You Are Here: Home » بابەتەكانمان » زیانه‌كانی توالێتی ڕۆژئاوایی

زیانه‌كانی توالێتی ڕۆژئاوایی

زیانه‌كانی  توالێتی ڕۆژئاوایی

وه‌رگێڕانی: تارا محمد 

پێغەمبەر (ص) فێری چۆنیەتی میزکردن و پیسایی کردنمان دەکات بەشێوەی چەمانەوە لەسەر زەوی، خەڵکانێکی زۆر تاکو ئێستاش بێ ئاگان لە مەترسیە تەندروستیەکانی دانیشتن لەسەر ئاودەستی بەرز(ڕۆژئاوایی)، ئەمڕۆ شارەزایانی بواری پزیشکی جەخت دەکەنەوە مرۆڤ بەوجۆرە دیزاین کراوە کە لەسەر زەوی بچەمێتەوە لەکاتی، پاشەڕۆ فڕێدان، هەموو ئەمانە پەیوەندی بە چۆنێتی دانیشتنەکەوە هەیە، چەمانەوە پەستان دەخاتە سەر ڕێکە(دوانزەگرێ) ئەوەش کاری پاشەڕۆ فڕێدان ئاسانتر دەکات، دانیشتن لەسەر ئاودەستی ڕۆژئاوایی واتە تۆ لە دژی ماسولکەکانی خۆت پاڵدەنێیت، پزیشکەکان ئەمڕۆ ئەوەیان خستۆتە ڕوو کە دانیشتن بەشێوەی چەمانەوە لەسەر زەوی(ئاودەستی ڕۆژهەڵاتی) ئەگەرەکانی توش بون بە قەبزی و مەیاسیری و تەنانەت شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کەم دەکاتەوە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستوە کاریگەری دانیشتن لەسەر ئاودەستی ڕۆژهەڵاتی بۆ ئەم نەخۆشیانە زۆر زیاترە لە کەمی ژەمەخۆراکی ڕیشاڵی، زانکۆی ستانفۆرد لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا دەریدەخات کە بەکارهێنانی ئاودەستی ڕۆژهەڵاتی شێوازێکی گونجاو و ڕێنماییکراوە بۆچونە ئاودەست، کەواتە جیاوازی گەورەی نێوان ئەو دوو شێوازە چییە؟

ئاودەستی ڕۆژئاوایی بەجۆرێک دیزاین کراوە کە ئەژنۆکانت بە گۆشەی ٩٠ لەگەڵ سکتدا دابنێیت، دانیشتن لەسەر ئاودەستی ڕۆژهەڵاتی وادەکات لەشت گۆشەی ٣٥ وەربگرێت، زانایانی ئەوروپی دەڵێن کاتێ کەسێک بەشێوەی چەمانەوە لە ئاودەستدا دادەنیشێت ماسولکەکانی سکی پەستان دەخەنە سەر ڕیخۆڵەی، ئەم شێوە دانیشتنە یارمەتی کۆڵۆن دەدات و پەستانی زۆرتر دەخاتە سەر ماسولکەکانی بەشی خوارەوەی سک، ئەنجامی ئەم پەستانکردنە سروشتیە لەسەر کۆڵۆن یارمەتی ئاسانتر فڕێ دانی پاشەڕۆی ناوسک دەدات، لەدانیشتنی چەمانەوەدا حەوز لەبارێکی ڕەحەتدایە و ڕیخۆڵەی دوانزەگرێ بەئاراستەی کۆم دەکرێتەوە، کە ئەمە لە دانیشتنی ئاساییدا ڕوونادات، یارمەتی کۆمە جۆگە دەدات بۆ چەمانەوەیەکی کەم کە ئەمەش ڕێگەی کۆتایی نێوان بەشی کۆتایی ڕیخۆڵە و کۆم ڕێک دەکات بۆ ئاسانتر هاتنەدەرەوەی پاشەڕۆ، بەڵام لە دانیشتنی ڕۆژئاواییدا چەمانەوەی کۆم و ڕێکبون لەنێوان ڕیخۆڵەو کۆم ڕوونادات  ، حەوز ناتوانێت یارمەتی کۆڵۆن و سک بدات، لەئەنجامدا ئەو کەسەی دانیشتوە دەبێت هەناسەکانی بگرێت بۆئەوەی بتوانێت پەستانێکی زیاتر بەرەو خوارەوە دروست بکات بۆ فڕێدانی پاشەڕۆ کە ناشتوانێت بە تەواوی فڕێی بدات، بەمەش ئەو پاشماوەیەی فڕێ نادرێت لەبەشی کۆتایی کۆڵۆندا بەڕەق بوویی کۆدەبێتەوە، هەموو ئەمانە: کرانەوەی سمت، ڕێکبونی جۆگەی کۆم، زیادبونی پەستانی سروشتی لەسەر سک و هاتنەوەیەکی کۆڵۆن تەنها لە دانیشتنی ئاودەستی ڕۆژهەڵاتیدا ڕوودەدات، ئەنجامەکەشی: جوڵەی تەواو و ئاسان و خێرای ڕیخۆڵەکانە، لەکاتی وەستان بەپێوە ماسولکەکانی دەوری کۆم بەتەواوی کۆم کۆدەکاتەوە،، لەکاتی دانیشتندا بەڕێژەیەکی کەم کۆم دەکاتەوە، بەڵام لە چەمانەوەی تەواودا ئەم ماسولکەیە بەتەواوی خاودەبێتەوە، دانیشتن دەبێتە هۆی خۆماندووکردنێک کە سروشتی و تەندروست نیە، دانیشتن لەسەر ئاودەستی ڕۆژئاوایی دەکرێت ببێتە هۆی :

قەبزی
پەیمانگای تەندروستی نەتەوەیی خەمڵاندوویەتی کە زیاتر لە چوار ملیۆن ئەمریکی کێشەی قەبزیان هەیە، کە کەمتر لە سێ جار لە هەفتەیەکدا جوڵەی ڕیخۆڵەکانیان هەیە، قەبزی بەتەنها بارێکی نەخوازراو نیە، بەڵکو ڕەنگە ببێتە هۆکاری گەورەی لەکارخستنی کۆڵۆن. یەکێک لەو کارانەی لە کۆڵۆندا ئەنجام دەدرێت دەرکردنی ئاوە، کۆڵۆن بەشێوەیەکی جێگیر ئاو لە پاشەڕۆکانی ناوی دەردەکات، کە ئەمەش پاشەڕۆی شل دەگۆڕێت بە توند، لەئەنجامدا فڕێدانە دەرەوەی پاشەڕۆ ڕێکخراو و تەواو نابێت، ڕێژەیەکی زۆر ئاو دەردەکرێت کە دەبێتە هۆی توندبونەوە و وشکبونەوەی زۆری پیساییەکە و ڕەقبونی بە دیواری کۆڵۆنەوە، ئەگەر پیسایی بۆماوەیەکی زۆر لەناو کۆڵۆندا بمێنێتەوە، ئەو ماددە ژەهراویانەی ناوی ڕەنگە بچێتەوە ناو سوڕی خوێن. لەگەڵ ئەوەشدا مانەوەی پیسایی بۆماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی دروستبونی ماددەی ژەهری زیاتر لێیەوە.

مایەسیری

مایۆکلینک پێشنیاری ئەوە بۆ توشبوانی مایەسیری دەکات کە دوورکەونەوە لە مانەوەی زۆر بەشێوەی دانیشتن یاخود ڕاوەستان، دانیشتنی زۆر بەتایبەت لەسەر ئاودەست پەستانێکی زۆر لەسەر مولولە خۆێنهێنەرەکانی دەوری کۆم دروست دەکات.

بەپێی مـایۆکلینک ، لەتەمەنی ٥٠ساڵیاندا نزیکەی نیوەی ئەمریکیەکان نیشانەکانی مایەسیریان تیا دەرکەوتوە.

مایەسیری ڕەنگە دەرئەنجامی گرژبونی زۆربێت لەکاتی جوڵەی ڕیخۆڵەدا، یاخود بەهۆی دروست بونی پەستانی زۆر لەسەر ئەو خۆێنهێنەرانە لەکاتی سکپڕیدا .

نەخۆشی کــۆڵــۆن

شێرپەنجەی کۆڵۆن ،ئەمە نەخۆشیەکی کوشندەی دیارە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی سایتی هەواڵە زانستیەکان ئەم نەخۆشیە لە ڕۆژئاوا زیاترە بڵاوە بەبەراورد لەگەڵ وڵاتە تازە پێگەیشتوەکان، تەنها لە نەتەوە یەکگرتوەکان هەمووساڵێک ١٥٠،٠٠٠کەس لە توشبوانی ئەم نەخۆشیە ئەژمار ئەکرێن. هەرچەندە ئەم نەخۆشیە لەجیهاندا بە پلەی چوارەم دێت لە شێرپەنجە بکوژەکاندا ، خەڵکێکی کەم کە لە وڵاتە تازەپێگەیشتوەکان دەژین توشی دەبن، چەندین لێکۆڵینەوەی ڕۆژئاوایی هەوڵی دۆزینەوەی ڕونکردنەوەیەکی گونجاو بۆ ئەم حاڵەتە دەدەن، بەڵام ئەوان پەیوەندی گرنگی نێوان دانیشتنی ئاودەست و شێرپەنجەی کۆڵۆنیان بیرچووە، خەڵکی وڵاتە تازە پێگەیشتوەکان دانیشتنی چەمانەوە بەکاردێنن بۆ فڕێ دانی پاشەڕۆ، بەڵام خەڵكی ڕۆژئاوا دادەنیشن، فڕێ دانە دەرەوەی تەواوەتی پەیوەندی بە هێشتنەوەی تەندروستی کۆڵۆنەوە هەیە. زۆر لە لێکۆڵینەوەکان هۆکاری شێرپەنجەی کۆڵٶن و چەند نەخۆشی تر بۆ مانەوەی پیسایی لەناو ڕیخۆڵەکان دەگەڕێننەوە.

هەوکردنی میزەڕۆ

کاری میزەڕۆ ئاسانتر و بەهێزترە کاتێک ئافرەتان بە شێوەی دانیشتنی ڕۆژهەڵاتی میز دەکەن. میزەڵدان زیاتر خاڵیی دەبێتەوە بەهۆی دانیشتنی ڕۆژهەڵاتیەوە وەک لە دانیشتنی ئاسایی ، دانیشتنی ڕۆژهەڵاتی هۆکاری کەمبونەوەی هەوکردنەکانی میزەڕۆیە.

حەوز

یەک لەسەر سێی ئافرەتان لە ئەمریکا بەهۆی یەکێک یان چەند ناڕەحەتیەک لە حەوزیاندا دەناڵێنن، یەکێک لە سەرەکی ترین هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە بەکارهێنانی توالێتە، شێوازی دانیشتن لە توالێت دەبێتە هۆی دروستبونی فشارێکی زۆر لەسەر گۆشەی نێوان کۆم و ڕیخۆڵە کە دەکەوێتە لای کۆڵۆنەوە. دەمارەکانی ناوچەی حەوز دەتوانن بەهۆی دانیشتنی ڕۆژهەڵاتی لە توالێت پارێزراو بن لەکاتی بەتاڵکردنەوەی ڕیخۆڵەدا، پیاوانیش بەهەمان شێوە ڕەنگە توشی ئەو نالەبارییەی حەوز ببن.

پەلەڕخۆڵە

لەدانیشتنی ڕۆژهەڵاتیدا ڕانی ڕاست پەستان لەسەر بەشی خوارەوەی لای ڕاستی سک دروست دەکات، کە ئەوەش بەشی کوێرە ڕیخۆڵە دەگوشێت، ئەم گوشینە پاڵ بە پاشەڕۆکەوە دەنێت لە کوێرە ڕیخۆڵەوە بەرەو پەلەڕیخۆڵە و هەڵکشاوە کۆڵۆن. ئەو کەناڵەی لە پەلەڕیخۆڵەدایە بەمجۆرە بە پاکی دەمێنێتەوە، لە دانیشتنی ڕۆژئاواییدا کوێرە ڕیخوڵە بەتەواوی ناگوشرێ و بەتال نابێتەوە بەهۆی ڕانی ڕاستەوە. وە کۆڵۆنیش بەتەواوی ئامادە نەکراوە بۆ فڕێ دانە دەرەوەی پاشەڕۆ .لە ئەنجامدا پێویستە ئەو کەسە پەستانی زیاتر بەرەو خواری ناوپەنچک دروست بکات و هەناسەکانی بگرێت، ئەم کارەش هەڵئاوسان و پەستانی هەڵە لە کوێرە ڕیخٶلەدا دروست دەکات (بەرەوخوار) دژ بە ئاڕاستەی پەلەڕیخۆڵە. ئەوەش وەک گوشینی لولەکی مەعجونی ددان لەناوەڕاستدا، کە بەشی خوارەوەی (کوێرە ڕیخٶلە) هەڵدەئاوسێ.، ئەم پەستانە پێچەوانەیە پاڵ بە پاشەرۆوە دەنێت بەرەو پەلەڕیخۆڵە کە ئەوەش بەدوای یەک هاتنێکی نەگونجاوە

 

سودەکانی توالێتی ڕۆژهەڵاتی

-دەبێتە هۆی پاشەڕۆ فڕێدان خێراتر و ئاسانتر و بەتەواوی. ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ پارێزگاری کردن لە ڕەقبونی پاشەرۆ کە هۆکاری توشبون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕیخۆلە کوێرەو هەوکردنی ڕیخۆلەیە.

-ئەو دەمارانە لە ڕەقبون و تێکشکان دەپارێزێت کە کۆنترۆلی پرۆستات و میزەڵدان و منداڵدان دەکەن.

-یارمەتی تەواوی داخستنی زمانەی نێوان کۆلۆن و ڕیخۆڵە باریکە دەدات ،لە دانیشتنی ڕۆژئاواییدا ئەم زمانەیە پارێزراو نیە و هەندێ کات لەکاتی جوڵەی کۆلۆندا لێچوون تیایدا ڕوودەدات و دەبێتە هۆی پیس بونی ڕیخۆڵە باریکە.

-یارمەتی خاوبونەوەی ماسولکەکانی ڕێکە دەدات کە بەشێوەیەکی ئاسایی پاڵ بە ڕێکەوە دەنێن بۆ بەردەوامی

-بەکارهێنانی ڕان : بۆ پارێزگاری لە کۆڵۆن و ڕێگرتن لە پاڵنان. پاڵنانی زۆر لە توالێت دەکرێت ببێتە هۆی، فتق، ڕیخۆڵەکوێرە،و کێشەی ئەندامەکانی تری ناو حەوز.

-هۆکارێکی کاریگەر و باشە بۆ چارەسەری  مایاسیری ،وەک لە لێکۆڵینەوە کلینیکیەکاندا بڵاو کراوەتەوە.

-بۆ ئافرەتانی سکپڕ ، دانیشتنی ڕۆژهەڵاتی منداڵدان لە پەستان خستنە سەر دەپارێزێت، ڕۆژانە بەکارهێنانی ئەم جۆرە توالێتە یارمەتیدەرە بۆ لەدایک بونی ئاسایی.

-ئەم جۆرە دانیشتنە تەنها هاوسەنگیت ناپارێزێت، بەڵکو وا لە بڕبڕەکانت دەکات کشانێکی سودبەخش بکشێن

ئاسانترین چارەسەر

بەکارهێنانی تەپڵەکێکی بچوکە لەژێر پێیەکانتدا لەکاتی دانیشتن لەسەر توالێتی ڕۆژئاوایی، کە ئەوەش جەستەت دەخاتە بارێکی دروستەوە کە ئەژنۆکانت بە گۆشەی ٣٥ بەرز دەکاتەوە.

ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ شێوه‌ی ڤیدیۆ ببینن به‌ ژێرنوسكراوی 

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top