعجازێكی زانستییە؟
زانایانی پسپۆرو شارەزا لە ئاوەكاندا، كاتێك لەگەڵ ئاو مامەڵە دەكەن بینیان یەك سیفەتی وەكو شیرین، یاخود سوێر بۆ ئاو بەس نییە، هەموو ئەو ئاوانەی لەسەر زەوی دەیانبینین، وەكو ئاوی ڕووبار، یان دەریاچەكان، بیرەكان، هەموویان بە ڕێژەیەك خوێیان تێدایە ئێمە هەستی پێناكەین، بەڵام هیچ شتێك لە خوای گەورە نادیار نییە، كە بەدیهێنەریانە!
لەبەرئەوە خوای گەورە بە سیفەتی دووەم ڕوونی دەكاتەوە كە ئاوی ڕووبار (فرات-سازگار)ە، واتە خواردنەوەی بە تامە بە هۆی هەندێك كانزاو غازات لە ناویدا، ئەمەش بووەتە هۆی بەخشینی ئەو تامە خۆشە بە ئاوەكە.
لە بەرامبەردا دەبینین سیفەتی (سوێر)بە تەنها بەس نییە بۆ وەسفی ئاوی دەریا بە شێوەیەكی ورد، هەربۆیە ڕاستەوخۆ پەروەردگار بە دوای سیفەتی سوێریدا، سیفەتی (أجاج- تاڵ) دەداتە ئاوی دەریا، واتە سوێرییەكی له ڕادهبهدهر، ئەمەش تاڵ دەگرێتەوە. ئەم وشەیە لە كرداری(تأجج) وەرگیراوە، واتە زیاد، یان لە ڕادەبەدەر، هەروەكو لە فەرهەنگەكانی زمانی عەرەبیدا هاتووە.
بەڵام ئایا تەنها سیفەتێك بەسە بۆ ئاوی باران كە بریتییە لە(طهور)؟ لە وەڵامدا دەڵێین بەڵێ، چونکه ئاوی باران هەروەكو ئەوەی كە دەیبینین ئاوێكی پاكو پاڵفتەیەو نە تامی هەیەو نە بۆن، لەبەرئەوە یەك سیفەت بەسە بۆ ئاوی باران!
ئاوی دەریا ئاوێكی تاڵە، لە زمانەوانیدا كرداری(أجج) واتە لە ڕادەبەدەر، ئەمەش لە ئاوی دەریادا دەیبینین كە پلەی خوێی زیادی تێدایە، خوای گەورەش وەسفی ئاوی دەریا بە (ملح أجاج)، واتە سوێرو تاڵ دەكات، چونكە وشەی (ملح)سوێر، بە تەنها بەس نییە، ئاوی شیرینیش ڕێژەیەكی كەمی لە خوێ تێدایە، بەڵام ئێمە هەستی پێناكەین.
ڕووی ئیعجاز :
ڕووی ئیعجازی لهوهدا دهدرهوشێتهوه، كه قورئانی پیرۆز وشەی (طهور) بەكاردەهێنێت بۆ ئەو ئاوەی لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە، چونكە ئاوێكی پاكە، ئەو ئاوەیە زانایان ناویانناوە ئاوی دڵۆپێنراوو بە مادەیەكی پاكەرەوەی دادەنێن، لەو نێوەندەدا وشەی (فرات) واتە سازگار، هیچ كات خوای گەورە ئەم سیفەتەی بەكارنەهێناوە لەگەڵ ئاوی ئاسمان! بەڵكو ئەم وشەیە بەكارهاتووە لەگەڵ ئەو ئاوەی دەیخۆینەوە، لەبەرئەوەی ئاوی ڕووبارەكان لە سەدا سەد پاك نین، بەڵكو هەندێك خوێو كانزای تواوەی تێدایە كە تامێكی خۆش بە ئاوەكە دەبەخشێت.
ئەگەر بە وردی بیر لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز بكەینەوە سەبارەت بە ئاوی دەریا، دەبینین وشەی (أجاج) واتە تاڵ، بەڵگەیە لەسەر ئەو ئاوەی بڕی خوێی زیادی تێدایە، دەبینیت قورئانی پیرۆز تەنها سیفەتی سوێری بۆ ئاوی دەریاكان دانەناوە، بەڵكو فەرموویەتی: (ملح أجاج) واتە: سوێرو تاڵ، چونكە ئەگەر لە لایەنی زانستییەوە تەنها بڵێین ئاوی دەریا لە خوێ پێكهاتووە، ئەوە هیچ واتایەك نادات، لەبەرئەوەی هەموو ئاوەكانی سەرزەوی بە ڕێژەیەكی كەم تا زۆر بڕێك سوێری تێدایە، هەربۆیە پێویستە ڕێژەی سوێری لە ئاوەكەدا دیاری بكرێت، ئەمەش ئەوەیە كە قورئانی پیرۆز ڕەچاوی كردووەو بە كاریهێناوە!
پاكوبێگەردی بۆ ئەو خودایەی هەموو ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزو وشەكانیو پیت بە پیتی بە جوانترینو نایابترین شێوە داڕشتووە!
ئەو پرسیارەی پێویستە لێرەدا ئاڕاستەی ئەو كەسانەی بكەین كە لە ئیعجازی زانستی قورئانی پیرۆزدا بە گومانن، دەڵێین: ئەگەر قورئان زادەی بیری مرۆڤ بووایەو مرۆڤ دانەری بووایە، ئایا بەر لە چواردە سەدە لەمەوبەر دەیتوانی ئەو جیاكارییە بكات لە نێوان ئەم وشانەدا؟
كەواتە دەتوانین بڵێین: قورئانی پیرۆز قسەی لەسەر هەموو مواسەفاتو تایبەتمەندییەكانی ئاو كردووە پێش چەندین سەدە بەر لەوەی زانایانی فیزیا ئەو ڕاستییە بدۆزنەوە!
كەواتە قورئان یەكەم كتێبە جیاوازی كردووە لە نێوان جۆرەكانی ئاودا، ئایا ئەمە بەڵگەیەكی زیندوو نییە لەسەرئەوەی قورئانی پیرۆز لە لایەن خوای گەورەوە هاتووە؟!
پەروەردگار لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: (وَهُوَ الَّذِي أَرْسَلَ الرِّيَاحَ بُشْرًا بَيْنَ يَدَيْ رَحْمَتِهِ وَأَنْزَلْنَا مِنَ السَّمَاءِ مَاءً طَهُورًا) [الفرقان: 48].
واتە: (هەر ئەو زاتەی بای شەماڵ دەنێرێت كە مژدەیە پێش بارینی بارانی ڕەحمەت، (پاشان دەفەرمووێت): لە ئاسمانەوە ئاوێكی پاكوخاوێنمان باراندووە، (لە شێوەی بارانو بەفرو تەرزەدا).
كاتێك لەم ئایەتە پیرۆزە ورد بوومەوە بینیم بە دیقەیەكی وردو مواسەفاتێكی بەرزەوە دەدوێت لەسەر ئەو ئاوەی زانایان پێی دەڵێن: ئاوی دڵۆپێنراو، كاتێك زاناكان دەریانخست كە ئەو ئاوەی دەیخۆینەوە پێكهاتووە لە بەشێكی زۆر له ماددەی زیندوو، ئەو پەرداخە ئاوەی دەیخۆینەوەو وا گومان دەبەین ئاوێكی پاكە، ملیۆنەها زیندەوەری وردی وەكو بەكتریاو ڤایرۆسی تێدایە، هەروەها مادەی كانزایی وەكو ئاسن، مس، ئەلەمنیۆم، سۆدیۆم، مەگنیسیۆم، كالیسیۆمی تێدایە. هەروەها مادەی ئەندامی وەكو كاربۆنو گڵو چەندین مادەی تری تێدایە… هەموو ئەو شتانە بوونیان هەیە لەو ئاوەدا كە ئێمە پێی دەڵێین: ئاوی پاك!
هەروەها زانایان ئەوەیان دەرخستووە كە ئەم ئاوە دەگونجێت پاك بكرێتەوە بە گەرمكردن تا پلەی كوڵانەكەی دەگاتە 100 پلەی سەدی، پاشان هەڵمەكەی كۆبكرێتەوەو چڕ بكرێتەوەو سارد بكرێتەوە، بۆ دەستكەوتنی ئاوێكی دڵۆپێنراو كە دەكرێت بە ڕێژەیەكی باش پاك بێت!
هەروەها دەڵێن: چاكترین جۆری ئاوی دڵۆپێنراوو پاڵفتە بریتییە لە ئاوی باران! بەڵام پێش ئەوەی بچێتە نێو ڕۆخی زەویو پیس ببێت بەو مادە پیسانەی لە هەوادا هەیە.
شارستانییەتو پێشكەوتنی ئەم سەردەمە ڕۆڵێكی كاریگەری هەیە لە پیس بوونی ژینگە، باران بارین كەشوهەوا پاك دەكاتەوە، لەبەرئەوەی ئاوی باران ئاوێكی دڵۆپێنراوو پاڵفتەیە، توانای مژینی ئەو ماددە زیانبەخشانەی ههیه که لە هەوادا هەیە، لە كەشدا گازی كیبریتو هەموو ئەو ماددەو كانزایانەی وەكو قوڕقوشمو ژەهر هەڵدەمژێت، ئەمەش وایكردووە ئاوی باران تامێكی ترشی هەبێت، بۆ زانیاریت لە پێشدا ئاوی باران زۆر پاك بوو، چونكە كەشو هەوا وەكو ئەمڕۆ پیس نەببوو.
كاتێك ئاوی باران دێتە خوارەوە بۆ سەرزەویو دەچێتە نێو خاكەوەو بە نێو بەردەڵانەكاندا چەندین ڕێچكەو ڕێگەی ئاڵۆز دەبڕێت، لە ماوەی گەشتەكەیدا تێكەڵ دەبێت بە هەندێك كانزاو خوێ كە لە نێوان بەردەڵانەكاندا هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی تفت بوونی ئاوەكە، لەبەرئەوە دەبینین تامی ئاوی دڵۆپێنراو خۆش نییە، چونكە بێ تامە، لەو نێوەندەدا ئاوی كانیاوەكان ئاوێكی بە تاموچێژە.
زانایانی ئەمڕۆ ڕایانگەیاندووە ئاوی باران ئاوێكی دڵۆپێنراوو پاڵفتەیە، ئەم ئاوە پاكەش تایبەتمەندییەكی هەیە بۆ پاككردنەوە، باشترین ماددەیە بۆ لابردنی چڵكو پیسی، هەروەها دەتوانرێت بۆ پاككردنەوەو خاوێنكردنەوەی هەموو شتێك بەكاربهێنرێت، بەڕاستی پەروەدگار جوانترینو باشترین ناویناوه لەو ئاوەی لە ئاسمانەوە دەبارێت، ئەویش (ماء طهورا) ئاوێكی پاكە! لە ڕووی زانستییەوە وردترین ناوە: هەروەكو دەفەرمووێت: (وأنزلنا من السماء ماء طهورا)، واتە: (لە ئاسمانەوە ئاوێكی پاكوخاوێنمان باراندووە)..
تایبهتمهندییهکانی ئاوی باران:
ئێستا هەندێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەو ئاوەی لە ئاسمانەوە دێتەخوارهوهو پێی دەگوترێت ئاوی باران دەژمێرین:
1- ئاوی باران سەد لە سەد بە ئاوێكی دڵۆپێنراوو پاڵفتە دادەنرێت، ئەمەش لە ئەنجامی بوون بە هەڵمی بەشێك لە ئاوی دەریاكانەوەو چڕبوونەوەی لەسەر شێوەی هەورەكان، پاشان هاتنە خوارەوەی بە شێوەی باران، لەبەرئەوە ئاوێكی زۆر پاكە.
2- ئاوی باران لە ئاوی ئاسایی زیاتر دەتوانێت چڵكو پیسی لەسەر پێستی مرۆڤ لابەرێت، لەبەرئەوە ئەم ئاوە بە مادەیەكی پاكو خاوێنكەرەوە دادەنرێت، لە زانستی پزیشكیدا بە كاردەهێنرێت.
3- ئاوی باران خاڵییە لە ڤایرۆسو بەكتریا. هەروەها ئاوی باران خاوەنی تایبەتمەندییەكە كە كانزاو گازو تەم، یان هەر مادەیەكی تر كە تووشی دەبێت دەتوانێت هەڵیمژێت، لەبەرئەوەیە بە مادەیەكی سەرەكی پاكژكردنەوەی كەش دادەنرێت.
دوای ئەوەی هەموو ئەو تایبەتمەندییەمان زانی كە لە ئاوی باراندا هەیە، دەبینین هەموو ئەو سیفەتانە لە وشەیەكدا كۆدەبێتەوە كە قورئانی پیرۆز لە حەقیقەتی ئاوی باراندا بەكاریهێناوە، هەروەكو پەروەدگار دەفەرمووێت:
(وَأَنْزَلْنَا مِنَ السَّمَاءِ مَاءً طَهُورًا) الفرقان 48 (لە ئاسمانەوە ئاوێكی پاكوخاوێنمان باراندووە)…
وشەی (طهر) واتە پاك، لە زمانەوانیدا بە مانای لابردنی چڵكو پیسی دێت، هەروەكو لە فەرهەنگی (محیط)دا هاتووە.
نامۆ نییە دەبینین قورئانی پیرۆز لەسەر ئەم تایبەتمەندییە بەشێوەیەكی ڕوونو ئاشكرا قسەمان بۆ دەكات، هەروەكو دەفەرمووێت(وَيُنَزِّلُ عَلَيْكُمْ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً لِيُطَهِّرَكُمْ بِهِ وَيُذْهِبَ عَنْكُمْ رِجْزَ الشَّيْطَانِ وَلِيَرْبِطَ عَلَى قُلُوبِكُمْ وَيُثَبِّتَ بِهِ الْأَقْدَامَ) [الأنفال: 11].
واتە: (خوای گەورە ئاوێكی لە ئاسمانەوە بە سەرتاندا باراند بۆئەوەی خاوێنتان بكاتەوە پێیو پۆخڵی شەیتانتان لێ دووربخاتەوە (تا لە ڕووی جەستەو دڵو دەرونیشەوە خاوێن بن) دڵەكانتان بە هێزو دامەزراو بكاتو بیانبەستێت بە خوداوەو بەو ئاوە پێیەكانیشتان جێگیرو قایم بكات).
ئەم ئایەتە لە بارەی ئاوی بارانەوە دەدوێت، لە ڕوانگەی فەرموودەی خوای گەورەوە كە دەفەرمووێت: (من السماء ماء)واتە: (خوای گەورە ئاوێكی لە ئاسمانەوە بە سەرتاندا باراند)، قسەمان كرد لەسەر ئەو تواناو تایبەتمەندییەی باران سەبارەت بە پاكژكردنەوە كە لەم ئاوەدا هەیە، هەروەكو دەفەرمووێت: (لیطهركم به) واتە (بۆئەوەی خاوێنتان بكاتەوە)، هەروەها قسەمان كرد لەسەرئەو توانایەی ئاوی باران هەیەتی، كاردەكاتە سەر مرۆڤ بۆ بەخشینو هاندان بۆ چەسپاندنو دامەزراندنی قاچەكانی لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمندا، چ فەرموودەیەك باس لەو وزەیە دەكات كە مرۆڤ بە هۆیەوە دەتوانێت زیاتر ڕووبەڕوو ببێتەوە، ئەوەش تەنها لە فەرموودەی خوای گەورەدا هاتووە هەروەك دەفەرمووێت: (ویثبت به الأقدام) واتە: (پێیەكانیشتان جێگیرو قایم بكات).
لێرەدا شتێكی دیكە هەیە ئەویش ئەوەیە قورئانی پیرۆز یەكەم پەرتووكە لهو تایبەتمەندییه پاكهرهوهیه دهدوێت که له ئاوی باران، یان لە ئاوی دڵۆپێنراودا هەیە، هەروەكو وتمان قورئان ئەم سیفاتەی لەگەڵ هیچ ئاوێكدا بەكار نەهێناوە جگە لە ئاوی باران، لەو نێوەندەدا دەبینین پەرتووكە دانراوەكانی زادەی بیری مرۆڤ جیاوازی نەكردووە لە نێوان ئاوی شیرینو ئاوی پاكو ئاوی سازگار، لەگەڵ ئەوەدا دەبینین قورئانی پیرۆز جیاوازی لە نێواندا كردوونو هەر وشەیەكی بەشێوەكی زۆر وردەكار لە شوێنی خۆیدا داناوە.
لەبەردەم ئەم ڕاستیيانەدا لە هەموو ئەو بێباوەڕانەی بانگەشە دەكەن كە ئەوان بە شێوەیەكی ژیرانە بیردەكەنەوەو ڕایدەگەیەنن پێویستیان بە بیركردنەوە لە تواناو دەسەڵاتی خوای گەورە نییە، دەپرسینو پێیان دەڵێین: ئەم دەستەواژەیە لە كوێوە هاتووە (طهور) لە كاتی قسەكردن سەبارەت بە ئاوی باران، لە كاتێكدا دەبینین ئەم دەستەواژەیە لەگەڵ ئاوی ڕووبار، یان دەریاكان بەكارنەهاتووە؟
كەواتە كێ ئەم یاسا فیزیاییە تۆكمەیەی داناوە؟ كە سەرپەرشتی جوڵەی هەورەكانو هاتنەخوارەوەی ئاوی باران دەكات؟
لە وەڵامیاندا دەڵێین: تەنها خوای گەورەیە دەفەرمووێت: (قُلْ مَنْ رَبُّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ قُلِ اللَّهُ قُلْ أَفَاتَّخَذْتُمْ مِنْ دُونِهِ أَوْلِيَاءَ لَا يَمْلِكُونَ لِأَنْفُسِهِمْ نَفْعًا وَلَا ضَرًّا قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الْأَعْمَى وَالْبَصِيرُ أَمْ هَلْ تَسْتَوِي الظُّلُمَاتُ وَالنُّورُ أَمْ جَعَلُوا لِلَّهِ شُرَكَاءَ خَلَقُوا كَخَلْقِهِ فَتَشَابَهَ الْخَلْقُ عَلَيْهِمْ قُلِ اللَّهُ خَالِقُ كُلِّ شَيْءٍ وَهُوَ الْوَاحِدُ الْقَهَّارُ) [الرعد: 16].
واتە: (ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم، بە خوانەناسان) بڵێ:كێ پەروەردگاری ئاسمانەكانو زەوییە؟ (ئەگەر ئەوان بێدەنگ بوون) تۆ بڵێ: (اللە) خوای گەورە، پەروەردگاریانە، (چونكە ئەوانەكەڕو كوێرو لاڵن لەوانەیە دان بەو ڕاستییەدا نەنێن)، پاشان پێیان بڵێ: ئایا ڕەوایە جگە لەو خوایە پشت بە شتی تر ببەستنو بیانكەنە پشتیوانو خۆشەویست، كە ئەوانە تەنانەت بۆ خۆشیان قازانجو زەرەریان بە دەست نییە؟! هەروەها بڵێ: باشە ئاخر كوێرو چاو ساغ وەكو یەك وان؟ تاریكیو ڕووناكی چوون یەكن؟! (بێگومان خوا نەناسیو بێ دینی كوێریو تاریكییە، ئیمانو باوەڕو خواناسیش چاوساغیو ڕووناكییە)، بەڵكو چەند هاوبەشێكیان داناوە بۆ خوا، كە شتیان دروستكردووە وەك دروستكراوەكانی خودا، دروستكراوەكانیان لێ شێواوە؟! پێیان بڵێ: (الله) خودای گەورەو بە دەسەڵات بە دیهێنەرو دروستكاری هەموو شتێكەو ئەو زاتە تاكو تەنهاو بە دەسەڵاتو بە هێزو بە توانایە).