ماوەی مانەوەی گەنم لە عەمبارەكاندا

1448 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

ماوەی مانەوەی گەنم لە عەمبارەكاندا

ئێمە باوەڕمان وایە هەرچی زانستێك هەیە لەسەر زەویدا خوا ئەسڵی ئەو زانستەی بۆ پێغەمبەر و ئوممەتێك ناردووە و هەمووشی بە ئاماژە یان بە ڕاشكاوی لە قورئاندا هەیە.
یەكێك لەو زانستانەی كە پەیوەندی بە لایەنی ئابورییەوە هەیە وخەڵكی ئوممەتی پێغەمبەر دەتوانن سوودی لێوەربگرن شێوازی هەڵگرتنی گەنمە بۆ ماوەی (15) ساڵ بێ ئەوەی لە بەهای خۆراكی كەم بكات.
یوسف پێغەمبەر (سەلامی خوای لێ بێت) خوا دەینێرێت و ویستی وادەبێت بە ناردنی ئەو خەڵكی لە برسێتی و گرانی ڕزگار كات، خوای گەورە خۆی ئاسانكاری دەكات بۆ گەیشتنی یوسف بەو پلە و پایەی كە ببێتە خاوەن قسەی یەكەم لەو بوارەدا و چیرۆكەكەش لە سورەتی (یوسف)دا ئەوە دەسەلمێنێ‌.
ئەوەی پەیوەندی بە باسەكەی ئێمەوە هەیە ئەوەیە چۆن خوای زانا و ئاگادار ساڵەكانی عەمباركردنی گەنمی باس فەرمووە و، ئیعجازی زانستی پێش وەختە لەو بابەتەدا چییە؟
خوای گەورە لە درێژەی چیرۆكەكەدا ئەفەرمووێ‌:(قَالَ تَزْرَ‌عُونَ سَبْعَ سِنِينَ دَأَبًا فَمَا حَصَدتُّمْ فَذَرُ‌وهُ فِي سُنبُلِهِ إِلَّا قَلِيلًا مِّمَّا تَأْكُلُونَ ﴿٤٧ثُمَّ يَأْتِي مِن بَعْدِ ذَٰلِكَ سَبْعٌ شِدَادٌ يَأْكُلْنَ مَا قَدَّمْتُمْ لَهُنَّ إِلَّا قَلِيلًا مِّمَّا تُحْصِنُونَ ﴿٤٨ثُمَّ يَأْتِي مِن بَعْدِ ذَٰلِكَ عَامٌ فِيهِ يُغَاثُ النَّاسُ وَفِيهِ يَعْصِرُ‌ونَ ﴿٤٩﴾) .( سورە یوسف)
واتە: “یوسف وتی: حەوت ساڵ بە بەردەوامی گەنم دەچێنن هەرچیتان دروێنەكرد لەناو گوڵەكەی وازی لێ بهێنن مەگەر ئەوكەمەی كە دەیخۆن، پاش ئەو (7) حەوت ساڵە حەوت ساڵی گرانی و وشك دێت ئەوەی بۆ ئەو حەوت ساڵە لە خەزنەتان كردووە دەیخۆن جگە كەمێك لەوەی قەڵا ڕێژتان كردووە، پاش ئەمانەش ساڵێكی پڕ باران كە خەڵكی لەو ساڵەدا پاراو دەبنەوە و گوشراوەكان بەرهەم دێنن، لە ترێ‌ شەربەت و لە  زەیتون زەیت و لە كونجی ڕۆن و بەم شێوەیە.”
لەم ئایەتە پیرۆزانەدا بابەتی زۆر هەستیار و پڕ لە سوودی تێدایە بەڵام تەنها ئەو خاڵەی باس دەكەین كە پەیوەندی بە مانەوەی گەنمەوە هەیە بۆ ماوەی پانزە ساڵ بێ ئەوەی بەهای خۆراكی لە دەست بدات.
زانای تەفسیر (فەخری رازی) دەڵێت: “مانەوەی دەنكە گەنم لە ناو گوڵەكەیدا زامنی مانەوەی گەنمەكەیە بێ ئەوەی خراپ ببێ‌.”
(د. جەمال محەمەد زەكی)ش دەڵێت: لەم ئایەتانەوە دوو ئاماژەی زانستی ڕامان دەوەستێنێ‌:
یەكەم: دیاریكردنی ماوەی مانەوەی گەنم بۆ(15) ساڵ: (7) ساڵی كشتوكاڵی بەردەوام + (7) ساڵی وشكە ساڵی بێ پیتی + ساڵێكی باران و گوشراوەكان و دەست كردنەوە بە كشتوكاڵ = (15) ساڵ.
لێكۆڵینەوەی زانستی كە( د. عەبدولمەجید بەلعاد) لە زانكۆی (ریباتی) مەغریبی كردوویەتی ئەوەی سەلماندووە كۆتا ماوەی مانەوەی گەنم بە چاكی پازدە ساڵە.
دووەم/ مانەوەی لەناو گوڵەكەیدا (فژروه فی سنبله) ئەم تاقیكردنەوانەی لەسەر كراوە:
ا/ لە سەرەتادا بۆ ماوەی دوو ساڵ گەنمیان بە هەردوو شێوەكە هەڵگرت. واتە: بەشێكیان لەناو گوڵەكەیدا و بەشەكەی تر تەنها دانەكان و بە دەرهێنراوی هەڵگیرا، دەركەوت دوای دوو ساڵەكە ئەو دەنكە گەنمانەی لەناو گوڵەكەیدا بووە (100%) وەك خۆی ماوەتەوە هەرچەندە شوێنی عەمباركردنەكەشی هەموو مەرجەكانی عەمباركردنی تێدا نەبوو، بە تێپەڕبوونی كات دەركەوت گەنمی ناو گوڵەگەنمەكان وشكبوون و ئاوەكەی ناوی لە دەستدا كە یارمەتی دەریەتی بۆ مانەوەی بێ ئەوەی خراپ ببێ‌، بەڵام بەشەكەی تر ئاوەكەی كە ڕێژەی (20%) دەنكە گەنمەكان پێك دەهێنێ‌ لە دەستی نەدابوو ئەمەش كاریگەری هەیە لەسەر بۆگەنبوون و مردنی تۆوەكە.
ب/ بە چاندنەوەی ئەو دەنكە گەنمانەی لەناو گوڵەكەدایە و بە چاندنەوەی ئەویتریش دەركەوت ئەوەی ناو گوڵەكان باشتر گەشە ئەكەن بەڕێژەی (20%) و ڕیشكیان درێژ ترە و پارێزگاری زیاتریشی كردووە لە ڕێژەی پڕۆتین و شەكرەكەی ناوی، بەڵام ئەوەی بە دەنك و جیا لە گوڵەكەی نێژراوەتەوە پڕۆتینەكەی دابەزیوە بە ڕێژەی (32%).
بەم شێوەیە ئیعجازی قورئان لە شێوازی عەمباركردنی گەنم و ماوەی مانەوەی بەو وردییە دەری دەخات كە خوا چەندە بە بەزەیی و چەندە ئاگادارە و پێغەمبەریش چەند ئەمین بووە لە گەیاندنیدا.

Share Button

1448 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Scroll to top