You Are Here: Home » بابەتەكانمان » ( بە وێنەوە ) فڕۆكە جەنگییەكان شەتڵی درەخت دەچێنن

( بە وێنەوە ) فڕۆكە جەنگییەكان شەتڵی درەخت دەچێنن

( بە وێنەوە ) فڕۆكە جەنگییەكان شەتڵی درەخت دەچێنن

ئەمە وێنەی فڕۆكەی سەربازی جۆری (سی ـ 130) یە كە پێشتر لە كاتی جەنگدا بۆ گواستنەوەی سەربازو  بڵاوكردنەوەی مین بەكاردەهێنرا، ئێستاش دوای ئەوەی خزمەتی سەربازیی خۆی تەواو كردووە، هەندێك لەو فڕۆكانە بە دەوڵەتانی جیهانی سێیەم دەفرۆشرێن، و هەندێكی تریشیان بۆ هەڵوەشاندن، بەڵام هەندێكیان داهاتوویەكی تر چاوەڕێیان دەكات، لەبری فڕێدانی مین هەڵدەستن بە هەڵدانی شەتڵی درەخت بە مەبەستی درووستكردنی دارستان لە ناوچە بیاباناوییەكاندا !!

 

یەك فڕۆكەی جۆری (سی ـ 130) ئەتوانێت لە یەك رۆژدا (900،000) درەخت بچێنێت!! (37) ساڵ لەمەوبەر فڕۆكەوان (جاك والتر) پێشنیاری كرد كە ئەم فڕۆكانە بۆ چاندنی تۆو بۆ كشتوكاڵ لەسەر رووبەرێكی فراوان و بە خێراییەكی زۆر بەكاربهێنرێت!

پێش (37) ساڵ تەكنەلۆجیای پێویست نەبوو بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم بیرۆكەیە، بەڵام ئێستا گەورە كۆمپانیای پیشەسازی سەربازی (لوكهید مارتن) بە واقیعی هەستاوە بە جێبەجێ‌ كردنی ئەو بۆ چوونە!

 

مووشەكە درەختەكان لە كاپسلی تایبەتی پێك هاتوون و هەر كاپسلێكیش لە شەتڵی درەختێك پێك هاتووە، بەرگی دەرەوەی مووشەكەكە لە ماددیەك پێكهاتووە كە هەڵمی ئاو لە هەوادا دەمژێت بۆ ئاودانی رەگی رووەكەكە! كەپسلی شەتڵەكە بە شێوەیەك درووستكراوە كە لەكاتی بەریەك كەوتنی بە زەویدا بە هەمان قوڵی كە جوتیار دەیكات خاك كون دەكات. شایەنی باسە جووتیارێكی پسپۆڕ دەتوانێت لە رۆژێكدا (1500) درەخت بچێنێت، واتە پێویستیمان بە (20) جوتیاری كارامە دەبێت یەك مانگ ئیش بكەن تا ئەو بڕە شەتڵە بچێنن كە فڕۆكەی (سی ــ 130) لە یەك دەرچووندا دەیچێنێت!!

 

 ئەگەر ئەم رێگەیە چالاك بكرێت ئەوە دەتوانرێت بەم رێیە لە ساڵێكدا ملیارێ‌ درەخت بچێنرێت، ئەمەش كاریگەرییەكی باشی لەسەر دیاردەی بەندبوونی گەرمی دەبێت و رێژەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن كەم دەكاتەوە، و ژینگەی كشتوكاڵیش بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێنێتەوە كە رۆژگارێك بوو ژینگەی تایبەتی كشتوكاڵ بوون و بەهۆی گۆڕانی ژینگەوە بوون بە بیابان. دیارە ئەمە بیرۆكەیەكی چاكەو هیوایەكی تازە بە ئامێرە وێرانكارییە سەربازییەكان دەبەخشێتەوە تا سوود بە مرۆڤایەتی بگەیەنن!

ئەم هەواڵە لە گۆڤاری هەیڤ ژمارە 24 دا بڵاوكراوەتەوە

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top