You Are Here: Home » بابەتەكانمان » سەبارەت بە قورئان وتوویانە

سەبارەت بە قورئان وتوویانە

 

پیكارد

«ولیەم بێرچل بەشیر پیكارد William Burchell Bashyr Pickard» خەڵكی ئینگلتەرایە و، لە زانكۆی كانتەبری دەرچووە، نووسەرێكی بەناوبانگە و، ناوی هەندێ‌ لە بەرهەمە ئەدەبییەكانی بە زمانی ئینگلیزی: «مغامرات القاسم»،«عالم جدید».  لە جەنگی یەكەمی جیهانیدا بەشداری كردووە و بە دیل گیراوە. ماوەیەك لە ئۆغەندا كاری كردووە و ساڵی (1922ز) موسڵمان بوونی خۆی ڕاگەیاندووە.

لە وتەكانی:

«نوسخەیەكی وەرگێڕانە فەڕەنسییەكەی «ساڤاری»م بۆ واتاكانی قورئان كڕی، كە بەنرخترینی شتەكانمە بە لامەوە. لە خوێندنەوەی ئەم كتێبەدا گەورەترین چێژم دەست كەوت و گەلـێ‌ پێی دڵخۆش بووم، تەنانەت وام لـێ‌ هات كە وەكو ئەوە وابێت تیشكی حەقیقەت بە نوورە پیرۆزەكەی بەسەر مندا هەڵهاتبێت»(1).

حیتتی

«فیلیپ حیتتی P. Hitti»  ساڵی (1886ز) لە دایك بووە. خەڵكی لوبنانە و ڕەگەزنامەی ئەمریكیی هەیە. ساڵی (1908ز) زانكۆی ئەمریكیی  بەیرووتی تەواو كردووە. ساڵی (1915ز) دكتۆرای لە زانكۆی كۆڵۆمبیا وەرگرتووە و، ساڵانی (1915-1919ز) لە بەشی «خۆرهەڵات»ی هەمان زانكۆدا بووە بە موعید. ساڵانی (1919-1925ز) مامۆستای مێژووی عەرەب بووە لە زانكۆی ئەمریكیی بەیرووت. ساڵانی (1926-1929ز) مامۆستای یاریدەدەری ئادابی زمانە سامییەكان بووە لە زانكۆی پرینستن و، پاشان ساڵانی (1929-1954ز) تا كاتی خانەنشین بوونی مامۆستا و پاشان مامۆستای كورسی و دواتر سەرۆكی بەشی زمان و ئادابەكانی خۆرهەڵات بووە. لە چەندین كۆمەڵە و ئەكادیمیادا بە ئەندام هەڵبژێرراوە. ئەمەش ناوی هەندێكـە لە بەرهەمەكانی: «أصول الدولة الإسلامية» 1916ز، «تأريخ العرب» 1927ز، «تأريخ سوريا ولبنان وفلسطين» 1951ز، «لبنان في التأريخ» 1960ز.

هەندێ‌ لە وتەكانی:

1- «شێوازی قورئان لە هی غەیری ئەو جیاوازە، پاشان بەراورد قبووڵ ناكات لەگەڵ هیچ شێوازێكی دیكەدا و، لە توانادا نییە لاسایی بكرێتەوە. «ئیعجازی قورئان»یش لە بناغەدا هەر ئەمەیە. «قورئان» لە نێوان هەموو موعجیزەكاندا موعجیزەی هەرە گەورەیە»(2).

2- «… ئیعجازی قورئان ڕێی لەوە نەگرت كە كاریگەریی بە ئەدەبی عەرەبییەوە دەربكەوێت. كەچی ئێمە گەر سەیری ئەو نوسخەیەی تەورات و ئینجیل بكەین كە لە سەردەمی «پادشا جەیمز»دا كرا بە ئینگلیزی، دەبینین ئەو كاریگەرییەی لەسەر زمانی ئینگلیزی بەجێی هێشت یەكجار كەمە، لە چاو ئەو كاریگەرییەدا كە قورئان لەسەر زمانی عەرەبی بەجێی هێشت. هەر قورئان بوو كە زمانی عەرەبیی پاراست لەوەی بۆ چەند زارێك پارچە پارچە ببێت»(3).

حەننا

«دكتۆر جۆرج حەننا» مەسیحییەكی خەڵكی لوبنانە. بیركردنەوەكانی لە ڕەهەندێكی ماددیی سروشتیی پەتییەوەیە، وەك بە ڕوونی لەو كتێبەیەوە دەردەكەوێت كە ناوی: «قصة الإنسان»ە.

لە وتەكانی:

«دەبێ‌ دان بەوەدا بنرێت كە «قورئان» جگەی لەوەی كتێبی ئایین و شەریعەت دانانە، كتێبی زمانی عەرەبیی فوسحایشە. قورئان فەزڵێكی گەورەی لە بووژاندنەوەی زماندا هەیە. زۆرجار پێشــەوایانی زمان – چ موسـڵمان بن و چ مەسیحی – لە بواری ڕەوانبێژی و ڕەوانكاریی وشەدا دەگەڕێنەوە بۆلای قورئان. جا ئەگەر موسڵمانەكان لەو باوەڕەدا بن كە ڕاست و دروستیی زمانی قورئان ئەنجامێكی بێ‌ گومانی ئەوە بێت كە قورئان كتێبێكی نازڵ كراوە و بەهەڵەدانان هەڵناگرێ‌، ئەوا مەسیحییەكانیش دان بەم ڕاست و دروستییەدا دەنێن، بێ‌ ڕوانینە ئەوەی كە نازڵكراو بێت یان دانراو. بۆیە هەركاتێ‌ گرفتێكی زمانەوانییان بێتە پێش، دەگەڕێنەوە بۆلای قورئان بۆ نموونە هێنانەوە بە زمانە ڕاست و دروستەكەی»(4).

داوود

«عامر عەلی داوود» لە بنەماڵەیەكی هیندیی بە ئایین براهمیە. لەسەر دەستی ئەو موبەشیرانە بووەتە فەلە كە لەگەڵ پێشەنگی ئیستیعماردا هاتبوون. كتێبە ئایینییەكانی بە زۆری دەخوێندەوە. كاتێكیش بۆی ڕەخسا قورئان بخوێنێتەوە، موسڵمان بوو.

هەندێ‌ لە وتەكانی:

1- «نوسخەی تەرجەمەی واتاكانی قورئانم بە زمانی ئینگلیزی هێنا، چونكە زانیبووم كە ئەوە «كتێبی پیرۆز»ی موسڵمانانە. دەستم كرد بە خوێندنەوەی و بیركردنەوە لە واتاكانی. هەموو بایەخێكی منی بەلای خۆیدا ڕاكێشا. گەلـێ‌ حەپەسام كاتێ‌ كە وەڵامی قەناعەت بەخشی ئەو پرسیارە سەرسامكەرەم (ئامانج لە بەدیهێنان) لە یەكەم لاپەڕەكانی قورئاندا دۆزییەوە. ئایەتەكانی (30-39)ی سوورەتی «البقرة»م خوێندەوە كە چەند ئایەتێكن بە ڕوونی «حەقیقەت» بۆ هەموو لێكۆڵەرێكی بە ویژدان دەخەنە ڕوو. ئەم ئایەتانە بەوپەڕی ڕوونی و ئاشكرایی و بە ڕێگایەكی قەناعەت بەخش داستانی بەدیهێنانمان بۆ دەگێڕنەوە»(5).

2- «… لێكۆڵینەوەكەم لە قورئانی پیرۆزدا گەلـێ‌ كێشەی فیكریی لە پێش چاوی مندا دەرخست و، گەلـێ‌ ناسازیشی ڕاست كردەوە كە لە كتێبە ئاسمانییەكانی پێشوودا بینیبووم»(6).

دێرمینگەم

«ئێمیل دێرمینگەم» Emile Dermenghem خۆرهەڵاتناسێكی فەڕەنسییە. بەڕێوەبەری كتێبخانەی جەزائیر بووە. ئەمانەش هەندێكن لە بەرهەمەكانی: «حیاة محمد» پاریس 1929ز، كە یەكێكە لە وردترینی دانراوەكان كە خۆرهەڵاتناسێك لەبارەی پێغەمبەرەوە ( صلى الله عليه وسلمداینابێت. هەروەها «محمد و السنة الإسلامیة» پاریس 1955ز. هەروەها گەلـێ‌ توێژینەوەی لە گۆڤارە بەناوبانگەكاندا بڵاو كردووەتەوە، چەشنی «المجلة الَافريقية» و «حوليات معهد الدراسات الشرقية» و «نشرة الدراسات العربية» و… هتد.

هەندێ‌ لە وتەكانی:

1- «مەسیح – دروودی لەسەر بێت – لە قورئاندا پلەیەكی باڵای هەیە، چونكە لەدایكبوونی وەك هی خەڵكی تر نییە. هەروەها ئەو پێغەمبەرەی خوایە كە بە ئاشكرا لەبارەی مەبەستەكانی خۆیەوە لەگەڵ خوادا دواوە و، ئەوەشی بۆ یەكەم كەس گێڕاوەتەوە كە قسەی لەگەڵ كردووە. مەسیح لە قورئاندا وشەی گۆیای خوای گەورەیە، جگە لە «وەحی». قورئان مەبەستی لە «نەسرانییەتی ڕاستەقینە»یە كاتێ‌ دەڵێ‌: «عیسا وشەی خوایە، یان ڕۆحی خوایە ئاڕاستەی مەریەمی كردووە و، یەكێكە لە مرۆڤەكان». هەروەها زەمی ڕێچكەی ئەوانە دەكات كە دەڵێن عیسا – دروودی لەسەر بێت – خوایە. هەروەها زەمی ئەو ڕێچكەیەش دەكات كە «نان» پێشكەشی «مەریەم» دەكەن و بە پەرستشی دەزانن و پاشان دەیخۆن. ئەمانە و شتەكانی تری ڕێچكە ئیلحادییەكانی نەسرانی، نەك نەسرانیەتی ڕاستەقینە. نەسرانیی (ڕاستەقینە) بوارێكی تری نییە جگە لەوەی كە بەو هێرشەی قورئان ڕازی بێت كە دەیكاتە سەر سێ‌ كوچكەی پێكهاتوو لە خوا و عیسا و مەریەم»(7).

2- «محەممەد( صلى الله عليه وسلمخۆی بە هۆكاری گەیاندنی «سرووش» دادەنێت و، ئەوپەڕی سوور بووە لەسەر ئەوەی كە گوێ‌ بیستێكی ئەمین یاخود تۆمارێكی ڕاستگۆ، یان گێڕەوەیەكی پارێزراو بێت بۆ گوفتاری سێبەرە درەخشانەكە و، دەنگە بێ‌ ورتەكەی گوفتاری ئەزەلی، لە شێوەیەكی دنیایی گوفتاری خوادا كە «أم الكتاب»ە.. بۆ ئەو گوفتارەی كە چەندین مەلائیكەتی بەڕێز لە ئاسمانی حەوتەمدا لەبەریان كردووە.

هەموو پێغەمبەرێك دەبێ‌ بەڵگەیەكی هەبێت لەسەر پێغەمبەرێتییەكەی و، موعجیزەیەكیش كە تەحەددیی پێ‌ بكات. قورئانیش تاقانە موعجیزەی محەممەدە ( صلى الله عليه وسلمچونكە شێوازی دەستەوسانكاری قورئان و بەهێزیی باسەكانی، هەتا ئێستاش لایەنی نەجووڵاوی ئەو كەسانە دەورووژێنن كە دەیخوێننەوە، هەرچەندە لە خواپەرستە خاوەن تەقواكانیش نەبن. محەممەد( صلى الله عليه وسلمتەحەددیی جیننی و ئادەمیزادی دەكرد كە هاوشێوەی قورئان بهێنن. ئەم تەحەددییەش ڕاست و دروست ترین بەڵگەی محەممەدەلەسەر ڕاستیی پەیامەكەی.

بێ‌ گومان هەموو ئایەتێكی قورئان – تەنانەت گەر ئاماژەشی بۆ وردترین ڕووداوی ژیانی تایبەتیی ئەو كردبێت – بە جۆرێك بۆی دێت (بۆی وەحی دەكرێت) كە سەرانسەری گیانی مرۆڤ لەو موعجیزە عەقڵییە دەلەرێنێتەوە. گومانیش لەوەدا نییە كە دەبێ‌ توێژینەوە لە نهێنیی كاریگەری و مەزنیی سەركەوتنەكەیدا بكرێت»(8).

3- «محەممەد( صلى الله عليه وسلمكە دوورە لە داڕشتن و دانانی قورئان، هەندێ‌ جار بە بێ‌ سوود چاوەڕێی هـاتنی «وەحی»ی دەكـرد، خـەفـەتی بەوە دەخـوارد و حـەزی دەكـرد پەیتا پەیتا «وەحی»ی بۆ بێت»(9).

دی كاستری

«كــۆنت هێنـری دی كاســـتری Cte. Henry De Castries      1850-1927ز) بــە ڕەگــەز هۆڵەندییە و، موقەدەم بووە لە سوپای فەڕەنسادا. ماوەیەك لە باكووری ئەفریقیا ژیاوە. ئەمەش ناوی هەندێكە لە بەرهەمەكانی: «مصادر غير منشورة عن تأريخ المغرب» 1905ز، «الَاشراف السعديون» 1921، «رحلة هولندي إلي المغرب».

هەندێ‌ لە وتەكانی:

1- «ژیری سەرسامە لەوەدا كە چۆن دەكرێت ئەو ئایەتانە لە كەسێكی نەخوێندەوارەوە سەرچاوە بگرێت، لە كاتێكدا كە هەموو خۆرهەڵات دانیان بەوەدا ناوە كە ئەوانە چەند ئایەتێكن هزری مرۆڤ دەستەوسانە لە هێنانی وشە و واتای هاوشێوەیاندا. ئەو ئایەتانەی كە عەقەبەی كوڕی ڕەبیعە بیستنی سەری لە جوانییان سووڕما! بەرزیی دەستەواژەكانی بەس بوون بۆ ئەوەی كە قەناعەت بە عومەری كوڕی خەتتاب بكەن، بۆیە ئیمانی بە خوای خوێنەرەكەی هێنا و، چاوی نەجاشیی حەبەشە فرمێسكی هەڵڕشت كاتێ‌ جەعفەری كوڕی ئەبووتالیب سوورەتی زەكەریا(مەریەم)ی بۆ خوێندەوە و ئەوەش كە باسی لە دایك بوونی یەحیا دەكات. قەشەكانیش دەنگیان لـێ‌ هەڵبڕی كە ئەم گوفتارە لە هەمان سەرچاوەی گوفتاری عیساوە هەڵقوڵاوە.

 بەڵام ئێمەی خۆرئاوایی ناتوانین لە واتاكانی قورئان وەك خۆی تێبگەین، چونكە پێچەوانەی هزر و بیرەكانی ئێمەن و، جیاوازن لەوەی كە نەتەوەكانی ئێمەی لەسەر پەروەردە كراوە. لەگەڵا ئەوەشدا نابێ‌ ئەوە هۆی ڕێگریمان بێت لەو باوەڕەی كە چ كاریگەرییەكی لەسەر ژیریی عەرەبەكان بووە.

«جان جاك ڕۆسۆ» لەوەدا پێكاویەتی كە دەڵێ‌:

«هـەندێ‌ كەس شـتێكی كەمی زمـانی عـەرەبی فێر دەبێت و، ئنجـا قورئان دەخوێنێتەوە و پێی پێ‌ دەكەنێت. خۆ ئەگەر ڕاستەوخۆ گوێی لە محەممەد( صلى الله عليه وسلمبووایە كە بەو زمانە ناسكە فوسحایە بۆ خەڵكی دەخوێندەوە كە دەنگە پڕ و قەناعەت بەخشەكەی گوێی گوێ‌بیستانی ئاو دەدا و، كاری لە دڵەكان دەكرد، ئەوا سەری سوژدەی دەنایە زەوی و، هاواری لـێ‌ دەكرد: ئەی پێغەمبەری خوا! دەستمان بگرە و بمان بە بۆ هەڵوێستەكانی شەرەف و سەربەرزی، یان شوێنە پڕ لە مەترسییەكان. ئێمە لە پێناوی تۆدا، حەز بە مردن یان سەركەوتن دەكەین!

چۆن دەچێتە عەقڵەوە كە ئەم كتێبە بەو زمانە فوسحایە پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلمداینابێت، لە كاتێكدا لە سەدەكانی ناوەڕاستدا – بە وێنەی زمانی لاتینی – تەنها كەسانی زانا شارەزای بوون. خۆ ئەگەر قورئان جگە لە درەخشانیی واتاكانی و جوانیی داڕشتنەكانی شتێكی دیكەی تێدا نەبێت، ئەوا بەسە بۆ ئەوەی كە بەسەر هزرەكاندا زاڵ ببێت و دڵانی بۆ كەمەندكێش ببن»(10).

2- «محەممەد( صلى الله عليه وسلمقورئانی وەك بەڵگەیەك هێنا لەسەر ڕاستیی پەیامەكەی. هەتا ئەمڕۆش قورئان یەكێكە لەو نهێنییانەی كە ئەستەمە كۆدەكانی بكرێنەوە و، كەس ناتوانێت بڕواتە ناخی ئەم نهێنییە پارێزراوە، مەگەر كەسێك باوەڕ بەوە بهێنێت كە لە لایەن خوای گەورە نازڵ كراوە»(11).

3- «لە هەندێك شوێندا لەوانەیە لێك چوونێك لە نێوان قورئان و تەوراتدا ببینین، بەڵام زانینی هۆی ئەوە ئاسانە گەر تێبینیی ئەوە بكەین كە قورئان هاتووە تەواوكاری تەورات بێت، هەروەك پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلمخۆیشی دواهەمینی پێغەمبەرانە»(12).

(1) رجال ونساء أسلموا: 2/86.

(2) الإسلام منهج الحياة: 620

(3) هەمان سەرچاوە: 7/118: 287-288.

(4) قصة الإنسان: 79-80.

(5) رجال ونساء أسلموا: 7/116-118.

(6) هەمان سەرچاوە: 7/118: 7/118.

(7) حياة محمد: 131-132.

(8) هەمان سەرچاوە: 279-280.

(9) هەمان سەرچاوە: 285.

(10) الإسلام خواطر وسوانح: 18-20.

(11) هەمان سەرچاوە: 20.

(12)  هەمان سەرچاوە: 22-23.

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top