You Are Here: Home » بابەتەكانمان » ئیعجازی زانستی لە پاكی پشیلەدا

ئیعجازی زانستی لە پاكی پشیلەدا

ئیعجازی زانستی لە پاكی پشیلەدا

ئامادەكردنی: محمد لجین الزین
وەرگێرانی: هاوژین طالب
پێغەمبەری خوا صلی الله علیە والە وسلم لە چەندین فەرموودەیدا لە پاك بوونی پشیلە و پیس نەبوونی دڵنیامان دەكاتەوە و ناویشیان دەنێت: (ئەو گەرۆكانەی بەردەوام بە دەوری ماڵەكانماندا دەسورێنەوە – انها من الطوافین علیكم و الطوافات -)، هەروەها پێغەمبەر صلی الله علیە والە وسلم دەست نوێژیشی لەو ئاوە دەگرت كە پشیلە دەمی تێ‌ دەخست و بە پاكی دەزانی … لێرەشدا پرسیارێك دێتە ئاراوەو خۆی دەسەپێنێت:
ئایا موحەممەد،پێغەمبەری نەخوێندەوار صلی الله علیە والە وسلم پزیشكی خاوەن ئەزموون و شیكارگە بووە؟ تا لە خۆوە بڵێت پشیلە پاكەو پیس نییە! ئەو فەرمووی سەگ گڵاوەو پیسە ئەمە تاراددەیەك ئەمرۆ لای هەمووان زانیارییەكی زانراوەو زانستیش چەسپاندوویەتی، ئەی چۆن زانی پشیلە پاكەو میكرۆباوی نییە؟ فەرموون با سەیری ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوە زانستییە بكەین و ئەو راستییەی تیایدا هاتووە بی زانین، سەرەتا ئامادەكاری ئەم بابەتە دەڵێت: ئێمە بە هەندێ لێكۆڵینەوەی زانستی هەستاین و ئەنجامەكانیش لەگەڵ ئەوەی پێغەمبەر صلی الله علیە والە وسلم پێش 14 سەدە لەگەڵ خۆی هێناویەتی چوون یەك بوون.
هەندێ‌ راستیی زانستی و ئەزموونی باوەرپێكراو لەبارەی پشیلەوە
خۆ پاككردنەوە لە خووە زانراوەكانی پشیلەیە، هەتا زانا باستور دەڵێت: پشیلەكان گیاندارێكی پاك و خاوێنن، چونكە كاتیان بە پاككردنەوەی خۆیان بەسەر دەبەن و هیچ ناوچەیەكی لاشەیان نییە كە پاك كردنەوە نەیگاتێ‌(1).


وێنەی ژمارە (1)

ئەگەر سەیری وێنەی ئەم پشیلە بچووكە بكەین دەبینین چنگەكانی زۆر پاكن، چونكە بەردەوام لەگەڵ ئەندامەكانی تری لاشەیا دەیان لێسێتەوە، هەروەها پشیلەی دایكیش بەچكەكەی لەماوەی شیردان و گۆشگیریدا بەردەوام دەلێسێتەوە، بەمەش هەستی گرنگی دان بە پاك و خاوێنی بۆ بەچكەكە دەگوێزرێتەوە.
لەبەرئەوەی پێستی پشیلە بەر كەشی دەرەوە دەكەوێت، لەپێستەی پشیلەدا چەندین خانە هەن بە هاوشێوەی خرۆكە سپییەكانی خوێن كاری بەرگری دەكەن و هەروەها هاوسەنگیش لە هەستیاری خانەكانی پێستیدا رادەگرن (2).


وێنەی ژمارە (2)

برگەو شوێن برینێكە لە پێستی پشیلەدا، ئەو خانانە دەردەخات كە بەرهەڵستی میكرۆبەكان دەكەن و پیشانیشی دەدات تا چ رادەیەك پێستی پشیلە هەستدارە.
ئەمەو سەری زمانی پشیلە بە چەندین پارچەی دەرپۆقیوی شێوە مشاری داپۆشراوە، ئەم پارچە هەڵئاوساوە چەماوە گەورەو قوچەكییانە وەك بربەنێكی راستەقینە یان فڵچەیەك بۆ پاككردنەوەی پێست زۆر بەكەڵكن (3)


وێنەی ژمارە (3)

تێبینی ئەو پارچە دەرچووانەی سەر زمانی پشیلە دەكەین كە لەرووی دەرەوەی زمانی پشیلەدا دەردەكەون، پێیان دەوترێت گۆكان و بەشداری لەپاككردنەوەی تووك و خوری پشیلەدا دەكەن.
زمانی پشیلە وەك چاكترین ئامێری پاككەرەوە ئاماددەكراوە، بەو رووە زبرەی سەری زمان تووكە مردووەكەی خۆی لادەبات و ئەو خورییەشی كە ماوە پاكی دەكاتەوە (4).

وێنەی ژمارە (4)

زمانی پشیلە پیشان دەدات وەك هۆكارێكی كاریگەر بۆ پاككردنەوەی خورییەكەی (پشیلە زیاتر لە مرۆڤ بایەخ بە پاكردنەوەی لاشەی دەدات). 

لەراستیدا شتێكی سەیر نابێت كە بڵێین پشیلە حەزی لە شیرە، بەڵام رێگای بەكارهێنانی زمانی بۆ مژین و خواردنەوەی شیر سەرسورهێنەرە و ئەستەمە باوەرپێكردنی، ئەگەر دەست لە زمانی پشیلە بدرێت دەبینین بەپارچەی دەرپۆقیوی تیژ داپۆشراوەو لەشێوەی دانی شانەدا كار دەكەن، هەندێك پێیان وابوو ئەو پارچە تیژانە وەك گیرفانی بچووك بۆ هەڵگرتنی شلە بۆ ناو دەم و قوتدانی بەكاردێن، بەڵام ئەم وێنەیەی خوارەوە دەیچەسپێنێت كە زمانی پشیلە بەو شێوە رێگایە كارناكات.


وێنەی ژمارە (5)

چۆنییەتی ئاو خواردنەوەی پشیلە دەردەخات كە زمانی بۆ خوارەوە دەچەمێنێتەوەو بەشێوەی كەفەڵەی دەست ئاوەكەی لەسەر هەڵدەگرێت و بۆ ناو دەمی دەبات.

لە بری ئەو رێگایەی كە هەندێك پێیان وابوو پشیلە ئاوی پێدەخواتەوە، دەركەوت پشیلە سەری زمانی هەڵدەگێرێتەوە سەر رووی شلەكەو بە رێگا شێوەیەك شلەكە هەڵدەگرێت كە هیچی لێ‌ ناگەرێتەوە بۆ ناو دەفرەكە.

تاقیكردنەوەی زانستی

دوای پشكنینی كۆمەڵێك نموونەی جیاواز بۆ تەمەنی جۆراوجۆر لە پشیلەكان و لە شوێنی جیاواز لەلەشی گیاندارەكە ( پشت- ناو چنگ و قاچ- ناو دەم – كلك) كە برگەیان بۆ لێكۆڵینەوە لێوەرگیراو لە ناوەندی تایبەت بە چاندنی میكرۆبدا چێنران ( گرام پۆزەتیڤ – گرام نیگەتیڤ – ناوەندی EMB– ناوەندی Moler henton – ناوەندی Blood agar)، وە هەندێك نموونەی تایبەتیشمان لە دیواری ناوەوەی دەم و سەری زمان وەرگرت و بەم ئەنجامانە گەیشتین(6):


وێنەی ژمارە (6) كرداری چاندنی نموونەكان لە ناوەندی (Blood agar) پیشان دەدات كە لە پشیلە وەرگیراوە


وێنەی ژمارە (7) كرداری چاندنی نموونەكان كە لە پشیلە وەرگیراون لە ناوەندی (Moler henton ) روون دەكاتەوە

1- دوای چەندین جار دووبارەكردنەوەی چاندن، هەموو ئەنجامەكان كە لە رووی دەرەوەی پشیلە وەرگیرابوون پۆزەتیڤ دەرچوون.


وێنەی ژمارە (8) ئەنجام پۆزەتیڤ دەرچوو (واتە میكرۆبی تێدا نییە).

2- رێژەی چاندنی ئەو نموونانەی لە دیواری دەمی پشیلە وەرگیران و ئەنجامەكەیان پۆزەتیڤ دەرچوو لە %80 بوو.
3- چەند نموونەیەك لە سەری زمانی پشیلە وەرگیران و ئەنجامەكەیان پۆزەتیڤ دەرچوو.

وێنەی ژمارە (9) لێرەدا تێبینی ئەوە دەكەین چۆن ناوەندەكان بۆ سەری زمانی پشیلە پۆزەتیڤ دەرچوون ( واتە میكرۆبی تێدا نییە)

4- جۆری ئەو میكرۆبانەی لەكاتی لێكۆڵینەوەكەدا دەركەوتن، بەشێوەیەكی گشتی لەو كۆمەڵە میكرۆبە سرووشتییانە بوون كە بە رێژەی دیاریكراو لەگەڵ مرۆڤەكاندا دەژین ( أنتروباكتر enterobacter – ستریبتوكوكس streptococcus).
5- لەكاتی چاندنی نموونەكاندا هیچ جۆرە كۆمەڵە میكرۆبێكی ئاڵۆزمان لا دەرنەكەوت.

وێنەی ژمارە (10) لێرەدا تێبینی ئەوە دەكەین ئەنجامی نموونەی دیواری دەم نیگەتیڤ دەرچوو، بەڵام ئەمە لەلای لێكۆڵەرەوەكان بە سرووشتی دادەنرێت، و رێژەی ئەو میكرۆبانەی لە دیواری دەمی پشیلەدا هەن كەمترە لەو رێژەیەی لەدیواری دەمی مرۆڤدا هەن ستافیلوكوكس(Staphylococcus) ژمارەشیان كەمتربوو لە (50000) داگیركە.
بەم شێوەیە پشكنینی تاقیكردنەوەی باوەرپێكراو لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەریدەخات، پشیلە میكرۆب و خۆرەیان لەسەر نییەو لیك و كەفی دەمیشییان پاكیشەو پاككەرەوەشە.
وتەی پزیشكەپسپۆرەكان لە بواری زانستی میكرۆبدا
دكتۆر جورجس مقصود ( سەرۆكی بەشی تاقیگەكان لە خەستەخانەی – البیطرە- دەڵێت: ( بە دەگمەن میكرۆب لەسەر رووی دەرەوەی پشیلە دەبینرێت خۆ ئەگەر بینرا ئەوە پشیلەكە نەخۆشه).
دكتۆر خاتوو جین جوستافسن دەڵێت: پاش شیكردنەوەی كۆمەڵێك نموونە بۆ بەراوردكردن لە نێوان لیكی هەریەك لە مرۆڤ و سەگ و پشیلە، بۆمان دەركەوت زۆرترین رێژەی میكرۆب سەگ هەڵی دەگرێت پاشان مرۆڤ بە رێژەی چواریەكی ئەوەی سەگ، پاشان پشیلە بەرێژەی نیوەی ئەوەی مرۆڤ.
دكتۆر سعید رفاە پزیشكی بواری ئاژەڵ لە خەستەخانەی – البیطرە- لە دیمەشق دەڵێت: پشیلەكان ماددەیەكی پاككەرەوەیان هەیە پێی دەوترێت (لیزوزیم).
پشیلەكان حەزیان لە ئاو نییەو لێی دوور دەكەونەوە، چونكە ئاو ماڵی بەكتریایە بە تایبەتیش ئەگەر ئاوەكە وەستاو بێت، بۆیە نزیكی ئاو ناكەونەوە تا بەكتریایان بۆ نەگوێزرێتەوە، ئەمەش ئەو هۆكاریە كە لەسەر خووری پشیلە میكرۆب نابینرێ‌، چونكە خوورییەكەی لە تەری دەپارێزێت و هەمیشە وشكە(7).. هەروەها پشیلەكان پارێزگاری لە پلەی گەرمی جێگیری خۆیان دەكەن و لە هەتاو دووردەكەونەوە.

وێنەی ژمارە (11) لێرەدا هەڵدەستین بە ژماردنی میكرۆبەكان و دیاریكردنی جۆرەكانیان كە لەسەر دیواری دەم بینران، ئەوانیش لە كۆمەڵەسرووشتییە ئاساییەكان بوون

وێنەی ژمارە (12) پیشانمان دەدات چۆن پشیلە ناو لەپی چنگی دەلێسێتەوە، بەوەش ئەوەندەی پێی بكرێت نینۆك و چنگی بە ماددەی لیزوزیم كە لە لیكیدا هەیە پاك دەكاتەوە.

هەندێ ڕاستییەكانی سووننەت

بەرماوەی پشیلە پاككەو پیس نییە: فەرموودەی كبشە بنت كعب بن مالك: كە (أبا قتادە) – باوكی مێردەكەی – هات بۆ لای و ئەویش ئاوی بۆ تێكرد تا دەست نوێژ بگرێت، پشیلەیەك هات لە ئاوی دەست نوێژەكە بخواتەوە أبا قتادەش دەفرەكەی بۆ گرت و پشیلەكە ئاوی خواردەوە، كبشە دەڵێت: بینیمی سەیری دەكەم و وتی: بەلاتەوە سەیر بوو ئەی كچی برام؟ وتی: وتم: بەڵێ، جا وتی: پێغەمبەر صلی الله علیە و الە وسلم فەرموویەتی: پشیلەپیس نییە ئەو لەو گەرۆكانەیە كە بە دەورتانا دەسورێنەوە.(8)
لە علی بن الحسین، لە أنس بن مالك وتی: پێغەمبەر صلی الله علیە والە وسلم بۆ ناوچەیەكی دەرەوەی مەدینە كە پێی دەوترا بطحان چووە دەرێ‌، فەرمووی: ئەی ئەنەس ئاووم بۆ دابنێ‌ تا دەست نوێژی لێبگرم، منیش ئاووم بۆ تێكرد، كاتێك لەسەر ئاو گەرایەوە بەرەو دەفرەكە چوو تا دەست نوێژ بگرێت، لەو كاتەدا پشیلەیەك هات و دەمی خستە ئاوەكەوە، پێغەمبەریش صلی الله علیە والە وسلم وەستا هەتا پشیلەكە ئاوی خواردەوە پاشان دەست نوێژی لە ئاوەكەگرت، منیش باسی پشیلەكەم لەلا كردەوە، فەرمووی: ( ئەی ئەنەس پشیلە لە كەل و پەلی ماڵە هیچ شتێك پیس و گڵاو ناكات) (9).
لە داود بن صالح التمار وە لە دایكییەوە ریوایەتی كردووە: ( كە لە گەورەیەكییەوە لەگەنێ هەریسەی بە دیاری بۆ عائیشە برد و لەوكاتەدا عائیشە بە پێوە بوو نوێژی دەكرد، ئاماژەی بۆ كرد كە دایبنێ، منیش دامناو لەلای عائیشە ئافرەتی تریش هەبوون، پشیلەیەك هات و شتێك یان تیكەیەكی لێخوارد، كاتێك پشیلەكە رۆیی، عائیشە بە ئافرەتەكانی وت: بخۆن، ئەوانیش خۆیان لە جێ‌ دەمی پشیلەكە دەپاراست بۆیە عائیشە هەریسەكەی هەڵگرت و سوراندییەوەپ اشان لەجێ‌ دەمی پشیلەكەی خواردو وتی پێغەمبەر صلی الله علیە والە وسلم فەرموویەتی: پشیلە پیس نییە و ئەو لەو گەرۆكانەیە كە بە دەورتانا دەسورێنەوە، من پێغەمبەرم صلی الله علیە والە وسلم بینیوە كە لە ئاوی بەرماوی پشیلە دەست نوێژی گرتووە. (10).
لە (أبی قتادە) خوا لێی رازی بێت وتی: پێغەمبەر صلی الله علیە والە وسلم لە بارەی پشیلەوە فەرموویەتی: ( پشیلە پیس نییەو ئەو لەو گەرۆكانەیە كە بە دەورتانا دەسورێنەوە) رواە مالك و أحمد و أهل السنن الاربع. كەواتە پشیلە لاشە و لیك و بەرماوەی خواردن و خواردنەوەشی پاكە (11).

رووی ئیعجاز

لەم تاقیكردنەوە پزیشكییە زانستییانەی لە شیكارگەی تایبەت بە میكرۆبەكاندا ئەنجاممان گەیاند، دڵنیا بووین كە هەموو لاشەی پشیلەپاكە، و بەڵكو لە لەشی مرۆڤێكی ژیریش خاوێنترە، كاتێكیش پشیلە لە دەفرێك دەخواتەوە كە مرۆڤ لێی دەخواتەوە هیچ شتێك لە دەمی بەرنابێتەوەو لێی ناگەرێتەوە بۆ ناو دەفرەكە، هەروەها خوای گەورە سەرەرای ئەوەی جۆرە رژێنێكی بە پشیلە بەخشیوە كە پێستەكەی لە میكرۆب دەپارێزێت، زمانێكیش كە پارچەی نووكداری پێوەیەو یارمەتی پاككردنەوەی لەشی دەدات، زمانی پشیلە بە نزیكی دەگاتەوە بە هەموو شوێنێكی لەشی، تەنانەت تەپڵی سەریشی بە پشتی چنگی پاك دەكاتەوە، لیكی پشیلە رێژەی میكرۆبەكانی كەمترە لە لیكی مرۆڤ بە رێژەی نیوەو ماددەیەكی پاكژكەرو خاوێن كاری تێدایە.
لەو فەرموودە پیرۆزانەی پێغەمبەریشەوە صلی الله علیە والە وسلم كە تێپەری، بۆمان دەركەوت پێغەمبەر صلی الله علیە والە وسلم بەرماوەی پشیلەی بە پاك زانیوەو دەست نوێژیشی لێگرتووە، ئەمەش ئاماژەو رێنماییەكی پزیشكییە لەسەر پاكی پشیلە، ئەگەر نا دەست نوێژی لە بەرماوەی پشیلە نەدەگرت.
لە كۆتاییدا پاك و بانی بۆ خوای پەروەردگار، و بێگومان ئەگەر پێغەمبەر صلی الله علیە والە وسلم نێرراوی خوای گەورە نەبووایە، نەیدەزانی بەم شێوەیە پشیلە پیس نییەو خاوێنە، بۆیە خوای گەورەش لەبارەی پێغەمبەرەوە صلی الله علیە والە وسلم دەفەرموێت:(وَمَا يَنطِقُ عَنِ الْهَوَىٰ (٣) إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَىٰ(4))النجم واتە: قسه‌و گوفتاریشی (ئه‌وه‌ی که‌قورئانه‌) له‌ئاره‌زوو بازی و هه‌واو هه‌وه‌سه‌وه‌نیه ، ئه‌مه‌ی که‌رای ده‌گه‌یه‌نێت ته‌نها نیگاو وه‌حی خوای یه.

‌‌
تێبینییەكی پزیشكی: دەبێت ئەو راستییەش بزانین كە سەرەكیترین هۆی تووشبوونی ئافرەتان بە نەخۆشی پشیلە بریتییە لە پیسبوونی دەستی ئافرەت بەو شتانەی كە بە پیسایی پشیلە پیس دەبن وەك خۆڵا و كەلوپەلی ناو ماڵا، ئەم نەخۆشییە هۆیەكە لە هۆكانی نەزۆكی ئافرەتان، بەڵام تەنانەت ئەمەش تاوانی پشیلەی تێدا نییە چونكە لەلایەكەوە پیسایی هەموو گیاندارێك هەر پیسەو لەلایەكی تریشەوە پشیلە هەوڵا دەدات پیسایی خۆی هەمیشە بە خۆڵا دابپۆشێت و هەندێ‌ گیانداری تر دەچن پیساییەكەی هەڵدەدەنەوە وەك مریشك لەكاتی چینەكردندا.
نەخۆشی پشیلە) : Toxoplasmosis)

پەراوێزەكان:

http://www.aniwa.com/en/chat/Grand_Public/liste/100292/_1/index.htm (1)
http://www.aniwa.com/en/chat/Grand_Public/liste/100352/_1/index.htm (2)
http://www.aniwa.com/en/chat/Grand_Public/document/100353/28345/index.htm (3)
http://www.aniwa.com/en/chat/Grand_Public/document/100420/29711/index.htm (4
(5) فیلمێكی ڤیدیۆی لەسەر پشیلە لەكاتی ئاو خواردنەوەدا
http://www.playingwithtime.org/cgi-bin/browser/gallerydisplay.pl?clipID=0018&page=2&sort=clipName&searchCriteria=
(6) تاقیكردنەوەی زانستیمان لە شیكارگەی پزیشكی لە هەردوو خەستەخانەی حمدان و الیمان لە شاری دیمەشق بەئەنجام گەیاند.
(7) ئەمە بنەمایەكی شەرعیشە لە فیقهی شافیعیدا هاتووە: جاف علی جاف گاهر بلا خلاف.
(8) رواه الترمذی (92) و النسائی (68) و أبو داود (75) و ابن ماجه (367) و صححه الترمذی و نقل ابن حجر فی ( التلخیص) تصحیح البخاری له.
(9) حدیث رقم: 635- المعجم الصغیر > باب العین.
(10) (  سنن البیهقی الكبری > كتاب الطهارە > باب سۆر الهرە ) و مصنف عبدالرزاق والدار القطنی.
(11) ابن تیمیە، شرح جوامع اڵاخبار- شرح الشیخ عبدالرحمن بن ناصر البراك.

سەرچاوە وەرگیراوە لە بابەتی: الاعجاز العلمی فی سوَر الهرە – موقع شبكە الشفا‌ءالاسلامی.

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ ٢٣ی گۆڤاری هه‌يڤ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top