زەوی لە نێوان زانست و قورئاندا

900 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

 وتارێکی زانستیە کە دروست بون و  شێوە و جوڵەی زەوی باس دەکات بە شێوەیەکی زانستی، دواتریش بەراوردی دەکات بە.ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز.

 زەوی ئەو هەسارەیەیە کە دەکەوێتە رێزبەندی هەسارەی سێیەم لە دوری خۆرەوە، هەروەها بە هەسارە شینەکە ناسراوە بەهۆی ئەوەی نزیکەی 75% روبەرەکەی بە ئاو داپۆشراوە، وە بە هەسارەی زیندوش ناوی دەهێنن چونکە تاکە هەسارەیە لە هەمو گەردوندا زیندەوەری لەسەر بێت و بۆ ژیان بشێت. وە قەبارەکەی دەگاتە نزیکەی 611314477055 كم3. بە پێی بیردۆزی بیگ بانگ زەوی پێش 4.5 بلیۆن ساڵ دروست بوو کە سەرەتا وەکو کۆمەڵێك لە بەردی گڕگرتوی بڵێسەداری بەیەکەوە نوساو بوو(میتیۆر)، وە پڕی بوو لە بوڕکانی یەکجار گەورە و بەهێز، دواتر بە تێپەڕبونی کات پلەی گەرمیەکەی کەمێك دابەزی وە لەگەڵ ئەو دوکەڵەی لە بوڕکانەکان دەردەپەڕی هەڵمی ئاویشی لەگەڵ بووه‌، کاتێك زیاتر پلەی گەرمی زەوی دابەزی هەڵمە ئاوەکە بوو بە هەور و بەرز بوەوە بۆ کەشی ئاسمان و دواتر چڕ بوەوە و بۆ هەزاران ساڵ باران باری بە بەردەوامی و جۆگەلە و روبارەکان دروستبون و ئاوێکی زۆر چوو بە ژێر خاکی زەویدا. وە لەدوای ئەمە میتیۆرێکی بچوکتر لە زەوی لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆرەوە بە خێرايیەکی یەکجار یەکجار زۆر بە ئاڕاستەی زەوی هات و خۆی کێشا بە زەویدا کە لە ئەنجامدا بوە هۆی تەقاندنی بەرگە بەردینەکەی زەوی و چاڵێکی یەکجار مەزنی دروست کرد و بەم هۆیەش ئاوی ژێر زەوی هاتە دەرەوە کە ئێستا بەم چاڵە گەورە پڕ ئاوە دەوترێ زەریای هێمن (المحيط الهادي) وە لەدوای ئەو زەبرەی ئەم میتیۆرە بە زەوی گەیاند چەند جارێك میتیۆرەکە لەریەوە واتە دورکەوتەوە و نزیك بوەوە لە زەوی هەتا گەیشتە خاڵی هاوسەنگی (balanced point) و دواتر بەهۆی کاریگەری هێزی کێشی زەوی ئەم میتیۆرە دەستیکرد بە خولانەوە بە دەوری خۆی و دواتریش سوڕانەوە بە دەوری زەوی لە ناوەندە دوری400 384-– كم، ئەم میتیۆرە ئێستا ئێمە پێی دەڵێین (moon) مانگ.

بەڵام هەتا ئەوکاتەش هیچ زیندەوەرێك لەسەر زەوی بونی نەبوو، دواتر ژیان دەستی پێ کرد و ئاوەدان کرایەوە بە زیندەوەران و مایكرۆ ئۆرگەنیزمەکان و  ڕوەك و گیا. ئەمە کورتەیەك بوو لەسەر هەسارەی زەوی بە پێی نوێترین تیۆری زانستی.

ئێستاش زەوی بەراورد دەکەین بە ئایەتەکانی قورئان:

– شێوەی زەوی: قورئانی پیرۆز بە دوو جۆر باسی شێوەی زەوی دەکات، یەکەم لە ئاستی بینەرێك لە سەر ڕوی زەوی.. دوەم لە ئاستی بینەرێك لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر:

– یەکەم: لە ئاستی بینەرێك لەسەر روی زەوی:

وَإِلَى الْأَرْضِ كَيْفَ سُطِحَتْ (20) سورة الغاشیة.

(ایە ناڕوانن کەوا خوا چۆن زەوی بۆ تەخت کردون؟).

دوەم: لە ئاستی بینەرێك لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر:

يَا مَعْشَرَ الْجِنِّ وَالْإِنْسِ إِنِ اسْتَطَعْتُمْ أَنْ تَنْفُذُوا مِنْ أَقْطَارِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ فَانْفُذُوا ۚ لَا تَنْفُذُونَ إِلَّا بِسُلْطَانٍ ﴿٣٣﴾  سورة الرحمن.

واته:(ئەی گرۆی جن و ئادەمیزاد ئەگەر توانیتان لە تیرەی ئاسمانەکان و زەوی دەربچن ئەوا دەربچن و کونی بکەن، بەڵام ناتوانن دەربچن مەگەر بە دەسەڵاتی خوا نەبێت).

خوای گەورە لە ئایەتی یەکەم زەویمان بۆ وێنا دەکات وەکو تەنێکی تەخت کە دەڵیت ئایە نابینن خوای گەورە زەوی بۆ ئێوە تەخت کردوە لێرەدا بۆ ئاسانکاری تێگەیشتن لە فەزڵی تەختایی زەوی خوا بەم شێوەیە باسی کردوە،  کە ئەگەر تەختایی تیا نەبا هەموی چیا و دۆڵ و کەند و بەردەڵان بوایە ئەوکات ژیان زۆر ئەستەم دەبو لەسەری، ئەمە لە چاوی بێنەرێك لەسەر ڕوی زەوی.

– بەڵام لە ئایەتی دوەم باسی شێوەی زەوی و ئاسمان دەکات کە لە چاوی بینەرێك لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر، لەم ئایەتەی سورەتی (الرحمن) خوای گەورە باسی ئەوە دەکات کە ئێمەی مرۆڤ و جن هەرگیز ناتوانین لە تیرەی ئاسمان و زەوی دەربچین، باشە دەزانین ئاسمان لە چاوی بینەرێكەوە لەسەر زەوی شێوەی گۆیی یە و تیرەی هەیە، بەڵام لە چاوی بینەرێك لەسەر زەوی هەرگیز زەوی بە شێوەی

گۆیی (كروي) نابینرێت هەتا نوسەری قورئان باسی تیرەی زەوی بکات، قورئان تاکە کتابێكە کە 1440 ساڵ لەمەو بەر لەگەڵ وشەی زەوی ناوی تیرەی هێنابێ. با بزانین تیرە چیە؟

تیره‌ Diameter قطر : بریتیه‌ له‌و هێڵه‌ راسته‌ی که‌ دوو خاڵی به‌رامبه‌ر یه‌ك له‌ بازنه‌یه‌ك یان گۆیه‌کدا به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت که‌ به‌ چه‌قه‌که‌یدا ده‌ڕوات.

با وای دابنێين کەقورئان وای زانیوە زەوی تەنێکی تەختی بازنەییە نەوەك گۆیی!! ئەی باشە ئەگەر تەخت بوایە بۆچی تەحەدیی هەمومانى دەکرد کە ناتوانین کونی بکەین؟! خۆ کونکردنی تەنێکی تەخت زۆر ئاسانە!! کەواتە بێگومان زەوی گۆیيە و تیرەی هەیە هەر وەکو لەم ئایەتە پیرۆزەدا باسی کراوە.

وە ئێستا زانایانی جیۆلۆجیا دەڵین کونکردنی زەوی مەحاڵە و موستەحیلە! چونکە تیره‌ی گۆی زه‌وی یه‌کسانه‌ به‌ 12756کم، پێشکەوتوترین ئامێرەکانی مرۆڤ تا ئێستا توانیویه‌تی تا قوڵایی 13 کم، بڕوات و دواتر ئامێره‌کان له‌ کارده‌که‌وتن و نوکەکانیان دەتوانەوە به‌ هۆی گه‌رمی ناوه‌کی ناخی زه‌وی! که‌ زانایان ده‌ڵێن پله‌ی گه‌رمی ناوەکی زه‌وی یه‌کسانه‌ به‌ پله‌ی گه‌رمی خۆر! کەواتە با خەیاڵمان ئاسودە بکەین هێشتا له‌ توێکڵی زه‌ویداین!!!

هەروەها لە دوو شوێنی تر لە قورئاندا زۆر بە رونی باسی شێوەی گۆیی زەوی کراوە بەڵام نامەوێ وتارەکەم زۆر درێژ بکەمەوە هەر بەم بەڵگەیەی کە باسم کرد کۆتایی بەم بەشە دێنم.

ئەمانە هەمویان ئیعجازی زانستین لەسەردەمی زانست و تەکنۆلۆژیادا گرنگی خۆیان هەیە.

 – خەڵقی زەوی: خوای گەورە بە دوو رۆژ بە هەژماری رۆژەکانی خۆی زەوی دروست کرد بە بەڵگەی ئەم ئایەتە:

قُلْ أَإِنَّكُمْ لَتَكْفُرُونَ بِالَّذِي خَلَقَ الْأَرْضَ فِي يَوْمَيْنِ وَتَجْعَلُونَ لَهُ أَنْدادًا ذلِكَ رَبُّ الْعالَمِينَ (9سورة فصلت.

– ئایا زەوی سەرەتا دروستکراوە یان ئاسمان لە ڕوی کاتەوە؟ زانست دەڵێت سەرەتا ئاسمان دروست بوە دواتر زەوی. ئەی قورئان؟ با سەرنج بدەین، خوای گەورە دەفەرموێت:

أَأَنتُمْ أَشَدُّ خَلْقاً أَمِ السَّمَاء بَنَاهَا (27) رَفَعَ سَمْكَهَا فَسَوَّاهَا (28) وَأَغْطَشَ لَيْلَهَا وَأَخْرَجَ ضُحَاهَا (29) وَالأَرْضَ بَعْدَ ذَلِكَ دَحَاهَا (30) النازعات.

لەم چەند ئایەتەدا خوای گەورە پێش 1440ساڵ بە شێوەیەکی زۆر ڕون و زانستیانە ئەو نهێنیەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە ئاسمان پێش زەوی دروست کراوە، وشەی «بعد» واتە دوا یان لە پاش بە ماوەیەکی تەواو ئەگەر ماوەکە کەم بوایە خوای گەورە وشەی «ثم» یان «فـ» بە کاردەهێنا کە ئەم دوو وشەیە بۆ کورتە مەودا بەکار دێت لە زمانی عەرەبیدا، کەواتە خوای گەورە دەفەرموێت لەدوای ئەوەی ئاسمانم دروستکرد و تاریکی و روناکیم بەدیهێنا، ئەوجا لەدوای ئەمە زەویم دروستکرد و فراوانم کرد یان خڕم کرد بە شێوەی نیمچە گۆیی.

جوڵەی زەوی:

زەوی سێ جوڵەی سەرەکی هەیە، یەکەمیان لە دەوری خۆی دەخولێتەوە، دوەمیان لەدەوری خۆر دەسوڕێتەوە، سێیەمیان لەدەوری گەلە ئەسێرەی کاکێشان دەسوڕێتەوە.

رەخنەگرانی ئیسلام هەمیشە ئەم قەوانەمان بۆ لێدەدەنەوە کە دەڵێن بەهیچ جۆرێك قورئان باسی سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆر نەکردوە. با بزانین رەخنەگران راست دەکەن یان قورئان و ئیعجازیەکان؟

لە دوای ئەوەی کامێرای جوڵەداری کۆنترۆڵکراو(کریتەرکامەکان)ی دەزگای ناسا پێشکەوتنیان بەخۆوە بینی و توانیان مواسەفاتی (فری موڤینگ) بۆکریتەرکامەکانیان زیادبکەن هەڵسان بە وێنەگرتنی جوڵەی زەوی و هەسارەکانی تری کۆمەڵەی خۆر بە شێوەی ڤیدیۆ کە جوڵەی راستەقینەی زەویمان بۆ دەردەخات، وە گەیشتنە ئەم دەرەنجامانەی خوارەوە:

-1 لە ناو هەموو گەلە ئەستێرەی کاکێشان کە 200,000,000,000 مليار ئەستێرەیە تەنها یەك ئەستێرە هەیە کە ناخولێتەوە بەڵکو بە شێوەی هێڵی دەجوڵێت و دەڕوات بە عەرەبی بەم جوڵەیە دەوترێت «جریان» کە ئەم ئەستێرەیەش خۆرە The Sun.

-2 لە ئەنجامی ئەم جوڵەیەی خۆر بۆیان دەرکەوت کە هەسارەکان بە دەوری خۆردا ناسوڕێنەوە !! بەڵکو خۆر بە شێوەی هێڵێکی راست دەڕوات و هەسارەکانیش دوای دەکەون بە جوڵەشێوەی لەولەبی، واتە ئەگەر بینەرێك لە تەنیشتی کۆمەڵەی خۆرەوە سەرنج بدات ئەوە دەبینێت هەموو هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر هەڵدەبەزن و دادەبەزن بە شێوەی راست و چەپ لە هەمان کاتدا، رونکردنەوەی جوڵەی لەولەبی بە نوسین کەمێ گرانە بەڵام بە ڤیدیۆ زۆر جوان لێی تێدەگەین. بە واتایەکی تر زەوی بە شێوەی 3D فریکوێنسی دەسوڕێتەوە بە دەوری خۆردا نەوەك بە شێوەی 2D. ئەمە نوێترین دۆزینەوەی زانایانی ناسایە.

ئایا قورئان باسی نوێترین جوڵەی زەوی کردوە کە ئێستا زانایان دۆزیویانەتەوە؟ بێگومان بەڵی. با سەرنج بدەین:

سەرەتا گرنگی ئیعجازەکە لەمە دەردەکەوێت قورئان لەناو هەموو تەنەکانی ئاسمان بەس لە (خۆر)دا باسی(جریان) یان رۆیشتنی خۆری کردوە بە شێوەی هێڵێکی راست! خوای گەورە دەفەرموێت:

وَالشَّمْسُ تَجْرِي لِمُسْتَقَرٍّ لَّهَا ۚ ذَٰلِكَ تَقْدِيرُ الْعَزِيزِ الْعَلِيمِ (38 يس. 

واتە: خۆر دەڕوات بە شێوەیەکی سەربەخۆ (جريان)، ئەمە توانا و ویستی خوای بەڕێز و زانایە.

جوڵەی زەوی:

خوای گەورە نــەیفەرموە: (ألم نجعل الارض دوارا؟) واتە نەیفەرموە ئایا زەویمان نەکردوە بە تەنێکی خولاوە؟! چونکە ئەم دەستەواژەیە هەڵەیە!

بەڵکو فەرمویەتی:

أَلَمْ نَجْعَلِ الْأَرْضَ كِفَاتًا (25) المرسلات.

واتە: ئایا زەویمان نەکردوە بە کیفات؟ یان سیفەتی کیفاتمان بە زەوی بەخشیوە.

با بزانین کیفات مانای چیە؟

عەرەب دەڵین: كَفَتَ الطّائِرُ, أَي اَسْرَعَ وَ تَقَلّبَ في طَيَرانِهِ.

واتە: باڵندەکە بەرز و نزم بوەوە، یان خێرا بو و هەڵگەڕایەوە لە فڕینەکەی، کە جوڵەی راستەقینەی باڵندەکان شەپۆلدار و پێچاوپێچە کە %100  لە جوڵەی زەوی دەچێت. زەویش لە کاتی رۆیشتنی لەگەڵ خۆر لەناو گەلەئەستێرەکەماندا بە شێوەی پێچاوپێچ و شەپۆلدار (حركة كفاتية) هەڵبەز و دابەز دەکات لەسەر هێڵەئاڕاستەی جوڵەی خۆر بە شێوەیەکی 3D.

هەر وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان بەوەدا کە هەسارەی زەوی سەرەتا بێ ئاو بو دواتر ئاو لە ناخی زەوی هاتە دەرەوە لە رێگەی بورکانەکان و ئەو زەبرەی کە بەهۆی زەبری میتیۆدی پێی کەوت و ئاوی لە ژێر زەویەوە دەرهێنا.

با بزانین قورئان لەم بارەیەوە چی دەڵێت؟

قورئان 1440 ساڵ پێش ئێستا باسی ئەمەی کردوە بە شێوەیەکی زۆر رێك و زانستی:

وَالأَرْضَ بَعْدَ ذَلِكَ دَحَاهَا (30) أَخْرَجَ مِنْهَا مَاءهَا وَمَرْعَاهَا (31)  النازعات

واتە: زەویشمان لەدوای ئەوە فراوانکرد یان شێوەی نیمچە گۆیمان پێ بەخشی، وە ئاوی زەویشمان لە ناو خودى زەوی دەرهێنا و کانیا و جۆگەمان تیا دەرخست.

بەس ئەوەمان بۆ دەوترێت بڵێين پاکی و بێ گەردی بۆ ئەو خوایەی کە ئەم قورئانەی لەم ئاستە بەرزەی پەیامی و بەلاغی و زانستی و ئەندازەییە دابەزاندوە کە هەر وشەیەکی ئەم قورئانە لە جێی خۆیەتی و کۆمەڵێك حیکمەت و دانایی و بەڵگە و ئیعجازی زانستی لە خۆ گرتوە.

ئەم هەمو ئیعجازانەی کە باسمان کردن تەنها لە بارەی زەویەوە بو، کە مشتێك بو لە خەروارێك. ئایا ئەم ئیعجازانە بۆ کێ هاتون؟! بێگومان بۆ کەسانێك کە خاوەن عەقڵ و هۆشی ئەکتیڤ و بەکارهێنەرن، نەوەك کوێرانە بەدوای رێچکە و رێبازە دەستکردەکانی مرۆڤەکان بکەون و بە شێوەیەکی موتڵەق ئاین رەتدەکەنەوە و بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەم ئیعجازانە هەمویان دەیسەلمێنن کە وشەکانی ئەم قورئانە پیرۆزە هەموی لە دەرەوەی ئەم گەردونە دابەزیوە بۆ سەر گیانی پاکی محمد درودی خوای لەسەر. ئێستا کاتی ئەوە نەهاتوە بیرکردنەوەیەکی زانستیانە لە حاڵی خۆتان بکەنەوە؟ ناترسن لە توڕەيی خوای پەروەردگاری جیهانیان؟ وە ئایا حەز ناکەن بە بەر ڕەحمەت و سۆزی ئەم خودایە بکەون و بچنە بەهەشتی نەبڕاوە و بێ خەم بن هەتا هەتایە. دەرگای تەوبە کراوەیە هەتا خۆر لە خۆرئاوا هەڵدێ و لە خۆرهەڵاتیش ئاوادەبێ.

لە کۆتایدا هیوا دەخوازم کە هەمیشە پێش ئەوەی شوێن ئاین بکەون شوێن زانستی بنەڕەت و راستەقینە بکەون، چونکە بێ گومان زانست نزیکمان دەخاتەوە لە خوای گەورە کە بە دەیان و سەدان زانا هەن لەدوای گەڕان و بەدەستهێنانی زانست بڕوایان بە خوا هێنا و بەشێکیشیان کە زانستیان بەراورد کرد بە قورئان موسڵمان بون. بۆیە تۆش هەتا لە ژیان ماوی بگەڕێوە بۆ باوەشی زانست کە ئەویش راستەوخۆ ئاڕاستەت دەکات بۆ باوەشی پڕ میهر و سۆزی ئیسلام.

و آخر دعوانا ان الحمد لله رب العالمین …

Share Button

900 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Scroll to top