قورئان و موعجیزه‌یه‌كی زمانه‌وانی …

1503 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

قورئان و موعجیزه‌یه‌كی زمانه‌وانی …

quran-wallpaper

 وه‌رگێڕانی : موسعه‌ب جه‌میل

ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ دكتۆر احمد محمدعلی الجمل نوسیویه‌تی كه‌ مامۆستای به‌شی زمانی عیبریه‌ له‌ كۆلێژی زمانه‌كان و ته‌رجه‌مه‌ له‌زانكۆی ئه‌زهه‌ر و له‌ ژماره‌ ٤٢ ی گۆڤاری كۆلێژی زمانه‌كان وته‌رجه‌مه‌ی زانكۆی ئه‌زهه‌ری ساڵی ٢٠٠٧ بڵاویكردۆته‌وه‌ .له‌ ژێر ناونیشانی القران ولغة السریان .

له‌م توێژینه‌وه‌یه‌ دكتۆر احمد زۆر زانستیانه‌ وه‌ڵامی ره‌خنه‌كانی ئه‌و رۆژهه‌ڵاتناسانه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ گومان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر قورئان وپێیانوایه‌ قورئان ده‌ستنوسی پێغه‌مبه‌ر{د .خ } خۆی بووه‌ و بگره‌ ده‌ڵێن خودی وشه‌ی قورئان وشه‌یه‌كی سوریانیه‌و له‌ { قریانا } ی سوریانی وه‌رگیراوه‌ كه‌ مانای خوێندنه‌وه‌ی پیرۆز ده‌گه‌یه‌نێ !!

دكتۆر احمد باس له‌ وشه‌كانی { قورئان و سریا و احمد } ده‌كات و رونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌ زمانی سوریانیه‌وه‌ هه‌یه‌ .. ئێمه‌ لێره‌دا ته‌نها وشه‌ی { سریا } مان هه‌ڵبژاردووه‌ كه‌ دكتۆر احمد كاری له‌سه‌ر كردووه‌ ئه‌ویش له‌ ئایه‌تی ٢٤ ی سوره‌تی مه‌ریه‌مدا هاتووه‌ : { فَنَادَاهَا مِنْ تَحْتِهَا أَلَّا تَحْزَنِي قَدْ جَعَلَ رَبُّكِ تَحْتَكِ سَرِيّاً }.. دكتۆر ئه‌حمه‌د پێش ئه‌وه‌ی بچێته‌ سه‌ر شیكردنه‌وی وشه‌كان رای چه‌ند زانایه‌كی موسڵمانی هێناوه‌ ده‌رباره‌ی بوون و نه‌بوونی وشه‌ی بێگانه‌ یاخود غه‌یره‌ عه‌ره‌بی كه‌ ئه‌عجه‌میشی پێده‌گوترێ له‌ نێو قورئاندا كه‌ به‌م شێوه‌یه‌یه‌ :

١- كۆمه‌ڵی یه‌كه‌م : پێیان وایه‌ هیچ وشه‌یه‌كی ناعه‌ره‌بی له‌نێو قورئاندا نیه‌ وه‌ك ئیمامی شافیعی كه‌ زۆر به‌توندی ره‌تی كردۆته‌وه‌ وشه‌ی ناعه‌ره‌بی له‌ نێو قورئاندا هه‌بێ .

پێشه‌وای زانستی زمانه‌وانی یاخود نه‌حوسه‌رف {ابو عبیدة } كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ زۆر به‌توندی ره‌تی كردۆته‌وه‌ وشه‌ی بێگانه‌ له‌نێو قورئاندا بونی هه‌بێت هه‌روه‌ك گوتویه‌تی : قورئان به‌زمانی عه‌ره‌بیه‌كی روون دابه‌زیووه‌و هه‌ركه‌سێك بڵێت قورئان وشه‌ی ناعه‌ره‌بی تێدایه‌ قسه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی كردووه‌ .

مێژونوس و موفه‌سسیری قورئان { طبری } كه‌ ده‌ڵێت : ئه‌وه‌ی له‌ { ابن عباس } و ئه‌وانی دی ده‌گێڕنه‌وه‌ گۆیا له‌ قورئاندا وشه‌ی فارسی یان حه‌به‌شی یان سوریانی هه‌یه‌ ئه‌وا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وشانه‌ له‌نێو هه‌موو ئه‌و زمانانه‌دا بونیان هه‌یه‌ واتا هاوبه‌شن و فارس و عه‌ره‌ب وحه‌به‌شی پێكه‌وه‌ قسه‌یان پێكردووه‌و به‌كاریانهێناوه‌ .

كۆمه‌ڵی دووه‌م : ئه‌وانه‌ن كه‌ ده‌ڵێن له‌قورئاندا وشه‌ی بێگانه‌ بونیان هه‌یه‌ وه‌ك :

{ ابن عباس } ئامۆزای پێغه‌مبه‌ر و { عكرمة } ی قوتابی هه‌روه‌ها { ابو موسی الاشعری } یش . { جلال الدینی سیوطی } ش ، جه‌خت له‌سه‌ر بوونی وشه‌ی بێگانه‌ له‌قورئاندا ده‌كاته‌وه‌ هه‌روه‌ك ده‌لێت: به‌هێزترین به‌ڵگه‌ كه‌ دیتبم له‌سه‌ر بونی وشه‌ی بێگانه‌ له‌قورئاندا كه‌ منیش هه‌مان بۆچوونم هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ : كه‌ { ابن جریر } له‌ { ابی میسرة } ی تابیعی گێڕاویتیه‌وه‌ كه‌ گوتویه‌تی : له‌ نێو قورئاندا له‌ هه‌موو زمانێك هه‌یه‌ .

كۆمه‌ڵی سێهه‌م ئه‌وانه‌ن كه‌ هه‌وڵیانداوه‌ میانگیری له‌نێوان هه‌ردوو رای پێشتر بكه‌ن له‌وانه‌ { ابو عبیدة القاسم بن سلام } كه‌ گوتویه‌تی : ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ راست و دروستبێ ئه‌وه‌یه‌ رای هه‌ردوو لا ته‌واو چونكه‌ ئه‌و پیتانه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌عجه‌مین هه‌روه‌ك زانایانی پێشو باسیان لێوه‌ كردووه‌ به‌ڵام كه‌تۆته‌ نێو عه‌ره‌به‌كان و ئه‌وانیش مشت وماڵیان كردووه‌و كردوویانه‌ به‌ عه‌ره‌بی پاشان كه‌ قورئان دابه‌زیوه‌ ئه‌م وشه‌ وپیتانه‌ تێكه‌ڵ به‌ زمانی عه‌ره‌بی بووه‌ .. هه‌ركه‌سێكیش بڵێ ئه‌و وشانه‌ عه‌ره‌بین قسه‌كه‌ی ته‌واوه‌ هه‌ر كه‌سێكیش بڵێ ئه‌و وشانه‌ عه‌ره‌بی نین ئه‌وا دیسان قسه‌ی ئه‌ویش هه‌ر ته‌واوه‌ {جوالقی و ابن جوزی }و هه‌ندێكی دیكه‌ش ئه‌م رایه‌یان هه‌بووه‌ . ئیبنو عه‌تییه‌ش ده‌ڵێ : عه‌ره‌به‌كانی ده‌شت و ده‌وار نشین ئه‌وانه‌ی كه‌ قورئان به‌زمانی ئه‌وان دابه‌زیوه‌ به‌هۆی بازرگانی و هه‌ر دوو گه‌شته‌كه‌ی قوڕه‌یش واته‌ هاوینان بۆشام و زستانانیش بۆ یه‌مه‌ن له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ری موسافیران وه‌ك سه‌فه‌ری{ ابی عمرو } بۆشام و سه‌فه‌ری { عمربن خطاب } و سه‌فه‌ری { عمرو بن عاص } سه‌فه‌ری { عمارة بن ولید } یۆ حه‌به‌شه‌و سه‌فه‌ری { اعشی } له‌بۆ حیره‌ ئیدی عه‌ره‌ب وشه‌گه‌لێكی بێگانه‌ی وه‌رگرتووه‌و پاشان مشت وماڵیان كردووه‌ و له‌ شیعرو مشتو مڕو گفتوگۆكانیان به‌كاریان هێناوه‌ تاوای لێهاتووه‌ ئه‌و وشانه‌ بونه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كی فه‌سیح ئیدی به‌م شیوه‌یه‌ش قورئان دابه‌زیوه‌ ..

ئیستاش بابێینه‌ سه‌ر وشه‌ی سریا :

ته‌به‌ری ده‌رباره‌ی { سریا } ده‌ڵێ : له‌ موجاهیده‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ { سریا } واته‌ روبار به‌ سوریانی .. هه‌روه‌ها سعیدی كوڕی جبیریش ده‌ڵی : { سریا } واته‌ جه‌دوه‌ل كه‌ده‌كاته‌ جۆگه‌ یاخود جۆگه‌ڵه‌ ، كه‌ به‌ زمانی نه‌به‌تی پێی ده‌ڵێن { السريّ }.. بشر بۆی باسكردین ئه‌ویش له‌ یه‌زید ئه‌ویش له‌ سه‌عید ئه‌ویش له‌ قه‌تاده‌وه‌ ئه‌ویش له‌ حه‌سه‌نه‌وه‌ كه‌ {جعل ربك تحتك سریا} واته‌ {السريّ} خودی عیسایه‌ .. دیسان ده‌ڵێت یونس بۆی گێڕاینه‌وه‌ ئه‌ویش له‌ ئیبنو وه‌هه‌به‌وه‌ ئه‌ویش له‌ ئیبنو زه‌یده‌وه‌ كه‌ گوتویه‌تی { سریا } واته‌ خودی خۆی هه‌ركه‌سێكیش بڵێت {سریا} به‌مانای روبار بێت ئه‌وه‌ وانیه‌ و به‌مانای روبار نایه‌ت ئه‌گه‌ر روبار با ئه‌وا نه‌یده‌گوت له‌ ژێرته‌وه‌ به‌ڵكوده‌یگوت له‌ ته‌نیشته‌وه‌ ‌ ..

قورتوبیش له‌ ته‌فسیره‌كه‌ی ده‌ڵێت : { سریا } له‌گه‌ڵ عیسایه‌تی .. { السريّ } ش واتا پیاوێكی گه‌وره‌ .. حه‌سه‌نیش گوتویه‌تی : سوێند به‌خوا عیسا پیاوێكی گه‌وره‌و مه‌زن بووه‌ ..

ئیبنو كه‌ثیریش له‌ ته‌فسیره‌كه‌ی ده‌رباره‌ی { سریا } ده‌ڵێت : سفیانی ثه‌وری و شوعبه‌ له‌ ئه‌بی ئیسحاق ده‌گێڕنه‌وه‌ ئه‌ویش له‌ به‌ڕائی كوڕی عازه‌ب كه‌ ده‌رباره‌ی { سریا } گوتویه‌تی به‌مانای جه‌دوه‌ل واته‌ روبارێكی گچكه‌وه‌ دێت …عه‌لی كوڕی ئه‌بی ته‌لحه‌ش هه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ له‌ ئیبنو عه‌بباس ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ گوتیه‌تی { سریا } به‌ واتای روبار دێت .عه‌مری كوڕی مه‌یمونیش هه‌ر له‌وانی وه‌رگرتووه‌ كه‌ده‌ڵێت روبارێكه‌ و لێیده‌خورێته‌وه‌ .. موجاهیدیش ده‌ڵێت : { سریا } واته‌ روبار به‌ سوریانی .. هه‌ندێكی دیكه‌ش ده‌ڵێن مه‌به‌ست له‌ { سریا } عیسایه‌ سه‌لامی خودای لێبێت .. حه‌سه‌ن و ره‌بیعی كوڕی ئه‌نه‌س و محمدی كوڕی عباد كوڕی جه‌عفه‌ریش له‌سه‌ر ئه‌م رایه‌ن .

وشه‌ی تحت :

سیوطی له‌ ابی القاسم ی خاوه‌ن كتێبی لغات القران ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ وشه‌ی { تحت } نه‌به‌تیه‌ و به‌مانای سك دێت ، لۆكسنبێرگیش {ناوێكی خوازراوی رۆژهه‌ڵاتناسێكی ئه‌ڵمانیه‌و له‌ساڵی ٢٠٠٠ كتێبێكی به‌ناوی { خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئارامی سوریانی بۆ قورئان } بڵاو كرده‌وه‌و به‌میتۆدێكی زۆر خراپ ونازانستی چه‌ندین وشه‌ی قورئانی بردۆته‌وه‌ سه‌ر زمانی ئارامی وسوریانی به‌بێ ئه‌وه‌ی پسپۆر بێ له‌ زمانی ئارامی سوریانی !! دكتۆر احمد الجمل پێیوایه‌ لۆكسنبێرگ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ شاره‌زایی له‌ زمانی ئارامی سوریانی هه‌یه‌ بتوانێت قاموس یاخود فه‌رهه‌نگی ئارامی سوریانی به‌كار بێنێت } !! بینا له‌سه‌ررایه‌كه‌ی سیوطی ده‌كات كه‌ له‌ ابی القاسم ی وه‌رگرتووه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ واته‌ تحت به‌ وشه‌یه‌كی غه‌یره‌ عه‌ره‌بی داده‌نێت و ده‌شڵێت وشه‌ی تحت هیچ ئه‌سڵێكی له‌ عه‌ره‌بیدا نیه به‌ڵكو له‌ وشه‌ی یاخود له‌ فعلی نحة سوریانی وه‌رگیراوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ { نزل – انحدر } واتا گلبۆوه‌ یاخود هاته‌ خوارێ و وشه‌ی { نحت } عه‌ره‌بیش له‌م وشه‌ سوریانیه‌ داتاشراوه‌ كه‌ به‌مانای داتاشین به‌رد یاخود سافولوسكردنی به‌رد و هه‌رشتێكی دیكه‌ دێت ..ئیدی پێیوایه‌ ئێمه‌ پیتی {من } به‌ ضرف زمان بزانین نه‌ك به‌ ضرف مكان و به‌م شێوه‌یه‌ { من تحتها } به‌مانای له‌ ژێریه‌وه‌ نایه‌ت به‌ڵكو به‌مانای له‌كاتی دانانی سكه‌كه‌ی دێت !! هه‌روه‌ها لۆكسنبێرگ ده‌ڵێت : قورئان بۆ منداڵ بوون ئه‌م دو وشه‌یه‌ی به‌كار هێناوه‌ { ولد } ه‌و { وضع } واته‌ منداڵی بوو له‌گه‌ڵ زگه‌كه‌ی دانا !! له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت ئایه‌ته‌كه‌ به‌مجۆره‌ بێت : { فناداها حال وضعها الا تحزنی قد جعل ربك وضعك سریا } واته‌ له‌كاتی دانانی زگه‌كه‌ی بانگی كرد مه‌ترسه‌ خودا ئه‌و زگ دانانه‌ی بۆ حه‌ڵاڵ كردووی !! ئیدی لۆكسنبێرگ پێیوایه‌ وشه‌ی { تحت } له‌ عه‌ره‌بیدا هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێكی نیه‌ !! به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڕانێكمان به‌نێو شیعری جاهیلیدا ١٢٦ دێره‌ شیعری ٤٦ شاعیری جاهیلیمان دۆزیه‌وه‌ كه‌ وشه‌ی تحت به‌ ضرف مكان به‌كار دێنن هه‌ر بۆنمونه‌ : قول عنترة :

فَعَيشُكَ تَحتَ ظِلِّ العِزِّ يَوماً وَلا تَحتَ المَذَلَّةِ أَلفَ عامِ

لَها مِن تَحتِ بُرقُعِها عُيونٌ صِحاحٌ حَشوُ جَفنَيها سَقامُ

وقول سعية بن غريض :

أحياؤهُم خزيٌ على أمواتهم والميتونَ شرارُ مَن تحتَ الثرَى

ئه‌مه‌ش دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ وشه‌ی تحت به‌مانای ظرف مكان به‌كارهاتووه‌ پێش دابه‌زینی قورئان .

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌و وشه‌یه‌ش بكه‌ین له‌ هه‌ر سێ زمانه‌‌ سامیه‌كان‌ ئه‌وا ده‌بینین كه‌ ئه‌و وشه‌یه‌ هاوبه‌ش وموشته‌ره‌كه‌ له‌نێوان هه‌ر سێ زماندا واته‌ عه‌ره‌بی و سوریانی و عیبری و له‌هه‌رسێكیشیاندا یه‌ك ماناو یه‌ك له‌فزی هه‌یه‌ !!

له‌ عه‌ره‌بی تحت ta…t

له‌ سوریانی ةَحة ta…t

له‌ عیبری תַחַת ta…at

شریا و سریا

سیوتی له‌ ئیبنوحاته‌م نه‌قڵده‌كات ئه‌ویش له‌ موجاهید كه‌ وشه‌ی { سریا } واته‌ روبار به‌ زمانی سوریانی .. دكتۆر محمد جلاء ادریسیش ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر وشه‌ی { سریا } ی ناو قورئان به‌راورد كه‌ین به‌ هاوواتاكانی له‌زمانی سوریانی و زمانه‌كانی سامی ئه‌وا وشه‌یه‌كمان ده‌ستناكه‌وێت كه‌هه‌مان له‌فزومانای هه‌بێت .. ره‌نگه وشه‌ی { السرى } كه‌ به‌مانای ‌روبارێكی گچكه‌لانه‌ دێت له‌زمانی عه‌ره‌بی له‌ فرمان یاخود فعلی { السری } ه‌وه‌ هاتبێ واتا { مضی } كه‌ به‌مانای رۆیشت دێت و ئیدی پێیوایه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ سوریانی نیه‌ و به‌ڵكوو عه‌ره‌بیه‌ و له‌بنه‌ڕه‌تدا سامیه‌ ..

كریسۆف لۆكسنبێرگیش ئاماژه‌ به‌ رایه‌كه‌ی ته‌به‌ری ده‌كات كه‌ له‌ مجاهد و الضحاك و سعید بن جبیر نه‌قڵی كردووه‌ كه‌ وشه‌ی { سریا } واته‌ روبار به‌ زمانی سریانی یاخود زمانی نه‌به‌تی .. كه‌ئه‌مه‌ش لای ئه‌وان یه‌كده‌گرێته‌وه‌ ده‌گه‌ڵ ئایه‌تی { فكلی واشربی } ، لۆكسنبێرگ پێی وایه‌ ئه‌و مانایه‌ واته‌ { سریا } به‌مانای روبار له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌ی خاتوو مه‌ریه‌م یه‌كدی ناگرێته‌وه‌ كاتێ ده‌ڵێت { یالیتنی مت قبل هذا وكنت نسیا منسیا } ئه‌وگوته‌یه‌ی مه‌ریه‌م كه‌ ده‌ڵێ : خۆزگه‌ بمردبام له‌ ترسی ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ له‌تینوێتیدا ده‌مرێ .. به‌ڵكوو له‌ترسی ئه‌وه‌ بوو خزموو كه‌سه‌كانی یاخود گه‌له‌كه‌ی تاوانباری ده‌كه‌ن كه‌ له‌ڕێگه‌ی ناشه‌رعی و زیناوه‌ ئه‌و منداڵه‌ی بووه‌ هه‌روه‌كوو خوای گه‌وره‌ بۆمان باسده‌كات : { یا اخت هارون ماكان ابوك امرا سوء وماكانت امك بغیا } ئیدی لۆژیك وایه‌ عیسا دڵی بداته‌وه‌ به‌ شتێك كه‌ له‌ خه‌می كه‌مكاته‌وه‌وئه‌وشه‌رمه‌زاریه‌ی له‌سه‌ر لابه‌رێ كه‌ توشی بوو نه‌ك پێی بڵێت خه‌م مه‌خۆ ئه‌وه‌تا روبارێك له‌ ژێرته‌وه‌یه‌ !!

ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی منداڵی ناشه‌رعی كه‌ له‌ ئه‌نجامی زینا له‌دایك بووه‌ له‌لای خه‌ڵكی ئاسایی منداڵی حه‌لال و شه‌رعیه‌ ئه‌وا لۆكسنبێرگ پێیوایه‌ وشه‌ی { شَريُا } {صفة فعلیة} و له‌ فرمانی سوریانی { شرا }ه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ به‌مانای { حل } ه‌وه‌ دێت و له‌ئه‌نجامدا وشه‌ی { سریا } به‌مانای حه‌ڵال دێت ..

ئیدی ئایه‌ته‌كه‌ ده‌بێت به‌مشێوه‌یه‌ بخوێندرێته‌وه‌ : { فناداها من نحاتها الا تحزنی قد جعل ربك نحاتك شریا } كه‌ ئه‌مه‌ش واته‌كه‌یه‌تی : له‌كاتی دانانی زگه‌كه‌ی بانگی كردو گوتی مه‌ترسه‌ خواكه‌ت دانانی زگه‌كه‌تی حه‌لال كردووه‌ !

لێره‌ ئه‌من له‌گه‌ڵ لۆكسنبێرگ هاوڕام كه‌ ده‌ڵێت وشه‌ی { سریا } له‌ بنه‌ڕه‌تدا وشه‌یه‌كی سوریانیه‌ و به‌مانای روباریش نایه‌ت . چونكه‌ ئه‌گه‌ر گه‌ڕانێك بكه‌ین به‌نێوده‌قه‌كانی زمانی سریانی و فه‌رهه‌نگه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌وا ده‌بینین ته‌نها وشه‌یه‌ك بۆ روبار به‌كاردێت كه‌ ئه‌ویش { نَؤرُا } یه‌ كه‌ له‌روی وشه‌و ماناوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ { نهر} ی عه‌ره‌بیه‌ كه‌ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كا ئه‌و وشه‌یه‌ هاوبه‌ش و موشتره‌كه‌ له‌ نێو زمانه‌كانی سامی ، هه‌روه‌ها ئێمه‌ له‌ نێو زمانی عه‌ره‌بیدا وشه‌ی { السری } مان به‌مانای { النهر } نه‌دیت .

به‌ڵام ئه‌من لێره‌ هاو رای لۆكسنبێرگ نیم كه‌ ده‌ڵێت { سریا } به‌مانای { حلال } دێت چونكه‌ قسه‌كه‌ی ئه‌و پشت ئه‌ستوور نیه‌ به‌ بنه‌مایه‌كی رێزمانی تاوه‌كو ئه‌و مانایه‌ دوره‌ بسه‌لمێنێت كه‌ پێی وایه‌ وشه‌ی{ سریا } صفه‌یه‌كی فعلیه‌و به‌ مانای { الحلال } ه‌وه‌ دێت كه‌ پێچه‌وانه‌ی { الحرام } ه‌و له‌ فرمانی { شرا } ه‌ وه‌ هاتوه‌ به‌مانای { حل } چونكه‌ فرمان یاخود فعلی { شرا } به‌مانای { حل } واته‌ حه‌ڵاڵ بوونی شتێك یاخود شته‌كه‌ موباحه‌و ئاساییه‌ بكرێت نایه‌ت.. به‌ڵكوو به‌مانای{ حرر و اطلق } دێت واته‌ رزگارو ئازادكراو دێت مانای { حل } لێره‌ به‌مانای ئازاد بوون دێت له‌ كۆت و زنجیر .. به‌كارهێنانی ئه‌م فرمانه‌ش یاخود ئه‌و فعله‌ به‌ رونی ده‌رده‌كه‌وێ له‌ ئینجیله‌ سوریانیه‌كان …

ܘܶܐܡܰܪ ܠܗܽܘܢ ܙܶܠܘ ܠܰܩܪܺܝܬ݂ܳܐ ܗܳܕ݂ܶܐ ܕ݁ܰܠܩܽܘܒ݂ܰܠܟ݂ܽܘܢ ܘܡܶܚܕ݂ܳܐ ܡܶܫܟ݁ܚܺܝܢ ܐܢ݈ܬ݁ܽܘܢ ܚܡܳܪܳܐ ܕ݁ܰܐܣܺܝܪܳܐ ܘܥܺܝܠܳܐ ܥܰܡܳܗ ܫܪܰܘ ܐܰܝܬ݁ܰܘ ܠܺܝ

( وقال لهما اذهبا إلى القرية التي أمامكما فللوقت تجدان أتانا مربوطة وجحشا معها فحلاهما و اتياني بهما )

عیسا پێی گوتن : بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان و ماكه‌رێك وجاشكێك به‌ستراونه‌ته‌وه‌و بیانكه‌نه‌وه‌و بۆمنیان بێنن . .. ئینجیلی مه‌تتا ٢١ – ٢

ܘܰܐܡܺܝܢ ܐܳܡܰܪ ܐ݈ܢܳܐ ܠܟ݂ܽܘܢ ܕ݁ܟ݂ܽܠ ܡܳܐ ܕ݁ܬ݂ܶܐܣܪܽܘܢ ܒ݁ܰܐܪܥܳܐ ܢܶܗܘܶܐ ܐܰܣܺܝܪ ܒ݁ܰܫܡܰܝܳܐ ܘܡܶܕ݁ܶܡ ܕ݁ܬ݂ܶܫܪܽܘܢ ܒ݁ܰܐܪܥܳܐ ܢܶܗܘܶܐ ܫܪܶܐ ܒ݁ܰܫܡܰܝܳܐ

( الحق أقول لكم كل ما تربطونه على الارض يكون مربوطاً في السماء و كل ما تحلونه على الأرض يكون محلولاً في السماء )

راستیه‌كه‌تان پێ ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی گرێی بده‌ن له‌ ئاسمانیش گرێده‌درێت ..ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌ویش بیكه‌نه‌وه‌ له‌ ئاسمانیش كراوه‌ ده‌بێت … ئینجیلی مه‌تتا ١٨- ١٨

وه‌ك دیاره‌ نوسه‌ره‌كه‌ی ئینجیل { شرا } ی به‌كارهێناوه‌ كه‌ اسم مفعولی نه‌كیره‌یه‌ و به‌مانای { محلول } دێت واته‌ كرایه‌وه‌ یان به‌ڕه‌ڵڵا كراو اسم مفعول مه‌عریفه‌شی { شریا } یه‌ واته‌ { المحلول } واته‌ ئه‌وه‌ی له‌ به‌ندوبارو كۆت وزنجیر ئازاد ورزگار كراوه‌ و به‌مانای حه‌ڵاڵ نه‌هاتووه‌ .

ئیدی به‌مشێوه‌یه‌ مانای { شریا } كه‌ به‌ { سریا } ده‌خوێندرێته‌وه‌ {چونكه‌ پیتی شین له‌ زمانی سریانی به‌رامبه‌ر به‌ پیتی سینی عه‌ره‌بیه‌} به‌ اسم مفعول له‌ فعلی { حرر } واته‌ ئازاد كراو دێت ..قورئانی پیرۆز ئه‌م وشه‌یه‌ی له‌سوره‌تی ئالی عیمران ته‌رجه‌مه‌ كردووه‌ { اذ قالت امرات عمران رب انی نذرت لك مافی بطنی محررا } ژنی عیمرانیش دایكی خاتوو مه‌ریه‌م بوو كاتێك نه‌زری كرد ئه‌و منداڵه‌ی ناو زگی { محرر } بێت واته‌ ئازادكراو بێت و ته‌نها و ته‌نها بۆ خودای گه‌وره‌ بێت و خه‌ریكی خودا په‌رستی بێت و دوربێت له‌ كاروباری دونیا ..له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌زركردنیش ته‌نها بۆ كوڕان بوو ئه‌وا خوای گه‌وره‌ نه‌زره‌كه‌ی له‌ زگه‌كه‌ی مه‌ریه‌م كه‌ عیسا پێغه‌مبه‌ر بوو قه‌بوڵكرد ئیدی كه‌ عیسا له‌ دایك بوو نه‌زره‌كه‌ هاته‌ دی …

موفسسیره‌كان ده‌رباره‌ی { فناداها من تحتها } رای جوداوازیان هه‌یه‌ .. هه‌ندێك پێیانوایه‌ ئه‌وكه‌سه‌ی كه‌ له‌ ژێریه‌وه‌ بانگی مه‌ریه‌می كرد جبریله‌ و هه‌ندێكی دی پێیانوایه‌ عیسایه‌ سه‌لامی خودایان له‌سه‌ر .. ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌له‌ ژێر مه‌ریه‌مه‌وه‌ بانگی كردووه‌ ئینجا چ جبریل بێت یاخود عیسا ده‌بێت به‌زمانی خۆی واته‌ خاتوو مه‌ریه‌م بانگی كردووه‌ تاوه‌كوودڵنیای بكات { الا تحزنی قد جعل ربك تحتك سریا } مه‌به‌ستیش له‌ { سریا } عیسا پێغه‌مبه‌ره‌ سه‌لامی خودای لێبێت … وشه‌ی { سریا } ش وشه‌ی { شریای } سریانیه‌ ..

بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ وشه‌ی { سریا } له‌ بنه‌ڕه‌تدا وشه‌یه‌كی سریانیه‌ و زمانی سریانیش وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا زمانی عیسا پیغه‌مبه‌ر و مه‌ریه‌می دایكیه‌تی سه‌لامی خودایان لێبێت . ئه‌م وشه‌یه‌ش به‌مانای { المحرَّر } واتا ئازادكراو دێت .. ئه‌مه‌ش هیچ نه‌نگیه‌ك نیه‌ بۆ قورئان و له‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌شی كه‌مناكاته‌وه‌ به‌ڵكو جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی ئیعجازی زمانه‌وانی كه‌ هه‌ر له‌نێو قورئاندا ئه‌و وشه‌یه‌ راڤه‌كراوه‌و روونكراوه‌ته‌وه‌ .. چونكه‌ مانای { سریا } له‌ سوره‌تی ال عمران هاتووه‌ كاتێك خودای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ و ده‌گێڕێته‌وه‌ له‌سه‌ر زاری دایكی خاتوو مه‌ریه‌م { إِذْ قَالَتِ امْرَأَتُ عِمْرَانَ رَبِّ إِنِّي نَذَرْتُ لَكَ مَا فِي بَطْنِي مُحَرَّراً } ئیدی عیسا هات و بووه‌ هۆی به‌جێهێنانی ئه‌و نه‌زره‌ی كه‌ دایكی مه‌ریه‌می خێزانی عیمران له‌ خۆی گرتبوو .

لێره‌دا ره‌نگه‌ هه‌ندێك كه‌س ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ن و بڵێن ئه‌گه‌ر مانای { شریا } به‌ { المحرَّر } بێت كه‌ له‌سوره‌تی ئالی عیمران هاتووه‌ باشه‌ بۆچی له‌سوره‌تی مه‌ریه‌م به‌ { سریا } هاتووه‌ و وه‌ك ئه‌وه‌ی ئالی عیمڕان به‌ { المحرَّر } نه‌هاتوه‌ و ئایه‌ته‌كه‌ وه‌هابێت { الا تحزنی قد جعل ربك تحتك محررا }؟

له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێین مانای فرمان یاخود فعلی { حرَّر } له‌ عه‌ره‌بی فراوانترو گشتگیر تره‌ واته‌ بۆ ئازاد بوون له‌ كۆت و هه‌روه‌ها ئازادبوون له‌ به‌ندی و كۆیلایه‌تی دێت ، به‌ڵام زمانی سوریانی جوداوازی له‌نێوان ئه‌و مانایه‌ ده‌كات فرمانی { شرا } و اسم مفعوله‌كه‌ی { شریا } كه‌ { سریا } یه‌ له‌عه‌ره‌بی بۆ ئازاد بون له‌ كۆت و پێوه‌ند به‌كاردێنێت.. له‌هه‌مانكاتدا زمانی سریانی فرمانی { حَرَر } و اسم مفعوله‌كه‌ی { محَرَر } كه‌ هه‌مان وشه‌و هه‌مان واتایه‌ له‌ عه‌ره‌بی بۆ ئازادبون له‌ كۆیلایه‌تی وبه‌ندایه‌تی به‌كاردێنێت .. به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ { محَرَر } له‌ عه‌ره‌بی بۆ ئازادبون له‌ كۆت و به‌ندوبار دێت له‌هه‌مانكاتدا بۆ ئازادبوون له‌ به‌ندایه‌تی و كۆیلاتیش به‌كار دێت .. به‌ڵام له‌سوریانی وانیه‌ { شریا } به‌ مانای ئازادبون له‌ كۆت و به‌ندوباردێت { حَرَر } ش بۆ ئازادبوون له‌ به‌ندایه‌تی دێت .قورئانیش كه‌ وشه‌ سریانیه‌كه‌ به‌كاردێنێت كه‌ زمانی عیسا پێغه‌مبه‌رو دایكیه‌تی به‌ ئیعجازێكی زمانه‌وانی داده‌نرێت چونكه‌ { سریا } بۆ ته‌ئكید بون به‌كاردێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئازاد بوون ئازادبوونه‌ له‌ هه‌موو مه‌شغه‌ڵه‌ت وكاروبارێكی دونیا نه‌ك ئازادبوون له‌ كۆیلایه‌تی و به‌نده‌یی و عیسا سه‌لامی خودای لێبێت ته‌نها وته‌نها خه‌ریكی خودا په‌رستی بێت و ته‌رخان بێت بۆ كاروباری بیت المقدس و ئازاد ورزگاربێت له‌ كاروبارومه‌شغه‌ڵه‌تی دونیا ..

Share Button

1503 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Scroll to top