رۆژگیران بەڵگەیەکە لە بەڵگەکانی خوای گەورە

1458 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

 رۆژگیران بەڵگەیەکە لە بەڵگەکانی خوای گەورە

و/ بەرزان ئەبوبەکر رەشید
رۆژگیران ئەو دیاردەیەیە کە لە هەموو سەردەمەکاندا مرۆڤی سەرقاڵ کردووە، سەبارەت بەم دیاردەیە لە کۆندا گەلێک قسەو باسء ئەفسانەو بیرۆکەی گاڵتە ئامێز وتراوە، هەندێک لە خەڵکی بڕوایان وابوو کە خۆرگیران بە هۆی مردنی پاشایەک یاخود لە دایکبوونی کەسێکی گەورەوە روو دەدات، هەندێکی دیکە لەو بڕوایەدا بوون کە بە هۆی رووخانی پاشایەکەوە یان بە هۆی روودانی کارەساتێکی سروشتی یاخود شکستهێنان لە جەنگدا روو دەدات.
چینییەکانیش لێکدانەوەیان بۆ خۆر گیران بەم شێوەیە بوو، لەو کاتەدا هەژدیهایەک دەیەوێت خۆر قوت بدات، هەر لەبەرئەوە دەستیان دەکرد بە لێدانی تەپڵء هاویشتنی تیر بۆ بۆشایی ئاسمان تا هەژدیهاکە بترسێء خۆر لە قوڕگی بێنێتە دەرەوە!
هندییەکانیش لە کاتی خۆرگیراندا خۆیان لەناو ئاودا نقوم دەکرد، نەبادا شتێک بەرببێتەوەو بکەوێت بەسەریاندا، هەتا ئەمڕۆش ئیسکیمۆ لەو بڕوایەدایە کە خۆر لەو کاتەدا خۆی دەشارێتەوەو دەڕواتء دوور دەکەوێتەوە، پاشان جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە.
لە ساڵی 1230ی زاینیدا لە ئەوروپای رۆژهەڵات لە بەرەبەیانێکدا خۆرگیران روویدا، ئەو رۆژە کرێکارەکان گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، چونکە واگومانیان برد شەو باڵی کێشاوە بەسەر ئاسماندا، بەڵام لە دوای کاتژمێرێک خۆر گەڕایەوە دۆخی ئاسایی خۆی ئەمەش بووە هۆی سەرسوڕمانی هەمووان!
کاتێک زانستء تەکنەلۆژیا بەرەو پێشچوو، توێژینەوە زانستییەکان لێکدانەوەی دروستء گونجاویان بۆ ئەم دیاردەیە لێکدایەوە، روونیان کردەوە کە دیاردەی خۆرگیران دیاردەیەکی ئاساییء سرووشتییەء لە ئەنجامی سوڕانەوەی مانگ بە دەوری زەویداو لەو کاتەی مانگ دەکەوێتە نێوان خۆرو زەوییەوە دەبێتە رێگر لە بینینی خۆر. ئەم دیاردەیەش دووبارە دەبێتەوە بە هۆی بەردەوام بوونی یاسای گەردوونەوە، هەروەها دەکرێت پێش ئەوەی خۆرگیران رووبدات، پێشبینی بکرێت.
چۆن خۆرگیران روودەدات؟
مانگ بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، زەویش بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، هەر یەکێک لەوان خولگەیەکی دیاری کراویان هەیەء بە شێوەیەکی زۆر ورد دەسوڕێنەوە، کاتێک مانگ لە رۆژدا دەکەوێتە نێوان خۆرو زەوییەوە دەبێتە هۆی بەربەستێک لە بەردەمماندا، رووناکی خۆر بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دیار نامێنێ، ئەمەش پێی دەوترێت دیاردەی خۆرگیران، لەم کاتەدا مانگء خۆرو زەوی دەکەونە سەر یەک هێڵ.
جۆرەکانی خۆر گیران:
1- خۆرگیرانی تەواو: جوانترین جۆرەکانی خۆرگیرانە، لەو کاتەدا تیشکی خۆر بە تەواوەتی دیار نامێنێ.
2- خۆرگیرانی ناتەواو: کاتێک مانگ بە بەردەمی خۆردا تێدەپەڕێء بەشێک لە خۆر دادەپۆشی، ئەمەیان پێی دەوترێت خۆرگیرانی ناتەواو.
3- خۆرگیرانی ئەڵقەیی: لەو کاتەدا روو دەدات کە خۆرو مانگ بەشێوەیەکی تەواو تووشی یەک نایەن، ئەم دیاردەیە بە شێوەی خەرمانەی مانگ دەردەکەوێت، ئەمەش بە شێوەیەکی جوانء دڵڕفێن دەبینرێت.
هەرێمی خۆر چوار سەد ئەوەندەی هەرێمی مانگ گەورەترە، بۆئەوەی خۆرگیران رووبدات، پێویستە کە خۆر چوارسەد ئەوەندەی مانگ لە زەوییەوە دوورتر بێت، لەم کاتەشدا هەردووکیان بە شێوەیەک دەردەکەون کە یەک قەبارەیان هەیە، لەم ساتەدا خۆرگیران روو دەدات.
زیانەکانی سەیرکردنی خۆر لە کاتی گیرانیدا:
سەیرکردنی خۆر لە هەر جۆرێکی خۆرگیراندا دەبێتە هۆی زیانگەیاندنی بەردەوام بە چاو، بە هۆی بەرکەوتنی تیشکی چڕو پڕی خۆر بە چاوی ئەو کەسەی سەیری خۆر دەکات، تەنانەت سەیرکردنی بەهۆی چاویلکەی دژە خۆرەوە هەمان زیانی دەبێتء نابێتە هۆی پاراستنی لە تیشکە زیانبەخشەکان. هەروەها پێوستە رێگا لە منداڵان بگرین لە سەیر کردنی خۆر لە کاتی خۆرگیراندا، بۆئەوەی چاویان لە هەموو زیانەکانی پارێزراو بێت، بەڵام دەتوانین بەهۆی هەندێک شتی هونەری زۆر سادەوە سەیری بکەین، ئەویش بە بەکارهێنانی کارتۆنێکی بەهێزی تایبەت بە ئەندازەی ملیمەترێک کونی تێ بکرێتء لەوێوە بەبێ زیان سەیری بکرێت، تەنانەت دەتوانرێت بەهۆیەوە سەیری تەقینەوەکانی خۆریش بکرێت.
بەڵام نابێت بە چاوی ئاسایی سەیری خۆر بکەیت لە هیچ کام لە جۆرەکانی خۆرگیراندا، چونکە دەبێتە هۆی زیانگەیاندنی هەمیشەیی بە تۆڕی چاو، ئەم زیانانەش دوای ماوەیەکی دوورو درێژ دەردەکەوێت، هەندێک جاریش دەبێتە هۆی کوێر بوونی هەمیشەیی.
ئەو زیانانەی لە ژێر تیشکە سورەکانەوە دێت بە چاوی ئاسایی نابینرێن، هەر لەبەرئەوەیە ئەو کەسەی کە سەیری خۆر دەکات لەو بڕوایەدایە کە هیچ زیانێکی نییە. بەڵام ئەگەر ئەو تیشکە زیانبەخشانەی خۆر بچێتە نێو چاوی مرۆڤەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی برینێکی گەورە لە تۆڕی چاویدا.
ئەو کاریگەرییانەی لەگەڵ خۆرگیرانی تەواودا روو دەدەن:
لە کاتی خۆرگیرانی تەواودا، هەر کە مانگ دەستی بە تێپەڕین کرد بە بەردەمی خۆردا تاریکایی تەواوی ئاسمان دادەپۆشێ، لەو کاتەدا دیمەنێکی جوانء دڵڕفێن دەبینین، تاریکایی لە کاتی رۆژدا! لە هەمان کاتدا چەند دیاردەیەکی دیکە دەردەکەون، سەرەتا گوڵەکان دەچنەوە یەک، هەر وەکو ئەوەی کە شەو بێت، هەنگیش بەو رووداوە سەرسام دەبێت، باڵندەکان لە خوێندن رادەوەستن… تاڕادەیەکیش پلەی گەرما دادەبەزێ، مانگ لە گەشتەکەی بەردەوام دەبێت، پاشان بەردەمی خۆر جێ دەهێلێت، خۆریش سەر لە نوێ دەردەکەوێتەوەو کاروبارەکان ئاسایی دەبنەوە.
پەیامی پێغەمبەری ئازیز سەبارەت بە خۆرگیران:
ئاشکرایە زانست چۆن پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینی، لە قسەگەلێکی سەیرو سەمەرەو ئەفسانەو گاڵتە ئامێزەوە گەیشتنە لێکدانەوەیەکی زانستی دروست بۆ دیاردەی خۆرگیران، زانست ئاشکرای کرد کە خۆرگیران دیاردەو رووداوێکی ئاسایی گەردونە، هەرگیز خۆرگیران روونادات بۆ ژیانء مردنی هیچ پاشایەک، بەڵکو ئەم رووداوە گەورەتر لەوەیە کە خەڵکان بیریان لێ دەکردەوە.
ئەم بیروباوەڕو بۆچوونانە سەبارەت بە دیاردەی خۆرگیران لە سەردەمی پێغەمبەری ئازیزماندا باوبووە، بەڵام ویستی پەروەردگار وابووە کە لە سەردەمی ژیانی ئازیزماندا خۆرگیران رووبدات، هەر کە دیاردەکە روویدا هاوەڵان بە پەلە هەواڵەکەیان گەیاندە پێشەوای ئازیزو وتیان کەسێکی گەورە مردووە یاخود لە دایکبووە! بەڵام دەبێت چ زانستێکی لە لایەن دروستکاری خۆرو مانگەوە پێ گەیشتبێت سەبارەت بەو دیاردەیە، ئایا پشت راستی وتەی هاوەڵانی بکاتەوە؟ یان لە سەردەمی نەبوونء پێشنەکەوتنی تەکنەلۆژیاو زانستء زانیاری وەڵامێک بداتەوە کە بیێتە بناغەیەکی زانستی تا کۆتایی ژیان؟ دەبێت هاوڕابێت لەگەڵیاندا یاخود رێنموماییان بکات بۆ راستییەکی زانستیء پوچەڵ کردنەوە ئەو قەسەڵۆکء ئەفسانانەی کە لەو سەردەمەدا باوبووە؟ بێگومان هەر ئەوە لە پێشەواو پەیامبەری مرۆڤایەتی چاوەڕێ دەکرێت کە وەڵامێک بداتەوە بناغەیەکی زانستی پێ دابڕێژێت، هەر بۆیە چەند وتەیەکی فەرموو کە بووە هۆی دەرخستنی راستییەکانء دانانی بناغەیەکی زانستی بۆ ئەو دیاردەیە، زانایان لە سەدەی بیستء یەکدا پاش زیاتر لە (1400) ساڵء دوای ئەو هەموو پێشکەوتنەی کە جیهان بە خۆیەوە بینی توانیان دەرک بەو راستییە بکەن! پێشەوا لە وتەکەیدا فەرمووی{إن الشمس والقمر ايتان من ايات الله تعالى، لا ينخسفان لموت أحدهم ولا لحياتهم، فاذا رايتم ذالك فافزعوا إلى ذكرالله تعالى وإلى الصلاة]  رواة البخاري ومسلم وغيرهما. (خۆرو مانگ دوو نیشانەو بەڵگەن لە نیشانەو بەڵگەکانی پەروەردگار، بۆ مردنء لە دایکبوونی هیچ کەس ناگیرێن، هەرکات ئەو رووداوەتان بینی یادی پەروەردگار بکەنء بڕۆن بۆ نوێژ کردن).
ئەم فەرموودەیە چەندین راستی زانستی دەرخست، کە لەوەو پێش کەس پەی پێ نەدەبرد، لەوانە:
1- ئەم فەرموودەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە خۆرو مانگ دوو دروستکراوی پەروەردگارنء یەکێکن لە بەڵگەکانی خودای بە دەسەڵات، پەروەردگار دەستەبەری کردوونء هیچ پەیوەندییان نییە بەو رووداوانەی کە لەسەر زەویدا روودەدەن، وەکو لە دایکبوونء مردن، سەرکەوتنء شکستهێنان… هتد. پێش چواردە سەدە لەمەوبەر پێغەمبەر (ﷺ) بناغەیەکی زانستی دانا کە بوو بە بنەمایەک بۆ توێژینەوە زانستییەکانء دیاردە گەردوونییەکان.
2- لە فەرموودەکەدا ئاماژەکراوە بەوەی کە دیاردەی خۆرگیران بە خۆرو مانگ پێکەوە روو دەدەن، لەو سەردەمانەدا خەڵکی بڕوایان وابوو کە مانگ گیرانء خۆرگیران دوو شتی لە یەک جیاوازن، دیارە ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) لە خۆیەوە شتێکی بووتایە رەنگە هاوڕا بوایە لەگەڵ بۆچوونی هاوەڵانی، بەڵام دەبینین پێغەمبەر (ﷺ) حەقء راستی لە ناڕاستء ناڕەوا لە یەک جیا دەکاتەوە، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە پەروەردگارمان دەفەرمووێت [وما ينطق عن الهوى إن هو إلا وحي يوحى].
3- پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانمان پێ دەکات کە نوێژ بکەینء نزا بکەین لە کاتی خۆرگیراندا (فافزعوا إلى الصلاة)! ئایا ئەمە شێوازێک نییە بۆئەوەی چاوەکانمان لەو تیشکە ترسناکە بپارێزێ کە دەبێتە هۆی کوێربوونی هەمیشەیی؟ کاتێک گوڵء گەڵاکان دەچەمێنەوە لە کاتی خۆرگیراندا دەگونجێت ئەوە جۆرێک بێت لە کڕنووش بردن بۆ پەروەردگار.
4- بوخاری لە موغەیرەی کوڕی شعبەوە گێڕاویەتییەوەو دەڵێت: ئەو رۆژەی کە ئیبراهیمی کوڕی پێغەمبەر (ﷺ) کۆچی دوایی کرد، قەدەر وابوو خۆرگیرا، خەڵکی وتیان خۆر بۆ مردنی ئیبراهیم گیراوە، بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی (إن الشمس والقمر آيتان من آيات الله، لا ينخسفان لموت أحد ولا لحياته، فأذا رايتموها فادعوالله و صلوا حتى ينجلي) (خۆرومانگ دوو بەڵگەو نیشانەن لە نیشانەکانی پەروەردگار، بۆ مردنء لە دایکبوونی هیچ کەس ناگیرێت، هەرکات ئەم رووداوەتان بینی، نزا بکەنء نوێژی خۆرگیران ئەنجام بدەن، هەتاوەکو خۆر دەردەکەوێتەوە)!
لەم فەرموودەیەدا موعجیزەیەک هەیە لە وتەی (حتى ینجلی)، ئایا ئەم دەستەواژەیە ئاماژە نییە بە لاچوونی مانگ لە بەردەم خۆردا؟ لە فەرهەنگی (المختار الصحاح) دا وشەی (ینجلی) بە دەرکەوتن لێکداوەتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کەمانگ خۆری تاریک کردووە پاشان دەڕواتء دواتر خۆر دەردەکەوێت، ئەمەش ئەوپەڕی وردەکاری زمانەوانیء زانستی فەرموودەکە دەردەخات.
5- لێردەدا شتێکی گرنگ دەردەکەوێت ئەویش سەلماندنی پێغەمبەرایەتی محمد (ﷺ) کە لە لایەن پەروەردگارەوە هەڵبژێردراوە، چونکە ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) مەبەستی ناوبانگء ماڵء سامانء ئەو شتانە بووایە، ئەوا سوپاسی ئەو کەسەی دەکرد کە هەواڵی خۆرگیرانی بۆ هێناوە کە بەهۆی کۆچی دوایی کوڕەکەیەوە رووی داوە. تەنانەت ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) بێدەنگ بووایە لە بیستنی ئەو هەواڵە، وازی لە خەڵکی بهێنایەو رێگەی بدایە خەڵکی بە پیرۆزیان بزانیایەء ئەگەر وەسفء ستایشی خەڵکی پێ خۆشبووایە، ئەوا لەو کاتەدا لە نێو خەڵکی زیاتر پلەو پایەی بەرز دەبوویەوە، بەڵام ئەو بەندەیەکە لە بەندەکانی پەروەردگار، شتێکی ناوێتء بۆ هیچ شتێک هەوڵ نادات جگە لە رەزامەندی پەروەدگارو راگەیاندنء بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامەپیرۆزەی کە پەروەردگار پێی گەیاندووە.
ئەمەش جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە پێغەمبەر(ﷺ) ناوبانگء پلەو پایەی نەویستووە، بەڵکو هەموو خەمێکی رەزامەندی پەروەردگار بووە، لەبەر ئەوەشە پەروەردگار لە قورئانی پیرۆزدا وەسفی دەکاتء دەفەرمووێت: (لقد جاءكم رسول من أنفسكم …….  العظيم) التوبە 128- 129.
لەمەوە بۆمان روون دەبێتەوە کە دیاردەی خۆرگیرانء مانگ گیران بەڵگەیەکن لە بەڵگەکانی پەروەردگار، کەواتە پێویستە لەسەرمان بە دیدێکی وردترو قوڵتر لە بەڵگەو نیشانەکانی پەروەردگار وردببینەوە، پەروەردگار لەو بارەیەوە دەفەرمووێت (كذالك نفصل الآيات لقوم يتفكرون) یونس24، هەروەها دەفەرموێت (كذالك يبين الله لكم الآيات لعلكم تتفكرون).
پەروەردگار هانمان دەدات کە زیاتر بیر لە ئایەتء بەڵگە گەردوونییەکان بکەینەوە بەو هیوایەی زێتر لە دەسەڵاتی پەروەردگار تێ بگەینء ببینە کەسانێک کە پەروەردگار لە بارەیانەوە دەفەرمووێت: (والذين إذا ذكروا بايات ربهم لم يخروا عليها صما وعميانا).

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ 18 ی گۆڤاری هه‌یڤ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

Share Button

1458 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Scroll to top