You Are Here: Home » بابەتەكانمان » شاخه‌كان ..

شاخه‌كان ..

شاخه‌كان ..

و: هێمن ئه‌حمه‌د

سەرنجڕاكێشترین شت لەسەر زەوی ئەو شاخ ‌و داخە بڵندانەیە .. بۆچی دروستكراون؟

ئایا پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) نهێنی دروستكردنی ئەم شاخانەی باس كردوە؟

نهێنی دروستبونی چیە؟ ئەركی چیە؟ بۆچی خوای گەورە دروستی كردوە؟ زانایان بەوردی وەڵامی ئەم  پرسیارانەیانە داوەتەوە.. زەوی ناسەكان باس لەوە دەكەن كە زەوی لەسەرەتای دروستبونی پڕبوە لە گڕكان‌و زەمین لەرزە‌و درز.. زەوی هەرگیز جێگیر نەبوە. كاتێكیش توێكڵی زەوی ساردبۆتەوە ئەم بەرگە بەردینەی لێ دروست بوە كە ئەمڕۆ دەیبینین.

بەرگی زەوی رۆژێ لە رۆژان پێش چەندین بلیۆن ساڵ جموجوڵی زۆری تێدابوە. زەوی ناسەكان باس لە بەشەكانی بەرگی زەویمان بۆ دەكەن كە بریتیە لە پلێت گەلێك. توێكڵی زەوی بەستراوە بەیەكەوە بەڵكو بریتیە لە پلێت گەلێك كە بەردەوام دەجوڵێت. بەهۆی گەرمی ناخی زەوییەوە ئەم تابلۆیانە جموجوڵی توند و بەهێزی دەبێت ئەمەش هاوسەنگی زەوی تێك دەدات لەكاتی سوڕانەوەی بەدەوری خۆردا. كەواتە ژیان لەسەری مەحاڵ بوە.

بەڵام جموجوڵی پلێتەکان ‌و بەریەك كەوتنیان بوە هۆی دروستبونی شاخەكان ‌و جێگیربونی سەرئەنجام بووە هۆی جێگیربونی توێكڵی زەوی ‌و گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆی.

كەواتە ئەو راستیە زانستیە سەلمێنراوەی كە لە توێژینەوەكانی زەوی ناسی دەیدۆزینەوە بریتیە لەوەی كە زەوی لەسەرەتای دروستبونی لەرزاو‌و ناجێگیربوە.. ئەوجا زنجیرە چیای دور‌ودرێژ دروست بوە كە رەگەكەی بە دەیان كیلۆ مەتر بۆناو بەرگی بەردینی زەوی درێژبۆتەوە.. ئەمەش بۆتە هۆی جێگیربونی گۆی زەوی.

ئەم راستیە بەتەواوەتی لە فەرمودەی پێغەمبەر( صل الله عليه وسلم ) دەیبینینەوە كە دەڵێت:(لما خلق الله الارض جعلت تميد فخلق الجبال فعاد بها عليها فاستفرت )رواه ترمذي.

واتا: (كاتێك خوای گەورە زەویی دروست كردوە بەملا‌و بەولادا لار دەبوەوە.. ئەوجا شاخەكانی دروست كرد.. ئیتر جێگیر بو).

وشەی (تميد) لە فەرمودەكەی پێغەمبەر( صل الله عليه وسلم ) واتا لاردەبێتەوە ‌و وەك كەشتی چۆن لەسەر دەریا هاوسەنگی تێك دەچێت ‌و لەنگەر ناگرێت ‌و شەپۆلی دەریا خەریكە وەری دەگێڕێت. زانستیش ئەم راستیەی سەلماندوە كە توێكڵی زەوی لەسەر دەریایەكی ئاگرین لەنگەری گرتوە ‌و پلەی گەرمیی دەگاتە هەزاران پلەی سەدی.

ئەو چینەی كە لەژێر توێكڵی زەویدایە زانایان بە چوارچێوەی لاوازی زەوی ناوی دەنێن.. وە لە بەردی تواوەی زۆر چڕ و گەرم ‌و پەستاندار پێك دێت كە شەپۆلی گەرمای توندی تیا دروست دەبێت ئەمەش دەبێتەهۆی جوڵاندنی بەشەكانی توێكڵی زەوی بەشێوەیەك هەست دەكەیت كە ژێر و بان دەبێت .. جا بونی شاخەكان لەسەر ئەم توێكڵەیە رۆڵێكی گرنگی هەیە لە راگرتنی هاوسەنگی زەوی ‌و جێگیربونی ‌و بە باشی سوڕانەوەی لە خولگەكەیدا.. لێرەشدا سەرنجی ئەم فەرمودە گرنگەی پێغەمبەر( صلی الله عليه وسلم ) دەدەین كە راستیەكی زانستی لەخۆ دەگرێت بەشێوەیەك كە هەموو وشەكانی فەرمودەكە رێك هاوشێوەی دواین توێژینەوە ‌و لێداوانی زەوی ناسەكانی ئەمڕۆیە.

زانایان لە توێژینەوە نوێكانیاندا دەڵێن:

The resulting collision pushed up the mountains, and also produced an underlying thick, dense «root» that sat down in the crust

پڕۆسەی بەریەك كەوتن لە نێوان پلێتەکانی زەویدا، شاخەكانی هێناوەتە كایەوە‌ و چینێكی ئەستوری دروستكردوە لەسەر شێوەی رەگێكی ئەستور كە دەخرێتە ناو توێكڵی زەویدا. هەروەها ئەم توێژینەوەیە دووپاتی دەكاتەوە كە رەگی شاخەكان پێش یەك بلیۆن ساڵ دروست بوە بەڵام لوتكەی چیاكان داخورا‌وە ‌و رەگەكان ماوەتەوە، پاش ئەوە واتا پێش 100 – 250 ملیۆن ساڵ «سەردەمی دەینەسوڕەكان» توێكڵی زەوی سەرلەنوێ توشی داڕزان بوە ‌و شاخەكان سەر لەنوێ لەماوەی ملیۆنەها ساڵ دروست بونەتەوە.. جا رەگی ئەم شاخانە لەسەر بەردی ئاگرین لەنگەری گرتوە.. بەرزبونەوەی شاخەكان هۆكارێك بوە بۆ دروستبونی دۆڵەكان.. دۆڵەكانیش روبارەكانی لێ دروست بوە.

جا گەورەیی خوا لەوە دەردەكەوێت كە ئایەتێك هەیە لە قورئانی پیرۆز رێك باسی ئەم توێژینەوەیە دەكات.. خوای گەورە فەرمویەتی: وَهُوَ الَّذِي مَدَّ الْأَرْضَ وَجَعَلَ فِيهَا رَوَاسِيَ وَأَنْهَارًا ۖ  …..    3 الرعد.

واتا: هەر خودایە كە ئەم زەمینەی راخستوە ‌و گەلێك كەژ ‌و چیا ‌و روباری تێدا دابین كردوە.

ئەم ئایەتە باس لە جوڵەی توێكڵی زەوی دەكات یان ئەوەی كە پێی دەوترێت تابلۆكانی زەوی (مَدَّ الْأَرْضَ)، پاشان شاخەكان دروست دەبن كە لەسەر بەردی ئاگرین لەنگەری گرتوە وەك كەشتیەكانی ناو دەریا (وَجَعَلَ فِيهَا رَوَاسِيَ )، پاشان روبارەكان دروست دەبن ( وَأَنْهَارًا). سەرنجی وردی ‌و رەوانبێژی وشەكانی قورئان بە.

پرسیارەكە ئەمەیە:

كێ پێغەمبەری بەم( صلی الله عليه وسلم ) راستیانە ئاگاداركردەوە؟ كێ ئەم زاراوە زانستیانەی فێركردوە؟ چونكە وشەی (تمید، لاردەبێتەوە) وردترین وشەیە بۆ باسكردنی دۆخی زەوی لە سەرەتای دروستبونی.. هەروەها وشەی (فاستقرت، ئەوجا جێگیر بوو) گونجاوترین وشەیە بۆ باسكردنی دۆخی زەوی لە پاش دروستبونی شاخەكان.. ئایا ئەم فەرمودەیە بەڵگەیەكی رون ‌و ئاشكرا نیە لەسەر ئەوەی كە خوای گەورە خۆی پێغەمبەری       (صلی الله عليه وسلم ) ئاگاداركردۆتەوە ‌و پێغەمبەریش بەبێ زیاد ‌و كەم زانیاریەكانی پێ گەیاندوین.

سەرچاوە:

http://www.kaheel7.com/ar/index.php/2012-12-04-18-31-08/1049-2013-03-18-22-54-38

سەرچاوەی نوسەر:

http://www.bbc.co.uk/news/science-environment-15749757#panel1

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top