تيشك/ 11
زانستی كۆمپیوتەر و بەرنامە كۆمپیوتەری یەكان ڕۆڵێكی گەورە دەگێڕن لەبواری زانست و تەكنۆلۆجیادا, نەك تەنها ئەوە بەڵكو خزمەت گوزاری گرنگ پێشكەش بە مرۆڤ دەكەن, بەرنامە كۆمپیوتەرییەكان لەفەرمانگەو خوێندنگا و كارگەو هەموو دامەزراوەكانی تردا كار ئاسانی زۆریان بۆ ئەنجام داوین …..كاتێكیش باس لە زانستەكانی فیزیاو گەردوون و ئەندازەو پزیشكی و هەموو ئەوانی تر دەكەین ڕۆڵی گرنگی كۆمپیوتەر لەبەر چاوە لە دۆزینەوەو پشكنینی زۆرێك لە بابەتە ئاڵۆزەكان و شارراوەكانی ئەم زانستانە .
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە باسی بكەین تەكنیكی هاوشێوەبوون (محاكاە) (Simulation)ە كە بەهۆیەوە توانراوە تا ڕاددەیەكی باش نموونەو هاوشێوەی دیاردەكان ببینین و قسەی لەسەر بكەین ………. زۆر بەكورتی هاوشێوەبوون خۆی لەخۆیدا دروستكردن یان پیشاندانی نمونەیەكە لە دیاردەیەك یان بارستەیەك كە دەمانەوێت دراسەی بكەین بەهۆی كۆمپیوتەرەوە ……..لە كارگەكانی دروست كردنی ئۆتۆمۆبیلدا دە توانین نمونەی گونجاوو هاوشێوەی ئەوەی مەبەستمانە بەهۆی ئەم تەكنیكەوە دروستی بكەین و بیخەینە سەر شاشەو خێرایی و ڕێ ڕۆیشتن و سیفەتەكانی لەكاتی ئیشكردندا بەتەواوی ببینین و ئینجا بڕیار بدەین لەسەر پەسەند كردنی كارەكەمان …….ئەمە بۆ هەموو بوارەكانی تریش ڕاستە .
یەك لەو بوارانەی زانست كە تەكنیكی هاوشێوە بوونی تیادا بەكاردەهێنرێ بواری گەردوونزانیە بەتایبەت لێكۆڵینەوە لەسەر شێوەو شێوازی دروستبوونی تەنە گەردوونیەكانی وەك ئەستێرەو گەلە ستێرەكان و بەهۆی ئەمانیشەوە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەگەردوون و دیاردەكانی .
لەناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی پێشوو بەهۆی سوپەر كۆمپیوتەرەكانەوە توانراوە تا ڕاددەیەكی باش زۆر سیفەتی ئەم تەنانە بەهۆی هاوشێوە بوونەوە ڕوونبكرێتەوە .
كاتێك بەم تەكنیكە نموونەی دروستبوونی گەلەئەستێرەیەك جێ بەجێ دەكرێت ئەستێرەكانی ئەو گەلەستێرە وەك خاڵێك مامەڵە دەكرێت كە لەڕاستیدا بارستاییان دە ملیار هێندی بارستایی خۆر زیاترە و ژمارەیان بەو بارستایی یە وە لە هەندێك گەلەستێرەدا سەدان ملیارزیاترە و لەكردارێكی بەو جۆرە دا بۆ زانینی هەندێك لەشاراوەكانی تەنها گەلە ستێرەیەك دەیان و ملێۆن و بگرە زیاتریش خاڵ دەخرێتە بەرنامەكەوە و یاساكانی هێزی كێش كردنی گشتی و هەندێك یاسای تری بەسەردا دەسەپێنرێ و ئەم كارەش ئەمەندە ئاڵۆزە كە تەنانەت سوپەر كۆمپیوتەرەكانیش چەند هەفتەیەكیان پێ دەچێت تا جێ بەجێی دەكەن ….
ئەوەی باسكرا تەناها بۆ گەلەستێرەیەك و زانایان ژمارەی گەلەستێرە كانیش بەسەدان ملیار گەلەستێرە لە قەڵەم دەدەن و تەكنیكی هاوشێوە بوونی ژمارەیەكی زۆریش لە گەلەستێرەكان بە ئەنجام گەیەندراوە و هەندێك لەسیفەتەكانی گەردوونی لە مێژویەكی دوورەوە بۆ ڕوونكردوینەتەوە …
یەك لەو ڕونكردنەوانە ئەوەیە كەمێژوویەك بۆ دروستبوونی گەردوون تۆمار دەكات كە لە هەندێكیاندا دەگاتە چواردە یان پانزە ملیار ساڵ لەمەوبەر و لەو كاتەشەوە گەردوون فراوان دەبێت و شێوازێكی چڕی لە گەلە ستێرەكان دروستكردووە و ڕایەڵی وەك ڕایەڵی جاڵجاڵۆكەی لێ هاتۆتە كایەوە ….
لە تەكنیكی هاوشێوە بوونەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە گەردوون چەند ئاڵۆزەو سیفاتە گەردونیەكان كە بەشێكی زۆر كەمی بەهۆی ئەم تەكنیكەوە دەتوانین دراسە بكەین زۆر لەوە مەزنترە كە پێشتر دەمانزانی . گەردونێكی فراوان و ئاڵۆزی بەم جۆرە كە بە یاسایەكی گشتگیر و ڕێك و پێك هاتۆتە بوون و بەڕێوە دەچێت تەنها لەتوانای پەروەردگاری مەزندایە كارێكی مەزنی بەم جۆرە بە ئەنجام بگەیەنێت[وَالسَّمَاء ذَاتِ الْحُبُكِ] الذاريات /7