You Are Here: Home » بابەتەكانمان » مەلەكردن لە ئاسماندا

مەلەكردن لە ئاسماندا

ئیعجازی گه‌ردونیمەلەكردن لە ئاسماندا

هەتا زیاترو قوڵتر لە نهێنییەكانی گەردوون تێبگەین، زیاتر دروستیی دەستەواژەو دەربڕینە قورئانيیەكانمان بۆ دەردەكەوێت و دەبینین قورئان هەمیشە گونجاوترین وشە دەهێنێت.

نووسينى: ئەندازیار عبدالدائم الكحيل

لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا بەتایبەتی لەدوای دۆزینەوەی پێكهاتەی گەردیلەو زۆرێك لە نهێنیيەكانی ئەم گەردونەی تێیدا دەژین، چاخێكی تازە لە چاخەكانی زانست دەستی پێكرد، وهەندێك لە ڕۆژهەڵاتناسەكانیش هەستان بەئاراستەكردنی ڕەخنەی تازە لە قورئانی پیرۆز، گوایە قورئان لەدەربڕینە زانستییەكاندا دەستەواژەی وردو درووستی بەكار نەهێناوە.

لەڕەخنەكانيیاندا دەڵێن گوایە قورئان لەباسی گەڕانی تەنەكان بەناو گەردووندا دەستەواژەیەكی هەڵەی بەكارهێناوە كاتێك دەفەرموێت: (وَكُلٌّ فِي فَلَكٍ يَسْبَحُونَ) (یس:40) ئەوكاتە وتيان: بەكارهێنانی وشەی (يسبحون) لەڕووی زانستییەوە هەڵەیە، چونكە هەسارەو ئەستێرەكان مەلەناكەن بەڵكو بەناو بۆشاییدا دەگەڕێن، مەلەكردنیش لەناوەندێكی ماددی وەك ئاودا دەبێت.

زانایان بۆیان دەركەوت گەردوون پڕە لە ماددەو وزە، كەواتە بۆشاییی ئاسمان بوونی نییەو ماددەو وزە بە چڕییەكی كەم بەناویدا بڵاوبوونەتەوەو گەردونیان پڕ كردۆتەوە، هەموو تەنە گەردوونییەكانیش وەك زەوی وهەسارەكان لەو ناوەنددەدا مەلە دەكەن. مرۆڤیش تەنها چەند ساڵێكی كەمە بەم ڕاستییەی زانیوە… بەو جۆرە زانایان بۆیان دەركەوت بۆشاییی ئاسمان لە ڕاستییدا هەر بوونی نییە، لەبەر ئەوەی بۆشاییی بەوشێوە ڕەهایە لە گەردووندا بوونی نییە، بەڵكوهەموو پارچەیەك لەپارچەكانی گەردوون بەماددە وزە پێكەوە پڕ بوونەتەوە، لەبەر ئەوە ئەو ڕاستییەی تازە دەركەوتووە دەڵێت: ئەستێرەو هەسارەو گەلەستێرەكان لە بۆشاییی ئاسماندا ناگەڕێن بەڵكو لە ناوەندێكی پێكهاتوو لەماددە و وزەدا مەلە دەكەن.

كەواتە بۆمان دەركەوت دەستەواژەكەی قورئان (یسبحون) لەلایەنی زانستییەوە زۆر درووستە، ئەگەر ئەو وشەیەش نیشانی زاناكانی ڕۆژئاوای ئەمڕۆ بدەین، ئەوە وەریدەگرن و بەكارهێنانی بەباشتر دەزانن لەوشەی (گەڕان) كە خۆیان بەهەڵە بەكاری دەهێنن، ئەگەر وشەی (بنا‌ء) یشیان بخرێتە بەردەم كە قورئانی پیرۆز بەكاری هێناوە لەئایەتی (وَالسَّمَاءَ بِنَاءً)غافر: 64، ئەوە وەریدەگرن، چونكە بەتەواوی ڕاستیی بوونەوەر دەردەبڕێت، بەڵام بۆشایی تەعبیر لەهیچ ناكات! پاشان وشەی (گەڕان) كەلە وتارەكانیدا دەیبینین بەشێوەیەكی ڕەها ڕاست نییە، چونكە خۆر، مانگ، زەوی، ئەستێرەكان، هەسارەكان، گەلەستێرەكان و تۆزو گازی ناو گەردوون شێوەی جووڵەیەكی لەراوەی تێكەڵیان هەیەو زیاتر لە تەنێكی سەرئاوكەتوو دەچن كە شەپۆلەكانی ئاو بەشێوەیەكی پێچاوپێچ بیانجوڵێنێت.
بۆ نموونە زەوی بەدەوری خۆردا دەگەڕێت، بەڵام لەگەڵ خۆریشدا پێكەوە بەدەوری چەقی گەلەستێرەدا دەگەڕێن، لەگەڵ گەلەستیَرەشدا بەدەوری چەقی كۆبوونەوه ی گەلەستێرەكاندا دەگەڕێن. بەرئەنجامی ئەم سێ‌ جووڵەیەش دەبێتە جووڵەیەكی لەراوەی پێچاوپێچ وەك ئەوەی لەناو شەپۆلێكی بەرزو نزمدا مەلە بكات. لەبەر ئەوە قورئان وشەی (گەڕان) بەكار ناهێنێت بەڵكو وشەی (مەلەكردن) بەكاردەهێنێت، چونكە سروشتی جووڵەی تەنەكان دەردەبڕێت.

گەشتیارانی ئاسمان راهێنانی مەلەی ناو ئاو دەكەن، پێش ئەوەی لە ئاسماندا مەلە بكەن، وێنەكە لە وەكالەتى ناسای ئەمریكی وەرگیراوە

زانایانی وەكالەتی فەزایی ناسای ئەمریكی ئەوە دوپات دەكەنەوە كە ژینگەی ئاسمان بە ڕاددەیەكی زۆر بە ژینگەی دەریا دەچێت! لەبەر ئەوە پێش ئەوەی گەشتياران بنێرنە گەشت، بۆ ماوەی 3 هەفتە لە ئاودا مەلەیان پێ‌ دەكەن! بۆئەوەی زیاتریش ئەم ڕاستییە بچەسپێنین، پەنا ئەبەینە بەر وتەی گەشتیارانی ئاسمان، ئەوانەی چوونەتە دەرەوەی كەمەربەندی كێشە وزەی زەوی. ئایا كاتێك چوونەتە ئاسمان هەستیان بەچی كردووە؟! هەریەكێك لەوانەی چوونەتە ئاسمان ئەوە دەچەسپێنن كە ئەوان هەستیان كردووە وەك بەسەر ئاوەوە بووبن وابووە. لەبەر ئەوە دەبینین زاناكان لەوەكالەتی (ناسا)ی ئەمەریكایی دەڵێن: ( Astronauts feel likethey are floating when they are in space) واتە: (گەشتیارەكانی ئاسمان هەست دەكەن وەك ئەوەی سەر ئاو كەوتبن وابووە، كاتێك گەشت بە ئاسماندا دەكەن).

كاتێك مرۆڤ بۆ ئاسمان دەچێت، هەست دەكات وەك ئەوەی سەر ئاو كەوتبێت وایە، ئەو هەستكردنەش ڕاستییەو خەیاڵی نییە، چونكە مرۆڤ لەدەرەوەی زەویدا لە بۆشاییدا نابێت بەڵكو لەناوەندێكی ماددییدا دەبێت بەڵام بە چڕییەكی كەمتر، بۆیە دەستەواژەی (مەلەكردن لە ئاسماندا) دەربڕینێكی درووستەو قورئانیش ئەو دەستەواژەیەی بەكارهێناوە، كاتێك دەفەرموێت: (كل فی فلك یسبحون).

لێرەوە تێدەگەین بۆچی قورئان ئەم دەستەواژە وردو درووستەی بەكارهێناوە: (وَهُوَ الَّذِي خَلَقَ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ كُلٌّ فِي فَلَكٍ يَسْبَحُونَ) [الأنبياء: 33].

هەروەها تێدەگەین كە هەتا زیاتر زانست پەرە بسێنێت و ئێمەش زیاتر لەڕاستیيە چەسپاوەكانی گەردوون بزانین، زیاتر لەوە تێدەگەین كە وشە قورئانییەكان وردترین و درووستترین وشەن لەلایەنی زانستییەوە، ئەو بانگێشتانەش بێ نرخ و بێبەها دەمێننەوە كە دەڵێن قورئان خۆی دژایەتی خۆی دەكات و وشەكانی وردو درووست نین.

سنريهم آياتنا في الآفاق وفي أنفسهم حتى يتبين لهم أنه الحق

سەرچاوەكان:

1- Walking in Space, www.nasa.gov
2-http://map.gsfc.nasa.gov/m_uni/uni_101firstobj.html
3-http://www.kva.se/KVA_Root/files/newspics/DOC_2005217592_1296017045_popcrafoord05eng.asp
4-http://web.cecs.pdx.edu/~mmw/Free%20Float.JPG

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top