You Are Here: Home » بابەتەكانمان » سیمیناری ڕۆژی (27/4/2006ز) ى ناوه‌ندی كوردستان بۆئيعجازی زانستی له‌ قورئان و سوننه‌ ت

سیمیناری ڕۆژی (27/4/2006ز) ى ناوه‌ندی كوردستان بۆئيعجازی زانستی له‌ قورئان و سوننه‌ ت

سيمينار 

 سیمیناری ڕۆژی (27/4/2006ز) كە ناوەندی كوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا لە سلێمانی هۆڵی (بنار) بە بۆنەی یادی لەدیك بوونی پێغەمبەری پێشەوا دروودی خوای لەسەربێت سازی كرد بۆ هەریەك لە بەڕێزان: (مامۆستا نەشئەت غەفور سەعید) و (مامۆستا فاروق رەسوڵ یەحیا).
شایەنی باسە: د. دارا گوڵ حامد بە سەركەوتویی سیمینارەكەی بەڕێوەبرد.

 

بابەتی یەكەم:

پێغەمبەری سەروەرمان (صلی الله عليه‌ وسلم ) لەدڵی ئیمانداران و لە دیدگای گەورە مەردانی خۆرئاواوە.

 

لەلایەن بەڕێز: (مامۆستا نەشئەت غەفوور سەعید) سەرۆكی ناوەند پێشكەش كرا.

بەناوی خوای بەخشندە ومیهرەبان
ســوپـــاس و سـتـــایــش بـــۆ پـــەروەردگـــــار و دروستكــەری جهانیان، دروود و ڕەحمەت بڕژێ‌ بەسەر گیــانی پێغەمبـــەری نـــادزدار و بنەماڵە و یارویاوەرانی, و بەسەر ئەوانەشدا كە بانگەشە بۆ ئەو بانگــــەوازەی پێغەمبـــەری نازدار دەكەن تا ڕۆژی دوایی ….
سەرەتا …..
السلام علیكم ورحمە الله وبركاته …
سڵاوی پەروەردگارتان لێبێت، بەخێرهاتنی گەرمی هەموو خوشكان و برایانی بەڕێز دەكەم، وا بڕیاربوو ئەم بۆنە و ئاهەنگ و یادكردنەوەیەی لەدیكبوونی پێغەمبەری سەروەرمان (صلی الله علیه‌ وسلم ) لە ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابوردوو (20/4/2006)دا سازبكرایە، كە بە هاتنی ئەو ڕۆژە (1435) ساڵی (هەتاوی) زاینی بەسەر لەدایكبوونی پیرۆزی ئەو كەسایەتییە هەرە بەرزەدا تێپەڕ دەبێت، كە لە ڕۆژی (20/4/571ز)دا بەپێی لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی گەردوون ناسی ڕێزدار (مختار پاشا) و (موحەمەد صاڵح فەلەكی) پێغەمبەری ئیسلام هاتووەتە دنیاوە, بەڵام خوای گەورە ئەمڕۆی تەقدیر كرد بۆ سازدانی ئەم كۆڕەی كە یادی پێغەمبەری (صلی الله علیه‌ وسلم ) تێدا دەكەینەوە, بۆیە دەڵێین: یادی لەدایكبوونی ئەو زاتە پیرۆزبێت كە لە بەهاری (571ز)دا هاتە دونیاوە, بە تایبەتیش ئەم یادە لە موسوڵمانان پیرۆزبێت بە بۆنەی هاتنە دونیای مەشخەڵ و ڕۆشنایی و كۆتا بەرنامەی پەیامی گەردوونی و ژیان و مرۆڤ.
بێگومان میری شاعیرانی عەرەب (ئەحمەد شەقی) رەحمەتی خوای لێبێت راستی گوتووە:

((ولد الهدی فالكائنات ضیا‌و
وفـم الزمـان تبـسم وثـنــا‌و
الروح والملا‌و الملائك حــوله
للدیـن والدنـیـا بـه بـشـرا‌ء
والعرش یزهو والحظیرە تزدهی
والمنتهی والسدرە العصما‌ء
یوم یتیه علی الزمان صباحه
ومسـائـه بـمـحـمـد وضّـا‌و))

هەروەك چۆن شاعیری مەزنی پێغەمبەری پێشەوامان (صلی الله علیه‌ وسلم ) حەسسانی كوڕی سابت (ڕەزای خوای لێ بێت) لەبارەی شێوازی لەدیكبوونی ئەو زاتە دەفەرموێت:
(وُلِدَتَ مبر‌واً من كل عیب كأنّك قد خلقت كماتشا‌ء)
واتە: ((بەبێ‌ هیچ كەموكوڕیەك لەدایك بوویت وەك ئەوەی خۆت چۆن حەزت لێ‌یە وا دروست كرابیت)).
ئێمە لە (ناوەندی كوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا) بڕوامان وایە كە باشترین ڕێگە بۆ یادكردنەوەی ئەو بۆنە پڕشكۆیە كە یادی لەدیكبوونی پێغەمبەرە (صلی الله علیه‌ وسلم ) بریتییە لە لێكۆڵینەوە لە ژیاننامەی پیرۆزی ئەو زاتە، كە ژیاننامەیەكی مێژوویی زانستی و كردەیی هەمەلایەنی هەموو بوارەكانی ژیانە, لەپێناو سوودمەندبوون لێی بۆ چارەسەركردنی گرفتە هەنووكەیییەكانی تاك و خێزان و كۆمەڵ و دەوڵەت لەژێر ڕۆشنایی ئەو ژیاننامە پڕبایەخەدا بۆ دونیای ئێستای مرۆڤایەتی, ئەمەش سەرسوڕهێنەر نییە بۆ ژیاننامەیەكی پڕ لە ڕەهەندی پەروەردەیی و بە حیكمەت و نموونەی بەرزی زیندوو لە هەموو ڕووەكانی ژیانەوە, خوای پەروەردگار فەرموویەتی: [لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِّمَن كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا] (اڵاحزاب: 21), واتە: ((سوێند بەخوا بەڕاستی لە ژیانی پێغەمبەری خوادا (صلی الله علیه‌ وسلم ) سەرمەشقی و پێشەوایەتی چاك و نموونەی بەرز هەیە بۆ كەسێ‌ بەهیوای پاداشتی خودا و ڕۆژی دوایی بێت)), هاوكاتیش لەگەڵ لێكۆڵینەوە لە ژیاننامەی پاكی ئەوزاتەدا، پێویستە گیانی خۆشەویستی لە دڵی نەوەی نوێدا بۆ پێغەمبەری بەڕێز بچێنین، بۆ ئەوەی لوتكەی خۆشەویستی بەرجەستە بكەین كە ئەویش لە ئایەتی: [یُحِبُّهُمْ ۆیُحِبُّونَهُ …] (المائدە : 54)دا بەرجەستە بووە, واتە: ((خوای گەورە ئەوانی خۆش دەوێت و ئەوانیش خوای گەورەیان خۆشدەوێت)).
بێباوەڕان و هاوەڵپەرستان خوا درۆینەكانی خۆیان خۆشدەوێت, بەڵام ئیمانداران زیاتر لەوان خوای خۆیان خۆشدەوێت: [يُحِبُّونَهُمْ كَحُبِّ اللّهِ وَالَّذِينَ آمَنُواْ أَشَدُّ حُبًّا لِّلّهِ] (البقره : 165).
ئەم خۆشەویستییەش كە لە سەرچاوەكانی ژیاننامەی پێغەمبەردا بەرچاومان دەكەوێت، لەلایەن وێژەر (ئەدیب) و شاعیری بەناوبانگ (وەلید ئەلعەزەمی) ڕەحمەتی خوای لێ‌بێت كۆكراوەتەوە, لە كتێبی (الرسول صلی الله علیه‌ وسلم فی قلوب أصحابه) ((پێغەمبەر صلی الله علیه‌ وسلم لەدڵی یاوەرانیدا)), ئێمەش بە پشتیوانی خوا چەند نموونەیەكی ئەو خۆشەویستییەتان بۆ دەخەینەڕوو هەروەك لە كتێبەكانی فەرموودەدا هاتوون:
1-جارێك پیاوێك لە پشتیوانان (اڵانصار) بە غەمباری دێت بۆلای پێغەمبەر (صلی الله علیه‌ وسلم )، پێغەمبەری خۆشەویستیش (صلی الله علیه‌ وسلم ) لێی دەپرسێ‌: ئەی فڵان كەس بۆچی غەمبار دەتبینم؟ پیاوەكە لە وەڵامدا دەڵێت: ئەی پێغەمبەری خوا بەهۆی شتێكەوەیە كە بیرم لێكردۆتەوە, پێغەمبەرمان فەرمووی: ئەو شتە چییە؟ پیاوەكە ووتی: ئێمە بەیانیان و ئێواران دێین بۆ لات و سەیری ڕووخسارت دەكەین و لەگەڵت دادەنیشین، بەڵام لە دواڕۆژدا تۆ لەگەڵ پێغەمبەراندا شوێن و پێگەتان بەرز و بڵندە و ناتوانین بگەینە لات, پێغەمبەر هیچ وەڵامی نەدایەوە، پاش ماوەیەكی كەم جبریل ئەم ئایەتەی لەلایەن خوای پەروەردگارەوە بۆ دابەزاند: [وَمَن يُطِعِ اللّهَ وَالرَّسُولَ فَأُوْلَئِكَ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللّهُ عَلَيْهِم مِّنَ النَّبِيِّينَ….. الآية] (النسا‌ء:69), واتە: ((هەر كەسێك فەرمانبەری و گوێڕایەڵی خودا و پێغەمبەری بكات، ئەوانە لەگەڵ ئەو كەسانەدان كە خودای گەورە نیعمەتی بەسەردا ڕشتوون لە پێغەمبەران و …. تا كۆتایی ئایەتەكە)).
2– دایكی ئیمانداران عائیشە (خوای لێی ڕازی بێت) فەرموویەتی: پیاوێك هات بۆ لای پێغەمبەر و پێی گوت: ئەی پێغەمبەر بەڕاستی من تۆم لەخۆم و ماڵ و منداڵم و خێزانم خۆشتر دەوێت, و بەراستی كە من لەماڵەوەم بیری تۆ دەكەم و خۆم ناگرم تا نەیەمەوە خزمەتت و سەیرت نەكەم, بەڵام كاتێك بیر لە مردنی خۆم و مردنی تۆ دەكەمەوە دەزانم تۆ دەچیتە بەهەشت و لەگەڵ پێغەمبەراندا پایەتان بڵند و بەرز دەكرێتەوە, و ئەگەر من بچمە بەهەشت دەترسم نەتبینم, پێغەمبەر وەڵامی نەدایەوە تا ئەم ئایەتە دابەزی: [وَمَنْ يُطيعُ اللهَ وَالرّسُولَ فَأُولئِكَ مَعَ الَذِّينَ …. الآية].
3- ڕەبیعەی كوڕی كەعبی ئەسلەمی فەرموویەتی: لە ماڵی پێغەمبەردا (صلی الله علیه‌ وسلم ) ئەمامەوە، ئاوی دەستنوێژ و پێویستیەكانم بۆ ئامادە دەكرد و دەهێنا، پێغەمبەر (صلی الله علیه‌ وسلم ) پێی فەرمووم: چیت دەوێ‌ داوای بكە؟ ووتم ئەی پێغەمبەر دەمەوێت لە بەهەشتدا هاوەڵت بم, فەرمووی: ئەی شتێكی دی جگە لەم داوایە؟ ووتم: هەر ئەوەم دەوێ‌, فەرمووی: (بۆ بەئاكام گەیشتنی ئەو داواكاریەت بە كرنووش بردنی زۆر یارمەتیم بدە), ئەم فەرموودەیە پێشەوا (مسلم) گێڕاوێتییەوە.
4- لە صەحیحی (بوخاری)دا هاتوە: پێغەمبەر پرسیاری لێكرا سەبارەت بە كەسێك كە كۆمەڵێكی خۆشدەوێت بەڵام هێشتا نەچووەتە ناویانەوە و لەگەڵیاندا نییە, لە وەڵامدا فەرمووی: مرۆڤ لەگەڵ ئەو كەسەدایە كە خۆشی دەوێت، ئەنەس (خوای لێ ڕازی بێت) فەرمووی: هیچ شتێك ئەوەندەی ئەم گوفتارە شیرینەی پێغەمبەر دڵی موسڵمانانی خۆش نەكرد.
5- لە ڕووداوی شەهیدكرانی (زەیدی كوڕی دوپه ینه) (خوای لێ‌ی ڕازی بێت) و ئەو گفتوگۆیەی لە ڕێگەدا ئەبوسوفیان لەگەڵیدا كردبووی, ئەبو سوفیان پێی دەڵێت: ئەی زەید بەخودا سوێندت دەدەم ئایا حەز دەكەیت ئێستا موحەمەد لە جێگەی تۆدابێت و لە ملی بدەین و تۆش لەناو ماڵ و منداڵی خۆتابیت؟ زەید ووتی: سوێند بەخوا حەزناكەم موحەمەد لە جێگای خۆشیدا دڕكێك ئازاری بدات بەرامبەر بەوەی من لە ماڵ وحاڵی خۆمدا دانیشم و بێ‌زیانبم, ئەبوسوفیان دەڵێت: سوێند بەخوا هیچ كەسێكم نەبینیوە كەسێكی تری خۆش بوێت بەهێندەی ئەوەی یارانی موحەممەد موحەممەدیان لەخۆیان خۆشتر دەوێ‌.
ئامادەبووانی بەڕێز! جێگای خۆیەتی لێرەدا و لە كاتێكدا ژیاننامە و ژینی ئەو پێغەمبەرە گەورەیە كەوتووەتە بەر شاڵاوێكی دڕندانەی بەرنامە بۆداڕێژراو لەلایەن كەسانێك لە ڕۆژئاوادا، ئەم یادەمان بە ڕاوبۆچوونی هەندێك لە ڕۆژئاوایییەكان خۆیان بڕازێنینەوە, ئاشكراشە ئەو ڕۆژئاوایییانەی كە لەسەر ژیان و ژیاننامەی پێغەمبەر (صلی الله علیه‌ وسلم ) نوسیویانە زۆر زیاترن لەوەی كە بتوانین باسیان بكەین یان لە بۆنەیەكی وادا بیانژمێرین, حیكمەت و قەدەری خوای گەورە وابوو لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا كتێبێكم بەرچاوكەوت بەناوی (المعجزە المتجددە) (موعجیزە بەردەوام تازەبوەوەكە) كە لەلایەن مامۆستا (صاڵح یافعی) نوسراوە، تێیدا نووسەر دەیان بەڵگە و گەواهی ڕاستی و بێخەوشی و گەورەیی پێغەمبەرمان (صلی الله علیه‌ وسلم ) دەخاتەڕوو لەوانە:
یەكەم: ((دكتۆر جۆن هانۆڤەر لارسن – مامۆستا و بەڕێوەبەری بەشی بەكتریا لە نەخۆشخانەی ((گیس)) كە گەورەترین نەخۆشخانەی (كۆبنهاگن)ە لە دانیمارك, لە ڕاپۆرتێكی فراواندا باس لە گرنگی سەربڕینی ئاژەڵ دەكات لەسەر شێوازی ئیسلامی, و حیكمەتی پەروەردگار ئاشكرا دەكات لەو سەربڕینەدا, هەروەها مەترسی و زیانەكانی خواردنی مردارەوەبوو و خوێن و گۆشتی بەراز و ئاژەڵی خنكا و … هتد دەخاتەڕوو, هەروەها زیانەكانی بەخێوكردنی سەگ و ئەو نەخۆشیانەی بەهۆیەوە دەگوێزرێنەوە, هەروەها باسی گرنگی قەدەغەكردنی گۆشتی بەراز و هەموو قەدەغە كراوەكانی تری موسوڵمانان ئاشكرادەكات, بۆیە داوایەكی ئاڕاستەی پەڕلەمانی ئەوروپی كردووە و داوای لێدەكات لەو بارەیەوە یاسای گونجاو دەربكەن.
دووەم: بۆ یەكەمین جاریشە ئەوە دەزانم كە شاعیری گەورەی ڕووسیای قەیسەری (ئەلیكسەندەر پووشكین) شیعری بە باڵای پێغەمبەری ئیسلام (صلی الله علیه‌ وسلم ) و ئاینی پیرۆزی ئیسلام و قورئاندا گوتووە, و ئەمانەش دەچنە سەرباری ئەو پێدا هەڵدانەی لە شانۆنامەكانی تۆڵستۆیدا لەو بارەیەوە هاتووە, جا باپێكەوە گوێبیستی بەشێك لە بڕگەی ئەوشیعرانە بین:
((بەڕاستی خۆری گەردوون پرشنگیدا و ئاسمان و زەویش رووناك بوونەوە، وەك ڕووەكی كەتان كە لێوان لێودەبێت لە زەیت و لە چرایەكی بلووریندا پرشنگ دەدات, نوێژ بۆ پەروەردگارت بكە چونكە ئەو زۆر بە توانایە, و دەسەڵاتی شنەبای هەیە لە ڕۆژێكی گەرمدا هەورەكان بۆ ئاسمان دەنێرێت و سێبەری دارەكانیش بە زەوی دەبەخشێت, ئەو پەروەردگارە زۆر بە بەزەیییە بۆیە قورئانی ڕۆشنی بۆ موحەممەد (صلی الله علیه‌ وسلم ) ئاشكراكرد, و دەبا ئێمەش بەرەو ڕۆشنایی بڕۆین و پەردە لەسەر چاوان لاچێت)).
سێیەم: بێگومان خستنە ڕووی كتێبەكەی (مۆێرە) ی فەرەنسی سەبارەت بە مێژووی قورئان جێگای خۆیەتی كە تێیدا هاتووە: ((ئەو ئەنجامەی كە دەتوانین بەدڵنیایییەوە باسی لێوە بكەین ئەوەیە كە موصحەفی زەید و عوسمان بەتەنها ووردكار نەبووە, بەڵكو وەك ڕووداوەكان دەیسەلمێنن و گەواهی لەسەر دەدەن ئەو موصحەفە تێرو تەواوە … بەڕاستی كۆكەرەوەكانیش بەدەستی ئەنقەست هیچ شتێكیان لە نیگا (وەحی) قورئانیی فەرامۆش نەكردووە, و هەروەها دەتوانین جەخت لەسەر ئەوەش بكەین بەپشت بەستن بە بەهێزترین بەڵگە كە هەموو ئایەتێك لە قورئاندا ووردەكار و تەواوە وەك ئەوەی محمد خوێندونییەتەوە)).
چوارەم: لە كۆتاییدا با پێكەوە سەیری ئەمە بكەین كە پرۆفیسۆر مایكل هارت لە كتێبی ئینسایكلۆپیدیا بەناوی (100)ەوە كردوویەتی, و پێغەمبەری سەروەرمان (صلی الله علیه‌ وسلم )ی هەڵبژرادووە و كردوویەتی بە پێشەنگی كاروانی مرۆڤایەتی لە مەزنی و گرنگی كەسایەتیدا, و لەو بارەیەوە دەڵێت: (بەڕاستی هەڵبژاردنەكەم بۆ ئەوەی موحەممەد یەكەمی ڕیزبەندی لیستی گرنگترین پیاوانی مێژوو بێت، لەوانەیە خوێنەران تووشی سەرسوڕمان بكات، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەو (محمد)ە تاكە پیاوە لە هەموو مێژوودا كە توانیویەتی لەسەر هەردوو ئاستی دنیایی و دینی سەركەوتن بەدەست بهێنێت), هەروەها لە درێژەی باسەكەیدا دەڵێت:
(نێردراو و پەیامبەری زۆر هەن و خاوەنی پەیامی مەزن بوون، بەڵام ئەو پیاوانە مردن بێ‌ئەوەی بتوانن پەیامەكەیان تەوابكەن، وەك مەسیح و مەسیحیەت، یان خەڵكانی دی بەشدار بوون لەگەڵیاندا یان خەڵكانێكی كە زووتر بەرەوپیر ئەو پەیامانە چوون، وەك موسا لە یەهودییەتدا، بەڵام موحەممەد تاكە كەسایەتییەكە پەیامە ئاینییەكەی تەواوكردووە، و هەر لە ژیانی خۆیدا هەموو ئەحكامەكانی (فەرمانەكانی ئەو پەیامە) چوارچێوەی بۆ داڕێژراوە و سەرتاپای گەلانیش باوەڕیان پێهێناوە و چوونەتە سەر ڕێبازەكەی, هەروەها لەبەرئەوەی بەتەك ئاینەوە دەوڵەتێكی نوێی بونیاتنا بۆیە ئەو كەسایەتییە لەو بوارە دونیایییەدا توانی تیرەكان كۆبكاتەوە لە گەلێكدا, و گەلانیش كۆبكاتەوە لە ئوممەتێكدا, و هەموو بنەما سەرەكییەكانی ژیانی ئەو ئوممەتەی دامەزراند و، هەموو كاروبارە دونیایییەكانیشی داڕشتووە, و هەر لە ژیانی خۆیدا و لە پێگەی دەستپێكەوە بۆ جیهان دایناوە, لەبەرئەوە ئەو كەسایەتییە كە دەستی بەو پەیامە ئاینی و دونیایییە كردووە، هەردووكیشیانی تەواكردووە).
ئامادەبووانی بەڕێز:
ئایا ئەم بەڕێزانە چییان بۆ ئێمە هێشتەوە كە پێشكەشی پێغەمبەری پێشەوامانی (صلی الله علیه‌ وسلم ) بكەین لە ڕۆژی یادی لەدایكبوونیدا؟ تەنها ئەوەندە نەبێت كە بڵێین: سڵاوت لێبێت ئەی پەیامبەری خوا لەو ڕۆژەدا كە لەدایك بوویت, و لەو ڕۆژەدا كە كرایت بە پەیامبەر, و لەو ڕۆژەدا كە كۆچت كرد، و لەو ڕۆژەشدا كە هاوەڵی هەرەبەرزت (كە خوای گەورەیە) هەڵبژارد, و ئەو ڕۆژەش كە زیندوو دەكرێیتەوە, سڵاوت لێبێت ئەی پێغەمبەری خوا.
ئێمەش لەژێر سایەی بەیداخی (لااله الاالله محمد رسول الله)داین, سڵاوت لێبێت ئەی پێغەمبەری خوا كە ئێمە پەیڤەكانی پەروەردگار دەربارەی ئێوە دەخوێنینەوە: [قُلْ إِنْ كُنْتُمْ تُحِبُونَ اللهَ فأتَبِعُوني يُحِبُبْكُمْ اللهَ …], واتە: ئەگەر ئێوە خوای گەورەتان خۆش دەوێت ئەوا شوێنی من بكەون خوای گەورە ئێوەی خۆشدەوێت, سڵاوت لێبێت ئەی پێغەمبەری خوا لە خۆشەویستی تۆ و شەریعەتەكەی تۆدا, و خۆشەویستی چوونە خزمەتت لەسەر حەوزی كەوسەر ئاشكرا دەكەین بۆ هەموو خەڵكی.
واخر دعوانا ان الحمد لله رب العالمین
والسلام علیكم ورحمە الله وبركاته ……

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژمار ه‌١٠ ی گۆڤاری هه‌يڤ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ 


Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top