كاری شنەبا و ئاوی ئاسمان

902 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

كاری شنەبا و ئاوی ئاسمان  

(وَأَرْ‌سَلْنَا الرِّ‌يَاحَ لَوَاقِحَ فَأَنزَلْنَا مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَأَسْقَيْنَاكُمُوهُ وَمَا أَنتُمْ لَهُ بِخَازِنِينَ ﴿٢٢﴾ وَإِنَّا لَنَحْنُ نُحْيِي وَنُمِيتُ وَنَحْنُ الْوَارِ‌ثُونَ ﴿٢٣)(سورة الحجر اية 22-23)
(وَأَنزَلْنَا مِنَ السَّمَاءِ مَاءً بِقَدَرٍ‌ فَأَسْكَنَّاهُ فِي الْأَرْ‌ضِ ۖ وَإِنَّا عَلَىٰ ذَهَابٍ بِهِ لَقَادِرُ‌ونَ ﴿١٨)(سورة المؤمنون اية 18)
لە سورەتی (الحجر)دا: “بامان نارد ئاوس بكەن، لەو بایەش ئاومان بۆ باراندن ئێوەمان تێر ئاو كردن ئێوەش ڕاگری ئەو ئاوە نین.”
لە سورەتی (المؤمنون)دا: “لە ئاسمان بە ئەندازە ئاومان بۆتان باراند و لە زەویدا جێگەمان پێدا هەر ئێمەش دەتوانین لە بەینی بەرین.”
ئەوەی زانراوە ئەوەیە دوو جۆر”با” هەیە: یەكەمیان شنەبا كە خێر و بێرەو دووەمیان ڕەشەبا كە كاولكار و سوتێنەرە.
خوای گەورە هەردوو جۆرەكەی لە قورئاندا باسكردووە، ئەوەی لێرەدا هەیە خوا دەفەرمووێ:‌ ئێمە شنەبامان نارد ئاوس بكەن و وشەی (لواقح) بە كۆ دەهێنێ‌ كەواتە كاری ئەو بایە تەنها یەك كار نییە، بەڵكو جۆراوجۆرە و خێر و بێرەكەی زۆرە، یەكێك لەوانە وەك لە ئایەتەكەدا خوا خۆی ئاماژەی پێ داوە بۆ ئاوسكردنی هەورەكانە بە ئاو، ئەم ئاوەش بۆ خواردنەوەی مرۆڤە، خۆ ئەوە مرۆڤ نییە ئەم كارە گەورە پڕ لە بەرژەوەندییە دەكات، بەڵكو خوا لەبەر ئەو دەیكات، ئەوەشی دەمێنێتەوە دوای تێر ئاو بوونی مرۆڤ ئەوەی بۆ مرۆڤ هەیە لە زەراعەت و مەڕوماڵات خوا بۆیانی خەزن دەكات لە شوێنێكی تەواو گونجاو بۆ ئەو خەزن كردنە و پاشان وەك كانی و سەرچاوەكان بە ئەندازەی دیاریكراو پێ یان ئەبەخشێتەوە، ئەو خوایە چەندە بەڕەحم و میهرەبانە! بەڵام بابەتەكەی ئێمە لایەنە ئیعجازییەكەیەتی، هەرچەندە هاتنی باران بەو شێوە سازگارە و كرداری تەلقیحی هەورەكان و خەزنكردنی ئاو…هتد هەموویان هەر موعجیزەن و تەنها لە خوای خاوەن دەسەڵات دەوەشێتەوە. بزانین چۆن زانستی تازە قسەی لێوە دەكات، خۆ پێغەمبەری خوا بە چینەكانی زەویدا ڕۆنەچووە و زەویناس نەبووە تا ئاوا بەو تەعبیرە وردە زانستیانە ئەو باسە دابڕێژێت‌، هەروەك چۆن كەشناس نەبووە كە جۆرەكانی “با”و كردارەكانیان بزانێ‌ یان ئەوە بزانێ‌ هەورەكان بارگەیان جیاوازە و بەلێكدانیان باران بەرهەم دەهێنن، یان بەتەحەداوە بڵێ‌ سەرچاوەی هەموو ئاوەكان ئاسمانە!!
زانایان دەڵێن توخمی هایدرۆجین یەكەم توخم بووە دروست بوبێت و لە سوكترینی توخمەكانە، بەڵام توخمی ئۆكسجین هەشتەم توخمە لە ڕیزبەندی توخمە دروست بووەكان كە ژمارەیان (99) توخمە.
ئەم دوو توخمەی كە ئاوی لێ دروست بووە –بەپێی یەكێك لە تیۆرەكانی دروستبوونی ژیان- لە خولگە دوورەكانەوە گوازراونەتەوە بۆ زەوی لە ڕێگەی نەیزەكەكانەوە، ئەم نەیزەكانەش بەرمانگ كەوتوون، بەڵام لەبەر نەگونجانی هێزی كێش كردنی مانگ لەوێ‌ ئاوەكەی نەماوەتەوە.
بەڵام زەوی بەشێوەیەك دروستكراوە توانای گلدانەوە و خەزن كردنی ئاوی هەیە و پاشانیش بەهۆی بەرگە هەوای زەویشەوە بەردەوامی پێ دەدات.
-بەپێی ئەو بیردۆزەیە- زەوی بە ملیۆنان نەیزەكی بەركەوتووە كە كلكدارەكانیان سەهۆڵین بووە، لێكۆلینەوەیەكی زانستی لەساڵی (2012) لەسەر پێگەی ئاسمانی ئەمریكی بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: سەرچاوەی ئاوی زەوی هەمان سەرچاوەی ئاوی مەریخە، بە پێی دیراسەكردن و شیكردنەوەی ئەو نەیزەكانەی لە مەریخەوە دێن.
هەروەها لێكۆلینەوەكان دەریان خستووە كە لە دەرەوەی زەوی ڕێژەیەكی زۆر لە ئاو هەیە و بڵاوە یان وەك شەختە یان لەناو تەمومژی نێوان ئەستێرەكاندایە، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو ئەستێرەیەك دۆزراوەتەوە كە(750) ساڵی هەتاوی لە ئێمەوە دوورە و ئاو فڕێ دەدات بەڕێژەی سەد ملیۆن زیاتر لەوەی كە لە ڕووباری ئەمازۆندا هەیە و زۆریش ئاوەكەی گەرمە لە (سەد هەزار) پلەی سەدیدایە.
كەواتە ئاو لە ئاسمانەوە دابەزیوە، كاتێك خوا دەفەرموێ‌ ئاومان لە ئاسمانەوە دابەزاندووە ئەوا هەردوو واتاكەی لەخۆ گرتووە دابەزین و دروست بوونی سەرەتای ئاو، هەروەها بارینی لە ئاسمانەوە دوای ئەوەی لە دەریا و ئۆقیانوسەكانەوە بەشێوەی هەڵم سەركەوتوون.
مانەوەی ئاو لەسەر زەوی بە ئەندازەی دیاریكراو بەهۆی هێزی كێشكردنی زەوی و بەهۆی بوونی ئەو چینە بەردینانەیە كە ئاو بەشێوەیەكی سازگار و شیرین هەڵدەگرن تا مرۆڤ لەكاتی پێویست سودی لێ ببینێ‌، چونكە ئاوی دەریاكان سوێرن و بۆ كشتوكاڵ و خواردنەوە ناشێن‌ و ئەوانیش دونیایەك نهێنییان لەخۆ گرتووە، كە هەمووی نیشانەن بۆ گەورەیی خوڵقێنەری ئەم بونەوەرە و بەمانەی كە باسیشمان كرد بەڵگەن لەسەر بەهرەمەندی مرۆڤ بە بەهرەكانی خوا كە شایستەی پێزانین و خۆ بە بەندە زانینە بۆ ئەو خوایە.

Share Button

902 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Scroll to top