دیاری كردن و دەركەوتنی ڕەگەزی كۆرپەلە، گومانە یان موعجیزە!!

3511 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

لەمیانەی ئەم توێژینەوە زانستییەدا، هەوڵ دەدەین بە بەڵگەی زانستی و لۆجیكی ڕاستییەك دەربارەی زانستی كۆرپەلەزانی لەسەر ڕەگەزی كۆرپەلە ڕوون بكەینەوە، لەلایەك تاكو چیتر خەڵكان چەواشە نەكرێن و ڕووبەری بیر و ژیرییان بە ئەفسانە و ئەجێندای ناڕاست داگیر نەكرێن… لەلایەكیش ڕەواندنەوەی ئەو گومانەی بێباوەڕان بێت كە هەردەم وەك ڕەخنە لە دژی ئیسلام دووبارەی دەكەنەوە.. بێگومان هەموو پڕۆژەیەكی زانستیش بەندە لە سەر كۆكردنەوەی زانیاری لە ڕێگەی تاقیكردنەوە و بینینەوە…

یەكێك لە ڕەخنەی بێباوەڕان، گوایە فەرموودەیەكی پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم هەڵەی زانستی تێدایە كاتێك باس لە دروست بوون و دیاریكردنی ڕەگەزی كۆرپەلە دەكات!! لە (حوزەیفەی غەففاری)یەوە دەڵێت: (سمعت رسول الله بأذني هاتيين يقول: إن النطفة تقع في الرحم أربعين ليلة..ثم يتصور عليها الملك… قال زهير: حسبته قال الذي يخلقها فيقول  يا رب أذكر أم أنثى فيجعله الله ذكرا أو أنثى.  ثم يقول يا رب اسوي أو غير سوي؟ فيجعله الله سوي أو غير سوي. ثم يقول يا رب ما رزقه؟ ما اجله؟ ما خلقه؟ ثم يجعله الله شقيا أو سعيدا. صحيح مسلم- الصفحة أو الرقم: 2645). ئەم فەرموودەیە بە ئاشكرا و بە ڕوونی ئاماژە دەكات بۆ ئەو ڕاستییە زانستییەی كە هەتا حەفتەی شەشەم هەردوو كۆرپەلەی نێر و مێینە وەك یەك دەبن و، لە هەفتەی حەوتەمەوە جیاكاری لە نێوانیاندا دەست پێ‌دەكات و، خوای گەورە بڕیاریان لەسەر دەدات كە ئەو كۆرپەلەیە نێر بێت یان مێینە.

بێباوەڕان دەڵێن ئەم فە رموودەیە دژ بە بنەماكانی زانستی سەردەمە،  چونكە دیاریكردن و جیاكردنەوەی ڕەگەزی كۆرپەلە لە سەرەتاوە واتە لە ساتی پیتاندندا دەبێت و!! پێغەمبەریش ( صلى الله عليه وسلم ئە م زانیاریانەی بە هەڵە لە (سوقرات)ەوە وەرگرتووە.!

سەرەتا پێش ئەوەی بچینە سەر فەرموودەكە دەبێت ئەوە بزانین كە پێویستە چەند ڕۆژێك بەسەر پیتاندنی هێلكۆكەدا بڕوات، ئەو كات ڕەگەزی كۆرپەلە لە ڕێی كرۆمۆسۆمە وە دیاری دەكرێت XY بۆ ڕەگەزی نێر وە XX بۆ ڕەگەزی مێ‌، هەروەك زانای بەناوبانگی كۆرپەلەزانی (كیس مۆر) لە لێدوانێكیدا دەڵێت: (لە 10 ڕۆژ بەرەو سەر دەتوانم لەسەر ئاستی كرۆمۆسۆم ڕەگەزی كۆرپەلە دیاری بكەم)، هەروەها زانراویشە كە چەند ڕێگەیەكی پشكنینی جینی تریش هەیە كە دەتوانرێت لە هەفتە جیاوازەكانی تەمەنی كۆرپەلەدا بۆ ئەو مەبەستە بەكاربێت لە وانەش aminocentesis, PGD, chorionic, villus sampling بەڵام ئەمانە زیاتر بۆ دیاریكردنی نەخۆشیە بۆماوەییەكانی كۆرپەلە پێش وەخت بەكاردێن و، زۆربەی كاتیش مەترسین بۆ لەبارچونی كۆرپەلە، قورئانی پیرۆزیش پێش 14 سەدە ئاماژە بە ئەم ڕاستییە دەكات، كاتێك خوای گەورە دەفەرموێت:  وَأَنَّهُ خَلَقَ الزَّوْجَيْنِ الذَّكَرَ وَالْأُنثَىٰ (45)مِنْ نُطْفَةٍ إِذَا تُمْنَى (46)  النجم.                                         

(واتە: هەر خوای گەورەیە كە ڕەگەزی نێر و مێینەی‌ بەدی هێناوە لە نوتفەیەك كاتێك بەرنامەڕێژی بۆ دەكرێت، وشەی (تمنی) بە واتای دەرچونی نوتفەكە و گەیشتنی بە هێلكە دەگەیەنێت، هەروەها لە زمانی عەرەبیدا بە واتای (تقدر) دێت. واتە: كاتێك نوتفەكە بەرنامەی بۆ دادەنرێت و مرۆڤێكی نوێ ئەندازە دەكرێت، هەر ئەو كاتە نێر و مێینە لەگەڵ بەرنامەڕێژیەكەدا دروست دەكرێن كە ئەمە لەسەر ئاستی كرۆمۆسۆمەكانە و، لەكاتی پیتاندنی هێلكە هەموو بەرنامەڕێژیەك بۆ مرۆڤێكی نوێ دەكرێت لە ڕێگای كرۆمۆسۆمەكانەوە. هەروەك ئایەتێكی تر دەفەرموێت:مِن نُّطْفَةٍ خَلَقَهُ فَقَدَّرَهُ (19)عبس. واتە:(كاتێك نوتفەی نوێ دروست دەكرێت ڕاستەوخۆ بەرنامەڕێژیشی بۆ دەكرێت).. ئەم ئایەتە زۆر بە ڕوونی ئاماژە بە درووستبوون و دیاریكردنی ڕەگەزی كۆرپەلە دەكات لەساتی پیتاندا لە جینەوە لەسەر كرۆمۆسۆمەكان.

لێرەوە بەكورتی دەست دەكەین بە شیكردنەوەی ئەو ئاماژە زانستییەی (چل ڕۆژەكە) كە لە فەرموودەكەی پێشەوەدا هاتووە.. مانای فەرموودەكە بەزمانی عەرەبی زۆر ڕوون و ئاشكرایە باسی دەركەوتنی ئەندامانی زاوزێ‌ دەكات، كە هەتا 40 ڕۆژ هیچ جیاوازیەك نابینرێت لە نێوان كۆرپەلەی نێر و مێینە و وەك یەك دەبن، زانستیش ئەمەی سەلماندووە و هیچ بوارێك بۆ گومان نەماوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدا تێگەیشتنی سەردەمانی پێشوو لە بارەی نێر و مێینەوە بە جیاوازی ئەندامی زاوزێیان بووە..!

بێباوەڕان دەیانویست ئەم موعجیزەیە بكەنە گومان كە گوایە ئەم فەرموودەیە مەبەستی دەركەوتنی ڕەگەزی كۆرپەلەیە لەسەر ئاستی كرۆمۆسۆم!!!

فەرموودەكە دەفەرموێت:(فریشتەكە پرسیار دەكات: ئەی خوای گەورە كوڕ بێت یان كچ؟ خوای گەورەش فەرمانی پێدەكات بە كوڕ یان كچ)، لەڕووی زانستیشەوە ئەمە ڕاستە، چونكە دوای دابەشبوونی خانەكان گۆڕانكاری ڕوودەدات، لەوانەیە ئەو كرۆمۆسۆمەی هەڵگری سیفەتی مێینەیە دوای دروست بوون بەهۆی چەند هۆكارێكەوە ببێت بە كوڕ.. تا ئێستاش هیچ ڕێگایەك نییە بۆ زانینی ئەو هۆكارانەی كە دەبنە هۆی گۆڕانكاری لە ڕەگەزی كۆرپەلەدا لەسەر هەر سێ‌ ئاستەكە (كرۆمۆسۆم، توخمەخانەكان، ڕژێنەكان)، كەواتە جیاوازی هەیە لە نێوان كرۆمۆسۆمی سەرەتایی لەگەڵ كرۆمۆسۆمی هەمان كۆرپەلە دوای تەواوبوونی و درووست كردن (خەلق)كردن.

با بزانین پێناسەی (نێر و مێینە) لە ڕووی پزیشكییەوە چییە؟

Gender: The sex of an individual, male or female, based

(on reproductive anatomy female /fe•male/ (fe´mal

واتە: (ڕەگەزی تاكەكان نێر یان مێ‌ بە ندە لە سەر توێكاری ئەندامانی زاوزێ) ئایەتێكی قورئانیش پاڵپشتی ئەم ڕاستییە دەكات، خوای گەورە دەفەرموێ‌: أَلَمْ يَكُ نُطْفَةً مِّن مَّنِيٍّ يُمْنَىٰ (37) ثُمَّ كَانَ عَلَقَةً فَخَلَقَ فَسَوَّىٰ (38) فَجَعَلَ مِنْهُ الزَّوْجَيْنِ الذَّكَرَ وَالْأُنثَىٰ (39)القيامة، لەم ئایەتەدا خوای گەورە زۆر بە وردی باسی قۆناغەكانی گەشەكردن و دەركەوتنی ڕەگەزی كۆرپەلە دەكات، ئایەتی (37) ئاماژە بە كاتی پیتاندنی هێلكۆكە دەكات لەلایەن (تۆ) وەوە، واتە fertilization، لە ئایەتی (38) یش پیتی (ثم) بەكارهاتووە واتە دوای پیتاندن ماوەیەكی پێ‌دەچێت پاشان دەبێت بە هەڵواسراوێك (علقة)، دوای ئەویش جوراو (مضغة)، دوای ئەوە یەكسەر دەفەرموێت: ( ) واتە ڕێكبوونەوە یان ڕاوەستاو (استواه)، كاتێك لە پرۆفیسۆر (كیس مۆر)یشیان پرسی: لە وەڵامدا وتی ئەو قۆناغە دروست بوونی ئێسكە كە ئەویش لە هەفتەی حەوتەم دەبێت. بۆیە ئەم ئایەتە باسی جیابوونەوەی نێر و مێ‌ دەكات ڕاستەوخۆ دوای قۆناغی گەشەكردنی ئێسك واتە ڕێك بوونەوە دوای ئە وەی لە سەر شێوەی چەماوە(مضغة) بوو, خوای گەورە فەرمویەتی: (فجعل) نەی فەرمووە: (ثم جعل)، واتە ڕاستەوخۆ دوای ئێسك و ڕێك بوونەوەی كۆرپەلە بەهۆی ئێسكەوە، لە هەفتەی حەوتەمەوە ئەندامانی ناوەوەی ڕەگەزەكانی نێر و مێ‌ جیا دەبنەوە و دەردەكەون… بڕوانە ئایەتەكە دەفەرموێت: (فجعل منە الزوجین) و نافەرموێت: (خلق الزوجین) چونكە ئەم ئایەتە مەبەستی لە دروست كردن نییە، بەڵكو باسی جیابوونەوە لە بەشێكی كۆرپەلە دەكات لەسەر ئاستی ئە ندامی زاوزێ‌. بەم شێوەیە ئەم گومانەی بێباوەڕانیش بوو بە ئیعجاز، پاك و بێگەردی بۆ خوای گەورە.

ئەگەر بە وردیش سەیری ئەم وێنەیە بكەین، دەبینین لە شەشەم هەفتەوە تا نۆیەم هەفتە ئەندامانی زاوزێ لە دەرەوە جیا ناكرێنەوە و هەردوو ڕەگەز وەك یەكن، لە ژمارە (5) دا نوسراوە genital tuber لە شەشەم هە فتەدا، هیچ جیاوازیەك نابینین.

لێرەدا ئەگەر پرسیارێك بكەیین چۆن پێغەمبەرزانی لە ڕۆژی  40 هیچ جیاوازیەك نییە لە ئەندامانی زاوزێی هەردوو ڕەگەزەكە؟ كە قەبارەی كۆرپەلە ئەوەندەی دەنكە فاسۆلیایەكە؟ بەڵێ‌ لەگەڵ پێشكەوتنی بواری (جێنێتیك و مۆڵكیولەر بایەلۆجی) و دروست بوونی مایكرۆسكۆبدا زیاتر ئەم ڕاستییە ڕوون بۆتەوە، پڕۆفیسۆر (كیس مۆر) لە كتێبە بەناوبانگەكەی (the developing human) بواری كۆرپەلەزانیدا كە لە زۆرێك لە كۆلێژە پزیشكیەكان دەخوێنرێت،  دەڵێت:

Although the chromosomal or genetic sex of an embryo is determined at fertilization by the kind of sperm that fertilizes the secondary oocyte.Male and female morphological characteristics do not  begin to develop until seventhz week.)

 واتە: هەرچەندە كرۆمۆسۆم و جینی كۆرپەلە دەتوانرێت دیاری بكرێت لەكاتی پیتاندندا بە تۆوێكی تایبەتی كە هێلكۆكە كە دەپیتێنێت، و بەڵام تایبەتمەندی شكڵ و شێوەی نێر و مێ‌ دەست پێ‌ ناكات بە گەشەكردن تاوەكو هەفتەی حەوتەم.. واتە تاوەكو هەفتەی شەشەم جیاوازییان نییە بۆیە لەم كاتەدا پێی دەوترێت:  indifferent stage، دوای هەفتەی شەشەم جیاوازییەكان دەردەكەوێت و دەگۆڕێت بۆ قۆناغی different stage  و خانە سەرەتاییەكان دەردەكەون، (گونەكان لەگەڵ هێلكەكان) دروست دەبن لە هەفتەی حەوتەمدا… هەروەها لە كتێبی  Longmans medical embryology لە چاپی 12 دا كە دوا چاپە نوسەر دەڵێت: [Germ cell do not appear in the genital ridges until six week of development.] ، واتە: توخمە خانەكان (ئەو خانانەی دەبن بە هێلكە و گونەكان) دەرناكەون لە genital ridge تا شەشەم هەفتەی گەشەكردن. (واتە تا هەفتەی شەشەم توخمەخانەكان دەرناكەون و لە هەفتەی حەوتەمەوە دەست دەكەن بە گەشەكردن).

هەروەها دەڵێت: (although the sex of embryo is determined genetically at the time of fertilization, the gonads do not acquire male and female morphological characteristics until seventh week of development) واتە: هەرچەندە دەتوانرێت لەكاتی پیتاندندا ڕەگەزی كۆرپەلە لە ڕێگەی جێنێتیكەوە دیاری بكرێت، بەڵام كۆرپەلە شێوە و خاسیەتی نێر و مێ‌ وەرناگرێت هەتا هەفتەی حەوتەمی گەشەكردن.. ئەمەش بە لێكۆڵینەوە و تاقیكردنەوەیان لەسەر كردووە و گەیشتوون پێی، كە بووە بە بەڵگە كە هەتا شەشەم هەفتە كۆرپەلەی نێر و مێ هیچ جیاوازیەكیان نییە.

ئەوەی كە جیاكاری دروست دەكات كرۆمۆسۆمی Y یە كە جیینێكی تێدایە بە ناوی SRY پڕۆتینێك دروست دەكات ناوی testis –determining factor بە هۆی ئەمەوە گونەكان دروست دەبن (نێر) و، نەبوونی ئەمە دەبێتە هۆی دروست بوونی ڕەگەزی مێ‌.

لەوانەیە لێرەدا یەكێك پرسیار بكات دەربارەی ئەوەی كە ئێستا هەندێك ڕێگە هەیە دەتوانین بەهۆیەوە ڕەگەزی كۆرپەلە هەڵبژێرین؟ پێیان دەڵیێن ئەمە تا ڕادەیەك ڕاستە  بەڵام هیچ گەرەنتییەكیان نییە، بە نموونە ئەوەتا یەكێك لە پێگە بەناوبانگەكانی بواری پزیشكی ئەم دەستەواژەیەی لە كۆتا دێڕیدا نووسیووە:

 واتە: بەڵام ناتوانرێت هیچ گەرەنتییەك بدرێت.. چونكە ئەو ڕێگەیانە هەمووی پشت دەبەستن بە هەندێك ئەگەرەوە نەك باوەڕێكی چەسپاو.. ڕێژەی بوونی كوڕ%51  بەهۆی ئەو هۆڕمۆنەی كە پێشتر ئاماژەمان پێدا كە ئەویش سروشتی و ئاساییە، وە ڕێژەی كچ %49 بەبێ‌ هیچ ڕێگایەك (واتە ئەگەری ڕاست دەرنەچوونی هەڵبژاردنەكە زۆرە).. لەگەڵ ئەوەدا هۆكاری دیكەش هەن لەوانە خواردن، پلەی گەرمی ناو لەشی ئافرەت، كاتی جووتبوون، ڕێژەی ترشی و تفتی دەمی منداڵدانی ئافرەت، ئەمانە وەكو چەند هۆكارێك  دانراون و، هەندێك هۆكاری دیكەی تریش كە هێشتا نەزانراون.

لە پێگەی (webmd.com)ی پزیشكی ئەمریكی ئەم دەستەوەژایە نوسراوە:

 A news release from the Genetics and IVF Institute reports that Micro Sort has a 91% success rate among couples wanting girls, and a 73% rate for those wanting boys. The American Society for Reproductive Medicine recommends neither PGD nor CVS as a sex selection method for couples looking to balance the gender ratio in their families.

واتە: ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەم ڕێگایە واتە (Micro sort) ڕێژەی سەركەوتنی لە ئەمەریكا %91 بووە بۆ ئەوانەی كچیان ویستووە، بۆ كوڕیش %73 بووە, دەستەی زاوزێی هەناوی ئەمەریكی پێشنیاری كردووە كە ئەم ڕێگایانە (PGD , CVS) بۆ هە ڵبژاردنی ڕەگەز دەكرێت نابنە هۆی دیاریكردنی ڕەگەزەكە و هاوسەنگی بۆ خێزانەكان. (كەواتە ڕێژەكە لە %100 نییە).

بەڵام لەمە سەیر تر ئەوەیە، ئەگەر بتوانیت بە دەستی خۆت تۆوێك كە هەڵگری خاسیەتی مێینە بێت بپیتێنیت بە هێلكۆكەیەك و%1000  بزانیت ڕەگەزەكە مێینە دەردەچێت, لەگەڵ ئەوەشدا هەر گەرەنتی نییە و لەوانەیە كۆرپەلەكە نێر بێت، بە نموونە حاڵەتی (XX (MALE SYNDROME كە بە لاشە نێرە بەڵام كرۆمۆسۆمی مێینەی هەیە XX  كە ئەمە هۆكارەكەی نەزانراوە. (ڕێژەی ئەمەش 1 تا 20-25 هەزار دەبێت)، هەروەها لە كتێبی (Ggynecology by ten teachers)دا چاپی (18) بە م دەستەواژەیە نوسراوە:

IN XX MALE SYNDROME,THE PERSON HAS FEMALE CHROMOSOMES BUT MALE PHYSICAL FEATURES.

واتە: لەم نەخۆشیەدا مرۆڤەكە كرۆمۆسۆمی ڕەگەزی مێینەیە بەڵام لە هەمانكاتدا ئەندامی نێرینەی هەیە…

بە هەمان شێوە حاڵەتێكی دیكە هەیە XY FEMALE، ئەم مرۆڤە ڕەگەزی نێرە بەڵام لە هەمانكاتدا ئەندامی مێ‌یەی هەیە، هەروەها یەكێك لە حاڵەتەكانی دیكەش نەخۆشییەكە بەناوی intersex یاخود Ambiguous genitalia واتە تێكەڵبوونی هەردوو ئەندامی زاووزێی نێر و مێ‌ كە زۆربەی كات لەكاتی لە دایك بووندا دەردەكەوێت، ئەمیش بە زۆری بە هۆی تێكچوونی ڕژێنەكانی سەر گورچیلەیە congenital adrenal hyperplasia، منداڵەكە   xx46 كرۆمۆسۆمی هەیە.. بەو شێوەیە دەتوانین بڵێین كرۆمۆسۆم دەوری لە دیاری كردنی ڕەگەزدا هەیە بەڵام هەموو شتێك نییە و كۆتایی پێ‌ ناهێنێت..

هەروەها یەكێك لە گومانەكانی تر ئەوەیە كە دەڵێن (سوقرات) لە وتارێكیدا باسی دەست نیشانكردنی ڕەگەزی كۆرپەلەی لە 42 ڕۆژدا كردوە، پێغەمبەریش ( صلى الله عليه وسلم ئەم زانیاریەی لەو وەرگرتووە، كە ئێستا زانست سەلمانویەتی  هەڵەی كردووە.

بەڵام لەلایەكەوە هەتا ئێستا نەسەلمێنراوە كە هیچ پەرتوكێكی (سوقرات) بە زمانی عەرەبی لەسەردەمی پێغەمبەردا ( صلى الله عليه وسلم هەبووبێت بەتایبەتی لە دورگەی عەرەبیدا، لەلایەكی تریشەوە ئەوەی كە (سوقرات) لێی دوواوە باسی ڕەگەزی كۆرپەلە نییە لە دوای حەوتەم هەفتەوە، بەڵكو باسی دروست بوونی پەلەكانی كۆرپەلە دەكات و دەڵێت: ماوەی دروستبوونی پەلەكان لە مێینەدا 42 ڕۆژە و لە نێریشدا 30 ڕۆژە، كە ئەمەش لە دوور و نزیك هیچ پەیوەندیەكی بە فەرموودەكەی پێغەمبەرەوە نییە.. (سوقرات) باسی ڕەگەزی نێر و مێ‌ دەكات لە پێش هەفتەی شەشەم، بەڵام پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم باسی دەست پێكردنی جیاكاری ڕەگەزەكان دەكات لە دوای هەفتەی شەشەم.

لە پێگەی journal) )ی زانكۆی كامبریج (Cambridge)دا هاتووە (ئەوەی ڕەنگی زەرد كراوە):

واتە سەرەتای دەست پێكردنی وەرگێڕانی یۆنانی-عە رەبی, لە نیوەی دووەمی سەدەی هەشتەمەوە بووە لە (بەغداد).. بەمەش ئەو گومانە دەڕەوێتەوە كە هیچ پەیوەندییەك هەبوو بێت لە نێوان ئەفسانەكانی سوقرات و ئیسلام..

ڕوویی ئیعجاز:

سەرەنجام گەیشتینە ئەوەی كە قورئانی پیرۆز و فەرموودە پێش چواردە سەدە ئاماژە بەو ڕاستییە زانستییە دەدەن كە ڕەگەزی كۆرپەلە لەسەر ئاستی كرۆمۆسۆم دیاریدەكرێت، زانستی سەردەمیش ئەم ڕاستیانە زۆر بەڕوونی دەسەلمێنێت كە تا هەفتەی شەشەم هەردوو كۆرپەلەی ڕەگەزی نێر و مێینە وەك یەك دەردەكەون (واتە تا ناردنی فریشتەكان), لە هەفتەی حەوتەمیشەوە جیاكارییان دەست پێ‌ دەكات, لە هەفتەی نۆیەمیشەوە ئەندامانی زاوزێی ناوەوە دەست بەگەشە كردن دەكات.. هەردوو ئەو سەرچاوە زانستییەی پێش تر ئاماژەمان پێ‌دان و لە ئەمڕۆدا لە زۆرێك لە كۆلێژە پزیشكیەكاندا دەخوێنرێن ئەوە باس دەكەن كە لە هەفتەی دوانزەوە ئەندامانی زاوزێی دەرەوەی كۆرپەلە گەشە دەكەن و, دەتوانرێت نێر و مێ‌ جیا بكرێنەوە.. كەواتە ئایا پێغەمبەری خوا( صلى الله عليه وسلم لە سەردەمی خۆیدا چۆن ئەم ڕاستییە زانستییەی زانیوە!؟ لە كاتێكدا كە تەنها ئەمە لەڕێگەی توێژینەوە زانستییەكان و تا قیگە گەورەكانی ئەمڕۆ وە سەلمێنراوە؟ بێگومان ئەم هەواڵ پێدانەی پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم )ئەوە دەگەیەنێت كە هەرگیز لەخۆیەوە قسە ناكات و تەنها لە ڕێگەی نیگا (وحی) پەروەردگارەوە دەبێت  وَمَا يَنطِقُ عَنِ الْهَوَىٰ (3) إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَىٰ (4) النجم: ، ئەمەش شاهێدیەكی گەورەی ترە لەسەر بوونی ئیعجاز كە بە تەنها لە قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەردا( صلى الله عليه وسلم هەیە بێ‌ هیچ گومانێك..

سه‌رچاوه‌كان:

كتێبەكان:

the developing human ,professor Keith  Moore ,8th edition (1)

2) Longmans medical embryology ,T.W  Sadler ,12th  edition

3) gynecology by  ten teachers

پێگەكان:

 (1)www.webmd.com

http://www.mayoclinic.com/health/prenatal-care/PR00112

http://www.healthline.com

http://www.emedicine.com/ped/topic1492.htm    

Share Button

3511 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Scroll to top