You Are Here: Home » بابەتەكانمان » ڕەواندنەوەی گومانێك سەبارەت بە ئیعجازی باسكردنی كونە ڕەشەكان لە قورئاندا

ڕەواندنەوەی گومانێك سەبارەت بە ئیعجازی باسكردنی كونە ڕەشەكان لە قورئاندا

ڕەواندنەوەی گومانێك سەبارەت بە ئیعجازی

باسكردنی كونە ڕەشەكان لە قورئاندا

16363470,pd=1,mxw=720,mxh=528

نوسین و ئامادەكردنی: خالد حسن علی

دوای پێشكەوتنی زانستی گەردونی، لە كۆتاییەكانی سەدەی بیستەمدا، زاناكان چەند تەنێكی زۆر سەیر و نامۆیان لە گەردوندا دۆزیەوە، هەرچەندە زانا ئەنیشتاین لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ئاماژەی بە بوونی ئەم تەنانە كردبوو، بەڵام نەتوانرابوو ببینرێن و دەربخرێن، زانایان بینیان ئەستێرە زەبەلاحەكانی كە چەندین جار لە خۆر گەورەترن، لە تەمەنی مردنیاندا بەشێوەیەكی زۆر سەرسوڕهێنەر بچوك دەبنەوە و دەچنەوەیەك، چڕییان بێ ئەندازە زیاد دەكات، بە جۆرێك ڕێگە بە ڕووناكیش نایەن لێیان دەرچن، بەمەیش زۆر خۆیان پەنهان دەكەن و نادیار دەبن، هەروەها بە جوڵەیەكی زۆر خێرا بە ناو هەندێ‌ شوێنی تایبەتی گەلە ئەستێرەكاندا دەڕۆن، و پاشماوەی تەپ و تۆز و دوكەڵ و تەنە زیادەكان كە لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەستێرەكان پەرش و بڵاو بونەتەوە و لەوانەیە سیستەمی ڕێكی و خولگەیی تێك بدەن، ئەوا ئەم تەنەنانە كە ناونران (كونە رەشەكان- Black Hole)، بۆیان دەچن و وەك گسكێكی كارەبایی گەردونیان لێ‌ پاك دەكەنەوە و، ڕایاندەكێشن بۆ خۆیان و قوتیان دەدەن.

لە ڕاستیدا ئەم بونەوەرە مەزنانە، لە دوو ئایەتی قورئاندا بە سێ‌ وشە زۆر بە وردی و زانستی باسی لێكراوە، وەك دەفەرمویت: (فلا أقسم بالخنس 15 الجواری الكنس 16)التكویر، واتە سوێند بەو ئەستێرانەی كە زۆر دەچنەوە یەك و زۆر خۆ دەشارنەوە و بە خێرایی دەڕۆن و زۆر پاككردنەوە و ماڵین دەكەن.

ئەم ئایەتە هەموو وشەكانی ئیعجازن، لە كەمترین وشەدا هەقیقەت و سیفەتی ئەم تەنە مەزن و سەرنج ڕاكێشانەی گەردونی باسكردووە، ئەمە قورئانە كە موعجیزەیەكی بەردەوامە و سەرسوڕهێنەرەكانی تاڕۆژی دوایی تەواو نابن، وەك پێغەمبەر دەفەرموێت 🙁لا تنقضی عجائبه). لەمەوە بۆ هەموو خەڵكی دەسەلمێت كە كە دابەزێنەری قورئان ئەو زاتەیە كە ئاگاداری هەموو نهێنیەكانی ئەرز و ئاسمانە (قل أنزله الذی یعلم السر فی السماوات واڵارض) سبحانە وتعالی.

سەبارەت بەم ئیعجازە ڕۆشنە كە بە ڕوونی باس لە كونە ڕەشەكان و سیفاتە دیارەكانی دەكات، ئەو گومانە بڵاو دەكەنەوە كە هەرگیز ناگونجێت ئەم ئایەتە بە كونە ڕەشەكان لێك بدرێتەوە لەبەرئەوەی هیچ كام لە موفەسیرینی پێشین وا لێكیان نەداوەتەوە، و كەسیان خەیاڵیان بۆ ئەوە نەچووە كە دەستەواژەی (الكنس) پەیوەندی بە بە ماڵین و گسكدانەوە هەبێت.

پوچكردنەوەی گومانەكە:

قورئانی پیرۆز كاتێك باس لە دیاردەیەكی گەردونی دەكات و نهێنیەكانی باس دەكات، هەقیقەت و پێكهاتەی دیاردەكە چۆنە بەو شێوەیە باسی لێ‌ دەكات، بەڵام بە شێوەیەك باس لەو نهێنیانە دەكات كە نەبێتە فیتنە بۆ ئەو سەردەمانەی كە هێشتا نهێنیەكان دەرنەخراون، وە هەركات زانست ئەو پەردەی لەسەر نهێنی ئەو دیاردەیە لابرد، باسكردنی قورئان بۆ ئەو دیاردە شاراوەیە ببێتە بەڵگە و ئیعجازێكی ڕۆشن لەو سەردەمەدا، بۆیە ڕوویەكی ئیعجازی قورئان لەوەدایە كە بۆ هەموو سەردەمێك گونجاوە، لەو كاتەی خەڵكی بۆچونیان بۆ دیاردە گەردونیەكان دوورە لە زانستەوە و لەو كاتانەیشدا كە زانست پێش دەكەوێت و نهێنیەكان ئاشكرا دەكات، هەروەها ڕوویەكی تری ئیعجازی قورئان ئەوەیە، بە جۆرێك لە ڕەوانبێژی ترین داڕشتنی ئەدەبیدا و كورترین دەستەواژەدا بە شێوازێك وردەكاری و نهێنیەكانی دیاردە گەردونیەكان باس دەكات، كە بۆ هەموو سەردەمێك گونجاو بێت و نەبێتە فیتنە و كێشە، هەتا ئەو كاتەی زانست پەردە لەسەر نهێنیەكە لادەبات و واتای ئایەتەكە بە تەواوی ڕوون دەبێتەوە.

خوای گەورە دەفەرموێت (سَنُڕیهِمْ ێ‌َسَنُرِيهِمْ آَيَاتِنَا فِي الْآَفَاقِ وَفِي أَنْفُسِهِمْ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ أَوَلَمْ يَكْفِ بِرَبِّكَ أَنَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ] فصلت: 53 ئیبن وكەسیر دەڵێت: [سَنُرِيهِمْ آَيَاتِنَا فِي الْآَفَاقِ وَفِي أَنْفُسِهِمْ]: “أي ستظهر لهم دلالاتنا، وحججنا، على كون القرآن حقاً منزلا من عند الله، على رسول الله بدلائل خارجية في الآفاق“. تەفسیری ئیبنوكەسیر 4/157.

واتە: لەداهاتوودا بەڵگەكانمان دەردەخەین بۆیان لەسەر ئەوەی قورئان هەقە و لەلایەن پەروەردگارەوە دابەزیوە بۆ سەر پێغەمبەر (صل الله علیه‌ وسلم)، بەبەڵگەی دەرەكی لەئاسۆكاندا.

هەروەها دەفەرموێت: [وقل الحمد لله سیریكم ایاتە فتعرفونها] (النمل: 93). واتە: بڵێ سوپاس بۆ خودا كە لەداهاتوودا ئایەت ‌و بەڵگەكانیتان نیشاندەدات ‌و ئەو كاتەیش باشتر لێیتێدەگەن

هەروەها دەفەرموێت : : [لِكُلِّ نَبَإٍ مُسْتَقَرٌّ وَسَوْفَ تَعْلَمُونَ] (اڵانعام: 67). واتە: بۆ هەموو هەواڵێك واتایەكی جێگیر هەیە، بەجۆرێك لەكۆتاییدا واتەكەی جێگیردەبێت، ئەوكاتەیش هەقێتی‌و راستێتییەكەی رووندەبێتەوە

پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لە هەموو سەردەمێكدا زانایان بۆیان نیە لێكدانەوەی زانستی بۆ ئەو ئایەتە قورئانیانە بكەن، كە زانست ڕووە شاراوەكانی دیاردەكە دەردەخات و واتای ئایەتەكە ڕوون دەكاتەوە؟ ئایا نابێت لە ڕاو بۆچونی موفەسیرینی پێشین رەِحمەتی خوایان لێ‌ بێت لابدەین؟ لە وەڵامدا دەڵێین بێگومان ئەم بۆچونە زۆر هەڵەیە كە لێكدانەوەی دەقەكان وەك دەقەكان سەیر بكەین و كەس بۆی نەبێت ڕای خۆی بڵێت چونكە:

1- ئەو ئایەتە قورئانیانەی پێشەوە ئەوەیان گەیاند كە لە داهاتودا و بە تێپەڕبوونی كات واتەكەی جێگیر و ڕوون دەبێتەوە، هەروەك موفەسیرینی پێشین خۆیان ئەمەیان زانیوە، بەڵام هەر سەردەمێك موفەسیرین بە پێی تێگەیشتن و زانیاری ئەو سەردەمە هەموو هەوڵێكی خۆی داوە، تا ڕاڤەی ئایەتەكە بكات.

2– زۆر جار لەبەر زۆر پەنهانی ئەو دیاردە گەردونیە، هەرگیز مرۆڤایەتی خەیاڵی بەلای واتای ڕاستەقینەیی ئایەتەكە نەچووە، بۆ نمونە باسی ئەم كونە ڕەشانە یان نزمترین شوێنی زەوی كە لە قورئاندا باسكراوە، لەبەر ئەوە موفەسیرینی پێشوو، بۆ ئەوەی خەڵكی توشی فیتنە نەكەن، شتێكیش باس نەكەن كە خۆیشیان لێی تێناگەن. واتای زمانەوانی ئەو ڕووەیان باسنەكردووە.

3- ئەگەر ئێمە لە لێكدانەوەی ئەو موفەسیرینانە بۆمان نەبێت ڕایەكی تر بڵێین، كەواتە لێكدانەوەی دەقەكان دەكەین بە دەق، كە لە ڕاستیدا ئەمە هەڵەیەكی زۆر گەورەیە، لە كاتێكدا زانیارییەكان و لێكدانەوە بۆ ئەو دیاردە گەردونیانە كە لەو كاتانەدا ڕاڤەی دەقەكەی پێكراوە كەم و كورت بوون .

4- گرنگترین پرسیار ئەوەیە كە بۆچی پێغەمبەر لێكدانەوەی زۆر لەم دەقانەی نەكردووە، و بە جێی هێشتووە بۆ زەمەن، بۆ نمونە ئەم ئایەتە (فلا أقسم بالخنس الجوار الكنس). قورئان وەك خۆی دیاردەكەی باسكردووە و ئەو وشانەیشی بەكارهێناوە كە زۆربەی راستییەكانی نهێنییەكان دەربخات. وتەی ئەو تەفسیرزانانەیش كە هەندێك جار توانای لێَكدانەوەی تەواویاننەبووە، نابێتە تەفسیری قەتعی بۆ ئایەتەكە، ئەگەر وابووایە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) خۆی راڤەیدەكرد.

5- جیاوازی لە نێوان ڕای موفەسیرینی پێشین لە زۆر لە باسكردنی ئەم دیاردە گەردونیانەدا، ئەوەمان پێ‌ دەڵێت، كە هەریەك لەوان بە پێی تێگەیشتنی خۆیان هەوڵیانداوە دیاردەكە باس بكەن، و لێكدانەوەكەی ئەوان نابێتە لێكدانەوەی بنبڕ، ئاشكرایە لێكدانەوی موفەسیرینی پێشین نیگای خودایی نیە، ئایا لەسەردەمی موفەسیرینی پێشودا تەفسیر تەواو بووە و دوای ئەوان دەرگای تەفسیر داخراوە، و كەس بۆی نیە تەفسیر بكات؟ بێگومان ئەمە لەگەڵ ئیعجازی قورئاندا ناگونجێت.

لێرەدا زۆر جار ئەو پرسیارە دەكرێت ئایا نەپێكان و باس نەكردنی هەقیقەتی دیاردەكە هەندێك جار، ئەوە دەگەیەنێت كە ئێمە لەو موفەسیرینانە شارەزایی و توانای زانستیمان زیاترە؟ ئایا ئەمە لە گەورەیی و تواناو زانستی ئەوان كەم دەكاتەوە؟

لە وەڵامدا دەڵێین بێگومان نەخێر، چونكە جیاوازیەك كە هەبێت لە نێوان ئێمە و ئەواندا ئەوەیە كە ئێمە بە هۆی دەرخستنە زانستیەكان چۆنێتی، ڕووی دیاردەكە دەبینین و دەزانین چۆنە، كە لەسەردەمی ئەواندا دەرنەخراوە و نەبینراوە، ئەمە وەك ئەوە وایە، لە كتێبخانەیەكی تاریكدا بە یەكێك بڵێیت وەرە وەسفی ئەم ئەم كتێبخانەیە بكە، ئەویش بەهۆی نەبینی شتەكان بە باشی ئەوەندەی هەست پێ‌ بكات وەسفی بكات، بەڵام دوایی گڵۆپەكان ئیش پێ‌ بكرێت و ژوورەكە ڕووناك بكرێتەوە، ئینجا پێی بوترێت وەسفی كتێبخانەكە بكە، بێگومان ئەگەر ئەوەی یەكەم جار زانایەك بێت و ئەوەی دووەم جار منداڵێك بێت، منداڵەكە باشتر وەسف دەكات، ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە منداڵەكە لە زاناكە توانای زانستی زۆرترە؟ بێگومان نەخێر، هەربۆیە، لە باسكردنی ئەو دیاردە گەرونیانەدا ئێستا بەهۆی گڵۆپی دەرخستنی زانستیەوە، دیاردەكەی ڕووناك كردۆتەوە و پەردەی لەسەر نهێنیەكەی لاداوە، و بۆ ئێمە لێكدانەوەی بابەتەكە ئاسانترە و هیچ پەیوەندی بەوەوە نیە كەئێمە لە پێشینانمان شارەزاتر بین، بێگومان ئەگەر ئەو موفەسیرە گەورانەی پێشین لەسەردەمی ئەواندا نهێنیە گەردونیەكە دەربخرایە یان لەسەردەمی ئێستاماندا بونایە، زۆر لە ئێمە باشتر ئیعجازە زانستیەكانیان دەردەخست، و لە ئێمە باشتر ڕاڤەی ئایەتەكەیان دەكرد. كە زۆر جار ئەوپەڕی هەوڵیانداوە بۆ ڕوونكردنەوەی ئایەتەكە و چەندین جار هەقیقەتەكەشیان وەك ئەوە بینیبێتیان پێكاوە، نمونەیش لەسەر ئەوە زۆرن.

پ/ ئایا ئەگەر لەسەردەمی ئێستادا بەهۆی ڕوونبونەوەی نهێنی دیاردە گەردونیەكان، هەندێك جار لێكدانەوەیەكی نوێ‌ سەبارەت بە ئایەتێك كە فەرمودەی لەسەر نەبێت، و موفەسیرین بە تێگەیشتنی خۆیان لێكیان دابێتەوە، باسبكەین، جیا لەو تێگەیشتنی ئەو موفەسیرانە، ئایا ئەوە دەبێتە تەحریفكردنی قورئان، وەك هەندێك گومانكار دەڵێن، لادان لە ڕای ئەوان وەك تەحریفكردنی جولەكەیە بۆ تەورات، چونكە ئەوانیش واتای دەقەكانیان گۆڕیوە، نەك زیاد و كەمیان كردبێت، ئیدی بۆ گلەیی لە جولەكە بكەین؟!

و/ وەڵامی ئەم گومانە زۆر ئاسانە، چونكە كاتێك بە لێكدانەوەی تازە دەوترێت تەحریفكردن، كە لە واتای زمانەوانیی وشە و ڕستەكە دەربچین، و بە ئارەزوی خۆمان واتایەك داتاشین بۆ ئایەتەكە، كە زمانی عەرەبی ئەو واتایە هەڵنەگرێت، و لە فەرهەنگە باوەڕپێكراوەكانی زمانی عەرەبیدا ئەو واتایە نەهاتبێت و عەرەب بەو واتایە بەكاری نەهێنابێت. بەڵام كاتێك واتای زمانەوانی وشەو ڕستەكان نەگۆڕدرێت، كە موفەسیرینی پێشین هەرچەندە زانیویانە لە زمانی عەرەبیدا ئەو ڕستەیە و ئەو وشەیە ئەو واتایە دەگەیەنێت، بەڵام بەو جۆرە لێكیان نەداوەتەوە چونكە ئەگەر بەو جۆرە لێكیان بدایەتەوە نە خۆیان لێی تێدەگەیشتن، نە خەڵكیش دەیانزانی باسی چی دەكات. بەڵام كاتێك نهێنیەكان دەرخران، و واتای ئایەتەكە ڕوون بوویەوە و دەركەوت كە واتا زمانەوانیەكانی وشەكان و ئایەتەكە تەواو گونجاو و هەماهەنگە لەگەڵ دەرخستنە زانستیەكە، ئەو كاتە واتای ئایەتەكە بە بێ‌ دوودڵی وەك خۆی لێكدەدرێتەوە ئیعجازی ئایەتەكە ئاشكرا دەبێت.

لێكچواندنی دەرخستنی ئەم ئیعجازە زانستیانەی قورئان بە تەحریفكردنی جولەكەكان بۆ تەورات، ئەوپەڕی نەزانی و خۆ لە گێلی دانە، چونكە جولەكە هەر واتای وشەكانی بە ئارەزوی خۆیان نەگۆڕیوە بەڵكو دەقەكانیان شێواند و زیاد و كەمیان كرد، بەڵگەیش لەسەر ئەوە ئەو جیاوازیە زۆرەیە، كە لە نێوان نوسخەكانی تەوراتدایە، ژمارەی سفرەكانی نوسخەی عیبری كە وەرگێڕاوە بۆ عەرەبی، كە چەندین سفر(سورەت) لە نوسخەیەكدا هەیەو لەوی تریاندا نیە، جولەكە لە زۆر شوێندا درۆیان بەدەم خواوە كردوە، وتەیان بۆ تەورات زیاد كردوە و وتویانە ئەمە وتەی خوایە.( فويل للذين يكتبون الكتاب بأيديهم ثم يقولون هذا من عند الله ليشتروا به ثمنا قليلا فويل لهم مما كتبت أيديهم وويل لهم مما يكسبون)

black-hole-star-accretion

ئێستا بێینە سەر واتای زمانەوانی وشەكانی ئەم ئایەتە پیرۆزە:

فلا اقسم: واتە سوێند بێت، الخنس: موفەسیرین دەڵێن مەبەست بە الخنس ئەستێرەیە، بەڵام لە ڕووی زمانەوانیەوە، الخنس‏:‏خنس‏:‏ الخا‌و والنون والسین أصل واحد یدل علی استخفا‌و وتستر، وشەی الخنس واتە: زۆر خۆشاراوە و نادیار، كە نەبینرێت، هەروەها بە واتای (الانقباض) زۆر چوەوە یەك هاتووە، وشەی (الخنس) سیغەی موبالەغەیە واتە زۆر خۆشاراوە زۆر چوەوە یەك، بەم پێیە واتاكە وای لێدێت (سوێند بەو ئەستێرانەی زۆر خۆیان شاردۆتەوە و زۆرنادیارن و زۆر چونەتەوە یەك).

الجوار: واتە بەخێرایی دەجوڵێن، لە (الجری) هاتووە، واتە ڕۆشتنی خێرا. كۆی (الجاریە) یە. الكنس: دوو واتای هەیە، وەك لە فەرهەنگەكاندا هاتووە: (‏ كنس‏)‏الكاف والنون والسين تشكل أصلين صحيحين‏,‏ أحدهما يدل علي سفر شئ عن وجه شئ وهو كشفه والأصل الآخر يدل علي استخفاء‏,‏ فالأول كنس البيت‏,‏ وهو سفر التراب عن وجه أرضه‏,‏ والمكنسه آلة الكنس‏,‏ والكناسة ما كنس.

یەكەم: ماڵین و پاككردنەوە و گسكدانە ، (مكنسە) گسكە و (كناسە) ئەو كەسەیە گسك دەدات.

دووەم: خۆشاردنەوە، و دیارنەمان، چونكە لە وشەی (الكناس) هاتووە كە حەشارگەی ئاسكە كێویە، كە دەچێتە ناوی وخۆی تیا حەشاردەدات.

دیارە (الكنس) سیغەی موبالغەیە، واتە ئەوەی زۆر گسك دەدات و پاكدەكاتەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە وشەی (الكنس) بەواتای زۆر گسكدەر دێت، یان زۆر خۆشارەوە؟ لە وەڵامدا: وشەی (الخنس) واتای خۆشارەوەی گەیاند، قورئانی پیرۆزیش كە وشەیەكی تری بەكارهێناوە مەبەستی گەیاندنی سیفەتێكی تری ئەستێرەكەیە و، ئەوە دوورە لە ڕەوانبێژی قورئانەوە كە هەمان واتا دووبارە كاتەوە، بەمجۆرە: (سوێند بەو ئەستێرانەی زۆر خۆشاراوەن و دەڕۆن و زۆرخۆشارەوەن)، قورئان وشە و واتایەك دوو جار دووبارەناكاتەوە بە بێ‌ سوود بە بێ‌ ئەوەی مەبەستێكی هەبێت، بۆیە واتاكە بەمجۆرە ڕاستە (سوێند بەو ئەستێرانەی زۆر خۆشاراوەن و بە خێرایی دەڕۆن و زۆر گسدەر و پاككەرەوەن)، سەبارەت بەموفەسیرینی پێشین زۆرینەیان بەمجۆرە ڕاڤەیان كردووە: (الخنس) سوێند بەو ئەستێرانەی لە ڕۆژدا خۆ دەشارنەوە، (الكنس) ئەوانەی لە ئاوابونیاندا دیار نامێنن وەك چۆن ئاسك خۆی بە ماڵەكەیدا دەكات و دیار نامێنێت. ئێستا با بزانین بۆچی موفەسیرینی پێشین بەو جۆرە لێكدانەوەیان بۆ كردووە:

لەسەردەمی زوودا تەنیا ئەو ئەستێرانە بینراون كە لە شەودا دەردەكەون و دەدرەوشێنەوە، بەڵام ئەم ئایەتە حاڵەتێكی سەیر باسدەكات، كە دەفەموێت ئەو ئەستێرانەی زۆر شاراوەن و دیارنین، كاتێك موفەسیرین ئەمەیان بیستووە، نەیانبینیوە ئەستێرەیەك هەبێت زۆر شاراوە بێت، واتای چیە زۆر نادیار و شاراوەیە؟ كە ئەستێرە بێت دەبێت، درەوشاوە و دیار بێت، لەبەرئەوە وتویانە، مەبەستی ئەوەیە كە لەڕۆژدا دیارنامێنن!! كە لەڕاستیدا لە چەند ڕوویەكەوە ئەم لێكدانەوەیە كەم و كورتە:

1- ئەم لێكدانەوەیە تەنیا لەبەرئەوە بووە كە وەك ئێمە نەیانزانیوە ئەستێرە هەیە لە ئاسمانی تاریك و ڕەشدا، نابینرێن و زۆر شاراوەن.

2- بەكارهێنانی سیغەی موبالەغە دوو جار، ( واتە زۆر خۆشارەوە)، بە خنس نەك (خانسون ) یان (خانسات ) وە بە كنس نەك (كانسون) یان (كانسات )، بەڵگەیە كە مەبەست پێی دیارنەمانی ئەستێرە نیە لە ڕۆژدا، یان ئاوا بونیان. ئەگەر مەبەست پێی ئاوا بونی ئەستێرە بێت، بۆچی بە سیغەی موبالەغە باسی دەكات؟!

3- خوای گەورە شەیتانی بە (الخناس) وەسفكردووە، واتە زۆر نادیار و شاراوە، چونكە شەیتان نابینرێت، ئەم ئەستێرانەیشی بە هەمان شت وەسفكردووە، كە زۆر نادیار و شاراوەن. وشەی (الخنس) بۆ ئەستێرەیەك نابێت دەركەوێت بە شەو و بە ڕۆژ دیار نەمێنێت، بەڵكو بۆ ئەستێرەیەك دەبێت كە هەمیشە و بەردەوام نادیار و شاراوە بێت، هەروەك چۆن شەیتان مرۆڤ هەمیشە نایبینێت.

4- ئایەتە قورئانیەكە نەیفەرمووە، (الخنس فی النهار) واتە: زۆر شاراوە لە ڕۆژدا،یان (الكنس فی المغیب) واتە: زۆر خۆشارەوە لە ئاوابونیدا، بەڵكو ئەوە قسەی موفەسیرین خۆیانە وا لێكیان داوەتەوە، بێگومان هیچ چارێكی تریشیان نەبووە، ئەگەر وا لێكیان نەدایەتەوە، چونكە وەك وترا ئەستێرەی زۆر پەنهان و نادیاریان نەبینیوە، وەك ئێمە ئێستا دەیبینین!

5- قورئانی پیرۆز باس لە سیفەتی ئەستێرەكە دەكات، نەك بۆ ئێمە چۆن دیارە، چونكە ئەگەر لە ڕۆژدا لە ئێمەوە دیار نەماون ئەوا لە نیوە گۆكەی تری زەویدا كە شەوە دیارە، واتە ئەو ئەستێرە درەوشاوانەی كە موفەسیرین وتویانە ئەوانەن، نادیار نین، بەڵكو هەمیشە درەوشاوە و دیارن.

پاشان بزانین بۆچی موفەسیرینی پێشین ڕەحمەتی خوایان لێبێت، وشەی (الكنس) یان بە ئاوا بوون و دیارنەمانی ئەستێرە لێكداوەتەوە و نەچون بۆ واتای پاككەرەوە و گسكدەر، ئاشكرایە ئەوان لە ئێمە زۆر شارەزاتر بوون بە زمانی عەرەبی، وە زانیویانە كە واتای سەرەكی (الكنس) گسكدانە، بەڵام ئەگەر بەو واتایە لێكیان بدایەتەوە، چۆن خەڵكیان تێبگەیاندایە كە ئەستێرە هەیە لە ئاسماندا كەناسی دەكات ، كاتێك ئەو دیاردەیە نەبینراوە، وە خۆیشیان هەرگیز خەیاڵیان بۆ ئەوە نەچووە كە ئەستێرەی وا لە ئاسماندا هەبێت. بۆیە وەك حاڵەتێكی سروشتی هەركەسێك بێت لەو سەردەمە، پێش ئەوەی ئەو ئەستێرانە دەربخرێن، ئەو لێكدانەوەیە ناكات، كە نە خۆی نە خەڵكی لێی تێدەگات و دەبێت جێگای فیتنە و كێشە .

بۆیە هەر بە واتای دیار نەمان لێكیان داوەتەوە، لە كاتی ئاوابونیدا، كە دیارە ئەمەیش دوورە لە ئەستێرەوە، و ئەوە هەڵەیەكی زانستیە، چونكە ئەستێرە نیە ئاوا بێت، بەڵكو بە نیسبەت ئێمەوە هەندێ‌ ئەستێرە ئاوا دەبن، بەڵام ئاشكرایە قورئانی پیرۆز باسی سەیركردنی ئێمە بۆ ئەستێرە ناكات، بەڵكو باسی ئەستێرەكە و سیفەتەكەی دەكات. هەروەها قورئانی پیرۆز بە ناوبانگە بە وردی وەسفەكانی، ئەگەر مەبەستی (الكنس) خۆشاردنەوە بێت، ئایا ئەستێرە لە چی خۆی ئەشارێتەوە؟ هەتا ئەگەر وشەی (الكنس) بەكار هاتووە بۆ خۆشاردنەوەی ئاژەڵ، بە كارهێنانی لێرەدا بەو واتایە وەرناگیرێت، چونكە ئەگەر ئاژەڵ شوێنێكی هەیە خۆی تیا بشارێتەوە، ئەستێرە شوێنی كوا خۆی تیا بشارێتەوە؟ لە ڕاستیدا لە ڕووی زمانەوانیەوە بۆیە وشەی (الكنس) بەكارهاتووە بۆ ئاسكە كێوی چونكە كاتێك ئەچێتە حەشارگەگەی لە نێوان درەختە پۆشەرەكاندا، ئەو لمەی لەسەریەتی ئەیماڵێت و پاكی ئەكاتەوە، تا دەگاتە زەویە گەرمەكە و لەسەری دەحەوێتەوە، كەواتە لەمەوە دەردەكەوێت كە بنەڕەتی وشەی (الكنس) بۆ گسك دان و ماڵینە، كاتێكیش بۆ ئاسك و ئاژەڵی كێوی بەكار هاتووە لەبەرئەوەیە كە هەڵدەستن بە ماڵینی شوێنەكەیان! نەك وەك گومانكار دەڵێت، ئەم وەسفانەی قورئان (الخنس الجواری الكنس) هەموویان لە وەسفی ئاسكەوە وەرگیراون!! لە فەرهەنگی تاج العروس و لسان العرب دا هاتووە كە دەڵێن: (سمِّيَ به لأَنَّه يَكْنِسُ في الرَّمْلِ حَتَّى يَصِلَ إِلى الثَّرَى)

موفەسیرینی پێشین زانیویانە وشەی الكنس بنەڕەتەكەی بۆ ماڵینە بۆیە هەندێكیان وتویانە (الكنس) مەبەست پێی ئەو ئەستێرانەیە، كە شەو دەماڵن، واتە شەو لادەبن و ڕۆژ بەدوای خۆیاندا دێنن. (فی الدر المنپور، أخرج سعید بن منصور و الفاریابی و عبد بن حمید و ابن جریر و ابن أبی حاتم و الحاكم و صححه من گرق عن علی فی قوله (فلا أقسم بالخنس) قال: هی الكواكب تكنس باللیل و تخنس بالنهار فلا تری. واتە لێرەدا بە شێوەیەكی خوازراو (مجازی) واتاكەیان لێك داوەتەوە، كەئەمەیش دوورە لە هەقیقەتەكەی.

http://www.youtube.com/watch?v=FUWY83tFwBM

ئەمە گرتەیەكی ڤیدیۆییە كە ڕاپۆرتێكی كەناڵی (الجزیرە)یەو كە كونێكی ڕەش نیشان دەدات لەكاتی هەڵوشینی ئەستێرەیەكدا، لەر ِاستیدا ئەم كونە ڕەشانە ڕەحمەتێكن بۆ وەستان و مانەوەی گەردون، چونكە زانایان دەڵێن لەدوای تەقینەوەی ئەستێرەكان، ملیۆنان پاشماوەی ئەو تەقینەوانە دەكەونە ناو گەردونەوە كە پێدەچێت ببنە هەسارۆك و نەیزەكی دەرچوو لە خولگەكانیان بەوەش پیاكێشان ڕوو دەدات، كە دوور نیە زەوی خۆمان بەرە و ڕووی نەیزەكێكی زۆر بێتەوە، بەڵام ئەم كونە ڕەشانە هەڵدەستن بە پاك كردنەوەی تەپ و تۆز و پاشماوەی ئەو تەقینەوانەی گەردون پەرش و بڵاودەكەن و تەنی زیادەن لە گەلە ئەستێرەكاندا. لەبەرئەوە بەكارهینانی وشەی (الكنس) زۆرپاكەرەوە و ماڵەر بۆ ئەم ئەستێرانە زانستیترین وەسفن كە ئیشی سەرەكیان ڕووندەكاتەوە.

یەكێك لە موفەسیرە گەورەكانی قورئان ( عبد الرحمن حسن حبنكە) (1927-2004) یە، لە تەفسیرە تەدەبوریەكەی بۆ قورئان (معارجُ التفكُّر ودقائقُ التدبُّر)، كە لە ئایەتەكانی قورئان زۆر ڕاماوە و ورد بۆتەوە، و بەرهەمی وردبونەوەی دەیان ساڵ ئەم تەفسیرەی نوسیوە، لەسەر ئەم ئایەتە، كاتێك لە ڕووی زمانەوانی وشەكانی ئەم ئایەتە ورد بۆتەوە، زۆر بە شێوازێكی ورد بۆ هەقیقەتی ئەم ئیعجازە چووە، كە خۆی باسی كونی رەشەكانی نەكردووە و لە كاتی نوسینی تەفسیرەكەیدا نەیزانیوە تەنی وا لە ئاسماندا هەن، بۆیە هەروەك موفەسیرینی پێشین لێكدانەوەی ئەم ئایەتەی كردووە، بەڵام لە كۆتایدا لە بەرگی یەكەم لاپەڕە422 دەڵێت: (وقد يكون وصفها بأنها كنس، لانها تجذب إليها الغبار والكتل الصخرية، التي خلفتها نجوم أو كواكب، انفجرت وتناثرت أجزاؤها، فهي بمثابة الكانس الذي يكنس القمامات، والله أعلم) واتە: پێ‌ دەچێت وەسفكردنی بە (كنس) لەبەرئەوە بێت، كە ئەم ئەستێرانە تەپ و تۆز و بارستە بەردیەكانی كە ئەستێرە و هەسارەكان، لەكاتی تەقینەوەیان، بڵاویانكردۆتەوە، ڕاكێشن بۆ خۆیان، واتە لە جێی گسكێك بن كە خۆڵ وخاشاك دەماڵێت، خودایش زاناترە)

هەروەها لە لاپەڕە 419 بەرگی (1) نوسیویەتی: إن معظم المخاطبين العرب إبان التنزيل لا يدركون عظمة هذه الايات الكونية (النجوم الخنس- الجواري الكنس) لكن سيَأتي زمان يتسع فيه علم الفلك، ومعرفة كثير من عظمة الظواهر الكونية الدالة على صفات خالقها ومتقنها، ويدرك فيه علماء  الكونيات عظمة هذة الايات الكونية الدالات على الخالق الرب العليم الحكيم القدير، ليؤكد لهم صدق الرسول محمد (صلى الله عليه وسلم). . واتە: زۆربەی ئەو عەرەبانەی ئەم ئایەتانەیان دەبیست لەكاتی دابەزانیدا، لە گەورەیی و مەزنی ئەم ئایەتە گەردونیانە تێنەدەگەیشتن، بەڵام دەبێت سەردەمێك بێتە پێشەوە زانستی فەلەكی پێشبكەوێت، گەورەیی ئەم دیاردە گەردونیانە كە بەڵگەی سیفاتەكانی پەروەردگارن بزانرێت، ئەو كاتە زانا گەردونیەكان لە گەورەیی ئەم ئایەتانە تێبگەن، كە نیشانەی بەدیهێنەرێتی و پەروەرێنی و زۆر زانای و زۆر دانای و زۆر توانایی خودایە، هەروەها تا بۆیان بسەلمێت پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) ڕاستەو نێراوی خودایە.

هەروەها سەبارەت بەو گومانەی كە دەڵێت: (زۆربەی هەرەزۆری موفەسسیرەكان [ئەگەر نەڵێین هەمویان] دەڵێن: مەبەستی لەم وەسفە ڕێك ئەو پێنجەیە كە لە كۆندا پێیان وتراوە ئەستێرە گەڕۆكەكان، كە ئەم پێنج هەسارەیەن: (عەتارد، زوهەرە، مەریخ، زوحەل، موشتەری). هەندێك لە تەفسیرەكان بەڕونی ناوی ئەم پێنجە ئەهێنن، ئەمەش لەبەر ئەوەی كاتی خۆی لە هەسارەكان تەنها ئەم پێنجە بینراون بە ئاسمانەوە. ئینجا چونكە ئەم هەسارانە جوڵەیان دەبینرێت و ئاوابونیان لەبەرچاو خێراترە؛ بۆیە دەقەكە باسی جوڵە و ئینجا دیارنەمانی ئەوانە دەكات..)

لە وەڵامی ئەمەدا دەڵێین، ئەم نوسینە بەڵگەی ئیعجازەكەیە، چونكە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە موفەسیرینی پێشوو، یەكەم زانیویانە ئەم وەسفانە باسی ئەستێرەیە، دووەمیش وتویانە هەموو ئەستێرەكان ناگرێتەوە، بەڵكو تەنیا ئەو ئەستێرانە دەگرێتەوە كە بە بۆچونی ئەو كاتە نزیكترین لێكدانەوەی ڕاستیی بووە، بۆیە بەپێی وەسفە قورئانیەكە هەوڵیانداوە بزانن كام جۆرە ئەستێرانە، ئەم وەسفانە دەیانگرێتەوە، لە دوای گەڕان و بیركردنەوەی زۆریان نزیكترین شتێك كە لە ژیریی ئەو كاتەوە بەرچاوەوە نزیك بوبێت، ئەو ئەستێرانە بوون، كە لەوە باشتر و گونجاوتریان نەبینیوە، ئاشكرایە ئەگەر وەك ئێمە كونە ڕەشەكانیان ببینیایە، دەیانزانی كە ئەم وەسفانە بەسەر كونە ڕەشەكاندا دەچەسپێت. كەواتە موفەسیرین زانیویانە ئەمە ئەستێرەیە و هەموو ئەستێرەیەكیش نیە، بەڵكو كۆمەڵێكی تایبەتین كە ئەو وەسفانەی بەسەریاندا دەچەسپن، وە لەمەوە ڕوون دەبێتەوە لە تەفسیری ئەم ئایەتانەدا، موفەسیرین ڕاو بۆچوونی خۆیان دەڵێن لە هەموو سەردەمێكدا و بە پێی تێگەیشتنی سەردەمەكەیان. ئەمە ڕاو بۆچونە و كەس ناتوانێت ئەم بۆچونە فەرز بكات بەسەر واتای ئایەتەكە، چونكە نە ئایەتەكە خۆی باسی ئەو ئەستێرانەی كردووە، نە پێغەمبەر خۆییشی باسی كردووە، كە باسی هەسارەكانی (عەتارد، زوهرە، مەریخ، زوحەل، موشتە‌ری)ن.

لەڕاستیدا موفەسیرین لەبەرئەوەی ئایەتەكە هێندە شاراوە بووە لایان و پاشان پێغەمبەر خۆی تەفسیری نەكردووە، بە ڕای خۆیان لێكدانەوەیان بۆ كردووە، كەوتونەتە جیاوازیەوە، لەگەڵ ئەوەی زۆرینە وتویانە مەبەست پێی ئەستیرەیە بەڵام لەبەر قورسی و شاراوەیی ئەم دیاردەیە، تیایاندایە وتویەتی مەبەست پپَی ئاسكە كێویە، بەڵام زۆریان وەڵامی ئەم بۆ چونەیان داوەتەوە، بۆ نمونە قورتوبی دەڵێت (قال القرطبی: ” : ” والأصح الحمل على النجوم، لذكر الليل والصبح بعد هذا، فذكر النجوم أليق بذلك. ) ڕاستتر ئەوەیە كە باسی ئەستێرەكان بێت، لەبەرئەوەی شەو و ڕۆژ لەدوای ئەوە باسكراوە (واللیل إژا عسعس والصبح إژا تنفس) بۆیە باسكردنی ئەستێرەكان بۆ ئێرە شیاوترە.

لێرەوە دەردەكەوێت كە لێكدانەوەی ئەم ئایەتە بە كونە ڕەشەكان ڕاستترە، و ئەمە نابێتە تەحریفكردنی واتای قورئان وەك گومانكار دەڵێت، لە كاتێكدا لە خۆمانەوە واتامان بۆ وشەكان دانەتاشیوە ، بەڵكو بە پێی فەرهەنگەكانی زمانی عەرەبی واتای وشەكانمان لێك داوەتەوە، كە موفەسیرینیش لە ئێمە شارەزاتر بوون بەو واتایانە بەڵام وەك پێشتر باسكرا، نەبینیی دیاردەكە و نهێنی لە گەردوندا، وایكردووە خۆیان لەم واتایە نەدەن.

كونە ڕەشەكان چوار سیفەتی دیاریان هەیە: 1- زۆر شاراوەیی. 2- زۆر چونەوەیەكیان . 3- ڕۆشتنی خێرا. 4- گسكدان و پاككردنەوەی دەوروبەریان. بە هەڵوشینی تەپ و تۆزو تەنەكانی تەنیشتیان وەك گسكی كارەبایی. زاناكان دەڵێن هێزی كێشكردنی ئەم كونە ڕەشانە زۆر زۆرە، بەڵام تەنیا كار لەسەر ئەو تەنانە دەكات كە نزیكن لێیانەوە، واتە وەك گسك تەنیا ئەوەی نزیك بێت لێیەوە دەیماڵێت، ئەوەش لە بەزەیی خوای گەورەیە چونكە ئەگەر لە ماوە دوورەكانەوە كاریگەریان هەبوایە، دەمێك بوو زەوی ون بوبو، چونكە گەلە ئەستێرەكەمان ملیۆنان كونی ڕەشی تێدایە!! كە تیایاندایە دە جار لە خۆر قورسترە بەڵام تیرەكەی تەنیا 60كم دەبێت!

ئەم چوار سیفەتە لە واتای زمانەوانیی هەر سێ‌ وشەكەدا هەیە (الخنس) واتای ئەو ئەستێرانەی زۆر خۆشارەوەن زۆر چووەوە یەكن، دەگەیەنێت، چونكە خًس(خوننەس) كۆی وشەی خناس (خەنناس)ە، كە (خَنّاس) بۆ سیغەی مبالغە و دووبارەیە، بنەڕەتەكەی (خانس) (خانیس) ە كە ناوی بكەرە (إسم الفاعل) لەو شەی (خنس) (خەنەسە) وەرگیراوە.. لەفەرهەنگەكانی زمانی عەرەبیدا هاتووە كە ئەم وشەیە بە واتای (الاستخفا‌ء والانقباض) دێت.

لە ڕاستیدا قورئانی پیرۆز بە تەنیا بەم وشەیە، دوو سیفەتی دیاری كونە ڕەشەكان باسدەكات كە زۆر شاراوەیی و دیارنەبونیانە و هەروەها زۆر چونەوەیەكیانە، چونكە زاناكان دەڵێن ئەم تەنانە لە ئەنجامی زۆر چونەوەیەكی ئەستێرە گەورەكان دروست دەبن، بۆ نمونە بێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر زەوی خۆمان كە تیرەكەی نزیكەی (12000)كم ە، ببێتە كونێكی ڕەش ئەوا دەبێتە یەك سانتیمەتر!!

2- الجوار (جوڵەی خێرایان هەیە)

3- (الكنس) (كوننەس) زۆر گسكدەر و پاككەرەوەن. ئەمیش كۆی وشەی (كنًاس)(كەنناس) ە ، كە بنەڕەتەكەی (كانس) (كانیس) ە، كە ناوی بكەرە (إسم الفاعل)، لە وشەی (كنس) (كەنەسە) وەرگیراوە.

پرسیار/ ئایا وەسفكردنی قورئان وردترە یان زانستی نوێ‌؟

زانایان ئێستا زۆر جار بە كونە ڕەشەكان دەڵێن: cosmic vacuum :

(1) http://abcnews.go.com/2020/Science/story?id=2365372&page=1

(2) http://imagine.gsfc.nasa.gov/docs/science/know_l2/black_holes.html

(3) http://ckb.wikipedia.org/wiki/%DA%A9%D9%88%D9%86%DB%8C_%DA%95%DB%95%D8%B4

(4) http://answers.yahoo.com/question/index?qid=20090111151940AAqXhiu

هەمیشە پەرتوكی خوای گەورە، باسی هەقیقەتە رەِهاكان دەكات كە ناگۆڕدرێن و پێویست بە گۆڕان ناكات، بەڵام زانایانی مرۆڤ، وردە وردە شتەكان دەردەخەن، بۆیە لەماوەی گەشتی دەرخستنی كونە ڕەشەكاندا، بە پێی سنوری زانیاریەكانیان ناویان بۆ دانا.

ناوی (الثقوب السودا‌ء- Black Hole) لەوەوە هات كە، كە پێش چەندین ساڵ لەسەر زاری یەكێك لە زاناكانەوە كاتێك ئەم ئەستێرانەیان بینی، گومانی برد كە بۆشایی و كون لە ئاسماندا هەیە، بۆیە بەو ناوەوە ناویان نا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە دوورە لە هەقیقەتی ئەم ئەستێرانە، چونكە ئەم كونە ڕەشانە كێشیان زۆر زۆرە، بە بلیۆنان بلیۆنان تەن لە تەسكترین قەبارەدا چڕ بۆتەوە، لەبەرئەوە قورئانی پیرۆز ناوی نەبردووە بە كونە ڕەشەكان، چونكە كون واتای بۆشاییە، لە كاتێكدا ئەم تەنانە بەهیچ جۆرێك بۆشاییان تێدا نیە، بەڵَكو لەوپەڕی بارستایی و كێشدان. ملیۆنان جار لە خۆری خۆمان قورستترن، ئیتر چۆن پێیان بڵێن كون؟!! هەروەها بەكارهێنانی وشەی ڕەش زانستی نیە، هەروەك خۆیان ئێستا وا دەڵێن، چونكە ڕەش یەكێكە لە ڕەنگەكان لە كاتێكدا ئەم تەنانە ڕەنگیان نیەو نابینرێن، بەڵكو (invisible) ڕاستترە واتە نەبینراو، هەروەك ئێستا سایتە زانستیەكان ئەم وەسفەی بۆ بەكاردێنن، سەیری ئەم لینكانە بكە:

http://www.nasa.gov/audience/forstudents/5-8/features/what-is-a-black-hole-58.html

http://www.astronomytoday.com/cosmology/blackholes.html

 

لەمەوە دەردەكەوێت كە زۆر جار وەسفی مرۆڤ ورد نیە، بەڵكو پەرتوكی خوای گەورە وردترین وەسفی زانستیی دەكات، كە تەعبیر لە هەقیقەتی ئەستێرەكە دەكات. لە كاتێكدا كونی ڕەش تەعبیر لە هەقیقەتی ئەستێرەكە ناكات، بەڵام تازە زانایان نەیانتوانی ئەو ناوە بگۆڕن، چونكە ئەو هەر لەسەرەتاوە بەو ناوەوە ناسرا.

ئامانجی قورئان لە باسكردنی ئەم تەنە ئاسمانیانە چیە؟

لە ڕاستیدا ئامانج لە باسكردنی ئەم تەنانە بە تەنیا ئەوە نیە كە قورئانی پیرۆز ئاگادارمان بكاتەوە تەنی وا لە ئاسماندا هەیە، بەڵكو سوێند پێ خواردنی خوای گەورە بە دروستكراوێكی بۆ گەورەیی و تەعزیمە، كە ئەم دروستكراوە نیشانەی توانا و مەزنی پەروەردگارمان نیشان دەدات (سبحانە وتعالی)، هەروەها ئەوەمان پێ‌ دەڵێت كە ئەم قورئانە وتەی ئەو زاتەیە كەئەو تەنە ئاسمانیانەی دروستكردووە، هەروەك كۆتایی ئەم ئایەتانە دێنێت بە (إنە لقول رسول كریم) واتە : بێگومان ئەم قورئانە گوفتاری ڕەوانەكراوێكی پایە بەرزە كە فریشتەی سرووشە.

هەروەها ئامانج لە باسكردنی ئەم نهێنیانەی گەردون، هاتنەدی بەڵێنەكەی پەروەردگارە كە فەرموی: [سَنُرِيهِمْ آَيَاتِنَا فِي الْآَفَاقِ وَفِي أَنْفُسِهِمْ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ أَوَلَمْ يَكْفِ بِرَبِّكَ أَنَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ] فصلت53.

وەك لە كۆتایدا و لەدوای باسكردنی ئەم بەڵگە گەردونیانە، دەفەرموێت (انە لقول رسول كریم) .

هەروەها ئەم ئایەتانە دڵنیا كردنەوەی مەردومانە بە هاتنەدی هەموو بەڵێنەكانی دیكەی قورئان، كە چۆن دڵنیا بوون ئەم بەڵێنەی هاتەدی ئاوایش دڵنیا بن هەموو بەڵێنەكانی تری سەبارەت بە زیندوو بونەوە و گۆڕەپانی لێپرسینەوە و سزای دۆزەخ و بەهەشتی نەبڕاوە، ئەوانیش دێنە دی و دەیانبینین، هەروەك چۆن ئێستا ئەو بەڵێنە نهێنیانە بۆ ئێمە بونەتە بینراو، ئاواش هەموو بەڵێنەكانی تری دوای مردن دەبنە بینراو و ڕاستەقینە.

سەرچاوەكان:

تەفسیرەكانی ( ئیبن كەسیر، قورتوبی، تەبەری، شەوكانی، رازی، ئالوسی، ، زەمەخشەری، بەیزاوی، خازن)

فەرهەنگەكانی ( لسان العرب، المعجم الوسیط، مقاییس اللغە، الصحاح فی اللغە، القاموس المحیگ)

كتێبی (السما‌ء فی القران الكریم د.زغلول النجار) لاپەڕە 211 تا 232

http://www.eajaz.org/index.php/Encyclopedias/Encyclopedia-responding-to-suspicions/Misconceptions-about-the-scientific-miracles-in-Astronomy

http://www.kaheel7.com/modules.php?name=News&file=article&sid=633

http://science.nasa.gov/astrophysics/focus-areas/black-holes/

http://en.wikipedia.org/wiki/Black_hole

ئەمانەو چەندین سایت و سەرچاوەی دیكە.

 

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top