هەنجیر و زەیتون پیری دوا ئەخەن و جوانی دەپارێزن

5587 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

هەنجیر و زەیتون پیری دوا ئەخەن و جوانی دەپارێزن

پاراستنی جوانی و دواخستنی پیری هیوای مرۆڤەكانە و لیكۆڵینەوە و داهێنانی زۆری بۆ ئەكرێت، لەو پێناوەشدا خەرجی زۆری بێشمار تەرخان كراوە، قورئان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم ئارەزووە حەڵاڵەی مرۆڤ لە قورئاندا ئاماژەی جۆراو جۆری داوە یەكێك لەوانە ئەم سورەتەی خوارەوەیە، ساڵەهای ساڵە خواناسان ئەیخوێننەوە لەبەر ئەوەی پڕە لە ڕێنمای تر و زانستەكانی ڕووەك ناسیش لەو ئاستەدا نەبوون هەستیان بەم بابەتە زۆر گرنگەی ئەم سورەتە نەكردوە.
(وَالتِّينِ وَالزَّيْتُونِ ﴿١ وَطُورِ‌ سِينِينَ ﴿٢﴾ وَهَـٰذَا الْبَلَدِ الْأَمِينِ ﴿٣﴾ لَقَدْ خَلَقْنَا الْإِنسَانَ فِي أَحْسَنِ تَقْوِيمٍ ﴿٤﴾ ثُمَّ رَ‌دَدْنَاهُ أَسْفَلَ سَافِلِينَ ﴿٥﴾ إِلَّا الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ فَلَهُمْ أَجْرٌ‌ غَيْرُ‌ مَمْنُونٍ ﴿٦﴾ فَمَا يُكَذِّبُكَ بَعْدُ بِالدِّينِ ﴿٧﴾ أَلَيْسَ اللَّـهُ بِأَحْكَمِ الْحَاكِمِينَ ﴿٨) ( سورە التین)
واتە: سوێند بەهەنجیر، بە زەیتون، بە ئەم شارەی كە ئارام و ئاسایشە، ئێمە مرۆڤمان لە جوانترین شێوە خەڵق كردووە، پاشان گەڕاندومانەتەوە بۆ نزمترین پلە جگە لەوانەی باوەڕیان هێناوە و كاری چاكەیان كردووە ئەوانە پاداشتی نەبڕانەوەیان بۆ هەیە، دوای ئەمانە ئەی مرۆڤ چی هەیە وای لە تۆ كردووە باوەڕت بە زیندوبوونەوە نەبێت؟ ئایا خوا لە هەموو فەرمانڕەوایان زیاتر بەكارەكانی ناگا؟
ئەم سورەتە كە خوا ناوی (التین) هەنجیری لێ ناوە لە سورەتە زۆر كورتەكانە بەڵام سورەتەكانی قورئان چ كورت بن چ درێژ كەس ناتوانێ‌ وێنەیان بهێنێ‌ ئێستە بە پێی توانای كەمی خۆمان لە چاو زانستی قورئاندا هەندێ‌ لایەنی ئیعجازی سورەتەكە باس دەكەین:
1/ هەنجیر و زەیتون و توری سینا و شاری مەككە لێرەدا شوێنی گرنگییە بۆیە خوا سوێندیان پێ دەخوات، دوانیان خۆراكن و دوانیان شوێنە، ئەو چوارە بە چەند جۆرێك تەفسیر هەڵ دەگرێت بەڵام باشترین تەفسیر ئەوەیە پەیوەندی نێوانیان بدۆزیتەوە و دانایی خوا لە هێنانی ئەو سوێندانە بەدوای یەكدا بەدەر بخەی.
هەنجیر و زەیتون هەردووكیان دوو خۆراكی دیارن و هەر دووكیان دارای ماددەیەكی زۆر گرنگی ڕووەكین ئەویش مادەی (میپالویندز)ە جگە لە مادەكانیتر كە هەریەكەیان بە جیا لەوی تر هەیانە بەڵام لەوەدا هاوبەشن، ئەم مادەیە زۆر گرنگە بۆ مرۆڤ و كەمێكی تر ئەو گرنگییە باس دەكەین.
2/ توری سیناو شاری مەكەش دوو شارن بەڵام دەبێت لەگەڵ هەنجیر و زەیتونەكەدا خاڵی هاوبەشیان هەبێت.
هەر لە قورئاندا پەیوەندی توری سیناكەمان بەو دوو خۆراكەی ترەوە بۆ باس كراوە وەك لە ئایەتێكدا خوا دەفەرموێت: (وَشَجَرَ‌ةً تَخْرُ‌جُ مِن طُورِ‌ سَيْنَاءَ تَنبُتُ بِالدُّهْنِ وَصِبْغٍ لِّلْآكِلِينَ ﴿٢٠﴾ ) .( سورە المۆمنون )
واتە: “درەخێكیش لە توری سینا دەڕوێت بە ڕۆن و ڕەنگیشە بۆ خۆرایان.”
كەواتە توری سیناش ئاماژەیە و لە بوونی زەیتونەكەدا لەگەڵ دوو شوێنەكەی پێشوودا یەك دەگرنەوە.
3/ شاری مەككە پڕە لە نیشانەی خوایی بەڵام خوای گەورە لێرەدا بە ناوی شاری ئەمین ناوی بردوە، لەوانەیە لەبەر ئەوەبێت زەیتون و هەنجیر و ئاسایشی و ئارامی تەواكاری یەكتربن بۆ دوای سوێندەكە!.
4/ سوێندی خوای گەورە بەو هەنجیر و زەیتون و مەككە بۆ ئەوەیە بفەرموێ‌ مرۆڤمان لە جوانترین شێوەدا خەڵق كردووە، كەواتە ئەوانە پەیوەندییان بە جوانی مرۆڤەوە هەیە.
 لێرەدا پێویستە باسی گروپێك لە زانایانی یابانی بكەین كە (د. تەها ئیبراهیم خەلیفە)ی سعودی و زۆرێك لەسایتەكانی تردا باسەكەیان گێڕاوەتەوە و دەڵێن:
مادەی (میپالویندز) مادەیەكە مێشكی مرۆڤ بە ڕێژەیەك لە (15) ساڵی تا ئەگاتە (35) ساڵی دەری دەدات پاشان بەرەو كەمی دەڕوات و تا شەست ساڵی بەردەوام دەبێت و نامێنێ‌ لە مێشكی گیانارەكانی تریشدا هەر ڕێژەكەی كەمە بۆیە ناكرێت ئەو مادەیە لە مرۆڤ و گیاندار وەربگیررێ‌ بۆیە ئەم گروپە لە زانایانی یابانی ویستیان لەناو روِوەكدا بۆ ئەو ماددە گرنگ و سیحراوییەدا بگەڕێن، پاش گەڕان و توێژینەوەی زۆر توانیان ئەو ماددەیە لە هەنجیر و زەیتوندا بدۆزنەوە، گرنگی ئەم مادەیە لەوەدایە پیری دوا دەخات و ڕێژەی كۆلیسترۆڵ لە خوێندا دادەبەزێنێ‌ و دڵ بەهێز ئەكات و دەرونیش كۆنترۆڵ ئەكات، ماددەیەكی پڕۆتینیە و كبریتی تێدایە بۆیە بە ئاسانی لەگەڵ زینك و ئاسن و فۆسفۆڕدا یەك دەگرێت.
پاش ئەوەی لەو دوو خۆراكەدا دۆزیانەوە تاقیكردنەوەیان دەست پێ كرد تا باشترین ڕێژە لە هەردوكیان دروست بكەن چونكە بۆیان دەركەوت بوو هەریەكەیان بە تەنها ئەو ڕێژەیەی كە پێویستە تێدا نیە مەبەست ناپێكێ!‌ دوای دیراسە و لێكۆڵینەوە گەیشتنە ئەوەی باشترین ڕێژە یەك هەنجیرە بە حەوت زەیتون.
 دكتۆری سعودی ناوبراو كاتێك ئەو لێكۆڵینەوەی بینی هەستا بە دیراسەیەكی قورئانی بزانێ‌ ئایا ئەو ڕێژەیە لە قورئاندا باسكراوە یان نا؟
بەڵێ‌ سەیری كرد خوای گەورە لە قورئاندا یەك جار باسی هەنجیر دەكات بەڵام شەش جار ناوی زەیتون دەهێنێ‌ و جارێكیش بە ئاماژە وەك ئەوەی سورەتی (المۆمنون)دا هاتووە: ( وَشَجَرَ‌ةً تَخْرُ‌جُ مِن طُورِ‌ سَيْنَاءَ تَنبُتُ بِالدُّهْنِ وَصِبْغٍ لِّلْآكِلِينَ ﴿٢٠)هەڵدەسێ‌ دەرەنجامی توێژینەوەكەی خۆی دەنێرێ‌ بۆ گروپە یابانیەكە پاش ئەوەی ئەوانیش تەحقیق دەكەن لە ڕاستی زانراوەكە كە بەڵێ‌ لە قورئاندا بەو شێوەیە سەرۆكی تیمەكە یەكسەر موسڵمان دەبێ‌.
هەقی خۆیەتی موسڵمان ببێ‌ چونكە ئەمان گروپێكی زانا بە ڕووەك و مادەكانی ناو ڕووەك، بە ماندوبوون و دیراسە و تاقیكردنەوەكان گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامە، كەچی كەسێكی نەخوێندەوار پێش ئەمان بە سیازدە سەدە ئەم زانیارییە وردە پڕ لە ڕاستیەی دابێت‌!! ئاخر ئەمە چۆن ئەبێ‌؟ شتی بەو شێوە مەحاڵە، زاناكان ناچار ئەبن بڵێن كە خوای زانا و خاڵقی ڕووەكەكان ئەمەی زانیوە و بۆ موحەمەدی ناردووە.
5/ لەو زانیاریانەی پێشوو سەیر تر ئەوەیە خوا باسی خەڵقی مرۆڤ دەكات كە بە باشترین شێوە دروست كراوە!! ئایا چی وای لەم مرۆڤە كردووە ئەم شێوە ڕێك و جوانە وەرگرێ‌؟؟ بێگومان ژمارەی كرۆمۆسۆمەكانێتی كە چل و شەش كرۆمۆسۆمە. سورەتەكە تا دەگاتە وشەی (الانسان) دەكاتە (چل و شەش) پیت نەك هەر لێرەدا بەڵكو لە سورەتی (الانسان)یشدا تادەگاتە وشەی (الانسان) دەكاتەوە (چل و شەش )پیت ئەویش هەر باسی خەڵقی ئینسانە!!
6/ ئەم سورەتە ئاماژەیەكی تر لەخۆ دەگرێت كە ئیمانداران ئەوانەی كاری چاكە دەكەن لەوەی كە بگەڕێنەوە بۆ پلە نزمەكان دەپارێزرێن! ئایا ئەو بڕوایە بڕوابوونە بەم ئاماژانەی قورئان و جێبەجێكردنی واتاكانییەتی؟؟ یان هەر بەكارهێنانی ئاماژە زانستیەكە و بەكارهێنانی ئەو ماددە مرۆڤ لە پلە نزمەكانی پیری دەپارێزێ‌!؟ وا دیارە خوای گەورە هەردوو مەرجەكەی داناوە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە پلە نزمەكان بپارێزرێ‌ و هەقە ئەم باسەش لێكۆڵینەوە بیگرێتەوە.
7/ دیارە ئاماژەكەی شاری مەككەش تەواوكاری ئەمانەیە، واتە لەگەڵ بەكارهێنانی ئەو ماددەی ناو هەنجیر و زەیتون و مرۆڤ بۆ ئەوەی بە جوانی بمێنێتەوە پێویستی بە كەشێكی ئارام و دوور لە مەترسی هەیە و لەوانەشە ئاوی زەمزەمیش لەو نیوەندەدا ڕۆڵی خۆی هەبێ‌ چونكە ئاوێكی تایبەتە و لەشوێنی تر ئەو ئاوە نییە.
8/ ئایا ئەم زانیارییە ورد و ڕاستانە لەم چەند ئایەتە كورتانەدا و ڕێكخستنی پیتەكانی بە ژمارەیەك لەگەڵ واتاكاندا بگونجێ‌ بەس نییە بۆ ئەوەی مرۆڤ باوەڕ و متمانەی بە هاتنی قیامەت هەبێ‌؟ چونكە هەر ئەم قورئانە باس لە هاتنی قیامەت دەكات، ئایا هیچ حاكم و دەسەڵاتدارێكی دونیایی دەتوانێ‌ ئاوا یاسا و دەستورەكەی ڕێك بخات و هەمواركردنەوەشی نەوێت؟! ئایا هیچ دەستورێك هەبووە شوێن و زەمەن وەلای نەخات؟ ئایا هیچ فەرمانڕەوایەك دەتوانێ‌ بەو شێوە بە هەموو كارەكانیدا بگا؟ نەخێر بێگومان جگە لە خوا كەس توانای ئەوەی نییە.

Share Button

5587 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

About The Author

Number of Entries : 869
Scroll to top