You Are Here: Home » بابەتەكانمان » ئیبن خەلدون

ئیبن خەلدون

ئیبن خەلدون

image018

م. جمال محمد أمین

مێژونووس و پەروەركاری بەناوبانگی ئیسلامی ئیبن خەلدون كە هەرگیز ناتوانرێت شوێنپەنجەكانی لەو بووارە گرنگانەی ژیاندا فەرامۆش بكرێت. زانا عبدالرحمن موحەمەد كوڕی خەلدون لە ساڵی (1332) ز لە تونس لەدایك بووە و لە بنەچەدا سەر بە بنەماڵەی كندەی عەرەبین. ئیبن خەلدون هەر لە منداڵیەوە فێری ڕێزمانی عەرەبی بووە لەسەر دەستی باوكی و بەشێكی زۆری زانستە مێژووییەكان و فەلسەفیەكانی لە زانا مەغریبیەكانەوە وەرگرتووە، كاتێك كە باڵی ڕەشی تاعون دەدات بە سەر ئەفریقیا باوكی و بەشێكی زۆری خزمانی دەمرن.
هەر بۆیە ئەمیش واز لەخوێندن دەهێنێت و ڕوولە نووسین دەكات، زۆر دەنووسێ‌ بۆ پاشاكانی ئەو سەردەمە و جێگای ڕێز و تەقدیری هەموولایەك بووە، ئینجا دەكەوێتە هاتوچۆ و گەشت و گوزار لەنێوان مەغریب و تونسدا، وەلە هەر شوێنێك دا مابێتەوە گەورەترین پلە و پایەی پێ‌ بەخشراوە هەتاپلەی وەزیری.
ئیبن خەلدون لە ساڵی (1382) ز دەچێت بۆ میسر و خەریكی وانە بێژی دەبێ‌، وەپەیوەندی دەكات بەسوڵتان (بەرقوق) وەكە ئەویش زۆر ڕێزی لێ‌ دەگرێت وە دەیكات بە قازی مالیكیە، بەڵام هەر زوو ئەوپلەیەی لێ‌ وەردەگیرێتەوە لەبەر توند ڕەوی خۆی. ئینجا حەج دەكات و دەگەڕێتەوە سەر نووسین و كتێب دانان و وانە وتنە وە .
هەتا لە ساڵی (1400) ز لەگەڵ شاڵاوەكەی میسر دا دەچێ‌ بەرە و دیمشق بۆ بەرەنگاری كردنی تەیموری لەنگ، هەتا لە ساڵی (1406) ز كۆچی دوایی دەكات. ئیبن خەلدون خاوەنی بیردۆزی تایبەتی خۆیەتی لە بوواری پەروەردە و فێركردندا، و تا ئێستاش ئەو بیردۆزە پەیڕەوی دەكرێت چونكە باشترین و زانستیترین بیردۆزە لەو بووارەدا بۆیە بە كورتی و بەخاڵ بنەماگرنگەكانی ئەو بیردۆزە دەخەینە بەر چاو:
1 / قۆناغبەندی: ئیبن خەلدون بڕوای وایە كە دەبێت فێركردن قۆناغ بە قۆناغ و پلە بە پلە بێت و لە بابەتە سوكەكانەوە بۆ بابەتە قورسەكان بڕۆین و لەو میانەدا ڕەچاوی ژیری و تەمەنی فێرخواز بكرێت و بەو پێیە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
2 / جێگیركردنی نموونە بەرجەستەییەكان ئینجا گوێزانەوە بۆ بابەتە ژیربێژیەكان واتا دەبێت لە پێشدا بیری فێرخواز بكرێتەوە لە سەر بابەتە بەرجەستەییەكانی بەردەستی ئینجا پلە بە پلە بەرز بكرێتەوە بۆ بابەتە ژیربێژیەكان (لۆجیكیەكان ).
3 / پشت بەستنی زیاتر بە كۆڕ و سیمینار و وتوێژ و ڕاگۆڕینەوە، وە دووركەوتنەوە لە دەرخیاتی زۆر.
4 / مامەڵەكردنی نەرم و نیانی لەگەڵ فێرخوازاندا بەتایبەتی ئەگەر فێرخوازەكە منداڵ بوو، چونكە بە ڕای ئیبن خەلدون توندی و تیژی توانای وەرگرتنی فێرخواز تێك دەدات و سەرەڕای ئەوەی كە فێرخوازەكە وەڕس دەبێ‌ لە وەرگرتنی زانست و زوو وازی لێ‌ دەهێنێت ئەمە جگە لەوەی كە بەكارهێنانی توندی و تیژی و لێدانی فێر خوازان كارێكی سەلبی دەكاتە سەر دەروونی فێركاران و مامۆستایان، بۆیە پێویستە هەتا دەتوانرێت ئەو شێوازە بەكارنەهێنرێت هەروەك عومەری كوڕی خەتاب دەفەرموێت (من لا یۆدبە الشرع لا ادبە اللە) ئەوەش بۆ دووركەوتنەوەیە لە زەلیلكردن و شكاندن و دەروونی مرۆڤە.
ئیبن خەلدون دەستی باڵای هەبووە لە بوواری كۆمەڵناسی و ئابووری سیاسیدا، بۆیە زانا (ڕۆبەرت فلنت) لە زانكۆی ئەدنبەرە دەڵێت: نە لە جیهانی كۆن و نە لە جیهانی سەدەكانی ناوەڕاستدا هەرگیز ناوێكی دیكەی وەك ئیبن خەلدون نابینرێتەوە چونكە هەر كەسێك پێشەكیەكەی ئیبن خەلدون بخوێنێتەوە ئەوا یەكسەر دەڵێت خەلدون دانەری زانستی مێژوو و فەلسەفەیە. هەروەها زانا كلۆزیۆ دەڵێت: (ئیبن خەلدون داهێنەری پرانسیپەكانی دادی كۆمەڵایەتیە پێش ماركس و ماكۆنین .)

سەرچاوە \ كتێبی المسلمون و العلم الحدیث، ئینتەرنیت.

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top