ئیعجازی زانستیی لە كەوتنە خوارەوەی نەیزەكەكەی ڕوسیا

2704 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

ئیعجازی زانستیی لە كەوتنە خوارەوەی نەیزەكەكەی ڕوسیا

naizak

ڕۆژی (15/2/2013)، كاتژمێر (9:15)ی سەرلەبەیانی ناوچەی باشوری ئۆرالی ڕوسیا، كەوتنە خوارەوەی نەیزەكێكی بە خێرایی (18كم/چركە)یەكدا بە خۆوە بینی، كە بارستاییەكەی (10) هەزار تەن بوو، لەئاسماندا دوو هەوری سەریەكی حەلەزۆنی دوكەڵیی لەسەر شاری شیلابینسك دروستكرد، دواتر لە بەرزی (10كم) تەقیەوە، كە (30) هێندەی بۆمبی ئەتۆمی وەك ئەوەی هێرۆشیما بەهێز بوو، ئاسمانی ئەو ناوچەیەی بە توندی درەوشانەوە، و دەنگی تەقینەوەكە، پەنجەرەی بیناكانی شاری شیلابینسكی شكاند لە ئەنجامدا زیاتر لە هەزار كەس بریندار بوون، و نزیكەی سێ‌ هەزار بینا زەرەرمەندبوون، كە ڕووداوێكی لەمجۆرە بۆ خەڵكی ڕوسیا و هەموو جیهانیش ڕووداوێكی نامۆ بوو، پێشتر لە ڕۆژی ڕووناكدا و لەسەردەمی تازەدا مرۆڤ نەیزەكی واینەدیبوو، كە شەوق و ڕووناكیەكی وا بەهێز زاڵ بێت بەسەر تیشكی خۆر و دەنگی وا گەورە و دروستبونی هەوری سپی دوكەڵیی، ڕووداوێكی نەبینراو بوو.
زانایان دەڵێن هەتا ئێستا مرۆڤایەتی نەیتوانیوە پێشبینی ڕوودانی ئەم دیاردانە بكات، و تا ئێستا ئەو زانستە نیە بتوانن پێشتر خەڵكی لێ ئاگادار بكەنەوە، هەروەك چۆن تا ئێستا نەیانتوانیوە پێشبینی ڕوودانی زەمین لەرزە و شەپۆلەكانی تسونامی بكەن.
قورئانی پیرۆز چۆن باسی لە كەوتنە خوارەوەی نەیزەك و بەردەكان كردووە؟
لە چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆزدا باسی كەوتنە خوارەوەی پارچەی تەنە ئاسمانیەكان كراوە، هەر لە چەو و وردە بەردەوە (حاصب)، هەتا پارچەی وەك ئەمەی ڕوویدا و گەورەتریش، خوای بە توانا لە ئەنجامی تاوانی مرۆڤەوە، ڕوودانی ئەم دیاردانەی بە ئەگەرێكی نزیك داناوە، تا دڵنیابن هەرچەندە بەرگە هەواكە پارێزەرێكی تەواوە بۆ پاراستنی سەر زەوی لەو بەردانە، بەڵام تاوانی بەندەكان وادەكات هەندێك جار ئەو پارچانە، بەرگە هەواكە ببڕن و بكێشن بەزەویدا، كە بەهۆیانەوە دوور نیە هەزاران بەڵكو ملیۆنان لەناوببات، هەروەك چۆن میللەتانی پێشین هەیانە بەم جۆرە سزایە لەناوبراون.
زانایان دەڵێن زەویەكەمان بەردەوام لە ژێر مەترسی بەرە و ڕووبونەوەی تیشكە زیانبەخشەكان و كەوتنە خوارەوەی پارچە و بەردەكانی دەرەوەی زەوییە، بەڵام خوای كاربەجێ‌ قەڵغانی بەرگە هەوای بۆ زەوی داناوە، كە بەردەوام زەوی لە تیشكە زیانبەخشەكان بە مژینیان و كەوتنە خوارەوەی نەیزەكەكان بە سوتاندنیان دەپارێزێت.
پەروەردگار دەفەرموێت: (وَجَعَلْنَا السَّمَاء سَقْفًا مَّحْفُوظًا وَهُمْ عَنْ آيَاتِهَا مُعْرِضُونَ) (الانبیا‌ء32)، واتە: ئاسمانمان بۆ كردوون بە سەقفێكی پارێزراو، بەڵام ئەوانە سەبارەت بە ئایەتەكانی ئاسمان پشت تێكەرو ڕوو وەرگێڕن.
ئەگەر سەیر بكەین هەسارەكانی ترو هەتا مانگیش بە هۆی نەبونی بەرگە هەواوە، ڕووەكانیان بەهۆی نەیزەك باران و بەرد بارانی بەردەوامەوە، چاڵ چاڵ بوون.
كە ئەمە نیشانەو بەڵگەی الحافڤ ی پەروەردگارە كە كافران لێی وردنابنەوە و كەڵك وەرناگرن.
لە قورئانی پیرۆزدا دوو جۆر كەوتنە خوارەوە باسكراوە:
یەكەم: الحاصب كە وردە چەوە، خوای گەورە لەبارەی ئەمەوە دەفەرموێت:

 أم أمنتم من في السماء أن يرسل عليكم حاصبا فستعلمون كيف نذير الملك 17 واتە: ئایا ئێوە دڵنیان لەو خودایەی كە لە ئاسمانە كە وردە چەوتان بۆ ببارێنێت ئەو دەمە تێدەگەن هەڕەشەی ئێمە چۆنە.

خوای پەروەردگار باس لە گەلە یاخیەكانی پێشین دەكات، كە هەریەكەیان بە جۆرێك سزادراون، لەوانە كەوتنە خوارەوەی وردە بەرد و چەو، وەك دەفەرموێت (فكلا أخذنا بذنبه فمنهم من أرسلنا عليه حاصبا) (العنكبوت 40)، واتە: ئێمە هەریەك لەوانمان بە تاوانی خۆی سزاداو لەناومان بردن، تیایاندا بوو وردە بەردمان بەسەردا باراندن.
لەوانە گەلی پێغەمبەر لوگ كە دەفەرموێت (إنا أرسلنا علیهم حاصبا) (القمر 34) واتە وردە بەردمان بەسەردا باراندن.
كەوتنە خوارەوەی ئەم جۆرە وردە بەردانە، چەندین جار ڕووبەڕووی زەوی بۆتەوە، بۆنموونە لە سەردەمی تازەدا لە مانگی (11/ 1998)، ئەتمۆسفیری بەرگە هەوای زەوی ڕووبەڕووی توندترین وردە بەرد بووەوە، و زیانێكی زۆری بە مانگە دەستكردەكان گەیاند، زانایان لەوساڵەدا (10) هەزار دانەیان لە ناوچەكانی مەنگۆلیا و چین بەدیكرد، ئەو وردە بەردانە قەبارەیان هێندەی دەنكە زیخێك و خێراییەكی ئێجگار زۆریان هەبوو، (76كم /چركە)، هەر دانەیكیان توانای گوللەیەكی كالیبەری (22)ە، بەڵام لەئەنجامی خێرایی زۆریان هەموویان لە بەرگە هەوای زەویدا سوتان.
دووەم: پارچە نەیزەكە گەورەكان
هەزاران لە هەسارۆكەكان كە باوەڕ وایە لە ئەنجامی تێكشانی هەسارەیەكەوە دروست بوبن و بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، و زۆربەیان پشتێنەیەكیان لە نێوان هەسارەی مەریخ و موشتەریدا پێكهێناوە، و هەریەكەیان خولگەی تایبەتی خۆیان هەیە و ئەگەری بەریەككەوتنیان زۆر كەمە، بەڵام هەندێك جار كە یەكێكیان خولگەی خۆی دەگۆڕێت و بەرەو شوێنێكی تر دەڕوات، بۆ نموونە كەبەرەو زەوی دەبێتەوە بە خێرایی (40كم/چركە) دێتە بەرگە هەواكەوە، ڕووناكیەك دروستدەكات كە پێی دەوترێت شوهوب، وە لە ئەنجامی لێكخشاندنی بەبەرگە هەواكە دەسوتێت و نامێنێت، بەڵام هەركاتێك خوای گەورە ویستی بێت، بەشێكی دەكەوێتە سەر زەوی و بە نەیزەك ناودەبرێت. وەك ئەوەی تازە لە ڕووسیا كەوتە خوارەوە.
كافرانی قوڕەیش هێندە یاخی بوون، داوای كەوتنە خوارەوەی بەردیان دەكرد، لە جیاتی ئەوەی بڵێن خودایە ئەگەر قورئان ڕاستە ڕێنماییمان بكە، دەیانوت خودایە ئەگەر قورئان ڕاستە، بەرد ببارێنە بەسەرماندا.
وەك دەفەرموێت (وإذ قالوا اللهم إن كان هذا هو الحق من عندك فأمطر علينا حجارة من السماء أو ائتنا بعذاب أليم  ) الانفال 32 واتە: بێباوەڕەكان وتیان ئەی پەروەردگار ئەگەر ئەم قورئانە ڕاستەو لە لایەن تۆوە هاتووە، دەی بەرد بەسەرماندا ببارێنە لە ئاسمانەوە، یان سزای سەختی پڕ ئازارمان بۆ بنێرە.
لە وەڵامی ئەوانەدا خوای گەورە فەرمووی ئەگەر ببینن بەردێك بكەوێتە خوارەوە، لە كاتی كەوتنە خوارەوەیدا چونكە بەردەكە دیار نییە، سەرەتا دەڵێن ئەوە هەوری سەریەكە (سحاب مركوم)، هەتا دەكەویتە سەر زەوی، ئەوكات دەزانن هەور نەبووە و پارچەیەكە لە ئاسمان كەوتۆتە خوارەوە، وەك دەفەرموێت (وإن يروا كسفا من السماء ساقطا يقولوا سحاب مركوم)(الطور 44)  واتە: ئەگەر ببینن پارچەیەك لە ئاسمان دەكەوێتە خوارەوە، دەڵێن هەوری سەریەكە.
وشەی (من) لە (من السما‌ء) بۆ (تبعیض)ە، واتە تەنێك لە ئاسمان، ئینجا وشەی (كسفا) واتە: پارچەیەك، بەمجۆرە هەموو تەنە ئاسمانیەكە ناگرێتەوە، بەڵكو پارچەیەك لە تەنە ئاسمانیەكە دەكەوێتە خوارەوە، كە لەڕاستیشدا ئەم نەیزەكانە پارچەی تەنە ئاسمانیەكانن.
ئایەتە قورئانیەكە وەسفێكی ئیعجازیی نەبینراو باسدەكات، بەوەی كە فەرمووی لە كاتی كەوتنە خوارەوەكە بە ئاسمانەوە، چونكە هەوری دوكەڵی لە سەرەوە بۆ خوارەوە دروستدەكات، دەڵێن هەوری سەریەك كەوتووە، هەتا بەردەكە دەگاتە لایان و ئەو كاتە دەزانن كە هەور نەبووە.

Russia Meteorite

قورئانی پیرۆز لە وەڵامی كافرانی قوڕەیشدا، كە وتیان بەرد ببارێنە بەسەرماندا، نەیفەرموو ببینن بەرد دەكەوێتە خوارەوە، واتە وشەی (حجارە)ی بەكار نەهێنا، بەڵكو وشەی (كسفا) كەواتای پارچەیەكە بەكاریهێنا، چونكە نەیزەكەكان تەنیا بەرد نین، بەڵكو سێ‌ جۆرن: (بەردیی، ئاسنین، بەردی ئاسنین) واتە هەیانە زیاتر لە (98%)ی ئاسنە و بە ئاسنین (الحدیدی) ناودەبرێت، هەیانە نیوەی ئاسن و نیوەی بەردە بە (الحجر الحدیدی) ناودەبرێت، هەشیانە زۆرینەی بەردە و بە (الحجری) ناودەبرێت.
لە ڕاستیدا كەوتنە خوارەوەی ئەو نەیزەكەی ڕوسیا ئیعجازێكی ڕۆشنی قورئانی پیشانداین، چونكە وەك لە ڤیدیۆكاندا دیارە سەرەتا خەڵكی نەیزەكەكەی نەبینی بەڵكو تەنیا ئەو دوو هەورە حەلەزۆنیە سەریەكەیان بینی كە دیمەنێكی ناوازە بوو پێشتر شتی وا نەبینرابوو، هەتا زیاتر لە خولەكێك نەیزەكەكە تەقیەوە و پاشان ڕووناكییەكی گەورەیان بەدیكرد و دواتر ئەو دەنگە بەرزە بووە هۆی شكاندنی پەنجەرەكانیان و كەوتنە خوارەوەی بەردەكە لە شوێنێكی تا ڕاددەیەك دوور لە بیناكان.
ئەم ئایەتە ئەوەتەی دابەزیوە دەخوێنرێتەوە بەڵام نەدەزانرا بۆچی بەردێكی ڕەق یان گەلە بەردێك لە كاتی كەوتنە خوارەوەیدا، دیمەنی هەوری لەسەریەك دروست دەكات!! ئەم دوانە چەند لێك دوور و جیاوازن، بەڵام وەك خوای گەورە فەرمویەتی (سنریهم آیاتنا فی الافاق وفی انفسهم حتی یتبین لهم انه الحق) واتە: لە داهاتوودا نیشانە و بەڵگەكانمانیان لە گەردوون و خودی خۆشیاندا نیشاندەدەین، تا بۆیان ڕوون ببێتەوە قورئان وتەی خوای گەورەیە. بۆیە ئەمەش بووە یەكێكی تر لەو سەدان موعجیزە زانستیانەی قورئانی پیرۆز، خوای گەورە ویستی وا بوو لە ڕۆژدا نەك لە شەودا و كاتێك ئاسمان ساف و سایەقە بێت و هەوری تری پێوە نەبێت، ئەم موعجیزەیە ببینن، تا ڕاستێتی پەیامەكەی ببینن. لەوانەیە یەكێك بڵێت لەسەردەمی زووشدا بەردیان بینیوە كەوتۆتە خوارەوە و شێوە هەوری دروستكردووە، بۆیە پێغەمبەر باسی كردووە، لە وەڵامی ئەمەدا دەڵێین، بێگومان ئەگەر پێغەمبەر و هاوەڵان شتی وایان بینیبێت و ڕویدابێت، ئەوا تۆمار دەكرا، بەڵام دەبینین هیچ ڕوداوێكی وا لە ژیانی ئەو و لە پێش ئەو و دوای ئەویش باسنەكراوە و تۆمارنەكراوە، بۆ نموونە لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا ڕاڤەكارێكی قورئان نابینیت كە ئاماژەی دابێت بەم دیاردەیە، بە پێچەوانەوە لەبەر ئەوەی بەلایانەوە قورس بووە كە كەوتنە خوارەوەی بەردێك لە ئاسمان شێوەی هەور دروستبكات، بەڵكو وتویانە: بێباوەڕان ئەوەندە عیناد و نكوڵیكارن كە هەتا بەرد بكەوێتە خوارەوە دەڵێن هەوری لەسەر یەكە!! واتە كەس پێشتر نەیانزانیوە كە ئەمە لە واقیع و بینیی چاودا خۆی بەو شێوەیەیە.
كەواتە كێ‌ هەواڵی ئەم ڕووداوەی لەسەدەی حەوتەمدا بەپێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دا؟ هەتا لەسەدەی بیست و یەكدا و لە ڕۆژی ڕووناكدا ببینرێت و وێنە بگیرێت؟ دیارە پێویستە تا ئەم ئیعجازە ببینرێت دەبێت لە ڕۆژی ڕووناكدا بێت، تا هەورە كە ببینن، چونكە لە ساڵی (1908)ز لە سیبریا نەیزەكێك كەوتە خوارەوە و شەوی ئەو ناوچانەی ڕووناك كردەوە ناوچەیەكی فراوانی سوتاند، و لە دووری هەزاران كیلۆمەترەوە دەنگی تەقینەوەكەی بیسترا، و چاڵێكی بە تیرەی (10)كم دروستكرد و بە پانتایی (30)كم چواردەوری خۆی وێرانكرد و دار و درەختەكانی هەڵكەند! بەڵام چونكە لە شەودا بوو هەورە دوكەڵیەكەی نەبینرا.
یەكێكی تر لە ڕووی ئیعجازەكانی ئەم ڕوداوە ، ئەوەیە نەیزەكەكەی ڕوسیا كە لە ئۆڕال كەوتە خوارەوە (10تەن) ئاسنی تێدایە، هەروەك لەم لینكەدا ئەم ڕاستیە باسكراوە http://www.alarabiya.net/articles/2013/02/16/266533.html
ئەمە هەمان ڕێگایە كە ئاسن دابەزیوەتە سەر زەوی، لە ئاسمانەوە بە ڕێژەیەكی زۆر زەوی نەیزەك باران كراوە، خوای بە توانا دەفەرموێت: ( ۆأَنْزَلْنَا الْحَدِیدَ فِیهِ بَأْسٌ شَدِیدٌ ۆمَنَافِعُ لِلنَّاسِ) واتە: ئاسنمان دابەزاند كە هێزو توندی زۆری تێدایە و سوودی زۆرە بۆ خەڵكی.
بە داخەوە هەتا ئێستاش زۆرێك لە بەناو عەلمانی و فەلسەفەلێدەرەكانی لای خۆمان تانە لە قورئان دەدەن و ئینكاری دەكەن كە ئاسن لە ئاسمانەوە دابەزیبێت، بەڵام ئەوەتا ئایەتەكانی خوای گەورە بەردەوامن و بەشێوەیەكی واقیعیی بانگەشەیان پوچەڵدەكاتەوە.

 

Share Button

2704 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Scroll to top