You Are Here: Home » بابەتەكانمان » پەیوەندی نێوان ترس و باران

پەیوەندی نێوان ترس و باران

 پەیوەندی نێوان ترس و باران

خوای گەورە ئەفەرموێ: (إِذْ يُغَشِّيكُمُ النُّعَاسَ أَمَنَةً مِّنْهُ وَيُنَزِّلُ عَلَيْكُم مِّنَ السَّمَاءِ مَاءً لِّيُطَهِّرَ‌كُم بِهِ وَيُذْهِبَ عَنكُمْ رِ‌جْزَ الشَّيْطَانِ وَلِيَرْ‌بِطَ عَلَىٰ قُلُوبِكُمْ وَيُثَبِّتَ بِهِ الْأَقْدَامَ ﴿١١﴾)  الانفال
واتە: “ئەو دەمەتان لە بیربێ‌ كە ئەو خەوە نوچكەتان بۆهات لای خواوە تا ئارامتان بكاتەوە، لە ئاسمانیشەوە ئاوی بۆ باراندن تا خاوێنتان بكاتەوە و خەیاڵاتی شەیتانتان لێ دوورخاتەوە و دڵ گەرمتان كات و دامەزراوبن لە مەیدان.”
ئایا خەوە نووچكە ئارام بەخشە؟ ئایا باران هۆكارە بۆ پاكبوونەوە و لاچوونی وەسوەسەی شەیتان و ئازایەتی بە مرۆڤ دەبەخشێ‌؟
ئەو دەمەی خوای گەورە ئەمەی بۆ ئیمانداران كرد-وەك زانایانی تەفسیر باسی دەكەن- كاتی جەنگی بەدر بوو، بەهۆی ئەو چارەسازە زانستیانەی خوای گەورە موعجیزەی سەركەوتنی چاوەڕوان نەكراو ڕوویدا.
ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە ئەوەیە زانایانی پزیشكی دەریان خستووە لە كاتێكدا مەترسی زۆر ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە، ماددەی (ئەدرینالین) دەڕژێتە ناو خوێن و دەبێتە هۆی لەرزینی لەش بۆ هێوركردنەوەی كەسە ترساوەكە، بۆیە ئەبێ ئاو پژێنی بكرێت.
ئەم ئایەتە وەك هەموو ئایەتەكانی تر سەراپای موعجیزەیە: خەوەنوچكە و خەوتن ئارام بەخشی تازەكردنەوەی وزەیە بۆ بەرگەگرتنی كارە قورسەكان.
ئاوی ئاسمان لە پاكترینی ئاوەكانە بۆ پاككردنەوە، چونكە ئاوی هەڵێنراوە، دیارە خەوی ئارام و خۆشۆردن بە ئاوی باران پێكەوە مرۆڤ لە خەیاڵاتی شەیتان بۆ ترساندنی مرۆڤ دەپارێزێ‌ و زیاتر مرۆڤ دامەزراو و بەتوانا دەكات.
ئەو دەمەی لەكاتی پێغەمبەردا (صلی الله علیە وسلم) ئەم موعجیزە ڕوویدا هاوكاتیش بوون لەگەڵ مژدەدان بەوەی فریشتەكانیش پشتگیر و هاوكاریانن، ئەمە تەواوكاری بنیاتنانی كەسێتیی بەهێزە كە هەست بكات بەوەی هێزێكی گەورە لە دەرەوەی خۆی ئاگای لێ یەتی و پشتگیری لێ دەكات بە ئیزنی ئەوخوایەی دروستی كردووە.
ئەم كارە گەورانە بۆ پەروەردە و پاراستنی شوێنكەوتووان ئەگەر خوایەكی زانا و بە توانا و ئاگادار نەبێ‌ كێ‌ دەتوانێ‌ لە زەمەنی پێشكەوتنی زانستەكاندا بیكات چ جای لە زیاتر لە چواردە سەدە پێش ئێستە و لە كەسێكی نەخوێندەوارەوە كە تەنها خاوەنی بەرزترین ڕەوشت و دڵسۆزییەكی بێ هاوتا و ئەمانەت پارێزێكی نمونەیی بووە، بەڵام ئەم زانستە وردانە تەنها خوای خاوەنی بوونەوەر پێی ڕاگەیاندووە و بۆی ناردووە.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top