You Are Here: Home » بابەتەكانمان » مێشی بێزراو شیفای نەخۆشییە!

مێشی بێزراو شیفای نەخۆشییە!

مێشی بێزراو شیفای نەخۆشییە!

لە ئەبی هورەیرەوە هاتووە كە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی: “ئەگەر مێش كەوتە ناو خواردنەوەی هەریەكێكتان با مێشەكە نوقم بكات تیایدا ئەوجا مێشەكە فڕێ بدات، چونكە لە باڵێكیدا دەرد هەیە و لە باڵێكیدا دەرمان هەیە.”
(ئەندازیارعەبدولدائیم ئەلكەحیل) دەڵێت: “ماوەیەك پێش ئێستا كەسێكی بێباوەڕ وتی: ئاخر ئێوەی موسڵمان چۆن باوەڕتان هێناوە بەو قسەیەی محەمەد كە دەڵێ:‌ ئەگەر مێش كەوتەناو شلەمەنییەكەوە ئێوە مێشەكە لە شلەكەدا نوقمبكەن و پاشان دەریبهێنن چونكە لەلایەكیدا دەرد هەیەو لەلایەكیشیدا دەرمان.”
دەڵێ‌ ئەو كاتە نەمزانی چۆن وەڵامی بدەمەوە، چونكە ئەو مرۆڤێكی تەواو ماددییە و باوەڕی بە نادیارەكان نییە و نكوڵیش دەكات لەو بەڵگانەی لای موسڵمانەكانە -كە بە ئەزموون پێی گەیشتوون- تەنها بەڵگەی بەرجەستە و دیاری دەوێت.
دكتۆرە (جوان كلاركی ) لە ئوسترالیا لێكۆڵینەوەی لەسەر مێش ئەنجامدا، بینی لەسەر لاشەی مێش هەڵگری دژەتەنە كە دەكرێ‌ چارەسەری زۆرێك لە نەخۆشینەكان بێت.
ئەوانەی كە ئەم لێكۆڵینەوەیان دی زۆر پێی سەرسام بوون و لێكۆڵینەوەكان بەردەوام بوون و بینیان بەڵێ‌ مێش هەڵگری زۆرێك لە نەخۆشییەكانە بەڵام لە هەمانكاتدا هەڵگری زۆرێكیش لە چارەسەرەكانە، هەر لەبەر ئەمەشە مێش خۆی تووشی ئەو نەخۆشینانە نابێت كە دەیگوازێتەوە.
هەواڵی سەیریش لەوەدا بوو زانایان ئەوەیان ڕاگەیاند كە بۆ بەرەڵاكردنی ئەو دژەتەنانە ئەبێت مێش لەناو شلەمەنیدا نوقم بكرێت چونكە دژە تەنەكانی لەسەر ڕووی دەرەوەی هەڵگرتووە، ئەم زانیاریانە چەند ساڵێكی كەمە دۆزراونەتەوە.
لە مانشێتی یەكێك لە توێژینەوەكاندا هاتووە: (ڕوو پۆشی مێش كۆتا شوێنە كە مرۆڤ بە خەیاڵیدا هاتبێت كە دژەتەنی تێدابێت).
لەم سەردەمانەشدا لە ڕوسیا و ئەڵمانیاو ئەمریكادا زانایان دەیانەوێت چارەسەر لە مێشدا بدۆزنەوە بۆ زۆرێك لە نەخۆشینەكان، زانایانی ڕوسیا دەڵێن: “ئەم چارەسەرە تازەیە بە شۆڕشێكی زانستی پزیشكی دێتە ئەژمار.”
زانایان ئەوەش دووپات دەكەنەوە كە لێكچونێكی سەیر هەیە لە نێوان دڵی مرۆڤ و دڵی مێشدا، بۆیە لە هەوڵی ئەوەدان سوود لە مێش وەربگرن بۆ چارەسەری نەخۆشینەكانی دڵ، بەتایبەت ئەو نەخۆشینانەی بەهۆی زۆری تەمەنەوە تووشی مرۆڤ دێت.
ئەوە پڕۆفیسۆر (juan alva rez)  لە زانكۆی تۆكیۆ دەڵێت: خەڵك بە خەیاڵیدا نەدەهات بوونی مێش لە نەخۆشخانەكاندا پێشوازی لێ بكرێت، بەڵام لە ئایندەدا چارەسەری كاریگەر لە مێش وەردەگرین.
ماوەیەكی كەمیشە لێكۆڵەرەكانی زانكۆی (auburn) مافی داهێنانیان وەرگرتووە لەسەر دۆزینەوەكەیان دەربارەی لیكی مێش، كە ماددەیەكی پڕۆتینی تێدایە یارمەتیدەری چارەسەری برین و قڵیش بوونە موزمنەكانی سەر پێستە.
كاتێك خوای گەورە دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ ضُرِ‌بَ مَثَلٌ فَاسْتَمِعُوا لَهُ ۚ إِنَّ الَّذِينَ تَدْعُونَ مِن دُونِ اللَّـهِ لَن يَخْلُقُوا ذُبَابًا وَلَوِ اجْتَمَعُوا لَهُ ۖ وَإِن يَسْلُبْهُمُ الذُّبَابُ شَيْئًا لَّا يَسْتَنقِذُوهُ مِنْهُ ۚ ضَعُفَ الطَّالِبُ وَالْمَطْلُوبُ ﴿٧٣ مَا قَدَرُ‌وا اللَّـهَ حَقَّ قَدْرِ‌هِ ۗ إِنَّ اللَّـهَ لَقَوِيٌّ عَزِيزٌ ﴿٧٤﴾).( الحج)
واتە: “ئەی خەڵكینە نموونەیەك هێنراوەتەوە گوێی لێ ڕابگرن: هەرچی ئەوانەی كە جگە لە خوا بانگیان لێدەكەن هەرگیز ناتوانن مێشێك بخوڵقێنن ئەگەر بۆ ئەو كارەش كۆببنەوە، خۆ ئەگەر مێش شتێك لەوان زەوت كات ناتوانن لێی وەرگرنەوە، دواكار و دواكراو لاوازبوون.”
ئەوانە ڕێز و پلەی شیاو بۆ خوا دانانێن، بە ڕاستی خوا زۆر بەهێز و زاڵە.
كاتێك كە خوای گەورە نموونەیەك دەهێنێتەوە لەبەرئەوەیە كە ئیمانداران لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن بە تایبەت ئەم نموونە كە خۆی دەفەرمووێ:‌ گوێی لێ بگرن! دیارە پڕە لە سوود بۆ مرۆڤایەتی، ئەبێ مێش چی تێ دابێت وا خەڵق كردنی سەخت و زەحمەتە؟ ئەی بۆ ناكرێ‌ ئەوەی مێش بردی كەس ناتوانێت بیگێڕێتەوە؟
هۆكاری سەرەكی ئەو پێكهاتە ئاڵۆز و سەرسوڕهێنەرەیە كە مێش هەیەتی، زانایان دان بەوەدا دەنێن كە ناتوانن لە فڕیندا لاسایی مێش بكرێتەوە لەگەڵ ئەو هەموو پێشكەوتنە تەكنەلۆژیەی ئێستاشدا، دەكرێت بڵێین: زیاتر لە دە هەزار لێكۆڵینەوە كراوە لەسەر مێش، هێشتا زانایان دەڵێن: تا ئێستا زۆر شت لەسەر ئەم دروستكراوە سەیرە نازانین.
پڕۆفیسۆر (روناڵد فیرنیغ) مامۆستای ئەندازەی ئەلیكترۆنییە لە زانكۆی كالیفۆرنیا لە (بیركلی)- مامۆستایەكی زۆر لێ هاتووە- لە هەوڵی ئەوەدایە مێشێكی ئالی دروست بكات تا بتوانن ئەم دۆزینەوە پەرە پێ بدەن و لە بواری بەرزە فڕەكاندا سوودی لێ وەربگرن.
ئەم پڕۆفیسۆرە بۆی ڕوون بووەوە مێش لەماوەی یەك چركەدا(150) جار باڵەكانی دەبزوێنێ‌ و بە هەموو لایەكدا دەیجوڵێنێ‌ بەگۆشەی نەوەد پلە دەسوڕێتەوە لە كەمتر لە پەنجا میلی چركەیەكدا، ئەم شێوە لە جووڵەش تەنانەت فڕۆكەی (ستلیپ)ی شەبەحی جەنگاوەریش توانای ئەوەی نییە، گەر بیەوێت وەك مێش بجوڵێ‌ پارچە پارچە دەبێت!
ناوبراو تووشی ڕوو بە ڕوو بوونەوەی زۆر بووەوە بۆ بەرهەم هێنانی ئەو ڕیمۆتە سەیر و ئاڵۆزە لە پێكهاتندا و چەند جار هەوڵەكانی دووبارە دەكردەوە، بەڵام تا ئێستەش هەر خەونێكە و ئەزمونەكان هەر بەردەوامن.
ئەم هەوڵانە بەس بۆ لاساییكردنەوەی فڕینی مێشە، بەڵام ئاخۆ مێش چی تری لەخۆگرتبێت زانایان بۆمانی ڕوون بكەنەوە؟
زانایان دەڵێن: مێش خواردن لە دەرەوەی خۆی هەرس دەكات، مێش هەركات بەسەر شتێكەوە نیشتەوە لیك دەڕژێنێ بەسەر ئەو بەشەی كە دەیەوێت بیخوات، لیكی مێش ئەنزیمەكانی هەرسی تێدایە و ئەو ئەنزیمانە ماددە ئاڵۆزەكان دەگۆڕن بۆ ماددەی ساكار و پاشان لە ڕێگەی مولولەوە دەیگوازێتەوە بۆ ناو خوێن و پاشانیش بۆ خانەكانی لەشی، پاش ئەمەش هەندێكی دەبێتە وزەی مێشەكە لە فڕین و جوڵەدا خەرجی دەكات و هەندێكیشی لە شانە و بەشە جیاكانی لەشیدا بەكاردەهێنێ‌ و ئەوەشی كە دەبێتە پاشەڕۆ فڕێی دەداتە دەرەوە.
بۆیە ئەو بەشە لە خۆراك كە مێش ویستی بیخوات ناتوانرێت ڕزگار بكرێت چونكە یەكسەر بەلیكەكەی گۆڕانی كیمیایی بەسەر خواردنەكەدا دەهێنێ‌ و لە دەرەوەی خۆی هەرسی دەكات.
زۆر سەیرە كە خەڵك هەموو ئەمانە دەزانێ‌ و هێشتا خۆی ناكاتە بەندەی ئەو خوا زانا و ئاگادارە، یان شایەتی نادات بە ڕاستگۆیی و پێغەمبەرێتی محەمەد؟! بەڵام بە ڕاستی دەبێت زانایان لە هەمووان زیاتر پلەی شایستە بە خوا بزانن و خۆشی فەرموویەتی: (انما یخشی الله من عباده العلما‌ء).

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top