You Are Here: Home » بابەتەكانمان » 10 لە سوودە تەندروستیەکانى ڕۆژوو

10 لە سوودە تەندروستیەکانى ڕۆژوو

10 لە سوودە تەندروستیەکانى ڕۆژوو

By: Dr. BiodumAwosusi
وەرگێڕان و ئامادەکردنى: ئاوات وەسان

زۆربەى خەڵکى وادەزانن ڕۆژوو تەنها فەرمانێکى زۆرەملێى خودایە بۆ بەندەکانى ، کەمێکیان نەبێت کە ئاشنان بە سوودە تەندروستیە ناکۆتاکانى ڕۆژوو !
بەڕۆژووبوون چاڵاکیەکى زۆرباشە کە هانى دەرکردنەدەرەوەى ژەهر دەدات لەناو لاشەدا ، هەروەها شەکرى ناوخوێن و چەورى خەزن کراوى زیادە دادەبەزێنێ!
هەروەها ڕۆژوو دەبێتە هاندەرێکى باش بۆ خواردنى ژەمى پێویست سەرەڕاى هەموو ئەمانەش کۆئەندامى بەرگرى (Immune system) بەهێز دەکات !
جگە لەوانەش رۆژوو رۆحى مرۆڤەکان بەهێز دەکات و لە رێگەى نزاکردن و نوێژکردن ئاسوودەییەک ناخى مرۆڤ دادەپۆشێ ئارامى دەبەخشێتە دەروون و بەمەش ڕۆژووەوان لە زۆربەى نەخۆشیە دەروونیەکان بەتایبەت سایکۆ سۆماتیەکان ڕزگارى دەبێت کە ئەو نەخۆشیانەن هۆکارەکەیان دەروونیەو نیشانەکانیان جەستەیى یە !
لەگەڵ ئەمانەشدا ڕۆژووەوان لە ڕووى کۆمەڵایەتیەوە بیرۆکەکانى گۆڕانکاریان بەسەردادێت پتر هەست بەکەسانى هەژارو نەدار دەکات لەکاتى هەست کردنى بە برسێتى و هەروەها نرخ وبەهاى بەخششەکانى وەک خواردن و خواردنەوەى لا دروست دەبێت و هەستێکى واى پێدەبەخشێ کە ئیسراف نەکات و ئەم شتانە بەئەرزش دابنێ !
بە کورتى ڕەمەزان و ڕۆژوو گرتن پاکبوونەوەى رۆح ودەروون و جەستەو نیاز و ماڵ وسامانى ڕۆژووەوانە
ئەمانە 10 سوودى ئاشکراى ڕۆژوون لەو سوودە بێ شومارانەى کە هەیەتى :
1- ڕۆژوو دەبێتە هانەرى دەرهاوێشتنى ژەهر لە لەشدا :
لە ئەنجامى پڕۆسەى خۆراک خواردندا ،کەڵەکە بوونى هەندێ ماددە ڕوودەدات لەلەش ، ئەو کەڵەکە بوونەش زۆرجار ژەهراوین ! ،هەندێک لە و ژەهرانە هانى بەرهەم هاتنى (Advanced glycation end products)کورتکراوەکەى (AGEs)کە پڕۆتینێکى تێکچوو و دوابەرهەمە و لە ناو چەوریە شانەکاندا کەڵەکە دەبێت و دەبێتە هۆى تێکدانیان، بەڵام بە هۆى ڕۆژووەوە چەوری لە شانەکان دەتوێتەوە بەم هۆیەشەوە لەش لە ژەهرەکە رزگارى دەبێت ، جگەرو گورچیلەکان و لیفەکان بەشدارن لە دەرکردنە دەرەوەى ژەهر .
2- بەڕۆژووبووون پشوو دەبەخشێتە کۆئەندامى هەرس:
لە ماوەى بەڕۆژووبووندا ئەندامەکانى هەرس پشوو دەدەن ،هەرچەندە فرمانە فیسۆلۆژیەکان هەرلەکاردان بەتایبەت دەردانى دەردراوەکانى هەرس بەڵام بە ڕێژەیەکى زۆر کەمتر چونکە ئاشکرایە بوونى خۆراک لەگەدەدا هانى دیوارى گەدە دەدات بۆ دەردانى ئاوگەکانى هەرس ،لێک هەڵوەشاندنى خۆراکى ماوە لە کۆئەندامى هەرسدا بە ڕێژەیەکى جێگیر ڕوودەدات ، هەروەها دەرپەڕاندنى وزەش بەهەمان شێوە پەیڕەوى هەندێ شێوازى هەنگاو بەهەنگاو دەکات ، هەروەکو باسمان کرد رۆژوو بەرهەمهێنانى ترش لەگەدەدا ناوەستێنێ تەنها کەمترى دەکات لەکەسانى ئاسایى دا نابێتە هۆى هیچ کێشەو گرفتێک ،بەڵام لە کەسانى توشبوو بە برینى گەدەو سورێنچک دەبێتە هۆکارى زیاتر قوڵبوونەوەى نەخۆشیەکەو ئازارى زۆر بۆیە زۆرجار نابێت ئەم نەخۆشانە بەڕۆژوو ببن
خواى گەورەش رۆژووگرتنى لەسەر نەخۆش فەرز نەکردووە.
3- ڕۆژوو گرتن چارەسەرە بۆ هەوکردن :
هەندێ توێژینەوە دووپاتى ئەوە دەکەنەوە کە بەڕۆژووبوون چارەسەرى زۆربەى نەخۆشیە هەوکردنەکان و هەستیاریەکان دەکات ، بۆ وێنە نەخۆشى رۆماتیزم یاخوود نەخۆشیەکانى پێست ،وە هەندێ شارەزا دەیسەلمێنن کە ڕۆژوو هانى چاکبوونەوەى هەوکردنى ڕیخۆڵەکان دەدات ،هەروەها ئەگەرى چارەسەرى شێرپەنجەى کۆڵۆنیش زیاتر ئەکات .
4-ٍڕۆژوو شەکرى خوێن دادەبەزێنێ :
ڕۆژوو دەبێتە هۆى تیکشکاندنى بڕێکى زۆر لە گلوکۆزى ناو خوێن تاوەکو لەش وزەى پێویستى دەست بکەوێت ، هەروەک دەبێتە هۆى کەم کردنەوەى دەردانى هۆڕمۆنى ئەنسۆلین بەمەش پەنکریاس پشوو وەردەگرێ ، گلوکاگۆن بەرهەم دێت بۆ ئاسانکارى تێکشکاندنى گلوکۆز بۆ بەرهەم هێنانى وزە ، کەواتە ئامانجى ڕۆژوو کەم کردنەوەى گلوکۆزى زیادەیە لەلەشداو هاوسەنگ کردنیەتى.
5-ڕۆژوو چەورى زیادەى لەش تێکدەشکێنێ :
یەکەم وەڵامدانەوەى لەش بۆ ڕۆژوو تێکشکاندنى گلوکۆزى زیادە بۆ وزە ، هەرکاتێک گلوکۆزى خەزن کراو بەرەو تەواو بوون چوو (KETOSIS) دەست پێ ئەکات کە بریتیە لە تێکشکاندن و گۆڕینى چەورى خەزن کراوى ماسولکەکانى لەش بۆ بەدەست هێنانى وزە.
6- ڕۆژوو بەرزە فشارى خوێن دادەبەزێنێ : ڕۆژووگرتن یەکێکە لەو ڕێگا سەرکەوتووانەى کەبەبێ بەکارهێنانى دەرمان تیایدا بەرزە فشارى خوێن دادەبەزێ ، هەروەها ئەگەرەکانى تووشبوون بە نەخۆشى ڕەقبوونى دەمارەکانى خوێن کەم دەکاتەوە ، نەخۆشى رەقیوونى دەمارەکان ڕوودەدات لە ئەنجامى نیشتنى چەورى لە ناوخوێنبەرەکانى دڵ و پاشان ڕەقبوونى و گیرانى .
لەماوەى بەڕۆژوو بوندا گلوکۆز و چەورى خەزن کراو بەکاردەهێنرێن بۆ بەرهەمهێنانى وزە بۆ ڕاپەراندنى کارەکانى لەش، زیندەچالاکیەکان کەم دەبنەوە لەماوەى بەڕۆژووبووندا هۆڕمۆنى دەربازبوون لە ترس وەکو ئەدریناڵین و نۆر ئەدریناڵین کەم دەبنەوە بەمەش زیندە چالاکیەکان بە جێگیرى و لە سنوورى خۆیدا دەمێننەوەو فشارى خوێنیش دادەبەزێنێت (لەو کەسانەى کە دووچارى بەرزە فشارى خوێن بوون نەوەک لە کەسى ئاسایى).
7- ڕۆژوو کێشى لەش دادەبەزێنێ :
ڕۆژوو لە ڕێگا هەرە باشەکانى دابەزاندنى کێشە کەبەشێوەیەکى تدریجى کێشى لەش دادەبەزێنێ لە ماوەى 30 رۆژدا ! چونکە ڕۆژوو گلوکۆزو چەورى زیادەى لەش دەتوێنێتەوە .
8-ڕۆژوو دەبێتە هاندەرى خواردنى ژەمى تەندروست :
ڕۆژوو خواستى ڕۆژوەوان زیاد دەکات بۆ خواردنى سروشتى و تەندروستانە! و بڕێکى زۆرتر ئاو و میوە و شلەمەنى و شۆربا دەخوات ،سەرەڕاى خورما کە ئەمانە هەمووى شێوازى ژەمى تەندروستانە دیارى دەکەن .
9-ڕۆژوو کۆئەندامى بەرگرى بەهێز دەکات :
بوونى ژەمى تەندروست لە ڕەمەزانداو دەرهاویشتنى ژەهرى لەش و کەم بوونەوەى چەورى و گلوکۆزى زیادە یارمەتى بەهێز بوونى بەرگرى لەش دەدات هەروەها شکاندنى ڕۆژوو بە ئاو یا خورما و میوە یارمەتى لەش دەدات لە دەست خستنى کانزاو ڤیتامینى گرنگ بەتایبەت ڤیتامین A و E کە ئەنتى ئۆکسیدانت (دژە ئۆکسێنەر) ى بەهێزن ئەمانە و بوونى دەروونێکى ئارام و بێ دوو دڵى هانى بەهێزبوونى کۆئەندامى بەرگرى لەش دەدەن .
10- ڕۆژوو یارمەتى زاڵ بوون بەسەر ماددە مودمینکەرەکان دەدات :
هەندێ لە پسپۆڕان دووپاتى دەکەنەوە کە ڕۆژوو یارمەتى کەم کردنەوەى هۆگرى دەدات بۆ نیکۆتین و کهول و کافایین و هەندێ ماددەى ترى بێ سوود هەندێ ریجێم و رێگا هەن بۆ ڕزگار بوون لەم هۆگریانە کە ڕۆژوو گرتن یەکێکە لەو ڕێگایانە .
سەرەڕاى ئەم سودانەى ڕۆژوو هەندێ جار لە حالەتى نائاسایدا (بارى نەخۆشى) ڕۆژوو دەبێتە گرفت بۆ نموونە لە کەسى نەخۆشدا ڕۆژوو ەبێتە هۆکارى کەم بونەوەى ئاو لە لەشداو روودانى ووشک بوونەوەى لەش بەمەش سەر ئێشە یان لاسەر ئێشە بۆ ئەو کەسە پەیدا دەبێت بەڵام لە کەسى ئاساییدا ڕۆژوو یارمەتى هاوسەنگى شلە دەدات لەلەشدا، یاخوود ئەو کەسانەى برینى سورێنچک یان گەدە،یان دڵ کزانەوە یاخوود ئافرەتى دووگیان و شیردەر،یا نەخۆشیەکانى دڵ یان کێشەى جگەرو گورچیلە یان دووچاربوونە بە خراپ خۆرى ، باشتر وایە بەڕۆژوو نەبن بە پێى ڕێنماییەکانى پزیشک ، خواى گەورەش لەکەسێک ناگرێت کە نەخۆش بیێت بەڵکو لەش یش مافى هەیە لەسەر مرۆڤ.

ژێدەر :
1- Seliger،S.&Haines ، C.D.(2012) ‘Is fasting Healthy?’ Accessed from
http://www.webmd.com/diet/features/is-fasting-healthy .
2- Panjwani،M.(2009) ’11 Health Benefits of Fasting’ accssed from
3- http://mushpanjwani.com/2009/08/23/11-health-benefits-of-fasting/

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top