پێشەنگە موسڵمانەكان لە زانستە ئەزموونییەكاندا

4082 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

پێشەنگە موسڵمانەكان لە زانستە ئەزموونییەكاندا

ن. : د.أحــمـد هـجـوان

و. :عەلی شـێخ وەهاب

گومانی تێدا نییە كە ئیسلام یەكەمە لە بانگهەڵدان بۆ گەڕان بە دوای زانستدا و, هاندان لەسەر لێكۆڵینەوە و داهێنان و دۆزینەوە له ئاسمانەكان و زەویدا, بەسە بۆ ئەمە كە یەكەم ئایەتێك هاتۆتە خوارەوە دەفەرموێت: [إقرأ باسم ربك الذی خلق] واته: (بخوێنە بە ناوی پەروەردگارتەوە كە هەموو شتێكی دروست كرد), چەندان فەرموودەی پیرۆزيش لە بارەی پێویستێتی گەڕان بە دوای زانستدا و هەڵنان بۆی گێڕدراوەتەوە, لەم بارەیەوە زۆر دانراو لە كۆن و نوێدا نوسراون وەك دانراوەكانی: (ابن عبدالبر, ابن الأمیر, الشوكاني, المحاسبي, البیحاني, أبوغدة, القرضاوي) و كەسانی تر, هەر ئەمەیە نهێنی پێشكەوتن و گەورەیی ژیاری ئیسلامی لە هەموو بوارەكاندا وەك: (پزیشكی, ئاژەڵناسی -ڤێتەرنەری-, دەرمانسازی, توێكاری, سروشتزانی (فیزیا), ئەندازیاری, بیركاری, كیمیا, گەردوون ناسی, كشتوكاڵ, زەویناسی -جیۆلۆجیا-, ئابووری, ڕامیاری و بواری تر), بەڵام ناوی زۆربەی ئەم زانستانە لەم سەردەمەدا جیاوازە لەگەڵ ناوە عەرەبییە كۆنەكانیان, چونكە ئەوروپییەكان ناوەكانیان گۆڕی بۆ زمانی خۆیان كاتێك ئەوان زاڵبوون تێیاندا و ئێمە پشتگوێمان خستن, بۆ نموونە, زانستی میكانیك بە (عیلم الحیل) دەناسرا, زانستی جوگرافیا (تقویم البلدان), زانستی كۆمەڵناسی (العمرانیات), زانستی زەويناسی بە زانستی بەرد و چینەكانی زەوی (الصخور وطبقات الأرض) دەناسرا, زانستی فیزیا ناوی (زانستی سروشت- علم الطبیعة) بوو, سەرجەمی ئەم زانستانە پێیان دەوترا (زانستە دانایـیەكان- العلوم الحكیمة).

 ئەگەر ئێمە لەو زانستانەدا باڵادەست و زاڵ بووبین, ئەوا هاتنی شتێك لە كان و بنەچەی خۆیەوە هیچ نامۆ نییە, بۆ زاڵی و باڵادەستی موسڵمانان لە (زانست و پیشەسازیدا) چی بەڵـگەیەك لەوە بەهێزترە كاتێك (هارونی عەباسی) كاتژمێرێكی ئاوی لە دروستكراوی موسڵـمانان بۆ (شارلمان -پاشای فەڕەنسا و نیوەی ئەوروپا-) نارد, عەقڵی ڕۆژئاوای سەرگەردان كرد بە جۆرێك كە بە جادویان دەزانی.

هەروەها بەڵـگەیەكی دی باڵادەستی موسڵـمانان, دروستكردنی ئاوێنەی ئەستێرە (الأسطرلاب -بەزمانی یۆنانی-) بوو, كە ئامێرێكە گەردونناس بەهۆیەوە دەتوانێت گۆشەكانی بەرزبوونەوەی تەنە ئاسمانیەكان بەسەر ئاسۆكاندا لە هەرجێیەك بێت دیاری بكات.

لێرەدا چەند نموونەیەكی پێشەنگی موسڵـمانان لە زانستە ئەزمونیەكاندا دەخەینە ڕوو:

 (ئەبو ئیسحاقی فەزاری) لە گەردونناسەكانی پادشای عەباسی (ئەبو جەعفەری مەنصور), یەكەم دروستكەری ئەو ڕوانگە گەردوونیە بوو (كەباس كرا) لە ئیسلامدا, (عبدالرزاق نوفل) لە كتێبی (ئیسلام و زانستی سەردەم -الإسلام والعلم الحدیث)دا دەڵێت: (لە سەدەی یەكەمدا -ئەبو ئیسحاق ئیبراهیمی- كوڕی -حەبیبی فەزاری- كتێبێكی دانا كە تێیدا چۆنێتی كاركردن بە (الأسطرلاب) ڕوون دەكاتەوە كە خۆی بۆ یەكەم جار ئەنجامی دا.

یەكێكی دی لەوانەی ڕۆڵی بەرچاویان لە زانستە داناییەكاندا (العلوم الحكیمة) هەیە (مەسعـودى)یە كه لە 345ك كۆچی دوای كردووە, یەكەم زانا بوو بیری (خڕێتی زەوی) ئاشكرا كرد, هەروەها بڕوای بە سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا هەبووە, لە كتێبەكەیدا (مروج الذهب), دەڵێت: [خۆر كاتێك لە ئەوپەڕی (چین) ئاوا دەبێت, هەڵهاتنی لە جەزائیر و دەریای ئۆقیانوسدایە, كاتێكیش لە جەزائیر ئاوا دەبێت, هەڵهاتنی لەئەوپەڕی (چین)دایە, ئەوەش نیوەی بازنەی زەوییە] زۆرێكی تر لە زانا گەردونناسە موسڵمانەكان باوەڕیان بەخڕێتی زەوی هەبووە لەوانە: (محمدی كوڕی مەهدی ئیدریسی -548ك مردووە-) ئەم زانایە ئەو شار و وڵاتانەی بینیویەتی لەسەر تۆپێكی زیوین كێشاوە ئەویش كاتێك لەسەر بانگێشتی شا (نورمان) سەردانی شاری (صقلیە)ی كرد و, لە كتێبەكەی خۆیدا –نزهة المشتاق فی اختراق الأقاق- دا دەڵێت: [زەوی خڕە وەكو خڕی تۆپ] لەمەشدا زانای ڕاڤەكاری قورئان (عەبدوڵای كوڕی عەباس) پێشی كەوتووە.

(ئیبن شاطر) –بانگبێژی مزگەوتی دیمەشق- بۆ یەكەمین جار ئاشكرای كرد كە زەوی هەسارەیەكە و لە گەردووندا مەلە دەكات, هەر ئەميش بوو, وتی: خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا و بەدەوری خۆیدا دەبێتە هۆی بەدواییەكدا هاتنی شەو و ڕۆژ پاشان چوار وەرزە.

(موسای كوڕی شاكر) یەكەم كەس بوو هەڵسا بە ئەندازەكردنی قەبارەی زەوی و دیاریكردنی پێوانەی چوار دەورەكەی.

یەكەمین وێنەگری جوگرافی (محمدی كوڕی موسای خەوارزمی) بوو, وێنەی هەرێمەكانی وڵاتانی ئیسلامی كێشاوە لە كتێبەكەیدا (صورة الأرض).

یەكەم فەرهەنگی جوگرافی لە مێژوودا (معجم البلدان)ەكەی (یاقوتی حەمەوی)یە- لە سەدەی حەوتی كۆچیدا مردووە-, كە تا ئێستاش نرخی زانستی كتێبەكەی پارێزراوە.

(خازن) بۆ یەكەمجار باسی (هێزی ڕاكێشانی زەوی كردوە) پێش لە دایكبوونی (نیوتن) بە چەند سەدەیەك, دەڵێت: [تەنەكان بەهۆی هێزێكی ڕاكێشەرەوە دەكەوێتە سەر زەوی, پەیوەندی لە نێوان خێرایی و دووری و قورسیەكەیدا هەیە].

زانا موسڵمانەكان بۆ یەكەمجار هەڵسان لێكۆڵینەوەیان لە بەردە گەورەكان و سروشتی ئەو جۆرە بەردانە كرد و بنەڕەتی ئەو زانستەیان دانا.

(الشیخ الوقفي) لە كتێبەكەیدا بە ناوی (تلك حدود الله) دەڵێت: (زانا موسڵمانەكان بنچینەكانی كارەبایان دانا كەپاشان (كریرت) لێكۆڵینەوەكانی لەسەر بنیاتنا).

موسڵمانان بۆ یەكەمجار قیبلەنومایان داهێنا.

داهێنەری كاتژمێری خێرا زانایانی موسڵمان بوون.

(ئیبن خەلدون) یەكەم پێشەنگە لە زانستی كۆمەڵناسیدا.

(ئیبن ڕوشدی ئەندەلوسی) بۆ یەكەمجار سەلماندی كە نەخۆشی (ئاوڵە) دووجار تووشی مرڤێك نابێت.

دروستكردنی نەخۆشخانەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان موسڵمانان تێیدا پێشەنگن, كاتێك چەندین پزیشكی پسپۆڕ لە بوارەكاندا لەسەردەمی (وەلیدی كوڕی عبدالملك)دا دەهێنران و گرنگی زۆر درا بە دروستكردنی نەخۆشخانە, موچەی باش دەدرا بە پزیشكان و بژێویان دابین بوو, فەرمانی بە ڕێگرتن لە سواڵكردنی نەخۆشە گوولەكان كرد و شوێنیان بۆ تەرخان كرا و بژێوییان دابین كرابوو, دەتوانرێت بوترێت یەكەم نەخۆشخانە لە ئیسلامدا لە سەردەمی پەیامبەری خودادا دەركەوت, كاتێك لە خەندەقدا فەرمانی بە هەڵدانی خێمەیەكدا و, ئافرەتێكی بە ناوی (ڕەفیدە) ڕاسپارد تێیدا خزمەتی بریندارەكان بكات.

(ئیبن سینا) یەكەم كەس بوو دۆزییەوە كە (هۆكاری نێربوونی كۆرپەلە پیاوە نەك ئافرەت).

زانایانمان پێشەنگ بوون لە دامەزراندنی دەرمانخانەكان و بەكارهێنانی ماددە كیمیاییەكان لە دەرمانەكانیاندا, لەسەروو هەموویانەوە (ابن البیطار, داود الأنطاكي)  كە دەرمانەكە و ئەندازەكەی و كاتی بەكارهێنانیانى دیاری كرد. 

(عبدالطیف البغدادي) یەكەم كەس بوو هەڵەكانی (جالونیس)ی لە زانستی توێـكاریدا ئاشكراكرد و ڕاستی كردەوە.

یەكەم نوسەر لە زانستی نەشتەرگەری (علم الجراحة)دا زانای موسڵمان (زەهراوی) بوو.

(ئیبن زەهر) بۆ یەكەمین جار توانی بەردی گورچیلە دەربهێنێت.

(ئیبن نەفیس) بۆ یەكەمین جار (سوڕی بچوكی خوێن)ی لە لەشی مرۆڤدا دۆزییەوە, هەر ئەو پێشەنگ بوو لە باسكردنی لەناو زانایاندا و لە كتێبەكەیدا (التیسیر فی المداوات والتدبیر)دا لێی دواوە.

(ڕازی) بۆ یەكەمین جار كاریگەریەكانی بۆماوەیی لە نەخۆشیدا دۆزییەوە و, پێشەنگە لە دۆزینەوە و دیاریكردنی نەخۆشیەكانی (سورێژە, ئاوڵە)دا.

یەكەم نووسەر لە زانستی ژینگە و كاریگەری لەسەر زیندەوەران بەگشتی, زانای موسڵمان (ئیبن خەلدون)ە.

(جاحظ) دامەزرێنەری زانستی (توێكاری بەراوردكارییە) كاتێك هەستا بە لێكۆڵینەوە لەسەر ئاژەڵان و بەراوردكردن لــە نێوانیاندا, كە دامەزرێنەری زانستی (ئاژەڵناسی ئەزمونكاریە), ڕۆژئاواییەكان (جاحظ) بە یەكەم مامۆستای زانستی ئاژەڵناسی دادەنێن.

زانا موسڵمانەكان پێشەنگ بوون لە دۆزینەوەی (پەستانە هەوادا) بە چەند سەدەیەك پێش شۆڕشی ئەوروپی (ڕێنساس) و ئەو بنچینەیان چەسپاند كە دەڵێت: (كێشی تەن لە هەوادا كەمترە لە كێشە ڕاستەقینەكەی و هەواش وەك شلەكان هێزێكی بەرزكەرەوەی هەیە) وەك یاساكەی (ئەرخمیدس) وادەڵێت, كێشی تەن لە نزیك ڕووی زەویەوە جیاوازە لە كێشەكەی لە بەرزییەكی دیاریكراودا بەپێی بەرزیی ستوونە هەواكەی سەری.

(جابری كوڕی حەییان) خاوەنی یەكەمی یاسای (كێشە هاوشانەكان- الأوزان المتكافئة)یە, كە ناوینا بوو (علم المیزان), بۆ یەكەم جاريش ئاشكرای كرد كە مس و ئاسن ڕەنگێكی سەوز بە بڵێسەی ئاگر دەدات.

(ئیبن سینا) بۆ یەكەم جار (پیتاندنی) لـە ڕووەكدا دۆزییەوە, ڕەنگە هەر لەو ئایەتەی وەرگرتبێت كە دەفەرموێت: (وأرسلنا الریاح لواقح) ئەم ڕاستییە زانستییەی سەلماند پێش لە دایك بوونی (لینس) بە چەند سەدەیەك.

(عەباسی كوڕی فەرناسی ئەندەلوسی) لـە 274ك كۆچی دوایی كردووە, داهێنەری بیرۆكەی فڕینە, لە هەمانكاتدا زانایەكی فیزیایی, كیمیایی, ئەدیب و پزیشكیشە, كـە لـەلایەن ئومەوێكانەوە وەك پزیشكی تایبەتی دەسەڵاتداران دەستنیشان كراوە.

(رحاب خضر عكاوی) دەڵێت: یەكەم دامەزرێنەری زانستی سروشتناسی (فیزیا) (حەسەنی كوڕی هەیسەم)ە, كە بۆ یەكەمجار لێكۆڵینەوەی لەسەر بابەتی (ڕووناكیدانەوە) كرد, هەر (ئیبن هەیسەم)يش بوو كـە دیاردەی (سەراب) و بینینی خۆری لە پێش خۆرهەڵات و خۆرئاوا بووندا لێكدایەوە.

(جابری كوڕی حەییان) دامەزرێنەری زانستی (كیمیای نوێیە), كاتێك هات حەفتا ماددەی كیمیایی ئامادەكرد و تایبەتمەندی هەریەكەیان و كارلێكیان لەگەڵ (ترشەڵـۆكـەكان, گـۆگردەكان و كلۆرییەكان هتد) ڕوون كردەوە, (جابر) بە داهێنەری ڕێگاكانی لێكۆڵینەوەی كیمیایی دادەنرێت, بۆ یەكەمین جار كردارەكانی توانەوەی لێكدایەوە, كردارەكانی بەرزبوونەوەی لێكدایەوە و كەس پێشی نەكەوتووە.

(خەوارزمی) هێمای سفر (0)ی داهێنا, كـە بەهۆیەوە زانایانی بیركاری دەتوانن هاوكێشە درێژەكانی پێ شیكار بكەن, بۆ یەكەمین جار پەیوەندی نێوان جەبر و ئەندازە و بەكارهێنانی هاوكێشە بیركاریەكان بۆ بابەتە ئەندازیاریەكان لەلایەن خەوارزمیەوە داهێنراوە, هەروەها بنەماكانی شیكردنەوەی ئەندازیاری دانا.

(موسای كوڕی شاكر) یەكەمە لـە نووسینی كتێب لـە زانستی میكانیكدا.

زانا موسڵمانەكان پێشەنگن لە پڕۆگرامی تاقیكاری (المنهج التجربیي) كـە مەبەست لێی ڕوانین و بیركردنەوە و وردبوونەوە و ئەنجامدانی ئەزمونی جۆراو جۆرە بۆ گەیشتن بە ڕاستی, وەك چۆن ئەم ئایەتە پیرۆزانە فەرمانمان پێدەكەن: (وفـی أنفسكم أفلا تبصرون) واته: لە خودی خۆتاندا چەندین بەڵگە هەیە ئایا نایانبینن؟, (جابری كوڕی حەییان) دەڵێت: (پەیوەست بە بەئەزموون كردنەوە -تەجرەبە-), ڕۆژئاواییەكان دانیان بەوەدا ناوە كـە موسڵمانان پێشەنگن لـە پڕۆگرامی تاقیكارییدا.

زانایانمان توانیان كە سوود لـە زانستی كەسانی دی وەربگرن, كاتێك زانستەكانیان وەرگێڕا, لـەوانە (خالیدی كوڕی یەزید) كە زانستە پزیشكییەكانی وەرگێڕا, (حەجاجی كوڕی یوسفی كوڕی مەته‌ر) كتێبی (العناصر الأقلیدس)ی وەرگێڕا و, هەستان بە بزاڤێكی گەورەی وەرگێڕان, بۆ ناردنی زانست بە كەسانی دی و وەرگرتنی زانستی بە سوود لێیان.

موسڵمانان یەكەم بوون لـە ڕێكخستنی (پۆستە و گەیاندن)دا لـەسەرو هەمووشیانەوە عومەری كوڕی خەتاب (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت).

موسڵمانان یەكەم كۆڕی زانیاری جیهانیان لـە بەغداد دامەزراند بە ناوی (بیت الحكمة), كـە دامەزرێنەری یەكەمی (هارونە ڕەشید) بوو, ئەگەر چی لەسەردەمی (مەئمون)دا تەواو گەشەی كرد, سەردەمی (عەباسی یەكەم) (132-232) بە سەردەمی نووسین ناسراوە, (عبدالملك كوڕی جورەیجی بەصری) (155ك) پێشەنگ بوو لـە نووسیندا, دەشوترێت (سەعیدی كوڕی عروبە) (155ك) یەكەم بووە لـە بواری نووسیندا, هەندێكی تر (ڕەبیعی كوڕی مەسعود) (160ك) بـە پێشەنگی نووسەران دەزانن.

موسڵمانان یەكەم زانكۆیان لە ئیسلامدا بونیاد نا لـە لایەن (ئەبو موسای ئەشعەری)ەوە لە (تهامە)ی یەمەن لە ساڵی (8)ی كۆچیدا.

موسڵمانان لـە زانستەكانی پەروەردە و گەشەپێدانیشدا دەستی باڵایان هەبووە, گرنگیان بـە پەروەردەی جەستە و عەقڵ و ڕۆح داوە, بە پێچەوانەی نەسرانیەتەوە كـە لایەنی عەقڵ و جەستەیان فەرامۆش كردبوو, جولەكەكانیش گرنگیان بـە لایەنی جەستە و ماددە دەدا و لایەنی ڕۆحییان فەرامۆش كردبوو, بەڵام زانا موسڵمانەكان وتیان: (عەقڵی تەواو و دروست لە لاشەی ساغ و تەواودایە), ئەو زانا مسوڵمانانەی كـە لەم بوارانەشدا ناسراو و بەناوبانگن لەم باسەدا ناویان هات.         

سەرچاوە: گۆڤاری (الإعجاز العلمي) ژمارە (19) لاپەڕە (36-37).

Share Button

4082 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

About The Author

Number of Entries : 869

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Scroll to top