You Are Here: Home » بابەتەكانمان » تۆڕی گەردوون (النسیج الكونی)

تۆڕی گەردوون (النسیج الكونی)

 

تۆڕی گەردوون (النسیج الكونی)

ئیعجازی گه‌ردونی

 ن: ئەندازیار عبدالدائم الكحیل  و: فارووق ڕەسووڵ یەحیا  faruq_r@hotmail.com

 

پێشەكیی وەرگێڕ:

 له ژمارە (11)ی (هەیڤ)دا وتارێكی وەرگێڕاومان بڵاوكردەوە لە ژێر ناونیشانی: (تەقینەوە مەزنەكە لە نێوان زانستی نوێ‌ و قورئانی پیرۆزدا) و، هەر لەوێ‌ ئاماژەیەك درا بەو ئیعجازە زانستییەی كە تازەكی لە ئایەتی پیرۆزی: (وَالسَّماءِ ذاتِ الْحُبُك) دا دەركەوتووە.
بە پشتیوانیی خوای گەورە ئەمجارە هەندێ‌ فراوانتر لەم ئیعجازە زانستییە دەدوێین كە تەمەنی كەمتر لە ساڵێكە. بۆ ئەم مەبەستەش چەند ڕێیەكم لە بەردەمدا بوو بۆ ئامادە كردنی بابەتەكە لە سەرچاوەكانەوە، بەڵام بینیم ئەو بابەتەی كە ئەندازیار (عبدالدائم الكحیل) لە كۆتایی ساڵی (2006)ز دا لە كوەیت پێشكەشی هەشتەم كۆنگرەی جیهانیی ئیعجازی زانستی قورئان و سوننەتی كردووە، بابەتێكی بەپێز و ئامادەیە و، تەنها ئەوەندە نەبێ‌ هەندێ‌ درێژە پێدان و دووپاتكردنەوەی تێدا بەدی دەكرێت، شایانی ئەوەیە بخرێتە سەر زمانی كوردی. بۆیە ئەم بابەتەم هەڵبژارد و، دوای بواردنی دەستەواژە دووپات بووەكان و، زیادكردنی هەندێ‌ زانیاریی پێویست و، دانانی هەندێ‌ وێنەی گونجاو بۆ تێگەیشتنی ڕوونتر لە باسەكە، وەرم گێڕا بۆ كوردی. دەبێ‌ ئەوەشم لەیاد نەچێ‌ برای ئازیزم دكتۆر “مەریوان ئەحمەد ڕەشید” بە پێداچوونەوەی بابەتەكە و پێشكەشكردنی هەندێ‌ زانیاریی بەنرخ و وێنەی زانایەكی ئەم بوارە، پتر هێز و پێزی بە باسەكە بەخشی. شایانی وتنە دكتۆرى ناوبراو پسپۆڕی ئەو بوارەیە و بۆ خۆیشی بە نیازی قووڵبوونەوەی زیاتر لەم بابەتە سەردانی هەندێ‌ زانكۆی خۆرئاوای كردووە.
ئێستاش فەرموون ئێوە و پوختە وەرگێڕانی بابەتەكە:

 

تۆڕی گەردوون:

 ئەم باسە بینینێكی زانستیی نوێ‌ لەمەڕ واتای ئایەتی پیرۆزی: (وَالسَّماءِ ذاتِ الْحُبُك )(1)
دەخاتە ڕوو كە بەم دواییە زانایان لە ڕێی بەكارهێنانی كۆمپیووتەرە زەبەلاحەكانەوە (سووپەر كۆمپیوتەر Super Computer) بەدەستیان هێناوە.
لە سۆنگەی ئەم توێژینەوەیەی كە زانایان ئەنجامیان داوە دەبینین هەردەم “ڕاستییە زانستییەكان” هاوشانن لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا. كە ئەمەش شایەتێكی ڕوون و ئاشكرایە لەسەر ئەوەی قورئان لە لایەن بەدیهێنەری گەردوونەوە هاتووە و، جگە لە ڕووەكانی تری ئیعجاز كە پێشتر لە قورئاندا ئاشكرا بوون، لە ڕووی گەردوونی و زانستیشەوە كتیبَیكی پڕ لە ئیعجازی گەردوونیی نوێیە. ئەمەش وەڵامدانەوەی زانستییانەیە بۆ ئەو كەسانەی كە بێ‌ بەكارهێنانی پێوەر و تەرازووەكانی زانست و ژیری و، بێ‌ خۆ دەرباز كردن لە بڕیارە پێش وەختەكان – كە زۆربەیان ئەنجامی چاولێكەری و خۆ ماندوو نەكردنە بۆ بەدەستهێنانی زانیارییەكان – نایانەوێ‌ مل بۆ ئەو ڕاستییە نەوی بكەن.
هەنگاوەكانی باسەكەش یەكەم جار بریتییە لە سەردانی زانایانی تەفسیری قورئان و زانایانی زمان بۆ لێكدانەوەی وشەی (الحُبُك) و زانینی واتاكەی. ئنجا دەڕۆینە لای زانایانی گەردوونناسی هاوچەرخ تاكو بزانین تازەترین دۆزینەوەی زانستیی نوێ‌ لەم بارەیەوە چی دەڵێ‌. دوای ئەم هەنگاوانە ڕووی ئیعجازی زانستیمان لەم ئایەتە پیرۆزەدا لە لا ڕوون دەبێتەوە و، هەموو مرۆڤێكی ڕێزگر لە مەنتیق و ژیری و دوور لە ڕەوشی نكوولی و ملنەدان، یەقین و دڵنیایی پتر دادەمەزرێ‌ بەوەی كە خاوەنی گوفتاری قورئان هەر ئەو كەسەیە كە گەردوونی بەدیهێناوە.

 لە خزمەت تەفسیری قورئاندا:

 با لە پێشدا بزانین هاوەڵانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و شوێنكەوتووانیان چۆن لەم ئایەتە گەیشتوون و، تەفسیرنووسانی پێشین چۆن لێكیان داوەتەوە؟
ئیمامی قورتوبی” لە تەفسیرەكەیدا بۆ وشەی (الحُبُك) دەڵێ‌: ئیبن عەباس و قەتادەو موجاهید بە واتای: (بەدیهێنانی ڕێك و جوان) لێكیان داوەتەوە. “عیكریمە”ش وتوویەتی: (نابینی ئەگەر جۆڵا بە باشی پۆشاك بچنێت لەبارەیەوە دەوترێت:(حبك الثوبَ يحبكه حبكاً) واتە: باشی چنیوە؟)(2).
“ئیبن كەسیر”یش لە چەند زانایاكی پێشینەوە دەگێڕێتەوە كە لە تەفسیری ئایەتەكەدا وتوویانە: (كاتێ‌ “با” بەسەر لم و دەغڵ و دان و ئاودا هەڵدەكات شەپۆل و هەورازو نشێوی تێدا دروست دەبێت و ڕێ‌ ڕێ‌ تانوپۆی تێدا پەیدا دەبێت، “الحُبُك” بریتییە لەوە). پاشان دەڵێ‌: حەسەنی بەسری لەبارەی “ذات الحُبُك”ەوە وتوویەتی: (واتە: بە ئەستێرەكان چنراون)( 3).
“زەمەخشەری”ش لە تەفسیرەكەیدا جگە لەو واتایانەی پیشوو، ئەم واتایەشی زیاد كردووە، كە: (حُبُكُ الشَّعر: واتە شوێنەواری بەرزی و نزمی وڕێ‌ رێ‌ بوونی قژ)(4). (واتە دوای شانە كردن).
دەتوانین لەم تەفسیرانەوە ئاماژەیەك لەم ئایەتەدا بۆ (چنین و، تانوپۆ و، توندوتۆڵی و، ڕی رێ‌ بوون) بە دەست بهێنین و، لە ناوەندی وتەكەی “حەسەنی بەسری”شەوە تێبگەین كە تاڵەكانی تۆڕی ئەو چنینە ئەستێرەكانن.

 لە لای زانایانی زمان:

 ئیبن مەنزوور” لە فەرهەنگی “لسان العرب“دا سەبارەت بە واتای ئایەتی [ وَالسَّماءِ ذاتِ الْحُبُك ] پێی وایە زانایانی زمان دەڵێن: (بەو ئاسمانەی كە ڕێگا جوان و باشەكانی تێدایە)(5).
فەرهەنگی “القاموس المحیط”یش ئەم واتایەمان دەداتی: (الحبك: بریتییە لە توندوتۆڵ كردن و، جوانكاریی ئاسەواری سنعەت لە پۆشاكدا)(6).
فەرهەنگی (المعجم الوسیط)یش دەڵێ‌: (كە وترا: حبك الشئ حبكاً، واتە: ئەو شتەی توندوتۆڵ كردووە. كە وترا: حبك الثوب، واتە: پۆشاكەكەی باش چنی. كە وترا: حبك الحبل، واتە: گوریسەكەی قایم ڕستووە. كە وترا: حبك العقدة، واتە: گرێكەی قایم لێداوە)( 7).
ئەم واتایانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە زانایانی زمان واتای ئەم وشەیە دەبەستنەوە بە (چنینی پۆشاك و توندوتۆڵ كردنی) و، لە “چەند تاڵە دەزوویەك” دەدوێن كە بە “چەند گرێیەكی مەحكەم و قایم ڕێسرابن و پەیوەست كرابن”.
ئا لێرەدا پرسیارێك سەرهەڵدەدات كە ئایا لە دۆزینەوە زانستییەكانی زانایاندا شتێكی ئەوتۆ هەیە كە ئاماژە بۆ تۆڕێكی چنراوی ڕاستەقینە بكات لە ئاسماندا؟
دەبا ئێستا سەرنج لە نوێترین دۆزینەوەی زانستیی لەمەڕ پێكهاتەو شێوەی گەردوون بدەین و، ئنجا بیر بكەینەوە لە یەكاویەك بوونی ئەوەی كە چواردە سەدە پێش ئێستا قورئانی پیرۆز فەرموویەتی و ئەوەش كە زانایانی ئەمڕۆ بە بینینی یەقینی دەیبینن.

 

قۆناغەكانی پەرەسەندنی زانیاریی مرۆڤ لەمەڕ گەردوونزانی:

 زانایانی “گەردوونناسی” پەرەسەندنی زانیارییەكانی مرۆڤ سەبارەت بە “گەردوون” بە سێ‌ چەرخ و سەردەم دابەش دەكەن:
یەكەم: لە سەردەمی “ئەرستۆ”(8)وە دەست پێدەكات، كە بۆ ماوەی سەدان ساڵ بیرۆكەی وەستانی زەوی و سووڕانی هەسارەو ئەستێرەكان بە دەوریدا، بەردەوام بوو.

 

 

دووهەم: لە “كۆپەرنیكۆس”ەوە( 9) دەســت پێدەكات
كە سەلماندی زەوی (وەستاو) نییە، بەڵكو بە دەوری خۆردا دەخولێتەوە.
سێ‌هەم: ماوەی سەد ساڵێكە لە گەڵ ئەنیشتایندا(10) سەری هەڵدا، كە چەمكێكی نوێی بە (كات و، شوێن و، وزەو، مادەو، كێش) بەخشی(11).
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا زانایان دڵنیا بوون لەوەی كە زۆربەی ئەو ئەستێرانەی لە شەوێكی ساماڵدا دەیانبینین سەر بە گەلەستێرەكەی خۆمانن (گەلەستێرەی ڕێی كاكێشان) و، ناویان نا: دوورگەی گەردوونی یاخود گەلەسەتێرە (المجرة Galaxy). گریمانی ئەوەشیان دانا كە جگە لەو، گەلەستێرەی تریش هەبن.
دوای ئەوە، گەردونناسان تێبینیی شتێكی وەك پەڵە هەورو تەم و مژیان لە دەرەوەی گەلەستێرەكەمان كردو، ناوی (سەدیم Nebulae)یان لەو پەڵە هەورانە نا. لە ساڵانی بیستی سەدەی پێشوودا زانای ئەمرێكی (هابڵ Hubble) ڕوونی كردەوە كە ئەم سەدیمانە چەند گەلەستێرەیەكی ترن، وەكو گەلەستێرەكەی خۆمان وان. پاشان ئەم زانایە بۆی دەركەوت كە ئەو گەلەستێرانە بە چەندین خێرایی لە رادەبەدەر لە ئێمە دوور دەكەونەوە.
پاشان زانیاریی مرۆڤ سەبارەت بە گەردوون پەرەی سەندو، چەند دە ساڵێك پێش ئێستا زانایان دەستیان دایە لێكۆڵینەوە لە دروست بوون و پێكهاتنی گەردوون. ئنجا لە هەشتاكانی سەدەی پێشوو لە ئاستێكی جیهانیدا بایەخدان بە لێكۆڵینەوە لە پەیدا بوونی گەردوون و چۆنێتیی پێكهاتنی ئەستێرەو گەلەستێرەكان دەستی پێكرد(12).

 

 

 زانایان بۆیان دەركەوت كە گەلەستێرەكان بە ئەندازەیەكی یەكجار زۆرو گەورە لە گەردووندا بڵاون و، ژمارەیان بە سەدان بلیۆن گەلەستێرە خەمڵاندو، ژمارەی ئەستێرەكانی هەر گەلەستێرەیەكیشیان بە سەدان بلیۆنی تر ئەستێرە مەزەندە كرد( 13). ئیتر كەوتنە پرسیار كردن لەباری ئەوەی كە: ئایا شێوەی گەردوون چۆنە گەر لە دەرەوەی گەردوونەوە بۆی بڕوانین؟ ئایا گەلەستێرەكان و گازو تەپوتۆزی گەردوونی چۆن چۆنی لە بۆشایی نێوان ئەستێرەكاندا دابەش بوون؟ ئایا هیچ سیستەمێك هەیە ئەم دابەش بوونەی لە دەستدا بێت؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستی بە دیزاین و دروستكردنی كۆمپیوتەرێكی زەبەلاح بوو كە بتوانێت بە كرداری (هاوشێوەكاری) وێنەی بچووككراوەی گەردوونی ڕاستەقینە بكێشێت. ئیتر زانایان سەرجەم زانیارییە پێویستەكانیان دا بەم كۆمپیوتەرە مەزنە، تاكو كارەكەی ئەنجام بدات. ئامانجیشیان لەم پڕۆسەیە بەدەستهێنانی هەرچی زانیاریی وردترە لە بارەی دابەش بوونی گەلەستێرەكان لە گەردووندا.

 

 

 ئایا (سووپەر كۆمپیوتەر Super Computer) چییە؟

 لە پێشدا پێويستە هەندێ‌ زانیاریمان لەم ئامێرە نوێیەو هەندێ‌ لە تایبەتمەندییەكانی ببێت، تاكو لە قورسی و گرنگی و مەزنیی دۆزینەوەكە تێبگەین:
ساڵی 2000ز كۆمپانیای (IBM) كومپیوتەری زەبەلاح (Super Computer)ی بە جۆرێكی پێشكەوتوو بەرهەم هێنا بە مەبەستی بەكارهێنانی لە پڕۆسەكانی هاوشێوە كردن (المحاكاة Simulation)دا. خێرایی ئامێرەكە لە تەنها یەك چركەدا ئەنجامدانی زیاتر لە دوازدە تریلیۆن كرداری بیركارییانەیەو، قورساییەكەی زیاتر لە سەد هەزار كیلۆ گرامەو، 1.2 میگا وات وزەی كارەبای پێویستەو، قەوارەكەشی جێی دوو یاریگای تێنس دەگرێت و، ڕامەكەشی یەك ملیۆن ملیۆن بایتە!
بەڕێوەبەری كۆمپانیای (IBM)ی بەرهەمهێنی ئامێرەكە دەڵێت: ئەو كردارانەی كە ئەم ئامێرە لە تەنها یەك چركەدا ڕایدەپەڕێنێ‌ مرۆڤ گەر بە ئامێری كۆمپیوتەری ئاسایی ئەنجامیان بدات پێویستی بە دە ملیۆن ساڵ دەبێت( 14)!

 

 

ئنجا – خوێنەری بەڕێزم! – سەرنج لە گەورەیی و خیرَایی نائاسایی ئەم ئامێرەو ئەو تەكنیكە باڵایە بدە كە تیایدا ڕەچاو كراوە. خۆ ئەگەر ئامێرێكی لەم جۆرە نەبێت هەرگیز لە توانادا نابێت وێنەیەكی بچووككراوەی گەردوون بە دەست بهێنرێت.

 

 

 گەورەترین كرداری كۆمپیوتەری:

 ماوەیەكی نزیك پێش ئێستا چەند زانایایەكی خەڵكی بەریتانیا (لەوانە: زانایانی زانكۆی دورهام و نۆتینگهام) و ئەڵمانیاو كەنەداو ئەمریكا مەزنترین كرداری كۆمپیوتەرییان ئەنجام دا بۆ بە دەستهێنانی وێنەیەكی بچووككراوەی گەردوون. بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر لە دە هەزار ملیۆن زانیارییان سەبارەت بە زیاتر لە بیست ملیۆن گەلەستێرە دا بە كۆمپیوتەری ناوبراو. خۆ هەرچەندە ئەم ئامێرە خێراییەكی لە ڕادەبەدەری هەیە كەچی لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی بیست و هەشت ڕۆژی ڕەبەق كاری لەسەر ئەو زانیارییانە كرد هەتا توانیی وێنەیەكی بچووككراوەی گەردوون بكێشێت..
ئەو زانیارییانەی بەو كۆمپیوتەرە دران لەوانە بوون كە تا ئێستا بەدەست هاتوون سەبارەت بە فرانبوونی گەردوون و ڕەوشی ئەستێرەكان و تەپوتۆزی گەردوونی، بە نیازی بەدەست هێنانی وێنەیەكی هاوشێوەی گەردوون لە فراوانبوونەكەیداو، دەستنیشان كردنی ئەو ڕێگایانەی كە ئەستێرەكان و گەلەستێرەكان دەیگرنەبەر.
پڕۆفیسۆر (Carlos Frenk)( 15) لە زانكۆی دورهامی بریتانیاو بەڕێوەبەری ئەم بەرنامەیە دەڵێ‌( 16):
It is the biggest thing we have ever done,” It is probably the biggest thing ever in computational physics. For the first time we have a replica Universe which looks just like the real one. So we can now for the first time begin to experiment with the Universe“.

واتە: “ئەمە گەورەترین شتە كە تا ئێستا بە ئەنجاممان گەیاندووە، لەوانەشە لە فیزیای كۆمپیوتەریدا بە گەورەترین دەستكەوت دابنرێت. ئێمە ئێستا بۆ یەكەم جار نوسخەیەكی گەردوونمان وەك خۆی لە بەردەستدایە كە بە وێنەی گەردوونی ڕاستەقینە لە پێش چاودا دەردەكەوێ‌. هەر لەبەر ئەوەشە كە بۆ یەكەم جار دەتوانین دەست بە تاقیكردنەوەكانمان بكەین لەسەر گەردوون”.
ئەمەش ڕوونكردنەوەیەكی ڕاشكاوانەیە لە لایەن زاناو دۆزەرەوەیەكی گەورەوە كە ئێستا بۆ یەكەم جارە لە مێژوودا زانایان دەتوانن چەند ڕاستییەكی یەقینی سەبارەت بە شكڵ و شێوەی گەردوون و دابەشبوونی گەلەستێرەكانی ناوی ببینن.
ئەو وێنەیەی كە سووپەر كۆمپیوتەر بۆ گەردوونی كێشابوو تا ڕادەیەكی زۆر لە تۆڕی جاڵجاڵۆكە دەچێت. بۆیە زانایان زاراوەی (تۆڕی گەردوون)یان بۆ دانا‍، چونكە دەركەوت كە هەموو یەكێك لە تاڵە دەزووەكانی ئەم تۆڕە لە هەزاران گەلەستێرە پێكهاتووەو، ئەم گەلەستێرانەش بە شێوەیەكی یەكجار توندوتۆڵ ڕیز كراون. واتە تانوپۆیەكی تەواو مەحكەم و قایمە. لەبەر ئەوە، زانای ناوبراو لە بارەیەوە دەڵێ‌( 17):
these collections of thousands of very bright galaxies very tightly packed together.”
واتە: “ئەم كۆمەڵانەی كە لە هەزاران گەلەستێرەی یەكجار گەش و بریسكاوە پێكهاتوون، زۆر بە توندوتۆڵی و ڕێكی ڕیز كراون”.

 

ئەم ناوە لە كوێوە هات؟

 زاراوەی: (تۆڕی گەردوون) زاراوەیەكی زۆر نوێیە. زانایان بە نیازی گوزارشت لە پێكهاتەی گەردوون بەكاریان هێناوە، چونكە بینییان گەلەستێرەكان لەسەر چەند تاڵە دەزوویەكی باریك ڕیز كراون. جا ئەگەر بە پێوەرە گەردوونییەكان سەرنج لە هەر كامێكی ئەو تاڵە دەزووە گەردونییانە بدەین دەبینین یەكجار باریكە. خۆ ئەگەر بزانین تەنها یەك ئەستێرە بۆ ماوەی چەند چركەیەكی ڕووناكی لە بۆشاییدا بڵاو دەبێتەوە، ئەوا تاڵە دەزووە گەردوونییەكە بۆ چەندین بلیۆن ساڵی ڕووناكی درێژ دەبێتەوە( 18). بۆ نموونە گەر بمانەوێ‌ یەكێك لەو تاڵە دەزووە گەردوونییانە بچووك بكەینەوە هەتا تیرەكەی دەگاتە یەك ملیمەتر ئەوا درێژییەكەی سەدان هەزار مەتر دەردەچێت! ئیتر بۆ خۆت سەرنج لە باریكیی ئەم تاڵە دەزووە گەردوونییە بدە كە چەندە باریك و چەندەش درێژە! لەگەڵ ئەوەشدا تابڵێی توندوتۆڵەو بەستراوە بە چەند یاسایەكی گەردوونیی مەزنەوە( 19).
جا ئایا ئەمە نابێتە بەڵگە لەسەر مەزنیی بەدیهێنەری تاڵەكانی ئەم تۆڕەو وردیی سنعەت و كارەكانی؟ لەوانەیە لەمەوە بتوانین تێبگەین كە بۆچی خوای گەورە لە قورئانەكەیدا سوێندی پێ‌ خواردووە.

 

 

زانایان ئێستا زاراوەكانی قورئان بەكاردەهێنن:

 زانایانی ئەمڕۆ هیچ گومانێكیان لە بوونی ئەم تۆڕەدا نییە. بەڵكو ئێستا لە چۆنێتیی چنین و تەنینی ئەم تۆڕە دەكۆڵنەوە لەم تاڵە دەزووە مەزنە گەردوونییانە.

 

 

 سەیرترین و نامۆترین دیاردە لەم بوارەدا ئەوەیە كە ئێستا گەردوونناسان هەمان زاراوەی قورئان لە توێژینەوەكانیاندا بەكاردەهێنن! ئەوەتا بەم دواییانە توێژینەوەیەك لە لایەن چەند گەورە توێژەرێكی خۆرئاواوە دەرچووە تیایدا پرسیارو لێكۆڵینەوە لەو چۆنێتییە دەكەن كە بەهۆیەوە تاڵەكان لە تۆڕی تانوپۆی گەردووندا چنراون!! دەبینی وشەی: (Weave)( 20) بەكار دەهێنن، كە لە واتای (الحُبُك)دایە!
ئایا لەبەر چی لە سەدەی بیست و یەكەمدا زانایان هەمان وشەو زاراوەی قورئان بەكاردەهێنن؟ دیارە ئەوان هەرچەندە توێژینەوەو لێكۆڵینەوە ئەنجام بدەن و چەندەش ڕاستیی زانستی بدۆزنەوە دەبێ‌ هەر لە ئاكامدا بگەڕێنەوە بۆ كتێبی هەموو ڕاستییەكان كە قورئانی پیرۆزە، چونكە ئەو خوایەی كە گەردوونی بەدیهێناوە هەر ئەویش قورئانی ناردووەو، گەردوون و بەدیهاتووانی ناو گەردوونی وەك چۆنە وەها باس كردووە.

 

وردیی ئەو وشانەی كە قورئان بەكاری هێناون:

 سەیر لەوەدایە ئێستا زانایان لە چەند ڕێگایەك دەدوێن لەناو ئاسماندا! چونكە كاتێ‌ دەڕواننە ئەو وێنانەی بەهۆی سوپەركۆمپیوتەرەوە ئامادە كراون و تێبینی دەكەن وەكو چەند ڕێگایەك وان بەرەو شارێكی گەورە. بۆیە زانایان دەقاودەق دەڵێن( 21):
Such structures look like highways converging onto a large city, but with the important difference that clusters feeding filaments are organized in threedimensional space“.
واتە: “هەندێ‌ لەو بیناو پێكهاتە گەردوونییانە بە وێنەی ئەو ڕێگا خێرایانە دەردەكەون كە لە شارێكی گەورەدا بە یەك دەگەنەوە. لەگەڵ جیاوازییەكی گرنگدا كە بریتییە لەوەی ئەو كۆمەڵە گەلەستێرانەی لەسەر تاڵەكان دانراون لە بۆشاییەكی سێ‌ بوعدیدا ڕێكخراون”.
جا مادەم ئەو تاڵانە لەسەر تۆڕێكی سێ‌ بوعدی دانراون ئەوا بوونی چەند تۆڕێكی جیاجیا دەگەیەنێت بە هەموو ئاراستەكاندا. قورئانی پیرۆز بە وشەی داڕێژراوی كۆ(جمع) گوزارشتی لەم ڕاستییە كردووەو، فەرموویەتی: (الحُبُك) و، بە شێوە داڕشتنی تاك نەیفەرموو: (حبیكة). دیارە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر وردیی بەكارهێنانی وشەكان لە قورئانی پیرۆزدا!
زانایانی ئەمڕۆ بەردەوام كار بۆ دۆزینەوەی ئەو هێزی كێشە لە ڕادەبەدەرانە دەكەن كە تاڵەكانی ئەم تۆڕەیان پێكەوە گرێ‌ داوەو كۆنترۆڵیان كردووە. هەروەك لە چەند پردێك دەدوێن كە بە هێزێكی كێشی لە رادەبەدەر ئەم تاڵانەی بە یەكەوە بەستووە. ئەمەش جەختە لەسەر ئەوەی كە زانایانی ئەمڕۆ دەزانن ئەم تۆڕە گەلـێ‌ توندوتۆڵ و قایمە.
كاتێ‌ سەر لە قورئانی پیرۆز دەدەینەوە دەبینین نەیفەرمووە: (ذات النسج) یان (ذات الخیوط) چونكە چنین دەگونجێ‌ قایم بێت و دەشگونجێ‌ پچڕ پچڕ بێت. تاڵەكانیش هەندێ‌ جار تۆكمەو توندوتۆڵ و هەندێ‌ جاری تریش لاوازن. بەڵام وشەی (الحُبُك) چەند سیفەتێكی تێدا كۆبووەتەوە، گرنگترینیان ئەوەیە كە ئەم وشەیە ئاماژە دەكات بۆ:
1 – بوونی چەند تانوپۆو چنینێك.
2 – چەند تاڵێكی هاوپەیوەندیی توندوتۆڵ.
3 – بوونی سیستەمێك لەم تاڵانەدا. چونكە هەر كاتێ‌ جۆڵا پۆشاكێك دەچنێ‌ ئەوا سیستەمێكی دیاریكراو دەگرێتەبەر بۆ چنینی تاڵەكان. هەر ئەو سیستەمەیە كە چنینەكە توندوتۆڵ و قایم ڕادەگرێت، دەنا پچڕ پچڕو لاواز دەردەچێت.
4 – بوونی چەند ڕێگایەك لە ئاسماندا.
هەموو ئەم واتایانەش وشەی: (الحُبُك) لە خۆیدا كۆی كردوونەتەوە. ئەمەش یەكێكی ترە لە ئیعجازەكانی قورئان كە وشەی وردو پڕ لە واتامان بۆ گوزارشت لە ڕاستییەكە پێ‌ دەبەخشێت، ئنجا بواریش بە كراوەیی دەخاتە سەرپشت بۆ مرۆڤ هەتا بە درێژایی ڕۆژگارەكان سەرگەرمی گەڕان و پشكنین و دۆزینەوە بن و زاراوەكانیان بە پێی پێویست بگۆڕن. بەڵام كاتێ‌ لە كۆتایی و ئاكامی ڕەنج و تەقالایاندا دەگەنە ڕاستییە دڵنیایی بەخشەكان دەبینن بە ڕوونی لە قورئانی پیرۆزدا ئەو ڕاستییە وتراوە!
جا ئایا هیچ زانست و كتێبێك هەیە لەم قورئانە مەزنتر بێت؟‍‍!

 

چەند تاڵێكی ماددە تاریكەكەی گەردوون:

 بە چەند بەڵگەیەكی جۆراوجۆر سەلماوە كە ماددەیەكی تاریك هەیە بەسەر گەردووندا زاڵە. ئەم ماددەیە هێشتا نەبینراوەو نازانرێ‌ چییە. بەڵام زانایان دەڵێن: هەموو ئەوانەی كە تا ئێستا دەیانبینین 4%ی قەوارەی گەردوونە، ئەوی تری بە ڕێژەی 22% ماددەیەكی تاریكەو بە ڕێژەی 74%یش وزەیەكی تاریكە. ئەوەی جێی سەرسووڕمانی زانایان بوو بریتی بوو لەوەی كە بۆیان دەركەوت ماددە نەبینراوەكەش بە چنینێكی توندوتۆڵ دابەش بووەو، هەر ئەو ماددە تاریكەشە كە بەهۆی چەند پردێكی گەردونییەوە گەلەستێرەكان پێكەوە پەیوەست دەكات، تەنانەت ئەم پردانەش چەند تاڵێكن لەو تۆڕە( 22).

 

زانایان جەخت دەكەنەوە كە تاڵەكانی ئەم تۆڕەیان بینیوە:

 هەندێ‌ خوێنەری بەڕێز باسی (ئیعجازی زانستی)ی بەلاوە پەسەند نییە، بە بیانووی ئەوەی كە زانستی مرۆڤ چەند فەرەزییەیەكە هەردەم لەگەڵ بەرەو پێشچوونی زانیارییەكانی مرۆڤدا ئەویش گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام قورئان حەقیقەتێكی نەگۆڕە.
دەڵێین: ئیعجاز لەسەر فەرەزییەكان بنیات نانرێت، بەڵكو كاتێ‌ زانست لەو بابەتەدا دەگاتە ئەو ئاستەی كە لە فەرەزییەو نەزەرییە دەردەچێت و دەبێت بە “ڕاستییەكی زانستی” ئەو كاتە ئیعجازەكە دەردەكەوێت. جا ئێمە دەپرسین ئایا دەگونجێ‌ زانایان لە داهاتوودا “ڕاستی”یەك بدۆزنەوە كە پێچەوانەی “ڕاستی”یەك بێت ئەمڕۆ دۆزراوەتەوە؟ ڕاستی هەر ڕاستییەو ناگۆڕێت، گۆڕان لە فەرەزییەو بیردۆزەكاندا دەبێت.
دەتوانین بڵێین: چەند ڕاستییەكی زانستی هەیە مرۆڤ دەیانبینێت و بە بێ‌ گومانی هەستیان پێ‌ دەكات، وەك: راستیی بوونی گەلەستێرەكان و ڕاستیی ئەوەی كە زەوی شێوەی گۆی هەیەو، ڕاستیی بوونی خۆرو مانگ. خۆ ئەمانەش هەموو مرۆڤێك دەتوانێت بیانبینێت. بەڵام نەزەرییەكانی كۆتایی گەردوون و تەمەنی گەردوون زانایان نەیانتوانیوە جەختی لـێ‌ بكەنەوە.
ئينجا هیچ گومان لەوەشدا نییە كە گەلەستێرەكان لەم گەردوونەدا بە سیستەمێكی توندوتۆڵ و بنیاتنانێكی چەشنی چنینی تۆڕ دانراون. كە ئەمەش هەموو زانایان دانی پێدا دەنێن و كەس نكوولیی لـێ‌ ناكات. لەوانەیە توێژینەوەكانی ئایندە ڕوونكردنەوەی زیاتر سەبارەت بەم تۆڕە گەردوونییە بە دەستەوە بدەن، بەڵام هەرگیز ناگونجێ‌ ئەوە دەربكەوێت كە گەردوون بە هەڕەمەكی دابەش بووەو هیچ سیستەمێك نییە ڕێكی بخات، چونكە ئەنجامەكەی داڕمانی گەردوون دەبێت.
جا مادەم “ڕاستی”یە زانستییەكە لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا یەكاویەك دەرچوو، ئەوا هەرگیز ناگونجێ‌ زانایان لە داهاتوودا شتێكی پێچەوانەی ئەم دەقە پیرۆزە بدۆزنەوە. بەڵام دەگونجێ‌ شتی نوێ‌ لەم تۆڕەدا بدۆزنەوە، وەك ئەوەی كە وێنەیەكی باشتریان لـێ‌ دەست بكەوێت، یان بە شێوەیەكی تێرو تەسەلترو ڕوونتر بیبینن.
كەواتە هەروەك دەبینین و دەزانین زەوی شێوەی گۆی هەیە, بە هەمان جۆر زانایان بە چاوی خۆیان دەبینن كە چەندین تاڵە گەلەستێرە بە وێنەی تۆڕێك لە ناوەندی سیستەمێكی توندوتۆڵدا پێكەوە پەیوەستن و، ناگونجێ‌ ئەم دیمەنەش وەهمێك بێت دوور لە ڕاستی.
زانایانی ئەمڕۆ چەند “ڕێگا” و “پرد”ێك دەبینن كە ئەم تاڵانە بە توندوتۆڵی و قایمی پێكەوە گرێ‌ دەدەن. یەكێك لەو زانایانە دكتۆر “بول میلەر”ە كە جەخت دەكاتەوە لەسەر بوونی چەند ڕێگایەك ئەستێرەكانی لەسەر دەڕۆن و بەیەك دەگەنەوە تاكو گەلەستێرەكان پێكبهێنن. هەروەك لە: چەند تاڵێك (Filaments) و، چەند گرێیەك (Nodes) و، تۆڕ (web)( 23) دەدوێت. جا ئایا وشەی (الحُبُك) هەموو ئەم واتایانە لەخۆ ناگرێت؟
ئەم زانایە (بول میلەر)( 24) كە یەكێكە لە گەورە زانایانی گەردوونناسی بە جەخت كردن لەسەر بینینی ئەو تۆڕە دەڵێت:
We have little doubt that for the first time, we are here seeing a small cosmic filament in the early universe“.
واتە: “ئێمە گومانمان لەوەدا نییە كە بۆ یەكەم جار تاڵێكی بچووكی گەردوونی دەبینین لە گەردووونی سەرەتادا”.
سەرنج بدە كە چۆن وشەی: (دەبینین) بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی دەری ببڕێت كە بە ڕاستی تاڵەكانی تۆڕی گەردوون دەبینن. جەخت لەوەش دەكات كە بۆ یەكەم جارە مرۆڤ تاڵەكانی ئەم تۆڕە دەبینن.

 

پوختەی ئەمانەی پێشوو:

 هەر لە سەرتای نازڵ بوونی قورئانەوە تا ئێستا بە درێژایی ڕۆژگار چەندین تەفسیرو لێكدانەوە بۆ ئەم ئایەتە كراوەو لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ناسازییەك لە تێگەیشتنیدا پەیدا نەبووە. دەبینی لە تەفسیریدا وتراوە كە ئاسمان: بەدیهاتنێكی جوانی هەیە.. بینایەكی توندوتوۆڵە.. چەند ڕێگایەكی تێدایە.. گەلـێ‌ ئەستێرەی هەن دەیڕازێننەوە.. تانوپۆیەكی هەیە كە بە تۆكمەو قایمی چنراوە. هەموو ئەم تەفسیرانەش ڕاست و دروستن و، یەكێك لە مەزنییەكانی ئەم وشەیەی قورئان لەوەدایە كە سەرجەمی ئەم واتایانەی لەخۆدا كۆكردووەتەوە. خۆ كاتێ‌ كە زانستی نوێ‌ هاتە كایەوەو پەردەی لەسەر گەلـێ‌ نهێنیی گەردوون لادا دەركەوت كە هەموو ئەم واتایانە ڕاستن و، دۆزینەوەو ڕاستییە زانستییەكان یەكاویەكن لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا كە سەرانسەر ڕاستییە..
پوختەی ئەو دەرەنجامانەی كە زانایانی گەردوونناسی پێی گەیشتن بریتیە لەوەی: گەردوون پڕە لە ماددەیەكی تاریك.. چەند تالێكی یەكجار باریكیش ئەم تاریكاییە دەبڕن و لە چەند شوێنێك و لە شێوەی چەند گرێیەكدا بە یەك دەگەنەوە.. شێوەی ئەو تاڵانەش وەكو تانوپۆی چنین وایە.. زۆر بە وردی و تۆكمەییش ئەم تاڵانە چنراون و پێكەوە گرێ‌ دراون.
خۆ ئەو دیمەنەی كە ئێستا زانایان دەیبینن، هەمان شتە كە قورئانی پیرۆز بەوپەڕی وردی و بە چەند وشەیەكی كەم پێش چواردە سەدە لێی دواوەو وەسفی كردووە.

 

ئەنجامەكانی ئەم باسەو ڕووی ئیعجاز:

1 – لایەنێكی جوانی و مەزنیی ئیعجازی ئەم ئایەتە لەوەدایە كە وێڕای ئەو واتایانەی بە درێژایی ڕۆژگارەكان لێی وەرگیراون، كەچی هیچ گرفتێك لە تێگەیشتنیدا نابینرێت. لە ناوەندی تەفسیری ئایەتەكەوە ئەوە بە دەست دێت كە دەقی قورئان واتاكانی ڕوون و ئاشكران, ئەوەتا هەر لە دێر زەمانەوە خەڵكی لەم ئایەتە ئەوە تێگەیشتوون كە ئاسمان چنینێكی توندوتۆڵی هەیەو، بێ‌ ئەوەی تانوپۆی ئەو چنینەش ببینن باوەڕیان پێی بووە. خەڵكانی هەر سەردەم و ڕۆژگارێك بە ئەندازەی زانیارییەكانی سەردەمی خۆیان لێی تێگەشتوون و ئێمەش بە ئەندازەی زانیارییەكانی سەردەمی خۆمان لێی تێدەگەین. لەوانەیە سبەینێ‌ زانست وردەكاریی نوێتر لەم تۆڕە گەردوونییەدا بدۆزێتەوەو خەڵكی ئەو كاتە بە شێوەیەكی فراوانتر لەم ئایەتە بگەن. كە ئەمەش جۆرێكە لە جۆرەكانی ئیعجازی قورئان. كە بریتییە لەوەی: (قورئان گوفتاری خوای گەورەیە ئاراستەی هەموو توێژەكانی گشت كات و شوێنێكی كردووە)!هەروەك ئەم ئیعجازە ڕوونكردنەوەیەكی تر بەو وەسفەی قورئان دەبەخشێ‌ كە خوای گەورە لەبارەیەوە فەرموویەتی: (وَلَوْ كَانَ مِنْ عِندِ غَيْرِ اللهِ لَوَجَدُواْ فِيهِ اخْتِلاَفًا كَثِيرًا) (النسا‌ء:82)

2 – ئينجا وەك لەم باسەوە بۆمان دەركەوت، مێژووی بەرەو پێش چوونی زانیارییەكانی مرۆڤ سەبارەت بە گەردوون و جەخت كردنی زانایان كە بۆ یەكەم جارە بەم تۆڕە گەردوونییە ئاشنا دەبن، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە كاتی نازڵ بوونی قورئان چەمكی تۆڕو چنینی توندوتۆڵی گەردوون كەس نەیزانیوە. كەواتە تاكە لێكدانەوەی ڕاست و دروست بۆ لێدوانی قورئان لەو چنینە توندوتۆڵە لەو سەردەمەدا ئەوەیە كە تەنهاو تەنها بەدیهێنەری گەردوون خاوەن گوفتاری قورئانە، نەك كەسی تر. خۆیشی دەفەرموێ‌:  [قُلْ أَنزَلَهُ الَّذِي يَعْلَمُ السِّرَّ فِي السَّمَوَات وَالأَرْضِ إِنَّهُ كَانَ غَفُوراً رَّحِيماً] (الفرقان:6).

3 – ڕوونكردنەوەی ئەم موعجیزەیە هۆكارێكی كارایە بۆ بانگهێشتی ناموسڵمانان – نەخوازەڵا زانایانیان – بۆ تێڕامان لە قورئان و دڵنیابوونیان لەوەی كە هەرگیز ناگونجێ‌ ئەو قورئانەی كە پڕ لە موعجیزەی ئاوایە گوفتاری مرۆڤ بێت. چونكە دەبێ‌ ئەم پرسیارە لە خۆیان بكەن كە: ئایا لەو سەردەمە دێرینەدا كێ‌ دەیزانی گەردوون پێكهاتەیەكی توندوتۆڵی چەشنی تۆڕی هەیە. خۆ ئەگەر تەنها تۆسقاڵێك دادگەری و ویژدان بەكاربێنن ئەوا وەڵامەكەیان بە ڕوونی لەم ئایەتە پیرۆزەدا دەبیننەوە كە دەفەرموێ‌:  [ لكِنِ اللّهُ يَشْهَدُ بِمَا أَنزَلَ إِلَيْكَ أَنزَلَهُ بِعِلْمِهِ وَالْمَلآئِكَةُ يَشْهَدُونَ وَكَفَى بِاللّهِ شَهِيداً] (النسا‌ء: 166).

4 – هەروەك لایەنێكی دیی جوانیی ئیعجاز لەم ئایەتەدا وردیی بەكارهێنانی زاراوەكانەو، گەڕانەوەی زانایانە بۆ زاراوەكانی قورئان – بە خۆیان بزانن یان نەزانن – تاكو وەسف و لێكدانەوەكانیان بۆ دیاردە گەردوونییەكان وردو پڕاوپڕی مەبەست بێت! كەچی قورئان هەر لەگەڵ نازڵ بوونیدا وردترین و گونجاوترین زاراوەی پێویستی بۆ داناون..
ئەمەش ڕوونی دەكاتەوە كە هەروەك هەڵوێستی قورئان سەبارەت بە كتێبەكانی پێش خۆی لەوەدا دەردەكەوێ‌ كە: هەڵەكانیان بۆ ڕاست دەكاتەوەو، پشتی ڕاستییەكانیان دەگرێت و، زاڵە بەسەریاندا، وەك خۆی دەفەرموێ‌:
[وَأَنزَلْنَا إِلَيْكَ الْكِتَابَ بِالْحَقِّ مُصَدِّقاً لِّمَا بَيْنَ يَدَيْهِ مِنَ الْكِتَابِ وَمُهَيْمِناً عَلَيْهِ] (المائدة:48)  هەمان هەڵوێستیشی بەرامبەر زانستەكانی سەردەم هەیە؛ پشتی ڕاستییەكانیان دەگرێت و، هەڵەكانیان بۆ ڕاست دەكاتەوەو، پێشڕەویانەو بەسەریاندا زاڵە!

5 – ئەو كەسەی سەرنج لە ئایەتی پیرۆزی [وَالسَّماءِ ذاتِ الْحُبُك] دەدات و، پاشان بیر لەم وێنەیە دەكاتەوە كە كۆمپیوتەر بۆ گەردوونی كێشاوەو بە ڕوونی ئەو تۆڕە توندوتۆڵە دەردەخات، یەكاویەك بوونی دەقەكەی قورئان لەگەڵ ئەوەی كە زانست دۆزیویەتەوە بە جوانی دەبینێ‌. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە خاوەنی گوفتاری ئەم ئایەتە خاوەنی هەمان تانوپۆیە كە دایهێناوەو، فەرموویەتی:   [ صُنْعَ اللَّهِ الَّذِي أَتْقَنَ كُلَّ شَيْءٍ إِنَّهُ خَبِيرٌ بِمَا تَفْعَلُونَ] (النمل: 88).

 سەرچاوەكان:

 یەكەم: سەرچاوەكانی نووسەر:
نووسەری ئەم باسە، جگە لە پەراوێزەكان، بیست و دوو سەرچاوەشی هێناوە كە باسەكەی لـێ‌ وەرگرتوون. لێرەدا بۆ نموونە ناوی یەكێك لە سەرچاوە گرنگەكانی دەنووسین. ئەگەر خوێنەری بەڕێز پێی خۆش بێت دەتوانێت لە نووسینە عەرەبییەكەدا لیستی سەرچاوەكان بخوێنیتەوە. ئەو سەرچاوەیەش ئەمەی خوارەوەیە:
(Volker Springel, Professor Carlos Frenk, Professor Simon White, Millennium Simulation – the largest ever
model of the Universe, University of Durham, 2005).
دووهەم: سەرچاوەكانی وەرگێڕ:
* ئەم وەرگێڕانە یەكێكە لە باسەكانی دوا كۆنگرەی جیهانیی ئیعجازی زانستی، لە لایەن ئەندازیار (عبدالدائم الكحیل)ەوە پێشكەش كراوەو، لەم سایت و لینكەدا بڵاو كراوەتەوە:
(www.nooran.org/con8/Research/385.pdf).
* هەندێ‌ شوێنی دووپاتكراوەم لـێ‌ بواردووەو، لە هەندێ‌ شوێنی تردا – كە چەند جێگایەكی كەمن – زانیاری و چەمكی گونجاوترم داناوە، كە هەندێكیان لە دكتۆر(مەریوان ئەحمەد ڕەشید) پسپۆڕی ئەم بوارەم وەرگرتن و، هەندێكی تریان پوختەو ئەنجامی بەدواداگەڕان و خوێندنەوەكانی خۆمن لەم بابەتەدا كە لە چەند سایتێكی تۆِڕی ئینتەرنێت بڵاوكراونەتەوە.
* هەندێ‌ پەراوێزی پێویستم لـێ‌ زیاد كردووە.

 

پەراوێزەكان:

 ( 1) (الذاریات:7) واتە: (بەو ئاسمانەی كە ڕێ‌ ڕێ‌ بە توندوتۆڵی چنراوە).
( 2) تەفسیری قورتوبی، بەرگی نۆهەم. سوورەی (والذاریات). بڵاوكراوەی (دار ابن خلدون) 1996.
( 3) تەفسیری ئیبن كەسیر، لاپەڕە (1505) سوورەی (والذاریات). بڵاوكراوەی (دار المعرفة- بیروت 2004.
( 4) تەفسیری (كەششاف)ی زومەخشەری، بەرگی چوارەم، بڵاوكراوەی (دار الكتب العلمیة) ط3، بیروت 2003.
( 5) فەرهەنگی (لسان العرب)ی ئیبن مەنظور. بەرگی چوارەم ل 19 پیتی (ح). بڵاوكراوەی (دار صادر) ط1
( 6) فەرهەنگی (القاموس المحیط)ی فەیروزابادی. ل 259. بڵاوك

ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژمارە (12) و ژمارە (25) ژمارە نایاب دا بڵاوكراوەتەوە

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top