ئیعجازێك لە فەرمودەی      «في كل كبد رطبة أجر»

215 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

 

پەیامبەری ئیسلام (صل الله عليه وسلم) دەفەرموێت: ( في كل كبد رطبة اجر )، ئەو فەرمودەیەی پەیامبەر   لەوەوە هاتوە كە (ئەبوزەڕ) دەیگێڕێتەوە لە پەیامبەرەوە (صل الله عليه وسلم) كە فەرمویەتی: «كاتێك پیاوێك بە ڕێگایەكدا دەڕۆیشت و گەرما زۆری بۆ هێنابوو وە زۆر تینوی بوو، بیرێك دێتە بەردەمی و دادەبەزێت و تێر ئاو دەخواتەوە و،    كاتێك دێتە دەرەوە دەبینێت وا سەگێك لە گەرمادا ئەوەندەی تینوە كە خۆڵی تەڕ دەخوات و لە گەرمادا زمانی دەرهێناوە و (ها ها ها) یەتی، بۆیە پیاوەكە دەڵێت حاڵی ئەو سەگە وەك ئەوەیە بە سەر مندا هات له تینویەتیدا، بۆیە دابەزیەوە ناو بیرەكە و بە لێزانانە گۆرەویەكەی كە ئەوكات لە پێست دروستدەكرا پڕكرد لە ئاو و بە دەمی گرتی و سەركەوتەوە، ئینجا ئاوەكەی دەكردە ناو دەمی سەگەكە تا تێر ئاوی كرد، و ئینجا سوپاسی خوای بۆ كرد و خوا لێی خۆش بوو، پێیان وت ئەی پەیامبەری خوا ئایا بۆ ئێمە پاداشت دەبێت لەسەر گیانداران؟ ئەویش فەرموى: (في كل كبد رطبة اجر)، واتە لە هەموو گیاندارێكی زیندوو پاداشت هەیە، (كبد رطبة) واتە جگەری شێدار و تەڕ كە مەبەستی گیانداری زیندوە.

هەموو زاناكان لەسەر ئەوە كۆكن كە ئاو ڕەگەزی بنەڕەتیە لە دروستبوونی بوونەوەرە زیندوەكان، و دەچێتە نێو هەمووخانەكانی هەمووئەندامەكان و هەموو گوشراو و شلەمەنیەكان و خوێن و هتد…، ڕێژەی ئاو لەو ناوەندانە بە 70 تا 85% مەزەندە كراوە، بۆیە ئاو زۆر پێویستە بۆ ژیان بە تایبەتی بۆ كۆئەندامی هەرس كە بەبێ‌ ئاو هەرگیز كار ناكات، هەروەها ئەو پاشەڕۆیانەی لە ئەنجامی كرداری هەرسەوە دروست دەبن ناكرێنە دەرەوەی لەش ئەگەر ئاو خواردنەوە نەبێت لە لایەن مرۆڤ و گیاندارانەوە كە پاشەڕۆكان بە شێوەی میز یان عەرەق و یان پیسایی فڕێ‌ دەدرێنە دەرەوەی لەش.

بەڵام ئەگەر بڕی ئاو لە لەشدا لە ئاستی پێویست كەمتر بوو، ئەوە دەبێتە هۆی سەرئێشە و بێتاقەتی و بەدهەرسی و قەبزی، و  ئەگەر بڕی كەمبوونی ئاوەكە زۆر بوو لە لەشدا ئەوا سیستمی كاری لەش تێكدەچێت و ئینجا جەستە بەرەو ووشكبوون دەڕوات و خانەكان تەڕی و پڕییان نامێنێت و چرچولۆچی لەسەر پێست دروستدەبێت، بۆ پارێزی لە هاوسەنگی ئاو لە لەشدا، لە خوێندا بڕێكی باش لە پڕۆتین هەیە كە بە هیچ جۆرێك ناچێتە ناو خانەكانەوە، و لە گرنگترینی ئەو پڕۆتینانەی ناو خوێن كە پارێزی لە هاوسەنگی ئاو لە لەشدا دەكات پڕۆتینی (ئەلبۆمین)ە، كە تەنها جگەر دروستیدەكات لە لەشدا.

جگەر لە گەورەترین ئەندامەكانی لەشە و بارستاییەكەی 1.5 كگم، و دەكەوێتە لای ڕاستی بەشی سەرەوەی سكی مرۆڤ، بەشی خوارەوەی قەفەزەی سینگ دەیپارێزێت، جگەر نزیكەی 5 هەزار فرمان لە لەشدا ئەنجامدەدات بە مەبەستی بەردەوام بوونی ژیان، هەوێنە بنەڕەتیەكانی دروستبوونی جەستە بەرهەمدێنێت، و لەش ڕزگار دەكات لەو پاشەڕۆ كیمیاییە ژەهراویانەی لە ئەنجامی سوتاندنەوە دروست دەبێت، و  شلەی زەرداو بەرهەمدێنێت و دەینێرێت بۆ دوانزه‌گرێ لە ڕێگای كەناڵەكانی زراوەوە كە تێیدا بڵاوبونەتەوە، كاری زەرداو یارمەتی هەرسی خۆراك دەدات، هەروەها جگەر ژمارەی زۆر لە پڕۆتین و هۆڕمۆن و ئەنزیم بەرهەمدێنێت كە بە هەموویان كار و فرمانەكانی لەش ڕێكدەخەن، هەروەها جگەر ماددەی پێویست بۆ مەیاندنی خوێن و زیندەپاڵی كۆلیسترۆڵ دەردەكات، وە ڕێكخستنی ڕێژەی شەكر لە خوێندا و مامەڵە كردن لەگەڵ زۆربەی زۆری ئەو دەرمانانەی مرۆڤ بەكاریان دێنێت و ڕزگاربوون لە پاشەڕۆ كیمییاییە زیانبەخشەكانی لە كارە گرنگەكانی دیكەی جگەرن.

كاری ئەلبۆمین پارێزیكردنە لە پەستانی ئەسمۆزی، پەستانی ئەسمۆزی osmosis: بریتیە لە جوڵەی ڕووتی گەردە ئاویەكان بە نێو پەردەیەكی نیوە ڕێگاپێدەر كە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاو یان گەردەكانی ئاو لە ناوچەیەكی چڕی زۆرەوە (ماددەی كەمی تواوەی تێدابێت) بڕوات بەرەو ناوچەیەكی چڕی كەم (ماددەی تواوەی زۆری تێدابێت) بە بێ‌ سەرفكردنی وزە، پەردە نیوە ڕێگاپێدەرەكە ڕێگا بە تێپەڕبوونی ئاو (توێنەرەوە دەدات بەڵام ناهێڵێت ماددەی تواوەی solute پێدابڕوات، ئەوەش دەبێتە هۆی بوونی بەردەوامی جیاوازی پەستان لە نێوان ئەو دوو ناوچەیەدا، بەو جۆرە ئەلبۆمین ئەو هاوسەنگیە ڕێكدەخات و  ئاو لە نێو ڕێڕەوە خوێنیەكاندا دەهێڵێتەوە نەك لە نێو شانەكاندا قەتیس بمێنێت.

دابەزین یان كەمبوونی ئاستی ئەو پڕۆتینە دەبێتە هۆی لە دەستدانی هاوسەنگی ئاو و لەویشەوە چوونی ئاو لە دەرەوەی خانەكانەوە بۆ ناوەوەیان و قەتیسبوونی ئاو تێیاندا، و لە كۆتاییدا ئەو قەتیسبوونە دەبێتە هۆی مردنی خانەكان، ئەمەش ئاماژە دەبێت بۆ بوونی كەموكورتیەك لە فرمانەكانی جگەر و نەتوانینی بۆ بەرهەمهێنانی پڕۆتینی ئەلبۆمین.! لە لایەكی دیكەوە ئاستی پڕۆتینی ئەلبۆمین پشتبەستوە بە ڕادەی شێداری و تەڕی و پڕی جەستە، ئەو كەسەی ڕێژەی ئاو لە لەشیدا كەمبێتەوە واتە تووشی وشكی جەستە دەبێت و بەوەش ڕێژەی ئەلبۆمین لە خوێنیدا كەمدەكات، و پاش چارەكردنی ئەو دۆخی وشكبوونە ڕێژەی ئەلبۆمینی ناو خوێنی جارێكی تر بەرز دەبێتەوە. ئەوەش جەخت لە مەودای هەستیاری ئەو پڕۆتینە دەكاتەوە بۆ ئەو گۆڕانكاریانەی ڕوودەدات لە ئەنجامی وشكبوون یان شێداری و تەڕی و پڕی لەش.

 لە فەرموودەی «كبد رطبة…»ی پەیامبەر (صل الله عليه وسلم) دەستەواژەیەكی ناڕاستەوخۆیە بۆ ژیان، و ئەو جۆرە دەستەواژانەش بەوە دەبێت وتەكە بوترێت و بە دواییدا بەرهەمی بێت، بۆ نمونە لە زمانی عەرەبیدا بە كەسێك دەوترێت (كثير الرماد) واتە زۆر بەخشندە و دەست و دڵ فراوانە ؟(رماد) واتە خۆڵەمێش، ئەوەش لە ئاگركردنەوەی زۆرەوە دەبێت، واتە ئەو كەسە ئاگر زۆر دەكاتەوە بۆچی؟ چونكە چێشت زۆر لێدەنێت بۆیە خەڵكی زۆریش بەردەوام لە سەر سفرە و خوانی ئەو كەسەن بۆیە لە زمانی عەرەبیدا بەو كەسە دەوتریت كابرایەكی خۆڵەمێشی كە مەبەست لەوە كابرایەكی بەخشندە و نانبدەیە، لە زمانی عەرەبیدا بەو گوزارشانە دەوترێـــت (كنابة). لە فەرمودەكەیشدا (رطوبة) كە بە مانای شێداری و تەڕی و پڕی دێت دراوەتە پاڵ جگەر (كبد) واتە تا جگەر شێدار و تەڕ و پڕ بێت ئەوە مانای بەردەوامی ژیانە و هەركات ئەو ئەندامە وشك بوو ئەوە نیشانەی نەمان و مردنە، جگەری گیانداری زیندوو شێدارو تەڕو پڕە و گیانداری مردووش جەستەی وشك و جگەریشی وشكبوو دەبێت.

لە فەرمودەكەی پەیامبەر (صل الله عليه وسلم)   : «في كل كبد رطبة اجر» مانایەكی واتایی نێردراوی تێدایە: لە بەشییەوە كە جگەرێكی تەڕ و پڕ و شێدارە كە مەبەستی گیاندارێكی زیندوە، ئەمە بەشییە (جزء) بەڵام مەبەست لێی گشتە (كل)ن كورتەی فەرمودەكە ئه‌وه‌یه‌ : بەڵێ‌ پاداشت دەبێت بۆ شێدار و تەڕوپڕ كردنی هەموو جگەرێك واتە هەموو گیاندارێك تۆ چاكەی لەگەڵدا بكەی خوا پاداشتت لە سەری دەداتەوە، لایەنی ئیعجازی لە فەرمودەكەدا ئەوەیە كە پەیامبەری ئیسلام(صل الله عليه وسلم) تەڕی و پڕی و شێداری جگەری كردوە بە نیشانەی ژیان و زیندەگی كە بە پێی زانستی پزیشكیش ئەوەیە كە جگەر ئەو هەموو فرمانانە ئەنجامدەدات بۆیە نەخۆشكەوتن و وشكبوونی جگەر مانای مردنە. بەڵێ‌ ئیسلامی مەزن ئا بەو جۆرەیە ئەگەر بە ڕاستی پیادەبكرێت ئەوا داوا دەكات خزمەتی گیاندارانیش بكرێت ئینجا چ جای خزمەتكردنی مرۆڤەكان!!! ئیتر دەبێت چی بەوانە بوترێت كە بە ناوی ئیسلامی پیرۆز و مەزنەوە كۆمەڵكوژی مرۆڤەكان دەكەن و ئاخۆ ئەوە لە كوێی ئیسلامی مەزن و پیرۆزدا جێگای دەبێتەوە؟؟. وَمَا يَنْطِقُ عَنِ الْهَوَى (3) إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَى (4) عَلَّمَهُ شَدِيدُ الْقُوَى (5) النجم.

سه‌رچاوه‌كان

http://quran-m.com/

http://en.wikipedia.org/wiki/Liver

http://www.webnat.com/articles/Albumin.asp

http://ejtaal.net/islam/madeenah-arabic/ nu4_6.htm

http://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%AA%D9%86%D8%A7%D8%B6%D8%AD

Share Button

215 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Scroll to top