دوای تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر بیردۆزەكەیدا… شەپۆلە كێشكردنییه‌كه‌ی (ئاینشتاین) دۆزرایەوە! 

2310 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

لە یەكێ لە سەرنجڕاكێشترین و گرنگترین دۆزینەوەكانیدا، تیمێكی نێودەوڵەتی پسپۆڕ لە بواری فیزیای گەردوونیی توانیان بۆ یەكەمجار ڕاستیی (لاربوونەوەی كاتشوێن) واتە (كات و شوێن) بدۆزنەوە لە دەرەنجامی بەرییەكەوتنی دوو كونی ڕەش لە دووریی (1) ملیار ساڵی ڕووناكی لە زەوییەوە، واتە ئەم ڕووداوە پێش یەك ملیار ساڵ پێش ئێستا روویداوە و تازە دەبینرێت!
بەپێی لێدوانی ئەم تیمە، دۆزینەوەی ئەو (شەپۆلانەی كێشكردن) دەرگایەكی نوێ واڵادەكات لەسەر زانستی فەلەكناسی و دەبێتە سەرەتایەكی نوێ لە بوارەكانی دۆزینەوە و بە تایبەتیش بواری گەیشتن و حاڵیبوون لە (تەقینەوەی مەزنی گەردوونی) كە لە كۆتاییدا بۆتە هۆی لە دایكبوونی گەردوون.
ئەو دەرەنجامە كەم وێنەیە كاتێك دەستكەوت كە دوو ڕوانگەی فەلەكیی لەچوارچێوەی پڕۆژەی نێودەوڵەتیی ناسراو بە LIGO لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، توانی لێكۆڵینەوەی زۆر ورد لەسەر دوو كونی ڕەش  Black Holeبكات كە دوای بەركەوتنیان بە یەكتری، بڕێكی یەكجار زۆری وزەی كێشكردنی لێوە دەرچووە كە دەگاتە سێ ئەوەندەی بارستایی خۆر.
(لە كۆتاییدا توانیمان شەپۆلەكانی كێشكردن بدۆزینەوە، ئەوەش بۆ یەكەمجارە كە گەردوون لە ڕێگەی ئەم جۆرە شەپۆل و چالاكییەك گفت و گۆمان لەگەڵدا دەكات! چونكە تاوەكو پێش ئەو دۆزینەوەیە، ئێمە لە ئاستیدا كەڕوڵاڵ بووین!)، لەسەر زاری پڕۆفیسۆر (دێیڤید ڕایتز) ی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پڕۆژەی LIGO.
(ئەم دۆزینەوەیە یەكێكە لە گەورەترین پەرەسەندنەكانی بواری فیزیا و فەلەكناسی دوای دۆزینەوەی بەشێكی (هێگز) و هەرگیز كەمتریش نییە لە گرنگیی دۆزینەوەی بۆ یەكەمجاری خودی ترشی ناووكی DNA)، ئەمەش لەسەر زاری پڕۆفیسۆر (كارتسن دانزمان) پسپۆڕ لە پەیمانگەی (ماكس پلانك) و (زانكۆی لیبنیتز) لە (هانۆڤەر – ئەڵمانیا)، هەروەها زیاتر گوتی: (بێ شك ئەو دۆزینەوەیە خەڵاتی (نۆبڵ) وەدەستدێنێت، چونكە ئەوە بۆ یەكەم جارە (شەپۆلەكانی كێشكردن) دەدۆزرێنەوە و بۆ یەكەم جاریشە ئاوا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆی تەواو كونە ڕەشەكان دەدۆزرێنەوە و لە هەمان كاتدا سەلماندێكی تەواویشە بۆ بیردۆزەكەی (ئەلبێرت ئاینشتاین) ی تایبەت بە (بیردۆزی ڕێژەیی گشتی) كەوا 100 ساڵ پێش ئێستا پێشبینی بۆ كردبوو).
(ئەمە دەبێتە خاڵێكی وه‌رچەرخان و گۆڕٍانێكی گەورە لە مێژووی فەلەكناسیدا، چونكە شەپۆلەكانی كێشكردن ڕێگەیەكی دیكەی روونترمان پێ نیشان دەدات لەبارەی تێشگەیشتنمان بۆ گەردوون بە گشتی، بۆیە دزۆینەوەی ئەو شەپۆلانە ئەگەری هەڵگیرساندنی شۆڕشێك دەنێتەوە لەبواری زانستی فەلەكناسیدا)، بە گوتەی فیزیاناسی ناودار (ستیڤن هۆكینگ)، كە زیاتر گوتی: (ئەوەیان یەكەمین دۆزینەوەی ڕاستەوخۆی ڕوون و ئاشكرایە بۆ سیستەمی (كونە ڕەشەكان) و لە هەمان كاتدا یەكەمین دۆزینەوەی حاڵەتی بەرییەكەوتن و یەكگرتنە لە نێوان دوو كونی ڕەشدا، جا ئەگەر لە كۆتاییدا بیردۆزی ڕێژەیی ئاینشتاین بە تەواوی بسەلمێنێت، ئەوا لە ڕێگەی مێژووی گەردوونەوە دەتوانین بەشێوەیەكی جیاواز و نوێ بڕوانینە كونە ڕەشەكان و هەروەها بینینی بۆیەكەم جاری پاشماوەكانی كرداری خەڵقبوونی گەردوون لە ڕێگەی تەقینەوە مەزنەكەدا).
(ئەمڕۆ لە ڕێگەی بەریه‌ككەوتن و تێكەڵبوونی دوو كونی ڕەشەوە توانیمان شەپۆلەكانی كێشكردن ببینین، كە بەڕاستی ڕێگەیەكی سەخت و دژوار و دوور و درێژ بوو، بەڵام ئەوە تەنها سەرەتایە، چونكە ئێستا ئەو كەرەستانەمان لەبەر دەستدایە كە بەهۆیەوە دەتوانین ئەو دیاردانەی پێ ببینین، بۆیە ئێستا دڵنیابووین لە بوونی كونە ڕەشەكان و ئێستاش دەتوانین گوێ لە دەنگی گەردوونیش بگرین!)، لەسەر زاری پڕۆفیسۆر خاتوو (گابریێلا گۆنزالیس) ی ئەندامی تیمی پسپۆڕان و مامۆستا لە (زانكۆی ویلایەتی لویزیانا).
(بەڕاستی دڵڕفێنە كاتێك ئێمە لەسەر ڕووی ئەو هەسارەیەدا دانیشتووین، بەڵام هەستدەكەین بەوەی كە گەردوون دەكشێ یان دەچێتەوە باریەك لە دەرەنجامی تێكەڵبوونی كونە ڕەشەكانەوە، لە ڕووداوێك كە یەك ملیار ساڵ پێش ئێستا ڕوویداوە، هەروەها سەرسامبووین بەوەی كە گەردوون لە ئامادەباشیدا بوو بۆ پێشوازیكردنمان، ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی ئامێرەكانی دۆزینەوەمان بەگه‌ڕخست!)، لەسەر زاری پڕۆفیسۆر خاتوو (شیلا روان)ی گەورە لێكۆڵەرەوانی بەریتانی نێو تیمی پسپۆڕانی پڕۆژەكە.

جیا لەو دەستكەوتانە، پسپۆڕان ڕوونیان كردۆتەوە كەوا ئەم دۆزینەوەیە دەرگا واڵادەكات بۆ دۆزینەوەی بارستەی هەرە مەزن و نادیاری گەردوونیی ناسراو بە مادەی تاریك Dark Matter  كە پێكهاتەی هەرە سەرەكیی گەردوونە، ئەو پێكهاتەیەی كە هەرگیزاو هەرگیز لە ڕێگەی تەلەسكۆبە بیناییەكانی ئێستامان نابینرێت و نادۆزرێتەوە.

 (ئەگەر زیادەڕۆیی نەكەم، شەپۆلەكانی كێشكردن هەر هەموو شتێك دەبڕن و بەو تەنانەش كاریگەر نابن كە بە نێویاندا تێپەڕدەبن، واتا ئەو شەپۆلانە دەبنە (پەیامنێرێكی نموونەیی) بۆ وەرگرتن و ناردنەوەی زانیاری تایبەت بەو تەنەی كە بە نێویاندا تێدەپەڕن، ئەمەش شتێكی نامۆی تازە دۆزراوەیە لە مێژووی فەلەكناسیدا، چونكە لەبەر بوونی بارستەی مەزنی تۆزوخۆڵی نێو گەلەستێرەكان، ناتوانین ڕووناكی ئەستێرەكان و تەنەكانی دیكەی هەرە دووری قوڵایی گەردوون ببینین، واتە لە هەمان كاتدا، ناتوانین بەشی یەكەمی تەقینەوە مەزنەكەش ببینین، چونكە ئەوكاتە گەردوون هەر هەمووی تاریك بووە، لەسەر زاری پڕۆفیسۆر (بێرنارد شوتز) ی پسپۆڕ لە زانكۆی (كاردیف)، كە زیاتر گوتی: (لە ڕێگەی شەپۆلەكانی كێششكردنەوە، پێشبینی دەكەم لە كۆتاییدا خودی تەقینەوە مەزنەكەش ببینین!).
جێگای ئاماژە و گرنگیپێدانە، كەوا بەرلە 100 ساڵ، ئاینشتاین و لەنێو بیردۆزی (ڕێژەیی گشتی) دا ئاماژەی بەوە دابوو كەوا: (ئەگەر بڕی هێزی كێشكردن لە شوێنێك لە گەردوون و بەشێوەیەكی كت و پڕی بگۆڕێت، بۆ نموونە لەدەرەنجامی تەقینەوەی ئەستێرەیەكدا، ئەوا لە دەرەنجامدا شەپۆلەكانی كێشكردن  Gravitational Waves بە پانی و درێژیی گەردوون و بەخێرایی تیشكدا پەرش و بڵاودەبێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی لەیەك كشان یان چوونەبارییەكی بۆشایی ئاسمانی گەردوونی لە كاتی جووڵەیدا، بەڵام ئەمڕۆ و سەرەڕای وردیی یەكجار زۆری ئەو شەپۆلانەی لەیەك كشان یان چوونەبارییەكانە لەنێو گەردووندا، بەڵام خۆشبەختانە ئامێرە پێشكەوتووەكان توانیان بیاندۆزێتەوە و پێوانەیان بكات.
———————————-
وه‌گیرانی: ئه‌ژی چه‌تۆ حه‌سه‌ن
سه‌رچاوه‌: BBC Arabic

http://www.bbc.com/arabic/scienceandtech/2016/02/160211_space_gravitational_waves

Share Button

2310 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Scroll to top