موعجيزاتى قورئانى
بێداركردنەوەیەك:
لەم نووری دووهەمەدا گەلـێ ئایەت دەهێنینەوە كە تەنها تایبەت نین بەم نوورەوە، بەڵكو دەشبن بە نموونە بۆ بابەت و تیشكەكانی پێشووتریش. خۆ ئەگەر بمانەوێت مافی ڕوونكردنەوەی تەواوەتی بەم نموونانە بدەین، باسەكەمان درێژە دەكێشێت. بەڵام من لەم كاتەی ئێستادا ناچارم بە پوختی لێیان بدوێم، بۆیە لێرەدا زۆر بە كورتی ئاماژەمان بۆ ئەو ئایەتانە كردووە كە بۆ ڕوونكردنەوەی ئەم نهێنییە مەزنەی ئیعجازی قورئان، بە نموونە هێناوماننەتەوە. بەو هیوایەی درێژەپێدانی باسەكە بۆ كاتێكی تر هەڵبگرین.
ئەوەتا قورئانی پیرۆز زۆربەی جار هەندێ چەمكی پوخت و كورت لە كۆتایی ئایەتەكاندا دادەنێت. جا ئەو پوختانە: یان چەند ناوێكی جوانی خوای گەورە، یان واتای ئەو ناوانەی خوایان لەخۆ گرتووە.. یاخود كێشە و باسەكانیان حەواڵەی “ژیری” دەكەن و مرۆڤ بۆ بیركردنەوە و تێڕامانیان هان دەدەن.. یان دەستوورێكی كوللیی نێوان ئامانجەكانی قورئانیان تێدایە كە پشتی ناوەڕۆكی ئایەتەكە دەگرێت.
بەڵێ، ئەو پوختە كۆتایییانەی ئایەتەكان، هەندێ ئاماژەی حیكمەتی بەرز و بڵندی قورئان و.. چەند پریشكێكی ئاوی ژیانبەخشی هیدایەتی ئیلاهی و.. هەندێ پزیسكی برووسكەی ئیعجازی قورئانیان لە ئامێز گرتووە.
وا لێرەدا تەنها “دە” دانە لەو ئاماژە زۆر و زەبەندانە بە كورتی باس دەكەین. هەروەك بە ئاماژە بۆكردن تەنها یەك نموونەی نێوان نموونە زۆرەكانی و.. یەك واتای پوختی تەنها یەك ڕاستیی نێوان ڕاستییە زەبەندەكانی هەریەك لەو نموونانەش، دەخەینە ڕوو.
زۆربەی ئەم “دە” ئاماژانەش لە زۆربەی ئایەتەكاندا كۆ دەبنەوە و، نەخش و نیگارێكی ئیعجازیی ڕاستەقینە پێكدەهێنن، هەروەك زۆربەی ئەو ئایەتانەی كە بە نموونەی ئاماژەیەك دەیانهێنینەوە، نموونەن بۆ زۆربەی ئاماژەكانی تریش.
وا لە هەموو ئایەتێكدا تەنها یەك ئاماژە ڕوون دەكەینەوە و، سووكەڵە ئاماژەیەكیش بۆ واتاكانی ئەو ئایەتانە دەكەین كە لە چەند “وتە”یەكی پێشووتردا لێیان دواوین.
یەكەم تایبەتكاریی “پاراوی”:
قورئانی پیرۆز، بە ڕوونكردنەوە ئیعجازبەخشەكانی خۆی، كار و ئاسەوارەكانی كردگاری مەزن لە پێشچاودا ڕادەخات، پاشان ناوە جوانەكانی خواوەند لەو كار و ئاســەوارانەیدا دەردەهێنێت، یاخود یەكێك لە ئامانجە بنەڕەتییەكانی قورئان، وەك: “حەشــر” و “تەوحید” دەچەسپێنێت.
ئەم ئایەتەی خوارەوە یەكێكە لە نموونەكانی واتای یەكەم:
[هُۆ الَّژی خَڵقَ ڵكُمْ مَا فی اڵاَرْچِ جَمیعاً پُمَّ اسْتَوی إِلی السَّماوِ فَسَوّاهُنَّ سَبْعَ سَمَواتٍ ۆهُۆ بِكُلِّ شَیْوٍ عَلیمٌ] (البقرە:29).
ئەم ئایەتەی خوارەوەش یەكێكە لە نموونەكانی واتای دووهەم:
[أَڵمْ نَجْعَلِ اڵاَرْچَ مِهَاداً ۆالْجِبَاڵ أَوْتاداً ۆخَڵقْنَاكُمْ أَزْۆاجاً ۆجَعَلْنَا نَوْمَكُمْ سُبَاتاً ۆجَعَلْنَا اللَّیْڵ لِبَاساً ۆجَعَلْنَا النَّهارَ مَعَاشاً ۆبَنَیْنَا فَوْقَكُمْ سَبْعاً شِداداً ۆجَعَلْنَا سِراجاً ۆهَّاجاً ۆأَنْزَلْنَا مِنَ الْمُعْصِراتِ ماوً پَجَّاجاً لِنُخْڕجَ بِهِ حَبّاً ۆنَبَاتاً وًجَنَّاتٍ أَلْفَافاً إِنَّ ێوْمَ الْفَصْلِ كانَ میقَاتاً] (النبأ:6-17)
لە ئایەتی یەكەمدا: قورئانی پیرۆز ئەو ئاسەوارە مەزنانەی خوای گەورە پێشچاو دەخات كە بە ئامانج و ڕێساكانیان بەڵگەن لەسەر “زانست” و “توانست“ی خواوەند، ئەمەش دەكات بە پێشەكیی ئەنجامێكی گرنگ و مەبەستێكی مەزن. پاشان ناوی جوانی “العلیم“ی خوای گەورەی لـێ دەردەهێنێت.
لە ئایەتی دووهەمیشدا: كار و ئاسەوارە گەورەكانی خواوەند باس دەكات و، پاشان لە دەرەنجامدا باسی “حەشر” دەردەهێنێت كە ڕۆژی “فەصل“ە. هەروەك لە خاڵی سێهەمی تیشكی یەكەمی ڕۆشنایی یەكەمدا ڕوون كرایەوە.
دووهەم سەرنجی ڕەوانبێژی:
قورئانی پیرۆز، چنراوانی سنعەتی خواوەند لە پێشچاوی مرۆڤدا ڕادەخات، پاشان لە ناوەندی ناوە جوانەكانی خوا و لە پوختە كۆتایی ئایەتەكاندا كۆیان دەكاتەوە و دەیانپێچێتەوە.. یاخود حەواڵەی “ژیری“یان دەكات..
یەكێك لە نموونەكانی بەشی یەكەم، ئەم ئایەتەیە:
[قُلْ مَنْ ێرْزُقُكُمْ مَنَ السَّمَاوِ ۆاڵاَرْچِ أَمَّنْ ێمْلِكُ السَّمْعَ ۆاڵاَبْصارَ ۆمَنْ یُخْڕجُ الْحَیَّ مِنَ الْمَیِّتِ ۆیُخْڕجُ الْمَیِّتَ مِنَ الْحَیِّ ۆمَنْ یُدَبِّرُ اڵاَمْرَ فَسَێقُولُونَ الله فَقُلْ أَفَلا تَتَّقُونَ فَژلِكُمُ الله رَبُّكُمُ الْحَقُّ] (یونس:31-32).
ئەوەتا لە پێشدا دەفەرموێ: (كێ زەوی و ئاسمانی وەك چەند گەنجینەیەكی ڕۆزی بۆ ئامادە كردوون و، لەوێ بارانی هێناوەتە خوار و لێرەش دەغڵ و دانی دەرهێناوە؟ یان ئایا كێ هەیە جگە لە “خوا” بتوانێت ئەو ئاسمانە مەزن و زەوییە گەورەیە وەك دوو خەزنەدار و گەنجینەوانی گوێڕایەڵ لـێ بكات بۆ فەرمانەكانی خۆی؟ كەواتە شوكر و سوپاس و ستایش تەنها هەر بۆ ئەو كەسەیە)..
لە بڕگەی دووهەمیشدا دەفەرموێ: (كێ خاوەنی هەستی “بیستن” و “بینین“ی ئێوەیە، كە بەنرخترین شتانی ناو ئەندامەكانتانن؟ ئایا لە چ كارگە و دوكان و بازاڕێكدا كڕیوتانن؟ باش بزانن تەنها ئەو كەسە خاوەن و “پەروەردگار”تانە كە ئەم هەستە ناسكانەی وەك چاو و گوێی پێ بەخشــیون و، هــەر ئەویش بەدییهێنــاون و پەروەردەی كــردوون. كەواتە هەر تەنها ئەو – نەك كەسی تر – شایانی پەرستش و بەندایەتی بۆ كردنە)..
لە بڕگەی سێهەمیشدا دەفەرموێ: (یان كێیە ئەو كەسەی كە هەروەك زەوی زیندوو دەكاتەوە، سەدان هەزار دەستە و تاقمی مردووانیش زیندوو دەكاتەوە و ژیانیان پێ دەبەخشێتەوە؟ كێ هەیە جگە لە خواوەندی “حەق” و بەدیهێنەری گەردوون توانای ئەم كارەی ببێت؟ بێگومان هەر ئەوە كە ئەم كارە ئەنجام دەدات و زەویی وشك هەڵهاتووی مردوو، زیندوو دەكاتەوە. خۆ مادەم خواوەند خوایەكی “حەق“ە، ئەوا هیچ حەقێكی لەلا نافەوتێ و، وەك زەویی زیندوو كردەوە ئێوەش زیندوو دەكاتەوە و بۆ دادگای مەزنتان دەنێرێت)..
لە بڕگەی چوارەمیشدا دەفەرموێ: (كێ هەیە جگە لە “خوا” بە جۆرێكی ڕێكوپێك و بە ئەندازەی ئاسانیی بەڕێوەبردنی كۆشكێك یان شارێك، كاروباری ئەم گەردوونە مەزنە بەڕێوە ببات؟ خۆ مادەم جگە لە “خوا” كەسی تر نییە، ئەوا هیچ ناتەواوییەكیش لەو توانستەدا نییە كە دەتوانێت بەوپەڕی ئاسانی ئەم گەردوونە مەزنە و گشت تەن و قەبارەكانی ناوی بەڕێوە ببات و، چ پێویستییەكی بە “هاوبەش” و “یارمەتیدەر” نییە، بەڵكو توانستێكی هێندە ڕەهایە كە “سنوور” ناتوانێت سنووری بۆ دەستنیشان بكات! هەروەها ئەو كەسەی كە كاروباری ئەم گەردوونە مەزنە دەسازێنێت، هەرگیز بەڕێوەبردنی بەدیهاتووە بچووكەكانیش بە كەسی تر ناسپێرێت.. كەواتە ئێوە ناچارن لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بڵێن: جگە لە “خوا” كەسی تر نییە)!
ئەوەتا دەبینیت بڕگەی یەكەم و چوارەم دەڵێن: “خوا”(الله) و.. بڕگەی دووهەمیش دەڵێت: “پەروەردگار”(الرب).. هەروەك سێهەمیش دەڵێت: “حەق”(الحق)! دەسا ئیتر فەرموو مەودای ئیعجاز تێبگە لە شوێنی ڕستەی: [فَژلِكُمُ الله رَبُّكُمُ الْحَقُّ]دا!
بەم جۆرە قورئانی پیرۆز: كارە گەورەكانی خواوەند و چنراوە مەزنەكانی سنعەتی ئەو باس دەكات، پاشان ناوی ئەو دەستە كاریگەرە دەهێنێت كە بەڕێوەبەر و كارسازی ئەو چنراوە مەزن و ئاسـەوارە گـەورانەیە: [فَژلِكُمُ الله رَبُّكُمُ الْحَقُّ]! واتە بــە هێنانی ناوەكانی: “الله، الرب، الحق“ی خوای گەورە، سەرچاوەی ئەو كارە مەزنانە پێشچاو دەخات!
یەكێك لە نموونەكانی بەشی دووهەمیش، ئەم ئایەتەیە:
[إِنَّ فی خَلْقِ السَّمواتِ ۆاڵارْچِ ۆاخْتِلافِ اللَّیْلِ ۆالنَّهَاڕ ۆالْفُلْكِ الَّتی تَجْری فی الْبَحْڕ بِما ێنْفَعُ النَّاسَ ۆما أَنْزَڵ الله مِنَ السَّماوِ مِنْ مَاوٍ فَأَحْیا بِهِ اڵاَرْچَ بَعْدَ مَوْتِهَا ۆبَپَّ فیهَا مِنْ كُلِّ دابَّەٍ ۆتَصْریفِ الرِّێاحِ ۆالسَّحَابِ الْمُسَخَّڕ بَیْنَ السَّمَاوِ ۆاڵاَرْچِ ڵایاتٍ لِقَوْمٍ ێعْقِلُونَ] (البقرە:164).
قورئانی پیرۆز لەم ئایەتەدا درەوشانەوەی ئەو “دەستەڵاتداری“یەی خواوەند باس دەكات كە لە بەدیهێنانی ئاسمانەكان و زەویدایە و، درەوشانەوەی كەماڵی “توانست” و گەورەیی “پەروەردگارێتی“ی خوا دەردەخات و، شایەتی لەسەر “یەكتایی” ئەو دەدات..
هەروەها درەوشانەوەی “پەروەردگارێتی” لە جیاوازیی شەو و ڕۆژدا و.. دەركەوتنی “میهرەبانی” لە ڕامكردن و بەكارهێنانی كەشتی و گێڕانی بەناو دەریادا، كە ئەمەش یەكێكە لە هۆكارە گەورەكان لە ڕەوتی ژیانی كۆمەڵایەتیدا و.. درەوشانەوەی “گەورەیی توانست” لە باراندنی ئاوی مایەی ژیان لە ئاسمانەوە بۆ زەویی مردووی وشك و برنگ و، زیندووكردنەوەی زەوی خۆی و زیندەوەرانی ناوی كە لە سەدان هەزار زیاتر دەبن و، پیشاندانی زەوی بە شێوەی پیشانگایەك بۆ شتانی نامۆ و سەرسووڕهێنی بەدیهاتووی خواوەندی پەروەردگار..
هەروەها درەوشانەوەی “میهرەبانی و توانست” باس دەكات لە بەدیهێنانی چەندەها گیانلەبەری جۆراوجۆر لە “گڵ”ێكی ئاسایی..
هەروەها درەوشانەوەی “میهرەبانی و دانایی” دەخاتەڕوو لەو كارمەندییە مەزنانەدا كە بە “باكان“ی دەسپێرێت، وەك: پیتاندن و هەناسە پێدانی ڕووەكەكان و یارمەتیی هەناسەدانی زیندەوەران بە جووڵاندن و بەڕێوەبردنی هەناسەدانیان.
هــەروەها درەوشــانەوەی “پەروەردگارێتی“ش دەردەخـات لە مـلكەچ كردن و كۆ كردنەوە و بڵاوە پێكردنی هەورە هەڵواسراوەكانی نێوان ئاسمان و زەویدا، كە وەك سەربازی گوێڕایەڵ بۆ مەبەستی حەوانەوە بڵاوەی لـێ دەكەن. بەڵام پاش ئەوە، لە نمایشێكی گەورەدا، بۆ وەرگرتنی فەرمانەكان سەرلەنوێ كۆ دەبنەوە!
بەم جۆرە و دوای پێشچاوخستنی چنراوانی سنعەتی خوایی، “ژیری” دەخاتە گەڕ بۆ لێكۆڵینەوە و دۆزینەوەی ڕاستییەكانیان و دەفەرموێ: [ڵایاتٍ لِقَوْمٍ ێعْقِلُونَ]! كە بەمەش جڵەوی “ژیری” بەرەو بیركردنەوە ڕادەكێشێت و بۆ تێفكرینیش بێداری دەكاتەوە.
Related posts
Leave a Comment
You must be logged in to post a comment.