هەندێك لە موعجیزەكانی هیجرەت

 

هەندێك لە موعجیزەكانی هیجرەت

ن: خالد حسن على

لە شاری مەككەدا قوڕەیشیەكان زۆریان بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و هاوەڵان هێنا و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەیانچەوساندنەوە، بە ناچاری دوو جار كۆچیان بۆ حەبەشە كرد، پاشان كۆچیان كرد بۆ شاری مەدینە، لە كۆچكردن بۆ مەدینە قوڕەیشیەكان ڕق و توڕەییان زیاتر بوو، چونكە لەو هێزە سیاسیە بەهێزەی داهاتوو دەترسان كە پێغەمبەر و هاوەڵان لە مەدینەدا دروستی دەكەن، لەبەرئەوە بڕیاریاندا ڕێی لێ‌ بگرن و پیلانێكی گەورە دژی پێغەمبەر بگێڕن، بۆیە لە (دارولنەدوە) كۆبونەوە، هەیانبو دەیوت: “با موحەممەد شار بەدەر بكەین”، لە وەڵامدا وتیان: “بێ سودە چونكە لە دەرەوەی مەككە هێزێك دروست دەكات و دێتەوە سەرمان”، هەندێكی تریان وتیان: “بەندی دەكەین”، زانیان ئەوەش بێ سودە، هەتا هاتنە سەرئەوەی كە كوشتن باشترین ڕێگایە و يەكجاری ڕزگاریان دەبێت، بەڵام لەم ڕێگایەدا كێشەیەك هاتە بەردەمیان كە بوبوە كۆسپ لەبەردەم جێ بەجێ كردنیدا، ئەویش ئەوەبوو كە كەس نەیدەتوانی بیكوژێت، چونكە هۆزەكەی پێغەمبەر لەو كەسە نەدەگەڕان و دەستبەجێ دەیانكوشتەوە، ئەم كۆبونەوە و پیلانانە لە قورئانی پیرۆزدا تۆمار كرا: (وَإِذْ يَمْكُرُ‌ بِكَ الَّذِينَ كَفَرُ‌وا لِيُثْبِتُوكَ أَوْ يَقْتُلُوكَ أَوْ يُخْرِ‌جُوكَ وَيَمْكُرُ‌ونَ وَيَمْكُرُ‌ اللَّـهُ وَاللَّـهُ خَيْرُ‌ الْمَاكِرِ‌ينَ) [الأنفال: ٣٠].. واته: “ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) یادی ئه‌و کاته بکه‌ره‌وه‌ کاتێک ئه‌وانه‌ی بێ باوه‌ڕ بوون پیلانیان ده‌گێڕا دژی تۆ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ندت بکه‌ن، یان بتکوژن، یان ده‌رت بکه‌ن، ئه‌وان پیلانی خۆیان ده‌گێڕن و خوایش پیلانی خۆی ده‌خاته‌کار (به‌پووچ کردنه‌وه‌ی کاره‌کانیان)، دڵنیابن خوای گه‌وره چاکترینی هه‌موو پیلانساز و نه‌خشه سازانه (نایه‌ڵێ پیلانیان سه‌ربگرێ).”
كۆبونەوەی قوڕەیشیەكان بەردەوام بوو، هیچ كام لە ڕاكان پەسەند نەبوون، تەنیا كوشتن نەبێت، بەڵام ئەویش ڕێگرێكی گەورەی لەبەردەمدا بوو كە بۆیان جێ بەجێ نەدەكرا، هەتا ئەبوجەهل بیری كردەوە و وتی: “من چارەسەرم كرد، وتیان چۆن؟ وتی: با لە هەر هۆزێك كوڕێكی ئازا بێت و هەموو بە یەك دەست و پێكەوە لە موحەممەد بدەن، ئەو كاتە خوێنەكەی بەسەر هەموو هۆزەكاندا بەش دەبێت و نەوەی هاشمیش توانای جەنگ كردنی هەموو قوڕەیشی نیە، وتی: ئايا ئەمە چارەسەر نیە؟”, هەموو ڕاكەی ئەبو جەهلیان پەسەند كرد، چونكە تەنیا كێشەی كوشتنەوە هەبو ئەوەشی چارەسەر كرد و ئیشەكەی ئاسان كرد، بڕیاریاندا كارەكە بە زووترین كات جێ بە جێ بكەن، چل گەنجی ئازا و بە توانای هەر هۆزێكیان كۆكردەوە و پێ یان وتن: “هەر ئێستا بچنە بەردەم ماڵی پێغەمبەر(صلی الله علیه وسلم) و دەوری ماڵەكەی بدەن، هەر كە هاتە دەرەوە پێ كەوە لێی بدەن،” دەستكرا بە جێبەجێكردنی پیلانەكە، چل كەس دەوری ماڵی پێغەمبەریان دا، پێغەمبەر زانی دەوری ماڵەكەی گیراوە و بۆ كوشتنی هاتون، هیچ ڕێگایەكی دەرباز بوونـی نەبو، خۆ پێغەمبەر چەك و ڕەشاشی ئەم سەردەمی پێ نەبو بێتە دەرەوە و تەقەیان لێ‌ بكات، یان بۆمبێك هەڵبداتە ناویانەوە! ئەی چی بكات؟ خۆ ناشتوانێت بفڕێت یان كۆپتەرێك بێت و بەرزی بكاتەوە، گەورەترین پیلان بەرامبەری كراوە و هیچ دەربازبونێك شك نابات، تەنیا خوای گەورە نەبێت، هەتا خوای گەورە پێی فەرموو بڕۆ دەرەوە، ئەویش فەرمانی خوای خۆی جێ بە جێ كرد و بە ناو ئەو هەموەدا چووە دەرەوە، لە هەندێك ڕیوایەت دەڵێت هەندێك خۆڵی كرد بەسەریاندا، پێغەمبەر هاتە دەرەوە و نەیانبینی!! ئایا پێغەمبەر دەتوانێت لە یەك كاتدا چل گەنج پێكەوە خەو لێ بخات و بە ناویاندا بێتە دەرەوە و هەستی پێ نەكەن؟! بێ گومان ئەو كارە لە دەسەڵاتی مرۆڤدا نیە، جگە لە خوای گەورە.
موسڵمان نابێت تەمەڵی بكات و هەر بە تەمای خوای گەورە بێت و خۆی هۆكارەكان نەگرێتە بەر، دەبێت ئەوەی لە توانایدایە لە هۆكار بیگرێتە بەر، هەركات هەمو هۆكارەكانی گرتە بەر و توانای نەما ئینجا خوای گەورە دێت بە هانایەوە، ئایا پێغەمبەر خۆی لە توانایدا بوو بە ناو چل گەنجدا بڕوات و نەیبینن؟ بێ گومان ئەوە لە دەسەڵاتی مرۆڤدا نیە، بەڵام دەتوانێت ڕێگای كۆچەكەیان لێ‌ ون بكات و بچێتە ئەشكەوتێك و خۆی بشارێتەوە و وایان لێ‌ بكات نەیدۆزنەوە؟ بەڵێ‌ ئەوە دەتوانێت، لەبەرئەوە ئەوەیان لەسەر خۆیەتی.
كۆرپەلە لە سكی دایكیدا ناتوانێت بخوات و بخواتەوە، لەبەرئەوە خواردن و خوادنەوەی هەرسكراو و ئامادەی پێ دەگات، چونكە كۆئەندامی هەرسی هێشتا بۆ نەكراوە، بەڵام كاتێك هاتە دەرەوە خوای گەورە شیر دەخاتە مەمكی دایكیەوە و توانای پێ دەدات شیری دایكی بمژێت، خۆ ئەگەر ئەو توانایەی بەكارنەهێنایە دەمرد، پێشتر لە سكی دایكیدا هیچی لەسەر نەبو بەڵام ئێستا چونكە توانای مژینی شیری هەیە دەبێت ئەنجامی بدات، لەبەرئەوە ئەوەی لە توانای مرۆڤدا بێت، دەبێت ئەنجامی بدات و پەرسشی خوای گەورە بكات.
لەسەر فەرمانی پەروەردگار پێغەمبەر دەستی كرد بە كۆچكردن بۆ مەدینە و لە ڕێگادا ئەم وتەیەی پەروەردگاری دووبارە دەكردەوە: (وَقُل رَّ‌بِّ أَدْخِلْنِي مُدْخَلَ صِدْقٍ وَأَخْرِ‌جْنِي مُخْرَ‌جَ صِدْقٍ وَاجْعَل لِّي مِن لَّدُنكَ سُلْطَانًا نَّصِيرً‌ا) [الإسراء: ٨٠].. واته: “بڵێ: په‌روه‌ردگارا یارمه‌تیم بده تا هه‌رکاتێك ده‌ستبه‌کاری (هه‌ر خێرێك بووم) به‌چاکی و ڕاستی و دروستی ئه‌نجامی بده‌م و له هه‌رکارێك بوومه‌وه ‌و ئه‌نجاممدا سه‌ره‌نجامێکی چاکی هه‌بێت و به‌جوانی لێی ده‌رچم و هه‌میشه ‌و به‌رده‌وام له‌لایه‌ن خۆته‌وه ده‌سه‌ڵاتێکم پێ ببه‌خشه که ببێته هۆی سه‌رکه‌وتنی به‌رده‌وامم.”
پێغەمبەر هەر دەپاڕایەوە، بێ گومان پاڕانەوە گەورەترین هۆكاری سەركەوتنە.
بەندە كە پەیوەندی لەگەڵ خوای خۆی پتەو بوو و هانای بۆ برد، لێی مەترسە، نە لە ڕزقی نە لە دوژمنەكەی نە لە نەخۆشی نە لە گومڕابونی، مادام بەردەوام پەیوەندی بە خوای خۆیەوە هەیە و لێی دەپاڕێتەوە، هیچ لێی مەترسە.
بڕوانە چۆن خوای گەورە پێغەمبەرەكەی لە چنگی ئەو هەموو گەنجە ڕزگار كرد و لە ئاستیدا كوێر بون، وەك دەفەرموێت: (وَجَعَلْنَا مِن بَيْنِ أَيْدِيهِمْ سَدًّا وَمِنْ خَلْفِهِمْ سَدًّا فَأَغْشَيْنَاهُمْ فَهُمْ لَا يُبْصِرُ‌ونَ) [يس: ٩].. واته: “هه‌روه‌ها به‌ربه‌ستمان له به‌رده‌میانه‌وه و له پشتیانه‌وه داناوه‌، په‌رده‌شمان هێناوه به‌سه‌ر چاویاندا ئیتر نابینن.”
چل هۆز پلانیان دژی یەك كەس كرد و بە غیرەتترین گەنجیان بۆ نارد و گەمارۆی ماڵەكەیان دا، بەڵام لە نێوانیاندا دەرچوو نەیانبینی، ئەوە چ ئابڕووچونێكی قوڕەیشیەكان بوو؟! ئێمە نازانین عیناد و سەركێشی ئەو هۆزانە لە چ ئاستێكدا بووە؟ دەشتەكی و عەرەبە كۆنەكانی ئەو كاتە عینادترین كەس بوون، شتێك بیانویستایە بیكەن، هەر دەبوایە بیكەن، ئێستا چۆن وەڵامی ئەو خەڵكە بدەنەوە؟ چۆن ڕوویان دێت بڵێن پێغەمبەر لە نێوانماندا دەرچو نەمانبینی؟ چی بڵێن، خۆ ئەمان یەك و دوان نەبون؟ چل كەس بون! چۆن لەدەست هەر چلتان دەرباز بوو؟
ئایا ئەمە پاڵپشتی خودایی و موعجیزەی پەروەردگار نیە بۆ پێغەمبەرەكەی؟
پێغەمبەر و هاوەڵەكەی بە ئاڕاستەیەكدا ڕۆیشتن كە قوڕەیشیەكان گومانیان نەدەبرد، لە جیاتی ڕوو لە شاری مەدینە بكەن، بە ئاڕاستەی پێچەوانەوە بەرەو یەمەن چوونە ئەشكەوتی (سەور)ەوە، پاشان بە ئاڕاستەی باكوری خۆرئاوا بەرەو دەریای سور ڕۆيشتن، بە ڕێگای ئەو قافڵانەدا نەڕۆيشتن كە بەرەو مەدینە دەچوون وەك لە وێنەكەدا ڕوونكراوتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا موشریكەكان هێندە گەڕان بە دوایاندا لە ئەنجامدا توانیان بگەنە بەردەم ئەشكەوتەكەیان، ئەبوبەكر ترس دایگرت و بەچرپە بە پێغەمبەری وت: “ئەگەر سەیری بەرپێی خۆیان بكەن دەمانبینن، پێغەمبەری خاوەن متمانە بە خوای خۆی لە وەڵامدا فەرموی: ئەی ئەبوبەكر گومانت چیە بە دووان خوای پەروەردگار سێهەمیان بێت؟” چی وای لێ‌ كردن سەیری بەر پێی خۆیان نەكەن؟ سەیری بەردەمیان، سەرەوەیان، ڕاستیان، چەپیان بكەن، تەنیا سەیری بەر پێی خۆیان نەكەن، بێ گومان ئەوە لە ئیشی خوای گەورەیە كە بتوانێت وایان لێ‌ بكات هیچ كام لەو كۆمەڵە ملیان بۆ خوارەوە نەنوشتێننەوە، تەنیا ئەو سەربازانەی خوای گەورە بوو كە باسی كردوە و دەفەرموێت: (إِلَّا تَنصُرُ‌وهُ فَقَدْ نَصَرَ‌هُ اللَّـهُ إِذْ أَخْرَ‌جَهُ الَّذِينَ كَفَرُ‌وا ثَانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِي الْغَارِ‌ إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّـهَ مَعَنَا فَأَنزَلَ اللَّـهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ وَأَيَّدَهُ بِجُنُودٍ لَّمْ تَرَ‌وْهَا وَجَعَلَ كَلِمَةَ الَّذِينَ كَفَرُ‌وا السُّفْلَىٰ وَكَلِمَةُ اللَّـهِ هِيَ الْعُلْيَا وَاللَّـهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ) [التوبة: ٤٠].. واته: “ئه‌گه‌ر ئێوه پشتگیری پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) نه‌که‌ن و یارمه‌تی نه‌ده‌ن، ئه‌وه به‌ڕاستی خوا پشتگیری کرد و سه‌ری خست، کاتێک ئه‌وانه‌ی بێ باوه‌ڕ بوون ده‌ریان کرد له شاری مه‌ککه و یه‌کێک بوو له‌و دوو که‌سه کاتێک هه‌ردووکیان له‌ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌دا بوون (کاتێک بێ باوه‌ڕه‌کان گه‌يشتبوونه ده‌وروبه‌ری ئه‌شکه‌وته‌که ئه‌بوبه‌کری هاوه‌ڵی خه‌می لێ هات) پێغه‌مبه‌ریش (صلی الله علیه وسلم) دڵی دایه‌وه و پێی وت: خه‌فه‌ت مه‌خۆ، دڵنیابه خوامان له‌گه‌ڵه‌، ئه‌وسا ئیتر خوا ئاسووده‌ی و ئارامی خۆی دابه‌زانده سه‌ری و پشتگیری و به‌هێزی کرد به سه‌ربازانێک که ئێوه نه‌تانده‌بینین و به‌رنامه ‌و ئاینی بێ باوه‌ڕانی دانه‌واند و ڕیسواتری کرد، به‌رنامه ‌و ئاینی خوایش هه‌میشه به‌رز و بڵندتره‌، خوایش هه‌میشه باڵاده‌ست و دانایه‌.”
بڕوانە لە ئایەتەكەدا بە ئەبوبەكر دەفەرموێت: (إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ).. واتە: “بە هاوەڵەكەی وت”، نافەرموێت بە دوژمنەكەی وت، وەك ئەوانەی كە گومڕا و سەریان لێ‌ شێواون، ئەبوبەكر و زۆر لە هاوەڵەكانی تر بە دوژمنی پێغەمبەر دەزانن، ئەگەر ئەوان باوەڕیان بە قورئان هەیە تەنیا ئەم ئایەتەیان بەسە، كە دەمكوتیان بكات، چ بەڵگەیەك لە قورئان بەهێزترە، لەم ئایەتەدا ئەبوبەكر بە هاوڕێ و هاوەڵ و دۆستی پێغەمبەر ناودەبات، ئیتر داوای بەڵگەی چی دەكەن؟!
ئەو گومڕایانە بە ئەبوبەكر دەڵێن درۆ و فێڵی كردوە، لە ئایەتەكەدا فەرموی خوای گەورە لەگەڵ هەردوكمانە، واتە منیش و تۆش ئەبوبەكر، ئایا خوای گەورە لەگەڵ كەسی فێلباز درۆزن دەبێت!!؟
كاتێك موسڵمانان لەگەڵ خوای خۆیان ڕاست بكەن، بەدڵنیاییەوە لەگەڵیان دەبێت و پشتیان دەگرێت و سەریان دەخات، ئەویش بە تەنها یەك مەرج كە ئیمان هێنانە، ئیمان هێنانێكی ڕاستەقینە و ساغ نەك ڕووكەش و ڕووپۆش بێت و لە دڵدا جێگیر نەبوبێت، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَأَنَّ اللَّـهَ مَعَ الْمُؤْمِنِينَ) [الأنفال: ١٩].. واته: “له ڕاستیشدا هه‌میشه خوا له‌گه‌ڵ ئیماندارانی دامه‌زراوه”.
ئەمە بەڵێنی خوای گەورەیە ئەگەر ئاینی خودا سەربخەیت خوای گەورەش سەرت دەخات وەك دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن تَنصُرُ‌وا اللَّـهَ يَنصُرْ‌كُمْ).. واته: “ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ئیمان و باوه‌ڕتان هێناوه‌، ئه‌گه‌ر ئێوه پشتیوانی له ئاینی خوا بکه‌ن و هه‌وڵی سه‌رکه‌وتنی بده‌ن، ئه‌وه‌خوایش پشتیوانی له‌ئێوه ده‌کات و سه‌رتان ده‌خات.”
بڕوانە خوای گەورە بە هاوەڵەكانی فەرمو: (إِلَّا تَنصُرُ‌وهُ فَقَدْ نَصَرَ‌هُ اللَّـهُ).. واتە: “ئه‌گه‌ر ئێوه پشتگیری پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) نه‌که‌ن و یارمه‌تی نه‌ده‌ن، ئه‌وه به‌ڕاستی خوا پشتگیری کردو سه‌ری خست.”
بە كۆچكرد و پشتیوانەكان دەفەرموێت ئێوە منەت بەسەر خواو پێغەمبەرەكەیدا نەكەن و نەڵێن پێغەمبەر پێویستی بە ئێمەیە، پاشان باسی ئەم ڕووداوەیان بۆ دەكات كە لەو ڕۆژەدا ئێوە هیچتان ئامادە نەبون و خوای گەورە هەر سەریشی خست.
پێغەمبەر و هاوەڵەكەی بەردەوام بون لەكۆچەكەیان، (سوراقەی كوڕی مالیك) یەكێك بوو لە سوارچاكە ئازا و لێهاتوەكانی قوڕەیش، دڵنیا بوو كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و هاوەڵەكەی لە چ ڕێگایەكن بەتەنیا دوایان كەوت هەتا ئەو بەڵێنەی قوڕەیشیەكان دابویان كە هەر كەس پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بە زیندویی یان مردوویی بێنێت سەد وشتری پێ دەدرێت، دەست خۆی بكەوێت بە تەنیا، كەوتە سەر ڕێگاكەیان و بە پێغەمبەر و هاوەڵەكەی گەیشت، گومانی نەما سەد وشترەكەی بردۆتەوە، هەتا زۆر لێ یان نزیك بوەوە، بەڵام لە ناكاودا شتێكی سەیر ڕوویدا، كە سوراقە هەرگیز بە خەیاڵيشیدا نەهاتبو، ئەو ویستی تیرەكانی دەربێنێت و لێ یان بدات، بەڵام ئەوەندەی زانی هەردوو دەستی ئەسپەكەی تا ئەنیشكی چوون بە ناخی زەویدا و سوراقە كەوتە خوارەوە، جارێكی تر پیاهەڵشاخی و چوەوە پێشەوە بەڵام جارێ‌ تر دەستەكانى چونەوە بە زەویدا و فڕێی دایەوە خوارەوە، سوراقە زۆر سەرسام بوو، چونكە هەتا ئێستا شتی وای نەبینیبو، ئەو لە سوارچاكە لێ هاتوەكان بوو دەیزانی دەست و پێی ئەسپ لەسەر لمی بیابان لە (2) سم زیاتر ناچێت بە لمەكەدا، ئێستا بۆ دوو جار تا ئەنیشكی یان سكی ئەسپەكە چوو بەزەویدا و ئەمی فڕێ دایە خوارەوە؟! حاڵەتێكی زۆر نائاسایی بوو، هەتا بیری كردەوە و دڵنیا بوو ئەمە ئیشی خوای گەورەیە و ئەم شوێن پێغەمبەرێكی خوا (صلی الله علیه وسلم) كەوتوە، لە كاتێكدا هاتبو بیانترسێنیت بەڵام بە پێچەوانەوە ترس كەوتە دڵی خۆیەوە و داوای ئەمانی لە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)كرد، پێغەمبەریش ئەمانی پێدا، بە ترسەوە هاتە پێشەوە و داوای لێبوردنی لە پێغەمبەر كرد و خواردن و خواردنەوەی خستە بەردەستیان وتی چیم پێ یە دەتاندەمێ‌ حەزتان لە چیە ئەوە خواردن ئەوە خواردنەوە، پێغەمبەر فەرموی پێویستمان بە هیچ نیە، تەنیا ئەوەمان دەوێت هەركەس ویستی بێتە ڕێگەمان، ڕێگەی لێ‌ ون بكە، بەو جۆرە سوراقە بەیانی بۆ كوشتنیان دەرچوو بەڵام ئێوارە بوو بە پاسەوانیان، هەر كەس دەهاتە ئەو ڕێگایە دەیگەڕاندنەوە و دەیوت: من ئەم ڕێگایە هەموی گەڕاوم، كەس لەم ڕێگایەدا نیە. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمە پاڵپشت و موعجیزەی خوایی نیە بۆ پێغەمبەرەكەی؟

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved