موعجيزاتى قورئانى

708 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

موعجيزاتى قورئانى

پاشكۆی یەكەم

ن: مامۆستا سه‌عیدی نوورسی    و: فارووق ڕه‌سووڵ یه‌حیا faruqrasul@haiv.org

ئەم پاشكۆیە پلەی حەڤدەهەمی تیشكی حەوتەمە (الایة الكبری) كرا بە پاشكۆیەك بۆ وتەی بیست‏ و پێنجەم

ئەم گەشتیارەی كە تێر نابێت و ماندووبوون كاری تێناكات، زانیی: ئامانجی ژیانی ئەم دنیایە و ژیانی “ژیان” تەنها لە ئیماندایە‏، بۆیە لەگەڵ “دڵ”ی خۆی‏دا دوا و وتی:

– گوفتاری ئەو كەسەی كە لێی دەگەڕێین، بەناوبانگترین و ڕاست و داناترین گوفتاری ناو ئەم “بوون”ەیە و، لە هەموو چەرخ و سەردەمێكدا تەحەددای گشت ئەوانەی كردووە كە ملی بۆ كەچ ناكەن‏. كەواتە با لە پێشدا سەر لەو قورئانە پیرۆزە خاوەن ڕەوانی‏یە ئیعجازبەخشە بدەین و بزانین چی دەڵێت‏؟ بەڵام پێش ئەوەی بچینە ناو ئەم جیهانە جوانەوە، با هەندێك بووەستین و ئەوەندە لەم كتێبە بكۆڵینەوە كە دڵنیامان بكات لەوەی كتێبی بەدیهێنەری ئێمەیە.

بەم جۆرە، دەستی كرد بە وردبوونەوە و لێكۆڵینەوە.

جا لەبەر ئەوەی ئەم گەشتیارە لە هاوچەرخەكانمانە، ئەوا لە پێشدا سەیری “پەیامەكانی نوور”ی كرد‏‏، كە چەند بریسكانەوەیەكی ئیعجازی مەعنەویی قورئانی پیرۆزن، بینیی:

ئەم پەیامانەی كە دەگەنە سەد و سی‏ دانە، بۆخۆیان تەفسیرێكی بەنرخی ئایەتەكانی قورئانن، چونكە پەردە لە ڕووی سەرنجە وردەكان و ڕووناكی‏یە ڕەنگینەكانی ئەو ئایەتانەی قورئان لادەدەن و ئاشكرایان دەكەن.

خۆ هەرچەندەش “پەیامەكانی نوور” لەم سەردەمە مولحیدە سەرسەختەدا، بە جیهاد و تێكۆشانێكی بەردەوام، ڕاستی‏یەكانی قورئانیان بە هەموو لایەكدا بڵاو كردووەتەوە، كەچی هیچ كەسێك نەیتوانیوە ڕەخنەیان لـێ‌ ‏بگرێت یان ڕووبەڕوویان ببێتەوە، ئەمەش ئەوە دەچەسپێنێت كە قورئانی پیرۆز – كە پێشەوا و ڕابەر و سەرچاوە و خۆری ڕووناكی‏ بەخشی ئەو پەیامانەیە – ئاسمانی‏یە و، گوفتاری خواوەندی پەروەردگاری هەموو جیهانەكانە و، هەرگیز گوفتاری ئادەمیزاد نی‏یە، بە ڕادەیەك كە “وتەی بیست‏ و پێنجەم” و كۆتایی “مەكتووبی نۆزدەهەم” كە هەردووكیان تەنها یەك بەڵگەی نێوان سەدان بەڵگەن لەوانەی كە پەیامەكانی نوور بۆ ڕوونكردنەوەی ئیعجازی قورئان هێناونی، بە چل شێوە و ڕووی جۆراوجۆر ئیعجازی قورئانیان چەسپاندووە، بە چەشنێك هەموو ئەو كەسانەیان خستووەتە سەرسووڕمانەوە كە خوێندوونیانەتەوە و لێیان كۆڵیونەتەوە، پاشان ڕێز‏‏‏ و سەرسووڕمانی خۆیان بەرامبەر بەو پەیامانە دەربڕیوە، چ جای ئەوەی كە ڕەخنەیان ئاراستە بكەن یان بەرەنگاریان ببنەوە، بەڵكو هەموویان – تێكڕا – ستایشیان كردوون.

جا چەسپاندنی ڕووی ئیعجازی قورئان و، خستنەڕووی ئەو لایەنەی كە دەری‏ دەخات قورئان فەرمایشت و گوفتاری خواوەندە، ئەم گەشتیارە بە پەیامەكانی نووری سپاردن، بەڵام بە وردی سەرنجی لە چەند خاڵێكدا كە بە ئاماژەیەكی كورت مەزنیی قورئانی پیرۆز دەردەخەن:

 خاڵی یەكەم:

 هەروەك قورئانی پیرۆز، بە هەموو موعجیزات و ڕاستی‏یەكانی خۆی، كە بەڵگەن لەسەر ئەوەی لە هەموو شتێكی تر حەقترن، موعجیزەی حەزرەتی محەممەدە صلى الله عليه وسلم، بە هەمان جۆر حەزرەتی محەممەدیش صلى الله عليه وسلم بە هەموو موعجیزەكانی و بەڵگەكانی پێغەمبەرێتی و كەماڵاتی زانیاریی خۆی، موعجیزەی قورئانی پیرۆزە و، بەڵگەیەكی گومان بڕە لەسەر ئەوەی كە قورئانی پیرۆز گوفتاری خواوەندی پەروەردگاری هەموو جیهانەكانە.

 خاڵی دووەم:

قورئانی پیرۆز گۆڕانكاری‏یەكی گەلـێ‌ مەزنی لە ژیانی كۆمەڵایەتی‏دا هێنایە گۆڕێ‌‏ و، ڕووناكیی بە هەموو ئاسۆكانی گەردووندا پەخشاند و پڕی‏ كردن لە بەختەوەری و ڕاستی‏یە مەزنەكانی لەسەر نەخشاندن و، ئاڵوگۆڕێكی یەكجار گەورەی ئەنجام دا چ لە دڵا‏‏ و دەروونی مرۆڤدا چ لە گیان و ژیرییاندا چ لە ژیانی: كەسی و كۆمەڵایەتی و ڕامیارییاندا. ئنجا ئەم گۆڕان و ئاڵوگۆڕەشی بە بەردەوامی هێشتەوە و بەڕێوەی‏ برد، بە ڕادەیەكی ئەوتۆ كە ئایەتەكانی ئەم قورئانە (كە دەگەنە شەش‏ هەزار و شەش‏ سەد و شەست‏ و شەش ئایەت) وا چواردە سەدەی ڕەبەقە لە هەموو چركەیەكدا بە لای كەمەوە لەسەر زاری زیاتر لە سەد ملیۆن كەس، بەوپەڕی ڕێز و شكۆداری‏یەوە دەخوێندرێنەوە و، لەو كاتەیشەوە ئەم قورئانە خــەڵكان پــەروەردە و “دەروونــەكان”یشــیان پــاكــژ دەكات و، “دڵانیان” دەپاڵێوێت و، ڕوونــی‏‏ و پلەبەرزی بە “گیانیان” و، ڕاستەشەقام و ڕووناكیش بە “ژیرییان” و ژین و بەختەوەریش بە “ژیانیان” دەبەخشێت.. بێ‌‏ هیچ گومانێك، ئەم كتێبە هیچ هاووێنە و هاوتا و هاوشانێكی نی‏یە، كەواتە موعجیزە و دەراسایە.

 خاڵی سێ‌‏‏هەم:

قورئانی پیرۆز هەر لەو سەردەمەوە تاكو ئێستا ڕەوانبێژی‏یەكی وای پیشان‏ داوە كە لە وێنەی نی‏یە. بە ڕادەیەك كە نرخی “موعەللەقاتی سەبعە”ی بەناوبانگی ئەوانی داگرتە خوار كە چەند پارچە شیعرێكی كەڵە شاعیرە هەرە ڕەوانگۆكانیان بوون و بە زێڕ نوسرابوون و بە دیواری كەعبەدا هەڵواسرابوون، بە ڕادە و ئەندازەیەكی ئەوتۆ لە شان‏ و شكۆ و نرخ و بەهای داشكاندن‏ كە دوای هاتنی قورئان، كچەكەی “لوبەید” پارچە شیعرەكەی باوكی لە ڕووی دیواری كەعبە داگرت و، وتی:

 (مادەم ئەم ئایەتانە هاتن ، ئیتر جێی تۆ لێرەدا نەماوە)!

هەروەها كاتێك ئەدیبێكی دەشتەكی ئەم ئایەتەی بیست كە دەفەرموێ‌‏:

[فاصْدَعْ بما تُۆْمَر] (الحجر:94) خۆی پێ‌‏‏ ڕانەگیرا و یەكسەر سەری سوژدەی نایە زەوی!

پێیان وت:

 ئایا موسڵمان بوویت؟

وتی:

 نەخێر.. بەڵام سوژدەم بۆ ڕەوانبێژیی ئەم ئایەتە برد!

هەروەها هەزاران كەس لە پێشەوایانی ڕەوانبێژی و كەڵە ئەدیبانی چەشنی: عەبدولقاهیری جورجانی و، سەككاكی و، زومەخشەری، بە یەك دەم و یەك دەنگ دان بەوەدا دەنێن كە:

(ڕەوانبێژیی قورئان لە سەرووی وزەی مرۆڤەوەیە و، لە توانای هیچ كەسێكدا نی‏یە پێی ‏بگات).

هەروەها قورئانی پیرۆز‏‏، هەر لە كاتی نازڵ‏‏ بوونیەوە تاكو ئێستاش‏‏‏، تەحەددای هەموو ڕەوانبێژ و ئــەدیبە لەخۆبایی و ســەرسـەختەكان دەكات و، لە كــەش‏ و فش و خۆبەگەورە گـرتـن و سـەرسەختییان دادەگرێت و لووت‏بەرزییان دەهێنێتە خوار و، لەو تەحەددایانەشدا داوای هێنانی سوورەتێكی وەك سوورەتەكانی قورئانیان لـێ‌ دەكات، یان دەبێت بە تیاچوون و ڕسوایی دنیا و قیامەت ڕازی بن..

ئا لەم كاتەدا كە قورئان ئەم تەحەددایەی ڕادەگەیەنێت، دەبینیت سەرجەم ڕەوانبێژە سـەرسـەختەكانی ئەو سـەردەمە وازیان لـە ڕێگا كورتەكە هێنا، كە لاسایی‏كردنەوەی قورئانــە‏ و هێنانی سوورەتێكی وەك ئەوە‏‏ و، لە بریی ئەمە ڕێ‌‏‏یەكی درێژیان گرتەبەر، كە ڕێی جــەنـگ و ڕووبەڕووبوونەوەی چەكدارانەیە و، ڕێ‌‏‏یەكە كاولكاریی لە دووتوێ‌‏‏دایە و زیان بە گیان و سامانیان دەگەیەنێت.. ئەوان بە هەڵبژاردنی ئەم ڕێگایە، ئەوەمان بۆ دەچەسپێنن كە هەرگیز گرتنەبەری ڕێگا كورتەكە لە توانادا نی‏یە و بۆ هیچ كەسێك مەیسەر نابێت!

هەروەها ملیۆنەها كتێبی عەرەبیمان لە بەردەستدان، كە یان دۆست و پشتگرانی قورئان بە نیازی چاوكردن لە شێوازەكەی و شوێن پێ‌‏‏ هەڵگرتنی.. یان دوژمنانی بۆ مەبەستی بەرەنگاری‏ كردن و ڕەخنە لـێ‌ ‏گرتنی، نووسیویانن..

خۆ هەموو ئەو كتێبانەی كە نووسراون و دەشنووسرێن، سەرباری بەرەوپێش‏ چوونی شێوازیان، كە ئەویش ئەنجامی لە دوای ‏یەكتر هاتنی بیرەكانیان و سوودوەرگرتنی دوایینەكانیانە لە پێشینانیان، كەچی لەو كاتەوە تا ئێستا، هیچ كام لەو نووسراوانە نە لە شێوازی قورئان دەچێت نە نزیكیشی دەبێتەوە! تەنانەت ئەگەر پیاوێكی عەوامیش گوێی لە خوێندنی قورئان بێت، هەست بەو ڕاستی‏یە دەكات و ناچار دەڵێت ‏: (ئەم قورئانە لە هیچ كامێكی ئەو كتێبانە ناچێت). جا یان ئەوەیە ڕەوانبێژی‏یەكەی ئەم لە خوار هی ئەو كتێبانەوەیە، یان لە سەرووی هەموویانەوەیە. خۆ هیچ مرۆڤێك – هەر كەسێك بێت – تەنانەت كافر و مرۆڤی نەفامیش ناتوانێت بڵێت: ڕەوانبێژی‏یەكەی لە خوار ئەوانەوەیە.

جارێكیان یەكێك ئەم ئایەتەی خوێندەوە كە دەفەرموێ‌‏: [سَبَّحَ لله‏ ما فی السمواتِ واڵاَرض] (الحدید:1) پاشان وتی:

– من هیچ ڕوویەكی ئیعجاز لە ڕەوانبێژیی ئەم ئایەتەدا نابینم كە ئێوە دەیبینن.

پێیان‏ وت:

– (تۆیش وەك ئەم گەشتیارە بە ئەندێشەت بۆ ئەو سەردەمە بگەڕێرەوە كە ئەم ئایەتەی تێدا هاتووە، لەوێ‌‏ گوێی لـێ‌ ڕابگرە)!

ئەویش كە بە ئەندێشە گەڕایەوە بو ئەوێ‌‏ و سەیری كاتی پێش نازڵا‏‏ بوونی قورئانی كرد، بینیی:

بوونەوەرانی جیهان، لە بۆشایی‏یەكی چۆڵ‏ و فراوانی بێ‌ سنوور و جیهانێكی تیاچووی فانی‏دا فڕێ‌‏ دراون و، لە بارێكی نائومێد و شڵەژاودان و‏‏، لەناو تاریكی‏یەكی ڕەش و چڕ‏دا دەگەوزێن و، بێ‌‏ گیان‏‏ و ژیان و هەست‏ و‏ نەست و كار و ئەرك و فرمانن.. ئا لەم كاتەدا‏، گوێی بۆ ئەم ئایەتە پیرۆزە ڕاگرت و لێی ورد بووەوە، بینیی‏:

ئەم ئایەتە پەردەیـەكی دادراوەی لەســەر ڕووی گــەردوون و سەرانسەری جیهان هەڵـدایـەوە و، بە درەوشاوەیی و ڕوونی ڕووی گەردوون و جیهان دەركەوت و، ئەم گوفتارە ئەزەلی و فەرمانە هەتاهەتایی‏یە دەرسێكی بە خاوەن هەستانی ڕیز بەستووی چەرخە یەك ‏لە دوای یەكەكان ڕاگەیاند و بۆی ڕوون‏ كردنەوە كە:

ئەم گەردوونە وەك مزگەوتێكی مەزن وایە و، بوونەوەرانی ناویشی – بە تایبەت ئاسمانەكان‏‏ و زەوی – سەرگەرمی زیكر و تەهلیل‏ و تەسبیحاتی گەرموگوڕی تایبەتیی خۆیانن و، هەریەكەیان بەوپەڕی شادمانی و تاسەمەندی‏یەوە كار و ئەركی خۆیان خسـتووەتە ئەسـتۆ و، بەوپەڕی بەختەوەری‏‏ و سـوپاسـگوزاری‏‏ و پێزانینیشەوە ئەنجامیان دەدەن‏‏‏‏ و ڕایاندەپەڕێنن.

ئەم گەشتیارە، بەم جۆرە كاریگەریی ئەم ئایەتە پیرۆزەی لە گەردووندا بینی و، ئنجا مەودای بەرزی و ڕەوانبێژی‏یەكەی چەشت و‏، گشت ئایەتەكانی تریشی بەم چاوە بینی و بەم پێوەرە هەڵی‏ سەنگاندن. پاشان لە نهێنیی‏ ئەوەش گەیشت كە ڕەوانبێژیی بێ‌‏ وێنەی قورئانی پیرۆز بەسەر نیوەی گۆی زەوی و پێنج‏یەكی گرۆی مرۆڤدا زاڵ‏ و شكۆدارە و، دوای ئەوەش پەیی بە حیكمەتێك برد لە نێوان ئەو هەزاران حیكمەتانەی كە وان لە بەردەوام بوون و نەبڕانەوەی شكۆمەندیی دەستەڵاتی قورئانی پیرۆزدا، بۆ ماوەی چواردە سەدەی ڕەبەق بەوپەڕی ڕێزەوە.

 خاڵی چوارەم:

قورئانی پیرۆز دارای سازگاری و شیرینی‏یەكی ڕەسەن و ڕاستەقینەی ئەوتۆیە كە بە دووپات‏ كردنەوەی زۆر و بەردەوامیشی نابێزرێت و هەرگیز خوێندنەوەی زۆری نابێتە مایەی بێزاری، لە كاتێكدا كە دووپات‏ بوونەوە لە شتی تردا، با زۆر خۆش و شیرین و بەتامیش بێت، هۆی بێزار‏بوون و لەبەرچاوكەوتنە. بەڵكو قورئانی پیرۆز، بە دووپات‏ كردنەوەی خوێندنەوەی، پتر شیرینی و سازگاری‏یەكەی زیاد دەبێت و دەردەكەوێت. ئەمەش ڕاستی‏یەكە هەر لەو سەردەمەوە تاكو ئێستا لای هەموو كەسێك سەلماوە و، بە نموونە دەهێنرێتەوە.

بەم جۆرە، قورئانی پیرۆز هێندە تەڕی و پاراوی و لاوی و تازەیی دەرخستووە كە تا ئێستاش هەموو ئەمانەی پێوە دیارە و، هەرچەندەش وا چواردە سەدەیە نازڵا‏ بووە و هەموو كەسێك بە ئاسانی دەستی دەكەوێت كەچی لەگەڵا‏ ئەوەشدا، دەڵێی ئا ئێستا بە تازەیی نازڵ‏ بووە. هەموو سەردەمێكیش قورئانیان هەر ئاوا بە لاوی و پاراوی و تازەیی وەرگرتووە و، وەك تەنها بە تایبەتی لەگەڵ ئەواندا بدوێت ئاوا لە بەرچاویاندا دەركەوتووە. گشت تاقمێكی زانست‏ مەشرەبی هەموو كاتێكیش دەبینن قورئان پارێزگاریی لاوی و تازەیی شێوازەكانی دەكات و پاراویی شێوەی ڕوونكردنەوەكانی ڕادەگرێت، هەرچەندەش قورئانیان لە بەردەستدایە و هەردەم لێی هەڵدەگۆزن و شوێن‏پێی هەنگاوی شێوازی ئەو هەڵدەگرن.

 خاڵی پێنجەم:

قورئانی پیرۆز یەكێك لە باڵەكانی ڕووەو “ڕابوردوو” و، ئەوی تریشی بەرەو “داهاتوو” بڵاو كردووەتەوە، چونكە بناغە و بنچینەی قورئان و یەكێك لە دوو باڵەكانی ئەو ڕاستی‏یەیە كە هەموو “پێغەمبەرانی پێشین” لە سەری یەكیان گرتووە. ئەوەتا قورئانی پیرۆز تەسدیقیان دەكات و پشتیان دەگرێت و، ئەوانیش پشتی ئەم دەگرن و بە زمانی حاڵی یەك‏گرتنیان لەگەڵا‏ قورئاندا، تەسدیقی دەكەن.. هەروەها “ئەولیا و پیاوچاكان و دەروون خاوێنەكان”یش “بەر”ێكن ژیانیان لە “درەختی قورئان”ی پیرۆزەوە دەست كەوتووە.

جا پێگەیشتن و زیندوویی ئەم بەرە پێگەیشتووانە بەڵگەی ئەوەیە كە درەختە پیرۆزەكەیان بەخشندە و خاوەنی ژیان و، دارای ڕێژنەی بەردەوام و ڕاستی و ڕەسەنایەتی‏یە. چونكە هەموو ئەو كەسانەی كە ڕۆشتوونەتە ژێر چاودێری و پارێزگاریی باڵی دووهەمی قورئان و لە سایەی‏دا ژیاون، لە شوێنكەوتووانی تەریقەتە ڕاستەقینەكانی ئیسلام، هەر هەموویان شایەتی دەدەن كە قورئانی پیرۆز عەینی حەق و كۆگای ڕاستی‏یەكانە و، لە “گشتی‏بوون” و “هەمەلایەنگیری”دا هەرگیز هاوتا و وێنەی نی‏یە، كەواتە موعجیزەیەكی ڕوون و ئاشكرایە.

 خاڵی شەشەم:

هەر شەش لاكانی قورئان ڕوون و ڕووناكی‏بەخشن. ئەمەش ڕاستی و دادگەریی قورئان دەردەخات..

بەڵێ‌‏، “لای خوارەوەی” قورئان و ژێرەوەی: ستوونی بەڵگەكانە و لەسەریان ڕاوەستاوە.. لە “لای سەروویشیەوە”: مۆری ئیعجازی لەسەر نەخشاوە.. “بەردەم و ئامانجیشی”: دیاری‏یەكانی بەختەوەریی هەردوو دنیان.. لە “پشتیشیەوە” واتە خاڵی پشت‏ پێ‌‏‏بەستنی: ڕاستی‏یەكانی سرووشی ئاسمانی ڕیزیان بەستووە.. لە “لای ڕاستیشیەوە”: تەسدیق‏ كردنی چەندین بەڵگەی بێ‌‏‏سنوور و لەژمارەبەدەری ژیری‏یە ڕاستەكانە.. “لای چەپیشی”: دڵنیایی و كێش‏بوون و تەسلیم و ملكەچیی تەواوەتیی دڵە ساغ و دەروون و هەناوە خاوێنەكانە.

جا هەروەك ئەم شەش لایانە دەیچەسپێنن كە: قورئانی پیرۆز قەڵایەكی ئاسمانیی وەهایە لەسەر زەوی‏دا كە هیچ شتێك ناتوانێت بیبڕێت و كەلێن لە دیوارەكەی‏دا دروست بكات.. هەروەها شەش مەقامیش هەن جەخت لەسەر ئەوە دەكەن و دەیچەسپێنن كە: قورئان خۆی لە خۆی‏دا ڕاست و ڕەوایە و، هەرگیز گوفتاری مرۆڤ نی‏یە و، لە هیچ لایەكیەوە ناڕەوایی توخنی ناكەوێت.

مەقامی یەكەمیان بریتی‏یە لە پشتگیری‏كردنی ئەم قورئانە پیرۆزە‏ لە لایەن كارساز و بەڕێوەبەری ئەم گەردوونەوە، كە خوایەكە دەرخستنی جوانی‏‏ و، پارێزگاری‏كردنی چاكە و ڕاستی و، نەهێشتن‏ و لابردنی فێڵباز و درۆزنانی كردووە بە یاسایەكی كارگوزاری كارای خۆی..

ئەم خواوەندە مەقامێكی ڕێزلێنانی وەها و پلەوپایەیەكی ئەوتۆی لە هەموو جیهاندا بەم قورئانە بەخشیوە كە لە هەمــوو پلە و پایە و مەقامێك بەرز و پایەدار و زاڵترە و، بەمەش تەســـدیق و پشتگیریی خۆی بۆ قورئان دەربڕیوە.

پاشان ئەو ڕێزە شایان و باوەڕە بەتین و ڕەگداكوتاوەی كە زاتی مەزنی پێغەمبەر  بەرامبەر قورئانی پیرۆز دەری‏بڕیوە، لە سەرووی هەموو ڕێزێكەوەیە. ئەم پێغەمبەرەی صلى الله عليه وسلم كە سەرچاوەی ئیسلام و ڕوونكەرەوەی قورئانە و، بێ‌‏ هیچ ویستێكی خۆی لە نێوان بێداری و نوستندا “وەحی”ی بۆ نازڵ‏ دەبوو‏، ئەم پێغەمبەرەی كە فەرموودەكانی تری هەرگیز ناگەنە ئاستی قورئان، تەنانەت هەر لەویش ناچن، هەرچەندە ڕەوانگۆترین كەسیشە.. هەروەها ئەم پێغەمبەرە صلى الله عليه وسلم بەم قورئانە: ڕووداوە غەیبی‏یە گەردوونی‏یەكانی پێشین و داهاتووشی بەوپەڕی دڵنیایی و باوەڕبەخۆبوون و بێ‌‏ هیچ دوودڵی‏یەك ڕوون كردووەتەوە، هەرچەندەش نەخوێندەوار بووە. ئنجا لەمەشدا هیچ فێڵ و هەڵە و شتێكی وەك ئەمانەی – با بچووكیش بووبێت – لـێ‌ نەبینراوە، هەرچەندەش لە نێوان كەسانێكدا ژیاوە كە تابڵێی سەرنجی هەڵسوكەوتەكانی ئەویان داوە..

جا باوەڕهێنانی ئەم ڕوونكەرەوە و ڕاگەیەنەرە مەزنەی قورئان كە پێغەمبەرە صلى الله عليه وسلم و، دڵنیایی و نەلەرزینی لە هیچ شتێكدا – با زۆر گەورەش بووبێت – پشتی ئەوە دەگرێت و دەیچەسپێنێت كە: قورئانی پیرۆز ئاسمانی‏یە و، ڕاست و ڕەوا و داد و گوفتاری پیرۆزی پەروەردگاری میهرەبانە.

هەروەها پەیوەست‏ بوونی پێنج‏یەكی گرۆی مرۆڤ، بەڵكو نیوەی هەرە مەزنیان، بەم قورئانە پیرۆزەی كە لە بەردەمیاندایە و بە چاو دەیبینن، بە پەیوەندی‏یەكی گەرموگوڕی ئایینداری و گوێ‌‏‏ڕاگرتنی پڕ لە شەوق و تاسە و ئارەزوومەندی و، هاتنی پۆل پۆلی جیننی و مەلائیكەت و ڕۆحانی‏یەكان بۆ لای و كۆبوونەوەیان لە دەوری لە كاتی خوێندنەوەی‏دا بە چەشنی پەپوولەی شـەیدای ڕووناكی، بە شایەتیی چەنـدەهـا ڕووداوی زۆر و نیشانەی زەبــەنـدە و “كەشف”ی ڕاستی گەلـێ‌ كەس لە پیاوچاكان..

هەموو ئەمانە، تەسدیقی ئەوە دەكەن كە ئەم قورئانە جێی ڕەزامەندی و مایەی سەرسووڕمانی گشت بوونەوەرانە و، لەم گەردوونەدا مەزنترین پلەوپایەی پێ‌ دراوە.

هەروەها هەموو چینێك لە چینەكانی مرۆڤ، هەر لە عەوامەكان و تەمبەڵترین كەسەوە تا دەگاتە كەسانی یەكجار زیرەك و زانا، بەشی خۆیان بە تەواوی لەو دەرسانە وەردەگرن كە قورئانی پیرۆز دەیانڵێتەوە و قووڵترین ڕاستی‏یە‏كانی تێ‌‏‏دەگەن و لێی وەردەگرن.. هەروەها سەرجەمی زانایانی سەدان زانست و هونەری ئیسلامی، بە تایبەت موجتەهیدانی شەریعەتی خاوێن و، لێكۆڵەرانی ئوسووڵی دین‏‏ و بلیمەتانی زانستی كەلام و هاوچەشنیان، وەڵامی شیفابەخشی پێداویستی‏یەكانی تایبەت بە زانستەكانیانەوە لە قورئانی پیرۆز دەرهێناوە و هەڵگۆزیوە..

 هەموو ئەمانە، تەسدیقی ئەوە دەكەن كە قورئانی پیرۆز سەرچاوەی حەق و كانگای ڕاستییە.

هەروەها بەرپەرچ‏ نەدانەوەی قورئان لە لایەن ئەو ئەدیبە عەرەبانەی كە لە پێشەنگی كاروانی ئەدەبەوەن، بە تایبەت ئەوانەیان كە موسڵمان نەبوون‏‏، هەرچەندەش حەزیان لە بەرەنگاریی كردووە. هەروەها دەستەوسانی و كۆڵەواریی تەواویان بەرامبەر تەنها یەك ڕووی حەوت ڕووە مەزنەكانی ئیعجازی قورئان (كە ڕووی ڕەوانبێژی‏یەتی) و كۆڵەوارییان لە هێنانی شتێكی وەك تەنها یەك سوورەتی قورئان و، خۆدزینەوەیان لەم تەحەددا و داوایەی قورئان.. هەروەهــا بەرەنگار نەبوونەوەی ڕەوانبێژە بەناوبانگ و زانا بلیمەتەكان – تاكو ئێستا – بەرامبەر بە هیچ كام لە ڕووەكانی ئیعجازی قورئان، هەرچەندەش حەزیان دەكرد بەم چەشنە بەرەنگاری‏یە ناوبانگ دەربكەن و ناویان بڵاو ببێتەوە.. بەڵێ‌‏، بێ‌‏‏دەنگییان لە ئاستی ئەمەدا، كۆڵەوارییان پیشان دەدات، ئەوەتا ئەوان لەم بوارەدا هیچ هەنگاوێكیان نەنا!

هەموو ئەمانە، بەڵگەیەكی گومان‏بڕن لەسەر ئەوەی كە قورئانی پیرۆز خۆی بۆ خۆی موعجیزەیە و لە سەرووی توانا و وزەی مرۆڤەوەیە‏.

بەڵێ‌‏، بەها و بڵندی و ڕەوانگۆیی هەر گوفتارێك بەوە ڕوون دەبێتەوە كە بزانرێت: (كێ‌‏ وتوویەتی؟ بە كێی وتووە؟ بۆچی وتوویەتی)؟!

جا لەسەر بناغەی ئەمە، تا ئێستا نە هاووێنەی قورئانی پیرۆز هاتووە و، نە دێت و، نە هەرگیز هیچ شتێك نزیكی دەبێتەوە. چونكە قورئانی پیرۆز فەرمایشتی پەروەردگاری هەموو جیهانەكانە و گوفتاری بەدیهێنەریانە و، قسەكردنێكە هەرگیز بە هیچ جۆرێ‌‏ لاسایی ناكرێتەوە و، هیچ نیشانەیەكی ئەوتۆی پێوە نی‏یە كە ئەوە بگەیەنێت خۆكردەیی(التصنع)ی تێدا بێت..

هەروەها ئەو كەسەی كە قورئان گوفتاری خۆی ئاراستە دەكات نوێنەری گرۆی مرۆڤ بەڵكو نوێنەری سەرجەمی بوونەوەرانە بە گشتی و، بەڕێزترین قسەبۆكراو(مخاطب)ە و، ناویشی لە ناوی هەموان بەرز و پایەدارترە و، ئەم ئیسلامە مەزنە لە هێز و فراوانیی ئیمانەكەی ئەو كەسەوە سـەرچاوەی گرتووە و، ڕێزیشی لە ڕادەیەكدایە كە بۆ “قاب قوسین” یان نزیكتریش سەرخراوە و بە گوفتار و لەگەڵ‏‏ دوانی خواوەندی بێ‌‏وێنە پایەدار كراوە و ڕێزی لـێ‌ نراوە.

پاشان قورئانی پیرۆز ڕێی بەختەوەریی هەردوو دنیا و ئامانجەكانی بەدیهێنانی گەردوون و مەبەسـتە پەروەردگاری‏یەكانی لـەمـەڕ گـەردوونی ڕوون كــردووەتەوە.. هەروەهــا ئیمانە بــەرز‏ و بڵند و فراوانەكەی ئەو قسەبۆكراوە بەڕێزەشی خستووەتە ڕوو، كە ئیمانێكە هەموو ڕاستی‏یەكانی ئیسلامی لە خۆدا جەم كردووە.. قورئانی پیرۆز هەموو لایەكی ئەم گەردوونە مەزنەی یەكاڵا كردووە و ئەم دیو و ئەو دیوی لاپەڕەكانی خستووەتە ڕوو، وەكو كەسێك كە نەخشەیەك یان سەعاتێكی لە بەردەستدا بێت و ئاڵوگۆڕ و دەستكارییان بكات و هەڵیان بگێڕێتەوە. قورئان بەم كردارەی و لە نێوان ئاڵوگۆڕەكانی ئەم گەردوونەدا، بەدیهێنەری “مرۆڤ و گەردوون”ی بەم مرۆڤە ناساندووە‏.

كەواتە هیچ گومانێك لەوەدا نی‏یە كە: هەرگیزاوهەرگیز هێنان و پەیداكردنی هاووێنەی ئەم قورئانە لە توانای كەسدا نی‏یە و، ناكرێت هیچ شتێك بگاتە پلەی ئیعجازی قورئان.

هەروەها هەزاران زانای هەڵكەوتوو، لەوانەی كە هەریەكەیان تەفسیرێكیان لە چەندین بەرگدا بۆ قورئانی پیرۆز نووسیوە، كە هی هەندێكیان گەیشتووەتە سی یان چل یان حەفتا بەرگ تەفسیر. هەموو ئەو زانایانە بە پاڵپشت و بەڵگەكانی خۆیان چەندین لایەنی لەژمارەبەدەری: تایبەتكاریی بەرز و سەرنجی ڕەوان و تایبەتمەندیی ورد‏‏ و نهێنیی ناسك و واتای بڵند و هەواڵی غەیبیی زۆر و جۆراوجۆری قورئانی پیرۆزیان ڕوون كردووەتەوە. جا دەرخستن و چەسپاندنی ئەو هەموو تایبەتكارییانەی قورئان لە لایەن ئەو زانا تەفسیر نووسانەوە، بەڵگەیەكی گومان‏بڕە لەسەر ئەوەی كە قورئان موعجیزەیەكی خوایی‏یە‏ و دەراسا و لەعادەت‏بەدەرە. بە تایبەت كە هەر یەكە لە كتێبەكانی “پەیامەكانی نوور” – كە دەگەنە سەدوسی كتێب – تایبەتكاری‏یە‏كی قورئانی پیرۆز و سەرنجێكی بێ‌‏‏وێنەی ئەویان بە چــەشنێكی گومان‏بڕ و بە بەڵگەی بەهێز چەسـپاندووە. بە تایبەت پەیامی “موعجیزاتی قـورئـانی” و “مەقامی دووهەمی وتەی بیستەم” كە گەلـێ‌ شتی لە كارە دەراساكانی شارستانێتیی نوێ‌‏ چەشنی: شەمەندەفەر و فڕۆكەی لە قورئانی پیرۆز دەرهێناوە. هەروەها تیشكی یەكەم كە ناوی: “ئاماژەكانی قورئان”ە و ئەو ئاماژانە دەردەخات كە لە قورئاندا هەن سەبارەت بە “پەیامەكانی نوور” و “كارەبا” و، ئەو هەشت پەیامە بچووكانەش كە ناویان “هەشت هێماكان”ە و مەودای ڕێسای وردی نێوان پیتەكانی قورئان باس دەكەن‏‏ و تابڵێی دارای نهێنی‏‏ و واتای زۆر‏ و زەبەندەن. هەروەها ئەو پەیامە بچووكەی كە باسی ئایەتەكانی كۆتایی سوورەتی “الفتح” دەكات و لە ڕووی هەواڵدانی غەیبی‏یەوە بە پێنج ڕوو ئیعجازی ئەم سوورەتە دەردەخات و پەیامەكانی تریش كە وەك ئەمە وان..

جا كە هەموو یەكێك لە بەشەكانی “پەیامەكانی نوور” ڕاستی‏یەك لە ڕاستی‏یەكانی قورئانی پیرۆز و نوورێك لە نوورەكانی ڕوون دەكەنەوە، تەسدیق و تەئكیدی ئەوە دەكەن كە قورئانی پیرۆز هاووێنەی نی‏یە و دەراسا و موعجیزەیە و زمانی جیهانی “پەنهان”ە لەناو ئەم جیهانە “بینراو”ەدا و، گوفتاری خواوەندی زانای نهێنییەكانە.

* * *‏

بەم جۆرە و لەبەر ئەم تایبەتكارییانەی قورئانی پیرۆز كە لە: شەش خاڵ و، شەش لا و، شەش مەقامدا ئاماژەیان بۆ كرا، فەرمانڕەوایەتیی نوورانی و شكۆدار و دەستەڵاتی خاوێن و پیرۆزی قورئان، بەوپەڕی ویقار و ڕێزەوە، بەردەوام بووە و، ڕووی هەموو سەردەمەكان و گۆی زەویشی، بە درێژایی هەزار و سێ‌‏‏ سەد ساڵا‏، ڕووناك كردووەتەوە..

لەبەر هەموو ئەو تایبەتكارییانە، قورئانی پیرۆز چەندین پلەوپایە‏ و دەستكەوتی قودسیی خەڵات كراوە. چونكە بەلای كەمەوە خوێندنەوەی هەر پیتێكی قورئان پاداشتی (دە) خێر و (دە) دانە چاكە و (دە) بەروبوومی بەهەشتی هەیە. تەنانەت هەموو پیتێكی هەندێ‌‏ ئایەت و سوورەت (سەد) یان (هەزار) یان زیاتر لە بەروبوومەكانی دواڕۆژ دەگرێت و، لە كاتە پیرۆزەكاندا پاداشت و بەهای هەر پیتێك لە (دە) دانەوە بۆ (سەدان) بەرز دەبێتەوە.

ئەم گەشتیارەی ناو جیهان، لە هەموو ئەمانە و چەندین تایبەتكاریی تری خاوێن و هاوچەشنی ئەمانە گەیشت و، بە “دڵ”ی خۆی وت:

 (بەڵێ‌‏ ڕاستە، ئەم قورئانە پیرۆزەی كە لە هەموو ڕوویەكەوە خاوەنی ئیعجازە و، بە: یەكدەنگیی سوورەتەكانی و، یەكگرتنی ئایەتەكانی و، تەوافوقی نهێنی و نوورەكانی و، یەكاویەك بوونی بەروبووم و ئاسەوارەكانی.. شایەتی‏یەكی بە بەڵگە چەسپاو دەدات لەسەر: “بوون” و “یەكتایی” خواوەندی “واجب الوجود” و، لەسەر سیفەتە شكۆدار و ناوە جوانەكانی، بە ڕادەیەك كە هەموو شایەتی‏یە لەژمارەبەدەر و بێ‌سنوورەكانی گشت ئیمانداران، تەنها چەند نمێكی ئەو شایەتی‏دانەی قورئانی پیرۆزن).

لە پلەی حەڤدەهەمی مەقامی یەكەمیشدا، بەم جۆرەی خوارەوە ئاماژەیەكی كورت بۆ ئەو دەرسی تەوحید و ئیمانە كراوە كە ئەم گەشتیارە لە قورئانی پیرۆز وەری‏گرت:

(لا إله إلاّ الله‏ الواجب الوجود الواحد اڵاحد الژی دلّ علی وجوب وجوده فی وحدته: القرێ‌ن المعجز البیان المقبول المرغوب ڵاجناس المڵك والإنس والجانّ، المقرو‌و كلّ ێ‌یاته فی كلّ دقیقە بكمال الإحترام بألسنە مئە ملیون من نوع الإنسان، الدائم سلطنته القدسیە علی أقطار اڵارچ واڵاكوان وعلی وجوه اڵاعصار واڵازمان، والجاری حاكمیته المعنویە النورانیە علی نصف اڵارچ وخمس البشر فی أربعە عشر عصراً بكمال الإحتشام. وكژا شهد وبرهن بإجماع سوره القدسیە السماویە وباتفاق ێ‌یاته النورانیە الإلهیە وبتوافق أسراره وأنواره وبتگابق حقائقه وپمراته وێ‌پاره بالمشاهدە والعیان).

Share Button

708 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Scroll to top