وەسفکردنی سیبەر لە قورئانی پیرۆز

1060 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

پێشەكی:

سێبەر یەكێكە لە بەخششەكانی خوای گەورە كە منەتی پێ دەكات بەسەرماندا و، شوێنێكە پەنای بۆ دەبەین لەكاتی گەرمادا، دروست دەبێت لەكاتی بوونی بەربەستێك لەبەردەم بڵاو بوونەوەی تیشكی خۆر.. ئێمە لەم بابەتەدا ئه‌و ئایه‌تانه‌ی قورئانی پیرۆز كه‌ باسی سێبەر ده‌كات ڕوون دەكەینەوە ئەویش لە دووتەوەردا:

یەكەم: ڕاڤەكردنی لایەنە زانستیەكانی ئەو ئایەتانەی قورئانی پیرۆز كە باسی سێبەر دەكەن.

دووەم: هێنانی ئه‌و ئایه‌تانه‌ی قورئانی پیرۆز باسی لەوە كردووە و ڕوونی كردۆتەوە كە سێبەر یەك جۆر نیە و، هێنانەوەی چەند نمونەیەك لەسەر هەندێ لە جۆرەكانی سێبەر.

چۆنیەتی دروستبوونی سێبەر و شێوەی جوڵەكەی لە سروشتدا:

سێبەر لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی تیشكی ڕووناكی بە هێڵی ڕاست پەیدا دەبێت.. سێبەر بەو ناوچانە دەوترێت كە ڕێگە لە تیشكی ڕووناكی دەگیرێت پێی بگات بەهۆی تەنێكی ڕووناكی گرەوە. ئەگەر هەر تەنێكی ڕووناكی گر بكەوێتە بەر تیشكی ڕووناكی (سرووشتی بێت وەك خۆر، یان ڕووناكی دەست كرد وەك ئاگر و گڵۆپ و…)، ئەوا ئەو لایەی ڕاستەوخۆ ئەو ڕووناكیە بەری  دەكەوێت ڕۆشن و ڕووناك دەبێتەوە و ئەو لایەی تر كە پێچەوانەی ڕووەكەی ترە ناوچەیەكی سێبەر پەیدا دەبێت و پێی دەوترێت (سێبەری ڕاستەقینە). وە سێبەرەكە دەكەوێتە سەر ڕووی زەوی یان هەر تەنێكی تر كە لە پشت ئەو تەنەوە بوونی هەبێت.

وێنەی (1) شێوەی درووست بوونی سێبەری تەنە بەرجەستەكان

بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین شێوەی جووڵەی سێبەر ڕوون بكەینەوە بە چاودێری كردنی هەر تەنێك یان ستوونێك كە لەبەر خۆر دانرابێت، لەكاتی خۆر هەڵاتن لە بەیانیەوە تاكو كاتی نیوەڕۆ،  دەكەوێتە لای خۆرئاوا. بەڵام لە پاش نیوەڕۆوە تاكو ئاوابوونی خۆر سێبەری  تەنەكان دەكەونە لای خۆر هەڵاتەوە، سێبەری تەنەكان گەورەترین بڕی دەبێت لەكاتی خۆر هەڵاتندا، پاشان دەست دەكات بە بچووك بوونەوە تاكو خۆر دەگاتە ناوەڕاستی ئاسمان (كاتی بانگی نیوەڕۆ) لەم كاتانەدا سێبەری هەموو تەنەكان كەمترین یان بچوكترین بڕی دەبێت، پاشان كاتێك خۆر بەئاڕاستەی خۆرئاوادا دەجوڵێت سێبەری تەنەكان جارێكی تر دەست دەكەن بە زیاد بوون تاكو دەگەنە گەورەترین بڕ لەكاتی خۆر ئاوابووندا.

وێنەی (2) جووڵەی سێبەر بە كشان و چوونەوەیەك بە درێژایی ڕۆژێك

پەیوەندی یەكی بەهێز هەیە لەنێوان گۆشەی بەرزی خۆر لە ئاسماندا لەگەڵ درێژی سێبەری  پەیدابوو لەسەر ڕووی زەوی و ڕووبەرە جۆرا و جۆرەكان. هەرچەندە گۆشەی بەرزی خۆر كەم  بێت درێژی سێبەری پەیدابوو گەورە دەبێت، ئەمەش لەكاتی خۆر هەڵاتن و خۆر ئاوابوون ڕوودەدات، وە هەرچەندە گۆشەی بەرزی خۆر زۆر بێت ئەوا درێژی سێبەری پەیدابوو بچووك دەبێت. واتە پەیوەندی نێوان گۆشەی بەرزی خۆر لەگەڵ درێژی سێبەر پەیوەندیەكی پێچەوانەیە بە زیادبوونی هەریەكەیان ئەوی تر كەم دەكات.

ئاماژە زانستییەكانی ئایەتەكانی سێبەر:

قورئانی پیرۆز لە چەندەها ئایەتدا و لە چەند سورەتێكی جیاوازدا باسی سێبەری كردووە:

1 ــ جیاوازی نێوان سێبەر و خۆرەتاو:

خوای گەورە دەفەرموێت:وَمَا يَسْتَوِي الْأَعْمَى وَالْبَصِيرُ (19) وَلَا الظُّلُمَاتُ وَلَا النُّورُ (20) وَلَا الظِّلُّ وَلَا الْحَرُورُ (21)فاطر. ئەمە ڕاستییەكە هەموو مرۆڤیك دەیزانێت و هەست بەو جیاوازیە دەكەن   لە نێوان ئەو شوێنانەی كە ڕاستەوخۆ بەر خۆر دەكەون و شوێنە سێبەرەكانیش.

2 ــ وەسفكردنی جوڵەی سێبەر:

خوای گەورە دەفەرموێت:وَلِلَّهِ يَسْجُدُ مَن فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ طَوْعًا وَكَرْهًا وَظِلَالُهُم بِالْغُدُوِّ وَالْآصَالِ ۩ (15) الرعد، (قورتبی) لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا دەڵێت: باسی (بەرەبەیان و دەمە و ئێوارانە) چونكە لەم دووكاتەدا سێبەر زیاتر دەر دەكەوێت و لار دەبێتەوە لە لایەكەوە بۆ لایەكی تر، (السجود) بەمانای لار بوونەوە دێت، ئەمەش وەك ئەم ئایەتە پیرۆزە دێت: أَوَلَمْ يَرَوْا إِلَىٰ مَا خَلَقَ اللَّهُ مِن شَيْءٍ يَتَفَيَّأُ ظِلَالُهُ عَنِ الْيَمِينِ وَالشَّمَائِلِ سُجَّدًا لِّلَّهِ وَهُمْ دَاخِرُونَ (48) النحل، لەم ئایەتانەدا بەشێوەیەكی گشتی باسی جووڵەی سێبەری كردووە و كاتی (الغدو والاصال، بەرەبەیان و دەمەو ئێوارانە) چونكە لەم دووكاتەدا زیاتر هەردوو جووڵەی سێبەر ڕوونتر و ئاشكرا ترە، جوڵەی یەكەمی سێبەر جوڵەی گواستنه‌وه‌(انتقال)ی سێبەرە لە خۆر ئاواوە بەرەو خۆرهەڵات، جووڵەی دووەمیش جوڵەی سێبەر بەكشان و چوونەوەیەكە (درێژبوون و كوورتبوون)، ئەم دوو جووڵەیەش هاوكات و پێكەوە ڕوو دەدەن.

* جۆری یەكەمی جوڵەی سێبەر:

خوای گەورە دەفەرموێت: أَوَلَمْ يَرَوْا إِلَىٰ مَا خَلَقَ اللَّهُ مِن شَيْءٍ يَتَفَيَّأُ ظِلَالُهُ عَنِ الْيَمِينِ وَالشَّمَائِلِ سُجَّدًا لِّلَّهِ وَهُمْ دَاخِرُونَ (48) النحل. خوای گەورە باسی ئەوە دەكات كە هەموو تەنەكان بەلای  ڕاست و چەپدا سێبەر پەیدا دەكەن بەمانای بەیانیان و ئێواران.

* جۆری دووەمی جووڵەی سێبەر:

أَلَمْ تَرَ إِلَىٰ رَبِّكَ كَيْفَ مَدَّ الظِّلَّ وَلَوْ شَاءَ لَجَعَلَهُ سَاكِنًا ثُمَّ جَعَلْنَا الشَّمْسَ عَلَيْهِ دَلِيلًا (45) ثُمَّ قَبَضْنَاهُ إِلَيْنَا قَبْضًا يَسِيرًا (46) الفرقان، لە تەفسیری (التحریر والتنویر)دا هاتووە: ئەو تیشكەی لە خۆرەوە دەردەچێت و دەكەوێتە سەر ڕووی تەنەكان ئەگەر لە خاڵێكی (شوێنێكی) نزمەوە بێت ئەوا سێبەری تەنەكە گەورە دەبێت، تاكو بەرزیی خۆر زیاد بكات وردە وردە سێبەرەكە كەم دەكات تاكو دەگاتە خاڵێك لە سەر ڕووی تەنەكەوە بەستوونی، لەم كاتەدا هیچ سێبەرێك بۆ تەنەكان درووست نابێت یان وەكو ئەوەیە ئەو تەنە سێبەری نەبێت، ئەمەش ڕاڤەی ئەو ئایەتەیە كە دەفەرموێت: وَلَوْ شَاءَ لَجَعَلَهُ سَاكِنًا  بەمانای: سێبەرەكە یەك بڕی دەبێت نەكەم دەكات و  نەزیاد دەكات، بەمانای: ئەگەر خوای گەورە ویستی لەسەر بوایە گۆی زەوی بە جێگیری (بە نەجووڵاوی) بەرامبەر بە تیشكی خۆر دەهێشتەوە، بەمەش بڕی سێبەری تەنەكان بە نەگۆڕی  دەمایەوە و سوودی زۆر گەورەمان لە دەست دەچوو.

لەم ئایەتانەی پێشوو زۆر بە وردی باسی جۆری دووەمی جووڵەی سێبەر كراوە كە بریتییە لە كشان و چوونەوەیەك (درێژبوون و كورتبونەوە) لەگەڵ باسكردنی ئەگەری ڕوودانی ئەو جۆرەی سێبەر كە دەتوانین ناوی بنێین سێبەری نەجوڵاو كە لەم ئایەتەدا هاتووە: وَلَوْ شَاءَ لَجَعَلَهُ سَاكِنًا.

3 ـــ سێبەر یەك شێوە نییە:

خوای گەورە دەفەرموێت:وَاللَّهُ جَعَلَ لَكُم مِّمَّا خَلَقَ ظِلَالًا وَجَعَلَ لَكُم مِّنَ الْجِبَالِ أَكْنَانًا وَجَعَلَ لَكُمْ سَرَابِيلَ تَقِيكُمُ الْحَرَّ وَسَرَابِيلَ تَقِيكُم بَأْسَكُمْ ۚ كَذَٰلِكَ يُتِمُّ نِعْمَتَهُ عَلَيْكُمْ لَعَلَّكُمْ تُسْلِمُونَ (81) النحل. خاوەنی (التفسیر المیسر) لە ڕاڤەی ئەم ئایەتەدا دەڵێت: سێبەری دارەكانی بۆ كردوون و لە شاخەكانیش ئەشكەوتی وای بۆ دروست كردوون كە شوێن گەلێكی وای تیایە دەتوانن لەكاتی پێویستدا پەنای بۆ بەرن.. وشەی (ظِلَالًا ) بەشێوەی كۆ هاتووە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە سێبەر هەمووی یەك شێوە (جۆر) نییە لەكاریگەریدا.. ئەمەش ئیعجازێكی تری قورئانە كە لەتەوەرەی چوارەمدا باسی لێوە دەكەین.

4 ــ باسی چەند نموونەیكی دیاری كراو لە جۆرەكانی سێبەر:

أ -سێبەری بەسوود (سێبەری سۆز و ڕەحمەت):

سێبەری ڕەحمەت: خوای گەورە چەند شێوەیەك لە سێبەری ڕەحمەتی باس كردووە كە بە درێژی باسی لێوە دەكەین:

سێبەری هەورەكان (هەوری سپی):

وَظَلَّلْنَا عَلَيْهِمُ الْغَمَامَ وَأَنزَلْنَا عَلَيْهِمُ الْمَنَّ وَالسَّلْوَىٰ ۖ كُلُوا مِن طَيِّبَاتِ مَا رَزَقْنَاكُمْ ۚ وَمَا ظَلَمُونَا وَلَٰكِن كَانُوا أَنفُسَهُمْ يَظْلِمُونَ (160) الأعراف.

(قورتبی) لە تەفسیرەكەیدا دەڵێت: هەورەكانمان كردووە بە سێبەر بە سەرتانەوە. (السدی)  دەڵێت: (ألغمام) بە مانای هەوری سپی دێت. خوای گەورە بەم شێوەیە سێبەری (بۆ بەنی ئیسرائیل) كردووە بۆ ئەوەی لە گەرمای خۆر بیانپارێزیت..

– سێبەری چڕ وپڕ (الظل الظلیل):

الظل الظلیل:وَالَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ سَنُدْخِلُهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَدًا ۖ لَّهُمْ فِيهَا أَزْوَاجٌ مُّطَهَّرَةٌ ۖ وَنُدْخِلُهُمْ ظِلًّا ظَلِيلًا (57) النساء.

(ئیبن كەسیر) لە تەفسیرەكەیدا دەڵێت: سێبەریكی چڕ وپڕ. (ئەبو هورەیرە) دەڵێت: پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم دەفەرموێت:(لە بەهەشتدا دارێك هەیە ئەگەر ئەسپ  سوار لە سێبەرەكەیدا سەد ساڵ بڕوات، نایبڕێت ئەویش داری نەمرییە).

 – سێبەری بەردەوام (الظل الممدود) و ئاوی بە ژێردا بڕوات:

وَأَصْحَابُ الْيَمِينِ مَا أَصْحَابُ الْيَمِينِ (27) فِي سِدْرٍ مَخْضُودٍ (28) وَطَلْحٍ مَنْضُودٍ (29) وَظِلٍّ مَمْدُودٍ (30) وَمَاءٍ مَسْكُوبٍ (31)  الواقعة.

وَأَصْحَابُ الْيَمِينِ) چ پلە و پایەیەكیان هەیە و چ  پاداشتێكیش دەدرێنەوە، لە باخێكدان دڕكی نییە، مۆزی جوان ڕیزكراو و، سێبەرێكی بەردەوامی دوور و درێژ و ئاوی زۆر و تاڤگە و حەوزی زۆری تیایە كە هەرگیز وشك ناكات.

ئەم ئایاتانەی پێشوو نمونەیەكە لەسەر سێبەری سوود بەخش ئەویش سێبەرێكە بەردەوامە و ئاویش بە ژێریا دەڕوات كە لەگەڵا سێبەرەكە كاریگەری زۆری هەیە لەسەر كەم كردنەوەی پلەی گەرما.

ب- سێبەری زیان بەخش (سێبەری سزا):

قورئانی پیرۆز چەند نمونەیەكی لە سێبەری زیان بەخش هێناوەتەوە:

سێبەری دووكەڵی ڕەش: وَظِلٍّ مِنْ يَحْمُومٍ (43) لَا بَارِدٍ وَلَا كَرِيمٍ (44) الواقعة، لە كتێبی (الجامع البیان)دا هاتووە: (ظل من یحموم) بە مانای دووكەڵ هاتووە. (قتادە)  دەڵێت: (یحموم) سێبەری دووكەڵە، دووكەڵی دۆزەخ، خوای گەورە دەفەرموێت سارد و فێنك نییە وەك سێبەری هەموو شتیكی تر بەڵكو گەرمە، چونكە دووكەڵی ئاگری دۆزەخە (خۆشی بەخش) نییە بەڵكو ئازار بەخشە بۆ ئەو كەسەی پەنای بۆ دەبات.  

* سێبەری دوكەڵی سێ بەش (ظلّ ذي ثلاث شعب):

خوای گەورە دەفەرموێت: انْطَلِقُوا إِلَى ظِلٍّ ذِي ثَلَاثِ شُعَبٍ (30) لَا ظَلِيلٍ وَلَا يُغْنِي مِنَ اللَّهَبِ (31) المرسلات، (تەبەری) لە تەفسیری ئەم ئایەتە دەفەرموێت: خوای گەورە كە باسی ئەو كۆمەڵە كەسانە دەكات كاتێك ئەو هەموو بەڵگانەی بوونی ڕۆژی دواییان بە درۆ  دەخستەوە:انْطَلِقُوا إِلَى مَا كُنْتُمْ بِهِ تُكَذِّبُونَ (29) المرسلات لە دنیا ( تُكَذِّبُونَ ) لە عەزابی خوا بۆ كافران انْطَلِقُوا إِلَى ظِلٍّ ذِي ثَلَاثِ شُعَبٍ (30) بە مانای بڕۆنە سێبەری دوكەڵێكی سێ بەش چونكە دووكەڵەكە لە سووتەمەنییەكەوە بەرز دەبێتەوە و لە كاتی بەرزبوونەوەیدا دەبێتە سێ بەشەوە.

سزای رۆژی سێبەرەكە (هەوری ئەشكەنجە بەخش):

فَكَذَّبُوهُ فَأَخَذَهُمْ عَذَابُ يَوْمِ الظُّلَّةِ ۚ إِنَّهُ كَانَ عَذَابَ يَوْمٍ عَظِيمٍ (189) الشعراء

نموونەیەكی تر لەسەر سێبەری زیان بەخش (ئەشكەنجە بەخش)، ئەشكەنجەی قەومی شوعەیبە فكذبوه فأخذهم عذاب يوم الظلة لە تەفسیری (ألآلوسی) هاتووە ئەو قەومە بەردەوام بوون لە بە درۆخستنی (شوعەیب) سەلامی خوای لێ‌ بێت. ئەمەش بووە هۆی سزا دانیان فأخذهم عذاب يوم الظلة  واتە: سزای ڕۆژی هەور و سێبەر دایگرتن كە لە ژێریدا ئاگر باران كران(تەفسیری ئاسان).

ڕوون كردنەوەی لایەنەكانی ئیعجازی زانستی لە ئایەتەكانی سێبەر:

ئەو ئایەتە پیرۆزانەی كە باس لە سێبەر دەكەن لە چەند ڕوویەكەوە ئیعجازی تێدایە، بەم شێوەیە:

1- گشتگیری و وردی لە وەسف كردنی باسی سێبەر:

 ئیعجازێكی قورئانی پیرۆز ئەوەیە كاتێك كە باس لە سێبەر دەكات وەسفی دەكات وەك دیاردەیەكی سرووشتی كە پەیوەندی هەیە بە جوڵەی خۆرەوە، باس كردنەكەش بە شێوەیەكە كە هیچ دژی تیانییە لەگەڵ ئەو ڕاستییە زانستیانەی كە دۆزراونەتەوە و باسییان لێكراوە.

ئاماژەكانی قورئانی پیرۆز لەم بابەتدا:

أ ـ جیاوازی نێوان سێبەر و خۆرەتاو.

ب ـ وەسف كردنی زۆر وردی بۆ شێوەی جووڵەی سێبەر و بە شێوەكی  دوور و درێژ.

ج ـ باس كردنی جۆرەكانی سێبەر، كە لە یەك جۆر زیاترن.

د ـ باس كردنی جۆرەكانی سێبەر لەو لایەنەی كە سوود بەخش و زیان بەخشی (سزا بەخش) هەیە.

2 سەلماندنی ئەو لایەنەی كە سێبەر یەك جۆر نییە:

خوای گەورە لە سورەتی النحل:81 دەفەرموێت:(وَاللَّهُ جَعَلَ لَكُم مِّمَّا خَلَقَ ظِلَالًا وَجَعَلَ لَكُم مِّنَ الْجِبَالِ أَكْنَانًا وَجَعَلَ لَكُمْ سَرَابِيلَ تَقِيكُمُ الْحَرَّ وَسَرَابِيلَ تَقِيكُم بَأْسَكُمْ ۚ كَذَٰلِكَ يُتِمُّ نِعْمَتَهُ عَلَيْكُمْ لَعَلَّكُمْ تُسْلِمُونَ (81)) وشەی (ﭱ) كە بە شێوەی كۆ هاتووە، ئاماژەیەكە بۆ جۆرەكانی سێبەر، پلەی گەرمی ناوچە سێبەرەكان دەگۆڕێت بە گوێرەی ئەو تەنەی كە درووستی كردووە.

لێكوڵینەوەكان سەلماندویانە كە جیاوازی هەیە لە پلەی گەرمی باڵەخانە و دیوارەكان كاتێك  سێبەری دەكەوێتە سەر بە گوێرەی ئەو تەنەی كە ئەو سێبەرە درووست دەكات. ئەو لێكوڵینەوانە دەریان خستووە ئەو سێبەرەی باڵەخانەكان دەیخەنە سەر یەكتر جیاوازە لەگەڵ ئەو سێبەرەی كە ڕووەكە هەڵواسراوەكان و درەختەكان دەیخەنە سەر باڵەخانەكان, هەروەها ئایەتەكە ئاماژە بۆ جیاوازی سێبەری تەنە سروشتیەكان دەكات وەك (دار و درەخت و شاخ و كێوەكان) كە كاریگەری زیاترە لە دابەزینی پلەی گەرمی.

ئیعجازی باس كردنی چەند شێوەیەكی سێبەری سوود بەخش و زیان بەخش.

1- باسی سێبەری بەردەوام و ئاوی بە ژێردا بڕوات:

لەبەر گرنگی سێبەر بۆ فەراهەم كردنی كەشێكی خۆش بۆ مرۆڤ، بە تایبەتی لە شوێنە گەرمەكاندا،  قورئان لە چەند شوێنێك و لەچەند ئایەتدا نموونەی هێناوەتەوە لەسەر (سێبەری سوود بەخش)،  وەك سێبەری هەوری سپی، وەك ئەم ئایەتە پیرۆزە:وَأَصْحَابُ الْيَمِينِ مَا أَصْحَابُ الْيَمِينِ (27) الأعراف.

وە لەچەند ئایەتێكی تردا باسی سێبەری بەردەوام (كاتێك ئاوی بەژێردا دەڕوات) كراوە وەك  ئایەتەكانی 27 ــ 31 ی سورەتی (الواقعە) وَأَصْحَابُ الْيَمِينِ مَا أَصْحَابُ الْيَمِينِ (27) …ﭼ بەكارهێنانی ئاو بۆ شێداركردن و فێنك كردنەوەی هەوای ناوچە سێبەرەكان كاریگەری زۆری هەیە لەسەر نزم  بوونەوەی پلەی گەرمی هەوای ناوچە سێبەرەكان، ئەمەش وا دەكات كە هەست بە خۆشی بكەیت، بە تایبەتی لە شوێنە گەرمەكاندا وەكو دوورگەی عەرەب شوێنی دابەزینی قورئان.

2- سیبەری  چڕ و پڕ (ظل ظلیل):

ئایەتی (57)ی سورەتی (ألنساء) باسی یەكێك لە نیعمەتەكانی خوای گەورە دەكات كە بۆ ئەهلی بەهەشت ئامادەی كردووە ئەویش سێبەری چڕ و پڕە: وَالَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ سَنُدْخِلُهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَدًا ۖ لَّهُمْ فِيهَا أَزْوَاجٌ مُّطَهَّرَةٌ ۖ وَنُدْخِلُهُمْ ظِلًّا ظَلِيلًا (57) النساء. كە بریتیە لە چەند چینێك سێبەر لەسەر یەكتر، باشترین نموونە لەسەر ئەم جۆرە سێبەرە بریتییە لە سێبەری گەڵای دار  لەسەر یەكتر.

لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە كە باشترین ڕێگە بۆ كەم كردنەوەی كاریگەری پلەی گەرمی لەسەر ڕووی دەرەوەی خانوو و باڵەخانەكان بریتیە لە درووست كردنی سێبەر لەسەر ئەو ڕووە دەرەكییە ئەویش بەدانانی سەقفێكی زیادە لەسەر ئەو خانووە یان باڵەخانەیە (وێنەی3)، كە ناهێڵێت ڕاستەوخۆ تیشكی خۆر بكەوێتە سەر ڕووەكەی ژێرەوە (سەقفە بنەڕەتیەكە) بەم شێوەیەش گواستنەوەی وزەی گەرمی (ألانتقال الحراری) كەم دەبێتەوە لە ڕووە دەرەكیەكەوە بۆ بنەڕەتیەكە بە بوونی بۆشاییەك لە نێوان هەردوو ڕووەكە بە شێوەیەك كە ڕێگە بدات  بەتێپەڕ بوونی هەوا لەنێوان هەردوو ڕووەكە، كە ئەم بۆشاییە كاریگەری زۆری هەیە لەسەر كەمكردنەوەی گواستنەوەی وزەی گەرمی. ئەمەش نموونەیەكی سێبەری چڕ و پڕە (ظلیل).

 وێنەی (3) بڕگەیەك لە خانوویەكی نوێ، تیایدا شێوەی سێبەر دروست كردن ڕوون دەكاتەوە بە بەكارهێنانی سەقفی كانزایی كە ڕووناكی خۆر دەداتەوە بۆ ناو هەوا.

3- سێبەری دووكەڵی ڕەش:

نموونەی سێبەری زیان بەخش ئەم ئایەتە پیرۆزەیە: لَا بَارِدٍ وَلَا كَرِيمٍ (44) الواقعە.. باس كردنی سێبەری زیان بەخش سەبقێكی قورئانە چونكە (یحموم) بریتیە لە دووكەڵێكی ڕەش كە هەر سەیركردنی ئازارە، بە زمانی عەرەبی (الضبخان)ی پێ دەوترێت وە بە ئینگلیزی (smog)، كە لە تەم و دووكەڵێكی ڕەش وگەرم پێك دێت، ئەم جۆرە دوكەڵە نەك هەر نەناسراو بوو، بەڵكو هەر بوونی نەبووە تاكو شۆڕشی پیشەسازی و بڵاوبوونەوەی پیسكەرە كیمیاییەكان كە بەشێوەی هەڵم و دووكەڵ بەرز بوونەوە بۆ ناو بەرگە هەوا (لە هەندێ بارودۆخی تایبەتیدا)، كە ئەمەش وا دەكات پەڵە هەوری ڕەش پەیدا ببێت و بەر لە تیشكی خۆر بگرێت. بەڵام ئەم دووكەڵە ڕەشە زیان بە تەندرووستی دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هەستكردن بە كەش و هەوایەكی ناخۆش، لەلایەكی تریشەوە دیمەنێكی ناشرینە.

سەرچاوە: موسوعە ألأعجاز العلمی فی القران والسنە، بۆ زانیاری زیاتر و خوێندنەوەی دەقە عەربیەكەش ئەمە لینكی بابەتەكەیە:

http://quran-m.com/container2.php?fun=artview&id=964

هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌كانی نوسه‌ر:

(1) Baroum, A.H. (1983). Energy responses to vernacular shelter and settlement in continental Morocco, North Africa. Proceedings of the second international plea conference: “Passive and low energy Architecture”. Pergamon press, New York

(2) Givoni, B. (1994). Passive and low energy cooling of buildings. Van Nostrand Reinhold company, New York

(3) Yehia Wazeri (2001). The natural cooling system…an approach for improving the thermal performance of buildings in North Africa (Ph.D.). Institute of African Research and Studies, Cairo University

(4) WWW.ar.wikipedia.org

(5) WWW.Lampa.Bibalex.org

 

Share Button

1060 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Scroll to top