You Are Here: Home » بابەتەكانمان » ڕەنگەكانی ئاگرو موعجیزه‌ی فه‌رمووده‌یه‌ك

ڕەنگەكانی ئاگرو موعجیزه‌ی فه‌رمووده‌یه‌ك

ڕەنگەكانی ئاگرو موعجیزه‌ی فه‌رمووده‌یه‌ك 

ئامادەكردنی:جەمال موحەمەد ئەمین
لەو كاتەوەی مرۆڤ بەدیهێنراوە لەم گەردوونەداو ئاگری دۆزییەوەو ئاگر بووە هاوەڵی بەردەوامی بۆ بەجێهێنانی پێویستییەكانی ژیانی، هەر لەو كاتەوە ئەو ئاگرە بووەتە جێی سەرسوڕمان‌و بیرلێكردنەوە لە لایەن مرۆڤەوە و هەندێك جاریش بووەتە مایەی ترس‌و سڵەمینەوە لێی. بۆیە مرۆڤ لەو كاتانەدا هەروەك پیشەی خۆی پەنای بردووەتە بەر پەرستنی ئەو ئاگرە، تەنانەت ئەوانەی خۆریشیان پەرستووە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو پەرستنە ئەوە بووە، كە خۆریان بە سەرچاوەی ئاگر زانیوە. هەروەك ئەو كۆمەڵەی كە لە سەردەمی پێغەمبەر سولەیماندا (سەلامی خوای لێبێت)ن خۆریان دەپەرست‌و ئەو هەواڵَەش بە هۆی پەپوسولەیمانەوە گەیشتەوە بە پێغەمبەر سولەیمان. ئەم چیرۆكەش لە قورئانی پیرۆز لە سورەتی (النمل)ئایەتی (23-26)دا ئاماژەی بۆكراوە.
(إِنِّي وَجَدْتُ امْرَأَةً تَمْلِكُهُمْ وَأُوتِيَتْ مِنْ كُلِّ شَيْءٍ وَلَهَا عَرْشٌ عَظِيمٌ * وَجَدْتُهَا وَقَوْمَهَا يَسْجُدُونَ لِلشَّمْسِ مِنْ دُونِ اللَّهِ وَزَيَّنَ لَهُمُ الشَّيْطَانُ أَعْمَالَهُمْ فَصَدَّهُمْ عَنِ السَّبِيلِ فَهُمْ لَا يَهْتَدُونَ * أَلَّا يَسْجُدُوا لِلَّهِ الَّذِي يُخْرِجُ الْخَبْءَ فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَيَعْلَمُ مَا تُخْفُونَ وَمَا تُعْلِنُونَ * اللَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ رَبُّ الْعَرْشِ الْعَظِيم)
لەم بابەتەدا هەوڵدەدەین ڕووی زانستییەوە ڕۆشناییەك بخەینە سەر ئاگر ،كە پشتگیرییەكی بەهێز دەبێت بۆ فەرموودەیەكی پێغەمبەر موحەممەد (صلی الله علیە وسلم)، كە سەبارەت بە ئاگر. لە دووایدا ئاماژەی بۆ دەكەین.
لەسەرتادا پێویستە باس لە( تیشكدانەوەی تەنی ڕەش-Black body radiation ) بكەین، كەوا زانراوە ئەو دیاردەیە لە لایەن زانا خۆرئاواییەكانەوە دۆزراوەتەوە، بەڵام پێغه‌مبه‌رمان موحەممەد(صلی الله علیە وسلم)، 14 سەدە پێش ئێستا باسیكردوە.
زاناكانی ئەمڕۆ جەخت لەوە دەكەنەوە، كە ڕەنگی ئەو ڕووناكییەی تەنێكی گڕگرتوو یان سوتاو دەیدات پەیوەستە بە پلەی گەرمی ئەو تەنەوەو هەتا هەندێكیان ئەو پەیوەندییە بە پلەی گەرمی ڕەنگەكان ناودەبەن. كاتێك پلەی گەرمی تەنێكی گڕگرتوو بەرز دەبێتەوە، ئەوا ڕەنگی ئاگرەكەی لە ڕەنگی سوری بینراوەوە دەگۆڕێت بەرەو شین‌و بنەوشەیی، پاشان سەروو بنەوشەیی، كە نابینرێت‌و ئینجا ڕەنگە نەبینراوەكانی تر، واتە ڕەش. چونكە لە زنجیرەی شەبەنگی شەپۆلە كارۆموگناتیسییەكاندا چاوی مرۆڤ تەنها بەشێكی زۆر كەمی دەبینێت كە بە رووناكی سپی یان بە شەبەنگی خۆر دەناسرێت‌و بریتین لە حەوت ڕەنگ كە ئەمانەن بە ڕیز لە درێژی شەپۆلی زۆرەوە بۆ درێژی شەپۆلی كەم (سور، پرتەقاڵی، زەرد، سەوز، شین، نیلی، بنەوشەیی)، ئیتر هەر ڕووناكییەك یان ڕەنگێك درێژی شەپۆلەكەی زیاتر بێت لە درێژی شەپۆلی ڕەنگی سور ئەوە بە شەپۆلەكانی خوار سور دەناسرێت‌و مرۆڤ نایانبینێت، هەر ڕەنگێك یان ڕووناكییەك درێژی شەپۆلی لە درێژی شەپۆلی ڕەنگی بنەوشەیی كەمتر بوو دیسان چاوی مرۆڤ نایانبینێت.


كاتێك تەنێك دەست بە گەرمبوون دەكات ئەوا پلەی گەرمییەكەی وردە وردە بەرز دەبێتەوە، لەگەڵ ئەو بەرزبوونەوەیەشدا ڕەنگی ئەو تەنە دەگۆڕێت لە سورەوە
بۆ پرتەقاڵی‌و زەردو سەوز تا لە دوایدا دەبێتە سپی‌و ئینجا ڕەنگەكانی تر كە چاوی مرۆڤ نایانبینێت. زاناكان دەڵێن: ڕەنگی ڕەش دوا ڕەنگی بینراوە لە لایەن چاوی مرۆڤەوە، كە لە ڕاستیدا هیچ ڕەنگێك ناگەیەنێت، بەڵام نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت، چاوی مرۆڤ ئەو گۆڕانگارییانە بەو وردییە نابینێت، بەڵكو ئەوەی چاو دەیبینێت ڕەنگی سوورەو دووایی سپی بوونەوەی ئەو تەنە گەرمكراوەیە.
لە ڕووی زانستییەوە زاناكان یاسای فیزیایی زۆر گرنگیان داناوە دەربارەی تیشكدانی تەنەكان بە تایبەتی تیشكدانی تەنی ڕەش بە پێی ئەو یاسایە لەرەلەری ڕووناكی واتە وزەكەی ڕاستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ پلەی گەرمیەكەیدا، واتە ئێمە دەتوانین ڕەنگی شەبەنگی هەر ڕووناكیەك بمانەوێت دیاری بكەین بە زانینی پلەی گەرمی ئەو ڕووناكیە، ئەمەش دەقی قسەی ئەو زانایانەیە، كە دەڵێن:
As you can see, if you heat a blackbody to 1900K, it glows orange. As the temperature increases, the color of the radiated light moves to yellow, then white, and finally to blue.
واتە: وەك تۆ دەبینیت ئەگەر تەنێكی ڕەش گەرمبكەیت بۆ 1900 پلەی پەتی، ئەوا ئەو تەنە بە ڕەنگی پرتەقاڵی دەدرەوشێتەوە، ئەگەر پلەی گەرمی بەرزبووەوە ئەوا ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ زەردو ئینجا سپی‌و پاشان شین. هەروەها زاناكان لەسەر ئەوە كۆكن، كە ئەگەر تەنێك گەرمكرا بۆ پلەیەكی گەرمی زۆر بەرزی ناكۆتا ئەوا درێژی شەپۆلەكەی دەبێتە سفر، واتە هیچ ڕووناكییەكی نابێت واتە ئەو تەنە ڕەشە دەردەكەوێت بەڵام بێگومان ئەوە تەنها لە ڕووی تیۆرییەوە، چونكە بە كرداری ناتوانرێت پلەی گەرمی تا ناكۆتا بەرز بكرێتەوە لەم دونیایەداو هیچ تەنێك بەرگەی ئەو پلە گەرمییە زۆر بەرزە ناگرێت.
درێژی شەپۆلی ڕووناكی بینراو لە نێوان (780-380) نانۆمەترە واتە تێكڕایی درێژی شەپۆلی ڕەنگی سوور 780 نانۆمەترە و تێكڕایی درێژی شەپۆلی بنەوشەیی 380 نانۆمەترە (1 نانۆ = 10 – 9 م )، واتە ئەگەر ئەستێرەیەك پلەی گەرمییەكی لە سنوری 4000 پلەی پەتیدا بێت، ئەوا بە ڕەنگی سور دەدرەوشێتەوە، بەڵام ئەو ئەستێرانەی كە پلەی گەرمییان لە سنووری 10000 پلەی پەتیدایە، ئەوا بە ڕەنگی سپی دەردەكەون. ئەو ئەستێرانەی پلەی گەرمییان لە سەروو 10000 پلەی پەتیدان ئەوا بە ڕەنگی شینی تۆخ دەردەكەون واتە (سور- سپی – شین) بەڵام بۆچی شین؟


لە ڕاستیدا ڕەنگی سپی پێكدێت لەو حەوت ڕەنگەی پێشوو، كە بە شەبەنگی خۆر دەناسرێن، بەڵام بە پێی ئەوەی زاناكان پێی گەیشتون و تێی گەیشتون هەریەكە لەو ڕەنگانە پلەی گەرمی تایبەت بە خۆیان هەیە، بۆ نموونە پلەی گەرمی ڕەنگی سور 1600 پلەی پەتییەو ڕەنگی سپی زەردباو 6000 پلەی پەتیە‌و ڕەنگی شین 10000 پلەی پەتیە، ئەمەش ئەوە دەردەخات، كە ڕەنگی سوور لە ڕەنگی شین ساردترە، زاناكان لەم دوواییانەدا گەیشتوون بەو ڕاستییە!
بەڵام ئەگەر ئەو تەنە لەوەش زیاتر گەرمكرا ئەوا ڕەنگی دەبێتە سپی، كە كۆكراوەی هەموو ڕەنگەكانە، واتە ئەو تەنەی تا پلەی سپی بوونەوە گەرمكرا ئەوا لە هەموو پلەكانی پێشوو گەرمتر دەبێت. بەڵام سەبارەت بە ڕەنگی ڕەش، زۆربەمان كونی ڕەشی بیستووە، كە دوا قۆناغی تەمەنی ئەستێرەكانە، كاتێك ئەستێرەیەك دەگاتە قۆناغی كونی ڕەش ئەوە هێزی كێشكردن‌و چڕی ماددەكەی دەگاتە ئەوپەڕی‌و ناشبینرێت، بۆیە ئەوە دواقۆناغی گۆڕانی ڕەنگەكانە لە تەمەنی ئەستێرەكاندا، بۆیە دەتوانین بڵێین، كە ڕەنگی ڕەش دوا ڕەنگی گەرمكردنە كە زاناكان ئەو قۆناغە نەبینراوە ناوزەد دەكەن بە ڕەنگی ڕەش.
واتە ئێمەواین لە بەردەم سێ‌ ڕەنگی سەرەكیداین، كە ئەوانیش سور، سپی‌و ڕەشن كە نەبینراوە كە لە نێوان ئەو ڕەنگانەشدا ڕەنگەكانی تری شەبەنگی خۆر هەن، كە لە سورەوە دەست پێدەكات‌و دەگاتە بنەوشەیی‌و پاشان نابینرێن كە ئەوەش ڕەش بوونە، چونكە چاوی مرۆڤ سەروبنەوشەیی‌و خوار سوریش نابینێت.

فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلام موحەممەد (صلی الله علیە وسلم):
لە بەر رۆشنایی ئەو ڕاستییە زانستییانەی پێشوو، كە لەم دوواییانەدا زانست پێی گەیشتووە، جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ فەرموودەیەكی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم)بكەین، دەربارەی ئاگر لە سەردەمێكدا،كە ئاگر لای زۆربەی بێ‌ بڕواو هاوبەش دانەران پەرستراوە. لەبارەی ئاگرەوە پێغەمبەری ئیسلام (صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی:

(أوقد على النار ألف سنة حتى احمرّت، ثم أوقد عليها ألف سنة حتى ابيضت، ثم أوقد عليها ألف سنة حتى اسودّت، فهي سوداء مظلمة) [رواه الترمذي].

واتە: (ئاگرێك كراوەتەوە (مەبەستی ئاگری دۆزەخە)، كە پلەی گەرمی ماوەی 1000 ساڵ لە بەرزبوونەوەدا بووە تا ڕەنگی سور بوو، ئینجا 1000 ساڵی تر تینی درایە، تا ڕەنگی سپی بوو، پاشان 1000 ساڵی تر تینی درایە، تا ڕەنگی ڕەش بوو، لەبەرئەوە ئاگرەكە ڕەش‌و تاریكە) ترمزی گێڕاویەتیەوە. ڕەنگی سپی كۆكراوەی هەموو ڕەنگەكانی شەبەنگی خۆرەو زاناكان بە ڕەنگێكی ناوەندییان داناوە لە نێوان سورو ڕەشداو بە هەمان شێوەش لە فەرموودەكەدا هاتووە، هەروەها لە فەرموودەكەدا بە ئاشكرا باس لە پەیوەندیی نێوان پلەی گەرمی‌و ڕەنگ دەكات بەو شێوەی، كە ئەمڕۆ زانست باسی دەكات، ڕەنگی سوور ساردترە لە ڕەنگی سپی‌و ئەویش ساردترە لە ڕەنگی ڕەش، ئەو ڕەنگەی دووایی گوزارشە لە ڕەنگی شەپۆلە كارۆموگناتیسییەكانی سەروبنەوشەیی، كە بە چاوی مرۆڤ نابینرێن، جگە لەوانە لە فەرموودەكەدا باس لە كات كراوە، واتە گۆڕینی ڕەنگەكان لە سورەوە بۆ سپی‌و دووایی بۆ ڕەش ئەوە بۆ خۆی كاتی دەوێت، ئەمەش واتای بەرزكردنەوەی پلەی گەرمی ئاگرەكەیە، كە پێویستی بە كاتێك دەبێت‌و زانستیش بە هەمان شێوە باس لەوە دەكات. هەرچەندە ئەو كاتە بۆ ئاگری دونیا زۆر كەمە، بەڵام با ئەوەمان لە بیر نەچێت، ئەو ئاگرەی فەرموودەكە باسی دەكات ئاگری ڕۆژی دواییەو زۆر جیاوازە لەم ئاگرەی ئێمەی مرۆڤ دەیزانین.
لە فەرموودەیەكی تردا پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم)، باس لەو ڕاستییەش دەكات‌و دەفەرمووێت:
(نار بني آدم التي توقدون جزء من سبعين جزءاً من نار جهنم، قالوا: يا رسول الله إن كانت لكافية ؟ فقال: إنها فضلت عليها بتسعة وستين جزءاً) [رواه البخاری].
واتە: ئاگری دونیا ئەوەین كە ئێمەی ئادەمیزاد بەكاری دێنین بە شێكە لە 70 بەشی ئاگری دۆزەخ. واتە ئاگری دۆزەخ 69 بەشی 70 بەشەكەیەو ئاگری دونیاش یەك بەشی ئەو ئاگرەیە، بە مانایەكی دی ئاگری دۆزەخ 70 هێندی ئاگری دونیایە!
خوێنەری بەڕێز بۆ ئەوەی زیاتر گەورەیی ئاگری ڕۆژی دواییت بۆ دەربكەوێت/ سەرنج بدە لەو ماوەیەی فەرموودەكە باسی دەكات 1000 ساڵ بە هەژماری خوایی، كە هەر یەك ڕۆژی ئەو ساڵە دەكاتە هەزار ساڵی ئێمە!! وەك قورئان دەفەرمووێت :
( وَيَسْتَعْجِلُونَكَ بِالْعَذَابِ وَلَنْ يُخْلِفَ اللَّهُ وَعْدَهُ وَإِنَّ يَوْمًا عِنْدَ رَبِّكَ كَأَلْفِ سَنَةٍ مِمَّا تَعُدُّونَ ) [الحج: 47]،
دەی ئێستا بیر بكەرەوە لە گەورەیی‌و توڕەیی ئەو ئاگرە، ئەگەر بەراوورد كرا بە ئاگری دونیا،كە هەرگیز بەراورد ناكرێت، ئەوا ئاگری دونیا لە چاو ئەو ئاگرەدا لە سەهۆڵیش ساردتر دەبێت، بۆیە پێویستە هەر هەموومان بڵێین:
( وَالَّذِينَ يَقُولُونَ رَبَّنَا اصْرِفْ عَنَّا عَذَابَ جَهَنَّمَ إِنَّ عَذَابَهَا كَانَ غَرَامًا * إِنَّهَا سَاءَتْ مُسْتَقَرًّا وَمُقَامًا )
[الفرقان: 65-66].

سوود لە سایتی www.kaheel7.com وەرگیراوە .

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top