You Are Here: Home » بابەتەكانمان » موعجیزاتی ئەحمەدی ئاماژەی ڕەوانی سێ‌‏هەم

موعجیزاتی ئەحمەدی ئاماژەی ڕەوانی سێ‌‏هەم

موعجیزاتی ئەحمەدی

نووسینی: مامۆستا سەعیدی نوورسی
وەرگێڕانی: فارووق ڕەسووڵا یەحیا

ئاماژەی ڕەوانی سێ‌‏هەم

موعجیزاتی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) گەلـێ‌‏ زۆر و جۆراوجۆرن. چونكە لەبەر ئەوەی پێغەمبەرێتی‏یەكەی گشتی‏یە و هەموو بوونەوەران دەگرێتەوە، ئەوا لەگەڵا زۆربەی جۆرەكانی بوونەوەردا موعجیزەی هەیە.
با ئەمە بە نموونە ڕوون بكەینەوە:
ئەگەر نوێنەرێكی بەڕێز لە لایەن پادشایەكی گەورەوە بۆ شارێك بچێت، كە چەندین كۆمەڵی جۆراوجۆری تێدا بێت و، چەند دیاری‏یەكی بەنرخی جیاجیای بۆ هەموو ئەو كۆمەڵا‏نە هێنابێت، ئەوا هەموو چین و كۆمەڵێك لە كۆمەڵانی شار نوێنەرێك بە ناوی خۆیانەوە دەنێرن بۆ بەخێرهاتن و پێشوازی‏كردن لەو نوێنەرەی پادشا.
هەر بەو جۆرەش كە جیهان بە هاتنی نوێنەری پادشای ئەزەل و ئەبەد، كە پێغەمبەری سەروەرە (صلی الله علیه وسلم)، شاد و بەهرەمەند بوو و، ئەم پێغەمبەرە (صلی الله علیه وسلم) لە لایەن خواوەندی پەروەردگاری هەموو جیهانەكانەوە بۆ لای سەرجەم خەڵكی سەر ڕووی زەوی ڕەوانە كرا و، چەندین دیاریی مەعنەوی و ڕاستیی ڕوونی ئەوتۆشی لەگەڵا خۆدا هێنا كە پەیوەندییان بە هەموو بوونەوەرانەوە هەیە.. لەم كاتەدا، لە لایەنی هەموو دەستە و تاقمێك لەم جۆرانەی بوونەوەرەوە – هەر یەكەیان بە زمانی تایبەتیی خۆی – نوێنەریان بۆ پێشوازی‏ لێكردن و بەخێرهاتنی ئەم پێغەمبەرە (صلی الله علیه وسلم) هات و، هەر یەكەشیان موعجیزەی دەستە و تاقمی خۆیان لە بەردەم پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) پێشكەش‏ كرد. بەمەش تەسدیق‏ كردن و بەخێرهاتنی پێغەمبەریان (صلی الله علیه وسلم) دەربڕی. ئەوەبوو هەر لە بەرد و دار و ئاو و مرۆڤەوە، تا دەگاتە مانگ و خۆر و ئەستێرەكان، هەموو ئەم كارەیان ئەنجام دا. وەك‏بڵێی هەر یەكەیان بە زمانی‏حاڵی خۆی دەڵێت: “یاخوا بەخێربێیت”!
لە ڕاستیدا باسكردنی ئەو موعجیزانە پێویسـتی بە نووسـینی چـەندین بەرگ كتێب هەیە، چونكە گەلـێ‌‏ زۆر و جۆراوجۆرن. ئەوەتا زانا پاك و خواناسەكان چەندین بەرگی گەورەیان سەبارەت بە بەڵگەكانی پێغەمبەرێتی و موعجیزاتی پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وسلم) بە درێژی نووسیوە.
بەڵا‏م ئێمە لێرەدا، لەناو جۆرە هەمەكی‏یەكانی ئەو موعجیزانەی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) بە چـەند پوختە ئامـاژەیەك وازدەهێنین و، ئاماژە بۆ ئەو موعجیزانە دەكەین كە بە تەواوی و قەطعی چەسپاون و موتەواتیری مەعنەوین.
بەڵگەكانی پێغەمبەرێتیی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دوو بەشن:
(یەكەم): ئەو حاڵەتانەی كە بە “ئیرهاص” ناونراون و بریتین لەو ڕووداوە دەراسایانەی لە پێش پێغەمبەرێتیدا ڕوویان داوە و پەیوەندییان بە پێغەمبەرێتی‏یەكەیەوە هەیە. هەروەها ئەو حاڵەتانەش كە ڕووداوی لە عادەت‏ بەدەرن و لە كاتی لەدایكبوونیدا ڕوویان داوە.
(دووهەم): بەڵگەكانی تری پێغەمبەرێتی ئەو، ئەمانەش دوو بەشن:
یەكێكیان: ئەو ڕووداوە لە عادەت‏ بەدەرانەیە كە پاش لەدایكبوونی و بۆ تەسدیقی پێغەمبەرێتیی ئەو ڕوویان‏ داوە.
دووهەمیان: ئەو ڕووداوە لە عادەت‏ بەدەرانەی كە لە سەردەمی ژیانی پیرۆزیدا دەركەوتوون. ئەمانەش دەكرێن بە دوو بەشەوە:
یەكـەم: بەڵگــەكانی پێغەمبەرێتیی ئەو، كـە لە خـودی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) و لە ژیان و شێوە و ڕەوشت و كەماڵی عەقڵیدا دەركەوتوون.
دووهەم: ئەو بەڵگانەی كە لە دەرەوەی زاتی پیرۆزیدا (صلی الله علیه وسلم) واتە: لە دەوروبەر و گەردووندا دەركەوتوون. ئەمانەش دیسان دوو بەشن:
بەشی یەكەم: مەعنەوی و قورئانی‏یە.
بەشی دووهەم: ماددی و گەردوونی‏یە. ئەمەش دەبێت بە دوو بەش:
بەشی یەكەم: ئەو موعجیزانەی كە لە سەردەمی بانگەوازی پێغەمبەرێتیدا دەركەوتوون. ئەمانەش یان لەبەر شكاندنی فیز و دەمار و سەرسەختیی كافران بووە، یان بۆ بەهێزكردنی ئیمانی ئیمانداران. وەك: لەت‏ بوونی مانگ و.. هەڵقوڵا‏نی ئاو لە نێوان پەنجــە پیرۆزەكانی و.. تێربوونی خەڵكێكی زۆر – بە بەرەكەتی ئەو – لە خۆراكێكی كەم و.. قسەكردنی ئاژەڵا و بەرد و دار لە خزمەتیدا و.. چەندین موعجیزەی هاوچەشنی تری وەك ئەمانە لەو موعجیزانەی كە دەگەنە بیست جۆر و، هەر جۆرەشیان لە پلەی تەواتوری مەعنەویدایە و، لە هەر یەكەشیان چەند نموونەیەك دووپات بوونەتەوە.
بەشی دووهەم: ئەو ڕووداوانەن كە خواوەند پێغەمبەری (صلی الله علیه وسلم) لە بارەیانەوە ئاگادار كردووەتەوە و، لە پێش ڕوودانیان پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هەواڵی ڕوودانیانی داوە و، پاشانیش چۆنی فەرمووە هەر بەو جۆرە هاتوونەتە دی.
وا ئێمەش ئێستا دەست بەم بەشەی دوایی دەكەین، بۆ ئەوەی بگەینە پێڕستێكی گشتیی یەك لە دوای یەك(1 ).

_________________________________

(1)بەڵام بە داخەوە نەمتوانی بەو جۆرەی مەبەستم بوو بیاننووسم،‏ بەڵكو بە بێ‌ ویستی خۆم چۆنم بە دڵدا هات هەروەهاش نووسیمن،‏ بێ‌ ئەوەی بتوانم چاودێریی ئەم دابەشكردنە بكەم. (دانەر)

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top