ئایا خۆر دەسوڕێتەوە، یان دەڕوات؟
ئایا خۆر دەسوڕێتەوە، یان دەڕوات؟
بۆ وردبوونەوەو ڕامان لەم خەڵاتە ئیعجازییە لە فەرموودەی ڕاستو دروستی پەروەدگاری بەرزو بڵندو بە توانا… كە بریتییە لە وەڵامدانەوەی هەموو ئەو كەسانەی دوودڵو بە گومانن بەرامبەر ئەم قورئانە پیرۆزە… بۆئەوەی زمانی ڕاستیو وێنەی زانستی بەكاربهێنین بۆ سەلماندنی ڕاستیو دروستی ئەم قورئانە پیرۆزە..
خۆشەویستانم، لەم وتارەدا درێژە بە قسەكانم نادەم، تەنها حەز دەكەم ئەم خەڵاتە ئیعجازییە شاكارو نایابە بۆ ئێوەی بەڕێز بڵاوبكەمەوە، ئەو بڕوادارەی قورئانی خۆش دەوێت، هەمیشە حەز دەكات لەگەڵ كەسانی تر سەبارەت بەو شتانە بدوێ كە خۆی حەزی پێ دەكات… وەكو دیاردە سەرسوڕهێنەرو نهێنییەكانو هەموو ئەو شتانەی سەرسام بووە تێیاندا… ئەگەر بینی كەسێك بە خراپە باسی ئەو شتانە دەكات كە ئەو خۆشی دەوێت، ئەوا بەرگری لێ دەكات، ئەمەش ئەوەیە كە من هەمیشە لە وتارەكانمدا بانگەشەی بۆ دەكەم..
دوودڵو بە گومانەكان واز لە یەك وشەی ئەم قورئانە پیرۆزە ناهێنن، بە بێ بەڵگەیەكی ڕاستو دروست لە هەموو وشەیەكی ڕەخنە دەگرن، تەنانەت لە ڕاستییە زانستییەكانیش ناگەڕێن، بەڵكو بەردەوام هەوڵ دەدەن كە بیرۆكە هەڵەكانیان بچەسپێنن، بەڵام ئەو كەسەی ئەم جۆرە كردارانە دەكات خهیاڵی خاوه، یەكێك لەو شتانەی لە زاریان دەردەچێت بەرامبەر ئێمە ئەوەیە كە دەڵێن: قورئان لە بەكارهێنی وشەی (یجری) بۆ خۆرو مانگ كەوتۆتە هەڵەیەكی زانستییەوە، هەروەكو دەڵێن بە شێوەیەكی زانستی ورد، دەبوا وشەی (یدور) بەكاربهاتایە، لەبەرئەوەی مانگ بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوەو خۆریش بە دەوری چەقی كەشكەشانەكەدا دەسوڕێتەوە.
سەرەتا بۆئەوەی وردبینەوەو بزانین قورئان چۆن جوڵەی خۆر لێكدەداتەوە، خوای گەورە دەفەرمووێت:
(وَالشَّمْسُ تَجْرِي لِمُسْتَقَرٍّ لَهَا ذَلِكَ تَقْدِيرُ الْعَزِيزِ الْعَلِيمِ) [يس: 38].
واتە: خۆریش لە گەردشو سوڕانەوەی خۆیدا بەردەوامەو بەرەو سرەوت دەچێت، یاخود بە دەوری چەقی خۆیدا دەسوڕێتەوە، بێگومان ئەوە توانای زاتێكی باڵادەستو زانا دەردەخات. (كە هەموو شتێكی بە ڕێكوپێكی دروستكردووە).
ئێستاش با بڕۆین بۆ لای زانایانی ڕۆژئاوا خۆیان، ئەوانەی بڕوایان بەم قورئانە نییە، تا بزانین ئەوان لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟
دیاردەی جوڵانەوەی خۆر، سەرنجی یەكێك لە زاناكانی ڕاكێشا، ههر بۆیه بیری كردهوە تا لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆر بكۆڵێتەوە، ئەگەر لە دەرەوەی ئەم كەشكەشانە بۆی بڕوانین، خۆر ئەستێرەیەكە لە كەشكەشانەكەمان، كە زیاتر لە (000 000 000 100) سەد ملیار ئەستێرە پێكهاتووە.
[خۆر ئەستێرەیەكە لە ئەستێرەكانی ئەم كەشكەشانەكە]
(ئەمە وێنەی كەشكەشانە كە لە كەشكەشانەكەی ئێمە دەچێت، ئەم كەشكەشانە لە سەد هەزار ملیۆن ئەستێرە زیاتر پێكهاتووە، هەر یەك لەو ئەستێرانەش دەگونجێت قەبارەیان لە خۆر بچووكتر بێت، یان گەورەتر بێت، یان بە ئەندازەی خۆر بن، من دەمەوێت هەواڵتان بدەمێ: بوونەوەر زیاتر لە سەد هەزار ملیۆن كەشكەشانی لەم شێوەیە پێكهاتووە!!! ئایا ئێستا لەگەڵا مندا دەزانن ئەم بوونەوەرە چەندە فراوانو گەورەیە؟!! هەروەها دەزانن كە دروستكردنی ئاسمانەكانو زەوی چەندە گەورەیە؟! كاتێك ئەم ئایەتە پیرۆزە دەخوێنینەوە:
(لَخَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ أَكْبَرُ مِنْ خَلْقِ النَّاسِ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ) [غافر: 57]
واتە: بە ڕاستی دروستكردنی ئاسمانەكانو زەوی لە دروستكردنی خەڵكی زۆر گەورەترەو گرنگترە، بەڵام زۆربەی خەڵكی ئەم ڕاستییە تێناگەنو پەی پێنابەنو نایزانن./ سەرچاوە/ NASA).
لە ڕاستیدا جوڵانەوەی خۆر بە درێژایی هەزاران ساڵ نهێنییەكی سەرسوڕهێنەر بووە، هەر چەندە لە ڕابردوودا خەڵكی پێیان وابوو زەوی جێگیرەو هەرگیز ناسوڕێتەوە، خۆریش بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، بەڵام سەرەنجام ڕوون بوویەوە ئەوە بیرۆكەیەكی هەڵەیە، هۆكاری ئەمەش زۆر ئاسان توانرا ئاشكرا بكرێت كە بریتی بوو لەوەی بارستایی خۆر زیاتر لە یەك ملیۆن ئەوەندەی بارستایی زەوی گەورەترە، سەرەنجام دەركەوت ناگونجێت زەوی خۆر بۆ لای خۆی كێش بكات، بەڵكو پێچەوانەكەی ڕاستە.
خۆر بە هۆی ئەوەی بارستاییەكی گەورەی هەیە، هەموو هەسارەكان بۆ لای خۆی كێش دەكات، هەروەكو چۆن زەویش مانگ بۆ لای خۆی كێش دەكات، ئەو مانگەی لە زەوی بچووكترە، لەبەرئەوە زانایان دڵنیابوون، كە خۆر جێگیرەو زەویش بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، بەڵام ئایا ئەم بۆچوونەش ڕاستییەكی تەواو بەڵگەنەویستە؟؟
دوای ئەوە زاناكان دەریانخست خۆر كێشكردنەكەی بە ئاڕاستەی چەقی كەشكەشانەكەمانەوەیە (ڕێگەی شیری) (درب التبانه)، بەڵكو بە شێوەیەكی وردو سەرنجڕاكێشو ژمێرراوی بێ زیادو كەم بە خێرایی (200 بۆ 250) كیلۆمەتر لە چركەیەكدا بە دەوریدا چەقی كەشكەشانەكەدا دەسوڕێتەوە، زاناكان وتیان خۆر بە دەوری چەقی كەشكەشانەكەدا دەسوڕێتەوە، لە كۆتایشدا بینیان خۆر جوڵەیەكی تری هەیە كە بریتییە لە بەرزبوونەوەو دابەزین، ئەم فەرمانەش زۆر ئاڵۆز بوو…
زاناكان هەستان بە لێكۆڵینەوەی جوڵەی خۆر (كۆمەڵەی خۆر) بۆ زانینی ئەو ڕێڕەوە وردەی خۆر وێنەی دەكێشێ لە كاتی سوڕانەوەی بە دەوری چەقی كەشكەشانەكەدا، سهرهنجام گەیشتنە ئەو ڕاستییەی كە خۆر ناسوڕێتەوە بە سوڕانەوە، بەڵکو بە ڕۆیشتنێكی ڕاستەقینە دەڕوات و ڕۆیشتنهکهشی وەكو ڕۆیشتنی ئەسپ وایە لە گۆڕهپاندا!
[ئەمە وێنەی خۆرە كە بەتیشكی سینی گیراوە، ئەو وێنەو شوێنەوارەی تیشكی خۆر درێژ دەبێتەوە بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن كیلۆمەتر، كە لە شێوەی كورەیەكی ئەتۆمی بڵێسەداردا دەردەكەوێت، كێشی خۆر زیاترە لە 99% كێشی هەموو كۆمەڵەی خۆر، لەبەرئەوەیە هەسارەكان كێش دەكات بۆ لای خۆیو وایان لێ دەكات بە دەوریدا بسوڕێنەوە، خۆریش دەجووڵێتو مەلە دەكات لەگەڵ هەسارەكانیداو لەوانەش زەویو مانگ، پلەی گەرمییەكەی لە سەر ڕووەكەی دەگاتە (6000) شەش هەزار پلەی سەدی، خۆر لە تەنها یەك چركەدا وزەیهک پەخش دەكات بۆ ماوەی سەد هەزار ساڵ بەشی تەواوی جیهان دەكات. سەرچاوە/ ناسا ].
زانایان بینیان كە خۆر لە نێو كەشكەشانەكەدا دوو جۆر جووڵەی هەیە:
جوڵەی یەكەم: سوڕانەوەیە بە دەوری چەقی كەشكەشانەكەدا.
جووڵەی دووەم: جووڵەیەكی لەرینەوەیی بۆ سەرەوەو خوارەوە. لەبەرئەوەیە خۆر وا دەردەكەوێت كە سەردەكەوێتو دادەبەزێتو بەرەوپێشەوە دەڕوات، خۆر سوڕانەوەیەكی تەواو بە دەوری چەقی كەشكەشانەكەدا بە ماوەی (250) ملیۆن ساڵا ئەنجام دەدات.
هەروەها سەركەوتنو دابەزینی خۆر ماوەی (60) ملیۆن ساڵی پێ دەچێت، سەركەوتنو دابەزینو بەرەوپێش ڕۆیشتنی وەكو شێوەی ڕۆیشتنی مرۆڤێكە كە دەڕوات!
خۆشەویستانم: كاتێك هەستام بە لێكۆڵینەوەی جووڵەی ڕۆیشتنی ئەسپ لە پێشبڕكێدا، بە ئامانجی بینینی ڕێڕەوی ڕاستەقینەی ڕۆیشتنی ئەم ئەسپانە، بینیم ئەو هێڵانهی ئەسپ وێنەی دەكێشێت لە ڕۆیشتندا هاوڕێكە لەگەڵ ئەو هێڵانهی خۆر لە ڕۆیشتندا وێنەی دەكێشێت! ئایا ئەمە ڕێكەوتە؟!
[لەلای ڕاستی ئەم وێنەیەدا ئەو ڕێڕەوە دەبینین كە خۆر وێنەی دەكێشێت لە میانەی ئەو جوڵەیەی لە ناو كاكێشانەكەدایە، كە بریتییە لە سوڕانەوەیەكی تەواو لە هەموو (250) ملیۆن ساڵێكد، لەرینەوەیەكی تەواویش بۆ سەرەوەو خوارەوە هەموو (60) ملیۆن ساڵێك، هەروەها بە لای چەپدا ئەو ڕێڕەوە دەبینین كە ئەسپەكان وێنەی دەكێشن لە كاتی ڕۆیشتنیاندا، تێبینی دەكەین تا ڕادهیهکی زۆر لە ڕێڕەوی خۆر دەچێت، لەبەرئەوە وشەی (تجری) زۆر وردو بەجێیە، لە ڕوانگەی زانستییەوە، سەرچاوە/ ناسا].
ڕۆیشتن بە ئاڕاستەی بنکه (مهکۆ):
زاناكان دوای لێكۆڵینەوەیەكی قوڵ بینیان خۆر بە ئاڕاستەیەكی سنوردار دەڕوات، كە ناویاننا مهکۆی خۆر، یان (solar apex )، كەشناسەكان بەم شێوەیە پێناسەی دەكەن:
A point toward which the solar system is moving; it is about 10° southwest of the star Vega.
واتە ئەو خاڵەی خۆر لە سەری دەجووڵێت: لەگەڵ هەسارەكاندا بە ئاڕاستەی خۆی، به گۆشهی 10 نمرە بە لای باشوری ڕۆژئاوای ئەستێرەی هەڵۆ بە خێراییەك ئەندازەكەی دەگاتە 19,4 كیلۆمەتر لە چركەیەكدا، ئەوەی جێگەی سەرنجو تێڕامانە ئەوەیە كە قورئان ئاماژە دەكات بۆ بوونی مهکۆی خۆر لەم ئایەتە پیرۆزەدا: (وَالشَّمْسُ تَجْرِي لِمُسْتَقَرٍّ لَهَا ذَلِكَ تَقْدِيرُ الْعَزِيزِ الْعَلِيمِ) [يس: 38].
واتە: خۆریش لە گەردشو سوڕانەوەی خۆیدا بەردەوامەو بەرەو سرەوت دەچێت، یاخود بە دەوری چەقی خۆیدا دەسوڕێتەوە، بێگومان ئەوە توانای زاتێكی باڵادەستو زانا دەردەخات. (كە هەموو شتێكی بە ڕێكوپێكی دروستكردووە).
ڕۆیشتنی ئەستێرەكان:
لەو وتارە سەرسوڕهێنەرانەی خوێندومەتەوە وتارێك بوو بە ناونیشانی (Star Streaming) واتە: ڕۆیشتنی ئەستێرەكان، زاناكان دوای لێكۆڵینەوەیەكی دوورودرێژ كە ئەستێرەكان لە نێویاندا خۆریش، هەموویان هەڵقوڵانو ڕۆیشتنیان وەكو ئاوی ڕووبارو جۆگەكانە، بینیم وشەی (یجری)یان بەكارهێناوە، یان: (Stream) بۆ دەربڕینی جووڵەی خۆرو ئەستێرەكان، ئەمەش هەمان ئەو وشەیە كە قورئان بە كاریهێناوە!
هەروەها بینیم وشەی (Rest) واتە: بنکه (مهکۆ)یان بەكارهێناوە، ئەمەش هەر هەمان ئەو وشەیە كە قورئان پێش چواردە سەدە لە مەوبەر بەكاریهێناوە!!
[لەم وێنەیەدا دەبینین زانایانی ڕۆژئاوا چۆن له جوڵهی جووڵەی خۆرو ئەستێرەكان دهدوێن، ئەو وێنەیەش که لە ڕێڕهوێکدا دەیكێشن.. لە ڕێڕهوی ڕووبار دەچێت، بینیان جووڵەی خۆر لەو ڕێڕهوهیدا لە جوڵەی شەپۆلەكانی بەرزبوونەوەو دابەزین دەچێت، لەبەرئەوە بۆ ئەم جووڵەیە ئەم دەستەواژەیە دادەنێن (Stream) واتە دەڕوات، لەگەڵ من بیربكەرەوە زانایان چۆن ئاماژە دەكەن بە جوڵانەوەی ئەستێرەكانو هەڵقوڵانیان، وەكو ئەو ئاوەی لە نێو ڕووبارەكاندا دەڕوات، هەروەها چۆن قورئانی پیرۆز بە چواردە سەدە پێش ئەوان زۆر وردتر زانستیانەتر ئەو دەستەواژەی بە كارهێناوە! خوای گەورە دەفەرمووێت: (وكل في فلك يسبحون) [يس: 40]؟؟
واتە: هەر یەكە لە خۆرو مانگ لە خولگەی تایبەتی خۆیاندا مەلە دەكەنو بە ئاسانی دەسوڕێنەوە.
پاكو بێگەردی بۆ خودا!
سەرچاوە/ Star Streaming, www.astrology.com ].
كەشكەشانەكانیش دەڕۆن…
لەبەرئەوە زانایانی ڕۆژئاوای ئەمڕۆ لە تازەترین توێژینەوەی زانستیدا جوڵانەوەی كەشكەشانەكان دەچوێنن بە جوڵانەوەی ئاو لە ناو ڕووباردا، واتە جوڵانو ڕۆیشتنی كەشكەشانەكەكان وەكو جوڵانو ڕۆیشتنی ئاوی ڕووبار وایە، بەڵام كاتێك وێنەی نەخشەی بوونەوەریان كێشا، بینیان بوونەوەر لە (تۆڕه ڕێگەیهک) پێكهاتووە لەو ڕێگەیەوە كەشكەشانەكان هەڵدەقوڵێن، بەشێوەیەكی زۆر سەرنجڕاكێش لەسەر گەورەیی بە دیهێنەرە بەرزو بە تواناكەی شایەتی دەدات! هەروەها زانایەكی ئەڵمانیا كە ناووی (دكتور میلر)ه، وەسفی جوڵەی كەشكەشانەكان دەكات، لە شێوەی شلەیەك دەچێت كە هەڵدەقوڵێت (Flow) به چەند جۆگهیهکدا دەڕوات، ئایا قورئانی پیرۆز بە شێوەیەكی وردو سەرنجڕاكێش وەسفی ئەم دیمەنەی نەكردووە؟ هەروەكو پەروەردگار دەفەرمووێت: (وكل في فلك يسبحون) [يس: 40]؟؟
واتە: واتە: هەر یەكە لە خۆرو مانگ لە خولگەی تایبەتی خۆیاندا ممەلە دەكەنو بە ئاسانی دەسوڕێنەوە.
[لەگەڵمدا ڕابمێنەو وردبەرەوە لەو تۆڕە گڵۆپە ڕووناكە، هەموو خاڵێكی ڕووناك ئاماژەیە بۆ كەشكەشانێك كە دەڕواتو هەڵدەقوڵێو بە پێی یاساو ڕێسایەكی زۆر سهرسوڕهێنهر، زاناكان دەڵێن: كەشكەشانەكان بە پێكدێنو هەڵدهقوڵێن بە سەر درێژای ئەم هێڵانەی گەردووندا دەڕۆن، هەروەها لەگەڵ مندا ڕابمێنەو وردبەرەوە لەو (گرێ) ڕووناكەی لە ناوەڕاستدایە (بریتییە لە كۆكردنەوەی هەزاران كەشكەشان) وەكو پەیوەندییەك لە نێوان ئەو هێڵانە لە چنینێكی پتەو كە جگە لە خوای بە دێهێنەر هیچ كەس نایزانێت…..
سەرچاوە/ تاقیگەكانی/ ماكس بلانك/ ئەڵمانیا].
ڕۆیشتنی مانگ:
خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَسَخَّرَ الشَّمْسَ وَالْقَمَرَ كُلٌّ يَجْرِي لِأَجَلٍ مُسَمًّى) [الرعد: 2]
واتە: خوای گەورە خۆرو مانگی ڕامهێناوە، هەر یەكەیان لە چەرخو خولی خۆیاندا بێ وچان تاماوەیەكی دیاریكراو دەسوڕێنەوە.
ئەم ئایەتە جەخت دەكاتەوە لەوەی مانگیش هەروەكو خۆر دەڕوات، بەڵام ئەگەر لە جوڵەی مانگ ڕابمێنین، تێبینی دەكەین مانگ وێنهی ڕێرەوێکی پێچاوپێچ دەكێشێت که بەرەو سەرەوە دەڕوات، لە ڕێڕەوی خۆر دەچێت لە سوڕانەوەی بە دەوری چەقی كەشكەشانەكەدا.
[جوڵەی خۆر لەگەڵ هەسارەكانی شوێن كەوتووی خۆیدا (لەگەڵ خۆرو مانگدا) هەموویان دەڕۆنو لە جوڵەدان، بە ڕۆیشتنێكی ڕاستەقینە بە دەوری چەقی كەشكەشانەكەدا، لەبەرئەوە قورئانی پیرۆز ئاماژە بۆ ئەم شێوە جوڵەیە دەكاتو دەفەرمووێت:
(أَلَمْ تَرَ أَنَّ اللَّهَ يُولِجُ اللَّيْلَ فِي النَّهَارِ وَيُولِجُ النَّهَارَ فِي اللَّيْلِ وَسَخَّرَ الشَّمْسَ وَالْقَمَرَ كُلٌّ يَجْرِي إِلَى أَجَلٍ مُسَمًّى وَأَنَّ اللَّهَ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ) [لقمان: 29].
واتە: ئایا سەرنجت نەداوە كە هەر خوای گەورە شەو تێكهەڵكێشی ڕۆژ دەكاتو ڕۆژیش تێكهەڵكێشی شەو دەكات، خۆرو مانگی بۆ تەرخان كردوونو ملكەچی كردوون، هەر یەكەیان تا كاتێكی دیاریكراو لە سوڕانەوەیاندا بەردەوام دەبن، بە ڕاستی خوای گەورە بە كارو كردەوەتان زۆر ئاگادارە.
هەروەها تێبینی دەكەین لە هەمان ڕێگەوە كە هەسارەكان دەسوڕێنەوە بە دەوری خۆردا، هەروەها ڕایدەماڵێت بە جوڵەی دووەم لە چوارچێوەی جووڵەی لەرینەوەی خۆردا بە دەوری چەقی كەشكەشانەكەدا، هەروەها دەتوانین بڵێین: مانگو زەویش دەڕۆن، هەسارەكانیش دەڕۆن، ئەستێرەكانیش بە هەمان شێوەی ئەوان دەڕۆن…
ڕۆیشتنی كەشتی:
كاتێك قورئان وشەی (ڕۆیشتن) بۆ جوڵەی كەشتی بە كاردەهێنێت لە ناو دەریادا، هەمان ئەو وشەیە كە قورئان بۆ جوڵەو ڕۆیشتنی خۆری داناوە، خوای گەورە دەفەرمووێت:
(وَسَخَّرَ لَكُمُ الْفُلْكَ لِتَجْرِيَ فِي الْبَحْرِ بِأَمْرِهِ وَسَخَّرَ لَكُمُ الْأَنْهَارَ) [إبراهيم: 32]
واتە:خوای گەورە كەشتی لە دەریادا بۆ ئێوە بارهێناوە، تا بە فەرمانی ئەو زاتە بڕوات (بە سەریەوە، هەر خوایە بە دیهێنەری ئەو مادانەی كە كەشتی لێ دروست دەكرێت، هەر ئەو زاتەیە بە دیهێنەری وزەو ئاوو هەواوو .. هتد)، هەروەها ڕووبارەكانیشی بۆ ڕام كردوون، (كە جۆرەها سوودیان هەیە).
ئەم كەشتیو باخیرانەی لە نێو دەریادا دەیانبینین، بەشێكن لە بەهرەو نیعمەتەكانی پەروەردگار بۆ مرۆڤ، بە فەرمانی پەروەردگار دەستەبەر بوون بۆ مرۆڤ، هەروەكو باو ئاوو هەموو هۆكارەكانی پیشەسازی لە كەشتییەكان بۆ مرۆڤ فەراهەمو دەستەبەر كردووە، لە پێناوی گەشتو گواستنەوەو هەڵگرتنی كەلوپەل.
لێرەدا تێبینی ڕوویەكی ئیعجازی دەكەین لە بەكارهێنانی وشەی (لتجری)، ئەگەر ورد ببینەوە لە جوڵەی كەشتییەكان لە دەریادا، تێبینی دەكەین شێوەی شەپۆلەكان وەردەگرن لە سەركەوتنو دابەزیندا، بەڵام ئەم جوڵەیە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بۆمان دەرناكەوێت، بەڵكو لە ماوەی دوورییەكی زۆر كە كەشتییەكان دەریاكە دەبڕن ئەو دیاردەیەمان بۆ دەردەكەوێت، لێرەدا دەبینین دەربڕینە قورئانییەكە زۆر وردەكارو زانستییە.
ئەگەر جارێكی تر لە جوڵەی كەشتییەكانی دەریا ورد ببینەوە، لە شێوەی ڕێڕەوێكی لەرینەوە بۆ سەركەوتنو دابەزین وهردهگرێت، بێگومان كاتێك هەستاین بە گەورەكردنی ڕێڕەوەكە بە ڕوونی دەیبینین، بە ڕەنگی زەرد تەنها بە ئامانجی ڕوونكردنەوەی جوڵەی كەشتییەكە.
لەبەرئەوە نامۆ نییە كە قورئان جوڵانەوەی خۆر بە وشەی (تجری) دەردەبڕێت، لەبەرئەوەی خوای گەورە قسەمان لە ڕاستییەكان بۆ دەكات كە ئەو لە سهرهوە دەیبینێت. هەروەها بە لامانەوە نامۆ نییە كە دەبینین هەندێك لە بێباوەڕان هەوڵ دەدەن گومان دروست بكەن لە سەر ڕاستی ئەم قورئانە پیرۆزە،
ئەوانە لە كانگای دڵیانەوە چاك دەزانن كە قورئانی پیرۆز ڕاستو دروستەو لە لایەن بە دیهێنەری خۆرو مانگو هەسارەو ئەستێرەكانو تەواوی بوونەوەرەوە دانراوە، ئەمەش هەمان ئەو شتەیە كە قورئان بۆمان وێنا دەكات لە كاتی نكوڵی كردنی فیرعەون لە بەڵگەو ئایەتو موعجیزەكانی خوای گەورە، لە كاتێكدا فیرعەونو دارودەستەكەی زۆرباش دەیانزانی كە ئەو بەڵگەو نیشانانەی (موسی) سەلامی خوای لێبێت، لە لایەن خوای گەورەوە پێی دراوە، سەرەنجام چییان بەسەر هات؟! بیربكەنەوە لە قورئانی پیرۆز كە پەیامێكی ڕاستو دروستەو لە لایەن خوای باڵادەستەوە دانراوە، هەروەكو دەفەرمووێت:
(فَلَمَّا جَاءَتْهُمْ آَيَاتُنَا مُبْصِرَةً قَالُوا هَذَا سِحْرٌ مُبِينٌ * وَجَحَدُوا بِهَا وَاسْتَيْقَنَتْهَا أَنْفُسُهُمْ ظُلْمًا وَعُلُوًّا فَانْظُرْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُفْسِدِينَ) [النمل: 13-14].
واتە: كاتێك (موعجیزە)كانی ئێمەیان بە ڕوونیو ئاشكرا بۆ هاتو خرایە بەرچاویان، وتیان: ئەمە جادوویەكی ئاشكرایە- ئەوانەی بەردەوام هەر ڕق ئەستوورییان كردو باوەڕیان پێی نەبوو، بە زۆرداریو خۆبەزلزانی، لە كاتێكدا لە ناخی دەروونیانەوە هەستیان دەكرد حەقیقەتەو ڕاستە، سەیركەو سەرنج بدە بزانە سەرەنجامی تاوانبارانو گوناهكاران چۆن بوو، (چۆن تۆڵەمان لێ سەندن).
خۆشەویستانم، دەڵێم بە ڕاستی قورئان پەرتوكێكی شاكارو نایابە، هەرچی تۆ دەتەوێت لە قورئاندا دەستت دەكەوێت، هەروەها وەڵامی گونجاوو بەهێزی تێدایە بۆ ئەوانەی ڕەخنەی لێ دەگرن، كەواتە ئەگەر ویستت بیروباوەڕت زیاد بكات، موعجیزاتی قورئان بەسە بۆئەوەی باوەڕت زیاد بكات، ئەگەر دەتەوێت لەم دنیایەدا بەختەوەرو كامەرانو ئاسوودە بیت، قورئان كەفالەتی بەختەوەریو ئاسوودەییت دەكات لە دنیاو دواڕۆژدا.
– ئەم قورئانە پیرۆزە چەندە جوانە! وشەو فەرموودەكانی چەندە گەورەیە!!
– لە هەموو وشەیەكیدا موعجیزەیەك دەبینیت كە شایستەیە بۆ ماوەیەكی زۆر لە بەرامبەریدا هەڵوێستە بكەیت!
– خودایە سوودمەندمان بكەیت بەم پەیامە پیرۆزە، بۆمان بكەیتە چرایەك لەم سەردەمە تاریكستانییەدا.
بقلم عبد الدائم الكحیل
www.kaheel7.com