You Are Here: Home » بابەتەكانمان » تێڕامان لە تایبەتمەندیەكی ڕووەكی كونجی

تێڕامان لە تایبەتمەندیەكی ڕووەكی كونجی

تێڕامان لە تایبەتمەندیەكی ڕووەكی كونجی

 

نوسینی: م. شیرین كریم

ڕووەكی كونجی بە زۆری لە عێراق دەچێنرێت و بە پێچەوانەی زۆرێك لە ڕووەكەكانی دیكەوە لە هەموو جۆرە خاكێكدا گەشە دەكات, ڕەنگە جۆرە خاكێك هەبێت ڕووەكی دیكەی (وەك تەماتە) تێدا گەشە نەكات بەڵام كونجی تێیدا شین دەبێت و بەرهەمی دەبێت, من ئەمەم بە كرداری بینیوە. ئەم ڕوەكە بە بەراورد بە تۆوەكانی دیكە وەك گەنم بەرهەمی زۆر دەدات و زۆر بە بەرەكەتە, كەوابێ‌ ئەوەی كونجی دەچێنێت خەمی بنەتۆووی نابێت چونكە تۆوەكەی ووردە و برێكی كەم لەم تۆوە ڕووبەرێكی زۆر داگیر دەكات و دوای گەشە كردنی تۆوێكی كونجی و بوونی بە ڕوەكێكی تەواو هەزاران جار لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەبێت. وێنەی (1) ڕوەكێكی پێگەیوو پیشان دەدات كە لە تەنها تۆوێكی كونجی وورد گەشەی كردووە كە تیرەی قەدەكەی نزیك زەوی دەگونجێ‌ زیاتر بێت لە سێ‌ سانتیمەتر, پاكی بۆ خودای كار بەجێ‌. ئەو ڕووەكەی لە وێنەكەدا دیارە تێكڕا دە لقی پێوەیە و هەر لقێك نزیكەی بیست پەلكی هەڵگرتووە, ئەوجا ئەگەر یەكێك لەو پەلكانە بكرێتەوە و دەبینین لە چوار خانە پێك هاتوە و هەریەكێ‌ لەو خانانە پانزە تا بیست تۆو ی كونجی تێدایە. بەو پێیە لە هەر تۆوێك زیاتر لە دوانزە هەزار دانە تۆو پەیدا دەبێت ئەگەر ڕووەكەكە بە جوانی گەشە بكات و نەخۆشی نەبێت. ئەم ووردەكاری یە بەڵگەی هێز و توانای خودای باڵادەستمان پیشان دەدات. ئەمەی پێشكەش كرا سەرەتایەك بوو و بابەتی سەرەكی ئەم باسە شتێكی دیكەیە.

باسەرنجێك بدەین لە حاڵەتی پێگەیینی تۆوەكە و تایبەتمەندی دەرچوونی لە پەلكەكەی. ئەگەر یەك پەلكی پێ گەییو بكەینەوە دەبینین كەشێوەی قوتووی ماسی دایە كەماسی ووردی ڕیزكراوی تێدابێت. لە چوار خانە پێك دێت و تۆوەكان لە هەر خانەیەكدا بە لاری بە پاڵ یەكەوە ڕیز بوون, هەر یەكە لەو چوار خانەی پەلكێك پێك دێنن و تەواو لە یەك دەچن. بەڵام لەواقیعدا ئەو پەلكە بە پانی ناكرێتەوە تا بەو جۆرە ببینرێت. هەركاتێ‌ پەلكە كونجی پێگەیی ئەوا بنە دار كونجی یەكە هەڵدەكەنرێت بۆ ئەوەی ووشك بێتەوە. جا كاتێ‌ پەلكەكان ووشك دەبنەوە ئەوا تۆوەكان دەچنەوە یەك و سەری كۆتایی پەلكەكە لەناكاو دەكرێتەوە و چوار كونی تێ‌ دەبێت و دەكرێت تۆوەكان لە چوار خانەكە كە پەلكەكە پێك دێنن دەربچن و پەلكەكە خاڵی ببێت ئەگەر سەرەو خوار بكرێتەوە(سەیری وێنەی 2 بكە).

بەڵام پەلكێكی داخراو دەبێ‌ چۆن بكرێتەوە تا تۆوەكان دەربچن؟ . ئەگەر سەرنج لە زۆربەی تۆوەكانی تر بدرێت وەك گەنم و نۆك و پاقلە ئەم كرانەوەیە ڕوونادات و وا پێویست دەكات بكوترێت بۆ ئەوەی تۆوەكە دەسگیر ببێت. ئەوجا لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە: ئایا ئەگەر پەلكی كونجی نەكرایەتەوە دوای ووشك بوونی چی ڕووی دەدا ؟ بێ‌ گومان دەبوایە یەكێ‌ لەم دووشتە ئەنجام بدرایە, یەكەم: وەك نۆك و پاقلە بكوترایە, ئەمەش ناگونجێ‌ چونكە تۆوی كونجی ناسكەوە وورد دەبوو, بەوەش خەسار دەبوو سوودی لێ‌ نەدەبینرا, دووەم: دەبوایە خاوەنی بەرهەم دانیشتایە و یەك یەك پەلكەكانی بكردایەتەوە و بە ووریایی تۆوەكەی هەڵڕشتایە, ئەمەش كارێكی زۆر زەحمەتەو كاتی زۆری ئەوێت.

دەی ئایا كارێكی زۆر پێویست و تەواو نی یە كە پەلكی كونجی خۆی دەكرێتەوە و تۆوەكەی دەڕژێت؟ بەڵێ‌ ئەوە زۆر تەواوە. جێگای خۆیەتی لێرەدا پرسیارێكی گرنگ بكەین. ئایا كێ‌ وای لە پەلكی كونجی كرد بكرێتەوە, چونكە زۆر پێویستە بكرێتەوە بۆ ئەوەی بەرهەمەكەی خەسار نەبێ‌؟

وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە بوترێت: یان خودای مەزن ویستی وابوە و بە قودرەتی خۆی بڕیاری لەسەر ئەوە داوە؟ یان پەلكی كونجی ویست و ئیرادەی هەیە! ئەمەی دووەمیش مەحاڵە چونكە ناكرێت شتی بێ‌ گیان ئیرادەی هەبێت.

پاكی بۆئەو خودایەی كە نیشانەكانی خۆیمان لە دروستكراوەكانیدا بە جۆرێك نیشان دەدات كە هیچ بوارێك نەمێنێتەوە بۆ باوەڕ نەهێنان پێی و ئەنجام نەدانی پەرستشەكان لە بۆ بەدەست هێنانی ڕەزامەندی ئەو… سوپاسی بێ‌ پایان بۆ ئەو.

——————————————————

تێبینی: بۆ نوسینی ئەم بابەتە سوود لە هیچ سەرچاوەیەكی زانستی وەرنەگیراوە و تەنها سەرنج دانی نوسەرە لە گەشە كردنی ڕوەكی كونجی و وێنەكانیش لە لایەن خۆیەوە گیراوە

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top