زمان لە رووی تامەوە چ نهێنیەکی تێدایە؟!

1433 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

زمان لە رووی تامەوە چ نهێنیەکی تێدایە؟!

ن: د. بەهێز محمد صاڵح محمود

Closeup of a man’s face eating strawberry

لێرەدا باسی توێكاری پێكهاتەی زمان و چۆنیەتی جوڵانی و دروستبوونی ناكەین كە بابەتێكی زۆر وردە و دەرفەتی ئەوە نابێت، بەڵكو لێرەدا مەبەستمانە تیشكێ بخەینە سەر تایبەتمەندی زمان لە ڕووی تامەوە. ئایا ئەو تامانە هەروا بە شێوەیەكی هەڕەمەكی دانراون؟ یان بە دیزاین و تەرازووەیەكی ڕێكوپێك ڕێكخراون؟ هەروەها بزانین چ نهێنیەك لە كاری تامكردن و زمان هەیە؟
زمان یەكێكە لە ئەندامە هەستیارەكانی مرۆڤ و چێژی هەموو خواردنەكانی پێوە بەندە.
زمان لە چەند گۆپكەیەكی تام پێكهاتووە كە ژمارەیان (دە هەزار تا سەد هەزار) دەبێت، بە هۆی زۆر وردیانەوە نایانبینین. ئەوەی زانست پێی گەیشتووە ئەم گۆپكانە هەموو دوو هەفتە جارێك بۆ ئەوەی تامی تازە و شتی تازە وەرگرن، خۆیان نوێ دەكەنەوە، تا مرۆڤیش بەتەمەنتر بێت كەمتر نوێ دەبنەوە.. لەناو ئەم تامە تازەیەشدا تەنانەت میمۆری هەیە، مرۆڤ كاتێك تامێك دەكات لە مێشكدا خەزن دەبێت بەوەش لەكاتی تامكردنەوەی دوبارەی خواردنەكە و جۆری تامەكەی بیر ناچێت، بەڵكو بەهۆی ئەم میمۆریەوە عەوداڵی خواردن دەبێت و بۆی دەگەڕێت.
لەگەڵ ئەوەی زمان یەكێكە لەو ئەندامانەی لەگەڵ دەرەوە پەیوەندارە و زوو وشك دەبێتەوە و هەوای بەردەكەوێت، بەڵام ڕووی سەرەوەی بە لینجە ڕژێنێك ڕووپۆشكراوە mucus membrane، كە لینجیەك دەردەدات و نایەڵێت وشك بێتەوە و شەق شەق بێت. هەروەها سوودی تری لینجە ڕژێنەكە وا لە خۆراك دەكات تەڕ بێت و بە ئاسانی لە قورگ بچێتە خوارەوە و لە بۆری سورێنچك نە گیرێت.
كاتیك كە شتێك خرایە سەر زمانی مرۆڤ بەهۆی ئەو خانانەی كە وەرگرە مولولەكانmicrovilli (رسێپتەر) تامەكە بە (سیگناڵێك) بۆ مێشك دەنێرێت و بە خێراییەكی زۆر (بە چاوتروكان و كەمتریش) وەڵامی جۆری تامەكە دەدرێتەوە.
مرۆڤ ١٢ دەماری هەیە كە لە قەدی مێشكەوە بۆ لاشە دەچێت، زمان سێ لەو دەمارانەی پێوە پەیوەستە و ئیشی لەسەر دەكەن بەمجۆرە: 1- دەماری ژمارە ١٢ دەیجوڵێنێت. 2- دەماری ژمارە ٧ دوو لەسەر سێی هەستی تام دەگوێزێتەوە . 3- دەماری ژمارە ٩ سێ‌ یەكی هەستی تام دەگوێزێتەوە، لە رێی ئەم دەمارانەوە هە ستی تام دە گوازێتە وە بۆ ناوەندی تام لە مێشكدا (gustatory center) .


شوێنەكانی تام لە زماندا:
شوێن (location)ی تامەکانی زمان بەم شێوەیە دابەشکراوە ، :
1- شیرینی (sweet): لە بەشی پێشەوەی زمانە، ئەویش حیكمەتەكەی لەوەدایە هەتا مرۆڤ یەكسەر تامی شیرینی بكات، چونكە شیرینی خۆشیی بە مرۆڤ دەبەخشێت، بەردەوامیی پێدەدات.
2- ترشی (sour): لە تەنیشتەكانی زماندان، ترشیش باڵانسە، چونكە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی میكانیزمی ژمارەی هایدرۆجینی (PH) كە بریتیە لە ترشی و تفتی ناو خوێن. لەگەڵ ئەوەشدا ترشی زۆر ئەگەر بچێتە سورێنچك و گەدەوە ئەبێتە ڕووشان و برینی ڕووپۆشەكەی، بەم شێوەیە تامی ترشی پارێزگاری لە مرۆڤ دەكات ڕێگری دەكات بچێتە خوارەوە.
3- سوێری (salty): لە پشت تامی شرینیەوەیە و لەنێوان ترشیەكاندایە. ئەمەش بۆیە وایە هەتا مرۆڤ كە شتێكی سوێری خوارد لە نیوەیدا بوەستێت. چونكە زۆربونی سوێری (سۆدیۆم كلوراید (NaClچەندین زیان بە لاشە دەگەیەنێت، بەتایبەتی گورچیلەكان و نەخۆشی بەرزبوونی پەستانی خوێن. بۆیە لە ڕێگەی هەستكردن بەم تامەوە ڕێگری لە چەندەها نەخۆشی دەكرێت.
4- تاڵی (Bitter): لە پشتەوەی زمانە، بە پێی ئەم ڕێكخستنە بێت كە شتێكی تاڵ دەخۆین دەبێ درەنگ هەستی پێبكەین، بەڵام كارەكە بە پێچەوانەوەیە! ئەوەی سەرنج ڕاكێشە لێرەدا ئەم تامە هەستەوەرترین تامە كە مرۆڤ تامی بكات و بە بەركوتنێكی كە م كاردەكات (low threshold). واتا ئەگەر خواردنێك بخەیتە سەر زمان هەموو تامەكانی تیابێت ئەوا تامی تاڵی لەگەڵ ئەوەی لە پشتەوەیە، یەكەم تام دەبێت هەستی پێ بكەیت، ئەمەش حیكمەتی لەوەدایە، زۆربەی ڕووەكەكانی سەر زەوی سەر بە گرووپی (تفتە سروشتیەكان – natural alkaloid)ن، واتا تاڵن و، ئەم تاڵیەش ٩٠% – ٩٥٪ لە سروشتدا ژەهراوین. ئەمەش بۆ ئەوەیە مرۆڤ زوو هەست بەم مەترسیە بكات و لەمردن پارێزراو بێت و زوو خواردنەكە فڕێبدات. تەنانەت زانایان لەسەر ئەوە كۆكن كە ئەم هەستكردن بە تاڵیە پارێزگاری لە مرۆڤ لە ژەهراوی بوون و مردن دەكات .


ئەم رووەكە یەكێكە لە تفتە سروشتیەكان پێی دەوترێت Papaver somniferum))

رووەكی (Veratrum californicum) نمونەیەكی تفتە سروشتیەكانە كە بۆ مرۆڤ ژەهراویە
5- تامو چێژ Umami: ئەم تامە هە موو زمان دەگرێتەوە و تاموچێژ لە كاتی خواردندا دەداتە مرۆڤ، بەتایبە تی لەو خواردنانەدا كە پڕن لە پرۆتین L-Glutamate وەك گۆشت و ماسی… گرنگی ئەم تامە
لەوەدایە مرۆڤ لە كەمی پرۆتین و بەدخۆراكی (Malnutrition) ئەپارێزێت و وای لێدەكات هەمیشە حەز لە خواردن بكات.
شوێنه‌كانی تام :شیرینی، سوێری، ترشی، تاڵی، تامو چێژ

 

لەم خشتەیەدا دەبینبن (هەستیاری تاڵی) Bitter لە هەموویان زیاترە، واتە زووتر لە تامەكانی دیكە هەستی پێدەكرێت.
كەواتە دێینە سەر ئەوەی كە بڵێین زمان بە دیزاینێك دروستكراوە، لەگەڵ ئەوەی ئاڵۆز و بەیەكداچووە، لەهەمان كاتیشدا لەوپەڕی ڕێكوپێكی و پڕ داناییە و، بە ئاسانی كارەكانی دەڕۆن بەڕێوە. بۆ نموونە تامی تاڵی كە بووەتە پارێزەری مرۆڤ لە ژەهر خواردن, ئەمەش دیارخەری دەسەڵاتی خودای مەزنە كە لە پارچە گۆشتێكدا ئەم هەموو دیزاینە ناوازانەی داناوە كە پڕن لە بەخشش و میهرەبانی و چاودێریی، بە جۆرێك مرۆڤ و هە موو زیندەوەر و ڕووەكەكانی پێكەوە بەستۆتەوە پە یوەندن بە یەكەوە. ئەمانەش پێمان دەڵێن ئەو زاتەی زمانی خەلق كردووە هەر ئەو زاتەیە كە ڕووەكەكان و بوونەوەرانی دیكەی ئەم سەرزەوییەی دروستكردوە.
وفـــــی كــــــل شـــــی‌ء لـــــه آیـــــە… تــــــــدل علــــــــی أنــــــــه الواحـــــــد
هەموو شتێك بەڵگەی تێدایە … لەسەر ئەوەی خوا تەنیایە.

سەرچاوەکان:

[1] – Book .textbook of clinical Neuroanatomy. Vishram Singh. 6th edition, page 298.

[1]- http://udel.edu/~lbryant/ART307/project3/project3_2a/taste.html

[1] –http://www.vivo.colostate.edu/hbooks/pathphys/digestion/pregastric/taste.html

[1]- Rabinerson, David, Eran Horovitz, and Yeshayahoo Beloosesky. “The sense of taste.” Harefuah 145.8 (2006): 601-5.

 

[1] – Jadhav, S. J., Raghubir P. Sharma, and D. K. Salunkhe. “Naturally occurring toxic alkaloids in foods.” CRC Critical reviews in toxicology 9.1 (1981): 21-104.

 

 

Share Button

1433 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Scroll to top