إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُون

656 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

یەكێك لە موعجیزەكانی قورئان ئەوەیە، كە لەگەڵ بوونی ئەو هەموو دوژمنانەی، وەك خۆی پارێزراوە، بێ زیاد ‌و بێ نوقستان، ئەمەش تەئكیدی وەعدی خوای گەورە دەكات كە فەرموویەتی:إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ (9)الحجر. تا ئەمرۆ ملیۆنان نوسخەی قورئان لە جیهاندا بڵاوبۆتەوە بێ ئەوەی جیاوازیەك هەبێت لە نێوانیاندا. كە ئەمە بۆ خۆی موعجیزەیەكی گەورەیە.

نەسەفی دەڵێت: (خوای گەورە لە هەموو كاتێكدا دەیپارێزێت لە زیادكردن ‌و كەمكردن ‌و شێواندن ‌و گۆڕین، بە پێچەوانەی كتێبە ئاسمانییەكانی تر، لەواندا خوای گەورە خۆی كەفیلی پاراستنی نەكردووە و بەڵكو ئەوەی سپاردووە بە زانایانیان (الربانیون والاحبار)، ئەوانیش جیاوازی كەوتە ناویانەوە بەهۆی ستەمی خۆیان ‌و تەحریف ڕووی كردە كتێبەكانیان.. كاتێك دەفه‌رموێت:وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ (9) نیشانەیە لەسەر ئەوەی لەلایەن خۆیەوە هاتووە و موعجیزەیە، چونكە ئەگەر قسەی غەیری خوا بوایە یان موعجیزە نەبووایە، ئەوا زیاد و كەم ڕووی تێدەكرد وەك هەموو نووسراوە دەستكردەكان)1.

خوای گەورە قورئانی پاراستووە لە دڵەكاندا و پاشانیش بە ڕێنموونی كردنی هاوەڵان بۆ نووسینەوەی ‌و پاراستنی لە دوتوێی كتێبێكدا.

هەر لە سەرەتای هاتنە خوارەوەی قورئاندا پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم )ئەو ئایەتانەی دابەزیبوون دەیگەیانە هاوەڵەكانی ‌و ئەوانیش لەبەریان دەكرد و یەكتریان فێردەكرد.

هاوەڵان لە دەمی پێغەمبەرەوە قورئانیان وەرگرتووە: ئەوەتا عوبادەی كوڕی صامیت دەڵێت: (هەركاتێك پیاوێك كۆچی بكردایە بۆ مەدینە، پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم دەیدایە دەست یەكێكمان تا قورئانی فێربكات)2.

عەبدوڵڵای كوڕی مەسعود دەڵێت: (سوێند بە خوا حەفتا و ئەوەندە سورەتم لە دەمی پێغەمبەرەوە وەرگرتووە)3.

ئیبن جەزەری دەڵێت: پشتبەستن لە گواستنەوەی قورئاندا بە لەبەركردنی بووە لە دڵەكاندا، نەك بە نوسینی موصحەفەكان. ئەمەش بەرزترین تایبەتمەندی ئەم ئوممەتەیە كە خوا پێی بەخشیوە… ئەوەش بە پێچەوانەی ئەهلی كتێبەكانەوەیە كە ناتوانن كتێبەكانیان بپارێزن ئەگەر نەنوسرابێتەوە لە كتێبدا، ناتوانن لەبەر بیخوێننەوە بە تەماشاكردن نەبێت)4.ژمارەی ئەوانەی كە قورئانیان لەبەربووە زۆر بوون.. بۆ نموونە ئەوانەی هەردوو ڕووداوی بیری مەعونە و شەڕی یەمامە گەیشتبوونە 140 لە هاوەڵان.

جگە لە لەبەركردنی لەلایەن هاوەڵان ‌و دەماودەم كردنی ‌و گرنگیدانیان پێی.. پێغەمبەری خوا( صلى الله عليه وسلم )هەر لە سەرەتای دابەزینی نیگاوە، ئەو ئایەتانەی كە دادەبەزین داوای لە هاوەڵان دەكرد كە بیانوسنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش نوسەرانی نیگای هەبوو5، كە لەبەر دەستی پێغەمبەردا( صلى الله عليه وسلم )قورئانیان بۆ دەنووسییەوە.. ئەمە جگە لەوەی هاوەڵان خۆیان –ئەوەی نووسین ‌و خوێندنەوەی دەزانی- موصحەفیان بۆ خۆیان دەنووسی.. بەم شێوەیە هیچ ئایەتێك دانەبەزیبوو كە لە سەردەمی پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم )خۆیدا بە نووسراوی نەپارێزرابێت.

بەڵگەش لەسەر ئەوەی قورئان هەر لەسەردەمی پێغەمبەرەوە( صلى الله عليه وسلم )نوسراوەتەوە:

*عوسمانی كوڕی ئەبی عاس دەڵێت: جارێكیان لای پێغەمبەردانیشتبووم لە ناكاو چاوی بڕییە سەرەوە و پاشان هێنایە خوارەوە تا خەریكبوو بە زەویدا بینووسێنێت، جا جارێكی تر چاوی بەرزكردەوە و فەرمووی: جبریل هات بۆ لام و فەرمانی پێكردم كە ئەم ئایەتە بخەمە ئەم شوێنەوە لەم سوورەتەدا (إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ وَإِيتَاءِ ذِي الْقُرْبَى وَيَنْهَى عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ وَالْبَغْيِ  يَعِظُكُمْ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ)-أحمد17340-6..دیارە جبریل لەلایەن خۆیەوە ئەمە ناكات گەر فەرمانی خوا نەبێت.

* ئیبن عومەر دەگێڕێتەوە: (أنَّ رَسولَ اللهِ ( صلى الله عليه وسلم )نَهَى أنْ يُسَافَرَ بِالقُرآنِ إلى أرْضِ العَدّوِ)7.. واتە: (پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم )قەدەغەی كرد لێمان بە قورئانەوە بچینە ناو زەوی دوژمن) دیارە قورئانی نوسراوەیە، چونكە مەبەستی فەرموودەكە قورئانی ناو سنگ نییە.

* لە عوسمانەوە دەگێڕنەوە: (قورئان لە كاتی جیا جیادا دەهاتە خوارەوە و، كاتێك شتێك دادەبەزی، بانگی هەندێك لەوانەی قورئانیان بۆ دەنوسی دەكرد و، دەیفەرموو: ئەمە بخەنە ئەو سورەتەی كە باسی فڵانە شت دەكات ‌و، كاتێك ئایەتێك دادەبەزی دەیفەرموو: ئەم ئایەتە بخەنە ئەو سورەتەی كە باسی فڵانە شت دەكات ‌و، كاتێك چەند ئایەتێك دادەبەزی دەیفەرموو: بیخەنە ئەو سورەتەی كە باسی فڵانە شت دەكات)8.

* لە چیرۆكی موسڵمانبوونی عومەری كوڕی خەتتابدا هاتووە: (كَانُوا يَقْرَؤونَ في بَيْتِ فَاطِمَة بِنْتِ الخَطَّابِ، وَكان خَبَّابُ بنُ الأَرَتِ يُقْرِئُهُم القُرآنَ في صَحيفَةٍ)9. دیارە ئەم ڕووداوەش لە مەككە، پێش كۆچكردن ڕوویداوە، كەواتە هەر لە سەرەتای دابەزینی قورئانەوە مۆڵەت دراوە بە موسوڵمانان كە قورئان بنووسنەوە. 

لە ژیانی پێغەمبەردا( صلى الله عليه وسلم )قورئان هەمووی لە دووتوێی پەرتوكێكدا كۆنەكرابۆوە، بەڵكو پەرتوبڵاو بوو.. لەهەمانكاتدا هەندێك لە هاوەڵان هەندێك لە قورئانیان لای خۆیان نوسیبووەوە10. زەیدی كوڕی سابت دەڵێت: (پێغەمبەر وەفاتی كرد و قورئان هێشتا لە شتێكی تایبەتدا كۆنەكرابۆوە)11.

هۆی كۆنەكردنەوەی لە دووتوێی پەرتووكێكدا لە ژیانی پێغەمبەردا( صلى الله عليه وسلم )دەگەڕێتەوە بۆ:

یەكەم: نەبوونی ترسی درووستبوونی جیاوازی لە نێوان هاوەڵاندا لە قورئاندا، ئەویش لەبەر بوونی پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم )لە نێوانیاندا و زۆر هاوەڵ قورئانیان لەبەر بووە12.

دووەم: لە ترسی ئەوەی نەوەك لە ژیانی پێغەمبەرەدا( صلى الله عليه وسلم )ئایەت هەبێت نەسخ بكرێت.

سێیەم: قورئان بە یەك جار نەهاتە خوارەوە، بەڵكو بەش بەش لە ماوەی زیاد لە بیست ساڵ.

چوارەم: ڕیزبەندی ئایەت ‌و سورەتەكان بە پێی هاتنە خوارەوە نەبوو، بەڵكو بەپێی هۆكارەكانی دابەزین (أسباب النزول) بووە13.

دوای وەفاتی پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم )قورئان خوێنەكان بەردەوامبوون لەسەر فێركردنی ئەوانەی دوای خۆیان ‌و، هەندێك لە هاوەڵان دوای وەفاتی پێغەمبەر توانیویانە هەموو قورئان لەبەر بكەن.. پشتبەستن لە ڕیوایەتكردنی قورئاندا هەر لەسەر ئەوە بووە كە لەناو سنگی قورئان خوێناندا پارێزراوبووە و هەروەها هەندێك لەو نوسراوانەی كە لە سەردەمی پێغەمبەردا( صلى الله عليه وسلم )نوسرابوونەوە.. بەڵام دوای كوژرانی نزیكی 70 كەس لە قورئان خوێنەكان لە شەڕی یەمامەدا لەگەڵ هەڵگەڕاوەكاندا، بۆیە عومەری كوڕی خەتاب داوای كرد لە ئەبوبەكر كە فەرمان بدات بە كۆكردنەوەی قورئان لە دووتوێی پەڕتوكێكدا و قایم بكرێت ‌و بپارێزرێت لە ونبوون، نەوەكا قورئان خوێنی زیاتر بكوژرێن ‌و بڕۆن، كە سەرچاوەی پارێزگاریكردنی ئەم قورئانەن.. دوای گفتوگۆیەكی زۆر پاشان ئەبوبەكر قەناعەتی هێنا و داوایان لە زەیدی كوڕی سابت كرد كە هەستێت بەو كارە14.

كۆكردنەوەی قورئان لە دووتوێی پەرتوكێكدا لە دوای شەڕی یەمامەوە بوو – كە ساڵی 12ی كۆچی بوو- و ماوەی نزیكی ساڵێكی خایاند15.

بۆ چەسپاندن ‌و وەرگرتنی ئایەت ‌و سورەتەكان دەبووایە لەسەر هەموو پارچەیەك دوو شایەت شایەتیان بدایە لە سەری.. ئیبن ئەبو داود لە ڕێگەی هیشامی كوڕی عوروەوە لە باوكییەوە دەگێڕێتەوە: ئەبوبەكر بە عومەر و زەیدی وت: لای دەرگای مزگەوت دانیشن -واتە بیكەن بە شوێنی كۆبونەوەكانتان- هەر كەس هات ‌و دوو شایەتی هەبوو لەسەر ئەوەی كە قورئانە لێی وەرگرن ‌و بینوسن16. بۆیە عومەر بڵاویكردەوە: (هەر كەسێك لە پێغەمبەرەوە( صلى الله عليه وسلم )شتێكی لە قورئان وەرگرتووە با بۆمان بهێنێت، ئەوانیش ئەو ئایەتانەیان لەسەر پەڕە و پارچە تەختە و گەڵای پانی دارخورما نووسیبۆوە، جا هیچیان لەو نوسراوانە وەرنەدەگرت تا دوو شایەت شایەتیان نەدایە لەسەری)17.

مەبەستیش لە شایەتی شایەتیدان نیە لەسەر ئەوەی كە نوسراوەكە قورئان بێت یان نا، چونكە بەڵگە لەسەر قورئانییەتی هەر نوسراوێك چەندین هاوەڵ شایەت بوون لەسەری، چونكە لەبەریان بووە (واتە گەیشتۆتە ڕاددەی تەواتور)، بەڵكو شایەتیەكە بۆ ئەوە بووە كە شایەتی بدەن لەسەر ئەوەی كە نوسراوەكە لەبەردەم پێغەمبەردا( صلى الله عليه وسلم )نوسراوە و بە ئاگاداری ئەو بووە. چونكە هاوەڵەكان خۆیان چەندین پەڕەیان هەبووە (یان موصحەف) كە قورئانیان لەسەر نوسی بوو -وەك باسمان كرد- و لە ماڵەكانی خۆیاندا پاراستبوویان18.

كەواتە كۆكردنەوەی قورئان لەم سەردەمەدا بۆ پاراستنی ئەو بەڵگەنامانە بووە كە ئەصلەن لەسەردەمی پێغەمبەردا( صلى الله عليه وسلم )نوسرابوونەوە و، كۆكردنەوەیان لە شوێنێكدا.

موحەممەد تاهیر كوردی دەڵێت: لە كتێبی (نهایة القول المفید)دا هاتووە: زەید خۆی هەموو قورئانی لەبەربووە، باشە بۆ بەدوای نوسراوەكاندا گەڕاوە؟ وەڵام: چونكە ئەوە بۆ تەئكید بووە و تا بزانێت نەوەك شێوەیەكی خوێندنەوە هەبێت لەو نوسراوانەدا كە ئەم نەیزانێت، با ئەگەر لەبەریشی بووبێت، پێویستە ئەوەی قورئانی لەبەرە هەمیشە سەرچاوەیەكی هەبێت بۆی بگەڕێتەوە، تا زیاتر تەئكید بێت19

دوای بڵاوبوونەوەی ئیسلام بە وڵاتاندا بە شێوەیەكی خێرا و، چەندین كەس هاتنە ناو ئایینی نوێوە و، قورئانخوێنان بڵاوبوونەوە و موسڵمانانیان فێری قورئان دەكرد و، هەر وڵاتە و قورئانیان لەو هاوەڵە قورئانخوێنانەوە وەردەگرت كە بۆیان ڕەوانە كرابوون.. هاوەڵانیش قورئانیان لە پێغەمبەرەوە( صلى الله عليه وسلم )یان لە هاوەڵانەوە وەرگرتبوو، هەر یەكەو بە پێی ئەو ڕیوایەتە دەیخوێندەوە كە وەری گرتبوو، ئەوەشی فێری خەڵكی دەكرد.

كاتێك قورئانخوێنی شوێنە جیاكان بگەیشتنایە بە یەك –وەك لە فەتحی ئەرمینیادا ڕوویدا– و قورئانیان بخوێندایە بە ئامادەبوونی یەكتر، هەندێك جار دەبووە دەنگەدەنگ ‌و ناكۆكیان لە نێواندا دروست دەبوو، ئەمە جگە لە زەرورەتی بوونی سەرچاوەیەكی ڕاست ‌و متمانەپێكراو خەلیفە عوسمان –بە ڕاوێژ و ڕەزامەندی گەورە هاوەڵان- فەرمانیدا بە نوسینەوەی چەند نوسخەیەك لەو قورئانەی كە لە سەردەمی ئەبوبەكردا كۆكرابووەوە، پاش پێداچوونەوەیەكی كۆتایی، پاشان ئەم نوسخانە بنێررێت بۆ شارە سەرەكییەكان ‌و بكرێتە تاكە سەرچاوە بۆ قورئانخوێنان ‌و مامۆستایان، وسوتاندنی هەر نوسراوێكی تر كە لای خەڵكە، هەر كەسێك هەبێت، چونكە –وەك باس كرا- هەندێك لە هاوەڵان ‌و شوێنكەوتوانیان موصحەفی خۆیانیان هەبووە و تێبینی خۆیانیان لەسەر تۆماركردبوو.

كۆكردنەوەی قورئان لەم قۆناغەدا كارێكی تاكڕەوی عوسمان نەبوو، بەڵكو ڕەزامەندی گەورە هاوەڵانی لەسەر بووە، نەك وەك ئەوەی كە هەندێك بڵاوی دەكەنەوە.. ئەبوبەكری ئەنباری لە سوەیدەوە، لە غەفلەوە، دەگێڕێتەوە، وتوویەتی: (گوێم لە عەلی كوڕی ئەبو تالیب بووە، دەیوت: خەڵكینە لە خوا بترسن ‌و زیادەڕەوی مەكەن لە عوسماندا، پێی مەڵێن قورئانی سوتاندووە، سوێند بە خوا ئەو كارەی كردووە بە ئامادەبوونی گەورە هاوەڵانی پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم )).. عومەری كوڕی سەعید دەڵێت:(عەلی وتوویەتی: ئەگەر والی بوومایە لە كاتی عوسماندا، منیش هەر ئەوەم لە موصحەفە زیادەكان دەكرد كە عوسمان كردی)20.

عوسمان تاوانبار دەكرێت بە زیادكردن، یان كەمكردن، یان گۆڕینی هەندێك ئایەت لە كاتی كۆكردنەوەی قورئاندا، یان دەمارگیری كردبێ بەوەی وتوویەتی بە لەهجەی قوڕەیش بینووسنەوە، یان دەستكاری خەتی نوسینەوەكەی كردبێ. بەڵام دوای خوێندنەوەی ئەم ڕیوایەتانە، دەردەكەوێت كە عوسمان –ئەوانەشی كە لەگەڵی بوون– زۆر بە ئەمانەتەوە قورئانیان كۆكردۆتەوە:

* عەبدوڵڵای كوڕی زوبەیر بە عوسمانی وتووە: ئایەتی (وَالَّذِينَ يُتَوَفَّوْنَ مِنْكُمْ وَيَذَرُونَ أَزْوَاجًا..) ئایەتەكەی دوای خۆی نەسخی كردۆتەوە، بۆ دەینوسیت -لە موصحەفەكەتدا-؟ وتی: هیچ شتێك لە شوێنی خۆی ناگۆڕم)21.

* سەبارەت بەوەی كە عوسمان بە زەید و هاوەڵەكانی وتووە بە لەهجەی قوڕەیش بینوسن: ئەنەس دەگێڕێتەوە: (عوسمان بانگی زەیدی كوڕی سابت و عەبدوڵڵای كوڕی زوبەیر و سەعیدی كوڕی عاس ‌و عەبدولرەحمانی كوڕی حارسی كوڕی هیشامی كرد و، موصحەفیان نوسیەوە و، بە سیانەكەی تری وت: ئەگەر جیاوازیتان لە شتێكدا بۆ دروست بوو لە قورئاندا لەگەڵ زەید، ئەوا بە زمانی قوڕەیش بینووسن، چونكە بە زمانی ئەوان دابەزیوە. ئەوانیش وایان كرد)22. لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە:(إِذَا اخْتَلَفْتُمْ أَنْتُمْ وَزَيْدُ بْنُ ثَابِتٍ فِي عَرَبِيَّةٍ مِنْ عَرَبِيَّةِ الْقُرْآنِ فَاكْتُبُوهَا بِلِسَانِ قُرَيْشٍ)23. زەرقانی دەڵێت: (ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە تەنها بە زمانی قوڕەیش نووسرابێتەوە –چەند بەڵگەیەك دەهێنێتەوە- لەوانە: قورئان وشەی زۆری تێدایە لە زمانی هۆزەكانی تری عەرەبە ‌و لە زمانی قوڕەیشیشدا نییە، وەكو سیوتی باسی دەكات لە (الاتقان) لە جۆری سی ‌و حەوتەم، هەروەها پێمان نەگەیشتووە بە نەقڵێكی موتەواتیر كە لە كاتی نووسینەوەیدا هیچ كام لە حەوت پیتەكەی قورئانیان وازلێهێنابێت، ئەگەر وایان بكردایە ئەوا بە تەواتور پێمان دەگەیشت، لەبەر ئەوەی ئەمە ڕووداوێكی زۆر گرنگە، كە پێویست دەكات بگوێزرێتەوە بە تەواتور. تەنها ئەوەی پێمان گەیشتووە لە هەندێ ڕێگاوە ئەوەیە كە جیاوازیان تێكەوت لە نووسینی وشەی (التابوت) لەئایەتی  وَقَالَ لَهُمْ نَبِيُّهُمْ إِنَّ آيَةَ مُلْكِهِ أَن يَأْتِيَكُمُ التَّابُوتُ فِيهِ سَكِينَةٌ مِّن (248)البقرة. ئایە بە تای درێژ بینووسن یان تای خڕ، ئەوەبوو عوسمان فەرمانی پێدان بە تای درێژ بینووسن، چونكە بەو شێوەیە دەنووسرێت لە زمانی قوڕەیشدا. لەمەوە بۆمان دەردەكەوێت كە عوسمان مەبەستی –لە ڕیوایەتەكەدا– جیاوازی بووە لە شێوازی نووسینەوە و ڕەسمدا نەك لە لەفز ‌و لەهجە ‌و حەرفدا..)24.

1-تفسير النسفي، مدارك التنزيل وحقائق التأويل/ عبدالله بن أحمد بن محمود النسفي، إعتنى به: عبدالمجيد طعمة حلبي، دار المعرفة، بيروت، ط2،1429هـ، 2008م:578.. هەروەها سەیری (تفسیر الكشاف)ی زومەخشەری بكە 558-559.

2-ذكره الزرقاني في مناهل العرفان، 1/ 174.

3-البخاري في كتاب فضائل القرآن ، باب القراء من أصحاب النبي.

4-مناهل العرفان في علوم القرآن/ محمد عبدالعظيم الزرقاني، دار إحياء التراث العربي، بيروت، لبنان، ط2: 1/175.

5-نووسەرەكانی نیگا: ئەو هاوەڵانەن كە بە فەرمی لەبەر دەستی پیغەمبەری خوادا قورئانیان دەنووسییەوە كە ژمارەیان دەگەیشتە نزیكی 60 كەس، لەوانەش: ئەبو بەكر و، عومەر و، عوسمان و، عەلی،..لە كۆچكردووەكان و، زەیدی كوڕی سابت و، ئوبەی و،..لە پشتیوانان.

6-هه‌روه‌ها: سنن أبي داوود، 2/440: 668، سنن الترمذي، 10/ 352: 3011.

7-البخاري: الجهاد والسير (2828)، مسلم: الإمارة (1869)، أبو داود: الجهاد (2610)، ابن ماجه: الجهاد (2880) ، أحمد (2/7)، مالك: الجهاد (979). هةروةها: السراج المنير في ترتيب أحاديث صحيح الجامع الصغير/ الحافظ جلال الدين السيوطي والعلامة محمد ناصر الدين الألباني، ترتيب وتعليق: عصام موسى هادي، مؤسسة الريان، بيروت، لبنان، ط3، 2009م، 1430هـ: 2/ 780.

8-الترمذي: تفسير القرآن (3086)، أبو داود: الصلاة (786)، أحمد (1/57).

9-البزار 279.

10-مەككی ئەبوتالب دەڵێت: (هەندێك لە هاوەڵان موصحەفی تایبەتی خۆیان هەبووە و، هەندێكیان لە لێواری پەڕەكانی چەند وشەیەكی تەفسیریان لەسەر دەنووسی): الإبانة عن معاني القراءات/ أبي محمد مكي بن أبي طالب القيسي القيرواني ثم الأندلسي القرطبي، تحقيق: فرغلي سيد عرباوي، لبنان، ط1، 2011: 31.

11-الإتقان، 1/ 164.

12-زەرقانی دەڵێت: موسڵمانان لەسەر خەیر بوون ‌و، قورئان خوێنان زۆربوون ‌و، تا ئەو كاتەش ئیسلام زۆر بڵاونەبوبووەوە و، بواری فیتنەش نەبوو‌و، زیاتریش پشت دەبەسترا بە لەبەركردن نەك نوسین ‌و، پێداویستی نوسین زۆر ئاسان دەست نەدەكەوت: مناهل العرفان، 1/ 179.

13-مناهل العرفان/ 1/ 179.

14-زەرقانی دەڵێت: كاتێك دابەزینی قورئان تەواو بووو جێگیر بوو بە وەفاتی پێغەمبەربواری نەسخ نەما و ڕیزبەندی جێگیر بوو، بەڵكو زەڕورەتی نوسینەوەی هاتە كایەوە لە دووتوێی كتێبێك یان زیاتر، خوای گەورە خەلیفەكانی موەفەق كرد بۆ ئەو كارە: : مناهل العرفان، 1/ 179.

15-تأريخ القرآن، الكردي، 44.

16-الإتقان، 156: لة (فتح الباري، 9/ 14):ئیبن حەجەر دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی فەرمودەیەكی (مقطوع)ە بەڵام ڕاوییەكانی خاوەن متمانەن

17- أخرجه ابن أبي داود في كتاب المصاحف ص10.

18-وەك سەخخاوی لە (جمال القرا)دا دەڵێت: مەبەست لەو دوو شایەتە لەسەر ئەوەیە كە ئەو نوسراوە لەبەردەم پێغەمبەردا نوسراوەتەوە : مناهل العرفان، 1/ 182. هەروەها: الإتقان فی علوم القرأ‌ن، 156: دەڵێت: لە (فتح الباری)دا هاتووە 9/ 15، هەرەوها: المرشد الوجیز، 57.

19- تأريخ القرآن، تأريخ القرآن وغرائب رسمه وحكمه/ محمد طاهر بن عبدالقادر الكردي المكي الخطاط، شركة ومطبعة مصطفى البابي الجلبي وأولاده بمصر، ط2، 1953م، 1372ه. 43.

20-مناهل العرفان، 1/ 188.

21-البخاري 4166.

22-البخاري 3244.

23-البخاري 4606.

24-مناهل العرفان، 1 / 281.

Share Button

656 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Scroll to top