You Are Here: Home » بابەتەكانمان » رووناكی خۆر و تریفەی مانگ لە ئیعجازی زانستی قورئاندا

رووناكی خۆر و تریفەی مانگ لە ئیعجازی زانستی قورئاندا

sun-w-moon

خوا لە قورئاندا دەفەرموێ “هو الذی جعل الشمس ضیا‌ء والقمر نورا ” (یونس:5) لەو ئایەتە پیرۆزەدا خوای گەورە جیاوازی لە نێوان ئەو دوو جۆرە لە تیشكی رووناكی كردوە، كە لە خۆر و مانگەوە دەردەچن، تیشكی خۆری بە ” چیا‌و ” و تریفەی مانگی بە “نور ” ناوبردوە. كەم لە فەرهەنگە زمانەوانیە عەرەبیەكان جیاوازیان لە نێوان ئەو تیشكە رووناكیە كردوە، كە لە خۆر و مانگەوە دەردەچن، واتە لە نێوان ” چیا‌و ” و “نور “دا، بەڵام لە زمانی شیرینی كوردیشدا ئەم جیاوازییە هەیە، بۆ یەكەمیان “تیشك یا رووناكی خۆر ” و دووهەمیان “تریفە ” دانراوە.

وشەی (النور) لە زمانی عەرەبیدا لە بنەمادا لە (نار – ینور – نورا) هاتووە، واتە رووناكی دایەوە. زۆر لە فەرهەنگە زمانەوانیەكانی زمانی عەرەبی ” ضیا‌ء ” و “نور ” وەك دوو وشەی هاوواتا دادەنێن. بەڵام خوای گەورە جیاوازی لە نێوان ئەم دوو وشەیە كردوە، بە جیاوازیكردن لە نێوان ئەو دوو جۆر رووناكیەی لە خۆر و مانگەوە دەردەچن.
خوا دەفەرموێت “وجعل القمر فیهن نورا و جعل الشمس سراجا ” (نوح 16)، هەروەها دەفەرموێت “وبنینا فوقكم سبعا شدادا * وجعلنا سراجا وهاجا ” (النبا‌ء12-13). دەبینین خوای گەورە لەم دوو ئایەتەدا رووناكی خۆری جارێك بە “چرا ” و جارێكی تر بە “چرای پڕشنگدار ” وەسف كردوە. چرا جۆرێك لە قوتیلەیە بە زەیت كار دەكات، لە زمانی عەرەبیدا هاوواتای “مصباح “یش دانراوە، واتە “گڵۆپ “یش دەگرێتەوە كە بە كارەبا كار دەكات. بەڵام رووناكی مانگ (تریفە)ی بە “نور ” ناوبردوە. لە رووی فیزیاییشەوە تیشكی رووناكی دوو سەرچاوەی جیاوازی هەیە، یەكەمیان راستەوخۆیە، وەك ئەو رووناكیەی لە خۆر و چرا و گڵۆپ و لایت و رووناككەرەوەكانی تر دەردەچێت، دووەهەمیان ناڕاستەوخۆیە، رووناكی ئەو تەن و سەرچاوانەیە، كە خۆیان تیشكی رووناكیەكەیان لە سەرچاوەیەكی ترەوە وەرگرتوە، لە نمونەی مانگ و هەسارەكانی تر، كە رووناكی لە خۆرەوە وەردەگرن و جارێكی تر پەخشی دەكەنەوە.

خۆر و چرا خاڵی هاوبەشیان ئەوەیە، راستەوخۆ تیشكی رووناكی لە خۆیانەوە پەخش دەكەن، بۆیەش خوای گەورە خۆری بە چرا وەسف كردوە. بەڵام لە هیچ كام لە ئایەتەكاندا مانگی بە چرا واتە بە “مێباح ” و “سراج ” وەسف نەكردوە. هەروەها ئەو رووناكیەی لە خۆرەوە دەردەچێت بە “چیا‌و ” ناو دەبات، ئەمەی لە مانگیشەوە دەردەچێت بە “نور “، چونكە مانگ سەرچاوەیەكی ناڕاستەوخۆی رووناكیەكەی خۆرە، كە لێیەوە دەردەچێت. ئەم جۆرە لە وردەكاری لە جیاكردنەوەی تیشكی خۆر و تریفەی مانگ تەنیا لە قورئانی پیرۆز و زانستی ئیلاهیدا هاتووە، تەنانەت لە زمانەكانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانیشدا ئەم جیاوازییە لە نێوان ئەم دوو جۆر رووناكیەی لە دوو سەرچاوەی جیاوازەوە دێ نەكراوە.

لەم دواییانەدا هۆلیودی ئەمریكا لە میانەی زنجیرە فیلمەكانی جەنگی ئەستێرەكان، فیملێكی سینەمایی بەرهەم هێنا بە ناونیشانی “هەوڵێكی مەزن بۆ ئاشكراكردنی جیۆلۆجیای مانگ “، كە باس لە هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ دەستگەیشتن و داگیركردنی مانگ دەكات. ئەم جۆرە فیلمە سینەماییە ئەمریكیانە، كە بەشێكیان خەیاڵی زانستین، سیناریۆكانیان و بابەتەكانیان هەروا بە هەرەمەكی دانەنراوە، بەڵكو خەڵكانێكی پسپۆر و زانای لێهاتوو لە دارشتنی بیرۆكەی فیلمەكاندا بەشدارییان پێ دەكرێت. فیلمەكە باس لە دۆزینەوەیەكی زانا ئەمریكیەكان دەكات، كە چۆن ئاشكرایان كردوە پێشتر هەسارەی مانگ بارستەیەكی گڕگرتوو بووە، پاشان سارد بۆتەوە. زاناكان ئەم راستیەیان بۆ دەركەوت، كاتێك ئامێرێكی تەنكەلۆجی پێشكەوتوویان ناردە سەر رووی هەسارەی مانگ، بۆ پێوانی شەپۆلە دەنگیەكان، بینیان چەند شەپۆلێكی دەنگی لە قوڵایی ناوەوەی مانگەوە دەردەچن. لەمەوە بۆیان دەركەوت كە كڕۆك و هەناوی هەسارەی مانگ تا ئێستاش گڕوو گەرمی تێیدا ماوە. زاناكان چەند نمونەیەكی بەردەكانی ناو خاكی مانگ و بەرزاییی و چیاكان و دۆڵەكانیشیان هێنا، دوای لێكۆڵینەوە ورد گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە مانگ پێشتر گڕدار بووە و پاشان خامۆش بووە.

بەڵام زیاتر لە هەزار و چوارسەد ساڵ پێش ئێستا خوای گەورە لە قورئاندا فەرموویەتی “وجعلنا اللیل و النهار ایتین فموحونا ایە اللیل وجعلنا ایە النهار مبصرە ” (الاسرا‌ء 13). واتە ئێمە شەو و رۆژمان كردوە بە دوو بەڵگە و نیشانە، پاشان تاریكیمان هێناوە بەسەر دیاردەی شەودا و رۆژیشمان كردۆتەوە رووناككەرەوە. زانا موسوڵمانەكان لە نێوانیاندا “ئیبن عەباس ” و هی تریش دەفەرموون، مەبەستی خوا لە دیاردەی شەو مانگە و لە دیاردەی رۆژیش خۆرە، خوا كە دەفەرموێ “فموحنا ایە اللیل ” ئەوە دەگەیەنێت كە پێشتر مانگ هەسارەیەكی گڕگرتوو بووە و پاشان خامۆش بووە. هەر بۆیەش خوای گەورە دەفەرموێت “تبارك الذی جعل فی السما‌ء بروجا و جعل فیها سراجا و قمرا منیرا ” (الفرقان 61)، واتە پاكی و پیرۆزی بۆ ئەو خوایەی لە ئاسماندا خولگە گەورە و چرایەك و مانگێكی پرشنگداریشی دروست كردوە “. خۆ گەر ئەم قورئانە لە لایەن خواوە نەبووایە و دروستكراوی مرۆڤ بووایە، دەبوو بگوترابا ” سراجین* سراج بالنهار و سراج باللیل “.

مــــــەریوان عومــــــەر

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top