تەقینەوە مەزنەكە لە نێوان زانستی نوێ و قورئاندا
تەقینەوە مەزنەكە لە نێوان زانستی نوێ و قورئاندا
بە پێنووسی ئەندازیار: عبد الدائم الكحیل
وەرگێڕانی بۆ كوردی: فارووق ڕەسوول یەحیاء
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ڕووی گوفتار لە پێغەمبەری ئازیز صلی الله علیە وسلم دەكات و دەفەرموێ:> [وَنَزَّلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ تِبْيَاناً لِكُلِّ شَيْءٍ وَهُدًى وَرَحْمَةً وَبُشْرَى لِلْمُسْلِمِينَ] (النحل: 89). واتە: (قورئانمان بۆ تۆ ناردووە و، هەموو شتێك ڕوون دەكاتەوە و، ڕێنمایی و میهرەبانی و مژدەیە بۆ موسڵمانان).
سەرنج بدە – خوێنەری بەڕێز – كە چۆن خوای گەورە لە وەسفی قورئاندا فەرمووی: [تِبْيَاناً لِكُلِّ شَيْءٍ] (هەموو شتێك ڕوون دەكاتەوە)..
هەروەك لە ئایەتێكی تردا جەخت لەسەر ئەم واتایە دەكاتەوە و دەفەرموێ: [لَقَدْ كَانَ فِي قَصَصِهِمْ عِبْرَةٌ لأُولِي الأَلْبَابِ مَا كَانَ حَدِيثًا يُفْتَرَى وَلَكِنْ تَصْدِيقَ الَّذِي بَيْنَ يَدَيْهِ وَتَفْصِيلَ كُلِّ شَيْءٍ وَهُدًى وَرَحْمَةً لِقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ] (یوسف: 111). واتە: (بەسەرهاتی پێغەمبەران – دروودی خوایان لەسەر بێت – كە قورئان دەیانگێرَێتەوە پەند و ئامۆژگارییان تێدایە بۆ كەسانی خاوەن هۆش و ژیری و، ئەم قورئانە گوفتارێكی دەمهەڵبەست نییە، بەڵكو پشت ڕاستكەرەوەی ئەو كتێبانەی پێش خۆیەتی كە خوای گەورە ناردوونی و، شیكەرەوەی هەموو شتێكە و، ڕێنمایی و میهرەبانییە بۆ ئیمانداران).
بڕوانە كە چۆن خوای گەورە جارێكی تر لە وەسفی قورئاندا فەرمووی: [ۆتَفْصِیڵ كُلِّ شَیْء] (شیكەرەوەی هەموو شتێكە)!
جا ئایا ئەم دەقە ڕاشكاوانەی قورئانی پیرۆز سەروزیادی ئەوە نین كە تێبگەین لەوەی قورئانی پیرۆز هەموو شتێكی پێویستی ڕوون كردووەتەوە؟
لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین كە لە ڕۆشنایی ئەم دوو دەقەوە لە كێشەیەك بدوێین كە جێی وتووێژە لە ئاستە زانستییەكانی ئەمڕۆدا، كە بریتییە لە (بیردۆزی تەقینەوە مەزنەكە).
پێش ئەوەی بڕۆینە ناو درێژەی ئەم باسە، پێویستە ئەوە بخەینە ڕوو كە قورئانی پیرۆز بەوە تایبەتمەندە “گیان” و “ژیری“ی مرۆڤ پێكەوە گرێ دەدات، ئەوەتا هەروەك قسە لە ڕاستییە زانستییەكان دەكات، لە هەمان كاتدا لە ئامانجی باسكردنی ئەو ڕاستییانەش دەدوێ، كە گەیشتنی مرۆڤە بە ناسینی خوای گەورە. واتە: ڕاستییە زانستییەكە دەكات بە هۆكارێكی نزیك بوونەوەی مرۆڤ لە خوای گەورە.
لەم ڕەهەندەشەوە سەرنج دەدەین كە هەموو جارێ زانایان ڕاستییەكی زانستیی نوێ دەدۆزنەوە و پەردەی لەسەر لادەبەن، دەبینین قورئان پێش ئەوان لێی دواوە! واتە ئێمە لە ڕاستیدا لە بەردەم كتێبێكداین كە هەمیشە موعجیزەی نوێ دەخاتە پێش چاوی مرۆڤ كە شیاوی كات و شوێنەكان بێت.. كەواتە قورئان موعجیزەی بۆ هەموو مرۆڤێك تێدایە، هەر كەسەو بەپێی پسپۆڕی و شارەزایی خۆی..
ئەو كەسەی حەز دەكات هەواڵی نەتەوە پێشووەكان بزانێت، با قورئان بخوێنێتەوە.. ئەو كەسەی دەیەوێ لە ڕاستییەكانی ئەمڕۆ شارەزا بێت، با قورئان بخوێنێتەوە.. ئەو كەسەش پێی خۆشە بەرەو جیهانی ئایندە بڕوات، با دڵی لە بەردەم قورئاندا بكاتەوە.
یەكێ لە تایبەتمەندییەكانی ئەم قورئانە لەوەدایە كە موعجیزەیەكی هەمیشە نوێ و بەردەوام و ئیعجاز بەخشە لە هەموو چەرخێكدا و، بە زمانی ئەو چەرخ و سەردەمە.
موعجیزەكانی پێغەمبەرانی پێشوو – دروودیان لەسەر بێت – لە سنووری كات و شوێنێكی دیاری كراودا بوون، كەچی موعجیزەی قورئان، كە هی دواهەمین پێغەمبەری ڕەوانە كراوی خوای گەورەیە، سنووری كات و شوێن و تەنانەت زمانیشی بەزاندووە، نابینی ڕاستییە زانستییەكانی زانستی نوێ هەمان ڕاستین لە هەموو شوێنێكی جیهاندا!
قورئان بانگهێشتی مرۆڤ دەكات بۆ تێڕامان لە گەردوون:
سەرنج لەم دەقە ڕەنگینەی قورئانی پیرۆز بدە سەبارەت بە تێڕامان لە بەدیهاتووانی خوای گەورە: [ويتفكّرون في خلق السموات والأرض] (آل عمران:191). واتە: یەكێك لە نیشانەكانی مرۆڤانی ژیر و هۆشمەند ئەوەیە كە (لە بەدیهێنانی ئاسمانەكان و زەوی ڕادەمێنن). دیارە ئەمەش بانگەوازێكی ڕاشكاوە بۆ ڕامان و سەرنجدان لە بەدیهێنانی ئاسمانەكان و زەوی. بۆیە ئێمەش لەم وتارەدا بەدەم ئەم بانگەوازەوە دەڕۆین، تاكو چەند ساتێكی خۆش لەسایەیدا بەسەر بەرین.
ئەوەتا حەزرەتی ئیبراهیم – دروودی خوای لەسەر بێت – دەڕوانێتە ئاسمانەكان و زەوی تاكو لە باوەڕی بە خوای گەورەدا پتر دڵنیا بێت: [وكذلك نُري إبراهيمَ ملكوتَ السمواتِ والأرض وليكون من الموقنين] (اڵانعام:75). ئەم ئایەتە جەخت لەوە دەكات كە بینینی بەدیهاتووانی ئاسمانەكان و زەوی و تێڕامانیان دڵنیایی بە مرۆڤ دەبەخشێت لە بابەتەكانی ئیماندا. خۆ ئێمەش لەم چەرخەدا گەلـێ پێویستمان بەم دڵنیایی و متمانە و باوەڕە هەیە سەبارەت بە خوای گەورە.
پێغەمبەری سەروەرمان – دروودی خوای لەسەر بێت – هەندێ جار شەوان لە ماڵا دەهاتە دەر و سەرنجی لە بەدیهاتنی ئاسمانەكان دەدا، چونكە هەركات موسڵمان لە بەدیهاتووانی خوای گەورە ڕادەمێنێت، پەی بە گەورەیی بەدیهێنەر دەبات و تێدەگات كە هەموو وشەیەكی ئەم قورئانە پیرۆزە حەقە و لە لایەن خوای گەورەوە هاتووە و، دەزانێ كە توانستی خواوەند لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە.
ئەو بۆچوونەش گەلـێ هەڵەیە كە پێی وایە مرۆڤ مادەم باوەڕدار بێت ئیتر پێویستی بە “ئیعجازی زانستی” نییە، بەڵكو پێچەوانەی ئەمە ڕاستە. چونكە مرۆڤ – بە تایبەت لەم سەردەمەی خۆماندا – بەردەوام پێویستی بەو نیشانە و بەڵگانە هەیە كە پتر لەسەر حەق و ڕاستەشەقام بە دامەزراوی دەیهێڵنەوە. كەواتە نابێ موسڵمان لە زانستی چەرخەكەی و گەشە كردنی داببڕێت، بەڵكو دەبێ هەمیشە پێش خەڵكانی تر بكەوێ.
خۆ ئەو كەسەی كە لەم گەردوونە و ئەو سیستەمە توندوتۆڵە ڕادەمێنت كە خوای گەورە بۆ هەر ئەستێرە و گەلەستێرە و تەنانەت هەر گەردیلەیەكی داناوە، پەی بە مەزنیی بەدیهێنەر دەبات و تێدەگات كە خواوەند لە هەموو شتێك گەورەترە. دیارە هەر ئەمەش ئامانجی تێڕامان و سەرنجدانە لە بەدیهاتووان.
ئەوەتا قورئان خۆی داوای بیركردنەوەمان لـێ دەكات و بۆ توێژینەوەی زانستی و ڕامان لە سەرەتای بەدیهاتن هانمان دەدات، دەفەرموێ:> قُلْ سِيرُوا فِي الأَرْضِ فَانْظُرُوا كَيْفَ بَدَأَ الْخَلْقَ ثُمَّ اللَّهُ يُنْشِئُ النَّشْأَةَ الآخِرَةَ إِنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ] (العنكبوت:20). واتە: (پێیان بڵێ: با گەشت بە زەویدا بكەن و ببینن كە چۆن خوای گەورە سەرەتای بەدیهێنانی دەست پێ كرد، پاشان هەر ئەو بەدیهێنەرەیە كە بۆ جارەكەی تریش بەدییان دەهێنێتەوە و، ئەو خوایە بەسەر هەموو شتێكدا بەتوانایە).
جێی خۆیەتی كە لێرەدا بپرسین:
ئایا قورئان یەكەم بانگهێشت نییە كە لە ناوەندی ئەم ئایەتە پیرۆزەوە داوای ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی كردبێت؟
قورئان لە فراوانبوونی گەردوون دەدوێت:
هەتا سەرەتای سەدەی بیستەمیش زانایان پێیان وابوو گەردوون جێگیرە و ناگۆڕێت، بەم شێوەیەی ئێستای هاتووە و هەر وەهاش دەڕوات، بێ ئەوەی كۆتایی هەبێت! ئەوەتا “خۆر” هەموو ڕۆژێك لە خۆرهەڵاتەوە هەڵدێت و لە خۆرئاواشەوە ئاوا دەبێت.. “هەیڤ“یش مانگانە چەند مەنزڵێكی دیاری كراوی هەیە لێی لا نادات.. “چوار وەرز“ەی ساڵیش بە بەردەوامی بە دوای یەكدا دێن.. “ئەستێرەكان“یش هەر ئەوانەن كە هەن و وەكو خۆیان دەمێننەوە.
جا ئایا لە سایەی ئەم تێڕوانینەدا كێ بە ئەندێشەیدا دەهات كە “گەردوون” بەردەوام گەورە و فراوان دەبێت؟ ئایا ژیرییەك بەو شێوەیە بیر بكاتەوە هەرگیز بۆ ئەوە دەچێ كە سەرانسەری گەردوون لە درێژبوونەوە و فراوانبووندایە؟
بەڵام لە نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەمدا چەند ئامێرێكی یەكجار وردكار داهێنران كە دەتوانن ئەو ڕووناكییە شی بكەنەوە كە لە ئەستێرەكانەوە دێن. ئەو هەواڵە ناكاوەی چاوەڕوان نەدەكرا و جیهانی سەرسام كرد لە دەرەنجامی شیكردنەوەی ئەو ڕووناكییانەدا ئەوە بوو كە: ئەو ڕووناكییانە بەرەو ڕەنگی سوور خوار دەبنەوە.. بەڵام ئایا ئەم دیاردەیە چی دەگەیەنێت؟
ئەگەر لە ڕێی تەلەسكۆبی گەورەوە بڕوانینە هەر ئەستێرەیەك دەبینین ئەو شەبەنگی ڕووناكییەی لەو ئەستێرەیەوە بەرەو خۆمان دێت سێ گریمانی هەیە:
1 – ئەگەر ماوەی نێوان ئێمە و ئەستێرەكە نەگۆڕ بێت، ڕەنگەكانی شەبەنگی ئەو ڕووناكییەی لەوێوە دێت وەكو خۆی دەمێنێتەوە.
2 – گەر ئەستێرەكە لە ئێمە نزیك بێتەوە، شەبەنگی ڕووناكییەكەی لادانێك بەرەو ڕەنگی شین بە ئاراستەی شەپۆلە كورتەكانی ڕووناكی بە خۆیەوە دەبینێت، وەك بڵێی ئەو شەپۆلانە دەپەستێن.
3 – خۆ ئەگەر ئەستێرەكە لە ئێمە دوور بكەوێتەوە، ئەوا شەبەنگی ڕووناكییەكەی بەرەو ڕەنگی سوور و بە ئاراستەی درێژە شەپۆلەكانی ڕووناكی لادانی پێوە دەردەكەوێ، وەك بڵێی ئەو شەپۆلانە بڵاو دەبنەوە و دەكشێن.
ئەو دەرەنجامەی كە زانایانی گەردوونناسی لەم ڕووەوە بەدەستیان هێنا ئەوەبوو كە زۆربەی گەلەستێرە دوورەكان بە چەندین خێرایی یەكجار گەورە و زۆر كە هەندێ جار دەگاتە هەزاران (كم/چركە) لە ئێمە دوور دەكەوێتەوە! بۆیە دەبینین ئەو ڕووناكییەی لەوێوە دەگاتە لامان بەرەو ڕەنگی سوور لادەدات.
پاش پەرەسەندن و بەرەو پێش چوونی ئامێرەكانی پێوانە و شیكاری و لە ڕێی بەرنامە كۆمپیووتەرییەكانیشەوە جەخت لەسەر ئەم ڕاستییە زانستییە كرایەوە. تەنانەت ئەمڕۆ دەبینین هەر توێژینەوەیەكی گەردوونی لە ڕەهەندی ئەم ڕاستییە دڵنیابەخش و یەقینییەوە هەنگاو دەنێت.
ئێستاش دەگەڕێینەوە خزمەتی كتێبەكەی خوای گەورە – قورئانی پیرۆز – تاكو بزانین زانای ئاشكرا و پەنهانەكان لەم بارەیەوە چی ڕادەگەیەنێت؟
ئەوەتا قورئان لەبارەی فراوانبوونی ئاسمانەكانەوە دەفەرموێ: [والسماءَ بنيناها بأيد وإنا لموسعون] (الذاريات:47)!
واتە: (بە دەست و دەستەڵاتی خۆمان ئاسمانمان بنیات ناوە و هەر ئێمەش بەردەوام فراوانی دەكەین).
سەرنج لە وشەی (لموسعون) بدە، واتە: (بەردەوام فراوانی دەكەین) كە زۆر بە وردی و تەواوەتی فراوانبوونی بەردەوامی گەردوون دەردەبڕێت. كەواتە گەردوون لە ڕابوردوودا فراوان بووە و ئێستاش لە دۆخی فراوانبووندایە و لە داهاتووشدا هەر فراوان دەبێت، تا ئەو كاتەی خوای گەورە ویستی لەسەری بێت. هەموو ئەم فراوانبوونانە وشەی (لموسعون) لەخۆی گرتوون.
پێش ئەوەی ئایەتەكە لە فراوانبوونی گەردوون بدوێ، زانیارییەكی نوێ لەسەر خەرمانی زانیارییەكانی دیكەی مرۆڤ مەڵۆ دەكات. كە لەوەدایە بنیاتنان: (بنیناها) بۆ ئاسمانەكان بەكاردەهێنێت! ئەوەش ڕاستییەكی زانستییە لەم دوایییەدا زانست سەلماندوویەتی. چونكە گەردوون بینا و تەلارێكی كامڵی وەهایە كە شوێنی هیچ بۆشایییەكی تێدا نییە، لەبەر ئەوەی وزە و ماددە هەموو شوێنەكان پڕ دەكەنەوە. كەچی زانست زاراوەی (فضاء Space) واتە: (بۆشایی) بەكارهێناوە. لە كاتێكدا بۆشایی هەر لە ئارادا نییە. ئەوەتا هەموو خاڵێكی گەردوون چ بە وزە و چ بەو تەنە یەكجار وردانەی كە لە گەردیلە بچووكترن و ناوی (تیشكی گەردوونی)یان لـێ نراوە، پڕ كراوەتەوە.
ئا لێرەدا جارێكی تر بڵندیی قورئان بەسەر زانستی مرۆڤدا دەردەكەوێتـەوە. زانست لە “بۆشایی” دەدویت و قورئانیش لە “بینا“! دیارە هەر لە ڕووی زانستییەوە وشەی بینا گەلـێ گونجاوترە بۆ وەسفی ئاسمانەكان. قورئان لە ئایەتێكی تردا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئاسمان بینایە، كاتێ لەوە دواوە كە دەگونجێ مرۆڤ لە بینای ئاسمان تێبگات: [أفلم ينظروا إلى السماء فوقهم كيف بنيناها وزيّنّاها] (ق: 6).
واتە: (ئایا ئەوان بۆ ئاسمانیان نەڕوانیوە بەسەریانەوە كە چۆن بنیاتمان ناوە و ڕازاندوومانەتەوە)؟
تەنانەت زانایانی گەردوونناسیی ئەمڕۆ زاراوەی (تانوپۆی گەردوونی) بۆ ماددەی گەردوون بەكاردەهێنن، دوای ئەوەی بۆیان سەلما كە گەردوون پێكهاتەیەكی تانوپۆكراوی هەیە! ئەوەشمان بەلاوە سەیر نەبێت كە ئێستا زانستێكی سەربەخۆ هەیە لەم پێكهاتە تانوپۆكراوەی گەردوون دەدوێ و دەكۆڵێتەوە.
جا ئەم پێكهاتە و بینا تانوپۆیەی گەردوون قورئان بە ڕوونی لێی دواوە. ئاشكرایە هەر تانوپۆیەك دەبێ چنینەكەی تۆكمە و قایم بێت، تاكو بۆ بەكارهێنان دەست بدات. نابینی مرۆڤ هیچ سوودێك لە تاڵە دەزووەكان وەرناگرێت گەر لە شێوەی پارچە پۆشاكێكی تۆكمە و توندوتۆڵدا نەچنرابێت.
ئنجا كە دەگەڕێینەوە بۆ لای قورئانی پیرۆز دەبینین بە یەك دانە وشە: (الحُبُك) واتە: (چنینی توند و قایم) لەم تانوپۆ گەردوونییە دەدوێت و دەفەرموێ: .., [والسماءِ ذاتِ الحُبُكِ] (الذاریات:7)!
واتە: (بەو ئاسمانەی كە ڕێ ڕێ بە توندوتۆڵی چنراوە).
ئێمە گەر لە دەرەوەی گەردوونەوە بۆی بڕوانین تانوپۆیەكی ڕەنگینی توندوتۆڵا و چنراو بەوپەڕی وردی دەبینین كە لە هەزاران ملیۆن گەلەستێرە و تۆزوخۆڵی گەردوونی و شتانی تر پێكهاتووە، كە زانستی ئەمڕۆ لە زانینیاندا دەستەوسانە.. جا هەموو ئەمانە، خوای گەورە بە سێ وشە: [والسماءِ ذاتِ الحُبُكِ] وەسفی كردووە!
قورئان لە سەرەتای گەردوون دەدوێ:::
ئایا گەردوون سەرەتای هەیە؟ گەر هەیەتی شێوەی چۆن بووە؟ كەی دەستی پێ كرد و بەرەو كوێ دەڕوات؟
ئەم چەشنە پرسیارانە هەر لە مێژە مرۆڤ خولیای دۆزینەوەی وەڵامەكانیان بووە. بەڵام تەنها لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا توانرا بە شێوەیەكی زانستی وەڵام بدرێنەوە.
كەواتە زانایانی گەردوونناسی هەواڵی چیمان پێ ڕادەگەیەنن؟ ئەو ڕاستییانە چین كە پێیان گەیشتوون؟
نزیكەی نیو سەدەیەك دەبێت كە زانایان تێبینیی ئەو شەپۆلە كارۆموگناتیسییانەیان كردووە كە بەرەو زەوی دێن و، دەستیان دایە شیتەڵا كردنەوەی ئەو شەپۆلانە. لە ئەنجامدا بۆیان دەركەوت كە هی هەزاران ملیۆن ساڵا لەمەوپێشە!
ئەو كاتە زۆرینەی زانایان قسەیان لەسەر ئەوە یەكانگیر بوو كە ئەو جۆرە تیشكانە هی پاشماوەی تەقینەوەیەكی مەزنە. بۆیە گەڕانەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە سەرەتای گەردوون و فراوانبوونی. بۆیان دەركەوت كە سەرانسەری گەردوون لە یەك دانە خاڵەوە دەستی پێ كردووە. جا لەبەر ئەوەی گەردوونی ئەمڕۆ بەردەوام لە فراوانبووندایە، ئەوا دەبێ هەتا بەرەو دواوە بگەرێتەوە قەبارەكەی بچووكتر بێتەوە، هەتا دەگاتەوە خاڵی سەرەتا. ئیتر ئا لێرەوە بیردۆزی (تەقینەوەی مەزن Big Bang) هاتە گۆڕێ، كە سەرەتای گەردوون و گەشە كردنی بەوە لێك دەداتەوە كە گەردوون لە بارستایییەكی یەكجار قورس پەیدا بووە كە تەقیوەتەوە و ئەم گەلەستێرانەی لـێ پێكهاتووە و، تا ئێستاش هەر بەردەوامە.
ئەم “بیردۆز”ەیە ئەمڕۆ بووە بە “ڕاستییەكی زانستی“ی دڵنیاییبەخش، چونكە هەموو دیاردە و دۆزینەوە تازەكان پشتی دەگرن و جەختی لەسەر دەكەنەوە. خۆ كەسیش لەمڕۆدا ناتوانێ جووڵەی گەلەستێرەكان نەسەلمێنێ كە هەموو چركەیەك بە خێرایی زیاتر لە (دە هەزار كم) لە ئێمە دوور دەكەونەوە!
كە سەر لە قورئانی پیرۆز دەدەینەوە، لێدوانێكی یەكجار ورد سەبارەت بەم بابەتە زانستییە دەبینین، ئەو قورئانەی كە ڕوونكەرەوەی هەموو شتێكە. ئەوەتا دەفەرموێ:
[أَوَلَمْ يَرَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَنَّ السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضَ كَانَتَا رَتْقًا فَفَتَقْنَاهُمَا وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ أَفَلا يُؤْمِنُونَ] (الأنبياء:30)واتە: (ئایا كافرەكان نازانن كە ئاسمانەكان و زەوی یەك پارچە بوون ئێمە لێكمان هەڵوەشاندن. هەموو زیندەوەرێكێش ئێمە لە ئاو ژیانمان داوەتێ. هێشتا هەر باوەڕ ناهێنن)؟
لێرەدا جارێكی تر بڵندیی ڕوونكردنەوەی قورئان بەسەر ڕاستییەكانی زانستدا دەردەكەوێتەوە. ئەوەتا زانستی نوێ سەرەتای گەردوون ناو دەبات بە “بارستایی” كە لە ڕووە زانستییەكەیەوە ناوێكی ڕاست و دروست نییە، چونكە “بارستایی” ئاماژەی تێدا نییە بۆ هیچ كام لە جۆرەكانی بینا و جووڵە.. بەڵام قورئانی پیرۆز زاراوەیەكی یەكجار وردمان دەداتێ كە بریتییە لە: (رَتْق) واتە: (یەك پارچە). ئەم وشەیەش ئاماژەیەكی تێدا دەبینین بۆ پێكهاتە تانوپۆی گەردوون و، بۆ بوونی سیستەمیش هەر لە سەرەتای بەدیهاتنیەوە و، دەری دەخات سەرەتای گەردوون بەو جۆرە نەبووە كە زانایان وەسفی دەكەن گوایا ئەو بارستاییەی كە سەرەتا گەردوونی لـێ دروست كرا سەرانسەر هەڕەمەكی و بەرباد بووە.
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زانایان زاراوەكانیان ڕاست دەكەنەوە و دەستكارییان دەكەن تاكو لەگەڵا دۆزراوەی نوێدا یەكیان بخەن و بیانگونجێنن، بەڵام ئەو خواوەندە مەزنەی كە هەر خۆی گەردوونی بەدیهێناوە و زانای نهێنی و پەنهانەكانە هەر لە سەرەتای دابەزینی قورئانی پیرۆزەوە زاراوە ورد و نەگۆڕەكانی دەست نیشان كردووە.
قورئانی پیرۆز لە ناوەندی وشەی: (ففتقناهما)دا بەردەوامە لە دەرخستنی بڵندیی خۆی بەسەر زانستی مرۆڤدا. چونكە لەم وشەیەدا ڕێسا و سیستەم لە پڕۆسەی لێكهەڵوەشانی سەرەتای گەردوون و پێكهاتنی ئەم گەلەستێرە بینراوانە دەردەكەوێت. زانست ئەم پڕۆسەیە ناو دەبات بە “تەقینەوە”. خۆ ئەم وشەیە جگە لە كاری هەڕەمەكی و بەربادی شتی تر ناگەیەنێت، چونكە هیچ كاتێك ناگونجێ تەقینەوە كارێكی ڕێكوپێك بێت. كەچی ئەو وشانەی كە بەدیهێنەری گەردوون و شارەزای نهێنییەكانی بەكاریان دەهێنێت چەند وشەیەكی واقیعی و ڕاستەقینەن: (رَتق) و (فَتق). واتە تانوپۆی گەردوون یەك پارچە بوو، پاشان خوای گەورە بە توانستی خۆی لێكی هەڵوەشاندەوە.
با پێكەوە سەرنج لە وشەی: (ففتقناهما) بدەین و بزانین كە چۆن گوزارشت لە وزە و توانایەكی مەزنی ئەوتۆ دەكات كە خوای گەورە سەرەتای ئاسمانەكان و زەویی پێ بەدیهێناوە، لە كاتێكدا ئەو وشانەی كە زانایان بەكاریان دەهێنن دەستەوسانن لە وەسفی ڕاستیی ڕووداوەكەدا. چونكە وشەی “تەقینەوە” بە تەواوی مەزنی و حەقیقەتی ڕووداوەكە دەرنابڕێت. بەڵام قورئانی پیرۆز بەو دوو وشەیە و زۆر بە وردی وەسفی ڕاستییە زانستییەكەی كردووە. لەگەڵا ئەو هەزاران توێژینەوە زانستی و كتێبە زۆرانەی لەم بوارەدا دانراون، تا ئێستا زانایان نەیانتوانیوە بە چەند وشەیەكی ئاوا كەم مەبەستەكەی خۆیان سەبارەت بە سەرەتای گەردوون دەرببڕن.
لێرەشدا چ لە ڕووی زانستی و چ لە ڕووی ڕوونكردنەوەشەوە مەزنی و ئیعجازی قورئانی پیرۆز پێش چاو دەكەوێتەوە، چونكە نەك هەر تەنها لە ڕاستییە زانستییەكە دەدوێ، بەڵكو لەگەڵا ئەوەشدا وەسفی ڕاستییەكان هێندە بە وردی دەكات كە مرۆڤ لە هێنانی هاوشێوەی ئەو وەسفەی قورئاندا دەستەوسانە.
هەر ئەم ئایەتە پیرۆزە سەرنجێكی تێدایە دەبێ ڕەچاوی بكەین، ئەویش بریتییە لە سەرەتای ئایەتەكە. ئەوەتا ڕووی گوفتار دەكاتە “كافران”. هەر لە ڕاستیشدا ئەم دۆزینەوە زانستییەی لەمەڕ سەرەتای گەردوون لەسەر دەستی كەسانێك بوو كە باوەڕیان بە قورئان نییە. جا ئەگەر قورئان هی مرۆڤێك بێت، كە پێغەمبەری نەخوێندەوارە – دروودی لەسەر بێت – چۆن زانیی دەركەوتنی ئەم ڕاستییە زانستییە لە لایەن كەسانی بێ بڕوا بە ئایینی ئیسلام دەبێت؟
كەواتە ئەم ئایەتە پیرۆزە موعجیزەیەكی زانستی دەنوێنێت، ئەوەتا سەرەتاكەی بە ئاراستە كردنی گوفتارەكەی بەرەو كافران دەست پێ كرد سەبارەت بە ڕاستییەكی گەردوونی كە خۆیان پەردەی لەسەر لا دەبەن، ئنجا ئەو ڕاستییە گەردوونییەشی بە كەمترین وشەی گونجاو دەربڕی. دوای ئەوەش ئایەتەكەی بە ئامانجی باسكردنی ئەو دوو ڕاستییە كۆتایی پێ هێنا كە: ئیمان هێنانە بە خوای گەورە: (أفلا یۆمنون)؟
ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە بوونی ڕاستییە زانستییەكان لە قورئاندا بۆ خۆیان ئامانجێك نین، بەڵكو هۆكارن بۆ ئامانجێكی مەزن، ئەویش گەڕانەوەی مرۆڤە بۆ لای بەدیهێنەر و باوەڕهێنانە پێی. هەروەك بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئیماندار ئەركی سەرشانیەتی ئەم ڕاستییانە بگەیەنێتە ئەو كەسەی بێبەهرەی ئیمانە. كەواتە ئیعجاز هۆكارێكی بانگەوازە بە دەست ئیماندارەوە. جا ئەگەر خۆمان لەم لایەنە ئیعجازییە گرنگە نەكۆڵینەوە و بە خەڵكانی تری نەگەیەنین، دەبێ كێ ئەم كارە بگرێتە ئەستۆ؟
قورئان لە كۆتایی گەردوون دەدوێت:
فراوانبوونی گەردوون هەتاهەتایە بەردەوام نابێت، بەڵكو ڕۆژێك دێت كە گەردوون لە فراوانبوون ڕابووەستێت و، گەشتی پێچەوانەی بەرەو دواوە دەست پێ بكات و بارستایییەكەی بچووك ببێتەوە تا دەگاتەوە ئەو خاڵەی كە گەشتەكەی لەوێوە دەست پێ كرد. ئەمەش دەرەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانەیە كە ئەمرۆ سەبارەت بە ئایندەی گەردوون ئەنجام دراون و، دەركەوتووە ئێستا گەردوون لەو خولەدایە كە یەكەم جار لە بارستایییەكی تابڵێی قورسەوە دەستی پێ كردووە كاتێ تەقینەوەی مەزن ڕووی داوە و، سەرجەمی ئەوشتانەی پێكهێناوە كە ئەمڕۆ لە گەردووندا دەیانبینین لە هەسارە و ئەستێرە و گەلەستێرە و تیشك و گازەكان و شتانی تری ناو گەردوون. ئنجا هەر ئەم بەشانەی گەردوون جارێكی تر خۆیان بەسەر یەكدا دەپێچنەوە و لە یەكتر نزیك دەبنەوە، هەتا سەر لە نوێ یەك دانە بارستایی پێك دەهێننەوە!
بەڵام ئایا ئەم بیردۆزەیە چۆن بۆ یەكەم جار سەری هەڵدا؟
لە كۆتایی سەدەی بیستەمدا زانایان تێبینیی ماددەیەكی تاریكیان كرد كە بەناو هەموو گەردوون و لە نێوان گەلەستێرەكاندا و بە بڕێكی یەكجار گەورە و زۆر بڵاو دەبێتەوە. زانایان قەبارەی ئەم ماددە تاریكەیان زۆر زیاتر لە قەبارەی گەردوونی بینراو خەمڵاند. كەواتە ئەو ماددەیەی قەبارەكەی نابینرێ زۆر گەورەترە لەو ماددەیەی كە دەیبینین.
ئەم ماددە تاریكە هێزێكی كێشی چەندین ئەوەندەی هێزی كێشی گەردوونی بینراوی هەیە. جا لە سایەی ئەم ماددەیەدا بەشەكانی گەردوون – كە ئێستا لە فراوانبووندان – ناتوانن پەرتەوازە ببن و دوور بكەونەوە، هەروەك فراوانبوونی گەردوونیش هەتا ئەبەد بەردەوام نابێت، بەڵكو لە كاتێكی دیاری كراودا دەوەستێت و گەلەستێرەكان بە خێرایی و بە ئاراستەی پێچەوانەی جووڵەی ئێستایان بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە هەتا دەگەنەوە ئەو خاڵەی لەوێوە دەستیان بە جووڵەی فراوانبوونیان كردووە.
ئێستاش دەڕۆینەوە خزمەتی ئایەتێكی قورئانی پیرۆز كە بە دەقی ڕاشكاوی خۆی و بە وردییەكی گەلـێ زیاتر لە هی زانست لەم ئاكامەی گەردوون دەدوێت. خوای گەورە لەو ئایەتەدا دەفەرموێ:
[يَوْمَ نَطْوِي السَّمَاءَ كَطَيِّ السِّجِلِّ لِلْكُتُبِ كَمَا بَدَأْنَا أَوَّلَ خَلْقٍ نُعِيدُهُ وَعْدًا عَلَيْنَا إِنَّا كُنَّا فَاعِلِينَ] (الأنبياء:104).واتە: (ڕۆژێك دێت كە ئێمە ئاسمان بە وێنەی تۆماری نووسین دەپێچینەوە و، وەك باری پێشووی كە بەدیمان هێنا دروستی دەكەینەوە. بەڵێنێكە لە لایەن ئێمەوە كە هەر دەیشی بەینەسەر). دەسا مەزنی و پاكی هەر بۆ خوای گەورەیە! چەندە بە وردی لە كۆتایی گەردوون دەدوێ!
سەیری وردیی زاراوە زانستییەكە بكە لە لایەن قورئانەوە: چونكە لە ڕاستیدا كرداری پێچانەوەی بەشەكانی گەردوون – كە ئەم ئایەتە باسی كرد – هەمان دەرەنجامە كە دواهەمین توێژینەوە زانستییەكانی ئێستای لەمەڕ گەردوونیش بە دەستەوەی دەدەن!
زانایانی گەردوونناسی قسەیان لەسەر ئەوە كۆكە و بە یەكدەنگ دەڵێن: كە ڕاستەهێڵا لە گەردووندا نییە و، هەموو شتێك لار و چەماوەیە. سەرجەم بەشەكانی گەردوون لە هەسارە و ئەستێرە و گەلەستێرە و نێزەك و كلكدارەكان و تیشكەكان و كونە ڕەشەكان لە چەند سووڕگەیەكی لار و چەماوەدا دەسووڕێنەوە. كەواتە كارێكی تابڵیی مەنتیقییە كە كۆتایی گەردوونیش لار و چەماوە بێت، بە وێنەی پێچانەوەی كاغەزێك.
زانایانی ئەمڕۆ لەو بۆچوونەدان كە گەردوون شێوەی گۆی نەبێت، بەڵكو ڕووتەخت بێت. هۆی ئەم بۆچوونەشیان ئەو دیاردە گەردوونیانەیە كە دەیانبینن و دەبێت بە بەڵگە لەسەری.
بۆ نموونە: ئەم گەلەستێرەیەی كە تیایدا دەژیین و خۆر یەكێكە لە ئەستێرەكانی، شێوەی گۆی نییە، بەڵكو شێوەیەكی پەپكەیی ئەوتۆی هەیە كە تیرەكەی زیاتر لە سەد هەزار ساڵی ڕووناكییە و ئەستوورییەكەشی لە سنووری سی هەزار ساڵی ڕووناكیدایە.
بەم جۆرە، سەرجەم گەلەستێرەكان چەند شكڵا و شێوەیەكی “لوولپێچی” یاخود “هێلكەیی“یان هەیە، بەڵام هەر لە شێوەیەكی نزیك لە شێوەی پەپكەییدا دەمێننەوە.
(سجل) بەو تۆمارە دەوترێت (چەشنی كاغەز) كە نووسینی لەسەر دەكرێت. خۆ كاتێ ئەو تۆمارە دەپێچرێتەوە بێگومان نووسینەكانیشی لەگەڵدا دەپێچرێنەوە كە لە سەری نووسراون. جا لە كۆتایی گەردووندا هەمان شت بەسەر گەلەستێرەكاندا دێت، چونكە بە وێنەی كاغەزی نووسراو بەسەر یەكدا دەپێچرێنەوە.
جێی خۆیەتی مرۆڤ پرسیار لەبارەی وردیی ئەم وەسفەی ئایندەی گەردوون بكات كە لە قورئاندا هاتووە.. ئایا گەر ئەم وەسفە لە لایەن خوای زانای پەنهانەكانەوە نەكرابێت كە هەر خۆی چی بەسەر گەردووندا دەهێنێت بە هەمان شێوە وەسفیشی دەكات، هەرگیز لە توانای هیچ مرۆڤێكدا هەیە وەسفێكی ئاوا ورد و زانستیی پاشەڕۆژی گەردوون بكات؟
كەواتە ئەم ئایەتە: [يَوْمَ نَطْوِي السَّمَاءَ كَطَيِّ السِّجِلِّ لِلْكُتُبِ] ئاماژەیەكی تێدایە بۆ ئەوەی كە دەتوانرێ سەرەتای گەردوون بە كاغەزێك بشوبهێنرێ لە تانوپۆی گەردووندا كە یەكەم جار بەسەر یەكدا پێچرابووەوە، پاشان خوای گەورە كردیەوە و بەشەكانی لە یەكتر دوور خستەوە و تا ئێستاش هەر لە كردنەوە و بڵاوبوونەوەدایە، هەتا ئەو ڕۆژەی دێتە پێش كە سەر لە نوێ دەیپێچێتەوە.
لە كۆتاییدا:
لێرەدا پرسیارێك ئاراستەی ئەو كەسانە دەكەین كە هێشتا قەناعەت بەو هەموو بەڵگانەی دەستەڵاتی خوای گەورە ناكەن و، لێیان دەپرسین: ئەگەر قورئان هی خوا نەبێت و هی محەممەد صلى الله علية وسلم و هاوەڵانی بێت، ئایا ئەم زانستەیان لە كوێ هێناوە؟ خۆ بیرۆكەی تانوپۆی گەردوونی یاخود بە زاراوەی قورئان (ئاسمانی چنراوی توندوتۆڵا) تەنها لە كۆتایی سەدەی بیستەمدا، واتە دوای چواردە سەدە لە هاتنی قورئان، خرایە ناوەندە زانستییەكانەوە.. هەروەها بیرۆكەی بینای گەردوون و فراوانبوونی..
ئایا بوونی ئەم ڕاستییانە لە قورئانی پیرۆزدا بەڵگەیەكی ڕوون و درەخشان نییە لەسەر ئەوەی كە قورئان كتێبێكە هەرچیی تێدایە هەمووی حەق و ڕاست و ڕەوایە؟
ئەم ڕاستییانە بە تەواوی بۆ هەموو مرۆڤێكی خاوەن هەست و نەستی ساغ و ژیریی ڕاست و دروستی دەردەخەن كە قورئان گوفتاری خوای گەورەیە و توانستەكەشی سنووری بۆ نییە و، هەمووانیش – پێكەوە – لە بەردەم مەزنیی ئەو خواوەندەدا سەری بەندایەتی نەوی دەكەین و، دەڵێین:
[رَبَّنا ما خلقتَ هذا باطلاً سبحانك].
* * *
سەرچاوە:
1 – پێگەی: www.55a.net))
2 – بۆ لێكدانەوەی واتای ئایەتەكان سوودم لە وەرگێڕانەكەی خوالێخۆشبوو مامۆستا هەژاری موكریانی بۆ قورئانی پیرۆز وەرگرتووە.
3 – وێنەكانم لە كتێبی (السماء فی القران الكریم)ی دوكتۆر زەغلول نەجار وەرگرتووە.
ئەم بابەتەلە ژمارە 11ی گۆڤاری هەیڤ بڵاوكراوەتەوە