You Are Here: Home » بابەتەكانمان » لە بەناوبانگترین زاناكانی جیهان پڕۆفیسۆر (كیث مور)

لە بەناوبانگترین زاناكانی جیهان پڕۆفیسۆر (كیث مور)

وەرگێڕانی: ناسک ئیسماعیل عزیز

مامۆستا (عەبدول مەجید زیندانی) دەڵێت: داوای كتێبێكی باوەڕپێكراوم كرد لەبارەی زانستی كۆرپەلەزانیەوە لە (بەریتانیا) ئەوانیش كتێبی (پڕۆفیسۆر مور)یان بۆناردم، دیسان داوای كتێبێكی باوەڕپێكراوم كرد بۆ هەمان مەبەست لە (ئەڵمانیا) ئەوانیش هەر كتێبی (كیث مور)یان بۆ ناردم بە زمانی ئەڵمانی.

ئیدی منیش وتم: كەواتە دەبێت (د. مور) لەم زانستەداپیاوێكی گەورە بێت.

هەروەها (زیندانی) دەڵێت: كاتێكیش هاتم لە ڤیدۆكاندا گەڕام بۆ زانستی كۆرپەلەزانی، (34) فیلمی ڤیدۆم لەو بارەوە دۆزیەوە، كە هەمویان سەرچاوەكەیان بۆ (د. مور) دەگەڕایەوە.

وتم: باشە دەبێت ئەم (د. مور)ە كێ‌ بێت؟

بۆیە ئیتر كەوتمە پرسیار كردن، پرسیارم لە (د. احمد حجازی) كرد,  كە مامۆستای زانستی كۆرپەلەزانیە لە زانكۆی (مەلیك عبدالعزیز)  لەبارەی (د. مور)ە وە، ئاخۆ ناوی بیستوە؟

ئەویش پێی وتم: ئەوە باوكی زانستی كۆرپەلەزانیە، بەڵێ‌ باوكی زانستەكەیە.

وتم: خوایە گیان كێ دەمگەیەنێتە ئەو پیاوە؟ ئەوە ئەو پیاوەیە كە من بەدوایدا دەگەڕێم.

ئیتر بەو شێوەیە، تا لە كۆلێژی پزیشكی زانكۆی (مەلیك عبدالعزیز) شەشەم كۆنگرەی پزیشكی بەسترا و، نێردراوی شانشینی (سعودیە)ش مامۆستا (عصام شێخ) كە ڕاوێژكاری ڕۆشەنبیری شانشین بو لە (كەنەدا) بانگهێشت كرابو بۆ ئەوێ‌، منیش خۆم پێناساند و، وتم جەنابتان لە كوێن؟

وتی: من پاشكۆی ڕۆشەنبیری شانشینی سعودیەم لە كەنەدا.

وتم: لەكەنەدایت؟! برام ڕاستیەكەی ئێمە پزیشكێكمان دەوێت لە كەنەدا (دكتۆر مور)ی ناوە.

 ئەویش پرسی: لە چ زانكۆیەكە؟

وتم: لە (زانكۆی تۆرینتۆ)، ئەویش وتی: بەڕێوەبەری تۆرینتۆ هاوڕێمە، بە قۆشمەوە وتی: باوكیشیت بۆ دێنم.. وتم: نا باوكیم ناوێت خۆیم بۆ بێنە..

خوای گەورە پاداشتی چاكەی بداتەوە بەپەرۆشەوە گەڕایەوە بۆ (كەنەدا) و، لەوێوە نامەیەكی بۆ ناردم، منیش (دكتۆرمور)م بانگهێشت كرد، كە بێت بۆ زانكۆی (مەلیك عەبدول عزیز)،جەنابیشیان خۆشحاڵبون بە داواكەمان.

 ئیتر لە بەر خۆمەوە وتم: ئۆخەیش ئەوە دكتۆرە كە دێت بۆ زانكۆ! پاشان ئەم مژدەیەم دا بە (د.  عبدالله عمر عڤیم)، ئەویش یەكسەر ڕەزامەندی خۆی نیشاندا و، دو تكتی تەیارەی بۆ (د.مور)  و خێزانەكەی نارد و  ئوتێلێكی پێنج ئەستێرەیی بۆ گرتن و ئەوپەڕی ڕێز و حورمەتی لێ‌ گرتن.

كاتێك بەڕێزیان گەیشتن، هات بۆ لامان و وتی چیتان لایە؟

وتمان: هەندێك پرسیارمان هەیە، ڕاستیەكەی 80 پرسیارمان هەیە لەسەر زانستی كۆرپەلەزانی، بۆ ئەوەش دو ڕۆژمان بەسەر برد، پرسیارمان لێ‌ دەكرد و بە ڤیدۆ دەمان دەگرت، لەوە دەترساین ڕای بگۆڕێت.

دكتۆر لێی پرسین و وتی: من سەرم لەم پرسیارانەی ئێوە سوڕماوە، هەندێكیان منداڵێكی قۆناغی سەرەتایی دەیزانێت! وە پرسیاری واشم لێدەكەن كە تەنانەت گەورەترین زاناكانی ئەم سەردەمە ناتوانن وەڵامی بدەنەوە، بگرە تائێستاش لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە، ئەمە مانای چی؟   

وتمان: بەڵێ‌ نهێنیەك لە بابەتەكەدایە!!

وتی: بەڵێ‌ چیتان لایە؟

وتم: بڕوانە دكتۆر ئێمە لە مێژوی زانست دەكۆڵینەوە، وە هەرچی یەك لە پێش و لە دوای داهێنانی وردبینەوە دۆزراوەتەوە لێی دەكۆڵینەوە.. وە لەكاریگەری ئەوانە دەكۆڵینەوە لەسەر زانستی كۆرپەلەزانی، ئەوەی پەیوەندی بە پێش داهێنانی وردبینەوەیە،پرسیاری سادەن و وەك خۆت دەڵێیت هی قۆناغی سەرەتاییە, ئەوەش كە پەیوەندی بە دوای داهێنانی وردبینەوەیە، پرسیاری ئاڵۆز و وردن و هێشتا لە ژێر لێكۆڵینەوەدان، ئەویش قسەكەمانی لا پەسەند بو وە بەردەوام بو لەگەڵمان….

پاشان وتمان: دكتۆر! قۆناغی پێش داهێنانی وردبین، ئەو ماوەیەیە كە قورئانی تێدا هاتۆتە خوارەوە، لەو كاتەدا ئایەتەكانی قورئان دادەبەزی و لەبارەی زانستی كۆرپەلەزانی دەدوا، بۆیە ئێمە پرسیارمان لێ دەكرد لەبارەی ئەم  ئایەتە و ئەو ئایەتەی تر و بەو جۆرە زانیاری وردی پێدەداین و، سەری دەسوڕما!

وتی: ئەمە سەرسوڕهێنەرە و پاشان چو بۆ لای خێزانەكەی و پێی وت: ئێستا ئەزانم بۆچی بانگكراوم، ئەوانە باسی چەند ئایەتێك لە قورئان دەكەن كە لەگەڵ تازەترین لێكۆڵینەوەكانی ئەمڕۆدا یەك دەگرنەوە!

ئەویش وتی: منیش ئەم كاتەی لە ئوتێلەكەدا ماومەتەوە قۆستومەتەوە بۆ خوێندنەوەی ئەم قورئانە و، ئەم دیو و ئەو دیوم كردوە تا ئایەتێكم بەرچاو كەوت لە بارەی ئیعجازی زاستی  لە زانستی كۆرپەلەزانیدا.. خێزانی بە تەنیا بەم كارە هەستاوە.

پاشان، لە دوای ئەوەی وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە و لایەنە ئەرێنیەكانمان تیا بەدی كرد، بەجێی هێشتین و ڕۆیشت.. بەڵام بەهۆی ئەویشەوە (40) پرسیاری تری نوێ لە بواری كۆرپەلەزانیدا، لامان سەری هەڵدا.

دیسان نامەمان بۆ نارد: ئاخۆ دكتۆر دەكرێت بێیتەوە بۆ ئێرە؟

ئەویش لە وەڵامدا وتی: بەڵێ‌ دەكرێت، بەڵام بەمەرجێك.. وتمان مەرجەكەت چی یە؟

وتی: وانەیەك پێشكەش دەكەم و دەبێت پزیشك و قوتابیەكانیش گوێیان لێ‌ بێت.

منیش كەوتمە گێژاوی ئەو پرسیارەوە كە ئاخۆ بۆ دەیەوێت وانەیەك پێشكەش بكات؟

ئاخۆ كە گەڕاوەتەوە بۆ كەنەدا سەرزەنشت كراوە؟ ئاخۆ لۆمەیان كردوە؟ و ئێستا داوایان لێكردوە كە ڕابردو بسڕێتەوە!

كەواتە با بێت، ئێمە باكمان نی یە و زانستمان پێ یە و هەر لە شوێنی خۆشی دا وەڵامی دەدەینەوە.. بۆیە وەڵاممان بۆ نارد كە: فەرمو بەخێربێن ئێمە ئامادەین.

كاتێك دكتۆر دوبارە هاتەوە بۆلامان، دەستی كرد بە خستنە ڕوی بابەتاكان و وتی من سلایدم دەوێت، ئێمەش یەك بەیەك سلایدەكانمان بۆ ئامادەكرد، فڵان  سلاید و فڵان و فڵان و… هتد، بەڵام سەرمان سوڕما لە بابەتی وانەكەی كە شتێكی تر بو، پێچەوانەی ئەوەی كە خۆمان گومانمان لێدەكرد، وتم: باشە ناونیشانی ئەم وانەیە چی یە، هیچم شك نەبرد جگە لەوەی ناوی لێ بنێم، بەراوردكردنی زانستی كۆرپەلەزانی لەگەڵ ئەوەی لە قورئان و سونەتدا هاتوە. 

ئیدی بڵاومان كردەوە كە لە زانكۆی (مەلیك عبد العزیز)  وانەیەك لەبارەی بەراوردكردنی زانستی كۆرپەلەزانی لەگەڵ  قورئان و سونەتدا پێشكەش دەكرێت لە لایەن  پڕۆفیسۆر مور)ە وە. 

لەبەرئەوەی پزیشكەكان پایە و پێگەی ئەم پڕۆفیسۆرەیان باش دەزانی، بۆیە پزیشكەكان هاتن و كەسانی تریش پێكەوە ئامادەبون،ئەویش وانەكەی بە سلاید دەوتەوە و دەیوت: ئەم ئایەتە ئاوا دەڵێت، ئەوەش ڕاستیەكەیەتی كە لە بەرچاودایە سەیری بكەن، ئەمەش ئایەتێكی تر ئەوەش ڕاستیە  زانستیەكەی، لە كۆتایشدا وتی، ئەم  زانستە شایەتیم بۆ دەدات كە دەبێت لەلایەن خوداوە بێت. هەروەها شایەتیم بۆ دەدات كە (محمد) نێردراوی خودایە، ئیتر خەڵك هەموی چەپڵەیان لێدا و هوتافیان كێشا و هەژان.

 سەرچاوە: چاوپێكەوتنێك لەگەڵ عبدالمجید زندانی لە بەرنامەی (صفحات من حیاتی) لە كەناڵی ئاسمانی (المجد)ی سعودیە.

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top