You Are Here: Home » بابەتەكانمان » كۆتای هاتنی ژیانی دنیا گومانی تێدا نییە

كۆتای هاتنی ژیانی دنیا گومانی تێدا نییە

كۆتای هاتنی ژیانی دنیا گومانی تێدا نییە

خوای گەورە ئەفەرموێت:  يَوْمَ نَطْوِي السَّمَاءَ كَطَيِّ السِّجِلِّ لِلْكُتُبِ كَمَا بَدَأْنَا أَوَّلَ خَلْقٍ نُّعِيدُهُ وَعْدًا عَلَيْنَا إِنَّا كُنَّا فَاعِلِينَ ﴿الأنبياء: ١٠٤﴾
ئەم ئایەتە پیرۆزە باسی كۆتای هاتنی ژیانی دونیا دەكات ئەویش بە كۆكردنەوەی ئاسمانەكان دەست پێ دەكات و كۆكردنەوەكەش لە شێوەی لول كردنەوەی پەڕەیەكی نوسراودا دەبێت.
خوای گەورە ئاسمانەكانی بە وەرەقەكە چواندووە و ئەستێرە و دروست كراوەكانیشی بە نوسراوەكانی سەر ڕووپەرەكە چواندووە، كاتێكیش وەرەقەكە دەپێچرێتەوە دیارە بە نوسراوەكانیشەوە كۆ دەكرێتەوە، بەڵام خوای گەورە لەو كۆكردنەوە زەوی جیا دەكاتەوە و لە دوایشدا ئاماژەی پێ دەدەین.
زانایان چەند ساڵێكە گەیشتونەتە ئەوەی بڵێن: بونەوەر سەرەتا و كۆتایی هەیە، زانای بەناوبانگ (ستیفن هوكینگ) دەڵێت: دەبێت لەو هەقیقەتانەوە ئەوە هەڵێنجێنین كە سەرەتایەك هەیە بۆ كات و هەموو دەرەنجامەكانیش ئاماژە بە كۆتایهاتنی بوونەوەر دەدەن، هەرچەندە زانایانی گەردوونناسی كۆمەڵێكیان ئەم بۆچوونەیان هەیە و هەندێكیشیان دەڵێن: بوونەوەر بۆ تا هەتایە لە فراوانبووندا دەبێت. بەڵام لەبەر بوونی ئایەتەكان لەو بارەیەوە باوەڕمان وایە ڕای یەكەمیان ڕاستە و (د. زەغلول ئەلنەجار)یش- كە زانایەكی بە ناوبانگی ئیعجازی قورئانە- دەڵێت: زانایان وای بۆ دەچن خێرایی فراوان بوونی بوونەوەر بە تێپەڕ بوونی كات بەرەو هێواشی بچێت، هەروەك چۆن ئەو گەرمییەی كە بەملیارەها پلە دادەنرێت لەكاتی تەقینەوە گەورەكەدا هەبووە و دابەزیوە، بەشێوەیەكی زۆر و بۆتە (270) پلەی سەدی، دەبێت ئەو هێزە پاڵنەرەی كە بووەتە هۆی فراوان بوونی بوونەوەر هەربەو ڕادەیەش هێواش ببێتەوە، بەتایبەت دەركەوتووە ڕێژەی فراوان بوونی بوونەوەر دوای تەقینەوە گەورەكە زۆر بەرزتربووە لە ڕێژەی فراوان بوونی ئێستای، لەگەڵ هێواش بوونەوەی فراوانبوون هێزی ڕاكێشان زۆر تر دەبێت لە هێزی پاڵنەر و گەلەئەستێرەكان دەست دەكەنەوە بەرەو گەڕانەوە بۆ سەنتەری بوونەوەر و هاتنەوەیەك ڕوودەدات، كات و شوێن پێكەوە كۆ دەكرێنەوە تا هەموو ڕەهەندەكان هەڵدەوەشێنەوە، یان بڵێین هەموو شێوەكانی ماددە و  وزەی پرش و بڵاوی ناوبونەوەر كۆ دەكرێنەوە لە خاڵێكی زۆر چڕدا بە شێوەیەك هەموو یاساكانی فیزیا لەوێدا دەوەستێ‌ و بوونەوەر دەچێتەوە سەر خاڵی سەرەتا واتە (قۆناغی رەتق) و ناسراوە بە بیردۆزی (الانسحاق الكبیر)، ئەمەش پێچەوانەی كرداری تەقینەوە گەورەكەیە، ئێمەی موسڵمان باوەڕ بەم بیردۆزە دەكەین، چونكە خوای گەورە فەرموویەتی: (يَوْمَ نَطْوِي السَّمَاءَ كَطَيِّ السِّجِلِّ لِلْكُتُبِ)، واتە: لەڕۆژێكدا ئێمە ئاسمان دەپێچینەوە وەك پێچانەوەی وەرەقەیەكی نوسراو.
هیچ كەسێكی خاوەن بیر و زانیاریش ناتوانێت ئەوەی لە جیهانی نادیاردا ڕوودەدات بیزانێ‌ بەبێ‌ ڕوونكردنەوەی پەروەردگار بۆ ئەو بابەتە، خوای گەورە ئەفەرموێت: يَوْمَ تُبَدَّلُ الْأَرْضُ غَيْرَ الْأَرْضِ وَالسَّمَاوَاتُ وَبَرَزُوا لِلَّـهِ الْوَاحِدِ الْقَهَّارِ ﴿ابراهيم: ٤٨﴾ واتە: “ئەو ڕۆژە زەوی ئەگۆڕێ بە جگە لەم زەوییە و ئاسمانیش و بۆ خوای تەنهای زاڵ خۆیان نمایش ئەكەن.”
 هەروەها ئەفەرموێت:أَوَلَيْسَ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ بِقَادِرٍ عَلَىٰ أَن يَخْلُقَ مِثْلَهُم بَلَىٰ وَهُوَ الْخَلَّاقُالْعَلِيمُ ﴿يس: ٨١﴾
واتە: ئایا نەیانیبنی كە خوا ئاسمانەكان و زەوی دروست كرد دەتوانێت وەك ئەوان خەڵق بكات، بەڵی ئەو خوایە خوڵقێنەرێكی زانایە.
كەواتە: دوای تەواو بوون و پێچانەوەی ئاسمانەكان و گۆڕینیان لەگەڵ زەوی بە ئاسمان و زەوی تر ژیانێكی تر دەست پێ دەكات، ئێمە باوەڕی تەواومان بەم بیردۆزانە هەیە چونكە خوای گەورە بەو شێوەی فەرمووە و ئەو ژیانەش بێگومان بەو شێوەیەیە كە خوا لە قورئاندا باسی فەرمووە.
بەڵام لەناو بیردۆزەكاندا باس لەوە نەكراوە كە لەكاتی پێچانەوە گەورەكەدا واتە پێچانەوەی ئاسمانەكان زەویش دەپێچرێتەوە یان بەجیا لە ئاسمانەكان دەمێنێتەوە؟
خوای گەورە لە ئایەتێكی سورەتی (الزمر)دا دەفەرموێت: وَمَا قَدَرُوا اللَّـهَ حَقَّ قَدْرِهِ وَالْأَرْضُ جَمِيعًا قَبْضَتُهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَالسَّمَاوَاتُ مَطْوِيَّاتٌ بِيَمِينِهِ سُبْحَانَهُ وَتَعَالَىٰ عَمَّا يُشْرِكُونَ ﴿الزمر: ٦٧﴾
لێرەدا دیارە زەوی هەمووی بە جیا لە ئاسمانە پێچراوەكانە و لە ئایەتەكەی سورەتی (الانبیا‌ء)یشدا تەنها باسی لە پێچانەوەی ئاسمانەكان كردووە و زەوی نەخستۆتە ناو باسی پێچانەوەكە، كەواتە ئەوەی كە زانایان بە گشتی باس لە كۆكردنەوەی بوونەوەر دەكەن زۆر ورد نییە و لەوانەیە پاش ماوەیەكی تر بەشێوەیەك بگەنە ئەو زانیارییە (والله اعلم).

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top