You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » ئه‌ندازه‌ » نزمترین پارچە زەوی:

نزمترین پارچە زەوی:

 نزمترین پارچە زەوی: 

021548996320

خوای گەورە ئەفەرموێ: (الم غُلِبَتِ الرُّومُ فِي أَدْنَي الْأَرْضِ ؤهُمْ مِنْ بَعْدِ غَلَبِهِمْ سَيَغْلِبُونَ فِي بِضْعِ سِنِينَ لِلَّهِ الْأَمْرُ مِنْ قَبْلُ ؤمِنْ بَعْدُ ؤيَوْمَئِذٍ يَفْرَحُ الْمُؤْمِنُونَ بِنَصْرِ اللَّهِ يَنْصُرُ مَنْ يَشَا‌وُ ؤهُؤ الْعَزِيزُ الرَّحِيمُ) (سورة الروم الاية( 1ــ 5))
واتە: ئەلیف و لام و میم، ڕۆمەكان شكستیان هێنا لە نزمترین پارچەی زەویدا ئەوان پاش ئەوە سەركەوتن بە دەست دێنن، لە چەند ساڵێكدا، كاری ئەوەڵ و ئەخیر بۆ خوایە، لەو كاتەشدا ئیمانداران بەو سەركەوتنی خوایە شادمان ئەبن، خوا سەر ئەخات هەر كەس حەز بكا، ئەوخوایە زاڵ و بە بەزەییە.
كاتێك مامۆستا (زیندانی لەگەڵ پڕۆفیسۆر پالمار) كە مامۆستای زانستی جیۆلۆجیە لە ئەمریكا و نمونەیەكی گۆی زەوی پێ بوو، پێكەوە بوون و گفتوگۆیان ئەكرد، زیندانی پێی وت: ئایەتێكمان هەیە لە قورئان باسی ئەو ناوچە دەكات كە شەڕەكەی ڕۆم و فارس تیایدا ڕویداوە كە نزمترین شوێنی زەوییە لە ئاستی ڕووی دەریاوە، كاتێك پڕۆفیسۆر زانی زیندانی ئەم زانیاریەی لە قورئان هێناوە دەستی كردە باسكردنی ئەو شوێنانەی كە نزمن لە هۆڵەندە و چەند شوێنێكی تر، بەڵام مامۆستا (زیندانی) زیاتر سوور بوو لەسەر ڕاستی زانیاریەكە و بە پڕۆفیسۆری وت: من بەدڵنیاییەوە دەڵێم نزمترین ناوچە دەكەوێتە نزیك فەلەستین و ئەو ناوچەیەی ئەو جەنگە تیایدا ڕویداوە! پڕۆفیسۆر وتی ئەم گۆی زەوییە هەموو بەرزی و نزماییەكانی لەسەر دیاریكراوە، جا گۆیەكەی خولدا و خستییە سەر فەلەستین و دەوروبەری، بینی سەهمێك كراوە و نوسراوە: نزمترین شوێنی زەوی لە جیهاندا، كاتێك ئەمەی بینی وتی: ڕاستە ڕاستە ئەوێ‌ نزمترین شوێنی زەوییە خوا ڕاستی فەرمووە!!
ئەم ئایەتە وەك لەم سەردەمەدا ئەم ئیعجازەی دەركەوتووە لەكاتی یارانی بەڕێز و دوای یارانیش بەشی ئەوانیش ئیعجازی داوە و ئەوانیشی سەرسام كردوە.
موسڵمانان لە مەككە بوون ئەو شەڕە ڕوویدا، شەڕەكە لەنێوان ڕۆم كە خاوەن پەڕاوی ئاسمانی بوون و فارس كە موشریك بوون ڕوویدا، موسڵمانەكان حەزیان دەكرد ڕۆم سەركەوێ‌ و موشریكەكانی مەككەش حەزیان دەكرد فارس سەركەوێ‌، چونكە خاوەنی كتێبی ئاسمانی نەبوون، ئەوەبوو ڕۆم شكستی هێنا و فارس سەركەوت. موسڵمانەكان دڵگران بوون و خوای گەورەش ئەم ئایەتانەی ناردە خوارەوەكە ئەم هەواڵانەی تێدا بوو:
1/ پشت ڕاست كردنەوەی هەواڵی شكستی ڕۆمەكان.
2/ شوێنی شەڕەكە نزمترین زەوییە لە ئاستی ڕووی دەریاوە.
3/ هەواڵێكی نادیار و ئاییندەیی سەركەوتنی ڕۆمەكان لە ڕوو بە ڕووبوونەوەی داهاتوودا.
4/ ئەو ڕوو بە ڕووبوونەوەیە لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا ڕوودەدات.
5/ ئەو سەركەوتنەی ڕۆمەكان هاو ئاهەنگ دەبێت لەگەڵ سەركەوتنی ئیمانداران.
كاتێك ئایەتەكە دابەزی پێغەمبەر و موسڵمانان لە مەككە بوون چەوساوە بوون، كەس بە بیریدا نەدەهات ڕۆژێ‌ ئەمان توانای ئەوەیان ببێت بەگژی موشریكەكانی مەككەدا بێنەوە، نەك ئەوەش بەڵكو سەركەوتنیش بە دەست بهێنن، كەچی چۆن قورئان فەرمووی لە ماوەی كەمتر لە دە ساڵدا ئەوە ڕوویدا و لە جەنگی بەدری گەورەدا پێغەمبەر و موسڵمانان سەركەوتن و لە هەمان كاتیشدا ڕۆم سەركەوت بەسەر فارسدا.
هەموو ئەو زانراوە وردانە وەك خۆیان ڕوویاندا! ئەگەر ئەم قورئانە لای خواوە نەهاتبێ‌ چۆن و چ مرۆڤێك دەتوانێ‌ بەدڵنیاییەوە ئەو هەواڵانە بدات، بێ ئەوەی ئەگەرێكیشی بۆ دابنێ‌؟ هەر ئەو ئایەتانەن لەگەڵ پێشكەوتنەكاندا ئاماژەی تازە دەدەن. ئەو خوایە چەند گەورەیە و قورئانەكەیشی چەندە ڕاستە؟!!

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top