You Are Here: Home » بابەتەكانمان » ئاماژەدان بە نائاگاهی لە قورئانی پیرۆزدا

ئاماژەدان بە نائاگاهی لە قورئانی پیرۆزدا

ئاماژەدان بە نائاگاهی لە قورئانی پیرۆزدا

ئامادەكردنی: سەروەر حەسەن عەلی
(مساعد ممارس) لەبەرنامەڕێژی زمانیانەی دەماریNLP

قورئانی پیرۆز بەرنامەیەكی كامڵا و تەواو شیاوە بۆ ژیانی مرۆڤ، سەرجەم وردەكاریەكانی لەبارەی مرۆڤەوە باسكردووە. گەر درێژەی باسكردنیش نەبێَت ئاماژە دراوە و درێژەی باسەكان بۆ بیرجوڵاندن و گەڕان و وردبوونەوەی مرۆڤ بەجێهێڵراوە… یەكێك لە بابەتە سەرەكیەكانی دەرونناسی و بەتایبەت بەرنامەڕێژی زمانیانەی دەماری (NLP) مەسەلەی نائاگاهی یاخود ئەقڵی پەنهانە (العقل الباطن) كە گرنگیەكی زۆری پێدەدرێت، بەو پاڵنەرەی كە نائاگاهی بزوێنەری مرۆڤە بۆ زۆر لەو كارانەی بوونەتە خوو لای كەسەكان و تێدا خەزن بوونی بێسنووری زانیاری و یادەوەریەكان و گەلێك تایبەتمەندی نائاسایی دیكە كە كاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە… قورئانی پیرۆزیش ئاماژەی بە نائاگاهی (ئەقڵی پەنهان) داوە، بەڵام بەر لەچوونە نێو بابەتەكەوە پێویستە ئاگاداری چەند ڕاستیەك بین:
1. ڕووداوگەلێك كە لەژیانی ڕۆژانەماندا ڕوودەدەن لەسەر ڕەفتارە ئاساییەكانمان كاریگەری بەجێدێڵن، جائیتر پێیان بزانین یاخود نەزانین.
2. مرۆڤ پێكهاتە و بوونێكی هێند ئاڵۆزی هەیە بەبیردا نایەت، بەدڵنیاییەوە ئەو ئاستی ئاڵۆزیە زۆرەی مرۆڤ هەیەتی یەكێكە لەو دیاردانەی لەپشت پەخشانكردنی ئایەتەكانی خوای مەزنەوەیە لەگەردوونی بەرفراواندا بەسەرجەم هەبووەكانی نێویەوە و لەنێویشیاندا دەروونی مرۆیی… خوای مەزن دەفەرموێت: [سَنُرِيهِمْ  آيَاتِنَا فِي الْآفَاقِ وَفِي أَنفُسِهِمْ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ ] فصلت/ 53، واتە: (ئێمە لەئایندەدا بەڵگە و نیشانەی سەرسوڕهێنەریان پێشان دەدەین لەئاسۆكانی بونەوەردا و لەخودی خۆیشیاندا، ئەمەش بۆئەوەی تا چاك بۆیان ڕوون بێت و دڵنیابن كە ئەو زاتە حەق و ڕاست و ڕەوایە)… ئەمە دروست وەك ئەوەیە ئایەتەكە بفەرموێت: ئەی بەندەكانم! جوانی و نایابیەكانی بەدیهێنراو و داهێنانكاریەكانمتان لەئاسۆكان و خودی خۆتاندا پێشان دەدەم تاكو بۆتان دەربكەوێت و دڵنیابن كە ئەم قورئانە هەق و ڕاستە.
بەڵام ئاخۆ ئەو ئاسۆیانە (افاق) كامانەن؟ بەدڵنیاییەوە ئەم گەردوونە بەرفراوانەیە بەسەرجەم ئەستێرە و گەلەستێرە و خولگەكانیانەوە، ئەم گەردوونە كە زۆرگرانە بۆ ئەقڵی مرۆیی وێنای فراوانیەكەی بكات لەزەینیدا. لێرەدا ناخوازین بچینە نێو وردەكاری ژمێركاریە فەلەكیەكانەوە بەڵام باچەند ساتێك هەڵوەستە لەسەر ئەم ئاسۆیانە بكەین و تەنها بڕی فراوانیەكەی بزانین: دووریی نێوان هەموو دوو ئەستێرەیەك لەگەردووندا بەپێوەری ساڵی ڕووناكی دەپێورێت، ساڵی ڕووناكیش ئەو دووریەیە كە ڕووناكی لەماوەی ساڵێكدا دەیبڕێت. ئەگەر زانیمان ڕووناكی لەهەر چركەیەكدا 300 هەزار كیلۆمەتر دەبڕێت ئەوا زۆر بەئاسانی دەتوانین ئەو دووریە بزانین كە لەخولەكێكدا دەیبڕێت (ئەوەش بەلێكدانی ژمارەكەی پێشوو لە 60 كە دەبێتە دووریی 18ملیۆن كیلۆمەتر. لەكاتژمێرێكیشدا ڕووناكی 10ملیار و 80ملیۆن كیلۆمەتر و لەڕۆژێَكدا ژمارەكە دەبێتە 25920000000 كیلۆمەتر و لەساڵێكیشدا ژمارەكە دەبێتە 9331200000000كیلۆمەتر. وەك زانایانی ئاشكرایان كردووە ئەستێرە هەن لەگەردووندا دووریی نێوانیان ملیۆنان ساڵی ڕووناكیە، ئیدی لەوكاتەدا خوێندنەوەی ژمارەكە تەواو گران دەبێت، لەبەرئەوەیە ئێمەی مرۆڤ دەتوانین تەسەوری بەشێك لەفراوانی گەردوون بكەین.
لەگەڵا ئەوەشدا نیوەی ئایەتەكانی خوای گەورە لەم گەردوونە بەرفراوانەدایە، نیوەكەی دیكە لەنێو خودی مرۆڤ خۆیدایە. خوای مەزن ئایەتەكانی خۆیمان لەگەردوون و خودی خۆماندا پێشان دەدات تاكو بۆمان ڕوون بكاتەوە كە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز هەق و ڕاستن.
لەوەی ڕابورد دەتوانین بڵێین تێگەیشتن لەئایەتە پیرۆزەكانی قورئان لەڕێی تێگەیشتن لەمرۆڤ و گەردوونەوە دەبێت، گەر هەقیقەتی زیاترمان زانی دەتوانین زیاتر لەقورئانی پیرۆزیش تێبگەین.
3. دەكرێت زانیاریمان لەبارەی دەروونی مرۆڤەوە لەدوو ڕێگەوە وەربگرین: یەكەم ئاكامی توێژینەوەی زانستی كە ئەقڵا و ئەزموونی تێدا بەكارهاتووە و ڕێگەی دووەمیش دەقە شەرعیەكان… بەڕاستی كەسێك بیەوێت بگاتە ئاكامێكی دڵنیاو تەواو هەرگیز نابێت لەهیچكام لەو دوو سەرچاوەیە بێئاگابێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە كە مرۆڤ بەدیهێنراوی خودایە و هەر خۆی باشتر بەرژەوەندیەكانی دەزانێت. لەلایەكی دیكەشەوە ئەقڵا بنەمای شیكاری و بینینی سوننەتە دەروونی و گەردوونیەكانە، بۆیە هەرگیز ناكرێت دژوەستانێك لەنێوان دەق و ئاكامی توێژینەوەكاندا هەبێت.
ڕاستە قورئان كتێبی دەروونناسی یان كۆمەڵناسی یاخود زمان و مێژوو نیە، بەڵام كتێبێكە چوارچێوەی گشتی سەرجەم ئەم زانستانەی ئاماژە پێداوە و بەسنورداریش درێژەی بەهەندێكیان داوە، بەتایبەت پەیوەست بە دەروونی مرۆڤەوە. پێغەمبەر (د.خ) نێردراوە تاكو وردەكاری هەندێك لەو مەسەلانە بدات.
خوای گەورە دەفەرموێت: [قُلْ سِيرُوا فِي الْأَرْضِ   فَانظُرُوا كَيْفَ بَدَأَ الْخَلْقَ] العنكبوت/ 20، واتە: (ئەی پێغەمبەر (د.خ) پێیان بڵێ‌: بابگەڕێن بەزەویدا، تەماشابكەن و سەرنج بدەن چۆن ئەو زاتە دروستكراوانی بەدیهێناوە). فەرمانكردن بەگەڕان و وردبوونەوە بەزەویدا تاكو تەماشای چۆنیەتی بەدیهێنان بكرێت ، لەئایەتەكەدا بەسێ‌ كرداری داخوازی (قُل- سِيروا- فآنظروا).
لەوتەكەی پەروەردگاردا بەدیهێنراوێكی دیاریكراو نیە بۆ لێوردبوونەوە، بەڵكو وشەكە بەجێهێڵراوە تاكو سەرجەم شێوەكانی بەدیهێنراوەكان بگرێتەوە لەڕووەك و ئاژەڵا و مرۆڤ و گەلەستێرەكان و هەسارەكان و ئاو و بەردەكان، هەروەها تاكو سەرجەم ئەو مەسەلانە بگرێتەوە كە پەیوەندیان بەدەروونی مرۆییەوە هەیە. زمان بەدیهێنراوێكە پێویستە لەدووی چۆنیەتی بەدیهێنان و گەشەكردنی بگەڕێین، ئیدی لای گەلێكی دیاریكراو بێت یاخود لای تاكە تاكەی مرۆڤ، بەهەمان شێوەش سەبارەت بە بەدیهێنراوەكان ڕەفتار و زیرەكی و سۆز و هەڵچونەكان و بەهرەكان و وەیادهاتنەوە و بیرچوونەوە و كاریگەربوون و كاریگەری دروستكردن و پەشێوی دەروونی و نەخۆشی دەروونی و غیرە و ڕژدی و بەخشندەیی و ژیان و مەرگ.
بەڵێ‌ ئێمە پێویستمان بەوە هەیە بزانین چۆن مردن دەمرێت، كاری مردن تەنها لەدونیادایە. مردن لەقیامەتدا بوونێكی نیە، چونكە لەوێ‌ ئیتر مردن دەمرێت، ئەگەر وانەبێت ئیتر چۆن نەمری بۆ ئیمانداران لەبەهەشت و بۆ كافرانیش ئاگر دەستەبەر دەبێت؟!
گەڕان لەزەویدا بەبێهودە نیە، بەڵكو بۆ جێبەجێكردنی فەرمانی خوای گەورە و میهرەبانە، تاكو مرۆڤ لەڕامبوونی ئەم گەردوونە و تەحقیق بوونی فەرمانی خوایی لەڕامكردنی گەردوون بۆی حاڵی ببێت [وَسَخَّر لَكُم مَّا فِي السَّمَاوَاتِ و فِي الْأَرْضِ].
4. ئێمە هەموانمان بەبێ‌ جیاوازی پاڵنەری ڕاستەقینەی 60%ی ڕەفتاری ڕۆژانەی خۆمان نازانین. خوای گەورە لەسورەتی (الفرقان) ئایەتی (6) دا دەفەرموێت: [قُلْ أَنزَلَهُ الَّذِي يَعْلَمُ السِّرَّ فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ إِنَّهُ كَانَ غَفُورًا رَّحِيمًا] ، واتە: (تۆ ئەی پێغەمبەر (د.خ) بڵێ‌: ئەو زاتەی ئەم قورئانەی دابەزاندووە بەهەموو نهێنیەك دەزانێت لەئاسمانەكان و زەویدا, هەر ئەویش هەمیشە و بەردەوام لێخۆشبوو و میهرەبانە)… لەسورەتی (اڵانعام) دا دەفەرموێت: [وَهُوَ اللّهُ فِي السَّمَاوَاتِ وَفِي الأَرْضِ يَعْلَمُ سِرَّكُمْ  وَجَهرَكُمْ وَيَعْلَمُ مَا تَكْسِبُونَ] اڵانعام/3، واتە: (ئەوە هەر (الله)یە پەرستراوە لەئاسمانەكان و زەویدا و نهێنی و ئاشكراتان دەزانێت، بەهەموو كار و كردەوەیەكیش كەدەیكەن ئاگادارە)… هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: [أَمْ يَحْسَبُونَ أَنَّا لَا نَسْمَعُ سِرَّهُمْ وَنَجْوَاهُم بَلَى وَرُسُلُنَا لَدَيْهِمْ يَكْتُبُونَ] الزخرف/80، واتە: (ئایا ئەوانە وادەزانن كە ئێمە لەنهێنی و چپەیان بێئاگاین و نایبیستین؟! نەخێر وانیە، ئێمە زۆر ئاگادارین و فریشتە چاودێرەكانیشمان كە هەمیشە لەنزیكیانەوەن، ورد و درشتی گوفتار و كرداریان تۆمار دەكەن).
بائێستا لەخۆمان بپرسین چەندجار ئەو وتەیەی پەروەردگارمان خوێندوەتەوە كە دەفەرموێت: [وَإِن تَجْهَرْ بِالْقَوْلِ  فَإِنَّهُ يَعْلَمُ السِّرَّ وَأَخْفَى]طه/7، واتە: (خۆ ئەگەر بەئاشكرا قسەبكەیت، ئەوە بێگومان ئەو زاتە بەنهێنی و لەنهێنیش پەنهانتر دەزانێت).
ئەم ئایەتەی كۆتایی بەڕوونی ئاماژە بەزانستی خودا دەدات لەسەر مەسەلەیەك كە بەپلەی یەكەم تایبەتە بەمرۆڤ. خوای مەزن ئاماژە بەسێ‌ دەستەواژە دەكات:
1. وتەی ئاشكرا (الجهر من القول).
2. نهێنی (السّر).
3. شارداوە یان لەنهێنی پەنهانتر (اڵاخفی).
دەتوانین بڵێین ڕەفتاری مرۆڤ لەیەكێك لەم سێ‌ جۆرە تێپەڕناكات:
1. وتەو قسەكردنم لەسەر شتێك جۆرێكە كە من دەیزانم و خەڵك دەیزانن و خوایش دەیزانێت، ئەوەش “وتەی ئاشكرا”یە. واتە شتی ئاشكرا یاخود ڕوون، وەك لەئایەتەكەدا هاتووە.
2. نهێنی، خەڵك نەیزانێت بەڵام من دەیزانم و خوایش دەیزانێت. ئەم نهێنیە لەخەڵك و دەوروبەر شاراوەیە بەڵام لەخوای گەورە شاراوەنیە. پەروەردگار نهێنی دەزانێت، نهێنی هەموومان دەزانێت.
3. جۆری سێیەم كەئایەتەكە ئاماژەی پێدەدات (أخفی) یە.
وتەی ئاشكرا (الجهر) خەڵك دەیزانێت و من دەیزانم و خوای گەورەش.
نهێنی (السّر) ئەوەیە كە من دەیزانم و خەڵك نایزانێت بەڵام خوای گەورە دەیزانێت.
شاردراوە (أخفی)یش خەڵك نایزانێت و منیش نایزانم (هەرچەند من خاوەنیم) بەڵام خوا دەیزانێت.
ئەوەی لەباسەكەدا مەبەستە وشەی (أخفی) یە كەلەئایەتەكەدا هاتووە.
“إمام القرطبی) لە “إبن عباس”ەوە دەڵێت: “نهێنی ئەوەیە كە ئادەمیزاد لەدەروونی خۆیدا دەیشارێتەوە بەڵام شاردراوە (أخفی) ئەوەیە كە لە ئادەمیزاد شاراوەیە لەگەڵا ئەوەش كە خۆی بكەریەتی“.
“البغوی” لە “إبن أبی طلحە”ەو لە “إبن عباس”ەوە دەڵێت: “نهێنی ئەوەیە كە ئادەمیزاد لەدەروونی خۆیدا دەیشارێتەوە، بەڵام (أخفی) ئەوەیە كە بەرلەوەی بیزانێت لێی دیارنیە هەرچەندە خۆیشی بكەریەتی“.
یەكێك لەزانایانی دەرونناس لەكۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا دۆزینەوەیەكی ئاشكراكرد كە ناوینا “نەست” یان “ئەقڵی پەنهان” یاخود “نائاگاهی” (ئەم دەستەواژانە هەمان مانا دەبەخشن). ئەو كردارانەش كە لێوەی دەردەچن ناودەبرێن بە كردارە “ناخودئاگاییەكان” یان “نەستیەكان”.
جێگای باسە60%ی ڕەفتاری ڕۆژانە و كردار و گوفتارەكانمان سەرچاوەكەیان ئەقڵی پەنهانە، ئەمەش واتە من فاكتەری ڕاستەقینەی نزیكەی 60%ی ڕەفتارەكانم نازانم، بەڵام ئەگەر لەخۆمم پرسی یاخود كەسێك لێی پرسیم بۆچی ئەم كارەم كرد؟ ئەو دەمە دەتوانم پاساوی ئەقڵیی بۆ بهێنمەوە، واتە دەتوانم پاساو یان فاكتەری ئەقڵی (ژیری) بدەم و قەناعەت بە بەرامبەرم بكەم لەگەڵا ئەوەشدا هۆكاری ڕاستەقینەی ئەو ڕەفتارانە بەشاراوەیی لەناخمدا (واتە لە ئەقڵی پەنهان- اڵاخفی) دەمێنێتەوە، لەو جێگایەدا كە نایزانم.
ئەقڵی پەنهان چی لەخۆدەگرێت؟
نائاگاهی ئەو سیستمی دەماریەیە كە ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:
1. بەهرە و شارەزایی و بەدەستهاتووە فێربووەكان كە فێربوونیان لەهۆشیاری (ئاگاهی) یەوە بووە و لەدوای تەواو وەرگرتنی و بوونی بە خوو (عادەت) بۆ ئەقڵی پەنهان (مەبەست وشەی (أخفی)ی نێو ئایەتەكەیە) گوێزراوەتەوە. لەوانەش ڕەفتارە پەیوەستەكان بە عادەتەكانی خواردن و خواردنەوە و دانیشتن و ڕۆیشتن و نووسین و خوێندنەوە و بیركردنەوە و…هتد.
2. بەرنامە پەیوەستەكان بە بەڕێوەبردنی كۆئەندامەكانی جەستە (ئەوەی دەست دەگرێت بەسەر هەناسەدان و لێدانەكانی دڵا و ئارەقە ڕژێنەكان و دەردانی ڕژێنەكان و… هتد).
3. سەرجەم یادەوەریەكان، خۆش و ناخۆش.
4. بەها و بیروبڕواكان.
جێگای گرنیگیدانە كە تاكە جێبەجێكاری هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە ئەقڵی ئاگایە، تەنیا ڕێگە و دەروازەی نائاگاهی بۆ جیهانی دەرەوە ئاگاهیە. دەبێت ئێمەی مرۆڤ بەرامبەر بەو شتانەی دەچنە ئاگاهیمانەوە زۆر هەستیار بین كە ڕاست و دروست بن، چونكە هەموو بیرێك كە ئەقڵی ئاگا وەری دەگرێت دەچێتە ئەقڵی پەنهانەوە و تیایدا جێگیر دەبێت… ئەگەر كەسێك لەئێمە خراپەیەكی بینی یان بیست یاخود هەستی پێكرد ئەوا داناییە بیگۆڕێت، ئەگەر بەدەست نەیتوانی بەزمان، ئەگەر نا ئەوا بەدڵا پێی ناخۆش بێت بۆئەوەی ئەقڵی ئاگا بەلایەوە گونجاو نەبێ‌ و قەبوڵی بكات و لەدوایشدا نائاگاهی بەو ئیعتیبارەی كە مەسەلەیەكی قەبوڵا كراوە وەری بگرێت. نائاگاهی هیچ مشتومڕ و گفتوگۆیەك لەسەر ئەو زانیاریانە ناكات كە لەئەقڵی ئاگاوە پێیدەگات، بەڵگەش ئەوەیە كە كردنی هەر خراپەیەك خاڵێكی ڕەش لەنائاگاهیدا دروستدەكات، گەر خراپەكانیش چەندبارەبوونەوە ئەو كاتە خاڵە ڕەشەكان لەنائاگاهی (أخفی)دا دووبارە دەبنەوە تاكو تەواو ڕەش دەبێت و ئیدی حەڵاڵا حەڵاڵا ناكات و حەرامیش بەحەرام نازانێت، ئەمەش (وەك گوتمان) لەبەرئەوەیە كە ئەقڵی پەنهان جیاكاری ناكات لەنێوان زانیاریە گەیشتوەكان لەئاگاهیەوە.
ڕەنگە خوێنەر بپرسێت: بەڵگەی هەبوونی ئەم ئەقڵی پەنهانە لەژیانی ڕۆژانەدا چییە؟
بەڵگەی زۆر لەسەر بوونی ئەقڵی پەنهان هەن، لەوانە:
1. ترسە شازەكان: زۆر كەسی بچوك و گەورەش هەن لە شتێكی دیاریكراو دەترسن كە شایستەی لێ ترسان نیە، وەك ترس لە تاریكی و شوێنی بەرز و داخراو و پشیلە و مشك و هەندێك ئاژەڵی ماڵی و گۆڕستان و لەوجۆرە… ناتوانین لەسەر ئاستی ئەقڵی ئاگا (العقل الواعی) ڕاڤە و پاساوێكیان بۆ بهێنینەوە. گەر كەسێك لەوانە هۆكاری ترسی خۆیی لەتاریكی بۆ شیكردینەوە، ئەو شیكاریەشی دیسان پێویستی بەڕاڤە و شیكردنەوەی زیاتر هەیە. زۆرجار دەڵێت: نازانم، بەڵام كەلەتاریكیدا دەبم زۆر بێتاقەت دەبم.
2. لەدەم دەرچوونی وتەیەك: مەبەستمان ئەو وشانەن كە بەبێ‌ ویستی خۆمان دەیانڵێین، وەك ئەوەی كەسێك بەئیشێكی بەرامبەرەكەی دەڵێت: دەستخۆش (ئیشێكی) چاكت كرد، مەبەستی ئەوەیە ئیشێك یان كارێكی چاكی كردووە. لەكاتی دەركەوتنی نمونەی ئەم لەدەم دەرچوونانە بگۆكەی پۆزش دێنێتەوە و دەڵێت كە مەبەستم ئەوە نەبووە قسەیەكی وەها بكەم. ئەی ئاخۆ كێ و چی بۆ گوتنی ئەو جۆرە قسەیە پاڵی بەكەسەكەوە ناوە؟ بێگومان نائاگاهی ویستی ئەو ئارەزووە كپكراوانەی دەرببڕێت كە خەزنی كردووە، بۆ ئەمەش هێوربوونەوەی ئاگایی بۆ دەرچوون بەدەرفەت زانیوە.
3. لەبیرچوونەوە: ئێمەی مرۆڤ هەموانمان زۆرجار شتەكانمان بیردەچێتەوە، بەڵام ئایا بۆچی لەبیریان دەكەین؟ ئایا هەموو شتێكمان لەبیردەچێتەوە؟ لێرەدا تەنها ئەوەندە دەڵێین كە هۆكارەكانی لەبیرچوونەوە زۆرن لەوانە هیلاكی و ماندووبوون، جگە لەوانەش چونكە هەندێجار شتەكان لەوپەڕی پشوو و ئارامیشدا هەر لەیاددەكەین؟! ئاخۆ ئەمەیان بۆ؟ بێگومان لەیادكردن لەم هەڵوێستانە و هاوشێوەكانیاندا لەبیرچوونەوەی ئەوەیە كە ڕقمان لێیەتی یاخود هەست دەكەین دەبنە هۆكاری ئازار پێبەخشینمان.
نائاگاهی ئەوانەمان لەبیردەباتەوە، ئەمەش پێداگریەتی لەسەر بەدوورخستنی ئازار لێمان و هێنان و دەستخستنی پشوو و خۆشی، بەڵام بەشێوازێكی تایبەتی خۆی كە تاڕادەیەك لەلۆژێكی منداڵا دەچێت لەبەرەنگاربوونەوەی ناڕەحەتیەكاندا.
4. ونكردنی شتەكان: ونكردنی شتەكان مەسەلەیەكە توشی هەموومان دێت، بەڵام تەنها ئەو شتانە لەدەست دەدەین كە ڕەنگە زۆرگران بن، بەهۆی ماندویەتیمانەوە؟ یاخود لەوانەیە هەندێجار لەوپەڕی پلەی پشوو و ئارامیدا لەدەستیان بدەین؟ ئەگەر ئەوە ڕوویدا كێ بەرپرسە، ئەقڵی ئاگا یاخود ئەقڵی پەنهان؟
ئایا بووە ڕۆژێك لەڕۆژان كەسێكمان جێگای لێوەستاندنی ئۆتۆمبێلەكەیی لەبیرچووبێتەوە؟ ئایا ونكردنی جێگای لێوەستاندنەكە بەهۆی ئەوەوە بووە كە ئۆتۆمبێلێكی جوان و نایاب بووە یاخود بێزاركاربووە و زۆرجار لەكار كەوتووە؟ ڕای زۆرینە ئەوەیە كە جێگای ئەو ئۆتۆمبێلە لەبیردەكەین كاتێك ماندووكار دەبێت و دەبێتە سەرچاوەی بێزاری و ناڕەحەتی. لەوكاتەدا نائاگاهی دەخوازێت خۆشحاڵمان بكات، بەڵام جارێكی دیكەش دەڵێین بەشێواز و ڕێگەی تایبەتی خۆی.
5. كردارە بەڕێكەوتەكان: وەك ئەوەی كەسێك سیویچی ئۆتۆمبێلەكەی بۆ كردنەوەی قوفڵی دەرگای ماڵەوە بەكاردێنێت… نائاگاهی كاردەكات، چونكە دەبینین لەوساتەدا مەیلی لەماڵەوە مانەوە دەكەین زیاتر لەچوونە دەرەوەمان.
6. خەون بینین: زۆرجار خەون بینین دەربڕی ئارەزووە كپكراوەكان یان ئاواتە بەدەست نەهاتووەكانە، یاخود ترسەكان كەزۆرجار نائاگاهی بەهێما خەزنیان دەكات.
نائاگاهی دەتوانێت ئەو ئازارانە هەست پێبكات كە ئەقڵی ئاگا دەركیان ناكات، ئەوەش چونكە دەتوانێت مامەڵە لەگەڵا هەستە كەم و لاوازەكانیش بكات. نمونەی ئەو هەستانە كۆدەكاتەوە و هەندێجار بەشێوەی خەون پێكیان دەهێنێت بەپێشبینی كردنی نەخۆشی و هەندێجاری دیكەش ئەوەی نائاگاهی هەستی پێكردووە و باوەڕی پێكردووە، باوەڕی پێدەكات و نەخۆشیەكە دەردەكەوێت…

فەرمانەكانی نائاگاهی:
ئەقڵی پەنهان (نائاگاهی) پێنج فەرمانی سەرەكی هەیە، ئەوانیش:
1. خەزنكردنی زانیاری و یادەوەریەكان، نائاگاهی ئەزموونەكانی مرۆڤ خەزن دەكات ئەوەی بینیویەتی و بیستویەتی و چەشتویەتی و بۆن و هەستی پێكردووە. بۆیە وێنە و شێوە و ڕەنگەكان و دووریەكان و قەبارەكان و جێگاكان و جوڵەكانی تێدایە و دەنگەكانیش خەزن دەكات بەسروشت و توندی خۆیانەوە، هەروەها هەستەكانیش وەك گەرمی و ساردی و نەرمونیانی و زبری و ڕەقی.
2. نائاگاهی قەڵای هەست و سۆزەكانە، هەر ئەویش مەیل و ئارەزووەكان ئاڕاستە دەكات.
3. نائاگاهی كردارە خۆنەویستەكان ڕێكدەخات وەك هەناسەدان و لێدانی دڵا و سوڕی خوێن و پلەی گەرمی جەستە و هەرسكردن و ئارەق دەردان و ئەشك ڕشتن.
4. نائاگاهی بەندیخانەی عادەتەكانە جا باش بن یان خراپ، هەروەها شوێنگەی شارەزایی و لێهاتوویەكانە كە مرۆڤ بەدەستیاندێنێ، وەك نووسین و شۆفێری ئۆتۆمبێل و دروستكردنی خۆراك و دارتاشی و سەرجەم شارەزایی و لێهاتوویەكان.
5. نائاگاهی دەست دەگرێت بەسەر وزەی جەستەیی و دەروونیدا.
چۆن نائاگاهی كاردەكات؟
1. نائاگاهی بەپێی ڕێسای بڕٍواییەكان كاردەكات، بەو مانایە كە هەموو ئەو بیرانەی لەئەقڵی ئاگاوە بۆی دەنێردرێت قەبوڵی دەكات، بەبێ‌ هیچ وتووێژ و گفتوگۆ لەسەر كردنێك بڕوای پێدەكات و وەریدەگرێت. ئەگەر بڕوا بەڕاستی و دروستێتی هەر بیرۆكەیەك بكەین، ئەگەرچی ئەفسانەش بێت بەڵام نائاگاهی هەر وەك بڕوایەكی باوەڕپێكراو قەبوڵی دەكات… مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لەو نەتەوە و گەلانەی بەردیان پەرستووە و بڕواشیان وەهابووە كە سود و زیانیان پێدەگەیەنێت، ئەو بڕوایە لەنائاگاهیدا و بەهۆی ئاماژەگەلێكەوە كە لەئەقڵی ئاگاوە پێیدەگات دەخوڵقێت… خەڵكانێكی زۆر بڕوایان وەهابووە ئەوان چاكسازن كەچی ڕەفتاریان بەڵگە خراپەكاریان بووە. [وَإِذَا قِيلَ لَهُمْ لاَ تُفْسِدُواْ فِي الأَرْضِ قَالُواْ إِنَّمَا نَحْنُ مُصْلِحُونَ أَلا إِنَّهُمْ هُمُ الْمُفْسِدُونَ وَلَـكِن لاَّ يَشْعُرُونَ  ] البقرە/ 11-12، واتە: (ئەوانە كاتێك پێیان دەگوترێت تۆوی گوناه و تاوان و خراپەكاری مەچێنن لەزەویدا، دەڵێن بەڕاستی ئێمە تەنها چاكسازی دەكەین!. ئاگاداربن، كە بەڕاستی هەر ئەوانە تۆوی خراپە دەچێنن بەڵام هەستی پێناكەن و(خۆیانی لێ گێل دەكەن)).
2. كاری نائاگاهی ڕەفتارەكانی ئێمەیە. هەر ڕەفتارێك وەڵامدانەوەی نائاگاهیە بۆ ئەو بیرانەی لەئەقڵی ئاگاوە پێی دەدرێت، ئەمەش مانای وایە ڕێككاری ڕەفتار پێویستی بەڕێككاری و چاكسازی ئەو بیرانە هەیە كە ئاگاهیمان دەیداتە نائاگاهی (ئەقڵی پەنهان). هەربۆیە گۆڕانكاری دەرەكی (ڕەفتاری تاكەكانی كۆمەڵگە) پەیوەستە بەو بیرو بیركردنەوانەی كە نائاگاهی هەریەكەیان هەڵیدەگرێت، ئەوەش سەلمێنەری ڕاستێتی ئەو وتەیەی پەروەردگارە كە دەفەرموێت: [إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ]الرعد/11، واتە: (بێگومان خوا بارودۆخی هیچ گەل و نەتەوەیەك ناگۆڕێت هەتا ئەوان ئەوەی بەخۆیان دەكرێت نەیگۆڕن و نەیكەن).
لەبەر ئەم هۆیە ناكرێت ڕێ‌ بەئەقڵی ئاگامان بدەین بیر و بیركردنەوە هەڵەكان قەبوڵا بكات، چونكە هەر ئەوەی كەوەریگرت، ڕاستەوخۆ لەلایەن ئاگاهیەوە وەرگیراو و قەبوڵكراوە و كاردانەوەی ئەوەش دەركردنی ڕەفتارگەلێكی هەمئاهەنگە بەو بیرانە…
بەڵێ، كاتێك بیرە سەلبیەكان دەست بەسەر ئەقڵی ئاگادا دەگرن ئیدی ئەو ڕەفتارەی نائاگاهی دەریدەكات پێ‌ بەپێی ئەوە دەڕوات، چونكە لەهەگبەی نائاگاهیدا شتێكی تێدانیە بتوانێت جیاوازی بكات لەنێوان حەڵاڵا و حەرام ، هەڵە و ڕاستدا.
بەڕاستی جیاوازی هەیە لەنێوان ئەو كەسەی سەرپێچیەك دەكات و بڕوای وەهایە كە كارەكەی سەرپێچیە، لەگەڵا ئەوكەسەی دەیكات و بڕوای وەهایە سەرپێچی ناكات. یەكەمیان ڕاستە سەرپێچیكارە بەڵام دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر چاكەكردن و باشبوون زۆر ئاسانتر لەوانەی دیكە كە دڵیان چڵك و ژەنگی گوناه دایگرتووە… وەك لەئایەتەكەدا هاتووە: [كَلَّا بَلْ رَانَ عَلَى قُلُوبِهِم مَّا كَانُوا يَكْسِبُونَ] المطففین/14، واتە: (نەخێر، وانیە (ئەو نەفامانە تێناگەن و داناچڵەكن) بەڵكو دڵیان ژەنگی هێناوە و چڵكی گوناه دایپۆشیوە لەسەرەنجامی ئەو كار و كردەوانەی كە دەیانكرد)…
4. وەڵامدانەوەی نائاگاهی زۆر خێرایە بۆ ئەو بیرانەی لەئەقڵی ئاگادا هەن، بەتایبەت لەلای منداڵا و هەرزەكاران و ئەو كەسانەی ئەزموونی ژیانان كەمە.
5. نائاگاهی مامەڵەی ئەقڵانی لەگەڵ ئەو پەیام و بیرۆكانەدا ناكات كە لەئەقڵی ئاگاوە پێیدەگات و ئەقڵیانەش حوكمیان بەسەردا نادات، چونكە ئەقڵی ئاگا حوكمی بەسەردا داوە. بۆیە ئەگەر ئەقڵی ئاگا هەڵەبوونەكەیی ئاشكرا نەكردبێت نائاگاهی ناتوانێت ئاشكرای بكات، بەڵكو وەك خۆی باوەڕی پێدەكات، تەنانەت گەر ناڕاست و ئەفسانەش بێت.
جیاوازی نێوان ئاگاهی و نائاگاهی؟



هەندێك لەجیاوازیەكان لەم خشتەیەدا دەرخراوە:
كەواتە ئەگەر دەروونی مرۆیی بەوجۆرە ئاڵۆزە نەبووایە شیاوی ئەوە نەبوو نیوەی ئایەتەكانی پەروەردگار پێك بهێنێت، بەڵام ئەم ئاڵۆزیە مانای وەهانیە تێگەیشتنی ئەستەم و زۆرگرانە… ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم دەروونە سووننەت و ڕێساگەلێك دەستی بەسەردا دەگرێت، هەر كەس بیانزانێت مامەڵەكردنی لەگەڵیدا ئاسان دەكات.
نەزانینی ئەو سووننەتانە هۆكاری پشت ئەو جیاوازی و ناكۆكیەیە كەلەنێوان موسا پێغەمبەر (سەلامی خوا لێبێت) لەگەڵا بەندە چاكەكەدا ڕوودەدات، بەندە چاكەكە هەر لەسەرەتاوە دەزانێت موسا پێغەمبەر (سەلامی خوا لێبێت) ناتوانێت ئارام بگرێت لەسەر شتێك كە ماهیەتەكەی نازانێت. زانستی نوێ‌ ئەو ڕاستیەی سەلماندووە بەزیادبوونی پانتایی نادیار لای مرۆڤ دڵەڕاوكێی زیاددەكات… ئەوەیە كە بەندە چاكەكە دەری دەبڕێت كاتێك بەموسا (سەلامی خوا لێبێت) دەڵێت: [وَكَيْفَ تَصْبِرُ عَلَى مَا لَمْ تُحِطْ بِهِ خُبْرًا] الكهف/ 68، واتە: ( جا چۆن خۆگر دەبیت لەبەرامبەر شتێكەوە كە هەواڵت لێی نیە و ئەمسەر و ئەوسەری نازانیت). هەروەك ئەوەی بیەوێت بەموسا (سەلامی خوا لێبێت) بڵێت: ئەوەی زیاتر بزانێت زیاتر ئارامگر و خۆگر دەبێت، ئەوەی پتر زانیاری لەسەر شتەكان هەبێت پتر ئارام دەگرێت، ئەوەی زێدەتر لە مەسەلەیەك تێبگات زێدەتر خۆگردەبێت، بەپێچەوانەشەوە پانتایی ئارامگرتن لەگەڵا كەمیی زانست و ئەزمووندا تەسك دەبێتەوە.
پەیامە ئاڕاستەكراوەكان بۆ نائاگاهی:
زانیمان ئەقڵی پەنهان یاخود نائاگاهی بەهۆی ئەقڵی ئاگاوە بەرنامەڕێژ دەبێت، توانستێكی گەورەی وەرگرتن و ئەمباركردنی زانیاریەكانی هەیە و كاریگەری تەواویشی لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ هەیە. ئەو پەیامانەی لە ئاگاهیەوە پێیدەگات بەبێ‌ مشتومڕ وەریاندەگرێت و كاریان پێدەكات، بۆیە دەبێت مرۆڤ زۆر ئاگاداری جۆری ئەو پەیامانەبێت كە لەئاگاهیەوە بەرەو نائاگاهی ڕەوانەیان دەكات، سەرجەمیان پەیامی ئیجابی بن. دەبێت لەئاستێكی بەرزدا لەگەڵا خۆی بدوێت و وتەگەلێك بەخۆی (نائاگاهی) بڵێت تێكشكێنەر نەبن بەڵكو بونیاتنەر و هاندەربن بۆ كار و چالاكی و ڕێزلەخۆگرتن و بەرزڕاگرتنی خود. دكتۆر صلاح ڕاشید دەڵێت: “نمونەی ئەقڵی پەنهان وەك ئاریاڵێك وەهایە، ئارەزووەكانی نێویشی وەك ڕسیڤەرێك (وەرگری شەپۆلەكان)، تۆ بەنائاگاهی و ئارەزووە ناوەكیەكانت شت و ڕووداوە ئیجابی و سەلبیەكان لەدەوروبەرتەوە بۆ خۆت كێش دەكەیت، دروست وەك ئاریاڵا كە سەدان دەنگ و وێنە لەسەربانی خانووەكەتەوە وەردەگرێت!!”.
گرنگە لەبەكارهێنانی دەستەواژەكاندا ورد و هەستیار بین، دووربكەوینەوە لەدەربڕینی نمونەی (من ناتوانم، من هیچ بەدەست ناهێنم، كەس خۆشی ناوێم، كارەكان خراپتر دەبن، كارەساتێك ڕوودەدات…) لەهەموو ئەم دەستەواژانە نەهی كراوە و داوا لەباوەڕدار كراوە هەمیشە گەشبین بێت بەخێر و باشە، وەك ئەوەی پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێت: [تفا‌ولوا بالخیر تجدوه]. گوتراوە ئەگەر بەخۆتت گوت كەسێكی سەركەوتویت یان فاشیلی، بەهەردوو بارەكەدا هەر ڕاست دەكەیت چونكە دروست وەك ئەوە دەردەچێت كە بەخۆتی دەڵێیت، ئەوەش بەهۆی كاریگەری نائاگاهیەوە لەسەر پێشهاتەكان لەلایەك و كاركردن و گرتنەبەری هۆكاری گونجاو و هاوتا لەگەڵا بیركردنەوەكەدا بۆ گەیشتن بەخواستەكان لەلایەكی دیكەوە.
لەفەرمودەیەكی قودسیشدا هاتووە: [من لەگەڵا گومانی باشی بەندەكەمدام…]، ئەمەش چونكە بوونی گومانی باش بەخوای گەورە وزە جەم دەكات و هانی ئەقڵی ئاگا دەدات دروست بیربكاتەوە و لە نائاگاهیشەوە (أخفی) گەورەترین وزە دەردەچێت كە وەها لە بەندە دەكات توانستێكی زیاتری هەبێت لەگەیشتن بەچارەسەرە دروست و گونجاوەكانەوە.
سەرچاوە/
*بابەتی (اڵاخفی والسلوك) لەنووسینی (د.میسرە طاهر- أستاژ علم النفس فی جامعە الملك عبدالعزیز) لەگۆڤاری (الإعجاز العلمی- العدد التاسع، صفر 1422ه)
*لەگەڵ سود وەرگرتن لە پێگەی (www.nlpnote.com).
*ڕاڤەی ئایەتەكان لە (تەفسیری ئاسان بۆ تێگەیشتنی قورئان- نووسینی: بورهان محمد أمین) وەرگیراوە.

ئەم بابەتە لە ژمارە 11ی گۆڤاری هەیڤ بڵاوكراوەتەوە 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top