You Are Here: Home » بابەتەكانمان » ئەو گیاندارانەی لە قورئاندا ناویان هاتووە، جاڵجاڵۆكە

ئەو گیاندارانەی لە قورئاندا ناویان هاتووە، جاڵجاڵۆكە

ئامادەكردنی:علی رحیـم كـــریم
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
[مَثلُ الَّذینَ اتَّخَذوا مِن دُونِ اللَّهِ أَوْلِێا‌ء كَمَثلِ الْعَنكَبُوتِ اتَّخَذتْ بَیْتًا ۆإِنَّ أَوْهَنَ الْبُیُوتِ ڵبَیْتُ الْعَنكَبُوتِ ڵوْ كَانُوا ێعْڵمُونَ]العنكبوت 41.
جاڵجاڵۆكە ئەو ڕاوچییە بلیمەتە چاوگەورە قاچ كورتەیە كە زۆربەی مرۆڤەكان نەخشە و پیلانی ئەو بەكاردێنن لەراوكردندا تەنانەت لەبواری سەربازیشدا. ئەفڵاتون دەڵێت: مێش زۆر ووریایە وجاڵجاڵۆكە زۆر بەقەناعەتە, خوای گەورە ڕۆزی جاڵجاڵۆكەی خستۆتە سەر مێش و بۆسەی مەحكەمی بۆ دادەنێت و راوی دەكات و شلەی لەشی دەمژێت.
لە ئەفسانەی ئەغریقیەكاندا چیرۆكێك دەربارەی بنەچەی جاڵجاڵۆكە هاتووە تێیدا دەڵێت كە كچێكی زۆر جوان ناوی (ئەراكن) بووە لە ئاسیای بچوك (توركیای ئەمڕۆ) سەرەڕای جوانییەكەی زۆر دەست ڕەنگین بووە لە ڕستندا. جارێك لەجاران ئەراكن لەخۆی بایی دەبێت و دەكەوێتە بەرامبەركێ‌ لە گەڵ پەرستراوی ئەو سەردەمەكە بە (ئەپینا) ناو دەبرا لەبواری چنیندا ئەراكن لە ئەپینای دەباتەوە, ئەمەش دەبێتە مایەی ڕق وقینی ئەپینا لە ئەراكن و گۆڕینی بۆ جاڵجاڵۆكە تاوەكو لە ژیانیدا تاكە پیشەی تەنها رستن وچنین بێت !! تا ئێستاش پۆلی گیانلەبەرە جاڵجاڵۆكەیییەكان بەناوی ئەو كچە عازەبەوە ناو دەبرێت لە زمانی لاتینی كۆندا كە پێ‌یان دەوترێت ئەراكینیدا  (Arachinidae).
لەلای عەرەبەكانیش نموونەی زۆر لەسەر جاڵجاڵۆكە هەیە و ووتویانە [أوهی] وەك لە ئایەتە پیرۆزەكەدا هاتووە نموونەیە بۆ لاوازی و خۆنەگری بەرامبەر بەڕووداوەكانی ڕۆژگار و … , لەگەڵ یەكەم لێداندا دەروخێت.
جاڵجاڵۆكە بەوە جیا دەكرێتەوە لە مێرووەكان و گیاندارانی تر كە هەشت قاچی هەیە و سەروسنگی پێكەوە نووساون و سكی گەورەیە, هەندێ‌ كەس لەجاڵجاڵۆكە دەترسن و كەسانێكی زۆریش باوەڕیان وایە كە بە هیچ شێوەیەك نابێت ماڵی جاڵجاڵكە تێك بدرێت و بەهەڵەی دەزانن, یەكسەر لەدیمەنیاندا نیشانەی ترس دەردەكەوێت, نموونەی ئەم جۆرە كەسانەش لەلای خۆمان و لە ووڵاتانی جیهاندا زۆرن, كەسانێكیش لە ڕێز و سۆزەوە دەست كاری ماڵەكەی ناكەن.
موسوڵمانانیش لە خەیاڵی خۆیاندا ئەوەیان داناوە كە جاڵجاڵۆكە بووەتە هۆی رزگار كردنی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵە راستگۆكەی ئەبوبەكر ڕەزای خوای لێ‌ بێت لە ئەشكەوتەكەدا لە كاتی كۆچ كردنیان لە مەككەوە بۆ مەدینە لەترسی دڕندایەتی قورەیشییە بێ‌باوەڕەكان. جاڵجاڵۆكە دەرگای ئەشكەوتەكەی بەتەون هەڵاچنی و كۆتریش هێلانەی ساز كرد, ئەمەش بووە هۆی چەواشە كردنی دوژمنان و دووركەوتنەوەیان لە ئەشكەوتەكە.
ئێمە وەك ئەفسانە زۆر شت دەزانین دەربارەی جاڵجاڵۆكە, بەڵام كەسانێكی كەم و زانیارییەكی كەممان هەیە دەربارەی راستێتی ئەو گیاندارە كە دەتوانن ژەهراوی و بێ‌ ژەهریان لێك جیابكەنەوە و بزانن كە خزمەتی مرۆڤیش دەكەن, وەك خواردنی مێش و قالۆنچە و سیسرك و كوله ……هتد, بەڵكو هەندێكیان دووپشك و گیاندارانی لەخۆیان گەورەتر دەپلیشێننەوە.
جاڵجاڵۆكە جۆری زۆریان هەیە و زۆریش بڵاون لەسەر ڕووی گۆی زەوی, لەكەناری دەریاكان و باخ و بێستانەكان و ناوماڵان و لووتكەی بەرزی چیاكان وەك لوتكەی كێوی ئێڤرست و تەنانەت لەئاویشدا دەژین وەك جاڵجاڵۆكەی ئاویی ناو گۆلاو و جۆگەكان.

ژەهری جالجاڵۆكە لەوانەیە منداڵ بكوژێت
لەگەڵ ئەوەشدا كە هەموو جۆرەكای جاڵجاڵۆكە ژەهریان هەیە, بەڵام هەموویان ئازاری مرۆڤ نادەن بەهۆی رژینی ژەهرەوە كە بە دەرزییەك یان بەگیرەكانی دەمیەوەن و بەهۆیانەوە ژەهر دەكاتە لەشی نێچیرەكەیەوە, لەو جۆرە كەمانەی كە ئازار بەمرۆڤ دەگەیەنن جاڵجاڵۆكەی بێوەژنە رەشەیە (اڵارملة السودا‌ء Black Widow) كە دەشتیی یان ووشكانییە و تایبەتە بە ئەمەریكا و ناوچە گەرمەكانی جیهان, گەستنی ئەم جۆرە جاڵجاڵۆكانە زۆر ئازاری مرۆڤ دەدات و تووشی سەرسوڕانەوە و بوورانەوە و تەنگە نەفەسی وئازاری ماسولكەی دەكات !! گەنجان لەپاش گەستنی ئەم جۆرە جاڵجاڵۆكەیە زووتر دێنە هۆش خۆیان, بەڵام منداڵان و پیرەكان و ئەوانەی كە لەشیان لاوازە لەوانەیە بەرگەی نەگرن و بمرن. خۆش بەختانە ئەم جۆرەیان ((بێوەژنە ڕەشە))ی ووشكانی تەنها لەووڵاتانی ئەمریكا هەیە و لە هەموویان ترسناكترە, جۆرێكی دی لە جاڵجاڵۆكە لە ئەمریكا هەیە كە مرۆڤ تووشی هەستیاری دەكات, بەڵام لەگەڵ نەمانی هەستیارییەكە كاریگەریی نامێنێت.

بەرهەمی زۆر و تەكنیكە كرداری سەرسوڕهێنەر
جێگەی خۆیەتی كەسەرنجتان رابكێشم بۆ ئەو توانا گەورەیەی كە جاڵجاڵۆكە هەیەتی لەدروست كردنی ئاوریشمدا, جاڵجاڵۆكەی جۆری (ئەورەب) توانای بەرهەم هێنانی 3.5كم لەداوی ئاوریشمیی هەیە لەماوەی یەك مانگدا.
ماددە ئاوریشمینەكە لە 2 – 4 سكە رژێنەوە كە دەكەونە كۆتایی سكەوە دەردەدرێت كەسەدان بۆریچەكەی تێدایە. ماددە ئاوریشمینەكە بەشێوەی شلی دێتە دەرەوە, لەگەڵ بەركەوتنی هەوا دەكۆڕێت بۆ داوی ڕەق بەپێ‌ی پێویستی گیاندارەكە, هەندێك جار ووشك (جیڕ نییە) و هەندێك جار جیڕ و زۆر لینجە, تیرەكەی لەنێوان (0.005 ملم و 0.03 ملم)دایە و بەشێوەی كۆمەڵە شریتێك رێك دەخرێت وەك قوماشی ئاسایی لێ‌دێت.
لەكاتی دروست كردنی هێلانەكەیدا چڕنووكەكان و گرێكانی قاچەكانی دواوەی بەووردی بەكاردێنێت بۆ بەستنەوە و توندوتۆڵ كردنی. لە كاتی دەردانی ماددە لینجەكەشدا لە لەشی دووری دەخاتەوە بۆ ئەوەی بەلەشییەوە نەنووسێت, هەروەها لەكاتی ڕیزكردنی (ڕایەڵ) كردنی دەزووەكانیشدا كەڵك لەئاراستەی با وەردەگرێت, واتە داوەكە بەئاراستەی بایەكە ڕایەڵ دەكات تاوەكو بنووسێت بە دەزووەكانی ترەوە لە هێلانەكەیدا.

جۆرەها ئاوریشم وفرمانی جۆراو جۆر
زۆر جار جاڵجاڵۆكە دەبینین وا دەزانین ئەفڕێت, لەراستیدا ئەوە جۆرێكە لە خۆهەڵواسین بەهۆی داوی ئاوریشمینەوە كە بەهۆیەوە بەرز دەبێتەوە و نزمیش دەبێتەوە, هەروەها جێ‌گۆركێشی پێ‌ دەكات وەك پردی هەڵواسراو لە نێوان تەڵەكە و جێگەی خۆ حەشاردانی, هەركاتێك نێچیرێك بوو بەتەڵەكەوە لەڕانیەوە ئەوا جاڵجاڵۆكەكە لە جێگەی خۆحەشاردانەوەیدا هەستی پێ‌ دەكات بەهۆی ئەو تاڵە داوەوە كە تەڵەكە و جێگەكەی بەیەك دەگەیەنێت, ئەویش خێرا و زۆر بەچالاكی خۆی دەگەیەنێتە نێچیرەكە و پەلاماری دەدات و شلەكانی لەشی دەمژێت بێ‌ئەوەی بیكوژێت, كاتێكیش نێچیرەكە بیەوێت بەجم وجۆڵی كوێرانە و بێ‌ بەرنامەی خۆی لە تۆڕی جاڵجاڵۆكە رزگار كات زیاتر خۆی دەبەستێتەوە و بەمەش خزمەتێكی زیاتر پێشكەش بە جاڵجاڵۆكەكە دەكات.
جاڵجاڵۆكە جۆرەها داو دروست دەكات لەوانە: داوی خەپلەیی, داوی گورزە, داوی بەستنەوە, داوی شێوە شانەیی, داوی شێوە تورەكەیی هەمەرەنگ كە دروستی دەكات بۆ داڵدەدان وپاراستن وتروكاندنی گەراكانی, ئەم داوانە هەموویان لەلایەن مێ‌یەی جاڵجاڵۆكەوە دروست دەكرێن (لێرەدا سەرنجتان رادەكێشم بۆ ئیعجازی زانستی ئایەتەكەی سەرەوە كە دەفەرموێت: [كَمَثلِ الْعَنكَبُوتِ اتَّخَذتْ بَیْتًا] ئەوەی لە ئایەتەكەوە تێدەگەین ئەوەیە كە مێ‌یەی جاڵجاڵۆكە خانووی جاڵجاڵۆكە دروست دەكات كە ئەمە خۆی لەخۆیدا موعجیزەیەكی گەورەیە كە وەك باسمان كرد زانستی نوێ‌ كە هەمووی 100ساڵێك دەبێت بۆی سەلماندووین كە خانوو وە هەموو جۆرەكانی داوەكانی جاڵجاڵۆكە لەلایەن مێ‌یەوە دروست دەكرێن, كێ‌ محمد (صلى الله عليه وسلم)ی فێری ئەم زانیارییانە كرد, مەگەر قورئان تەنها لەلایەن خوداوە هاتبێت و پێغەمبەریش لەخۆیەوە ئەم ووتانەی نەفەرمووە [ۆمَا ێنطقُ عَنِ الْهَۆی, إِنْ هُۆ إِلَّا ۆحْیٌ یُوحَی, عَلَّمَهُ شَدِیدُ الْقُۆی]النجم 3-5).

ئەو ئاوریشمەی كەلە پیشەسازیدا بەكاردێت
توێژینەوەكان دەریان خستووە كە ئاوریشمی جاڵجاڵۆكە لە ماددەیەكی پرۆتینی پێك دێت كە بە (فیبرۆین) ناو دەبرێت, بەڵام ئاوریشمی مۆرانەی  ئاوریشم پێك دێت لەپروتینی ((سیریسین)) لەپێك هاتندا هەردووكیان وەك یەك وان جگە لەوەی كە پرۆتینی فیبرۆیەن بەرگی دەرەوەی كەمترە لە پرۆتینی ((سیریسین)). ئاوریشمی جاڵجاڵۆكە تارادەیەك بەهێزە و توانای كشانی هەیە, بۆیە زاناكان ویستیان وەك ئاوریشمی بازرگانی بەكاری بهێنن, بەڵام بۆیان نەچووە سەر چونكە خەرجێكی زۆری تێدەچوو, واتە زەرەریان لێ‌ دەكرد, لەگەڵ ئەوەشدا داوەكانی جاڵجاڵۆكە وەك نیشانەی یەكتر بڕ بەكار دەهێنرێن لە تەلەسكۆب ودووربینی تفەنگ و تۆپدا هەروەها لە زۆربەی ئامێرەكانی بینین دا بەكار دەهێنرێت.

ئەندازیارێكی بلیمەت و شارەزا
گەر سەرنجی جاڵجاڵۆكەی باخچەكان بدەین لەكاتی دروست كرنی هێلانە و تەڵەكەیدا, خۆی لەنێوان بیناكەیدا جێگیر دەبێت و جۆرەداوێكی ئەستوور رایەڵ دەكات لە نێوان لقی دارەكاندا, ناودەبرێت بەدەزووی بنچنە ((خیوط اڵاساس)) دوای ئەوە چەندین داوی تر كەلە شێوەی (ژێ‌)دان داوە بنچینەكان بە یەك دەگەیەنێت, دواتریش ئەم ژێ‌یانە بەهۆی جۆرە داوێكی لوولپێچییەوە بەیەكەوە دەبەستێتەوە, نێچیرەكان بەم داوە لوولپێچییەوە دەنووسێن.
تەڵە یان هێلانەی جاڵجاڵۆكە شێوەیەكی بازنەیی یان سێگۆشە وەردەگرێت كە لەگەڵ گۆشەی لق و پۆپی دار و ژوورەكاندا گونجاو بێت. یان شێوەی رەحەتی لەسەر چاڵێكی لادیوارێك یان زەوی و یان لقی دارەكان, (گورگە جاڵجاڵۆكە) چاڵی لوولەیی بەشێوەی قلیش لەناو خۆڵ دروست دەكات.
جاڵجاڵۆكەی ڕاوكەری هەنگیش هێلانەی تایبەت بەڕاوە هەنگ دروست دەكات, بناغەی هێلانەكەی لەسەرەوەیە و كۆمەڵە داوێكی پێدا شۆڕ دەكاتە خوارەوە, بنكەی خوارەوەش بەڕووبەری یەك ئینج دوو جایە و ماددەیەكی لینجی پێوەیە كە جێگەیحەز و  ئارەزووی هەنگە, بۆیە بەخێرایی پەلاماری دەدات و پێوەی دەلكێت, تا زیاتر بجوڵێت ئەوا زیاتر پێوەی دەنوسێت, قوتار بوونی نییە. پاشان جاڵجاڵۆكەكە پەلاماری دەدات و چەند جارێك دەیگەستێت و شلاوەكانی دەمژێت.
جۆرێك لە جاڵجاڵۆكە هێلانەكەی بەشێوەی گومەزیی دروست دەكات وپێكهاتوویەكی تۆڕیی لەسەرەوەیە, لەكاتی تێپەڕبوونی مێروو بەژێر تۆڕەكەدا دەكەوێتە ناو گومەزەكەوە, جاڵجاڵۆكەكەش لە خواری گومەزەكەوە خۆی حەشارداوە یەكسەر دەیگرێت و راپێچی دەكات بۆناو گومەزەكە.
لەوانەیە بپرسی, ئەی جاڵجاڵۆكەی ئاویی چۆن هێلانەكەی دروست دەكات؟ لەوەڵامدا دەڵێین: جاڵجاڵۆكەی ئاویی چڵەدارێك یان بەردێك دیاری دەكات و چەند داوێكی پێوە دەبەستێت وسەرئاو دەكەوێت, بڵقێكی هەوا هەڵدەگرێت و لەهێلانەكەیدا دایدەنی, ئەم كردارە چەند جارە دەكاتەوە تاوەكو ژێر دەریایییەكی پڕ لەهەوا دروست دەكات, بەم شێوەیە بەئاسودەیی لە هێلانەكەیدا دەحەسێتەوە !!
جۆرێكی جاڵجاڵۆكە هەیە كە بە ((جاڵجاڵۆكەی سەوزی بریقەدار)) ناسراوە, هێلانەیەكی پوخت لە چاڵی گەڵای ڕووەك دروست دەكات, بەمەش ڕەگی خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ ڕەگی دەوروبەردا كە یارمەتی دەدت بۆچاودێری كردن و خۆشاردنەوەو ڕاوكردن.
جۆرێكی كە لە جاڵجاڵۆكە هێلانەكەیلە نێوان لق وپۆپی دارەكان یان لەنێوان ئەو گەڵایانەی كە تێك ئاڵاون دروست دەكات [فسبحان: الذی خلق فسوی و الذی قدر فهدی].

زەماوەندی جاڵجاڵۆكە
خۆشترین زەماوەند زەماوەندی دوو جۆری جاڵجاڵۆكەیە كە ئەوانیش جاڵجاڵۆكەی ئاوی و گورگە جاڵجاڵۆكەیە, لەم دوو جۆرەدا نێرەكانیان لە مێ‌یەكان جوانترن, بەوە جیا دەكرێنەوە كە كوڵكی تێك ئاڵاوی بریسكەدار یان رەشیان پێوەیە.
سەرەتا بەوە دەست پێ‌ دەكات كە مێ‌یەكە لە هێلانەكەی خۆی دەمێنێتەوە و چاوی دەبڕێتە نێرەكە, نێرەكەش بەدەم سەماكردنەوە بەرەولای مێ‌یەكە دەڕوات, بەمەش خۆشی دەخاتە دڵی مێ‌یەكەوە بەم شێوەیە نێرەكە مێ‌یەكە وا  لێ‌دەكات كە هۆشی بەخۆی نەمێنێت ((مەستی عەشقە)) … لە ئەنجامدا جووت دەگرن بەڵام یەكسەر دوای جووت بوون نێرینەكە دەبێت رابكات چونكە ئەگەر بمێنێتەوە مێ‌یەكە لەت و پەتی دەكات و دەیخوات ‍‍‍‍‍…!!! پاش ماوەیەكی كەم گەرا دانان دەست پێ‌ دەكات مێ‌یەكە لە 2–1000 گەرا لە هەر جارێكدا دادەنێت, گەراكان لەژێر چاودێریی دایكانەكەدا دەبن, هەروەك چۆن بێچووەكانیش چاودێری دەكات ودەیانپارێزێت. پاش تروكانی گەراكان كۆمەڵە بێچوویەكی دڕندەیان لێ‌ پەیدا دەبێت ویەكەم ژەم خۆراكیان لە خوشك و براكانی خۆیان دەبێت و شەڕ لە نێوان بێچووەكاندا هەڵدەگیرسێت تا لە كۆتاییدا تەنها بەهێزەكان دەمێننەوە, تاوەكو پێ‌ دەگەن و پشت بەخۆیان دەبەستن لەژێرچاودێری دایكانەدا دەبن بەڵام لە كۆتاییدا كە تەواو بەهێز دەبن پەلاماری دایكیان دەدەن ئەویش لەت و پەت دەكەن و دەیخۆن!! بەڕاستی ئەم راستییە زانستییانە سەلمێنەری فەرموودەكەی پەروەردگارە كە دەفەرموێت [ ۆإِنَّ أَوْهَنَ الْبُیُوتِ ڵبَیْتُ الْعَنكَبُوتِ ڵوْ كَانُوا ێعْڵمُونَ] دیارە ماڵی جاڵجاڵۆكە لاوازترین ماڵە چ لەڕووی دروست بوونییەوە و چ لەڕووی پەیوەندی نێوان ئەندامەكانییەوە كە هەمیشە پڕە لە شەڕ و كوشتار, كێ‌ دەیتوانی پێش 1400ساڵا لەمەوبەر ئەم قسانە بكات و ئەم راستییانە رابگەیەنێت مەگەر خوای پەروەردگاری ئاگادار بە هەموو نهێنییەكانی بوونەوەر و دروست كراوەكان.

تایبەتمەندییەكانی تەونی جاڵجاڵۆكە
1) ئەگەر تەونی جاڵجاڵۆكە بخرێتە سەر برینی تازەی سەرپێست نایەلێت بئاوسێت, واتە وەك (Antibioticزیندە دژ) بەكاردێت.
2)خوێن بەربوون دەوەستێنێتەوە ئەگەر بخرێتە سەری.
3)بۆ پاك كردنەوەی زیو بەكاردێت, ئەگەر پیسی بەزیوی ڕەشەوە بوو سپی دەكاتەوە.
سەرچاوەكان
-چەند ژمارەیەكی گۆڤاری (العلوم).
-كتێبەكانی زیندەوەرزانی قۆناغی ئامادەیی.
-چەند پێگەیەكی ئینتەرنێت.■

ئەم بابەتە لە ژ (4) ی گۆڤاری هەیڤ دا بڵاوكراوەتەوە

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top