You Are Here: Home » بابەتەكانمان » خەوتنی سێ سەد ساڵە

خەوتنی سێ سەد ساڵە

خەوتنی سێ سەد ساڵە

 

سورەتی (الكهف) كە ئاماژەیە بۆ تواناكانی گەنج لە گۆڕانكارییەكان و دانایی كەسانی بە تەمەن و ئەزموون، ئاماژەی فەرمانڕەوایەتی داد پەروەرانە و زۆر شتی تری تێدایە كە بە ڕاستی بە تەنیا خوا توانای ئەوەی هەیە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە و جێگەی بابەتەكەی ئێمەیە زمانی ژمارەیە، بۆچی خوای گەورە كاتێك باسی ژمارەی گەنجەكان دەكات ژمارەكەیان بە ئاماژە دەفەرموێ‌ بەڵام كە دێتە سەرباسی ژمارەی ساڵەكانی مانەوەیان بە خەوتویی زۆر بە وردی ژمارەی ساڵەكان دیاری ئەكات؟
بێگومان لەبەرئەوە نەبووە كە ئسلوبی كورتكردنەوە بەكاربهێنێ چونكە وتنی ژمارەكەیان كورت تر ئەبوو لەم ئایەتەی كە موناقەشەی خەڵكی لە بارەی ژمارەكەیانەوە باس ئەفەرموێ‌: (سَيَقُولُونَ ثَلَاثَةٌ رَّ‌ابِعُهُمْ كَلْبُهُمْ وَيَقُولُونَ خَمْسَةٌ سَادِسُهُمْ كَلْبُهُمْ رَ‌جْمًا بِالْغَيْبِ ۖ وَيَقُولُونَ سَبْعَةٌ وَثَامِنُهُمْ كَلْبُهُمْ ۚ قُل رَّ‌بِّي أَعْلَمُ بِعِدَّتِهِم مَّا يَعْلَمُهُمْ إِلَّا قَلِيلٌ ۗ فَلَا تُمَارِ‌ فِيهِمْ إِلَّا مِرَ‌اءً ظَاهِرً‌ا وَلَا تَسْتَفْتِ فِيهِم مِّنْهُمْ أَحَدًا ﴿٢٢﴾) .( سورە الكهف الایە 22)یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە كە خەڵك پەروەدە بكات لەسەر فێربوون و گەڕان بەدوای شتانێكدا كە سودی هەیە بۆیان و دەرگای زانستێكیان لێ دەكاتەوە، وەك ئەوەی لە ئایەتی ژمارەی ساڵەكان بە ساڵی خۆری و بە ساڵی مانگی دەردەخات. خوای گەورە دەفەرموێ‌: (وَلَبِثُوا فِي كَهْفِهِمْ ثَلَاثَ مِائَةٍ سِنِينَ وَازْدَادُوا تِسْعًا ﴿٢٥﴾) .( سورە الكهف الایە 25) واتە: “ئەوان لە ئەشكەوتەكەیاندا سێ سەد ساڵ مانەوە نۆیشی لەسەر بێت.”
زانای تەفسیر ( قورتوبی) دەڵێت: “نەقاش گێڕاویەتەوە: ئەو گەنجانە ماوەی سێ سەد ساڵی هەتاوی ماونەتەوە و كاتێكیش ئەو بابەتە بۆ پێغەمبەرێكی زمان عەرەبی هاتووە نۆ ساڵەكەی خراوەتە سەر كە زیادەی هەمان ساڵەكانە بە ساڵی قەمەری.”
(غەنزەوی)یش لە مبارەیەوە دەڵێ‌: “جیاوازی ساڵەكانی خۆر و مانگە، چونكە لە هەر سی و سێ ساڵ و سێ یەكی ساڵێكدا ساڵێك جیاوازیان هەیە و ئەوكات لە سێ سەد ساڵدا نۆ ساڵ زیاد دەبێت.”
زانایانی تەفسیر لە كۆن و تازەدا دەڵێن: “سێ‌ سەدەكە ساڵی هەتاویە و سێ سەد و نۆساڵەكەش ساڵی قەمەریە.”
یەكێك لە لێكۆڵەرەكان بە ناوی (د. مستەفا موحەمەد جەمال) دیراسەیەكی لە ژێر ناوی: {كارلێكی نێوان مانگ و خۆر} لەسەر ئەو ئایەتەی پێشووكردووە و گەیشتۆتە ئەوەی كە ژمارەی ڕۆژەكان بە ساڵی هیجری (354 ڕۆژ و 14 سەعات و40 دەقیقە و 46,6 چركەیە) و هەمان ژمارەی زانستیشە كە دەستەی لێكۆڵینەوەكانی فەزای ئەمریكی (ناسا) دیاریكردووە.
 (1418,447/4=354,6117) ڕۆژ
واتە ماوەی زەمەنی ساڵی هیجری ئەكاتە: (354) ڕۆژ و (14) سەعات و (40) دەقیقە و (46,6) چركە ئەمەش گونجاوە لەگەڵ وەكالەی فەزای ئەمریكی (ناسا) كە دەڵێ‌: ڕۆژەكانی ساڵی قەمەری (354) ڕۆژ و (14) سەعات و نزیكەی (41) دەقیقەیە.
جگە لەمانەش چیرۆكی یارانی ئەشكەوت لە ئایەتی نۆی سورەتەكەوە دەست پێ دەكات و لە وشەی یەكەمی ئەو ئایەتە كە وشەی (ام)ە تا دەگاتە وشەی (ثلاث…) ئەكاتە (309) ڕێك ژمارەی ساڵەكانی مانەوەیان  لە ئەشكەوتەكەدا بە نوستویی بە ساڵی قەمەری.
ئەم ژماردنە وردە لە نێوان ساڵەكانی هەتاوی و ساڵی مانگیدا هەروەها گێڕانەوەی چیرۆك لەگەڵ حیساب كردنی وشە بەپێی ساڵەكان!! كێ‌ جگە لە خوا بە پێغەمبەرەكەی فەرمووە؟ كێ‌ دەتوانێ‌ ئاوا وشە و واتا و ژمارەی وشە و حەقیقەت بخاتە ڕوو؟ بابەتەكە ئەوەندە وردە لێكۆڵینەوەی تایبەت و تایبەتمەندی پێویستە، وەكالەی زانستی گەورە لەسەدەكانی پێشكەوتنی زانیاریدا دەتوانن بۆ ئەو بابەتە لێكۆڵینەوە بكەن و ئەگەر بێت و لێكۆلینەوە بكرێت بۆ هەموو ڕەهەندەكانی ئەو چیرۆكە دەبێت چەند پسپۆڕێكی ئەدەبی، ڕەوانبێژی، مێژوویش بهێنین ئەو كات زیاتر پێی سەرسام دەبین.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top