You Are Here: Home » بابەتەكانمان » بیریاری و گەشەی ڕۆح ڕزگارییە

بیریاری و گەشەی ڕۆح ڕزگارییە

بیریاری و گەشەی ڕۆح ڕزگارییە

مرۆڤ هەركات قاڵبوویەوە لەگەڵ دونیا و بەدەمەوە چوونی داواكانی لەش و دەروون، هەست بە ماندوو بوونێكی زۆر و بۆشایی ڕۆحی دەكات، بۆیە بە دوای پاكیزەیی و ئارامیدا دەگەڕێ‌ و نەبینراوە هیچ شتێك ئەوەندەی تەنیا بوونەوە و بیركردنەوەی ئیجابی باش بێت بۆ ڕزگار بوون لەو بێزاریە.
بۆیە بۆ ئەم مەبەستە هەندێ‌ كەس پەنا دەبات بۆ ئاوازێكی مۆسیقی یان یۆگا كردن. موسڵمانی ڕاستەقینەش پەنا دەبات بۆ دەرمانخانەكەی ئیسلام، چونكە باشترین چارەسەر ئەو چارەسەرانەیە كە خوای خاوەن ڕۆح بۆ ڕۆحی دیاریكردوە (چاكەكردن لەگەڵ خەڵكی، نوێژی پڕ لە یاد، تەئەمولكردن لە دروستكراوەكانی خوا و هاو ئاوازبوون لەگەڵ گەردووندا).
(قَدْ أَفْلَحَ الْمُؤْمِنُونَ ﴿١﴾ الَّذِينَ هُمْ فِي صَلَاتِهِمْ خَاشِعُونَ ﴿٢ ) .( سورە المۆمنون الایە ( 1ـ 2))
واتە: باوەڕداران ڕزگاربوون ئەوانەی نوێژەكانیان بەخشوعەوە دەكەن.
نوێژكردن پێنج كاتی دیاریكراوی هەیە، بێگومانین ئەو كاتانە گرنگی خۆیان هەیە و زانست بەوەش دەگات، دەست نوێژەكان خاوێنی و ئارامبونەوەیە، تەنیا بوونەوە و وەستان ڕوو بە قیبلە و ئەو خوێندنە پر ِلەواتا ئیجابیانە لەگەڵ ئەو جموجوڵە كاریگەرانەدا هەمووی پەڕاوی زانستی و لێكۆڵینەوەی لەسەر كراوە، هیچ چارەیەكی تر بۆ چارەسەری گرفتە ڕۆحی و دەرونییەكانی پێ ناگات دیارە ئەگەر بە تێر و تەواوی بكرێت و دزی لە نوێژەكە نەكرێت. پاشان كاتێك خوا دەفەرموێت:
(إِنَّ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافِ اللَّيْلِ وَالنَّهَارِ لَآيَاتٍ لِّأُولِي الْأَلْبَابِ ﴿١٩٠﴾ الَّذِينَ يَذْكُرُونَ اللَّـهَ قِيَامًا وَقُعُودًا وَعَلَىٰ جُنُوبِهِمْ وَيَتَفَكَّرُونَ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ رَبَّنَا مَا خَلَقْتَ هَـٰذَا بَاطِلًا سُبْحَانَكَ فَقِنَا عَذَابَ النَّارِ ﴿١٩١﴾ ) .( سورە ال عمران الایە ( 190ـ 191))
خەلقی ئاسمانەكان و زەوی و جیاوازی شەو و ڕۆژ پڕن لە نیشانە بۆ خاوەن دڵان، ئەوانەی لە یادی خوادان بە پێوە بە دانیشتن و بە پاڵكەوتویی، بیر لە خەلقی ئاسمانەكان و زەوی دەكەنەوە، دەڵێن خاوەنەكەی ئێمە هەموو ئەمانەت بە بێ هودە دروست نەكردووە خوایە لە ئاگری دۆزەخ بمانپارێزە.
لێرەدا مرۆڤ تەنیا دەبێتەوە لە جەنجاڵی زەوی بۆنزیك بوونەوە لەخوای خاوەنی بوونەوەر، لەگەڵ شەو و ڕۆژ و ئاسمانەكان و زەویدا پەرستنی خۆت دەكەیت. بەڵكو خوای گەورە لەم ئایەتەی تردا دوای ئەوەی باسی كۆمەڵێك لە پێغەمبەران دەكات كە خوا وەڵامی دوعاكانی داونەتەوە و هەموو كارەكانی بۆ ئاسان كردوون لە كۆتایی باسی ئەوپاكانەدا هۆكاری خوا پێداوییەكەیان دیاری دەكات كە ئەوانە ( إِنَّهُمْ كَانُوا يُسَارِعُونَ فِي الْخَيْرَاتِ وَيَدْعُونَنَا رَغَبًا وَرَهَبًا ۖ وَكَانُوا لَنَا خَاشِعِينَ﴿٩٠) ( سورە الانبیاء الایە 90)
ئەوانە لە خێرەكاندا پێش بڕكێیان كردووە و لە نێوان ترس و هیوادا لە خوا پاڕاونەتەوە تەنها بۆ خوا خاشیع بوون.
زۆرێك لە لێكۆڵینەوەی زانایان لەسەر حاڵەتەكانی دەماغ دەریان خستووە كە كاریگەری یادكردن و بیركردنەوە زۆرە لەسەر كار و چالاكی دەماغ.
(د. نیوبرج) كە مامۆستای یاریدەدەرە لە زانكۆی (بەنسلفانیا) دیراسەیەكی كرد لە سەر نوێژخوێنەكانی ئایینە جیاوازەكان و بەهۆی ئەو دەزگایەی كە وێنەی سوڕی خوێن دەگرێ‌ لە مێشكدا، بۆی دەركەوت لە كاتی قوڵبوونەوە لە نوێژدا سوڕی خوێنی پێشی سەر زیاد دەكات ئەو ناوچەیەی مێشك كە بەرپرسە لە كۆنترۆڵكردنی سۆز و كاردانەوەكان.
هەروەها زانایان چەند لێكۆڵینەوەیەكیان لەسەر تەئەمول ئەنجامداوە و لە ئەنجامی چەندەها تاقیكردنەوە گەیشتوونەتە ئەوەی كە ئەم سوودانەی هەیە:
1/ دڵەڕاوكێ‌ كەم دەكاتەوە و گەشبینی زیاد دەكات.
2/ لە كاتی خشوعدا بە كاربردنی ئۆكسجین لە لەشدا كەم دەكاتەوە و ئارامی و پشوو هەموو لەش دادەگرێ‌.
3/ زۆرێك لە نەخۆشیە موزمنەكانی وەك هەستیار بوون و هەوكردنی جومگەكان نەخۆشینەكانی دڵ چارەسەر دەكات.
4/ دەزگای بەرگری لەش بەهێز دەكات و پیری دوا دەخات.
5/ چالاكی كارەبایی دەماغ باش دەكات و وزەی لەش بەرز دەكاتەوە.
6/ توانای فێربوون وەرگرتن و بەیاد هێنانەوە زیاد دەكات.
7/ یارمەتیدەرێكی باشە بۆ خەوی ئارام.
8/ كاتێك نوێژخوێن دەگاتە پلەی تەنیا بوونەوە و گەیشتن بە پلە باڵاكان ئەو كات لەش هۆرمۆنی (الاندرومین) دەڕژێنێ‌ و ئەم هۆڕمۆنە چارەسەری خەمۆكی دەكات و متمانە بوون و دڵاوایی دروست دەكات.
كەواتە مرۆڤە باوەڕدارەكان ئەوانەی نوێژەكانیان پڕە لە یاد و ئەوانەی ساتەكانی بیركردنەوەی ئیجابیان زۆرە ئەوانە براوە و ڕزگارن، ئەوانەن بەستراونەتەوە بە هێزێكەوە لە سەرویەوە نیە، ئەوانەن هەمان ئاوازی دوستكراوەكانی بونەوەر دەڵێنەوە و لەگەڵ هەموو دروستكراوەكاندا هاو ئاهەنگن.

 

 

 

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top