You Are Here: Home » بابەتەكانمان » شەپۆلە قووڵەكانی ئۆقیانووسەكان لە “قورئان”دا

شەپۆلە قووڵەكانی ئۆقیانووسەكان لە “قورئان”دا

شەپۆلە قووڵەكانی ئۆقیانووسەكان لە “قورئان”دا

 

هەركاتێك ئەم ئایەتە گەورەیە دەخوێنینەوە دەبێت گەورەیی پەروەردگارمان یاد بكەوێتەوە كە تیایدا دەفەرموێت: (أَوْ كَظُلُمَاتٍ فِي بَحْرٍ لُجِّيٍّ يَغْشَاهُ مَوْجٌ مِنْ فَوْقِهِ مَوْجٌ مِنْ فَوْقِهِ سَحَابٌ ظُلُمَاتٌ بَعْضُهَا فَوْقَ بَعْضٍ)[النور:40].
پەروەردگاری بێ هاوتا تاریكاییەكانی سەر دڵی بێ‌باوەڕ، بە تاریكاییەكانی قوڵایی زەریاكان دەچوێنێت، كە چەند شەپۆلێكی قووڵ دایان پوشیوە ئنجا چینێكی تر لەو شەپۆلانە لەسەر ئەو شەپۆلانەوە هەیە، لە سەروو ئەم شەپۆلانەشەوە هەورێكی چڕ بەری ڕۆژی لێگرتووە، بەو جۆرە ئەو كەسە لە ناو چەند تاریكیەكی دوایەكدا دەژی.
لە ئایەتە پیرۆزەكەدا ڕاستیەكی زانستیی هەیە كە تا كۆتایی ساڵی 2007 نەدۆزرابوەوە، ئەوەش لە ڕێگەی دۆزینەوەی چەند شەپۆلێكی نوێ لە قووڵایی ئۆقیانووسی “ئارام“دا، كە جیاوازن لەو شەپۆلانەی كە لە سەر ڕووی ئاوی ئۆقیانووسەكە هەن، واتە لە ئاوە قووڵەكاندا شەپۆلێكی قووڵ و یەكێكی ڕووكەش هەیە، ئەوەش ئەوەیە كە ئایەتە پیرۆزەكە بە ووتەی: (مَوْجٌ مِنْ فَوْقِهِ مَوْجٌ) ئاماژەی پێداوە. لێرەدا پێش ڕوونكردنەوەی دۆزینەوە زانستیەكە، دەبێت ئاگاداری ئەو گومانانە بین كە هەندێك لە بێ باوەڕان لە بەرانبەر ئەم موعجیزانەدا دەریدەبڕن.
زۆر جاران هەوڵ دراوە كە بەرپەرچی ئەو بێباوەڕانە بدرێتەوە كە ئینكاری ئیعجازی قورئان دەكەن لە بارەی شەپۆلە قووڵەكانەوە، بەڵام هەرجارێك بە درۆیەكی تازە خۆ دەدزنەوە، جارێك دەڵێن زانایان چەند تەوژمێكیان لە بنی زەریاكاندا دۆزیوەتەوە ئەمانە جیاوازن لە شەپۆل و شەپۆل نین، چونكە قورئان باسی شەپۆل (Wave) دەكات و زانایان تەوژم (Current) باس دەكەن، وە دەڵێن ئەستەمە لە بنی زەریاكاندا شەپۆلی ڕاستەقینە هەبێت وەك ئەوانەی كە قورئان باسیان لێوە دەكات، بەڕای وان لەم دەربڕینەدا(مَوْجٌ مِنْ فَوْقِهِ مَوْجٌ) قورئان هەڵەی كردووە، وە تاكە هەڵەیەك بۆ سەلماندنی ئەوەی كە قورئان خودا نەیناردوە بەسە، چوونكە خودا زاتێكە هەڵە ناكات.
ئەمەش ووتەیەكە كە بە زار دەیڵێن، هەروەك پەروەردگار دەفەرمووێت: (كَذَلِكَ قَالَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ مِثْلَ قَوْلِهِمْ تَشَابَهَتْ قُلُوبُهُمْ قَدْ بَيَّنَّا الْآَيَاتِ لِقَوْمٍ يُوقِنُونَ) [البقرە: 118].
ئاشكرایە كە بێیاوەڕان خۆ دەدزنەوە ئەگەر نا لە ناوەوە دەزانن كە قورئان ڕاستە، بەڵام خۆبە گەورە
زانین، ڕێگریی لە ئیمان هێنانیان دەكات، ئەمەش قورئان پێمان ڕادەگەیەنێت: (وَجَحَدُوا بِهَا وَاسْتَيْقَنَتْهَا أَنْفُسُهُمْ ظُلْمًا وَعُلُوًّا فَانْظُرْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُفْسِدِينَ) [النمل: 14].
جارێك دەڵێن ئێمە لە ڕاڤەی باوی قورئان لامان داوە بەوەی كە گوایە دەڵێین ئیعجازە، وە جارێكی تر دەڵێن كە ئەو ڕاستیە زانستیانەی كە پشتی پێدەبەستین ڕاست نیە، وە كاتێكیش بە بەڵگەی بەهێز وەڵام دەدرێنەوە و بۆ یان دەسەلمێت كە قورئان زۆر بە ڕوونی باسی لەو ڕاستیە زانستیە كردووە، خۆ دەدزنەوە و دەڵێن: ئەوە ڕێكەوتە!!!
بۆیە ئەم دۆزینەوە زانستیە ڕوونە بە زمانی ئینگلیزی و تیپ بە تیپ دەخەینە ڕوو تا ووتەكانمان ئاشكرا بێت و خوێندنەوەی هەڵەی بۆ نەكرێت، وە داوای بەخۆدا چوونەوەش لە بێباوەڕان دەكەین، وە پێیان دەڵێین كە قورئان خێر و قووتار بوون لە ئاگری دۆزەخی دەوێت بۆیان چوونكە: (يَوْمَ لَا يَنْفَعُ مَالٌ وَلَا بَنُونَ (88) إِلَّا مَنْ أَتَى اللَّهَ بِقَلْبٍ سَلِيمٍ) [الشعرا‌ء: 88-89].

دۆزینەوەیەكی نوێی زانستیی:

 

ڕۆژنامەی Daily Telegraph لە ڕۆژی13/12/2007 دا ووتارێكی بڵاوكردەوە لە ژێر ناوی:
Deep ocean waves discovered by scientists زاناكان شەپۆلی (ئۆقیانوس)ی قووڵ دەدۆزنەوە.

لەو هەواڵەدا هاتووە كە دۆزینەوەی ئەو شەپۆلە قووڵانە لە ئۆقیانووسدا بووە هۆی سەرسامبوونی زاناكان، چوونكە چاوەڕێی ئەوەیان نەدەكرد كە شەپۆلێكی لەو جۆرە لە قووڵایی ئۆقیانووسدا ببینن.
زانا بەریتانیەكان چەند شەپۆلێكیان لە قوڵایی ئۆقیانووسی “ئارام”دا دۆزیوەتەوە.
ئەوان دەیانزانی كە دەتوانرێت ئەو جۆرە شەپۆلانە لە نزیك یاخوود لە سەر ڕووی ئۆقیانووسەكان
ببینرێن، بەڵام بەوە سەرسام بوون كە ئەو جۆرە شەپۆلانەیان لە قووڵایی ئۆقیانووسدا دۆزیەوە.
یەكێك لە بەشدارانی توێژینەوەكە، پرۆفیسۆر Karen Heywood لە زانكۆی UEA، دەڵێت:
ئێمە هەموو سەرسام و دڵخۆش بووین! هەروەك لە وێنەی مانگە دەسكردەكانەوە پێمان دەگات، بینینی شەپۆلێكی لەو جۆرە لە قووڵایی 50 مەترەوە، بۆ ئێمە شتێكی چاوەڕوەنكراو بوو، بەڵام بەڕاستی ئەوەی هەژاندینی دۆزینەوەی ئەو شەپۆلانە بوو لە قووڵایی 1500 مەتردا، ئەمەش ئەگەری ئەوە وەپێش دێنیت كە شەپۆلی تر لە قووڵایی زیاتردا بدۆزرێنەوە.
دكتۆر Matthews Adrian سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە و یەكێك لە زاناكانی زانكۆی ناوبراو دەڵێت: هەموومان وامانگومان دەبرد كە لە ژێر قووڵایی 200 مەترەوە ناتوانرێت هیچ شەپۆلێك ببینرێت.
زاناكان ئەوە دووپات دەكەنەوە كە ئەم شەپۆلانە لە كۆتایی ساڵی 2007 دا دۆزرانەوە، ئەمەش گوڕێكی باش دەداتە لێكۆڵینەوەی ژینگە و ئۆقیانووسەكان بە شێوەیەكی گشتی، هەر بۆیە زاناكان هەموو توانایەكی خۆیان بۆ زیاتر ناسینی ئەم جۆرە شەپۆلانە دەخەنە كار.

ئێستا با پێكەوە لە ووتەی پەروەردگار ڕامێنین كە دەفەرمووێت: (أَوْ كَظُلُمَاتٍ فِي بَحْرٍ لُجِّيٍّ يَغْشَاهُ مَوْجٌ مِنْ فَوْقِهِ مَوْجٌ مِنْ فَوْقِهِ سَحَابٌ ظُلُمَاتٌ بَعْضُهَا فَوْقَ بَعْضٍ)[النور:40]. ئاشكرایە ئایەتە پیرۆزەكە زۆر بە ووردیی‌و تەواویی لە شەپۆلی قووڵایی زەریاكان دەدوێت، ئەمەش ئەوەیە كە لەم دوواییەدا دۆزرانەوە‌و بە یەكەوە بنوسرێت ئیعجازێكی زۆر گەورەی قورئان ئاشكرا بوو.
لێرەدا دەمانەوێت شتێك بیری بێیاوەڕان بێنینەوە: چۆن ئەم جۆرە شەپۆلانە لە كتێبێكدا كە پێش 1400 ساڵ دابەزیوە، باسكراوە؟ ئایا ئەم ڕاستیە ئەوكات زانرابوو؟ خۆ زانا خۆرئاواییەكان ئەوە دووپات دەكەنەوە بۆ یەكەم جار ئەو شەپۆلانەیان لە كۆتایی ساڵی(2007)دا بینیوە، كەواتە كێ ئەو ڕاستیەی بە پەیامبەر (دروودی خودتی له‌سه‌ر بێت) ڕاگەیاند؟ وە چی وا لەو پەیامبەرە ئازیزە دەكات كە لە ڕاستیەكی ئاوا ئاڵۆز بدوێت؟ وە چۆن زانی كە ئەگەر یەكێك لە قووڵایی دەریادا بژی شەپۆلی قووڵ دایدەپۆشێت و لە تاریكیدا دەمێنێتەوە؟؟
وە بەوانەش دەڵێین كە دەڵێن گوایە ئێمە ڕاڤەی ئایەتەكان بەجۆرێك دەكەین كە ئەو مانایانە هەڵناگرن، ئەی ئێمە ئەمە ناو بنێین چی؟ قورئان باسی شەپۆلمان بۆدەكات و زاناكان ئەو شەپۆلانە دەدۆزنەوە، پەروەردگار باسی (بحر لجی) واتە: “قووڵ“مان بۆ دەكات و زاناكان دەڵێن قوولایی ئۆقیانووس(Deep ocean)، كەواتە كامە هەڵەلێكدانەوەی ئایەتەكانە؟
ئاشكرایە دەبێت هەموو خاوەن هۆشێك بزانێت كە لەم ئایەتەدا موعجیزەیەكی زۆر ڕوون هەیە، خۆ گەر ووشەیەكی گەورەتر لە “ئیعجاز”مان شك ببردایە ئەوا بۆ گەورەیی و ناوازەیی قورئانمان بەكار دەهێنا.
لە پەروەردگار داوا دەكەین ئەم موعجیزەیە بكاتە ڕووناكی بۆ ئیمانداران و بەهانە بڕینێك بۆ هەموو ئەو بێئیمانانەی كە ئەم قورئانە ڕەت دەكەنەوە، وە لە كۆتاییدا دەڵێین، هەروەك خودا دەفەرمووێت: (وَيُرِيكُمْ آَيَاتِهِ فَأَيَّ آَيَاتِ اللَّهِ تُنْكِرُونَ) [غافر:81)

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ 16ی گۆڤاری هه‌یڤ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top